عەبدولستار مەجید: ئیمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین نەك حزب
.png)
2019-10-01 08:17:55
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا
" كابینەی نۆیەم تا ئێستا نەیتوانیوە چاكسازی ئەنجامبدات بەڵام جارێ زووە بڕیار بدەین كە ئەم حكومەتە شكستی هێناوەو چاكسازی پێناكرێت" ئەمە بۆچونی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیە لە پەرلەمانی كوردستان.
عەبدولستار مەجید چاكسازی بەزەحمەت دەبینێت بەتایبەتیش" تا دەسەڵاتی ئەو دوو هێزە بەسەر هەرێمی كوردستانەوە زاڵ بێت"
سەبارەت بە فۆرم و شێوازی ئۆپۆزسیۆن بوونی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ رونیدەكاتەوە كە" ئۆپۆوسیۆنێكین بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان، بە سیاسەت و بە مەنهەجی خۆمان ئۆپۆزسیۆنین، بەلای ئێمەوە ئۆپۆزسیۆن مانای ئەوە نیە كە ئێمە دژی ئەو حزبانە بین كە لەدەسەڵاتدان، یان دژی ئەو فراكسیۆنانەبین كە حزبەكانیان لەدەستەڵاتن، ئیمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین".
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە
درەو میدیا: ئێوە لەماوەی رابردوو سەردانی مەسعود بارزانیتانكرد، دەرئەنجامی ئەو كۆبونەوەیە كە ئێوە لەمستان كردبێت لەرووی سیاسیوە بریتیە لە چی؟
عەبدولستار مەجید: كۆبونەوەكەی ئێمە لەگەڵ بەرێز مەسعود بارزانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموركاتی كوردستان بوو، كە لەو چەند ساڵەی رابردوودا پەیوەندییەكانمان بە قۆناغێكی ساردو سڕدا تێپەڕی، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بەلای ئیمەوە، ئەو هەڵوێست و قەناعەتانەی ئێمە هەمانبوو سەبارەت بە هەندێك پرس و بابەت كە هاتە پێشەوە، ئێمە دیارە هەر لەسەر هەمان قەناعەت و مەبدەئو هەڵوێستەكانی خۆمان بەردەوامین، بەڵام دیارە بۆ ئەوكات پێویست بوو كە ئێمە هەڵوێستی خۆمان رۆشن بكەینەوە، سەردانەكەمان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان بوو وەكو دوو حزب، ئێمە ئەوەشمان رونكردەوە كە ئێستا ئۆپۆزسیۆنین لە كوردستان، ئۆپۆوسیۆنێكین بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان، بە سیاسەت و بە مەنهەجی خۆمان ئۆپۆزسیۆنین، بەلای ئێمەوە ئۆپۆزسیۆن مانای ئەوە نیە كە ئێمە دژی ئەو حزبانە بین كە لەدەسەڵاتدان، یان دژی ئەو فراكسیۆنانەبین كە حزبەكانیان لەدەستەڵاتن، ئیمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین.
درەو میدیا: ئەو بۆچونە رونە كە ئێوە دەڵێن ئۆپۆزسیۆنی حكومەتن، نەك پارتە سیاسیەكان، بەڵام هۆكار چیە ئەمجارە جیاواز لە جارەكانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن بونتان، ئێوە دەڵێن ئۆپۆزسیۆنی حكومەتن نەك پارتە سیاسیەكان، لە كاتێكدا لە رابردوو ئێوە ئۆپۆزسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بوون. وەك لایەنێكی بەشدار لە حكومرانی و حكومەت؟
عەبدولستار مەجید: ئەو حاڵەت و روداوانەی كە لە رابردودا رویدا ئەگەر دوبارە ببێتەوە ئێمە هەمان هەڵوێست و هەمان قەناعەت و مامەڵەمان دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئێمە كاتێك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت بین، ئەوا ئێمە قسە لەسەر حكومەت دەكەین و چاودێری كاروبارەكانی حكومەت دەكەین دیارە دەبێت پەنجە لەسەر كەموكوڕی و گەندەڵی و ناعەدالەتییەكان دابنێین ، ئەگەر ئێمە بەئەركی خۆمان هەڵساین ، دیسان حزب هاتە سەر خەت، بێ بەرگری لەو دامەزراوانە بكات كە ئێمە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حكومەت و دامەزراوانەین، ئەوكات ئێمە ناچار دەبین ببینە ئۆپۆزسیۆنی حزبیش، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حزب نین بەڵام كاتێك حزب بێت پشتگیری گەندەڵی و ناعەدالەتی بكات پشتگیری قۆرخكاری بكات، ئێمە ئەو كاتە ناچارین، ئەو هەڵوێست و قەناعەتەی هەمانە بۆ حكومەت ئەوانیش دەگرێتەوە .
درەو میدیا: كەواتا پێتان وایە شتێك لە خەسڵەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕا بێت، بۆ ئەوەی ئێوە والێبكات تێگەیشتنێكی تر لەبارەی ئۆپۆسیۆن نەبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بگرنە بەر؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە نازانین گۆڕاوە یان دەگۆڕێت، ئێمە بینا لەسەر بڕیارێكی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەكەین كە لەدوای هەڵبژاردنەكان بڕیارماندا، پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكان ئەگەر بەشداری حكومەتمان كرد، حاڵەتێك و ئەگەر بوینە ئۆپۆزسیۆنیش ئەوا حاڵەتێكی كەیە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەمان كردووە، دەبێت بزانین ئەوانیش چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوبارودۆخە دەكەن، بۆیە لە داهاتوودا ئەمانە دەیسەلمێت، بەرای من زۆر زەحمەتە ئەم عەقڵیەتە كۆتایی بێت لە هەرێمی كوردستان ئەمە یەكێكە لە هەرە كێشە گەورەكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بەیەكێك لە هۆكارەكانی شكستی حومكرانی و كە حزب هەمیشە دەستی لەكاروبارەكانی دامەزراوەكانی حكومەت وەرداوە و هەمەكارەبووە، خاوەن بڕیاربووە، بڕیاری بۆ پەرلەمان و حكومەت داوە بڕیاری بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و قەزا داوە، بۆیە زەحمەتە واز لەو كارە بهێنن خۆ ئەگەر واز بهێنن، ئەوكات كێشەمان لەگەڵ حزب نیە.
درەو میدیا: پێشتر هەوڵ هەبووە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات پێش ئەوەی ئێوە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون رابگەیەنن؟ بۆچی لەو قۆناغەدا ئەمیری كۆمەڵ سەردانی مەسعود بارزانی نەكرد، بەڵام لەكاتی ئۆپۆزسیۆن بوندا سەردانیكرد؟
عەبدولستار مەجید: تەنها لەپێناو ئەوە بووە كە خەڵكی كوردستان ئەوەی لەلا دروست نەبێت كە كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵوێستەكانی پەشیمان بۆتەوە، چونكە لەوكاتەدا ئەگەر ئەو سەردانە كرابایە، خەڵكی وای لێكدەدایەوە كە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بۆیە سەردانی مەسعود بارزانی كردووە بۆ ئەوەی ببرێتە حكومەت، ئەو قسەیە دەشكرا بەراستی، بۆیە ئێمە وتمان نەخێر ئەو سەردانە دوادەخەین بۆ كاتێكی گونجاو بۆیە بەرای مەكتەبی سیاسی ئەم سەردانە لە كاتێكی گونجاودایە، هیچ كاریگەریەكی لەسەر نەبووە، جگە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، كارمان بەوە نەبووە كە ئێمە دەبینە ئۆپۆزسیۆن یان دەچینە حكومەت چونكە ئەمە كۆتایی پێهاتبوو، وە هیچ كێشەیەكی واشمان نەبوو كە كێشەیەكی ئانی بێت، تەنها باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان كرا، باسی بارودۆخی كەركوك كرا، باسی پەیوەندی حزبەكان كرا.
درەو میدیا: ئایا لە كۆبونەوەكە شتێكی وا باسكرا كە تا ئێستا ئێوە بۆ رای گشتیتان بڵاونەكردبێتەوە، بتانەوێت ئاشكرای بكەن؟
عەبدولستار مەجید: نەخێر كۆبونەوەیەكی زۆر ئاسایی بوو، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، ئەو هەوڵانەی كە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند، باسی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كرا، ئێمە هەوڵ ئەدەین هاوهەڵوێست بین بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
درەو میدیا: دوای رێگری لە مەحمود سەنگاوی و روداوی تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان لە سلێمانی و هەولێر، چەند ئومێدت ماوە بە گۆڕانكاری لە عەقڵیەتی حزبەكاندا؟
عەبدولستار مەجید: ئومێدمان زۆر لاوازە ئێمە هەمیشە وتومانە ئەم دامەزراوانەی حكومەتی هەرێم دامەزراوەی راستەقینە بن، بەرئەركەكانی خۆیان هەڵستن، دووربن لە دەستوەردانی حزب و پاشخانی كێشە حزبیەكانی رابردوو بەڵام بەداخەوە ئەم دامەزراوانەی هەرێم وەك كەڵەكی سەرئاو وایە، كەڵەكێك چەند بەردێك دادەنێیت لەناو ئاو بەڵام كە شەپۆلێكی بەهێز دێت دەیروخێنێت، ئەو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنانەی لە هەرێمی كوردستانیش هەیە بەشێكی بۆ ئەوەیە كە دەستی حزب بەهێز بكات لە حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان من پێم وایە ئەمە كۆتایی پێنەهاتووە چەندین رێگریش بەتایبەت رێگری لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و تەقەكردن لە بارەگاكانی یەكتر، ئەگەر رێككەوتنەكان لەسەر بناغیەكی بەهێز بن، روداوەكان بەو ئاراستەیە نابن كە مەترسی دوو ئیدارەیی درووست ببێتەوە.
درەو میدیا: ئەی چەند مەترسی لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی هەیە، بەتایبەت پێشتر فشارتان لەسەر بوو تەقە لە بارەگاكانتان كرا؟ تا ئێستا چەندین ئەندامی ئێوە بێسەرو شوێنن ئازاد نەكراون؟ چارەنووسیان دیارنیە؟ ئەم مەترسیانە هێشتا چەند بەهێزن لەسەر ئێوە؟
عەبدولستار مەجید: مەترسیەكان نەك لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی مەترسیەكان لەسەر ئەزمونی هەرێمی كوردستانیشە، مەترسیەكان لەسەر تاك بە تاكی هاوڵاتی هەرێمی كوردستانە، ئەو مەترسیانە هەیە بەڵام ئێمە لە رابردوودا ئەو قۆناغانەمان تێپەراندووە،
درەو میدیا: ئێوە مەترسی ئەوەتان هەیە ئەو حاڵەتانە دوبارە بنەوە بەرامبەر بە كۆمەڵی ئیسلامی بەتایبەت ئەوانەی رابردوو هیچیان نەگەیشتنە ئەنجام ؟
عەبدولستار مەجید: ئومێدەوارم ئەوەی لە رابردوو بینیمان چ لەشەڕی ناوخۆ چ لە دوو ئیدارەیی، هەوڵدان بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵكی دوبارە نەبێتەوە، دەخوازین ئەو روداوانەی كە لە نێوان پارتی و یەكێتیش روودەدەن نەیگەیەننە روداوی نەخوازراو هێز كۆبكەنەوە، ئەوان كە باسی یاسا و دادگا دەكەن فەرموون با كێشەكانی خۆیان ببنە بەردەم یاسا و لە دادگا یەكلای بكەنەوە ، پێم وایە بارودۆخ و روداوەكان بە شێوەیەكە كە رێگە نادەن ئەو روداوانە دووبارە ببنەوە، وە ئەگەر دووبارە ببێتەوە زیانی زۆر گەورە دەكەن.
درەو میدیا: دەرئەنجام و باسی گۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی بە كوێ گەیشتووە؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ كاركردن لەسەر رێوشوێنەكانی كۆنگرە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە درووستكراوە، بڕیار وایە لەم مانگەدا كۆبونەوەكان لە مەڵبەندەكان بكرێت كە ئەوە قۆناغی یەكەمە، قۆناغی دووەم دەستپێكردنی كۆنفرانسە ناوچەییەكانە، ئامادەبونە بۆ بەستنی كۆنگرە.
درەو میدیا: هیچ جۆرە ململانێیەك لەسەر كۆنگرە رویداوە، بەجۆرێك باس لە دوو بۆچونی دەكرێت، جۆرێكیان داوای ئۆپۆزسیۆنی توند دەكەن و جۆرێكیشیان داوای بەنەرمی مامەڵەكردن دەكەن لەگەڵ ئەو حزبانەی لە حكومەتن، ئەو دوو دیدگایە چۆن جێگەیان دەبێتەوە؟
عەبدولستار مەجید: جارێ پێویستە بۆ هەموولایەك رونبێتەوە، كە ململانێیەكمان نیە لە ئێستادا، وەك باسی دەكەیت لە وادەی نزیك بونەوەی گۆنگرە، هەمیشە بڕیارو هەڵوێستەكانمان بە راوێژ بووە، راوێژكردن یەكێكە لە سەرەكیترین بنەمای بڕیاردان، ئێمە بڕیارمانداوە كە ئۆپۆزسیۆن بین كاتی خۆی مەكتەبی سیاسی بریاریدا بۆ بەشداری لە كابینەی هەشتەم ، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی بڕیارمانداوە كە بە عەقڵ و تێگەیشتنی خۆمان لەم كابینەیە ببینە ئۆپۆزسیۆن نەك بە تێروانینی كەسی دیكە، ئۆپۆزسیۆن بۆخۆی كۆمەڵێك مەبادیئی خۆی هەیە كە پابەند دەبین پێیەوە، ئێمە لە ئێستادا هیچ كێشەیەكمان نیە لەو رووەوە ئێمە نە ئەوەیە هەندێك نەرم مامەڵە بكات و هەندێكی تر توند بەڵكو مامەڵەیەكی میانڕەو دەكەین لە ساحەكەدا، ئێمە بەزۆرینە لە مەكتەبی سیاسی ئەوەمان چەسپاندووە كە ببینە ئۆپۆزسیۆن رەنگە كەمینەیەكیش هەبوبن دژی بوون بەڵام دەبێت پەیوەست بن بە زۆرینەوە.
درەو میدیا: ئەوەی حكومەت لە سەرەتاوە بانگەشەی چاكسازی دەكرد پێتان وایە چەندی جێبەجێكراوە، ئایا حكومەت لە ماوەی ئەم چەند مانگە توانیویەتی چاكسازی بكات؟
عەبدولستار مەجید: بەڕای ئێمە نەخێر نەیتوانیوە چاكسازی ئەنجام بدات، بەڵام جارێ زووە ئەو بڕیارە بدەین كە ئەم حكومەتە شكستی هێناوەو چاكسازی پێناكرێت،بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئەم حكومەتە پێكهاتووە شتێكی زەق و گەورە نەبینراوە كە ئەنجامی دابێت، كوردەواری خۆشمان دەڵێت شەوە زەنگ لە ئێوارەوە دیارە، ئێمە ئومێدمان وایە بتوانێت چاكسازی بكات گەندەڵی نەهێڵێت قۆرخكاری بنەبڕبكات، بەڵام ئێمە ئەمە بەزەحمەت دەبینین تا دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە بەسەر هەرێمی كوردستانەوە زاڵ بێت، هەروەك پەندە عەرەبیەكە دەڵێت:( سێبەر چۆن راست دەبێت گەر دار خوار بێت).
درەو میدیا: ئەگەر چاكسازی نەكرێت و ئەم بارودۆخە هەر بەردەوام بێت ئێوە بانگهێشتی مەسرور بارزانی دەكەن بۆ پەرلەمان؟ دەنگی بۆ كۆ دەكەنەوە؟
عەبدولستار مەجید: هەڵبەت ئێمە هەموو رێكارە یاساییەكان كە لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە بۆ چاودێریكردنی حكومەت و كاروبارەكانی حكومەت دەیگرینەبەر هەرلە پرسیارپێكردن كە ئێمە چەند جار پرسیارمان ئاراستەی وەزارەتەكانكردووە، هەوڵماندووە تا پرسیاركردن و بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان، خۆ ئەگەر بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان ئێمە بۆ رای گشتی بڵاودەكەینەوە.
