لە بەغداد چی دەگوزەرێت ؟

Draw Media

2019-12-10 08:33:50



(درەو میدیا):
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان لە بەغدادەوە باسلەوە دەكەن، لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی دۆخی سیاسییەوە گەیشتووەتە هەندێك رێككەوتن‌و لێكتێگەیشتن.
دیارترین ئەو خاڵانەی كە رێككەوتنیان لەسەر كراوە ئەمانەن:
•    لە شوێنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی كە دەستیلەكاركێشاوەتەوە‌و ئێستا وەكو كاربەڕێكەر حكومەت بەڕێوەدەبات، حكومەتێكی كاتی نوێ لە عێراق پێكدەهینرێت.
•    حكومەتە كاتییەكە بۆ ماوەی یەكساڵ بەردەوام دەبێت لە كاركردن.
•    حكومەتی كاتییە نوێیەكە دوای دەستبەكاربوونی چەند ئەركێك دەكەوێتە سەرشانی كە دەبێت لەماوەی یەكساڵی تەمەنیدا جێبەجێیان بكات، ئەركەكان بریتین لە:
1-    ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای پەسەندكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە پەرلەمان. 
2-    كاركردن لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی‌و رەوانەكردنیان بۆ دادگا.
3-    جێبەجێكردنی پاكێجێك لەو چاكسازییانەی كە پێشتر‌و لەسەرەتای خۆپیشاندانەكاندا راگەیەندراون.
4-    تەواوكردنی پرۆژەبودجەی ساڵی 2020.
•    سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، رێككەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی كاتیی، تائێستا دورە لە كەشوهەواو ئارەزووی مەرجەعیەت لە نەجەف.
•    ئێستا گفتوگۆكان لەسەر ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ حكومەتە كاتییەكە چڕبووەتەوە، هەندێك لە كوتلەكان تێبینییان لەسەر چەند ناوێك هەیە‌و پشتیوانی هەندێك ناو و كاندیدی تر دەكەن، بەڵام لەمەشدا هەموان بەوردی رەچاوی ئەوە دەكەن ئەو كاندیدەی كە پشیتوانی دەكەن كەسێك نەبێت كە بەناوهێنانی شەقامی ناڕازیی زیاتر ئاڵۆز ببێت.
•    لەچەند كاتژمێری رابردوودا ناوی چەند كەسێك وەكو كاندید بۆ سەرۆكایەتی حكومەتە كاتییەكە پێشنیازكراوە لەوانە (عەبدولحسێن عەبتان- وەزیری پێشووی وەرزش و لاوان)، (محەمەد شیاع سودانی- وەزیری پێشووی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی)‌و (عامر عەبدولجەبار- وەزیری پێشووی گواستنەوە)، وەكو باسدەكرێت عامر عەبدولجەبار سەرباری ئەوەی لەناو شەقامی ناڕازیدا پێگەی باشە، بەڵام پێناچێت چانسی وەگرتنی پۆستەكەی هەبێت.
•    بەپێی قسەی پەرلەمانتاران تاوەكو كۆتایی ئەم هەفتەیە‌و سەرەتای هەفتەی نوێ، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەپێی دەستور ناوی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت رادەگەیەنێت، كاندیدە نوێیەكە ئەركی قورس دەبێت، لەلایەن دەبێت شەقامی توڕە قایل بكات، لەلایەكی تر مەرجەعیەتی ئاینیی لە نەجەف، لەنێوان ئەوانیشدا دەبێت پارسەنگێك لەنێوان كوتلە‌و لایەنە سیاسییەكاندا بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand