راپۆرتی: درەو 🔹 بەبێ داتابەیسێکی بەهێز، "وڵات بە چاوی داخراوەوە بە ڕێگایەکی تاریکدا دەڕوات" ئەمە وتەی "سەمیر خزەیەر هادی" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێرییە لە عێراق. 🔹 خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتوان بەو مانایەیە کە پێوەرەکانی ئامار لە عێراقدا دەچنە ناو کایەی پێشبینیکردنەوە، ئەمەش ئەنجامەکەی دەرکەوتووە کە شکستی زۆربەی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی لێکەوتووەتەوە. 🔻 بەڵام؛ بە بۆچونی توێژەران. 🔹 ئەنجامدانی سەرژمێریی ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حوکمڕانی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە. 🔹 هەندێک لە هۆزەکانی عێراق بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانن کە قەبارەی دانیشتوانی خۆیان لە چوارچێوەی پارێزگا یان قەزاکەیاندا پیشان بدەن. 🔹 هەندێ هۆزی تریش وەک نیشانەیەکی نەخوازراو بۆ نەمانی کاریگەری خۆیان سەیری سەرژمێری دەکەن، پێیان وایە دەبێتە هۆی نیشاندانی لاوازی و کەمینەیی ئەوان. 🔹 دابەشکردنی بودجەی نێوان پارێزگاکاندا بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەکانیانەوە. بۆیە سەرژمێری دەبێت هۆی سەرهەڵدانی ژینگەیەکی لەباری ململانێ ی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان زیاد بکەن. 🔹 سەرژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریکردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە سەرژمێری لەلایەن هەندێک کەمینە کاریگەر و پارێزگا کەم دانیشتووانەکانەوە. سەرەتا (26) ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1997، عێراق دوایین سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ئەنجامدا. سەرەڕای ئەوەی لەو سەرژمێرییەدا چەندین گرفت لە ئارادابوو کە پرۆسەکە بەسەرکەتوو لە قەڵەم نەدرێت، لە سەروو هەمووشیانەوە ئەنجام نەدانی ئەو سەرژمێرییەبوو لە (3) پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکە تەنها (15) پارێزگاکەی عێراقی لەخۆگرتبوو. ئەمەش وایکرد بەشێک لە توێژەران دان بە ئەنجامەکانیدا نەنێن و هێشتا داتاکانی سەرژمێری پێش خۆی کە (10) ساڵ بوو ئەنجام درابوو، بەڵام هەموو پارێزگاکانی عێراقی لەخۆگرتبوو بە گونجاوتر دەزانرا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک بەسەر ئەو سەرژمێرییە ناتەواوەشدا، سەرەڕای بایەخە گرنگەکەی ئەو پرۆسەیە، هێشتا نەتوانراوە سەرژمێرییەکی گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، چونکە سەرژمێریی گشتی تەنها پەیوەندی بە ژماردنی دانیشتوانەوە نییە، بەڵکو وردترین وردەکارییەکانی پێکهاتەی دیمۆگرافی وڵاتەکە دیاری دەکات، کە دواتر حکومەتەکان پشتی پێدەبەستن بۆ بنیاتنانی پلانەکانیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانی ... هتد. بۆیە دەبینین حکومەتەکانی عێراق بەناچاری بۆ داڕشتنی پلانەکانیان پشتیان بە ئاماری کۆن یان نافەرمی بەستووە، دەرەنجامیش هەڵەی گەورە و ناهاوسەنگی و نادادی کۆمەڵایەتی و ناعەدالەتی جوگرافی لە پلانەکانیان کەوتووەتەوەو دەکەوێتەوە، زیاتر لە گەیشتن بە ئەنجامە خوازراوەکان. هەر ئەم هۆکارانەشە پاڵ بەوەوە دەنێت و ناوێیەتی بەرپرسانی عێراق لە ئایندەی نزیکدا سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدەن _لە ئێستاشدا بڕیار وایە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 سەرژمێری گشتی لە عێراقدا بەڕێوە بچێت_ مێژووی سەرژمێری لە عێراق بەپێی توێژینەوەیەکی (سەعد موحسین)، بەناوی "سەرژمێرییە ئەنجامدراوەکانی دانیشتوان لە عێراق"، لە ناوچەی نێوان دوو رووبار (میزۆپۆتامیا) کە لە ئێستادا بە عێراق ناودەبرێت لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە "سەرژمێری دانیشتووان"یان ئەنجام داوە. لەو سەردەمەدا سەرژمێرییەکان بۆ مەبەستی ئابووری و سەربازی ئەنجام دراوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی گەنجان بە تایبەتیش لە ڕەگەزی نێر، کە توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە یان ژمارەی ئەو بازرگان و خێزانە دەوڵەمەندانەی کە باج دەدەن. لە سەردەمی شازادە کۆدیا، کە فەرمانڕەوایی میرنشینی "لەگش"ی سۆمەری لە ساڵی (2144 پێش زایین تا 2124 پێش زایین)کردووە، سەرژمێری بۆ دانیشتوانی میرنشینەکەی ئەنجامداوە، کە بە خەمڵاندن ژمارەیان نزیکەی (450 هەزار) کەس بووە. لە عێراقی هاوچەرخدا، لە ساڵی 1927، حکومەتی ئەو کات هەوڵیدا یەکەم سەرژمێری دانیشتوان دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ئەنجام بدات، بەڵام هەڵەو کەم و کورتی زۆر هاوشانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بوو، ئەمەش وایکرد بەغدا ئەنجامەکانی هەڵبوەشێنێتەوە. لە ساڵی 1934 سەرژمێرییەکی تر بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو دانیشتووانەی کە توانای بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و جەنگدا هەیە ئەنجامدرا. ئەم سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی عێراقی بە زیاتر لە (3 ملیۆن و 200 هەزار) کەس دیاری کرد. سەرەڕای سادەیی داتاکانی، بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ دەوڵەت لە پلان و بەرنامە حکومییەکانیدا مایەوە، تا سەرژمێرییەکی دیکە لە ساڵی 1947 ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەی عێراقییەکان گەیشتە (4 ملیۆن و 826 هەزار) کەس. ئەمجارە یەکەم هەوڵی عێراقە بۆ سەرژمێریکردنی دانیشتوان بە بەکارهێنانی ئامرازە تەکنیکییە مۆدێرنەکان، بە بەراورد بەو ئامێرانەی لەو کاتەدا لەبەردەستدا بوون، کە هانی بەغدای دا بۆ ئەوەی سیاسەتێک بگرێتەبەر، هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری دانیشتوان ڕێکبخات. ئەو سەرژمێرییانەش لەو کات بەدواوە رێکخرا، بریتی بوون لە؛ سەرژمێری ساڵی (1957)  کە تێیدا ژمارەی دانیشتوان گەیشتە (6 ملیۆن و 300 هەزار) کەس، 1965 (لە بری ساڵی 1967)، سەرژمێریەکانی ساڵانی (1977)و (1987) و (1997) ڕێکخرا، کە دوایین جار بوو سەرژمێری تێدا ئەنجامدرا. مەترسییەکانی پەکخستنی سەرژمێری بەبێ داتابەیسێکی بەهێز، "وڵات بە چاوی داخراوەوە بە ڕێگایەکی تاریکدا دەڕوات" ئەمەش وتە و تێڕوانینی "سەمیر خزەیەر هادی" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێرییە لە عێراق. موحسین حەسەن، لە لێکۆڵینەوەکەیدا بە ناونیشانی "بەربەستەکانی بەردەم سەرژمێری دانیشتووان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ئایندەی گەشەپێدان لە عێراق"، ئاماژەی بەوە داوە، خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتوان بەو مانایەیە کە پێوەرەکانی ئاماری لە عێراقدا دەچنە ناو کایەی پێشبینیکردنەوە، ئەمەش ئەنجامەکەی دەرکەوتووە کە شکستی زۆربەی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی لێکەوتووەتەوە، چونکە لەسەر بنەمای داتای خەمڵێنراوی جێی متمانە نییە. لە سایەی ئەنجامنەدانی سەرژمێری، عێراق شکستی خواردووە لەوەی قەبارەی گەشەی دانیشتوان بە وردی دیاری بکات، کە ئەمەش بووە بە ڕێگر لە سیاساتی کەمکردنەوەی خێرایی گەشەی دانیشتوان و سەریکێشاوە بۆ سەرهەڵدانی زیادڕەوییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی بەکاربردن و سەرهەڵدانی بێکاریی بەرفراوان. (لە بارەی خێرایی گەشەی دانیشتوانەوە بڕوانە خشتەکە).   گەشەی دانیشتوانی عێراق (2015 - 2030) ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقل خەمڵێندراوی گەشەی دانیشوان   هەروەها دەوڵەت کورتی هێناوە لەوەی بتوانێت ئاماری باوەڕپێکراوی لەبەردەست بێت، تا یارمەتی بدات لە دروستکردن و دەرکردنی بڕیارەکان، بۆ داڕشتنی پلانی سەرکەوتوو، کە هاوسەنگی لە نێوان قەبارەی دانیشتوان و دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بکات، ئەمەش زیانی جیددی بە هەموو لایەنەکانی گەشەپێدان لە عێراقدا بەجێهێشتووە.   هۆکارەکانی دواخستنی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق یەکەم؛ ئەمن، ئابوری و کۆرۆنا وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق دە ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، بۆیە بڕیار بوو لە ساڵی 2007 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەوە بۆ ساڵی 2009 دواخرا، دواتر بۆ ماوەی (10) ساڵ بە یەکجار دواخرا، لە ساڵی (2019) دووبارە دواخرا. پێی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانی عێراق، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2019 دەستیپێکرد، ئومێدیان وابوو کە لە ساڵی (2020)دا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا دواخرا، چونکە مەحاڵ بوو ڕێکخەران و ڕاسپێردراوان کە ژمارەیان (150 هەزار) توێژەری مەیدانی بوو بتوانن سەردانی ماڵەکان بکەن لەو بارودۆخەدا، بۆیە ناچار بوون کە وەزارەتی پلاندانان پڕۆژەکە دوابخات. لە ساڵی 2022 بەغدا نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ دووبارە ئەنجامدانی سەرژمێری، ئەوەش بەهۆی ئەو بودجە زۆرەی کە مەکتەبی ناوەندی ئامار پێویستی بوو، ڕووی نەدا، کە بڕەکەی (120 ملیۆن) دۆلار بوو، حکومەتی عێراقیش لەو کاتەدا نەیتوانی دابینی بکات. مەهدی ئەلعەلاق، ڕاوێژکاری باڵای سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەگەڵ هاتنی حکومەتی نوێ و پەسەندکردنی بودجەی نوێ، تەرخانکردنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتی دابینکراوە. محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، لە میانەی سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوە ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی عێراق، ڕایگەیاند، هەموو توانایەکی پێویست بۆ تەواوکردنی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا دابین دەکرێت. سودانی جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەتەکەی پشت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەبەستێت لە دانانی سیاسەتەکانی و جێبەجێکردنی بەرنامە ئابوورییەکانی، هەروەها ئامادەکردنی پلانی داهاتوو کە هاوکارە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا. هاوکات لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ سەرژمێری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق خراوەتە گەڕ، عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئایاری 2014دا سەرژمێری ئەزموونی ئەنجامدەدەن و پرۆسەکەش بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە چەند ناوچەیەکدا ئەنجامدەدرێت کە سەرژمێری گشتی دەیانگرێتەوە. وا بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2014 کۆی پرۆسەکە لە عێراقد بە فەرمی بەڕێوەبچێت. دووەم؛ ناکۆکی و ململانێی سیاسی موحسین حەسەن، لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان پەیوەستە بە دیاریکردنی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان و دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگارێک لەو کورسیانە بەپێی دەستوور، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە سەرژمێری لەلایەن هەندێک کەمینە کاریگەر و پارێزگا کەم دانیشتووانەکانەوە. بە مەبەستی پاراستنی نوێنەرایەتی پەرلەمانی خۆی لەسەر بنەمای پێوەرە خەمڵێنراوەکان. هەروەها ئەنجامدانی سەرژمێری ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حوکمڕانی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە. لە مادەی 140ی دەستووری عێراقدا هاتووە، سەرژمێرییەکی وردی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجام بدرێت و دواتر ڕیفراندۆم لەسەر خواستی دانیشتووانیان بۆ پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان یان مانەوە لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەنجامی سەرژمێرییەکە پێویستی بە گۆڕانکاری لە بودجەی گشتیدا دەبێت. هەرێمی کوردستان پشکی لە بودجەدا بەرامبەر بەڕێژەی دانیشتوانەکەی وەردەگرێت، پرسێک کە ناکۆکی هەمیشەیی لە نێوان هەردوولا دروست کردووە، دوای ئەوەی بەغدا بڕیاری دا پشکی هەرێم بۆ 12.6% کەم بکاتەوە لەبری 17%، سەرەڕای ناڕەزایەتی کورد لەو بارەیەوە، بەهۆکارەکەی جیاوازیە لە دیاریکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە نێوان دوو لایەن. هەروەها دابەشکردنی بودجەی گشتی فیدراڵی لە نێوان پارێزگاکاندا بەندە بە ژمارەی دانیشتووانەکانیانەوە. بۆیە سەرژمێری دانیشتووان پاڵنەر دەبێت بۆ سەرهەڵدانی ژینگەیەکی لەباری ململانێ ی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان زیاد بکەن. بە بڕوای ئەو توێژەرە (حەسەن)، بیرۆکەی ئەنجامدانی سەرژمێری خۆی هێشتا بابەتی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقییە. کورد بە دەرفەتی دەزانێت کە هێزی ڕەگەزی کورد پیشان بدات بەوی زۆرینەی لە ناوچە جێناکۆکەکاندایە و لە ڕێگەیەوە ئامانجیان لکاندنی ناوچە جێناکۆکەکانە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن لە مەلەفی چارەی خۆنووسین، لە کاتێکدا هەندێک لە هۆزەکانی عێراق بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانن کە قەبارەی دانیشتوانی خۆیان لە چوارچێوەی پارێزگا یان قەزاکەیاندا پیشان بدەن، لە کاتێکدا هۆزەکانی تریش وەک نیشانەیەکی نەخوازراو بۆ نەمانی کاریگەری خۆیان سەیری سەرژمێری دەکەن، پێیان وایە دەبێتە هۆی نیشاندانی لاوازی و کەمینەیی خۆیان. سەرەڕای ئەم کەشوهەوای گرژییە، ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری بەردەوامە لە کاتێکدا حکومەت دڵنیایی دەدات لە پێویستی جێبەجێکردنی لە کاتی خۆیدا. پرسیاری سەرەتا و کۆتایی ئەوەیە؛ ئایا ئەمجارە سەرژمێری لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟، یان دووبارە دوادەخرێتەوە؟ سەرچاوەکان •    وزارة التخطیط (جهاز المرکزي للإحصاء)، المٶشرات السکانیة، تقديرات سكان العراق للفترة (2015-2030)؛ https://bitly.ws/35E5R •    الحرة (ارفع صوتك - بغداد)، لماذا عجز العراق عن إجراء تعداد سكاني منذ ربع قرن؟، 23  فبراير 2023؛ https://bitly.ws/35E6r •    العالم الجديد، هل ينجح التعداد السكاني في 2024؟.. التخطيط تكشف عن التفاصيل، 27 تشرين الثاني 2023، (تقاریر)؛ https://bitly.ws/35E73  


درەو: بڕیارە سبەینێ بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن بكاتەوە، بڕیاردراوە پێش25ی ئەم مانگە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێن، عومەر سەید عەلی خۆی كاندید ناكاتەوە، (مستەفای سەید قادر، ئاوات شێخ جەناب، جەلال جەوهەر، دانا ئەحمەد مەجید، شەماڵ عەبدولوەفا) قسەیان لەگەڵ كراوە بۆ رێكخەری گشتی. بە پێی زانیارییەكانی(درەو) لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی (باژێروان و رێكخەری ژوورەكانی بزووتنەوەی گۆڕان) كە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بەڕێوەچوو، بڕیاریانداوە ئەندامانی خانەی راپەڕأندن و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تا 25ی ئەم مانگە  هەڵبژێرن. سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند بڕیارە سبەینێ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە. (درەو) زانیویەتی تا ئێستا عومەری سەید عەلی بڕیاریداوە خۆی كاندید نەكاتەوەو رایگەیاندووە پۆستی رێكخەری رادەستی دەستێكی ئەمین دەكات. هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو) قسە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵادا كراوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدی بكەن لەوانە: •    ئاوات شێخ جەناب •    دانا ئەحمەد مەجید •    مستەفا سەید قارد •    جەلال جەوهەر •     جەمال محەمەد •    شەماڵ عەبدولوەفا بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خۆیان بۆ پۆستی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندید ناكەن. هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانیش هەڵدەبژێردرێت. بە پێی مادەی (12) لە دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە. خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە ( رێكخەری گشتی، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆنەكان، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی)، تەنیا سەرۆكی جڤات لە جڤاتی گشتی هەڵدەبژێرێت ئەوانی دیكە بە رێكخەرەوە لە جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت و رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەن. لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەرێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوو، بەڵام هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، بۆیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەستیان لەكاركێشایەوە، لە مانگی نیسانی 2022دا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، بەڵام عومەر سەید عەلی ئامادەنەبوو هەڵبژێدرێتەوە، بۆیە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە. خانەی راپەڕاندن خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێكخەری گشتیەوە لە (7) ئەندام پێكدێت ئەوانیش: •    رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان •    سكرتێری كاروباری ژوورەكان •    سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان •    سكرتێری كاروباری باژێروانەكان •    سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •    سكرتێری كاروباری خەڵك •    سەرۆكی جڤاتی گشتی جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەو راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتیەوە پێشتر هەڵدەبژێردرێت، هەموو ئەندامانی تری خانە بە رێكخەری گشتیەوە لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن. بەشێك لە ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن بەهۆی نەخۆشیەوە خۆیان كاندید ناكەنەوە، بۆیە ناوی چەند كارەكتەر و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی دێت كە خۆیان بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن كاندید دەكەن لەوانە: (كاردۆ محەمەد، گوڵستان سەعید، بەختیار ئەولی، كاوە عەبدوڵا، ئەحمەد یوسف سندی، شاخەوان رەئوف بەگ، لیوا جەلال،  نزار محەمەد، هۆشیار عومەر، هێمن شیخانی، دڵخواز كاكە رەش، ........) هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوای دوو مانگ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25/7/2017 رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران: خانەی راپەڕاندنی یەكەم: •     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان •    محەمەد تۆفیق ڕەحیم، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان •    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان •    عوسمانی حاجی مەحمود، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان •    جەمال محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •    شۆڕش حاجی، سكرتێری كاروباری خەڵك •    رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی رۆژی 14/9/2017 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە هەڵبژێردران: خانەی راپەڕاندنی دووەم: •     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان •    دەرباز محەمەد، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان •    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان •    شەماڵ عەبدولوەفا، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان •    عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •    برزۆ مەجید، سكرتێری كاروباری خەڵك •    جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی (لەناو جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا) بەهۆی شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسیەكیان، رۆژی 13/10/2021 رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە. بەڵام رۆژی 17/4/2022 لە جڤاتی نیشتمانی بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران: خانەی راپەڕاندنی سێیەم: * عومەر سەید عەلی رازی نەبوو هەڵبژێردرێتەوە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە. * جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان * سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان * شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان * ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان هەریەك لە برزۆ مەجید و دەرباز محەمەد رازینەبوون هەڵبژێدرێنەوە.      


راپۆرت: درەو دژی سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی عێراق، مەسرور بارزانی نامەی بۆ هەریەكە لە (فایەق زەیدان)‌و (پلاسخارت)‌و حاكم (عومەر ئەحمەد) ناردووە، دژی دەستكاریكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانە، دادگای فیدراڵی رۆژی 27ی ئەم مانگە بڕیاری كۆتایی خۆی لەمبارەیەوە دەردەكات، هەندێك لە لایەنە توركمان‌و مەسیحییەكان هەڕەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن‌و دواكەوتنی هەڵبژاردنی شوباتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو ئەگەرێكی بەهێزە، وردەكاری لەم راپۆرتەدا.  نامەكەی مەسرور بارزانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ نامەیەكی بۆ هەریەكە لە (فایەق زێدان) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق‌و (جینین پلاسخارت) نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق‌و (عومەر ئەحمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ناردووە.  بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، لەم نامەیەدا، مەسرور بارزانی پشتیوانی تەواوی حكومەتی هەرێمی بۆ مافی پێكهاتەكانی كوردستان راگەیاندووە‌و نیگەرانی‌و ناڕەزایی نیشانداوە لەبەرانبەر هەوڵەكانی گۆڕین‌و دەستكاریكردنی كورسی‌و مافی پێكهاتەكانی كوردستان.  مەسرور بارزانی داوایكردووە، ڕێگری لەم هەوڵانە بكرێت‌و مافەكانی پێكهاتەكان دەستكاری نەكرێن و پارێزراو بن. نامەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەرپرسانی عێراق‌و نەتەوە یەكگرتووەكان دوای ئەوە دێت، سەرەتای ئەم هەفتەیە ژمارەیەك لە لایەنە توركمان‌و مەسیحییەكان لە هەولێر كۆبونەوە‌و هەڕەشەی ئەوەیان كرد بایكۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن، ئەگەر بێتو هەڵبژاردن فرەبازنە بێت‌و (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكرێت، ئەم لایەنانە كۆنگرەی رۆژنامەوانییان كرد، هاواریان لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كرد بەدەم خواستەكانیانەوە بچێت، دوێنێ مەسعود بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا رایگەیاند" پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت". نیگەرانییەكانی پارتی‌و سكاڵاكەی یەكێتیی هەموو ئەم نیگەرانییانە سەرچاوەكەی بۆ سكاڵایەك دەگەڕێتەوە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر (5) ماددەی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە، سكاڵایەكە كە بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەوە دەربكات.  رۆژی 3ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی دواین دانیشتنی دادبینی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی بەڕێوەبرد، لەم دانیشتنەدا دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد، بۆچونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، كورسییەكانی پەرلەمان چۆن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشدەبن؟  كۆمسیۆن كە سەرۆكەكەی دادوەرێكی سنوری پارێزگای سلێمانییە، وەڵامی داوەتەوە‌و دەڵێ: لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، هەرێمی كوردستان دەكرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن‌و (111) كورسییەكەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەش دەبێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا:   •    پارێزگای هەولێر: (38) كورسی بەردەكەوێت •    پارێزگای سلێمانی (45) كورسی •    پارێزگای دهۆك (28) كورسی  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا: •     پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی •    پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی •    پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمان‌و (1) كورسی ئەرمەن‌و (1) كورسی مەسیحی پرسیاری دادگای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، پێشوەختە ئاماژەی ئەوەی بە لایەنە توركان‌و مەسیحییەكان دا كە دادگای فیدراڵی تانەكەی یەكێتیی لەبارەی گۆڕینی  شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی پەسەند كردووە، بۆیە ئەو لایەنانە هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ گۆڕینی بڕیارەكە بەر لە راگەیاندنی لەلایەن دادگاوە. مشتومڕەكان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، پێشبینی ئەوە لێدەكرێت بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە (25ی شوباتی) داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت‌و بكەوێتە مانگی 5ی ساڵی داهاتوو.  یەكێتیی‌و كورسی پێكهاتەكان ! هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، ئەم هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا نەكرا. دواكەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ناچاركرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربكات‌و وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكات، كۆتاییەكانی ئازاری ئەمساڵ سەرۆكی هەرێم مەرسومی دووەمی دەركردو رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەكەم، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی‌و یەكێتیی.  لە پرسی دواكەوتنی هەڵبژاردندا، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، ئەم ناكۆكییە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە‌و رەنگە دواجار سەربكێشێت بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت، كە بڕیارە 25ی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت. "كۆتا" بەواتای تەرخانكردنی رێژە یان ژمارەیەك كورسی دێت بۆ پێكهاتەیەكی رەگەزیی یان نەتەوەیی‌و ئاینیی لە پەرلەمان‌و ئەنجومەنە لۆكاڵییەكان، رێوشوێنێكی كاتییە‌و ئامانج لێی ئەوەیە گرەنتی بەشداری پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتیی بكرێت لە بەشداریكردن لە بڕیاردا لەناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراو. لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی داوای دەكرد هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 2021 بەڕێوەچوو، بكرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونكە یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە شێوازی (یەك بازنەیی) ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمكردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت‌و لەشێوازی (فرە بازنەیی)دا دەنگەكان دابەشدەبن‌و پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبكات، ئەوكات لە گفتوگۆكاندا پارتی لەسەر ئەم داواكارییە قایل بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەكێتیی داوای دەكرد كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، بۆ ئەمە یەكێتیی داوای دەكرد (2 بۆ 4) كورسی لە كۆی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت. نیسانی ئەمساڵ كاتێك دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا (ئەوكات پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن)، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتیدا دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەی كرد كورسییەكی پێكهاتەی توركمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی (كفری)، بەڵام نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە. ئێستا ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی‌و وەڵامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند بكات، سنوری پارێزگای سلێمانی كە یەكێتیی تێیدا باڵادەستە، لەبری (2) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان (4) كورسی بەردەكەوێت، بۆ یەكێتیی ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە لەرابردوودا پێیوا بووە (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان كاندیدەكانی لەلایەن پارتییەوە دیاریكراوە‌و بەردەوام پێكهاتەكانی لە خزمەتی پرۆژە سیاسییەكانی خۆی لە پەرلەمان بەكارهێناوە. توركمان‌و مەسیحی لە كوردستان بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی توركمان، ژمارەی ئەم پێكهاتەیە لە هەرێمی كوردستان (350 بۆ 400 هەزار) كەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە (3 ملیۆن) كەس.  ئەگەر ئەم ژمارانە دروست بن، وەكو بەرپرسانی توركمانی دەڵێن، مافی پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە (5) كورسی "كۆتا"، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك كە كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی توركمان خۆشیان دژی كورسی "كۆتا"ن‌و پێیانوایە ئەگەر لە دەرەوەی "كۆتا" بەشداری هەڵبژاردن بكەن‌و ریزەكانی خۆیان یەكبخەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەبێت‌و سەرباری ئەمەش لەژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەكان دێنە دەرەوە. ئێستا كە یەكێتیی لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیەوێت لەكۆی (5) كورسی "كۆتا"ی توركمان، (2) كورسی بدات بە قەزای كفری كە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 58 هەزار كەس لە قەزای كفریدا نیشتەجێن، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە كە ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری دەستنیشان بكات، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەرەی توركمانی (800) خێزانی توركمان لە كفریدا هەن، سەرباری ئەمە، لەدواین هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) كاندیدی توركمانەكان لەم قەزایە كە خاتونێك بوو بەناوی (بسن جیهاد محەمەد) لە بەرەی توركمانیی، تەنیا (334) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە هۆكارەكەیە كە لایەنە توركمانەكانی هەولێر دژی دابەشكردنی كورسی توركمانن بەسەر بازنەكاندا‌و دەڵێن زۆرینەی توركمانی هەرێمی كوردستان لەناو سەنتەری شاری هەولێردا نیشتەجێن‌و كفری ژمارەیەكی كەمتر توركمانی تێدایە.    بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی تر كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئێستا ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری نزیكەی (2 هەزار) كەس دەبێت كە دابەشبوون بەسەر نزیكەی (450) خێزاندا. ئەوە هەر لایەنە توركمانییەكان نین كە دژی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەندێك لە لایەنە مەسیحییەكانیش دژی ئەم دابەشكردنەن.  رۆژی 24ی مانگی رابردوو، (جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو.  ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو پێكهاتەی مەسیحی شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە‌و وتی:" یەكێتیی داوایكردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، وایان دابەشكردووە پێنج كورسیی مەسیحییەكان بەشێوەیەك دابەش بكرێت كە دوو كورسی بۆ سلێمانی، دوو كورسی بۆ دهۆك‌و یەك كورسی بۆ هەولێر بێت". "لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن، بەڵام لە عەنكاوە (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە، ناكرێت بۆ 120 خێزان دوو كورسی تەرخان بكرێت‌و لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنكاوە یەك كورسی تەرخان بكرێت، جگە لە قەزاكانی شەقڵاوەو كۆیە كە ژمارەیەكی زۆر مەسیحی لەوێش هەن" پەرلەمانتارە مەسیحییەكە وا دەڵێ.  بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لەناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین. مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، پۆستێكی وزاریشیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پێدراوە كە پۆستی وەزری گواستنەوەو گەیاندنەوە (ئانۆ جەوهەر) لە پۆستەكەدا دانراوە.  


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق چوارچێوەی شیعە پێداگرن لە 18ی ئەم مانگە (كانوونی دووەم) بە هەر نرخ‌و جۆرێك بووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو عێراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) ئەنجام بدرێت؛ لەبەرامبەریشدا سەدرییەكان بەردەوامن لەسەر بایكۆتكردن‌و هەوڵی پەكخستنی پرۆسەكەش دەدەن. لەسەر ئاستی هێزە سوننەكانیش، لادانی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەوڵی یاساغكردنی حزبەكەی (تقدم)، ململانێیەكی سەختی بۆ داڕشتنەوەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەی سوننە دروستكردووە. ئەم شرۆڤەیە لەسەر ڕەوشی گشتیی هەڵبژاردن‌و لێكەوتەو ئەگەرەكانی لەسەر هەردوو ئاستی پێكهاتەكانی شیعەو سوننە هەڵوێستە دەكات، كە لە مەودای ناوەڕاست‌و دووردا لێكەوتەیان دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان‌و هاوپەیمانییە گشتگیرەكان‌و ناوەندی بڕیار لە بەغدا. بایەخی هەڵبژاردنی كۆتایی 2023 هەڵبژاردنی كۆتایی ئەمساڵ (2023)، یەكەم ئەزموونی دەنگدانە پاش 10 ساڵ گوزەركردن بەسەر دوا هەڵبژاردنی لۆكاڵی كە 2013 بەڕێوەچوو. لە دوا هەڵبژاردندا كە سێیەم ئەزمونی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بوو لە عێراق، پاش هەڵبژاردنەكانی 2005و 2009، لیستەكەی نوری مالیكی (دەوڵەتی یاسا) زۆرینەی بەدەستهێنا؛ بەمەیش لە پەنا سەرۆكایەتیی حكومەتدا، دەستی بەسەر جومگە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی پارێزگاكانیشدا گرت، بەڵام هێرشی داعش بۆ عێراق‌و گرتنی سێیەكی خاكەكەی (حوزەیرانی 2014)، وڵاتی خستە جەنگێكی خوێناوی‌و نەیهێشت لە 2017 ئەنجومەنەكان نوێ ببنەوەو هەڵبژاردنی نوێ بكرێت. دواتریش خۆپیشاندانی تشرین (2019)ی بەسەردا هات؛ ناڕەزاییی خۆپیشاندەرانیش ئەنجومەنی پارێزگاكانی بە هەڵوەشاندنەوە دا، چونكە ئەنجومەنەكان تۆمەتبار كران بە بارگرانی لەسەر بودجەو هۆكارێك بۆ قوڵبوونەوەی گەندەڵی‌و ماشینەوەی زیاتری سەرچاوەكانی داهات[1]. لەڕووی سیاسی‌و دەستورییەوە هەڵبژاردنەكەی 18ی ئەم مانگە، تەواوكردنی جومگەیەكی گرنگی پەیكەری دەسەڵاتە لە عێراق؛ ئەنجومەنە خۆجێیەكانیش چاودێر دەبن بەسەر پارێزگارەكان‌و پرۆژەكانیان؛ هەروەها میكانیزمێكیشن بۆ وردكردنەوەو دابەشكردنی زیاتری دەسەڵاتەكان. لە دەستوری عێراقیشدا (ماددەی 122)[2]، دەسەڵاتی كارگێڕی‌و داراییی بەفراوان دراوە بە ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان؛ بە جۆرێك بەپێی پڕەنسیپی ناسێنتراڵی، خۆیان بەڕێوەدەبەن. هەروەها ئەو ئەنجومەنانە ملكەچ نین بۆ دەسەڵات‌و سەرپەرشتیی وەزارەتەكان؛ لەمەیش گرنگتر، خاوەن بودجەو دارایی سەربەخۆی خۆیانن. دەسەڵاتەكانیشیان هاوشێوەی پەرلەمانێكی بچوكە لە پارێزگاكانیان؛ دەسەڵاتی دانانی پارێزگارو لادان‌و چاودێریكردنیان هەیە. هەموو ئەمەیش لەپێناو شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و دوركەوتنەوەیە لە سیستەمی ناوەندگەرایی كە لە مێژووی 100 ساڵدا لێكەوتەی خراپی هەبووە لە عێراق. ڕەخنەكان لە ئەنجومەنەكانی پارێزگا لە دەرەوەی لایەنە باشە تیۆرییەكان‌و لەڕووی پراكتیكییەوە، كۆمەڵێك ڕەخنەو تانە لەسەر ئەزموونی 15 ساڵەی ئەنجومەنەكانی پارێزگا هەن. ئەم ڕەخنانەیش بەردەوام ڕووبەڕووی هەوڵەكانی زیندووكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێنەوە، گرنگترینیشیان بریتین لەمانە[3]: سەرچاوەی دارایی‌و پارەداركردنی حزبەكانن لە ڕێگەی گەندەڵیی پرۆژەكان‌و هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگە ئابورییەكانی حزبەكان، لە ساڵانی كاركردنیان بەرهەمیان بێهیواكەر بووەو بودجەی زۆری وڵاتیان بەفیڕۆ داوە، زۆر پرۆژەی ستراتیژییان لەبەر بەرژەوەندیی حزبە باڵادەستەكان پەكخستووەو، هۆكارێكن بۆ قوڵكردنەوەی ململانێی سیاسی‌و دابەزاندنی لە ئاستی سەرەوە بۆ خوارەوە. جیا لەم ڕەخنانەیش كە پەیوەندیی بە ئەزمونەوە هەیە، هەن دەپرسن پاش ئەوەی ئیرادەی خەڵك لە تشرینی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوەو پەرلەمانیش بە بڕیار ئەو ئیرادەی هەڵوەشاندنەوەی پەسەند كرد[4]، چۆن دەكرێت جارێكی تر بگەڕێنرێنەوە سەركار؟ ئایا ئەمە دژایەتیی ئەو خواستە گشتییەی خەڵكانی چالاك‌و هەڵسوڕاوی عێراق نییە؟ ئەم بۆچونە پێیوایە بەفیدراڵیكردنی وڵات لە دروستكردنی هەرێم‌و  شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكاندایە، نەك لە زۆركردنی ئەنجومەنەكان كە بە ئەڵقەیەكی زیادو ناپێویست تەماشا دەكرێن. جگە لەوەیش ئەزمونی كاركردنی پارێزگارەكان لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەتەنیا، باشترو سەركەوتووتر بووە لە ئەزمونی پێشوو[5]. هەرچەندە خواستێكی گشتی هەیە، لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەی كۆتایی 2023 گۆڕانكاری دروست ببێت‌و نمونەیەكی جیاواز پێشكەش بكرێت، بەڵام لەڕووی كردارییەوە بەدیهاتنی ئەمە بەئەستەم دەبینرێت، ئەویش بەهۆی شەڕی ژمارەیەكی زۆر لە حزب‌و هێزی سیاسیی ڕكابەر لەسەر كورسییەكان كە (296) حزب‌و (50) هاوپەیمانین لەگەڵ چەندان بەربژێری تاك لەچوارچێوەی لیستە سەربەخۆكان[6]. هەموو ئەمانەش كێبەركێ دەكەن لەسەر (285) كورسی لە (15) پارێزگا كە (10) لەوانە هی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن[7]. لەگەڵ ئەمەیشدا باوەڕێكی زاڵ هەیە كە بڕیاری سیاسی ئەوەیە كۆنترۆڵی ڕەوشەكە لەدەست هێزە سیاسییە گەورەكان دەرنەچێت؛ ڕێگەیش نەدرێت هێزە نوێیەكان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن‌و ڕۆڵی سەرەكییان لە نوێكردنەوەو گۆڕینی شێوازی كاری ئەو ئەنجومەنانە هەبێت[8]. ئەمەیش بە مانای مانەوەی شێوازەكانی كاری پێشووە وەك خۆیان. كێشمەكێشی چوارچێوەی شیعی‌و سەدرییەكان یەكێكی تر لە تەنگژەكانی بەردەم هەڵبژاردنی نوێ، كێشەی سەدرییەكان‌و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەی هاوپەیمان‌و شوێنكەوتەی "تاران"ن. سەدرییەكان لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر لە ناوەڕاستی 2022 لە پەرلەمان كشانەوە[9]؛ سەرباری هەوڵی زۆریش بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا، بەردەوامن لە درێژەدان بە بایكۆت‌و بەشداریی سیاسی لە سایەی باڵادەستیی چوارچێوەی شیعەدا. نەك هەر ئەوە، موقتەدا سەدر هانی لایەنگرەكانی دەدات تا دەتوانن بایكۆتی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكەن بۆ ئەوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لاواز ببێت[10]. ئەمەیش دەكرێت جۆرێك لە هاندانی پشتپەردە بێت بۆ تێكدانی پرۆسەكە كە دواتر هەندێك لە سەدرییەكان بە دڕاندنی پۆستەری كاندیدە شیعەكان لە پارێزگاكان پراكتیكیان كرد[11]؛ لە هەندێ جێگەیش گرژیی سەدرییەكان‌و ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم لەسەر هەڵبژاردن، سوتاندنی بارەگای بەدوای خۆیدا هێنا[12]. ئەو دۆخەیشی لەنێوان لایەنگرانی بایكۆت‌و لایەنگرانی بەشداریدا هەیە، دیسانەوە بارگرژیی گێڕاوەتەوە بۆ شەقامی شیعی. ئەم دۆخەیش گەڕانەوەیە بۆ ڕەوشی شەڕو كوشتاری نێوخۆیی كۆتایییەكانی ئابی ساڵی پار (2022) كە بەهۆیەوە سەدر كۆتایی بە پێداگرییەكانی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە هێنا؛ بڕیاری كشانەوەیشی لە پرۆسەی سیاسی دا[13]. چوارچێوەی شیعی لە ئاست بایكۆت‌و هەوڵەكانی سەدر بۆ تێكدانی هەڵبژاردن، دوو لێكەوتەی خراپ دەبینن: یەكەم، خۆسەپێنیی سەدر بەسەر بڕیارو پێداگریی چوارچێوەی شیعی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتێكدا ئەو ئێستا كەمینەیە.  