Draw Media

دەیلی تەلەگراف: پاكتاوكردنی مەسیحییەكان لەدەشتی نەینەوا بەردەوامە

دەیلی تەلەگراف: پاكتاوكردنی مەسیحییەكان لەدەشتی نەینەوا بەردەوامە

2019-07-13 12:48:28


(درەو میدیا):
تیم ستانلی لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانیی راپۆرتێكی بەناونیشانی" لە عێراق مەسیحییەكان باوەڕیان وابوو دۆخەكە باشدەبێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەكی كورت باش بوو".
نوسەری راپۆرتەكە دەڵێت دوای رێكخرای دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئاشتی لە موسڵ‌و نەینەوا نەماوە‌و هێشتا ناكۆكی‌و ململانێی ئاینیی بەردەوامە.
هەروەها نوسەر دەشڵێت لێدوانەی رەسمی دەڵێت كە باكوری عێراق لە دۆخەی ئاشتیدایە، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كۆتایی پێهێنراوە‌و سوپا‌و هاوپەیمانەكانی ئەركی بەرگریكردن لە ناوچەكەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام وەك نوسەر دەڵێت هێشتا مەسیحییەكانی ناوچەكە رووبەڕووی پاكتاوكردن‌و چەوساندنەوە دەبنەوە‌و ئەوانەی دەتوانن بەرەو دەرەوەی وڵات بڕۆن دەڕۆن‌و ئەوانەشی ناتوانن خۆیان رووبەڕووی توندوتیژی زیاتر دەكەنەوە.
قەشە پەنهام پینۆكا، لە كەنیسەكەی لە بەرتەللە، كە دوو سەرباز بە كڵاشینكۆف پاسەوانی دەكەن دەڵێت:" دۆخەكە زۆر لە كاتەكانی پێشووتر خراپترە، دۆخەكە زۆر دژوارترە هەتا كاتی پێش هاتنی دەوڵەتی ئیسلامیش".
ئەو مەسیحییانەی كە هەزاران ساڵە لە دەشتی نەینەوا دەژین دەڵێن رۆشنبیری‌و شارشتانییان لەسەر دەستی ئەو میلیشیایانەی كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات بەرەو لەناوچوون دەچێت.
نوسەری راپۆرتەكە دەڵێت بەری خۆرئاوای موسڵ بەردەوامە لە ئاوەدانكردنەوە، بەڵام بەری خۆرهەڵاتی شارەكە كە دێرینترین ناوچەی شارەكەیە‌و زۆرینەی دانیشتوانەكەی مەسیحین، بریتیە لە وێرانەیەك، ساڵی 2014 كاتێك دەوڵەتی ئیسلامیی پەلاماری ناوچەكەیدا، هەڵمەتی وێرانكردن دەستیپێكرد، و شوێنە مێژووییەكانی وەك منارەی مزگەوتی نوری خاپوركرا كە ئەبوبەكر بەغدادیی تێیدا دامەزراندنی خەلافەتی راگەیاند.
لەكاتی فەرمانڕەوایی داعشدا زۆرینەی مەسحییەكان بەرەو هەرێمەی كوردستان هەڵاتن، بەڵام هەموویان چانسی هەڵاتنیان نەبوو، ئەوانەی مانەوە ناچاربوون ببن بە موسڵمان بۆئەوەی رزگاریان ببێت‌و لەماوەی حوكمی دەوڵەتی ئیسلامیدا تاكە رێگە بۆ رزگاربوونی مەسیحییەكان ئەوە بوو ببنە موسوڵمانی سوننە نەك شیعە.
رۆژنامەكە لە درێژەی راپۆرتەكەیدا دەڵێت لە تشرینی دووەمی 2016 سوپای عێراق‌و میلیشیا شیعەكان موسڵیان ئازادكرد،و مەسیحییەكان بەرەبەرە دەستیانكرد بە گەڕانەوە، بەڵام بینیان توندەڕویی ئیسلامی سوننە گۆڕاوە بۆ جۆرێكی نوێ لە توندڕەویی ئیسلامیی.
نوسەرەكە دەڵێت مەسیحییەكانی باكوری عێراق كەمبوونەوە‌و موسوڵمانەكان شوێنیان گرتنەوە كە زۆرینەیان شیعەن‌و سەر بەو میلیشیایانە كە ئێران پشتگیرییان دەكات‌و قەشە پینۆكاش دەڵێت:" ئەوان دەیانەوێت مەسیحییەكان لە وڵاتەیان هەڵبكەنن.
نوسەری راپۆرتەكە لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا دەڵێت: ئێستا نەینەوا رووبەڕووی پاكتاوی رەگەزی دەبێتەوە، نەك تەنها لە ئەنجامی توندوتیژی جیهادییەكانەوە، بەڵكو بەهۆی هەژاریی و هەستنەكردن بە نەبوونی ئاسایشەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand