پەرلەمان سوێند دەخوات؛ كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟
2025-12-15 07:30:29
(درەو):
تا 15 رۆژی تر دەبێت كاندیدە سەركەوتووەكانی پەرلەمانی عێراق هەم سوێندی یاسایی بخۆن، هەم سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیش هەڵبژیرن، بەگوێرەی سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان، هەر كورسییەك بەتاڵ بێت بەمشێوەیە پڕدەكرێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەندكرد، ئێستا ئیتر دەبێت سەرۆك كۆمار (ئێستا لەتیف رەشیدە) داوای لە خولی نوێی پەرلەمان (خولی شەشەم) بكات لەماوەی 15 رۆژدا یەكەم دانیشتنی خۆی سازبدات (ئەمە بەگوێرەی ئەوەی لە ماددەی 54ی دەستوردا هاتووە، بەپێی ئەم وادەیە نابێت ماوەی سازدانی دانیشتنەكە لە 15 رۆژ زیاتر درێژبكرێتەوە).
یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت، پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، بەمەش بەپێی ماددەی (56ی دەستور) ئیتر یەكەم رۆژی خولی نوێی پەرلەمان دەستپێدەكات.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەسەندكرد، كاندیدی سەركەوتووی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبێت لەماوەیەكدا كە (یەك مانگدا) لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانەوە سوێندی یاسایی بخوات، بەپێچەوانەوە بەگوێرەی (سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان) كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەریكردووە، جێگرەوی بۆ دیاری دەكرێت، بەوشێوەی لەخوارەوە هاتووە.
كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە؟
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (5) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی لە پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیە دیاریكردووە:
* ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان لیست و بازنەی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگی هێناوە، شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.
* ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە.
* ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ بوو، كە لەچوارچێوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، كورسییەكە تەرخان دەكرێت بۆ كاندیدێكی تر لە هەمان پێكهاتەو بازنەی هەڵبژاردن كە زۆرترین دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە.
* ئەگەر كورسی "كۆتا"ی ژنان چۆڵ بوو، مەرجە ئەو ژنەی كە شوێنی دەگرێتەوە لە هەمان لیستی كراوەی هەڵبژاردن بێت. ئەم دەقە جێبەجێ نابێت بەسەر كورسی چۆڵ بوو لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراو بۆ "كۆتا"ی پێكهاتەكان.
* ئەگەر هاتوو كورسی چۆڵ بوو تایبەت بوو بە ژنێكی براوە لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیی، كورسییەكەی تەرخان دەكرێت بۆ ژنێك لە حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی هێنابێت بەڵام كورسی پەرلەمانی نەبردبێتەوە.