دووەم، بایكۆتی سەدرییەكان كە ڕەوتێكی جەماوەریی شیعەن، دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەنگ‌و پێگەو ئامادەییی پێكهاتەی شیعە لە هاوكێشەی هەڵبژاردن، بەتایبەت لەو پارێزگایانەی تێكەڵن لەگەڵ سوننەكان لە چەشنی بەغداو دیالە. لەم نێوەیشدا باوەرێكی بڵاو هەیە كە بایكۆتی سەدرییەكان- كە هاوكاتە لەگەڵ بێهیوایی زۆری شەقام لە ئەنجومەنی پارێزگاكان- ببێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی بەشداریی شیعەكان لە هەڵبژاردن بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی پرۆسەی سیاسی، بەتایبەت لە پارێزگای بەغدا؛ ڕەشبینییەكەیش بە جۆرێكە باس لە ڕێژەی بەشداریی 5_10%ی دەنگدەران دەكرێت لە هەندێك ناوچەی شیعەنشین لە باشترین حاڵەتدا. ئەمەیش پەڵەو لەكەی زۆر لەسەر پرۆسەكە دروستدەكات‌و دەبێتە پاساویش بۆ سەدرییەكان كە زیاتر تانە لە پرۆسەكە بدەن؛ جگە لەوەیش چانسی هێزە سوننەكانی ڕكابەر بەهێزتر دەكات[14]. چوارچێوەی شیعە ترسی ئەوەیشیان هەیە سەدرو حزبەكەی حەلبوسی ڕێككەوتبن لەسەر ئەوەی جەماوەری ڕەوتی سەدر لە ناوچە تێكەڵەكان دەنگ بە لیستەكەی حەلبوسی بدەن[15]. ناوبەناویش پێچەوانەی ئەمە دەڵێن‌و باس لەوە دەكەن سەدر هەڕەشە دەكات بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا نزمترین ئاست كەمبكاتەوەو پرۆسەكە لەكەدار بكات[16]. ئەوەیشی مەترسییەكانی چوارچێوەی شیعی زیاتر دەكات لە بایكۆتی دەنگدان، بێبەشمانەوەی هەشت ملیۆن دەنگدەرە لەكۆی (20) ملیۆن لە كارتی بایۆمەتریی دەنگدان. پێشبینیی نەچوونی ژمارەیەكی هاوشێوەیش هەیە بۆ دەنگدان كە كۆی گشتی دەكاتە (16) ملیۆن كەس، بەتایبەت كە سەدرییەكان خۆیان یەك ملیۆن دەنگدەرن؛ لە ناوچەكانی بڵاوبوونەوەیشیان كاریگەرییان لەسەر دەوروبەری (10) ملیۆن كەس هەیە[17]. ئەمەیش لەكاتێكدایە نزمبوونەوەی بەردەوامی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردن، قۆناغ بە قۆناغ وەك تارمایی بەسەر پرۆسەكانی هەڵبژاردنەوە سێبەری كردووەو بووەتە كێشەیەكی بەردەوامی داخورانی شەرعییەتی جەماوەریی پرۆسەی سیاسیی عێراق. بە گەڕانەوەیش بۆ تۆمارو پێشینەكان ڕێژەكان لەسەر ئاستی فەرمی بەمجۆرەی خوارەوە دابەزیون:  لە هەڵبژاردنی كۆتایی 2005 ڕێژەی بەشداریكردن (76%) بوو، لە هەڵبژاردنی 2010 دابەزی بۆ (62%)، لە هەڵبژاردنی 2014 كەمبووەوە بۆ (61%)، لە هەڵبژاردنی 2018 دیسان دابەزی بۆ (44%)و لە كۆتا هەڵبژاردنیش (2021) بەفەرمی لە (43%) وەستایەوە[18]. گومان‌و ئاماژەنمای زۆریش هەن كە هێشتا ئەو ژمارانە ورد نین‌و ڕێژەكانی بەشداری بەكردەیی‌و ڕاستی كەمتریش بوون لەوانە؛ ئەگەر بایكۆتی ئەو خەڵكانە لەبەرچاو بگیرێت كە مافی دەنگدانیان هەبووەو لە بنەڕەتەوە تۆماری خۆیان نوێ نەكردووەتەوە یان لە لیست‌و تۆماری كۆمیسیۆندا نەبوون. هەندێك لەو خەمڵاندنە سەرەتاییانەیشی كراون، باس لەوە دەكەن پێداگریی بەشێك لە شیعە لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن، بەگوێرەی سیستەمی "سانت لیگۆ"ی هەمواركراوی 1.7، لە بەغدای پایتەخت بە نموونە كە (49) كورسیی هەیە، بەمجۆرە دەبێت: كورسییەكانی شیعە لە ئەنجومەنی پێشوو (37) بووە كە دەكاتە (76%)، هی لیستە سوننەكان (12) بووە كە دەكاتە (24%)، بەڵام لە حاڵەتی بەشدارینەكردنی سەدرییەكان، ئەگەر هەیە كورسیی هێزە شیعەكان دابەزن بۆ (30) كورسی‌و هی هێزە سوننەكان هەڵكشێن بۆ (19)؛ ئەمەیش هاوكێشەكە دەكات بە (61%) بەرامبەر (39%) لەم خولە نوێیە[19]. لیستە شیعەكان‌و هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سێكوچكەی دەسەڵات لەم هەڵبژاردنە، پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە فرەلیستن، جگە لە كەركوك‌و نەینەوا. دیارترین ئەو لیستە شیعانەیشی لە هەناوی چوارچێوەی حوكمڕانەوە هاتوونەتە دەرەوەو لە پرۆسەكەدا ڕكابەری دەكەن بریتین لە: – لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لە فەزیلەو هەندێك گروپی چەكدار[20]. – هاوپەیمانیی "نبنی" كە چەتری كۆكەرەوەی لیستە سیاسی‌و چەكدارەكانی بەدری هادی عامری‌و "إرادە"ی حەنان فەتلاوی‌و "الصفوە"ی عەسائیبی قەیس خەزعەلی‌و كۆمەڵێك گروپی تری چەكداری شیعەیە[21]. – لیستی "نصحح"ی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی[22]. – لیستی "قوی الدولە الوطنیە"ی هاوبەشی حیكمەی عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی[23]. هەرچەندە لە پارێزگا شیعەنشینەكاندا لیستەكانی شیعە بەتوندی ڕكابەریی یەكتر دەكەن، بەڵام لە كەركوك‌و نەینەوا، كە ڕكابەری كوردو سوننەیان پێكەوە هەیە، یەكگرتوون‌و وەكو چوارچێوەی شیعی بەشداری دەكەن. هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سەرنجی لیست‌و هێزەكانی چوارچێوەی شیعی چووەتە سەر پارێزگا سوننەنشین‌و تێكەڵەكان‌و، بەشی زۆریان چاویان لەوەیە بپەڕنەوە بۆ پارێزگا سوننەكان بە كەڵكوەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی باڵە چەكدارەكانیان. ئەمەیش پێشهاتێكە ئەگەرچی لەگەڵ یاساو دەستور ناكۆك نییەو هەمووان مافی بەشدارییان لە پارێزگا جیاوازەكان هەیە، بەڵام لەگەڵ ڕێسا باوەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق نایەتەوە، كە لەسەر سێكوچكەی پێكهاتەكانی شیعەو سوننەو كورد بنەڕەت بووە لە پاش ئەزمونەكانی هەڵبژاردنی 2005. خاڵێكی تر كە زۆر جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڵام گوتاری هەڵمەتەكە زیاتر تائیفی، مەزهەبی، نەتەوەییەو كەمترین باسی پرۆژەو بەرنامەی كاری تێدایە؛ ئەمەیش زیاتر چاودێران دەخاتە سەر باوەڕی ئەوەی هێزە شیعەكان هەڵبژاردنی پارێزگاكانیان بۆ تەواوكردنی سێكوچكەی هەژموون بێت؛ بەو واتایەی پاش ئەوەی كۆنترۆڵی پەرلەمان‌و حكومەتیان كرد (2022)، هەوڵی ئەوەیش بدەن لە كۆتایی (2023) دەست بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بگرن‌و بەمەیش بەتەواوی كۆنترۆڵی جومگەكانی دەوڵەت بكەن‌و هەوڵی دروستكردنی قۆناغێكی نوێ بدەن لە سایەی چوارچێوەی شیعە، ئەگەر نا بارودۆخ لەئێستادا لەبار نییە بۆ سازكردنی ئەو هەڵبژاردنە[24]. گۆڕانی گریمانكراوی نەخشەی هێزە سوننەكان گەورەترین پێشهاتی گۆڕەپانی سیاسیی سوننە، لادانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی "تقدم"ە لە سەرۆكی پەرلەمان؛ بە دوای ئەوەیشدا هەوڵی بلۆككردنی حزبەكەیەتی لە ڕێگەی كۆمیسیۆن‌و دەستەی دادوەریی ناو كۆمیسیۆنەكەوە. ڕكابەرەكانی حەلبوسی بەوە تۆمەتباریان كردووە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیی هاوبەش لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی ئیسرائیلی[25] كردووە. ئەم پێشهاتەیش لە شەقامی سوننەدا كتوپڕ بوو، هەروەها جموجۆڵی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە چونكە وەها باوە لایەنی زاڵی سوننە هەمیشە ئەوە دەبێت كە لە بەغدا نوێنەرایەتیی پێكهاتەكەی بەدەستە؛ مەرجەعی باڵای ئەم پێكهاتەیەیش زیاتر پۆستەكانی ناو دەوڵەتە. هەر بەم هۆیەیشەوە بوو لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا (2021) حزبەكەی حەلبوسی (تقدم) بەتەنیا (14/ 15) لە كورسییەكانی پارێزگای ئەنباری بەدەستهێنا؛ هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵكشا بۆ پارێزگا سوننەنشینەكانی دیكە تا نەینەوا؛ كۆی كورسییەكانیشی گەیشتنە (37) كورسی لەكۆی (71) كورسیی هێزەكانی سەر بە پێكهاتەی سوننە[26]. حەلبوسی بەرگرییەكی سەرسەختانە دەكات؛ لەم نێوەندەیشدا پەنای بۆ دوو میكانیزم بردووە: یەكەمیان ئاشكراكردنی مامەڵەی (286) لایەن‌و كەسایەتیی عێراقییە لەگەڵ كۆمپانیاكانی لۆبیكردن لە ئەمریكا، هەندێك لەوانەیش لەگەڵ BGR مامەڵەیان هەیە كە لەسەر ئەم كراوەتە كێشە؛ بەو پێیەی دەوترێت یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی ئیهود باراكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلەو هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تەلئەبیب دەدات[27]. دووەمیشیان، هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیە ئەمنی‌و گەندەڵییەكانی ڕكابەرەكانییەتی لە شەقامی سوننە كە بەشێكیان لەڕاستیدا حوكم‌و بڕیاری ئیدانەكردنیان لەسەرە؛ نمونەی ئەوانەیش جەمال كەربۆلی، حەیدەر مولا، سوهەیب ئەلڕاوی‌و زۆرێكی ترن. هەروەها حەلبوسی هەڕەشەی ئەوەیشی كرد ئەگەر سكاڵاو دادگە سودیان نەبێ، ئەوە پەنا بۆ دارو كوتەك دەبات[28]؛ ئەمەیش كۆمەڵێك پەرچەكداری توندو جنێوی هاوشێوەی لە هێزە سوننە ڕكابەرەكانییەوە بەرامبەر ئەو بەدوادا هات، لەوانەیش هەڕەشەی هەواڵەكردنی بۆ زیندان[29]؛ دۆخێكی وەهایشی هێناوەتە كایەوە لە گرژی‌و گۆڕینەوەی جنێوو ناو و ناتۆرە كە لە شەقامی سوننەدا دەشێت بێپێشینە بێت.  لە شەقامی سیاسیی سوننەو شوێنەكانی نیشتەجێبوونی ئەم پێكهاتەیەدا (13) هاوپەیمانێتیی جۆراوجۆر بە بەشداریی (50) حزب ڕكابەری لەسەر كورسییەكانی پارێزگا سوننەنشینەكان دەكەن؛ لەو ژمارەیەیش سیانیان هاوپەیمان یان سەر بە حەلبوسین‌و (8)ی تریان ڕكابەری دەكەن‌و هەوڵی جێگەگرتنەوەی دەدەن؛ دیارترین ئەوانەیش بە سەرۆكایەتیی موسەننا سامەڕایی‌و جەمال كەربۆلی‌و ئوسامە نوجێفین[30]. بەپێی ئەو ئاماژانەیشی تائێستا بەردەستن، پێناچێت حەلبوسی بەتەواوەتی بكرێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، بەڵام هەندێك لە چالاكیی هێزە سوننەكانی ئەنبار ئاماژەی ئەوەیان تێدایە ڕكابەرەكانی حەلبوسی ڕەنگە بتوانن قەبارەی بچوك بكەنەوە[31]. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەگەرێك هەیە بەهۆی هاوسۆزی‌و دەركەوتنییەوە وەك ستەملێكراو، چانسی زیاتر ببێت‌و ئەمەیش تا ڕۆژی هەڵبژاردن یەكلایی نابێتەوە. فاكتەرە یەكلاكەرەوەكان بەپێی هەندێك لەو پێوەرە باو و بەدواداچوونانەی لەبەردەستدان[32]، نەخشەی جەمسەرگیری‌و هۆكارەكانی ئاڕاستەكردن‌و كۆكردنەوەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنە، بریتی دەبن لە كۆمەڵێك هۆكار لەوانەیش: – جەمسەرگیریی خێڵەكییانەی ناوچە لۆكاڵییە داخراوەكان. ئەمەیش یەكێكە لە باوترین شێوازەكانی دەنگدان لە عێراقدا. لەمەیشدا سەرۆك هۆزەكان ڕۆڵیان هەیە لە ئاڕاستەكردنی دەنگدەران بە كاندیدو لیستەكان. – جەمسەرگیریی تائیفەگەری كە تێیدا دەنگدەر بە پشتبەستن بە هەڵوێستی مەزهەبیی لیست‌و كاندید دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان. لەمەیشدا ڕەوتە ئایینی‌و مەزهەبییەكان ڕۆڵێكی سەرەكییان هەیە لە هەڵمەتەكان. – لە ناوچە جێناكۆكەكان بەزۆری دەنگدەران بە هاندەری نەتەوەیی دەچنە سەر سندوقەكان، بەتایبەتی لە نەینەوا، كەركوك، دیالە، سەڵاحەددین. – جەمسەرگیریی پراگماتیكی ڕاستەوخۆ: كە بریتییە لە چوونی دەنگدەر بۆ سندوقی دەنگدان بە پشتبەستن بەو خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆیانەی پێشكەشی كراوە، وەك: قیڕتاوكردنی شەقامەكان، دابینكردنی هەلی كار، گرێبەستی مەدەنی‌و سەربازی بۆ بێكاران، جگە لە كڕینی ڕاستەوخۆی دەنگەكان لەلایەن هەندێك لیست‌و پاڵێوڕاوەوە. – دەنگدانی تۆڵەكاری: لەمەیاندا دەنگدەر دەچێت دەنگ بە دژی نوێنەرێك یان لایەنێك دەدات كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا سەركەوتوو بووە، بەڵام بەڵێنەكانی بەرامبەر دەنگدەران جێبەجێ نەكردووە. سیناریۆو ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان سەرباری ئامادەكارییە چڕەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ی كانوونی یەكەمی 2023، هەندێك پێشهات‌و ئەگەر لە ئاسۆدا هەن، كە ناكرێت نادیدە بگیرێن‌و دەشێت سیان لەوانە زەقترین بن: – پێداگری‌و هەڵپەی چوارچێوەی شیعەیش بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕەوشەكە، ڕەنگە بەبێ پەرچەكرداری سەدرییەكان تێپەڕ نەبێت كە دەوترێت ئێستا لە قۆناغی خۆسازدانەو تاكۆتایی بێدەنگ نابێت‌و هەروا بە تەماشاكەری نامێنێتەوە[33]. هەندێك كەسی نزیك لەم ڕەوتەیش باس لەوە دەكەن پرۆژەی هەیە؛ ناوەڕۆكەكەیشی خستنی هێزە شیعەكانە بە هەڵبژاردن بێت یان بژاردەی تر[34]. سەدرییەكان لێیان ڕوونە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ ئەوان، هەنگاوێكە بۆ پەراوێزخستنی زیاتریان. بەم هۆیەیشەوە گرژیی چەكدارانە لە شەقامی شیعی زۆرەو مەترسیی ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی لە چەند لایەنێكەوە هەیە[35]. – دواخستنی هەڵبژاردن تا دوا چركە هەر بە ئەگەر دەمێنێتەوە؛ لەلایەك بەهۆی گرژی‌و ناڕەزاییی سەدرییەكان، لە لایەكی تر بەهۆی بەرزكردنەوەی داوایەك دژی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆن لە پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی "امتداد"ەوە بۆ دادگەی فیدراڵی. ئەم بزوتنەوەیە باسی لەوە كردووە درێژكردنەوەكە نادەستورییە؛ لە كاتێكیشدا كراوە، سەرۆكی پەرلەمان لابراوە، بەم هۆیەیشەوە تانەی لە دانیشتنە نائاسایییەكانی خولی پێنجەم داوە، كە لە ڕۆژانی 18و 22ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩[36]. ئەگەر ئەم تانەیەیش سەر بگرێت، كۆمیسیۆن ناتوانێت ئەركی خۆی لە هەڵبژاردن جێبەجێ بكات. – لە ڕێگەی دادگەی فیدراڵییەوە هەوڵ هەیە هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دوابخرێت. لەم نێوەیشدا كاندیدێكی هاوپەیمانیی گالقیادە"ی سوننە (حەلبوسی‌و خەنجەر) لە دادگەی باڵای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كردووە، داوا دەكات كۆمیسیۆن پابەند بكرێت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك تا ئەوكاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەكرێت. دزەپێكراوە سیاسییەكانیش باس لەوە دەكەن هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن جددین. گوشارەكانیش گەیشتونەتە كۆمیسیۆن‌و حكومەت‌و تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیش پاش ئەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بە 50+1ی دەنگ بڕیاری دا داوای دواخستن ڕەتبكاتەوە[37]. ئەگەر ئەم گوشارانەیش سەر بگرن، ئەگەری ئەوە هەیە كەركوك بەبێ هەڵبژاردن بمێنێتەوە. سەرچاوەو پەراوێزەكان: [1]  https://2u.pw/jL0LSvc [2]  https://2u.pw/R9F9Q [3]  https://2u.pw/E2bYKzq [4]  https://2u.pw/n3PYRiJ [5]  https://2u.pw/d21GNIA [6]  https://2u.pw/sjXgZTI [7]  https://2u.pw/NDVmfNb [8]  https://bit.ly/3TbU3lS [9]  https://2u.pw/WiYRA1d [10]  https://2u.pw/brkfV32 [11]  https://2u.pw/IxcVLAj [12]  https://2u.pw/mAEN8HA [13]  https://2u.pw/mOvRikA [14]  https://2u.pw/d21GNIA [15]  https://2u.pw/5OLxywL [16]  https://2u.pw/FcUmto8 [17]  https://2u.pw/5OLxywL [18]  https://2u.pw/g08fOmf [19]  https://2u.pw/yiJCg6r [20]  https://2u.pw/ueZl2E4 [21]  https://2u.pw/WqEv40w [22]  https://2u.pw/mz4KsYU [23]  https://2u.pw/O5H3Zh7 [24]  https://2u.pw/zTj5fSK [25]  https://2u.pw/rCeT6ji [26]  https://2u.pw/bb6nZGw [27]  https://2u.pw/Q3eTRPs [28]  https://2u.pw/vMSpE3T [29]  https://2u.pw/vMSpE3T [30]  https://2u.pw/SQwOtts [31]  https://2u.pw/Ze2y25A [32]  https://2u.pw/JimzQ9B [33]  https://2u.pw/r1TaM8u [34]  https://2u.pw/TA5cJZK [35]  https://2u.pw/AkBFZr0 [36]  https://2u.pw/1deuLaG [37]  https://2u.pw/E3jr7b3 ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ (خانه‌ی هزریی كوردستان) وه‌رگیراوه‌


درەو: هەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە، شارەزایانی یاسای دەڵێن هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستوری نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك، لایەنی توركمانی و پێكهاتەی سونە فشار بۆ دواخستن دەكەن، كۆمسیۆن بە دەنگدان خۆی یەكلاكردەوە، حكومەت هەفتەی داهاتوو راپۆرتی خۆی دەخاتە بەردەم كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی، توركیاش لەرێگەی نزیكەكانیەوە فشاردەكات بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە كەركوك.   بەپێی خشتەی بڵاوكراوە رۆژی سێشەممەی داهاتوو (12/12/2023) دادگای فیدراڵی  عێراق سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە، سكاڵاكە لەلایەن كاندیدێكی هاوپەیمانی (القیادە)ی سونی لە كەركوك تۆماركراوە. نەجاح حەسەن ئیبراهیم، كاندیدی هاوپەیمانی (القیادە)ی سونی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركردووە، داوا دەكات كۆمسیۆن پابەند بكرێت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پارێزگای كەركوك تا ئەو كاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەكرێت. د. یوسف محەمەد پەرلەمانتاری پێشوی عێراق و شارەزای یاسای دەستوری لە نوسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: داواكاریی دواخستنی ئەنجام دانی هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی پارێزگای كەركوك نەك هەر هیچ پاساوێكی قانونی و دەستوریی نییە، بەڵكو پەسەند كردنی ئەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆز كردنی دۆخی كەركوك و رێگری كردن لە هێنانەكایەی دەسەڵاتێكی سەقامگیری هەڵبژێردراو كە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچەكە لەخۆ بگرێت. د. یوسف محەمەد ئەوە روون دەكاتەوە" لە ماوەی رابردودا دو داوا بە ژمارەكانی ٢٥٦، ٢٦٤/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار كراون و لە لایەن دادگاكەوە یەكخران. ناوەڕۆكی هەر دو داواكە بریتییە لە پابەند كردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا كۆتایی هاتنی پڕۆسەی وردبینییی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك بەپێی مادەی (١٣) لە قانونی هەمواری سێیەمی قانونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٢. واتە ناوەڕۆكی داواكان بریتین لە دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك تا جێبەجێ كردنی تەواوی بەندی یەكەم لە مادەی (١٣) لە قانونی ناوبراو. هەوڵەكان بۆ دواخستن هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك تەنیا لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە نیە، بەڵكو لە هەموو روویەكەوە هەوڵەكان بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دەستیپێكردووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند: هەوڵەكان جدین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك فشارەكان گەیشتوونەتە كۆمسیۆن و حكومەت و تەنانەت چوارچێوەی هەمانگیش. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پەیوەندی بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی كۆمسیاران كۆبوونەتەوە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەوان لەكۆی ئەندامانی ئامادەبوو چوار بە چوار بوون، واتا چوار كەسیان دەنگیانداوە بۆ دواخستن و چوار كەسیان دەنگیان داوە بۆ ئەندامانی هەڵبژاردن بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆن لەگەڵ ئەوە بووە هەڵبژاردن بكرێت بۆیە دەنگی ئەو یەكلا كەرەوە بووە بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە كەركوك بكرێت. سەبارەت بە فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستە ڕوو كە هەریەك لەلایەنی سونی و پێكهاتەی توركمان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن دوابخرێت و ترسیان هەیە كە لایەنە كوردییەكان كورسی زۆری ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك ببەن، لەگەڵ ئەوەشدا توركیا فشاری زۆر دەكات و هاتووەتە سەر هێل بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك، بەڵام تا ئێستا چوار چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاكان بەرێوە بچێت بەڵام نازانرێت، دواتر هەڵوێستیان دەگۆڕن یان نا. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكاتی خۆیدا دەكرێت ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی دەكەن، ئەو داوایەی پێشكەشی دادگای فیدراڵی كراوە هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوری نیە بۆ ئەوەی لە كەركوك هەڵبژاردن نەكرێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد ئەگەر بیانەوێت هەڵبژاردن لە كەركوك دوابخرێت دەیان رێگاو بیانوو هەیە بۆ دواخستن، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راپۆرتی خۆی پێشكەشی كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك، بەڵام تا ئێستا نازانرێت حكومەت دەیەوێت چی بڵێت لە راپۆرتەكەیدا بە ئاراستەی ئەنجامدان یان دواخستن. بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە كە ماوەی (19) ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكراوە.


راپۆرتی: درەو 🔹 هەرێمی کوردستان خاوەن (15) وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە کە بە وزەی (گاز (غاز)، دیزڵ، نەوتی ڕەش و ئاو) کاردەکەن و پێکەوە لە توانایاندایە (6 هەزار و 939) مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن. 🔹 بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای هەرێم لە مانگی (12)ی ساڵی (2023)، سەرجەم وێستگەکان (2 هەزار و 715) مێگاوات کارەبایان بەرهەمهێناوە بە توانای (39%)ی خۆیان. 🔹 بڕی (هەزار و 830) مێگاواتی بەرهەمهاتوو بە ڕێژەی (67.4%)ی دابەشی سەر شارەکانی هەرێم کراوە بەجۆرێک؛ (هەولێر (782) مێگاوات، سلێمانی (612) مێگاوات، دهۆک (354) مێگاوات و گەرمیان (84) مێگاوات). 🔹 بڕی (74) مێگاواتی بە ڕێژەی (2.73%)ی دابەشی سەر کارگە پیشەسازییەکانی چیمەنتۆی (تاسلوجە، ماس، کەرەستە، گاسن، دەلتا و قەرەچوخ) و پاڵاوگەی نەوتی بازیان و کارگەی ئاسنی (بازیان، ئەزمیر، تۆتاڵ سوپەر، ڤان و مێد) کراوە؛ 🔹 ئەو بڕە کارەبایەشی دەمێنێتەوە کە (811) مێگاواتە بە ڕێژەی (29.87%) کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو، خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای عێراقەوەو هەناردەی شارەکانی کەرکوک و موسڵ کراوە. یەکەم؛ تواناو ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان خاوەن (15) وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە کە بە وزەی (گاز (غاز)، دیزڵ، نەوتی ڕەش و ئاو) کاردەکەن و پێکەوە لە توانایاندایە (6 هەزار و 939) مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن، بەجۆرێک؛ هەریەک لە وێستگەکانی (دهۆک بە توانای (هەزار) مێگاوات، هەولێر (هەزار و 500) مێگاوات، چەمچەماڵ (هەزار و 500) مێگاوات، خورمەڵە (هەزار مێگاوات)، بازیان (500) مێگاوات و گەرمیان (165) مێگاوات) کارەبا لە ڕێگەی غازەوە بەرهەمبهێنن. وێستگەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) هەریەکەیان لە توانایاندایە (29) مێگاوات لە ڕێگەی دیزڵەوە بەرهەمبهێنن. هاوکات وێستگەکانی (تاسلوجە (51) مێگاوات، باعەدرێ (150) مێگاوات و خەبات (300) مێگاوت) لە ڕێگەی وزەی نەوتی ڕەشەوە کارەبا بەرهەمبهێنن. هەریەک لە وێستگەکانی (دوکان (400) مێگاوات، دەربەندیخان (249) مێگاوات و دێرەلوک (37) مێگاوات) لە ڕێگەی ئاوەوە بەرهەمبهێنن. بەڵام بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای هەرێم لە مانگی (12)ی ساڵی (2023)، سەرجەم ئەو وێستگانە (2 هەزار و 715) مێگاوات کارەبایان بەرهەمهێناوە بە توانای (39%)ی خۆیان، بەرهەمەکانیشیان بەم شێوەیە بووە؛ -    وێستگەی غازی دهۆک (81) مێگاوات بە توانای (8%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    وێستگەی غازی هەولێر (581) مێگاوات بە توانای (39%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    وێستگەی غازی چەمچەماڵ (494) مێگاوات بە توانای (33%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    وێستگەی غازی خورمەڵە (740) مێگاوات بە توانای (74%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    وێستگەی غازی بازیان (475) مێگاوات بە توانای (95%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    وێستگەی غازی گەرمیان (80) مێگاوات بە توانای (48%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. هەریەک لە وێستگانەشی بە (دیزڵ) کاردەکەن؛ -    هەولێر (13) مێگاوات بە توانای (45%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    سلێمانی (20) مێگاوات بە توانای (69%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    دهۆک (0) مێگاوات بە توانای (0%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. لەو وێستگانەشی بە نەوتی ڕەش کاردەکەن، بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەبووە؛ -    تاسلوجە (0) مێگاوات بە توانای (0%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    باعەدرێ (125) مێگاوات بە توانای (83%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    خەبات (-2) مێگاوات بە توانای (-1%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. هەریەک لەو وێستگانەشی بە ئاو کاردەکەن، تێیاندا بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەبووە؛ -    دوکان (35) مێگاوات بە توانای (9%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    دەربەندیخان (65) مێگاوات بە توانای (26%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. -    دێرەلوک (8) مێگاوات بە توانای (22%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (1)   یەکەم؛ دابەشکردنی بەرهەمی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای هەرێم لە مانگی (12)ی ساڵی (2023)، لە سەرجەم وێستگاکەکانی کارەبای هەرێم (2 هەزار و 715) مێگاوات کارەبایان بەرهەمهێناوە؛ بەم شێوەیە دابەشکراوەتەوە بەسەر پارێزگاکانی هەرێم و کەرتی پشەسازی و هەناردەکردنی بۆ شارەکانی (کەرکوک و موسڵ) بەم شێوەیەی لای خوارە؛ بڕی (هەزار و 904) مێگاواتی بەڕێژەی (70.13%) خراوەتە نێو تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ؛ 1.    بڕی (هەزار و 830) مێگاواتی بە ڕێژەی (67.4%)ی دابەشی سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان کراوە بەجۆرێک؛ -    هەولێر (782) مێگاوات -    سلێمانی و چەمچەماڵ (612) مێگاوات -    دهۆک (352) مێگاوات -    گەرمیان (84) مێگاوات 2.    بڕی (74) مێگاواتی بە ڕێژەی (2.73%)ی دابەشی سەر کارگە پیشەسازییەکانی ئاسن و چیمەنتۆ کراوە بەجۆرێک؛ -    کارگەی چێمەنتۆی تاسلوجە بڕی (11) مێگاوات -    کارگەی چێمەنتۆی ماس بڕی (40) مێگاوات -    کارگەی چێمەنتۆی کەرەستە بڕی (3) مێگاوات -    کارگەی چێمەنتۆی گاسن بڕی (1) مێگاوات -    کارگەی چێمەنتۆی دەلتا بڕی (3) مێگاوات -    کارگەی چێمەنتۆی قەرەچوخ بڕی (13) مێگاوات -    پاڵاوگەی نەوتی بازیان بڕی (0.16) مێگاوات -    کارگەی ئاسنی ئەزمیر بڕی (9) مێگاوات -    کارگەی ئاسنی تۆتاڵ سوپەر بڕی (0.91) مێگاوات -    کارگەی ئاسنی ماس بڕی (0) مێگاوات -    کارگەی ئاسنی هێند بڕی (0) مێگاوات -    کارگەی ئاسنی ڤان بڕی (2) مێگاوات -    کارگەی ئاسنی مێد بڕی (1) مێگاوات ئەو بڕە کارەبایەشی دەمێنێتەوە کە (811) مێگاواتە بە ڕێژەی (29.87%) کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو، خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای عێراقەوەو هەناردەی شارەکانی کەرکوک و موسڵ کراوە، بەشێوەیەک؛ -    بڕی (454) مێگاوات هەناردەی موسڵ کراوە. -    بڕی (357) مێگاوات هەرناردەی کەرکوک کراوە. بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (2)   چارتی ژمارە (1)


درەو: راپۆرتی پەیمانگای واشنتۆن, كە لەلایەن  (Selin Uysal) بە ناونیشانی (تێگەیشتن لە بڕیاڕەكانی دادگا باڵای بە سیاسیكراو لە عێراق) نوسراوە: 🔹لە لابردنی سەرۆكی پەرلەمانی پەرلەمانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان, دادگا چەندین جار رۆڵی خۆی تێپەڕاندوە, بە شێوەیەك كە پێویست بە فشاری زیاتر نێودەوڵەتی دەكات. 🔹لە (14)ی تشرینی دووەم, دادگای باڵای فیدڕاڵی هەرای نایەوە, كاتێك فەرمانیدا لەبارەی سكاڵایەك دژی محەمەد حەلبوسی, سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامێتی لە ئەنجومەنی یاسادان هەڵوەشاندەوە. 🔹بەهۆی نەبوونی هیچ میكانیزمێكی پێداچوونەوە, پێویستە لەسەر حەلبوسی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ببێت, كە ساڵی (2018)وە سەرۆكایەتی دەكات. 🔹رەوایەتی (شەرعیەتی) دادگای باڵای فیدڕاڵی جێگەی مشتومڕە, تەنانەت دەستوری بوونیشی جێگەی گفتوگۆی یاسایی بەردەوامە. 🔹مادەی (92) لە دەستوری ساڵی (2005) فەرمانیكردووە, ئەنجومەنی نوێنەران لەڕێی یاسایەكەوە دۆخی دادگاكە دیاریبكات, بەڵام تائێستا ئەمە نەكراوە. 🔹دادگاكە روبەڕوی رەخنەی رێكخراو بووەتەوە, بەوپێیەی هێمایەكە بۆ تائیفیەت, بەشێكی هۆكاری ئەمە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە چالاكەكان دەگەڕێتەوە, كە پرۆسەی دامەزراندنی دادوەرەكانیان كردووە بەجەنگێكی گەرم بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی تائیفی. 🔹دادگای فیدڕاڵی لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر بووەتە جێی مشتومڕ لەژێر سەرپەرشتی دادوەر فائق زێدان دا. 🔹زێدان لەساڵی (2017)دا بووە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری, كە دەستەیەكە سەرپەرشتی زۆرینەی دەسەڵاتی دادوەری دەكات و دەسەڵاتێكی دیاریكراوی پێدەبەخشێت بەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی, كە سەربەخۆیە لەڕووی تیۆرییەوە. 🔹زێدان لە ساڵی (2021)دا گەیشت بە ئاسۆی نوێ‌, كاتێك تاكە ركابەرەكەی كە لە پۆستی دادوەری باڵادا مابووەوە, كە ئەویش مەدحەت مەحمود سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو , ناچاری كرد بە خانەنشینی زۆرەملێ‌ بەگوێرەی هەمواری یاسای ژمارە(30), كە سنورێكی نوێی بۆ تەمەنی دادوەرانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دیاریكرد. 🔹هەموارەكە بووە هۆی پەراوێزخستنی مەدحەت مەحمودو بنەمای هاوسەنگی تائیفی داڕشت لە پێكهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی, كە بووە هۆی زیادكردنی دادوەرانی شیعە لە پارێزگاكانی باشور. 🔹زیدان دەسەڵاتە نوێكانی قۆستەوە بۆ جێبەجێكردنی گۆڕانكاری دادوەری سەرەكی و ئاسانكردنی ئەو یاسایانەی كە دەبنە بەهێزكردنی دەسەڵات و هەژموونی. 🔹ئەنجومەنی باڵای دادوەری, لیژنەی كارگێڕی پیشەیی دامەزراندو دەسەڵاتی فراوانی درایە بۆ بەرزكردنەوەو درێژكردنەوەی ویلایەت و گواستنەوەو رەوانەكردنی دادوەران و داواكارانی گشتی بۆ خانەنشینی, كە ئەوەش بەشێوەیەكی بنەڕەتی دەسەڵاتی دا بە زێدان بۆ دامەزراندن و لەكارخستنی سەرجەم دادوەرەكان لەوڵات. 🔹دەسەڵاتەكانی بەكارهێنا بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر پرۆسەی دیاریكردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی, بە دامەزراندنی سەرۆكی نوێی دادگاكەشەوە,  دادوەر جاسم محەمەد عەبود, كە بەوە ناسراوە وەلائی بۆ زێدانە. 🔹كاتێك داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت كرا لەساڵی (2021), حكومەت سەرقاڵی ئامادەكاری بوو بۆ چاكسازیكردن لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن, زێدان بەپەلە ئەم پرۆسەیەی قۆستەوەو هەوڵیدا ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە دادوەران بێت, بۆ ئەوەی خۆی و فەرمانگەكەی بتوانن كاریگەری لەسەر بڕیاڕە گرنگەكانی هەڵبژاردن بدەن. 🔹لە هەفتەكانی دوای دەنگدان لە مانگی تشرینی یەكەم, زێدان دادگای فیدڕاڵی ئاڕاستەكرد پشتیوانی كوتلەی هاوپەیمانی ئێران بكات. 🔹دادگای فیدڕاڵی زنجیرەیەك بڕیاڕی دەركرد لەبەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی, كە كوتلەیەكی شیعی هاوپەیمانی ئێران و نەیاری سەدرە. 🔹بڕیاڕە زۆر گرنگەكە, پەیوەستە بە هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە, كە ئەوەش هەنگاوی یەكەمی پێكهێنانی حكومەتە, دادگا ماوەیەكی درێژە پەیڕەوی مەرجی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەكان دەكرد, دواتر هەڵیگێڕایەوە بۆ مەرجی نیسابی دوو لەسەر سێ‌, بەگوێرەی ئەم شرۆڤە بێوێنەیە, پێویستە دوو لەسەرسێی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكەبن, ئەم بڕیاڕەش وایكرد كوتلەی هاوپەیمانی ئێران وەك كەمینەیەكی رێگر كاربكەن لەڕێی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان, ئەوەش رێگەی خۆشكرد بۆ دەستلەكاركێشانەوەی گروپەكەی سەدرو گەیشتنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە دەسەڵات. 🔹لەهەندێك مەسەلەی بە سیاسیكراوی تردا فەرمانی جێی مشتومڕ دەركراوە,  لایەنداری تایبەتی ئێرانی پێوەدیارە, وێڕای چەندین حاڵەتی تر كە دادگا لەژێر سەرپەرشتی فائق زێدان فەرمانی دەركردووە لە بەرژەوەندی ئێران و گروپەكانی هاوپەیمانی. 🔹روبەڕوبونەوەی هەژموونی ئێران لە ناو خودی دەسەڵاتی دادوەری  پێویستی بەوەیە خۆرئاوا یارییەكی درێژ مەودا بكات, لەڕێی پێشخستنی هاوكاری ئەكادیمی و راهێنانی نەوەی داهاتوو لە دادوەران, رەنگە ئەم جۆرە نزیكبونەوەیەش لەگەڵ خواستەكانی زێدان دا یەكبگرێتەوە, كە چاوی لە دانپێدانانێكی نێودەوڵەتیە, وەك ئەوەی لەگەشتەكانی بۆ لەندەن و پاریس و داواكارییەكەی ئەم دواییەی بۆ سەردانیكردنی واشنتۆن دەردەكەوێت.


راپۆرت: درەو كەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یاسا پابەندی نەكردووە ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، بەڵام هەمان ئەو مەرجەی بەسەر كاندیدی پۆستی پارێزگاردا سەپاندووە كە بۆ كاندیدی ئەندامی ئەنجومەن دیاریكردووە، پارێزگارەكان چۆن هەڵدەبژێردرێن؟ چۆن لە پۆستەكانیان لادەبرێن ؟ ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا. دوای 10 ساڵ یەكەم هەڵبژاردن تەنیا 13 رۆژ ماوە بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت (پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە)، ئەم هەڵبژاردنە بڕیاربوو لە ساڵی 2018دا هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەكراو دواخرا.  دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەر لە 10 ساڵ بەڕێوەچووە كە هەڵبژاردنەكەی نیسانی 2013 بوو، ساڵی 2019 یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی عێراق هەڵوەشاندەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو، خۆپیشاندەران ئەنجومەنەكانیان بە گەندەڵ ناودەبرد، ئەوكات وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستنی شەقام‌و كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر خۆی، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندنەوەو كاری چاودێكردنی پارێزگارەكانی دایە دەست پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی پارێزگاكانیاندا. ئەنجومەنی پارێزگاكان چین ؟ بەپێی ئەوەی لە یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا پێناسە كراوە، ئەنجومەنی پارێزگاكان (دەسەڵاتی یاسادانان‌و چاودێریكردنن لە پارێزگاكاندا، مافی ئەوەیان هەیە یاسای خۆجێی دەربكەن بەجۆرێك بتوانن لەسەر بنەمای لامەركەزی ئیداری كاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام بەو مەرجەی ئەو یاسایانەی دەریدەكەن پێچەوانە نەبێت لەگەڵ دەستورو یاسا فیدراڵییەكان كە لەچوارچێوەی تایبەتمەندی تاقانەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكاندایە). سەرباری ئەمە، ئەنجومەنی پارێزگاكان بەگوێرەی یاسا، خاوەنی كەسایەتی مەعنەوی‌و سەربەخۆیی دارایی خۆیانن، سەرۆك یان هەر كەسێك كە سەرۆكی ئەنجومەن سەرپشكی بكات، نوێنەرایەتی ئەنجومەنەكان دەكەن.  ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرباری ئەوەی خۆیان ئەركی چاودێریكردنیان پێسپێردراوە، بەڵام بەپێی یاسا هاوكات خۆشیان دەكەونە ژێر چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمانی عێراق)ەوە.  یاسا ئەم كارانەی خستوەتە ئەستۆی ئەنجومەنی پارێزگاكان:  •    دەركردنی یاسا‌و رێنماییە خۆجێییەكان بۆ رێكخستنی كاروباری كارگێڕی‌و دارایی. •    دیاریكردنی سیاسەتی گشتی پارێزگاو ئەولەویەتەكانی لە سەرجەم بوارەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەحاڵەتی دروستبوونی ناكۆكیدا، ئەولەویەت بۆ بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاكانە.  •     ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی تایبەت بە ئەنجومەن بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بودجەی گشتی پارێزگاكەوە.  •    راگەیاندنی پرۆژەی بودجەی گشتی پارێزگا لە دەزگاكانی راگەیاندن‌و بەستنی كۆڕو كۆنگرە لەسەری، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی پارێزگاكەو رێكخراوە مەدەنییەكان راوبۆچونی خۆیان لەبارەیەوە دەرببڕن.  •    دووجار خوێندنەوە بۆ پرۆژەی بودجە بكات لەدوو دانیشتنی جیاوازدا، واتا خوێندنەوەی یەكەم‌و خوێندنەوەی دووەم، پەسەندی بكات، بەزۆرینەی رەهای دەنگی ئەنجامەكانی گواستنەوە لە بابەتەكانی بودجەكەدا بكات، پێوەرە دەستورییەكان لەبەرچاو بگرێت لە دابەشكردنی بودجەكەدا لەنێوان ناوەندی پارێزگاو قەزاو ناحییەكاندا، بەرزی بكاتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ئەوەی لەگەڵ بودجەی گشتی فیدراڵدا یەكیبخات.  •    چاودێری سەرجەم چالاكی فەرمانگەكانی دەوڵەت بكات لە پارێزگاكەدا بۆ زامنكردنی باشی ئەدای كاركردنیان. •    نواندنی رەزامەنجی لەسەر كاندیدی پۆستە باڵاكانی پارێزگا، بە دەنگی زۆرینەی رەها‌و هەڵبژاردنی كاندیدێك لە كۆی (3) كاندید كە پارێزگار دیاریان دەكات‌و وەزیری تایبەتمەند بۆی هەیە كاندیدەكە رەتبكاتەوەئەگەر پێوەرەكانی تێدا نەبوو...   •    بەخشینی ئەوانەی لە پۆستە باڵاكانی پارێزگادان بە زۆرینەی رەهای دەنگ، لەسەر بنەمای داواكاری یەك لەسەر پێنجی ئەندامانی ئەنجومەن یان پێشنیاری پارێزگار، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەم دەسەڵاتەی پێدراوە لەرێگەی پێشنیاری وەزیرێكی تایبەتمەند.  •     پەسەندكردنی پلانی ئەمنیی پارێزگا كە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانی پارَزگاكەوە لەرێگەی پارێزگارەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەكان پێشكەش دەكرێت.  •    پەسەندكردنی گۆڕانكارییە ئیدارییەكان لە قەزاو ناحییە‌و گوندەكان‌و بە تێكەڵكردن یان دروستكردن یان گۆڕینی ناو و ناوەندەكانیان، ئەمەش بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەنجومەن.  •    دیاریكردنی خاوەندارێتی ئەو زەوییانەی كە بۆ وەزارەت‌و ئەو لایەنانەی كە بە وەزارەتەوە بەستراونەتەوەن بۆ مەبەستی دروستكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەسەریان... •    پەسەندكردنی بڕیاری راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن، لەسەر بنەمای داواكاری پارێزگارو بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی تایبەتمەند، لەو حاڵەتانەی كە پێویست دەكات ئەم بڕیارە بدرێت.  •    لەگەڵ ژمارەیەك دەسەڵات‌و ئەركی تردا... سەرۆكی ئەنجومەن چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟ یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، لە ماددەی  (7)دا، رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە:  •    لە رێكەوتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە، پارێزگار لەماوەی 15 رۆژدا بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر پارێزگار بانگەوازی نەكرد بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێ، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە رۆژی شانزەیەمدا ئەنجومەنی پارێزگا خۆی كۆدەبێتەوە.  •    یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە بەڕێوەدەچێت، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت، مەبەست لە زۆرینەی رەها دەنگی (50+1)ی تێكڕای ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە.  سەرۆكی ئەنجومەن چۆن لادەبرێن ؟  بەپێی هەمان یاسا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان یان جێگرەكانیان، لەسەر داوای (یەك لەسەر سێ)ی ئەندامانی ئەنجومەن‌و بەدەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنەكان لە پۆستەكانیان لادەدرێن، لەسەر بنەمای یەكێك لەم هۆكارانە:  •    گەندەڵی یان ئیستیغلالكردنی پۆست.  •    هۆكاربوون بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی. •    لەدەستدانی یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتیی.  •    كەمتەرخەمی بەئەنقەستت لە ئەنجامدانی ئەرك‌و بەرپرسیارێتیی.    پارێزگار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟ بەپێی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، پارێزگارو دوو جێگرەكەی بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، ئەمە لە ماوەیەكدا كە (30) رۆژ تێپەڕ نەبووبێت بەسەر رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا.  ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی پارێزگار دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەست نەهێنا، لەهەمان دانیشتنی ئەنجومەندا دەنگدانێكی تر رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار.  ئەوەی لە یاسای (پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم) تێبینی دەكرێت ئەوەیە مەرجی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار یان جێگرانی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، یاساكە لەم بوارەدا ناڕوونی تێدایە، هەندێك لەو شارەزا یاساییانەی كە (درەو) لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ كردوون، پێشبینی دەكەن دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەكان، ئەم یاسایە روبەڕووی شەپۆلێك تانەی یاسایی ببێتەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی.  پارێزگار چۆن لادەدرێت؟ پارێزگارو جێگرانی پارێزگار چۆن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێن، بەهەمان رێژەی دەنگیش لەكاردەخرێن. یاسای پارێزگا نارێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، ژمارەیەك رێوشوێنی بۆ لادانی پارێزگارو جێگرەكانی دیاریكردووە، كە ئەمانەن:  حاڵەتی یەكەم: ئەگەر لەسەر داوای (یەك لەسەر سێ)ی ئەندامانی ئەنجومەن، پارێزگار یان یەكێك لە جێگرەكانی بانگهێشتی ئەنجومەن كراو وەڵامەكانی بۆ (زۆرینەی سادە)ی ئەنجومەن باوەڕپێكراو نەبوو، كەسی بانگهێشتكراو (پارێزگار بێت یان جێگرەكانی) لە دانیشتنی دووەمدا دەخرێتە دەنگدان بۆ لەكارلادانی، ئەگەر زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەن رەزامەندی بدەن، ئەوكاتە كەسی بانگهێشتكراو بە لەكارلادراو ئەژمار دەكرێت. (مەبەست لە زۆرینەی سادە 50+1ی ئامادەبوانە لەكۆبونەوەی ئەنجومەن دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە).     بەڵام داواكردن یان پێشنیازكردن بۆ لەكارلادانی پارێزگارو جێگرەكانی، دەبێت پشتئەستور بێت بە  یەكێك لەم هۆكارانە:  •    گەندەڵی یان ئیستیغلالكردنی پۆست.  •    هۆكاربوون بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی. •    لەدەستدانی یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتیی (ئەمە یەكێكە لە بابەتە ناڕوونەكانی یاساكە، چونكە ئەم یاسایە نەیكردووە بە مەرج پارێزگار ئەندامی ئەنجومەن بێت، بەڵام بۆ لەكارلادانی لە پۆستەكەی هەمان ئەو مەرجانەی بەسەردا سەپاندووە كە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەندا سەپێندراوە).  •    كەمتەرخەمی بەئەنقەست لە ئەنجامدانی ئەرك‌و بەرپرسیارێتیی.  جگە لە ئەنجومەنی پارێزگاكان، رێگەیەكی یاسایی تریش هەیە بۆ لادانی پارێزگارەكان لە پۆستەكانیان، كورتەی ئەم رێگایەش ئەوەیە پەرلەمانی عێراق لەسەر پێشنیازی سەرۆك وەزیران، بە (زۆرینەی رەها)ی دەنگ پارێزگارێك لەكارلابدات، بەڵام لەسەر هەمان ئەو بنەمایانەی كە لەسەرەوە باسكراون.  یاساكە دەڵێ: پارێزگار بە لەكارلادراو دادەنرێت ئەگەر یەكێك لە مەرجەكانی كاندیدبوونی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان لەدەستدا، واتا لێرەشدا یاساكە پارێزگار دەبەستێتەوە بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاوە.  ئەو مەرجانە ئەمانەن، كە ئەگەر یەكێكیان بەدی نەیەت، پارێزگار پۆستەكەی لەدەستدەدات: •    عێراقی بێت‌و 30 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت لەكاتی خۆ كاندیدكردنیدا.  •    لە نزمترین ئاستدا بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتای ئەم بڕوانامەی هەبێت.  •    ناوبانگ‌و هەڵسوكەوتی باش بێت، بەتاوان گەورە یان بچوك حوكم نەدرابێت.  •     بەپێی تۆماری باری شارستانی خەڵكی پارێزگاكە بێت یان بەشێوەیەكی بەردەوام لەو پارێزگا ژیابێت، بۆ ماوەیەك كە لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت، بەمەرجێك نیشتەجێبوونی لەو پارێزگایە بۆ مەبەستی گۆڕانكاری دیمۆگرافی نەبێت.  •     ئەندامی هێزە چەكدارەكان یان دامەزراوە ئەمنییەكان نەبێت لەكاتی خۆكاندیدكردنیدا.  •    حوكم‌و رێوشوێنەكانی ریشەكێشكردنی بەعس نەیگرێتەوە هەر یاسایەكی تر كە شوێنی ئەو یاسایە بگرێتەوە.  •    نابێت بەپێی بڕیاری دادگا بەشێوەیەكی نایاسایی‌و لەسەر حسابی نیشتمان‌و ماڵی گشتی دەوڵەمەند بووبێت.  ئەگەر پارێزگار لادرا ؟ ئەگەر بە هەر یەكێك لەو رێگایانەی سەرەوە لە پۆستەكەی لادرا، پارێزگا دەتوانێت لەماوەی 15 رۆژدا لە ئاگاداركردنەوەی بەلابردنی لە پۆستەكە، لە دادگای كارگێڕی تانە لە بڕیاری لادانەكەی بدات، دادگاش لەماوەی 30 رۆژدا لە رێكەوتی وەرگرتنە تانەكەوە، بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە، لەم ماوەیەدا پارێزگارە لادراوەكە لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە، بەڵام وەكو كاربەڕێكەر.  دوای تەواوبوونی ماوەی تانە یاساییەكە كە لە سەرەوە هاتووە، ئەگەر سكاڵای پارێزگارە لەكارلادراوەكە لەلایەن دادگاوە رەتكرایەوە، ئەوكات ئەنجومەنی پارێزگا لەماوەی 15 رۆژدا هەڵدەسێت بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ. كورد لەم هەڵبژاردنەدا بۆ ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان بە ژمارەیەك لیست‌و هاوپەیمانێتی جیاوازەوە بەشداری دەكەن، بەگشتی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان كێبركێ لەسەر بردنەوەی (71) كورسی دەكەن كە بەمشێوەیە دابەشبووە: •    كەركوك: 15 كورسی ژمارەی دەنگدەر (870 هەزارو 620) •    نەینەوا: 26 كورسی ژمارەی دەنگدەر (ملیۆنێك و 795 هەزارو 292) •    سەڵاحەدین : 15 كورسی ژمارەی دەنگدەر (770 هەزارو 956) •    دیالە: 15 كورسی ژمارەی دەنگدەر (950 هەزارو 114) كەركوك چەقی ململانێی لایەنە كوردییەكان لەناو خۆیاندا‌و لەلایەكی تر چەقی ململانێی كوردە لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان.  لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، كە سوپای عێراق گەڕایەوە بۆ كەركوك، كورد بەدیاریكراویش یەكێتیی نیشتمانی پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، لەوكاتەوە پارێزگاكە لەلایەن كەسێكی سەربە پێكهاتەی عەرەب (راكان جبوری) بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێت. بەپێی ئەو پێوەرانەی كە یاسا دیاریكردووە، هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك پێویستی بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی ئەنجومەن هەیە، كەركوك 15 كورسی ئەنجومەنی بۆ تەرخانكراوە، زۆرینەی رەهای لەم ئەنجومەنەدا بریتییە لە دەنگی (8) ئەندام، واتا هەر لایەنێك بیەوێت پۆستی پارێزگار وەرگرێت، دەبێت دەنگی (8) ئەندامی ئەنجومەنی مسۆگەر كردبێت، خۆ ئەگەر زیاتر لە كاندیدێك هەبێت‌و هیچ یەكێكیان لە گەڕی یەكەمدا نەتوانن زۆرینەی رەهای دەنگ بەدەستبهێنن، ئەوا لە گەڕی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت، پۆستی پارێزگار وەردەگرێت، ئەنجامی هەڵبژاردن دۆخی دابەشبوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و چانسی هەر لایەنێك بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دەردەخات.   


د. بەهرۆز جەعفەر* * ڕووسیاو عێراق خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتن و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە پەروەردەکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی وزە.   * هاوکاری نێوان ڕووسیا و عێراق لە کەرتی وزەدا، بە بەشدارییەکی بەرچاوی کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ڕووسیا؛ ڕۆس نەفت، لوکۆیل، باشنەفت و گازپرۆم  لە پیشەسازی نەوتی گەشەسەندووی عێراقدا دەردەکەوێت؛ لە ساڵی (٢٠٢٣) دا هەژموونی ئابوریی ڕووسیا لە عێراق گەیشتوە بە (١٩) ملیار دۆلار.   * ڕووسیا شانبەشانی هاوپەیمانی سەرەکی جیۆپۆلەتیکی خۆی کە چینە، لە عێراقدا شانیان داوەتە بەر بازرگانی و وەبەرهێنان، دەیانەوێ هەمووی کۆنترۆڵ بکەن و لە عێراقەوە بانگی کۆتایی هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەن!   *  ئەم جۆرە لە هەژموونی ڕووسیا بە سێ قۆناخ دەستی پێکرد، لە هەرێمی کوردستان (باکوری عێراق) ەوە لەساڵی (٢٠١٧) ەدا دەرکەوت و، لە کۆتایی (٢٠٢٣)شدا کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵی ڕووسی زۆربەی ناوچە دەوڵەمەندەکانی باشووری  کۆنترۆڵ کردوە.   پێشەکی     مۆسکۆ لەگەڵ هاوپەیمانە جیۆپۆڵەتیکییەکەی خۆی کە "پەکین"ە، بەرەو کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزەو وەبەرهێنانیان لە عێراق هەنگاویان ناوە. وا دیارە دەیانەوێ ڕۆژئاوا لە ڕێککەوتنەکانی وزە لە عێراق دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی بەغدا لە میحوەرە نوێیەکەی ئێران و سعودیە نزیکتر بمێنێتەوە. بۆ ساڵی (٢٠٢٣) ئاستی وەبەرهێنانی ڕووسیا لە عێراقدا گەیشتۆتە (١٩) ملیار دۆلار. زیاتر لەوەش، لە مانگی ئازاری (٢٠٢٣) دا کۆمپانیای نەوتی زیقار (DQOC) کە سەر بە دەوڵەتی عێراقە بە فەرمی پەرەپێدانی یەدەگەکانی (بلۆکی ١٠) ی پەسەند کرد؛ لەنێویاندا بۆ تەواوی کێڵگەی ئێریدو، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتە  لە دوای (٢٠٠٣) ەوە لە عێراق دۆزراوەتەوە. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کێڵگەی نەوتی ئێریدوی عێراق لە نێوان (٧-١٠ ) ملیار بەرمیل یەدەگی هەیە، ڕووسیا لەم کێڵگەیەشدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵەوە دەستی بەکارکردن کرد. بڕیاری ئینپێکس- Inpex  ی یابانی بۆ فرۆشتنی پشکەکانی لەسەدا ٤٠ لە ناوچەی بلۆکی ١٠ کە دۆزینەوەی گەورەی ئێریدۆی تێدایە، ڕێگە ڕوون دەکاتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵ کۆنترۆڵی تەواوی تەواوی ناوچە دەوڵەمەندە نەوتییەکان بکات. ئەمە جگەلەوەی لە (٢٠٢٣) دا کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قوڕنەی لە بەسرە بە جێهێشت و لۆک ئۆیەڵ (Lukoil) پشکەکانی کڕییەوە. هەماهەنگی سەربازی و وزەی نێوان ڕووسیا و عێراق، هاوکاری بەردەوامی ئەوان نیشان دەدات. کۆمپانیایەکی وەک لۆک ئۆیەل تا ١١ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە باشووری عێراق و بە تایبەتی لە ناوچەی بەسرە کردووە. پاڵنەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە؛ کەرتی دەریاییە کە دەرفەت بۆ هاوکارییەکانی ڕووسیا و عێراق دەخاتە ڕوو. لەگەڵ پێگەی ستراتیژی عێراق بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییە دەریاییەکان و شارەزایی ڕووسیا لە پەرەپێدانی بەندەر و لۆجستیکی دەریایی، هاوتەریبییەکی سروشتی لە بەرژەوەندییەکاندا هەیە. هەوڵە هاوبەشەکان لە پەرەپێدانی ژێرخانی بەندەرەکانی عێراق و پەرەپێدانی هاوکاری دەریایی دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە بەرزکردنەوەی کارایی و توانای ڕێگاکانی بازرگانی دەریایی عێراق، بەمەش بازرگانی و وەبەرهێنانی زیاتر ڕابکێشێت. ئایا ڕووسیا گەشتەکەی لە عێراق چۆن و بە چ میکانیزمێک دەست پێکرد؟ هۆکارەکانی گۆڕانی ستراتیجیی ناوچەیی لە لای زلهێزێکی وەک ڕووسیا بۆچی دەگەڕێتەوە ؟ ئایا پرۆژە ستراتیجییەکانی تری ڕووسیاو چین لە عێراق و ناوچەکەدا ستەمە مێژوییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم ڕاست دەکاتەوە؟ گاز و نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان چی بۆ ڕووسیا دەگەیەنێت؟  بوونی ڕووسیا لە گۆڕەپانەکەدا چ وانەیەکی مێژوویی-سیاسیی بۆ عێراق و کوردەکانی عێراق تێدایە؟ چوارچێوە و سنوری باسکردن بژاردەی هەرە لە پێشینەی زلهێزەکان و خاوەن پیشەسازییە گەورەکان؛ بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانیی و بوونی ئاستیکی بەرزی کێبڕكێیە لە ناو هاوکێشەکانی هێزدا.  لە چوارچێوەی لووتکەی COP28 دا کە تایبەت بوو بە گۆڕانی کەشوهەوا  لە (١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣) لە دوبەی بەڕێوەچوو، ١٣٤وڵاتی جیهان جاڕنامەیەکیان بەناوی "جاڕنامەی ئیمارات" واژۆ کرد. زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ٢٠٠ دەوڵەت و حکومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. بەڵام هێشتا دوو وڵاتە هەرە پیشەسازییە گەورەکە بەشدارنەبوون!  هەر لە چوارچێوەی دەربڕینەکانیدا لە کۆپ- ٢٨، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هەسارەی زەوی رزگار بکرێت، دەبێت جیهان لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەبەردبوو بوەستێت. بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە، ئێمە لە بەردەم وێنەیەکی دیکەدا وەستاوین، کە سیاسەت و دەنگدانەوە جیۆپۆڵەتیکییەکان، پیشەسازیی هایدرۆکاربۆن، نرخی وزە لە بازاڕی ئابوریی جیهانیدا باڵیان بەسەردا کێشاوە: یەکێک لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەنووسە دارایی و نووسەرە جیهانییەکان "سایمون واتکینز Simon Watkins"ە، کە بەرپرسی فرۆشتن و بازرگانی دامەزراوەیی فۆڕێکس بووە و، دواتر بەڕێوەبەری فۆڕێکس بووە لە بانکی مۆنتریال، هەروەها وەک ڕاوێژکاری مەترسی جیۆپۆلەتیکی بۆ ژمارەیەک سندوقی گەورەی پاراستن لە لەندەن و مۆسکۆ و دوبەی کاری کردووە. لە (١٠) ساڵدا پێنج کتێبی لەسەر بازرگانی دارایی و نەوت و بازاڕە داراییەکان نووسیوە،  تازەترین کتێبی  واتکینز  لە (٢٠٢٣) دا لە ژێر ناونیشانی " سیستەمی نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی و چۆنیەتی بازرگانیکردن پێی - The New Global Oil Market Order and How to Trade it " لە ئەمازۆن بڵاوکردۆتەوە. واتکینز جموجوڵەکانی ڕووسیا لە پێناو پێشبڕکێ لەبازاڕی وزەی جیهانییدا شرۆڤەدەکات، یارمەتیمان دەدا لە هەنگاوەکانی ڕووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرایی (٢٠١٧ ەوە بۆ کۆتایی ٢٠٢٣) تێبگەین، چۆن هەریەکێک لەم ڕووداوانە شێوازی کارکردنی بازاڕی نەوتی جیهانی لەو ماوەیەدا گۆڕیوە، چۆن ئێستا هەموویان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێسای نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی دروست بکەن. بەلای واتکینزەوە هێشتا نەوت دیاریکەرێکی چارەنووسسازە بۆ داهاتووی دارایی و ئابووری هەموو وڵاتێک. هەروەها بەهۆی ئەمەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەر و بەکاربەری سەرەکی نەوتن لە ئاستی جیهان. وە لەبەر ئەوەی گرەوەکان زۆرن، بەشداربووانی سەرەکی لە بازاڕی جیهانی نەوتدا هەر شتێک دەکەن بۆ ئەوەی سوودێکی تێدا بەدەستبهێنن. بۆیە بەتەواوی ئەوەی کە بازرگانەکە (واتە دەوڵەتانی فرۆشیار و کڕیار: دەوڵەت دەبێ بازرگانییانە ڕەفتاربکات) دەبێ ئاگادار بێت کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویداوە:  دیارترینیان بە دەستپێکردنی پەتای کۆڤید-١٩، پاشان لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، ئنجا ئەمەش بوەتە هۆی گۆڕینی شێوازی مامەڵەی یاریزانە پێشەنگەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، بۆیە بە جۆرێکی دیکە ڕێبازی سیاسیی و دیبلۆماسیی لە ئاستی ناوچەییدا پێناسە کردۆتەوە. ڕووسیا  لە هەرێمی کوردستانەوە دەستی بە دەستکاریکردنی ناوچەکە کرد ڕۆسنەفت و گازپرۆم بە پلەی یەکەم وەک چەکی دەوڵەتی ڕووسیا کاردەکەن. هەرچەندە ئەوان لە بازرگانیدان بۆ ئەوەی پارە بۆ خۆیان پەیدا بکەن، بەڵام دواجار ئەم کۆمپانیا دەوڵەتییە خزمەت بە بەرژەوەندی حکومەتی ڕووسیا و ڤلادیمێر پوتین دەکەن، هەروەها خزمەتی هەموو ئەو کارسازانە دەکەن کە داهاتە نا-شەرعییەکانیان بەندە بە بەردەوامبوونی دەستڕاگەیشتن بە پەمپی وزە لە جیهاندا.  لە ساڵی (٢٠١٨) ەوە، لە ڕێگەی زنجیرەیەک گرێبەستی بازرگانی ستراتیژییەوە، ڕۆسنەفت بە تایبەتی بووەتە ڕیزبەندێکی شەڕانگێزی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا. پێگەی دیار و بەرچاوی کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت بە وەبەرهێنانی بەرفراوان لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە بۆ ڕووسیا بووە، لەوانە جەمسەری باکوور، چین، ڤێتنام، ڤەنزوێلا، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە حوزەیرانی ٢٠١٧ ەدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆکی حکومەت "نێچیرڤان بارزانی" و جێگری سەرۆکی حکومەت "قوباد تاڵەبانی" و "وەزیری سامانە سرووشتییەکان "ئاشتی هەورامی" سەردانی ڕووسیایان کرد، لە پەراوێزی بەشداریی کردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری سانت پیترسبۆرگ دا کە سەرکردەکانی ١٣٠ ویلایەت و ١٢ هەزار کەسی بۆ خۆی ڕاکێشابو، گڕیبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆس نەفت واژۆ کرد. بەشێوەیەکی گشتی لە جیهاندا، گرێبەستی نەوت و غاز لە نێوان سێ لایەندایە: لایەنی یەکەم خاوەنی بەرھەمەكەیە (وڵات یان هەرێمی خانەخوێ)، دووەمیان، ئەو لایەنەیە كە پەیوەندارە بە رێڕەوی ھەناردەكردنی نەوت یان غازەکە، لایەنی سێیەمیشیان كڕیاری بەرھەمەکەیە. بە پێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆس نەفت تەنیا گوژمەی دروستكردنی بۆری گواستنەوەی غازی شل لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەو بازاڕەی كۆمپانیای رۆس نەفتی رووسیا دەیەوێت، یەك ملیار دۆلارە، ئایا كۆمپانیایەكی وەك رۆس نەفت، گرێبەست لەگەڵ ھیچ وڵاتێك بەو قەبارەیە واژۆ دەکات، کە گرەنتی گواستنەوەی نەبێت؟ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ڕووسی ٣.٥ ملیار دۆلاری بە قەرز بە حکومەتی هەرێم داوە و گرێبەستی پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی واژۆ کردووە، هەر بەو پێیە کۆنترۆڵی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهانیشی کردووە. لایەنەکان لە نیسانی  ٢٠١٨ەوە، ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گەڕانی جیۆلۆجی و دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی تاقیکاریی. ڕێککەوتنەکە لە کاتێکدا بوو، کە دوو گەورەترین کۆمپانیای بواری وزەی ئەمریکی "ئیکسۆن مۆبیل" و "چیڤرۆن" لە ساڵەکانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦) ەدا، ژمارەیەک کێڵگەی هەرێمی کوردستانیان بە جێهێشت. هەروەها لە میانەی شەڕی داعش دا، حکومەتی فیدراڵی بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان و تێچووی هێزی پێشمەرگەی نەدەدا. هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا، بەرەو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەنگاوەکانی هەڵگرتبو، تێگەیشتنی ڕێبەرانی کوردستان وابوو کە ویلایەتە یەکگرتوەکان پاڵپشتی کورد ناکات لە کێشەکانی لەگەڵ بەغداد و، لە پرسی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسییدا، کە دواتر لە ئەیلولی (٢٠١٧) ەدا نیزیکەی (٩٣٪) خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕیفراندۆمەکەدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا و، بەهۆی فشارەکانی حکومەتی عێراق و پاڵپشتی نەکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە، ئەنجامی ڕیفراندۆم شکستی هێنا.                  سانت پیترسبۆرگ- ڕووسیا (حوزەیرانی ٢٠١٧): نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ  ئیگۆر سێچین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆس نەفت گڕیبەست واژۆردەکەن. هەر لەسەرەتاوە بۆ عێراق، کۆتایی یارییەکە لە دەستبەسەرداگرتنی کاریگەرانەی ڕووسیا لە پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی پڕ لە کێشەی ئەو وڵاتە لە باکوورەوە  دیار بووە.  کۆنترۆڵی ڕووسیا بەسەر کوردستانی عێراقدا لە ڕێگەی پرۆکسی کۆمپانیاکانی دەوڵەتەوە، بەتایبەتی  ڕۆسنەفت، لە پایزی (٢٠١٧) ەوە، لە ڕێگەی سێ میکانیزمەوە مسۆگەر کرا: یەکەم: یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک دارایی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە کە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا دەدرێت، دابینکرد. دووەم: لەسەدا ٨٠ی بەرژەوەندی کارکردنی لە پێنج بلۆکی نەوتی گەورەی هەرێمدا وەرگرت، لەگەڵ وەبەرهێنانی دەرەنجامی و هاوکاری تەکنیکی و ئامێرەکان. سێیەم: خاوەندارێتی لەسەدا ٦٠ی بۆرییە گرنگەکەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر بینای کردبوو، ئەوەش لەڕێگەی پابەندبوون بە وەبەرهێنانی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ زیادکردنی تواناکانی بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.  دوابەدوای ئەمە، ڕووسیا دەستکاری ناوچەکەی کرد و کەوتۆتە بەریەککەوتنێکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا کە قۆناغی کۆتایی پلانی هێنانە ناوەوەی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ناو هەموو بەشەکانی تری عێراق، لە کۆتایی (٢٠٢٣) ەدا، ڕووسیا بە تەواوەتی لەڕێگەی بەشداریی لە کەرتی "گاز"ی عێراقدا بەرەوپێش دەچێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، ئێستا ڕووسیا و چین هەنگاو دەنێن بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستی خۆیان بەسەر هەموو عێراقدا، لابردنی کۆمپانیای ئینپێکس لە مەیدانی فراوانی ئێریدۆ تەنها دوایین نموونەی ستراتیژی فراوانتربونیانە لە کارکردندا.  سیاسەتی فراوانخوازیی – دەرەوەیی ڕووسیا، لە دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢٢ەوە، ئەوە بووە کە ویستەکانی خۆی  لە ناوچەکانی پشێویی و ئاژاوەدا بە پرۆژە بکات ( تەنانەت ئەگەر ئەو ئاژاوەگێڕییە پێشتر بوونی نەبووبێت - هەوڵی  دروستکردنی بدات). بۆیە سەیر نییە کە ڕووسیا کارکردن لەسەر ئامانجی فراوانخوازیی لە دەرەەوەی خۆیدا زیاتر بەرەو پێش ببات. لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا ئەوەی ڕووسیا دەیویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ زیادکردنی ئەو دەستدرێژییە گەورەیەی کە پێشتر لە ئێرانی دراوسێدا کردبووی، ئەوە بوو کە کاریگەرییەکانی زیاتر بۆ ناو عێراق درێژ بکاتەوە، بەڵام لە باشووری عێراقدا نەیتوانی ئەوە بکات، چوونکە هێشتا ئەمریکا ئامادەبوونێکی سەرەکی لەوێ هەبوو. باشترین کاری دواتر ئەوە بوو کە بوونی خۆی لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستاندا جێگیر بکات، تا ئەو کاتەی کە بتوانێت کاریگەری خۆی لە بەشەکانی تری عێراق بەکاربهێنێت بۆ درێژکردنەوەی پانتایی خۆی بۆ باشووری عێراق، پاشان سەرۆکایەتی یەکخستنی باکورو باشوری عێراق بکات بۆ یەک وڵات کە دەتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەردا هەبێت. هەماهەنگیی  کەرتی وزە لە نێوان ڕووسیا و عێراق دا مایکڵ بارانتشیک ( Michael Barantschik) یەکێکە لەو پسپۆڕانەی کار لەسەر پاشخانی پیشەسازیی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان ڕووسیا و عێراق بۆ مێژوویەکی دوور و درێژ و ئاڵۆز دەگەڕێنێتەوە؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بازرگانان و گەڕانکارانی هەردوو ناوچەکە بەریەکدەکەوتن، بە ڕێڕەوی بازرگانی ڤۆڵگا و دەریای قەزوین دا دەڕۆیشتن، تۆڕی بازرگانی سەرەتاییان لە نێوان ئەو ناوچەیەدا دامەزراند کە زۆر دواتر بوو بە ڕووسیا و عێراق. پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لە ٩ی ئەیلولی ١٩٤٤ دامەزرا و سەرەڕای دابڕانێکی کورت لە نێوان ساڵانی ١٩٥٥ بۆ ١٩٥٨، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات گەشەی کرد و بەغدا وەک هاوبەشێکی بەرچاوی سۆڤیەت لە جیهانی عەرەبیدا سەیرکرا.  لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە بەشێکی زۆری قەرزەکانی عێراقی سەردەمی سۆڤیەت خۆش بوو، ئەمەش زەمینەی ڕێککەوتنێکی نەوتی بە بڕی ٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی دانا. ئەم ئاماژەیە دەستپێکی یارییەکی قووڵتری ئابووری بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاتر پتەوتر بوو بە بەشدارییە بەرچاوەکانی کۆمپانیای نەوتی لوک ئۆیەڵی ڕووسی لە کەرتی وزەی عێراقدا. پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بەشداریکردنی ڕووسیای لە کەرتی نەوتی عێراقدا بەهێزتر کردووە. لە شوباتی ٢٠٢٣ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی بەغدای کرد. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە باسکرا، میکانیزمی پارەدان بوو بە کۆمپانیاکانی وزەی ڕووسیا، کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ بەردەوامبوون و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان سەرەڕای سزاکانی ڕۆژئاوا. هەروەها ئەمە تەوەری بەردەوامی گفتوگۆی نێوان محەمەد شەیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بوو لە ١٠ و ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە میانەی کۆبوەنەوەکانیان لە کۆشکی کرێملین، کە لە پاشخانی بەردەوامی ململانێکان لە ئۆکرانیا و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەقی گرتبوو. پتەوکردنی پەیوەندیی لە نێوان ڕووسیاو عێراقدا هەموو بوارەکانی گرتۆتەوە؛ لە ٢٠٢٢ -٢٠٢٣ دا ڕووسیا (٢٠٠) کورسی خوێندنی خۆڕایی لە ئاستە جیاجیاکاندا بۆ هاوڵاتیانی عێراق دابین کردوە.   سەرباری گڕیبەست لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسییەکان؛ ڕووسیا و عێراق ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە کەرتی نەوتدا، لەوانە پڕۆژەکانی گەڕان و کونکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری. ئەم ڕێککەوتنانە هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزەییەکانیان و دڵنیابوون لە ڕەوتی بەردەوامی وەبەرهێنانەکان کە گرنگن بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی پیشەسازی نەوتی عێراق. جگە لە کەرتی نەوت، لە کەرتی گازیشدا عێراق و ڕووسیا هەماهەنگیان هەیە. لەگەڵ ئەوەی عێراق ئامانجی کەمکردنەوەی سووتانی گازەکەیە و ڕووسیا ئەزموونێکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردنی گازدا، هاوکارییەکی سروشتی هەیە بۆ هاوکاریکردن. دەتوانرێت یارمەتی تەکنیکی، وەبەرهێنانی هاوبەش لە دامەزراوەکانی پرۆسێسکردنی گاز و گواستنەوەی زانیاری زیاتر بکۆڵرێتەوە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات سوودی هاوبەشیان هەبێت. چڕبوونەوەی بەشدارییە ئابورییەکان پرۆژە ستراتیجییەکان بوێرتر دەکات چڕبوونەوەی بەشدارییە ئابوورییەکان لە کەرتی وزەدا تیشک دەخاتە سەر پێویستی هەمەچەشنکردن بۆ دڵنیابوون لە پەیوەندییەکی ئابووری هاوسەنگ و بەردەوام. گەڕان بەدوای ڕێگا نوێیەکان بۆ هاوکاری ئابووری لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا لەوانە کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنان، سەرمایەی مرۆیی و پەرەپێدانی کارامەیی دەتوانێت پەرە بە بەشدارییەکی ئابووری هەمەچەشن بدات، بەمەش پەیوەندی ئابووری نێوان ڕووسیا و عێراق دەوڵەمەندتر بکات. گواستنەوە و ژێرخانی توخمێکی گرنگن لە پەیوەندی دوولایەنەی ڕووسیا و عێراقدا، کە بڕبڕەی پشت بۆ بەرزکردنەوەی بازرگانی و هاوکاری ئابووری و پەیوەندی ناوچەیی پێکدەهێنن. عێراق پڕۆژەیەکی بە بڕی ١٧ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەستپێکردووە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوەی وڵاتەکەی، ئامانجی بەستنەوەی بەندەرێکی بەرچاوی کاڵا لە باشووری وڵاتەکەوە (بەندەری فاو) لەڕێگەی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانەکانەوە بۆ باکورو سەر سنوری تورکیا، ئەمە پرۆژەی "رێگای گەشەپێدانی عێراق" ە، کە ئامانجی گۆڕینی عێراقە بۆ ناوەندێکی گواستنەوەی ناوچەیی لە ڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان و شەمەندەفەرەکەی، بەمەش ئەوروپا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە تورکیاوە تا کەنداو درێژ دەبێتەوە، وەک بەردێکی بناغە بۆ ئابوورییەکی بەردەوامی نا-نەوتی و ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی یەکگرتنی ئابووری لەناو ناوچەکەدا سەیر دەکرێت. هەروەها، ئەم پڕۆژەیە هێمای هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرزکردنەوەی ڕەوتی بازرگانی و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان. بە وەبەرهێنان لە دروستکردنی هێڵی ئاسن، ڕووسیا و عێراق زەمینەسازی بۆ تۆڕێکی لۆجستیکی بەهێز دادەنێن کە نەک تەنها سوودی بۆ بازرگانی دوولایەنە دەبێت بەڵکو کاریگەرییەکی شەپۆلاوی لەسەر داینامیکی بازرگانی ناوچەیی دروست دەکات.  ئەگەرچی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە نا-سەقامگیرە، دۆخی سیاسیی و ناکۆکی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، هەروەها دەستوەردانی دەرەکیش وایکردوە گرەوی تەواوەتی لەسەر وەرچەرخانی وڵاتەکە لە خراپەوە بۆ باش و لە باشەوە بۆ باشتر نەکرێت. بەڵام هەبوون و خستنەڕووی دیدگایەکی ستراتیجی و جیۆپۆڵەتیکی کە کاریگەریی تەواو دەخاتە سەر توخمە ئابوریی و کەلتوری و تەکنەلۆژییەکان و ژینگەی بازرگانی گشتی دەبوژێنێتەوە ئەگەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی عێراق لە قووڕ و چڵپاوی دەیەکانی ڕابردوو دەربهێنێت، وەکو لە (٢٠٢٣) دا بە دروستکردنی ڕێگاوبان، مۆدێرنکردنی فڕۆکەخانەکان، دەستپێشخەرییەکانی گەشەپێدانی شارەکان دەستی پێکردوە. چیرۆکی کەرکوک: ڕووسیا هات و بریتش پێترۆلیۆم ڕۆیشت نەوتی عێراق،  لە ساڵی ١٩٢٧دا لە کەرکوک خۆماڵی کرا. کەرکوک شوێنی لە دایکبوونی پیشەسازی نەوتی عێراقە.  کۆمپانیای بریتش پێتریۆلیۆم (بی پی)  لە سێپتەمبەری ٢٠١٣ەدا، نیەتنامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆکرد، بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕان و توێژینەوەکانی چالاکی مەیدانی  لە کەرکوک بە بەهای (١٠٠) ملیۆن دۆلار. هاتنی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) و دەستبەسەراگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە لایەن هێزە کوردستانییەکانەوە، کارەکانی بی پی دواخست.   لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا، دوای تەواوکردنی ڕاپرسی و توێژینەوەی تەکنیکی بوارەکە، بی پی ئەنجامی کارەکانیان و لاپتۆپەکانیان بۆ کۆمپانیی نەوتی باکور بەجێهێشت.  عێراق هیوای خواستبوو بی پی یارمەتی بدات بۆ سێ هێندەکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە زیاترە لە یەک لەسەر پێنجی  بەرهەمی ئێستای عێراق ودەکاتە لەسەدا یەک لە ئاستی بەرهەمهێنانی جیهانی. بە پێی بەدواداچوونەکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دەستگەیشتن بە زانیارییە بەپێی ئامارەکانی بی پی ئاسان نەبوەو نییە، بەڵام ئاماژەکانی دوای ڕۆیشتنی بی پی لەکەرکوک بۆ حکومەتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکور هیوا بەخش نەبوە.  ئەگەر  ئەنجامەکانی توێژینەوەکە هاندەر بونایە بۆ کۆمپانیای بی پی و رۆژئاواییەکان، بێگومان ماوەی مانەوەو کارەکانیان درێژ-دە کردەوە. جگەلەوەش، زۆربەی نەوتی خاوی عێراق لەو ناوچانە بەرهەم دەهێنرێت کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی بەغداوە بەڕێوەدەبرێن، لە باشوور و لە بەندەرەکانی باشووری سەر کەنداوەوە هەناردە دەکرێت. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) هێڵی بۆڕی کەرکوک- جەیهانی تەقاندەوە، حکومەتی هەرێمیش لە ماوەی (٢٠١٤ بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ڕۆژانە نیزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهانەوە بۆ تورکیا هەناردە دەکرد. بۆچی ڕووسیا مکوڕە لەسەر تەنینەوەی هەژموونی خۆی لەناوچەکەدا؟  ئۆراسیا، یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆزەکان، چوونکە هێشتا لە ڕووی جوگرافییەوە شوناسێکی یەکانگیری نییە؛ ئایا مەبەست لێی ئاسیا و ئەوروپایە، یان ئەو ناوچانەی ئاسیاو ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستنەوە. هەرچی شوێنێک بێت ڕووسیا و  ئێران و عێراق و سوریا پێکەوە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوت و گازی سرووشتین لە جیهانداو، پێگەو گرنگییان فەرامۆش ناکرێت و، هەژموونی ڕووسیا لەو ناوچانەدا بەر بڵاوە. ئۆراسیا هەر کوێیەک بێ، ڕووسیا هەموو شتێک دەکات تا سیستەمی تاک جەمسەریی و فەرمانڕەوایی جیهان بگۆڕێت، بۆ ئەوەش دەبێ لەو حەوزە ستراتیجییانەی وزەدا ئامادەگی هەبێت کە ڕۆژئاوا تیایاندا هەژموونێکی هەیە. ئۆراسیا هەر کوێیەک بێ، تورکیا لەناو جەرگەیدایەو هەر هێڵێکی وزە ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانەوە یان لە عێراقەوە ڕابکێشێت دەبێ تورکیا لایەنێکی سەرەکی گرێبەستەکە بێت (وەک لایەنێکی گرێبەستەکەی نێوان ڕۆس نەفت و هەرێمی کوردستانە). تورکیا دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، دەریای ڕەش و دەڕوانێت بەسەر قەفقاس و ئۆراسیادا، بەشێکە لە ئەوروپا و بەشێکی سەرەکیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  رۆبەرت کابلان (Robert D. Kaplan) پڕۆفیسۆرو پسپۆڕی جیۆسیاسیی ئەمریکی لە ساڵی (٢٠١٨) کتێبێکی بە ناونیشانی "گەڕانەوەی مارکۆ پۆڵۆ؛ جەنگ و ستراتیج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستو یەک" دا نووسیوە؛ دۆخەکە بە چرکەساتێکی ڕاگوزەر دەست نیشان دەکا، کە پێویستە لە دوو ئاستدا هەستی پێ بکرێت؛ یەکەم/ ئەمریکا پێویستە لە ئۆقیانوسی ئەتڵەسیدا بەر بە هەژمونی چین بگرێت، لە ئەوروپاش بەر بە ڕاسترەو پۆپۆلیزم. دووەم/ بە بڕوای کاپڵان هەریەک لە جوگرافیا و تەکنەلۆژیا بەریەککەوتنیان هەیە. لێرەوەیە ڕووسیا هەمیشە هەژمونی بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپادا هەیە، لە خۆرهەڵاتی یٔەوروپا ناڕەزایی دژی سیستەمەکان وایکردوە بزوتنەوە ڕاسترەو و شەعبەوییەکان دەستەڵات بگرنە دەست. ئەمەش بەرژەوەندی ڕووسیا مسۆگەر ئەکات.  ئەمە نیشانمان دەدا، ڕووسیا لە هەر جێگەیەک دەبێ کە خۆرئاوا وەک بەرژەوەندیی خۆی لێی بڕوانێت. ئێستا ڕووسیا وای دابنێین ڕووسیا پرۆژەی ئۆراسیای هەیە و ڕێبەرایەتی حەوزەی قەزوین دەکات، هەروەها لە (٢٩ ی ئایاری ٢٠١٤) ەوە یەکێتی ئابوریی ناوچەی ئۆراسیا (EAEU) پێکهینراوە. ئنجا حەوزەی کەنداوی عەرەبی  ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) یان هەیە، لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە گازی سرووشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست دۆزراوەتەوە و بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گازی سرووشتی لە ناو دەریاو لە کەنارە ئاوییەکاندا ئیسرائیل، قوبرس و میسرن، ئەوانیش زیاتر لە (٢٠) وڵات لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) یان درووستکردوە لە (٢٠١٧) ەوە. هەروەها "چین" لەم ناوچەیە بەگشتی پرۆژەی "پشتێنەی ڕێگا- پشتوێن و ڕێگا" ی هەیە. ئەی کورد لەناو ئەم پرۆژە ستراتیجییانەدا چۆن مامەڵە دەکات؟  نەوت و گازی کوردستان چاوەڕوانی پرۆژەیەکی ستراتیجی لە سەرکردە کوردەکان دەکات وانە مێژووییەکە ئەوەیە چیتر نابێت کورد یاری پێکراو بێ لەلایەن هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە:  بە درێژایی مێژوویی ناوچەکە، ململانێ لە پێناو ناسنامە، شەڕی تایەفی و هەوڵ بۆ جیابونەوەی "خوزستان" لە ئێران لە ئارادا بووە. بەتایبەتی عەرەب، لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی و لە سەردەمی جەنگی سارددا، وەهایان دەبینی بە بێ ساخکردنەوەو یەکلاکردنەوەی خوزستان بەلای خۆیاندا، شتێکی وەهایان نەکردووە کە جێگەی باس بێت. ئەم ناوچەیە قورگی کەنداوە، بۆڕی هەناسەدانی ئێرانە، ڕێڕەوە بۆ هەناردکردنی نەک نەوت بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان بەرەو خواروو و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.  کاتێک ساڵی (١٩٥٥) هەریەکە لە؛ عێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان بەسەرپەرشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا "پەیمانی بەغدا" یان بۆ بەرگرتن و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی بیری کۆمۆنیستی و هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت واژۆکرد. بەهۆی کودەتای عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی (١٩٥٨) و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری، هەروەها بەهۆی تەشەنەسەندنی شیوعییەت و هەژموونی سۆڤیەت لە عێراقدا، عێراق کە ئەندامی دامەزرێنەری پەیمانی بەغدا بوو لە ٢٤ ی  ئازاری ١٩٥٩ لە پەیماننامەکە کشایەوە. ئەمەش ململانێکەی سەختتر کردەوە؛ ئێران، بۆ ئەوەی عێراق و نەتەوەی عەرەبی سەرقاڵ بکات بە کێشەی کورد و شۆڕشی کوردەوە و "خوزستان"یان لە بیربباتەوە، بەدرێژایی (١٤) ساڵ پاڵپشتی شۆڕشی ئەیلولی کرد. توانی تا ڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بێت لە سەرقاڵکردنی حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق بە پرسی کوردەوە. ئەگەرچی دواجار شۆڕشی ئەیلول بۆ-خۆی بەڕێبەرایەتی مەلامستەفای بارزانی خاوەنی پەیامی نەتەوەیی و داخوازی ڕەوا بوو لەمەر دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان، لەولاشەوە بەڕێژەیەکی زۆرباش کورد توانی هەموو هێزی سەربازیی عێراق سەرقاڵ بکات بەخۆیەوە.  یەکێتی سۆڤییەت ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە ڕێککەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ دا کە سەدام حوسێن ددانی نا بە مافەکانی گەلی کوردداو، بۆ ماوەی چوار ساڵیش ئاگر بەست ڕاگەیەندرا (عێراق ئەوەی دەویست، تا خۆی پڕچەک بکات). عێراق پەیوەندیی لەگەڵ سۆڤییەت بەست، شای ئێران مەترسی پەیداکرد، داوای لە ئەمریکا کرد کورد لەخۆی نیزیک بکاتەوە تا نیزیک نەبنەوە لە سۆڤییەت.  لە ٩ ی نیسانی ١٩٧٢ عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ سۆڤییەت کرد بۆ کڕینی چەک، تاخۆی بەهێزکرد بۆئەوەی شەڕدەست پێبکاتەوە بیانوویەک پێویست بوو، یاسایەکیان لە لە شوباتی ١٩٧٤ خستە بەردەست شۆڕش بۆ ئیمزاکردنی حوکمی زاتی، بێ ئەوەی پرسی دیاریکردنی سنوری تێدا بێ. هەر بەهۆی پرسی کوردەوە سەددام حوسەین پەنای بردە بەر شای ئێران و ڕێککەوتننامەی جەزائیری لە ساڵی (١٩٧٤) دا واژۆکرد، کە تیایدا عێراق دەستی لە بەشێک لە سنوری ئاویی خۆی لە "شەتولعەرەب" هەڵگرت بۆ ئێران. دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلول لەو گەلەکۆمەکییە ناوچەییەدا خامۆش کرا. ئینجا سەددام حوسەین لە رێککەوتنەکە پاشگەزبۆیەوەو جەنگی عێراق- ئێران هەڵگیرسا (سەدام هەڵیگرساند) و (٨) ساڵی خایاند. بەم پێیە، هەر پرسی کوردیش بوو بووە هۆی ئەوەی جەنگی دووەمی کەنداو بەرپابێت. جیهان بینی ئەمریکا بەرانبەر کورد هینری کیسنجەر لەسەردەمی جەنگی سارددا دای ڕشتۆتەوە، ئەم دیدگایەش لە میانەی کۆبونەوەیەکدا  لەگەڵ ڕیتچارد هێلمس، باڵوێزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێران، لە تەموزی ١٩٧٣دا باس دەکات. لەوێدا کیسنجەر هاوکێشەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا وێنادەکات کە دەبێت تا ئەو ئاستە پاڵپشتی کورد بکرێت  کە فشار بخاتە سەر نەیارەکانی ئەمریکا. نابێت ئەو فشارە بگاتە ئاستێک گۆڕانکاریی لە سیستەمی ناوچەکەدا دروست بکات. بۆیە دەبێت پشتیوانییەکە سنووردار بێت. تا ئێستاش شێوازی "پشتیوانی سنوردار" لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان پەیڕەو دەکرێت. بۆیە شۆڕشی کوردستان کۆتایی پێ هات، چوونکە باوەڕی ڕێبەری کۆچکردوو مەلا مستەفا وا بوو هەر جووڵەیەک بە بێ پاڵپشتی ئەمریکا یان سۆڤییەت سەرکەوتوو نابێت.   هایدرۆکاربۆن، ئاسایشی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە پانۆڕامای ڕووداوەکان، لە دوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە، کێرڤی ئابوریی سیاسیی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان بەرەو داکشان بردوە: * لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتوەکان، بە بڕی (٢٥٠) ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی کێڵگەی گازیی کۆرمۆری کردوە، ئەوەش بۆ فراوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH250) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی (٢٠٢٤) دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و، ساڵی دواتریش هەنگاو بنێ بەرەو (١) ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی ڕۆژانە. کێڵگە کۆمپانیای کرێسنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی لە ساڵی (٢٠٠٧) ەوە کاری تیادەکات. * لە ساڵی (٢٠٢١) ەوە، هەرێمی کوردستان و تورکیا بەیەک بڕو ئاڕاستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو پێشتر دەبەن، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە ئاسانکاری گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیمارات، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ڕۆڵێکی لاوەکییانە بێت، بەڵام ڕاپۆرتکردن لە سەر بەشدارییەکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی هەڵسوڕانی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە. * سەرەتای شوباتی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، گەشتێکی بۆ ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.  هەر لەو مانگەدا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆڕی بۆڕی غازی خۆی بەرەو سنووری تورکیا درێژ دەکاتەوە، لە ڕێگەی بۆرییەکی ١١٢ میلییەوە  زامنی دابینکردنی بەرفراوانی غاز دەدات. ئەمە هەنگاوێک بوو وەک بوێریکردنی تواناکانی هەناردەکردنی کوردستان دەرکەوت، هەروەها ئەوەی نیشاندا، کە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی دابینکردنی غاز، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بابەتێکە هەموو کات بیرلێکراوەیە. دوو هەفتە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە، لە میانەی سەردانێکدا بۆ قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی تواناکانی غازی کوردستانی کرد. لە (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣) سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێکەوەو بە جیاجیا (١١) جار سەردانی ئیمارات و قەتەریان کردوە.   * ئەو جووڵانەی سەرەوە بە بێ مەترسیی و ئاڵەنگاریی نەبوون، ئەوە بوو کە ئێران و گرووپە شیعییە- میلیشیاکان لە عێراق (بە ئاگاداری ڕووسیا)، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین هێرشی ئاشکرایان کردۆتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە تا جانیوەری ٢٠٢٣ سێ جار بە کاتیۆشا و درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.  لە ١٣ ی مارسی ٢٠٢٢ دا ئێران (١٢) مووشەکی نا بە شوێنی نیشتەجێبونی "شێخ باز بەرزنجی" خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان (٤٠٪ ی هێڵی بۆڕی کوردستان کارگرووپ و ٦٠٪ ی ڕووس نەفت خاوەندارێتی دەکەن). هەرێمی کوردستان، بەدەست دابەشبوونی سیاسیی- ناوخۆییەوە دەناڵێنێت. بەپێی راگەیەنراوی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ٢٨ ی نیسانی ٢٠٢٢ دا، لە ئەنجامی كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە ھەرێم  رایگەیاند "ئەگەر گرێبەستی گازی سرووشتی بە شەفافی و بێ ئاگایی ئەوان بە ڕێوە بچێت، ئەوا دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت. هەر هەفتەیەک دوای ئەم هەڕەشەیەی سەرۆکی یەکێتی، تیرەکان هەناوی حیزبەکەی بافڵ تاڵەبانیان پێکا؛ گەورەترین بەرپرسی ئەمنی سەر بە حیزبەکەی بافڵ تاڵەبانی کە لە دۆسییە هەستیارەکاندا کاری کردوە، لە ناوچەی سولەیمانییەوە بەرەو هەولێر و ژێردەستەلاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵهات. دەرئەنجام ڕووسیا، توانیویەتی تا ئاستێکی زۆر لە عێراقدا بچێتە پێش، بەگشتی دەست و سەری ڕووسیا لەناو خوانی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە. بەڵام ڕێگای بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان ڕووسیا و عێراق بارگاویکراوە بە تەحەددای ناوخۆیی و دەرەکی. گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ سزا نێودەوڵەتییەکان، تەحەدای بەرچاو بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا و عێراق دروست دەکەن. هەروەک "مایکڵ بارانتشیک"یش لایوایە، گەشتکردن بەم ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییانەدا پێویستی بە بەشداریکردن لە گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی دوولایەنە و ناوچەیی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پەروەردەکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ هاوکاری ئابووری. بەربەستە داراییەکان، لەوانەش سنووردارکردنەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی ژێرخانی دارایی بەهێز، ڕێگری لە ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی عێراق و ڕووسیا دەکەن. گەڕان بەدوای میکانیزمە  داراییە جێگرەوەکاندا و بەهێزکردنی ژێرخانی دارایی دەتوانێت  ئاسانکاری بۆ ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنان بکات، ئەمەش کاریگەرییەکانی ئەم بەربەستە داراییانە کەمدەکاتەوە. جگە لەوەش ژینگەی ڕێکخستنی کاروبارە سیاسی وئابوریی و ئەمنییەکانی عێراق دەتوانێت ئاستەنگ بۆ وەبەرهێنەرانی ڕووسیا دروست بکات. ڕێکخستنی پرۆسەکانی ڕێکخستن و دڵنیابوون لە شەفافیەت زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری. کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، دۆخی خراپی ئابوریی و دابەشبوونە ناوخۆییەکان لە هەرێمێکی وادا، چاوەڕوانی پرۆژەیەکی ستراتیجیی- گشتگیریی هەمەلایەنە دەکات، بۆ ئەوەی سەرچاوە سرووشتییەکانی خۆی بوێرتر بکات و توانای هەبێت وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی ئەنجام بدات، تا لەو ڕێگەیەوە خاڵی بەهێزی سیاسیی، ئابوریی ، دیبلۆماسی و ئەمنی زیاتر بۆ خۆی تۆمار بکات.    * دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. 


درەو: "ئێستا لە 80%ی بەنزینی بەنزینخانەكان لە گۆڕەپانەكاندا درووستدەكرێت، بەنزین لەدەرەوە هاوردە ناكرێت ئەوەی رۆژانە لە ئێرانەوە هاوردەدەكرێت مادەكانی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئۆكتانی بەنزینەو لە گۆڕەپانەكانی (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) تێكەڵ بە نەفتا دەكرێت و بەنزینی لێ بەرهەم دەهێندرێت، لە باشماخەوە بۆ هەرتەنێك (60) دۆلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاكانی سەربە یەكێتی، لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەر تەنێك (150) دۆلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاكانی سەربە پارتی، ئەگەر لە سلێمانیشەوە بچێت بۆ هەولێر ئەوا (90) دۆلار بۆ هەر تەنێك وەردەگیرێت" ئەمە وتەی بازرگانێكی هاوردەی مادەكانی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئۆكتانی بەنزینە كە بۆ (درەو) قسەی كردووە. بەنزینی هەرێم چۆن بەرهەمدێت؟  هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە (6 بۆ 7) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، لە ئێستادا زۆرینەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەرهەم دەهێندرێت، كە لە نەفتای ناوخۆی هەرێم و مادەی (ئۆكتان بوستەر)ی تایبەت بە بەرزكردنەوەی كوالێتی بەنزین درووست دەكرێت و هەمووی لە ئێرانەوە دەهێندرێت. (درەو) گفتوگۆی لەگەڵ یەكێك لە بازرگانەكانی سوتەمەنی كردووە كە مادەكانی تایبەت بە بەرزركردنەوەی كوالێتی بەنزین لە ئێرانەوە دەهێنێت، ووردەكاری هاوردەكردنی ئەو مادانە باس دەكات كە لە ئێرانەوە دەهێندرێت و لە هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە نەفتا دەكرێت و دەخرێتە بازاڕەوە. بە وتەی ئەو بازرگانە، هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا پێویستی بە (7.5 بۆ 8.5) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بە هەرسێ جۆری (نۆرماڵ، موحەسەن، سۆپەر)، بەڵام لە وەرزی زستاندا هەرێمی كوردستان پێویستی بە (6 بۆ7) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەو بەنزینانەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێت دوو جۆرە:  یەكەم بەرهەمی پاڵاوگە گەورەكان: ژمارەیەكی پاڵاوگەی گەورە هەیە لە هەرێمی كوردستان كە توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان هەیە لەوانە: •    باڵاوگەی بازیان رۆژانە ملیۆنێك لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بۆ عێراقی دەپاڵێوێت. •    پاڵاوگەی كار رۆژانە دووملیۆن و 500 هەزار لیتر بەرهەم دەهێنێت و بەشێكی زۆری بۆ عێراقە. •    پاڵاوگەی لاناز رۆژانە ملیۆنێك لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت بەشێكی دەخرێتە بازاڕەوە. بە هەرسێ پاڵاوگەكە رۆژانە بڕی (4.5) ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە لە ئێران یان لە ئیمارات یان لە رووسیا، دەهێندرێت، بەڵام زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت بەنزین نەهاتووە لەو وڵاتانەوە، تەنیا (ئۆكتان بووستەر) لە ئێرانەوە دێت، بەتایبەت ئەو مادانەی كە تایبەتن بە بەرزكردنەوەی كوالێتی و ئۆكتانی بەنزین.   دووەم: بەرهەمهێنانی بەنزین لە گۆڕەپانەكان ئێستا بەشی زۆری نزیكەی (80%)ی بەنزینی بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان لە گۆڕەپانەكانی (هەولێر ، سلێمانی، دهۆك) بەرهەم دەهێندرێت، ئەو بەنزینەی بەرهەم دەهێندرێت لە (نەفتا) و (ئۆكتان بوستەر) بەرهەم دەهێندرێت. بە وتەی ئەو بازرگانەی سوتەمەنی كە خۆی ئەو مادانە لە ئێرانەوە دەهێنێت بەم شێوەیە باس لە بەرهەم هێنانی بەنزین دەكات لە گۆڕەپانەكاندا. رۆژانە هەزار تا دوو هەزار تەنكەر ئەو مادانە لە ئێرانەوە دەهێندرێت، مادەكان جۆراو جۆرن هیچی بەنزین نین، بەڵكو ئەو مادانەن كە بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی بەنزین بەكار دێت. ئەو مادانەی لە ئێرانەوە دێت ئێمە لە بازاڕدا بە (ئۆكتان بوستەر) ناوی دەبەین كە مادەیەكە بۆ بەهێزكردن و زیادكردنی ئۆكتانی بەنزینە ئەویش جەند جۆرێكی هەیە لەوانە: •    (میتانۆڵ) بەنزینی نورماڵی لێدرووستی دەكرێت كوالێتی باش نیە، بۆنی دێت . •    (ئێن تی بی) مادەیەكی ترە بۆ درووستكردنی بەنزینی موحەسەن. •    (ریفۆرمێنت) و (ئارۆ) چاكسازی لە بەنزیندا دەكات . سەرجەمی ئەو مادانە تێكەڵی نەفتاكەی كێڵگەی نەوتی كۆرمۆر لە قادر كەرەم دەكرێت كە كۆندیسەیتیشی پێدەوترێت، لە ئێستادا رۆژانە (20) هەزار بەرمیلەو لە گۆڕەپانەكان تێكەڵ دەكرێت.   چۆن تێكەڵ دەكرێت؟ بە وتەی ئەو بازرگانەی سوتەمەنی كە لە ئێرانەوە مادەكانی تایبەت بە بەرزركردنەوەی كوالێتی بەنزین دەهێنێت دەڵێت: ئەو مادانە لە ئێرانەوە دەهێندرێن و لە گۆڕەپانەكانی (تانجەڕۆی سلێمانی، ناوچەی گوێری هەولێرو  لە گۆڕەپانەكانی دهۆك) تێكەڵ دەكرێن. پرۆسەی تێكەڵكردنی ئۆكتان بوستەر و نەفتا بەم شێوەیەیە. •    ئەگەر بتەوێت بەنزینی نۆرماڵ درووست بكەیت پێویست دەكات یەك تانكەر نەفتا بە یەك تانكەر و نیو ئۆكتان بوستەر تێكەڵ بكەیت، ئینجا ئۆكتانی نۆرماڵ دەبێتە (93). •    ئەگەر بتەوێت بەنزینی موحەسەن درووست بكەیت پێویست دەكات یەك تانكەر نەفتا بە دوو تانكەر ئۆكتان بوستەر تێكەڵ بكەیت ئەوكات ئۆكتانەكەی دەبێتە (95). •    ئەگەر بتەوێت بەنزینی سوپەر درووست بكەیت پێویست دەكات یەك تانكەر نەفتا بە سێ تانكەر ئۆكتان بوستەر تێكەڵ بكەیت ئەوكات ئۆكتانەكەی دەبێتە (98). بەڵام ئەو ئۆكتانانەی لە بەنزینخانەكاندا هەیە هیچی راستەقینە نین، چونكە ئامێرەكان باش نین و راستی ناخوێننەوە، بۆ نمونە من بە ستانداردی جیهانی بەنزینم كڕیوە ئۆكتانەكەی (87) بووە لە كوردستان جارێكی تر بە ئامێرەكانی ئێرە پیواومە ئۆكتانەكەی (93)ی خوێندووەتەوە، واتا ئامێرەكانی تایبەت بە خوێندنەوەی ئۆكتان لێرە (5 بۆ 6) پلە زیاتر دەخوێندرێتەوە. ئەو نەفتایەی لەگەڵ ئۆكتان بوستەر تێكەڵ دەكرێت و دەكرێت بە بەنزین  بەشی زۆری لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە دەهێندرێت و بەشێكی كەمیشی هی پاڵاوگە بچووكەكانن. نزیكەی (300) پاڵاوگەی بچوك هەیە لە هەرێمی كوردستان كە رەنگە تەنیا (20) دانەیان مۆڵەتی رەسمیان هەبێت. ئەوانە پاڵاوگە نین هەر ناویان پاڵاوگەیە، بەغداد مۆڵەت بە هیچ پاڵاوگەیەك نادات ئەگەر لە (50) هەزار بەرمیل كەمتر بپاڵێوێت. ئەوانە رۆژانە رەنگە (100 بۆ 200) تەن بپاڵێون، بۆیە ئەوانە ئەگەر نەوتی خاو هەبێت، ئەوا نەفتا و نەوتی رەش و گازوایل بەرهەم دەهێنن بەڵام هەمووی بە كوالێتی خراپ، ئەو پاڵاوگە بچوكانە ئەگەر نەوتی خاو هەبێت بۆ ناوخۆ كار دەكەن ئەگەر نەوتی خاو نەبێت كارناكەن.   مادەكان چۆن لە ئێرانەوە دەهێندرێن؟ ئەو بازرگانەی سوتەمەنی شێوازی كڕین و هاوردەركردنی مادەكانی (ئۆكتان بوستەر) بۆ (درەو) روون دەكاتەوە: ئەو مادانە لە شارەكانی ئێران بە موزایەدەی ئاشكرا دەفرۆشرێت و تەندەرین دەكرێت، لەوێ ئێمەی بازرگاكانی كورد بەشداری لە تەندەرەكاندا دەكەین، تەنیا هەر ئێمە نین ئەفغانی و پاكستانیش بەشداری دەكەن، هەموو هەفتەیەك تەندەر هەیە، ئەوەی تەندەرەكەی بۆ دەردەچێت لە دوبەی پارەكە بە درهەم تەسلیم دەكات، بەكاش وەری دەگرن، دواتر نوسراو پیشان دەدەین كە پارەكەمان رادەستكردووە، پاشان پرۆسەی باركردنی مادەكان دەست پێدەكات، لە بەشێك لە شارەكانی ئێران ئەو تەندەرانە دەكرێت، لە شاری ئاراك لە بەندەر ئیمام، لە ئابادان، تاران، بار دەكەین. جاران هەرچەند مادەمان بویستایە هەبوو، بەڵام ئێستا كەمە جاری وا هەبووە (110) هەزار تەنمان كڕیوە جاری وا هەبووە (200) تەنمان بۆ دەرچووە، سەبارەت بە نرخەكەشی بۆ نمونە ئێستا ئەمڕۆ تەنێكی (ئۆكتان بوستەر) لە ئێران لە نێوان (700 بۆ 800) دۆلاردایە رۆژانە لانی كەم (هەزار) تەن دێت بۆ هەرێمی كوردستان، دوای باركردن لە ئێران راستەوخۆ لە رێگای باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت. ئەگەر پاڵاوگە گەورەكان بەنزینەكە بدەنە بەغداد ئەوا لە گۆڕەپانەكاندا (7.5) ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێندرێت و ئەگەر ئەوانیش بەنزینەكەیان بخەنە بازاڕەوە ئەوا نزیكەی (3.5 بۆ 4) ملیۆن لیتر بەرهەمدەهێندرێت.   بەرزی نرخی بەنزین لە بازاڕەكاندا پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانیەوە هەیە، بۆ نمونە بەنزین كە لە ئێرانەوە دەهێنرێت بۆ لیترێك بەنزینی موحەسەن، هەزار دینار دەكەوێت لە گۆڕەپانەكاندا (50) دیناری دەخرێتە سەرو  لە بەنزینخانەكانیشدا (100) دیناری دەخرێتە سەر، هێنانی بەنزین و بەرهەمهێنان و تێكەڵكردنی بۆ هەر لیترێك بڕێك پارە دەكەوێت بەم شێوەیە: •    نۆرماڵ: 850 دینار دەكەوێت •    موحەسەن: هەزار دینار دەكەوێت •    سوپەر: 1200 دینار دەكەوێت چۆن هاوردە دەكرێت؟ بە وتەی ئەو بازرگانەی سوتەمەنی هەركەسێك بیەوێت باری مەواد (ئۆكتان بوستەر) بهێنێت لە ئێرانەوە دەتوانێت، بەڵام دەبێت پارەكە بداتە كۆمپانیای دیاریكراو كە ئەو كۆمپانیایە مۆڵەتی هاتنە ناوەوەی هەیە، لە سلێمانی كۆمپانیایەكی تایبەت بە یەكێتی مۆڵەتەكە دەدات و پارەكە وەردەگرێت لە هەولێریش كۆمپانیاییەكی تایبەتی پارتی پارەكە وەردەگرێت و مۆڵەتەكە دەدات. هەرچی مۆڵەتی هەناردەو هاوردەیە هەموو مۆنۆپۆڵی یەكێتی و پارتیە، واتا مۆڵەتی هێنانی مەواد و مۆڵەتی بردنی هەر موشتەقاتێكی نەوتی هی كۆمپانیاكانی حزبەو كۆمپانیاكانی تر لەوانی دەكڕنەوە، ئێمە وەك خاوەنی كۆمپانیاكان و بازرگانیەكە خۆمان دەیهێنێن، بەڵام مۆڵەتەكە بەناوی كۆمپانیاكانی حزبەوەیە لە هەولێرو  سلێمانیش هاوردەو هەناردەی دەكەین. ئەگەر مادەكان لە رێگای باشماخەوە هاوردە بكرێن ئەوا (60) دۆلار بۆ هەر تەنێك وەردەگیرێت و پارەكە بۆ كۆمپانیاكەی یەكێتیە، ئەگەر لە رێگای دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە بكرێت ئەوا (150) دۆلار وەردەگیرێت و بۆ كۆمپانیاكەی پارتی دەبێت، خۆ ئەگەر لە سلێمانیەوە بچێتەوە بۆ هەولێر ئەوا (90) دۆلاری بۆ هەر تەنێك لێوەردەگیرێت لەبەر ئەوەی یەكسانی بكەنەوە بە (150) دۆلارەكەی حاجی ئۆمەران، واتا (90 دۆلار + 60)دۆلاری باشماخ دەكاتە (150) دۆلار. لەو (60) دۆلارەی بۆ كۆمپانیا حزبیەكان دەچێت نزیكەی (20) هەزار دیناری دەدرێتە حكومەت بۆ گومرگ و باج، ئەوەی دیكەی بۆ كۆمپانیاكانی حزبە.    دوای هاوردەكردنی لە دەروازەكانەوە دەبرێنە گۆڕەپانەكانی (تانجەڕۆی سلێمانی و گوێری  هەولێر) لەوێ هەر ئۆتۆمبێلی (100) دۆلاری لێوەردەگیرێت، كە ئەوانیش هی كۆمپانیاكانی حزبە لە سلێمانی بۆ یەكێتی و لە هەولێر بۆ پارتی. لە پرۆسەیەكدا چەندین لایەن سودمەند دەبن، پشكی زیاتر بۆ كۆمپانیاكانی حزبە دواتر بازرگاكانان بەشێكی كەمیشی بۆ حكومەتە: •    ئێمە لە حكومەتی ئێرانی دەكڕین و ئەوان سودمەند دەبن •    كۆمپانیای گواستنەوە بۆمان دەگوازێتەوە سود مەند دەبێت. •    كۆمپانیای كارگوزاری بۆمان دەكڕێت سودمەند دەبێت. •    بازارگانان بازرگانی پێوە دەكەن و هاوردەی دەكەن سودمەند دەبن لێی •    خاوەن گۆڕەپانەكان لێی سودمەند دەبن •    خاوەن بەنزینخانە لێی سودمەند دەبن •    خاوەن مۆڵەت كە بۆ كۆمپانیاكانی حزبە لێی سودمەند دەبن. ریسكی تەندروستی ئەو مادانە ئەو مادانەی كە لە ئێرانەوە دەهێندرێن بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی بەنزین و تێكەڵكردنی بە نەفتا ریسكی تەندروستی هەیە رێژەی كیبریتەكەی بە(PPF) دەپێورێت لێرە رێژەی كبریتەكە بەرزە لەبەر ئەوەی نەفتای قادر كەرەم و نەفتای گۆڕەپانەكان لە سەدا 90% دەبێت (دیستۆڵەیشن) دڵۆپەكردن و توانەوەی نەوت بكرێت بۆ ئەوەیە كە غازەكەی لێبگیرێت و كیبریتەكەی لێبگیرێت بەڵام ئەو پرۆسەیە ناكرێت یەكسەر تێكەڵ دەكرێت بۆیە (PPF)یەكەی (200 بۆ 300)ە بەڵام لە ئەوروپا(PPF)كەی (10)یە بۆیە زۆر جیاوازە، بەرزی رێژەی كبریت زۆر كێشەیە، ستانداردی جیهانی (10)، (PPF)ە بەڵام لە هەرێمی كوردستان (200 بۆ 300)، (PPF)ە، ئەمەش مەترسی تەندروستی زۆر دەكات.     قاچاغچێتی بەنزین لە كفری پێش روخانی بەعس لە 2003، هاوڵاتیان قاچاغی هێنانی بەنزین لە كفری ببوە دیاردەیەك كە چەندین كوژراویان هەبوو لەو رێگایە، دوای زیاتر لە 20 ساڵ ئێستا جارێكی تر قاچاغچێتی بەنزین لە رێگای كفریەوە دەستی پێكردووەتەوە. حكومەتی عێراق بە (425) دینار لیتری بەنزین دەداتە بەنزینخانەكان و ئەوانیش دەیدەن بە (450) دینار، ئەو بەنزینخانانە بەنزینی زۆر وەردەگرن كە لێیان زیاد دەبێت بە تەنكەر و دوو تەنكەر دەیفرۆشن و كەسانی دیكەش بە قاچاغ دەیهێنن بۆ هەرێمی كوردستان، زۆربەی ئەو تەنكەرانە لە سنوری كفرییەوە بە قاچاغ داخل دەبن بەڵام زۆرنیە رەنگە رۆژانە (  10 بۆ 20) تانكەر بەنزین بە قاچاغ بێت، چونكە دەسناكەوێت حكومەتی عێراقی چاودێری لەسەر داناوە.  


راپۆرت: درەو دوای زیاتر لە ساڵێك مشتومڕو دواكەوتنی هەڵبژاردن لە كوردستان، هێشتا كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان‌و چۆنیەتی دابەشكردنی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن یەكلانەبووەتەوە، ئەم بابەتە لەسەرەتاوە خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتیی بوو، ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق دەیەوێت یەكلای بكاتەوە، توركمان‌و مەسیحییەكان ژمارەیان چەندە لە هەرێمی كوردستان ؟ له‌ڕووی جوگرافییەوە چۆن دابەشبوون ؟ ژمارەی دەنگەكانیان لە یەكەم هەڵبژاردنەوە‌و بۆ دوا هەڵبژاردن چۆنە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.     چارەنوسی هەڵبژاردن‌و كورسی پێكهاتەكان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، ئەم هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا نەكرا. دواكەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ناچاركرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربكات‌و وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكات، كۆتاییەكانی ئازاری ئەمساڵ سەرۆكی هەرێم مەرسومی دووەمی دەركردو رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2002ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەكەم، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی‌و یەكێتیی.  لە پرسی دواكەوتنی هەڵبژاردندا، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، ئەم ناكۆكییە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە‌و رەنگە دواجار سەربكێشێت بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت، كە بڕیارە 25ی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت. "كۆتا" بەواتای تەرخانكردنی رێژە یان ژمارەیەك كورسی دێت بۆ پێكهاتەیەكی رەگەزیی یان نەتەوەیی‌و ئاینیی لە پەرلەمان‌و ئەنجومەنە لۆكاڵییەكان، رێوشوێنێكی كاتییە‌و ئامانج لێی ئەوەیە گرەنتی بەشداری پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتیی بكرێت لە بەشداریكردن لە بڕیاردا لەناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراو.  توركمان‌و ترسی دابەشبوونی كورسییەكان  ئایدن مەعروف وەزیری هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێكهاتەكان كە سەربە (بەرەی توركمانی)یە، ئەمڕۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد، تێیدا دژایەتی پێكهاتەكانی بۆ دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن راگەیاند. ئایدن مەعروف دەڵێ" ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەسەر بنەمای جوگرافی دابەشبكرێت، چونكە لە كوردستان پێكهاتەكان وەكو نەتەوە كورسی كۆتایان بۆ تەرخان كراوە نەك وەكو ئاین".  نیسانی ئەمساڵ كاتێك دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا (ئەوكات پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن)، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتیدا دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەی كرد كورسییەكی پێكهاتەی توركمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی (كفری)، بەڵام نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە.  مەترسی سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ توركمانەكان هەرلەوەدا نییە كورسی "كۆتا"ی توركمان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكرێت، مەترسییەكە رەنگە سەربكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكجارەكی  "كۆتا"ی توركمانەكان، بۆیە هێزە نەریتییەكانی ناو ئەم پێكهاتەیە بەمدواییە هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ رێگریكردن لەم ئەگەرە، تەنانەت لەگەڵ باڵیۆزی توركیاش گفتوگۆیان لەسەر ئەم بابەتە كردووە.  پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان، جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پەرلەمان، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پۆستێكی وزارییان وەرگرتووە كە پۆستی وەزیری هەرێمە بۆ كاروباری پێكهاتەكان‌و (ئایدن مەعروف) پۆستەكە بەڕێوەدەبات.  توركمان لە كوردستان  لەسەر ئاستی عێراق توركمانەكان وەكو پێكهاتەی سێیەم لەدوای (عەرەب‌و كورد) ئەژماركراون‌و كورسی "كۆتا"یان لە پەرلەمان بۆ تەرخان نەكراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان وەكو پێكهاتەی دووەم ئەژماركراون، بەڵام (5) كورسی "كۆتا"ی بۆ تەرخان كراوە.   بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم  پێكهاتەیە، ژمارەی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان (350 بۆ 400 هەزار) كەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە (3 ملیۆن) كەس.  ئەگەر ئەم ژمارانە دروست بن، وەكو بەرپرسانی توركمانی دەڵێن، مافی پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە (5) كورسی "كۆتا"، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك كە كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی توركمان خۆشیان دژی كورسی "كۆتا"ن‌و پێیانوایە ئەگەر لە دەرەوەی "كۆتا" بەشداری هەڵبژاردن بكەن‌و ریزەكانی خۆیان یەكبخەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەبێت‌و سەرباری ئەمەش لەژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەكان دێنە دەرەوە. وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان دەڵێ: زۆرینەی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێردا نیشتەجێن، بەشێكی تریان لە سنوری قەزای كفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، واتە توركمانەكان دابەشبوون بەسەر هەردوو زۆنی دەسەڵاتدارێتی‌و پارتی‌و یەكێتیشدا‌و كێشمەكێشی ئەم دوو حزبەش لەسەر كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە، بەهۆی ئەم ململانێ سیاسییەو نەبوونی سەرژمێری گشتی، توركمانەكان قەبارەی خۆیان لەبیركردووەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی ئەم پێكهاتەیە مانەوەی كورسی "كۆتا" بە زەمانەت دەزانن.   یەكێتیی لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیەوێت لەكۆی (5) كورسی "كۆتا"ی توركمان، (2) كورسی بدات بە قەزای كفری كە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 58 هەزار كەس لە قەزای كفریدا نیشتەجێن، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە كە ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری دەستنیشان بكات، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەرەی توركمانی (800) خێزانی توركمان لە كفریدا هەن، بەڵام لەدواین هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) كاندیدی توركمانەكان لەم قەزایە كە خاتونێك بوو بەناوی (بسن جیهاد محەمەد) لە بەرەی توركمانیی، تەنیا (334) دەنگی بەدەستهێنا.   سەرباری ئەمەش، بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی تر كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئێستا ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری نزیكەی (2 هەزار) كەس دەبێت كە دابەشبوون بەسەر نزیكەی (450) خێزاندا. هاوشێوەی قەزای كفری، لە سەنتەری شاری هەولێریش ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی توركمانەكان لەبەردەستدا نییە، ئەوەی دەوترێت زیاتر ژمارەیەكی سیاسییە، چونكە سەرژمێری نەكراوە‌و پێكهاتەكان تۆماری تایبەت بەخۆیان نییە.   مەسیحییەكان لە كوردستان ئەوە هەر لایەنە توركمانییەكان نین كە دژی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەندێك لە لایەنە مەسیحییەكانیش دژی ئەم دابەشكردنەن.  رۆژی 24ی مانگی رابردوو، (جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو.  ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو پێكهاتەی مەسیحی شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە‌و وتی:" یەكێتیی داوایكردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، وایان دابەشكردووە پێنج كورسیی مەسیحییەكان بەشێوەیەك دابەش بكرێت كە دوو كورسی بۆ سلێمانی، دوو كورسی بۆ دهۆك‌و یەك كورسی بۆ هەولێر بێت". "لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن، بەڵام لە عەنكاوە (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە، ناكرێت بۆ 120 خێزان دوو كورسی تەرخان بكرێت‌و لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنكاوە یەك كورسی تەرخان بكرێت، جگە لە قەزاكانی شەقڵاوەو كۆیە كە ژمارەیەكی زۆر مەسیحی لەوێش هەن" پەرلەمانتارە مەسیحییەكە وا دەڵێ.  بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لەناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین.  رێژەی 67%ی مەسیحییەكانی عێراق كلدانی كاسۆلیكن، كە كلێساكانیان لە ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەكاندا پەیڕەوی نەریتی خۆرهەڵاتی دەكات، بەڵام دان بە دەسەڵاتی پاپای ڤاتیكاندا دەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی 20%ی مەسیحییەكانی عێراق سەربە كلێسای ئاشورییەكانن كە لە كۆنترین كلێساكانی عێراقە، ئەوەی دەمێنێتەوە سەربە سریانی ئۆرسۆدۆكس‌و سریانی كاسۆلیك‌و ئەرمەنی كاسۆلیك‌و ئینجیلییەكان‌و پرۆتستانت-ن. مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، پۆستێكی وزاریشیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پێدراوە كە پۆستی وەزری گواستنەوەو گەیاندنەوە (ئانۆ جەوهەر) لە پۆستەكەدا دانراوە.  "كۆتا"ی پێكهاتەكان لەبەردەم دادگادا ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین دانیشتنی دادبینی لەبارەی ئەو سكاڵایە بەڕێوەبرد كە یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە.  دادگای فیدراڵی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كردبوو بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەچوو، چۆن كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەشدەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.  بەر لەدەستپێكردنی دانیشتنی دادگا، وەڵامی دادگا گەیشتە میدیاكان، بەپێی وەڵامەكە، كۆمسیۆن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، دەیەوێت هەرێمی كوردستان بكات بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن‌و (111) كورسییەكەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشبكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا:   •    پارێزگای هەولێر: (38) كورسی بەردەكەوێت •    پارێزگای سلێمانی (45) كورسی •    پارێزگای دهۆك (28) كورسی  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا: •     پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی •    پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی •    پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمان‌و (1) كورسی ئەرمەن‌و (1) كورسی مەسیحی  لە بری دوو كورسی، یەكێتیی 4 كورسی بەردەكەوێت تاوتوێكردنی ئەم بابەتە لە دانیشتنی دادبینی ئەمڕۆدا، نیشاندەری ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەو بڕگەی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەندكردووە كە داوا دەكات هەڵبژاردنی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بكرێت بە فرەبازنەیی، لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی داوای دەكرد هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 2021 بەڕێوەچوو بكرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونكە یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە شێوازی (یەك بازنەیی) ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمكردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت‌و لەشێوازی (فرە بازنەیی)دا دەنگەكان دابەشدەبن‌و پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبكات، ئەوكات لە گفتوگۆكاندا پارتی لەسەر ئەم داواكارییە قایل بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەكێتیی داوای دەكرد كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، بۆ ئەمە یەكێتیی داوای دەكرد (2 بۆ 4) كورسی لە كۆی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت. ئێستا ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی‌و وەڵامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند بكات، سنوری پارێزگای سلێمانی كە یەكێتیی تێیدا باڵادەستە، لەبری (2) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان (4) كورسی بەردەكەوێت، بۆ یەكێتیی ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە لەرابردوودا پێیوا بووە (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان كاندیدەكانی لەلایەن پارتییەوە دیاریكراوە‌و بەردەوام پێكهاتەكانی لە خزمەتی پرۆژە سیاسییەكانی خۆی لە پەرلەمان بەكارهێناوە.  هەڵبژاردن‌و بەشداری پێكهاتەكان لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، (ملیۆنێك‌و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام لە دواین خولی هەڵبژاردندا (خولی پێنجەم) كە لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزارو 642) كەس مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا هەبوو، بەم پێیەش ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە تا دواین خولی هەڵبژاردن، مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە بەڕێژەی (178%) ژمارەیان زیادیكردووە. بەڵام كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە (11 هەزارو 971) دەنگەوە زیادیكردووە بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم زیادكردنەش بەڕێژەی (94%) بووە، كە نزیكەی نیوەی ئەو گەشەكردنە گشتیەیە كە لە هەرێمی كوردستان ڕویداوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)و (2)) كە تایبەتە بە دەنگی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە هەردوو هەڵبژاردنی یەكەم‌و كۆتا خولی پەرلەمانی كوردستان.  سەركەوتن بۆ پەرلەمان بەكەمترین دەنگ كاندیدی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا كەمترین دەنگی ناو كاندیدەكانیان بەدەستهێناوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا: - هیمداد سەباح بیلال لەبەرەی توركمانی: 138 دەنگی بەدەستهێناوە‌و سەركەوتووە بۆ پەرلەمان - سارا دڵشاد بەكر لەبەرەی توركمانی: 194 دەنگی بەدەستهێناوە‌و سەركەوتووە بۆ پەرلەمان  


راپۆرتی: درەو  کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (53) مانگی رابردوودا، تەنها (33) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە، کۆی ئەو پارانەی خەرج نەکراوە، دەخەمڵێندرێت بە؛ 🔹 (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "خەرج‌نەکردنی 7 موچەی تەواو" 🔹 (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" 🔹 (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" 🔹 (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار "موچەی (3) مانگی 2023" دواکەوتووە. 🔹 کەواتە سەرجەم ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (10 ترلیۆن 986 ملیار) دینارە. پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە (10/7/2019)ەوە، موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران. سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا نزیک لە (11 ترلیۆن) دینارە، جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچەی فەرمانبەران. قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لە موچەکانیان پاشەکەوت کرا. بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە. کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین _لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە قەبارەی خەرجی موچە (895 ملیار)بووە، بەڵام بەردەوام خەرجی موچە رووی لە زیادبوون کردووەو بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی کە خەرجییەکانی خۆی بۆ شەش مانگی یەکەمی (2023) بڵاوکردەوە بە تێکڕا کۆی خەرجی مانگێکی موچەی موچەخۆران سەرو (941 ملیار) دینابووە_، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (9) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار •    (1) مانگ بە لێبڕینی (18%)  X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار •    لە ئێستاشدا کە پێدەنێینە مانگی (12)ی (2023)ەوە بەڵام موچەی مانگەکانی (9و 10و 11) موچەخۆران دابەشنەکراوە کە بەرامبەرە بە؛ (3) مانگ موچەی دواکەتوو X (941 ملیار) دینار = (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار. کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار "موچەی (3) مانگی 2023" = (10 ترلیۆن 986 ملیار) دینار. بە مانایەکی دیکە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (53) مانگی رابردوودا، تەنها (33) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە. (وەک لەم خشتەیەی خوارەوەدا رونکراوەتەوە).    


راپۆرتی: درەو  پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان)، لەبارەی (وزەی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق)لە ساڵانی (2020 - 2022)؛ 🔹 لە ساڵی (2020)دا، بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی وزەی کارەبا بریتی بووە لە (3 هەزار و 68) مێگاوات، لەو بڕەش (268) مێگاواتی بە رێژەی (9%) هەناردەی عێراق کراوەو بڕی (2 هەزار و 800) مێگاواتیشی بە ڕێژەی (91%) خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە. 🔹 لە ساڵی (2021)دا، بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی وزەی کارەبا بریتی بووە لە (3 هەزار و 373) مێگاوات، لەو بڕەش (498) مێگاواتی بە رێژەی (15%) هەناردەی عێراق کراوەو بڕی (2 هەزار و 875) مێگاواتیشی بە رێژەی (85%) خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە. 🔹 لە ساڵی (2022)دا، بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی وزەی کارەبا بریتی بووە لە (3 هەزار و 304) مێگاوات، لەو بڕەش (630) مێگاواتی بە رێژەی (19%) هەناردەی عێراق کراوەو بڕی (2 هەزار و 674) مێگاواتیشی بە رێژەی (81%) خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە. دەستپێک "کار دەکەین بۆ چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا، لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهینان و کەمکردنی بەهەدەردان و دابەشکردنێکی پێشکەتوو و گونجاوی کارەبا. هەروەها کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەیەکی گونجاوی نرخی کارەبا و دامەزراندنی میکانیزمێکی کاریگەر و سەردەمیانە بۆ کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لە بەکاربەران". ئەمە بڕگەی (دووەم)ە لە ئاستی خزمەتگوزارییەکاندا، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی تەمەنی ڕاستەقینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە، لە ئێستادا لە قۆناغی کاربەڕێکردندایە، بەڵام کێشەی کارەبا هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو بەردەوامەو نەتوانراوە چارەسەرێکی ئەوتۆ بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە. هەر پێی زانیارییە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا زیاتر لە (ملیۆنێک و 850 هەزار) هاوبەشی کارەبا هەیە لە هەرێمی کوردستان و پێویستیان بە (7 هەزار) مێگا وات کارەبا هەیە. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی بڕی پێویست بەرهەم دەهێنێت و لەوە بڕەش کە بەرهەمی دەهێنێت بەشێکی هەناردەی عێراق دەکات. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر داتاو ڕاپۆرتەکانی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان)، کە فەرمانگەی نابراو ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی (وزەی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە مێگاوات) بڵاودەکاتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرەتەکانی بەردەست کە بۆ ساڵانی (2020 - 2022) بڵاو کراونەتەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا گەشەکردنێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە، بۆ نمونە بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی (2020) بریتی بووە لە (3 هەزار و 68) مێگاوات، بەڵام لە ساڵی (2021) دا ئاستەکە بەرزبووتەوە بۆ (3 هەزار و 373) مێگاوات، بەڵام لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی کارەبا دابەزیوەتەوە بۆ (3 هەزار و 304) مێگاوات. بەردەوام هەناردەکردن کارەبا بۆ نێو تۆڕی کارەبای عێراق رووی لە هەڵکشان کردووە. یەکەم؛ وزەی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ساڵی 2020 بە مێگاوات بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (2020)دا، لە تەواوی ساڵەکە بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی وزەی کارەبا بریتی بووە لە (3 هەزار و 68) مێگاوات، لەو بڕەش (268) مێگاواتی بە رێژەی (9%) هەناردەی عێراق کراوەو بڕی (2 هەزار و 800) مێگاواتیشی بە ڕێژەی (91%) خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە. بە جۆرێک؛ -    لە چارەکی یەکەمی (2020)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 331) مێگا وات، لەو بڕەش (399) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 932) مێگاواتیشی لە ناوخۆی هەرێم بەکاربراوە. -    لە چارەکی دووەمی (2020)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (2 هەزار و 761) مێگا وات، لەو بڕەش (256) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 505) مێگاواتیشی لە ناوخۆی هەرێم بەکاربراوە. -    لە چارەکی سێیەمی (2020)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 238) مێگا وات، لەو بڕەش (309) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 929) مێگاواتیشی خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە. -    لە چارەکی چوارەمی (2020) ، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (2 هەزار و 942) مێگا وات، لەو بڕەش (110) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 832) مێگاواتیشی خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە. بۆ وردەکاری زیاتر تایبەت بە بڕی وزەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی (مانگانە، وەرزی و ساڵانە) لە ساڵی (2020) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)). خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم؛ وزەی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ساڵی 2021 بە مێگاوات پاڵپشت بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (2021)دا، لە تەواوی ساڵەکە بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی وزەی کارەبا بریتی بووە لە (3 هەزار و 373) مێگاوات، لەو بڕەش (498) مێگاواتی بە رێژەی (15%) هەناردەی عێراق کراوەو بڕی (2 هەزار و 875) مێگاواتیشی بە رێژەی (85%) خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە. بە جۆرێک؛ -    لە چارەکی یەکەمی (2021)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 455) مێگا وات، لەو بڕەش (128) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (3 هەزار و 327) مێگاواتیشی لە ناوخۆی هەرێم بەکاربراوە. -    لە چارەکی دووەمی (2021)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 245) مێگا وات، لەو بڕەش (479) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 766) مێگاواتیشی لە ناوخۆی هەرێم بەکاربراوە. -    لە چارەکی سێیەمی (2021)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 477) مێگا وات، لەو بڕەش (690) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 787) مێگاواتیشی خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە. -    لە چارەکی چوارەمی (2021) ، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 315) مێگا وات، لەو بڕەش (694) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 621) مێگاواتیشی خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە. بۆ وردەکاری زیاتر تایبەت بە بڕی وزەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی (مانگانە، وەرزی و ساڵانە) لە ساڵی (2021) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ وزەی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ساڵی 2022 بە مێگاوات بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (2022)دا، لە تەواوی ساڵەکە بە تێکڕا ئاستی بەرهەمی وزەی کارەبا بریتی بووە لە (3 هەزار و 304) مێگاوات، لەو بڕەش (630) مێگاواتی بە رێژەی (19%) هەناردەی عێراق کراوەو بڕی (2 هەزار و 674) مێگاواتیشی بە رێژەی (81%) خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستانەوە. بە جۆرێک؛ -    لە چارەکی یەکەمی (2022)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 474) مێگا وات، لەو بڕەش (604) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 870) مێگاواتیشی لە ناوخۆی هەرێم بەکاربراوە. -    لە چارەکی دووەمی (2022)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 109) مێگا وات، لەو بڕەش (628) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 480) مێگاواتیشی لە ناوخۆی هەرێم بەکاربراوە. -    لە چارەکی سێیەمی (2022)، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 396) مێگا وات، لەو بڕەش (696) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 700) مێگاواتیشی خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە. -    لە چارەکی چوارەمی (2022) ، بە تێکڕا کۆی ئاستی بەرهەم بریتی بووە لە (3 هەزار و 238) مێگا وات، لەو بڕەش (593) مێگاواتی هەناردەی عێراق و بڕی (2 هەزار و 645) مێگاواتیشی خراوەتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە. بۆ وردەکاری زیاتر تایبەت بە بڕی وزەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی (مانگانە، وەرزی و ساڵانە) لە ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەو چارتی ژمارە (3) سەرچاوەکان 1.    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێم، بەشی ئامارەکانی پیشەسازی، وزرەی بەرهەمی ناوخۆو هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ماوەی مانگەکانی ساڵی (2020) بە مێگاوات؛ https://bitly.ws/34cFt 2.    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێم، بەشی ئامارەکانی پیشەسازی، وزرەی بەرهەمی ناوخۆو هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ماوەی مانگەکانی ساڵی (2021) بە مێگاوات؛ https://bitly.ws/34cFx 3.    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێم، بەشی ئامارەکانی پیشەسازی، وزرەی بەرهەمی ناوخۆو هەناردەکراو بۆ تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ماوەی مانگەکانی ساڵی (2022) بە مێگاوات؛ https://bitly.ws/34cFD 4.    حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە سێ هەزار و ٩٠٠ مێگاوات، 15 کانوونی دووەم 2023؛ https://bitly.ws/34cFN 5.    سۆران حوسێن، حکومەتی هەرێمی کوردستان: بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 3500 مێگاوات بەرزبووەتەوە، 9/9/2023، رووداو؛ https://bitly.ws/34cFT  


درەو: بە گوێرەی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرێمی كوردستان دەكرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردنەوەو پارێزگای سلێمانی (چوار) كورسی كۆتای بەردەكەوێت، دوو كورسی توركمان و دوو كورسی مەسیحی، بە كورسی كۆتاكانەوە، پارێزگای هەولێر (38) كورسی بەردەكەوێت، پارێزگای سلێمانی (45) كورسی، پارێزگای دهۆك (28) كورسی بەردەكەوێت. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆچونی خۆی ئاراستەی دادگای فیدراڵی عێراق كردووە سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیەكانی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە بەم زووانە بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە رابگەیەنێت. بە پێی نوسراوێكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، شێوازی دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر بازنەكاندا روونكراوەتەوە، بۆ دادگای فیدراڵی عێراق.   لە نوسراوەكەی كۆمسیۆندا ئاماژە بەوە كراوە كە كۆمسیۆن پشت بە  تۆماری بایۆمەتری و كارتی بایۆمەتری دەبەستێت كە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان دەرچووە ژمارە (4) ی ساڵی 2018 هەمواری سێیەم. كۆمسیۆن لە دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا پشتی بە یاسای هەمواركراوی ساڵی 2018ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەستووە كە بەگوێرەی ئەو یاسایە هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی عێراق لە بازنەیەكی هەڵبژاردن پێكدێت و (320) كورسییە گشتییەكەی پەرلەمان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت. بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان، سێ پارێزگاكەی هەرێم لە كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق ئەم ژمارانەیان بەردەكەوێت: * سلێمانی: 18 كورسی * هەولێر: 15 كورسی * دهۆك: 11 كورسی واتە كۆی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتە 44 كورسی، بەوپێیەش رێژەی هەر پارێزگایەكی هەرێم لەكۆی كورسییەكان بەمشێوەیە دەبێت:  * سلێمانی 41% * هەولێر 34% *دهۆك 25% خشتەی ژمارە 1 بە پێی مادەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەكی 1992 پەرلەمانی كوردستان لە (111) ئەندام پێكدێت كە لە (100) كورسی گشتی و (11) كورسی كۆتا پێكهاتووە،  ئەو (100) كورسیە بەم شێوەیە دابەش دەبێت: * سلێمانی: 41 كورسی * هەولێر: 34  كورسی * دهۆك: 25 كورسی خشتەی ژمارە 2 بەپێی نوسراوەكەی كۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ورسی كۆتاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان، بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشدەكرێت: پارێزگای سلێمانی: ژمارەی دانیشتوان 41% واتا (4) كورسی كۆتای بەردەكەوێت (2) مەسیحی و (2) توركمان. هەولێر: ژمارەی دانیشتوان 34% واتا (4) كورسی كۆتای بەردەكەوێت (2) مەسیحی و (2) توركمان. دهۆك: ژمارەی دانیشتوان 25% واتا (3) كورسی كۆتای بەردەكەوێت (1) مەسیحی و (1) توركمان، (1) ئەرمەن. خشتەی ژمارە 3 بە پێی ئەو خشتانەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق خستویەتیە روو بەركەوتەی پارێزگاكان بۆ كورسی پەرلەمانی كوردستان لە كۆی (111) كورسیەكە بەم شێوەیە دەبێت پارێزگای سلێمانی: 45 كورسی پارێزگای هەولێر: 38 كورسی پارێزگای دهۆك: 28 كورسی خشتەی ژمارە 4 نوسراوەكەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە كە بڕیارەی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەو سكاڵایانە بدات كە لەلایەن یەكێتیەوە لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.      


راپۆرت: درەو سكاڵاكەی یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان، سبەینێ دواین دانیشتنی دادبینی لەسەر دەكرێت، دادگای فیدراڵی تاوتوێی ئەوە دەكات ئەگەر هەڵبژاردنی كوردستان بكرێت بە فرەبازنە، چۆن كورسییەكای پەرلەمان دابەشدەكرێت بەسەر بازنەكاندا، بۆئەمەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكەی عێراقی بانگهێشتكردووە، كە سەرۆكەكەی دادوەرێكی سنوری پارێزگای سلێمانییە، وردەكاری لەم راپۆرتەدا.  دواین دانیشتنی بەر لە بڕیاردان سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق جارێكی تر لەبارەی ئەو سكاڵایە كۆدەبێتەوە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی (زیاد جەبار)ەوە تۆماریكردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سكاڵاكە نادات‌و بەر لە بڕیاری كۆتایی، دواین دانیشتنی دادبینی بەڕێوەدەبات.  (درەو) زانیویەتی، بۆ دانیشتنی سبەینێ، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرۆكەكەی دادوەرێكی سنوری پارێزگای سلێمانییە، بانگهێشتی دانیشتنی دادگا كراوە، لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن دادگا پرسیاری لێدەكات، بەتایبەتی لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت، ئایا كۆمسیۆن بەكام تۆماری هەڵبژاردن كورسییەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش دەكات ؟ ئایا بە تۆماری دەنگدەرانی عێراق یان تۆمارەكەی هەرێمی كوردستان ؟  بانگهێشتكردنی كۆمسیۆن لەسەر ئەم بابەتە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەو ماددەی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەندكردووە كە داوا دەكات شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە (یەك بازنەیی)وە بكرێت بە فرەبازنەیی، وەكو ئەوەی لە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە بەر لە هەمواركردنی.  لەبارەی سكاڵاكەوە دادگای فیدراڵ عێراق ماوەی (7) مانگە تاوتوێی ئەو سكاڵایە دەكات كە یەكێتیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن تۆماریكردووە، لەم سكاڵایەدا، سكاڵاكارەكان دوو كەسن، یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییە)‌، ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیە.  دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون. زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی. كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت‌و، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا (ئەمە ئەو ماددەیە كە سبەینێ دادگا لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دادبینی لەسەر بەڕێوەدەبات). ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات. ماددەی بیست‌و دوو: 1-    هەر  كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن. 2-    لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون. ماددەی سی‌و شەش: 1-    پێنج كورسی بۆ كلدان ‌و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 2-    پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 3-    یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكات‌و هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببرێت، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان‌و (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە. ئەگەر دادگا هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر ئەسڵەكەی بەر لە هەمواركردن، واتا (یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان) كە ساڵی 1992 بەرەی كوردستانی دەریكردووە، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت: ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی، واتا (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی توركمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمە بەشێك لە حزبە توركمانەكانی نیگەران كردووە.   ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت، یەكێتیی دەیەوێت لە رێگەی ئەم ماددەیەوە شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ فرەبازنەیی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە ئەوەی وایكردووە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت، شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردنە، یەكێتیی پێشتر لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر شێوازی فرەبازنەیی دەكردەوە، پارتی بەم مەرجە قایل بووە، هەردوولا رێككەوتن كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام لەسەر دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن‌و هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە كۆتایی  بە گفتوگۆكان هێناو نەتوانرا یاسای هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە. ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)‌و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردن‌و بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشان‌و مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێ‌و بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو  بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە. ماددەی بیست و دوو: 1-    هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات. 2-    لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیست‌و یەكەمدا هاتوون. ماددەی سی‌و شەش: 1-    سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی). 2-    ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە. 3-    هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكات‌و دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی. 4-    ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە. چارەنوسی هەڵبژاردن ! هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم مەرسومی بۆ دەركردبوو، بەڵام لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەمە وایكرد پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە.  رۆژی 26ی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی مەرسومی دووەمی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دەركرد‌و رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023ی دیاریكرد، بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەم مەرسومەش پەكی كەوت.  دوای هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەما، بەتایبەتیش كە پەرلەمان نەیتوانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە، ئیتر نێچیرڤان بارزانی مەرسومی سێیەمی دەركرد‌و رۆژی 25ی شوباتی 2023ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكرد، سەرپەرەشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیشی دایە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.   ئەگەر هەڵبژاردن لە 25ی شوباتی 2024 دوابكەوێت، كه‌ ئه‌مه‌ ئێستا ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌حاڵی دروستبوونی ناكۆكی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسی به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، دەبێت بە سێیەم جار هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە تشرینی دووەمی 2022وە وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتووەو حكومەتی هەرێم بووە بە حكومەتێكی كاربەڕێكەرو شەرعیەتی هەڵبژاردنی لەدەستداوە.  هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا روبەڕووی مەترسی لەدەستدانی شەرعیەتی دامەزراوەكانی بووەتەوە كە لەژێر فشاری توندی حكومەتی فیدراڵیدایە‌و هێشتا پشكی خۆی لە یاسای بودجەی گشتی پێنەدراوە‌و پێویستی بە چەندین گەڕ دانوستان هەیە، ئەمە لەپاڵ دانوستان لەبارەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، یاسایەك كە چارەنوسی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بەسەر كەرتی نەوت‌و غازدا یەكلادەكاتەوە. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand