پرۆژە یاسای چاكسازی رادەگیرێت

Draw Media

2019-09-17 19:55:39



راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا – محەمەد رەئوف
كەمپەینی( هەڵمەتی دادپەروەری) لە موچەو ئیمتیازاتی پلە تایبەتەكان داوا دەكات چاكسازی لە لوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتی سیاسییەوە بكرێت، بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆژە یاسای چاكسازی لە موچەو خانەنشینیدا رادەگیرێت. 

هەڵمەتی دادپەری چیان دەوێت؟
ئەمڕۆ سییەمین  گردبونەوەی (هەڵمەتی دادپەروەری) بۆ دادپەروەری لە موچەو ئیمتیازاتی پلە باڵاكان و نزیككردنەوەی لە موچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی، كە لە ئێستادا جیاوازیەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە.
لە بەیاننامەی سییەمین گردبونەوەی (هەڵمەتی دادپەروەری)دا  ئاماژە بەوەكراوە كە" موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان" ئەوان ئاماژە بە موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان دەكەن كە ناعەدالەتیەكی زۆری تێدایە" یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە 2 ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیكش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان, ئەوەشی كاری نەبووە, بە پێی بڕوانامەو پسپۆرییەكەی دابمەزرێت"
زیاتر لە ( 2 هەزار) خانەنشینی پلە تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەیە كە مووچەكانیان لە( 4 ملیۆن و 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 9 ملیۆن و 500 هەزار دینار)، موچەی مانگانەی وەزیر و پەرلەمانتارێك ( 8 ملیۆن و 200 هەزار ) دینارە، هەر وەزیر و پەرلەمانتارێك بە (80%)ی كۆی موچەكەی خانەنشین دەكرێت، بە بێ رەچاوكردنی تەمەن و ساڵی خزمەت، كە دەكاتە ( 6 ملیۆن و 560 هەزار) دینار.
عەلی مەحمود ناسراو بە "عەلی سیاسی"  چالاكی مەدەنی و سەرپەرشتیاری ( هەڵمەتی دادپەروەری) كە كەم خۆپیشاندان و گردبونەوە هەیە لە پایتەختی هەرێمدا ئەوی تێدا نەبینرێت، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ماوەی 10 ساڵ و دوو مانگە ( هەڵمەتی دادپەروەری) بەردەوامە، ئەمیش لە پێناو دادپەروەری لە موچەو خانەنشینیدا، كە موچەی سەرۆكی عێراق و هەرێم لە موچەی زۆرێك لە وڵاتانی دونیا زیاترە، موچەی پەرلەمانتارێكی هەرێم 30 هێندەی موچەی پەرلەمانتارێكی تونسە سێ هێندەی موچەی پەرلەمانتارێكی توركیایە، موچەخۆرێك كە تازە دابمەزرێت (140 هەزار دینار )وەردەگرێت موچەی پەرلەمانتارێك(80 ) هێندەی كەسێكی تازە دامەزراوە، بەڵام موچەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ كرێكارێكی ئاسایی 6 ئەوەندەو نێوە"
بەشدارر عوسمان، كە لە 2010 برا رۆژنامەنوسەكەی (سەردەشت عوسمان) تیرۆركرا و بەشداری كەمپەینی ( هەڵمەتی دادپەروەریە) بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ناعەدالەتی گەورە لە موچەدا هەیە، هۆكاری سەرەكی ئەو ناعەدالەتیەی لە كۆمەڵگەی كوردیدایە لە هەڕەمەكانی سەرەوە دەستپێدەكات لە كۆمپانیای نەوت و باغ و ڤێلای بەرپرسان و داگیركردنی زەویەوە دەستپێدەكات بۆیە  ئێمە ئێستا رومان لە دەسەڵاتدارانی كوردستانە لە سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان و چینە دەسترۆیشتووەكانی داوامان وایە ئەگەر دەسەڵاتداران دەیانەوێت چاكسازی بكەن دەبێت، لە چینە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە دەستپێبكرێت دادپەروەری لەوێوە دەكرێت نەك لەسەر چینی رەشوروت" ئەو پێی وایە "ئەو كابینەی ئێستا لەسەر حوكمەو بانگەشەی چاكسازی و دژە گەندەڵی دەكات بەڵام ئەو كارانەی دەیكەن زیاتر روكەشن و نەیانتوانیوە كەس بدەنە دادگا"
كەمپەینی ( هەڵمەتی دادپەروەری) لەماوەی (١٠)ساڵی كاركردن و بەردەوامی زیاتر لە (١٢٠٠ )واژووی چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵكی كوردستانی بە ئامانجی ئەنجامدانی  چاكسازی لە سیستەمی مووچە و خانەنشینی پێشكەش بە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران كردووە.

پرۆژە یاسای چاكسازی رادەگیرێت
پرۆژە یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەندكراو دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵك‌و ناكۆكی حزبەكانەوە پەسەندكرنەكەی رەتكرایەوەو حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانیش لیژنەیەكی بۆ پێكهێناوە، لە ئێستادا كارەكانی بە سستی بەرێوە دەچێت و بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا)ش كارەكانی راگیراوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند"  پرۆژە یاسای چاكسازی " راگیراوە، چەند رۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك بەرپرسی خانەنشینكراوی پارتی دیموركاتی كوردستان دەچنە لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و داوای لێدەكەن ئەو پرۆژە یاسایە رابگرێت، چونكە ئەو پرۆژە یاسایە زیان بە بەشێكی زۆری پێشمەرگەو بەرپرسە خانەنشینكراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەگەیەنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش بەو پرۆژەیە نیگەران بوون چونكە زیان بە زۆرینەی پێشمەرگەو بەرپرسە خانەنشینكراوەكانیان دەگەیەنێت، هەربۆیە مەسعود بارزانی داوای راگرتنی ئەو پرۆژەیەی كردووە.
لە ئێستادا لیژنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ "پرۆژە یاسای چاكسازیەكە" پێكهاتووە كار و كۆبونەوەكانیان ناكرێت یاخود بەسستی بەڕێوە دەچێت و لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستانیش كە لە فراكسیۆنەكانی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) پێكهاتوە، تا ئێستا كۆنەبۆتەوە. 

لەبارەی یاساكەوە 
پرۆژەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە (24) ماددە پێكهاتووە، بەپێی وتەی زۆرێك لە پەرلەمانتاران بە پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە، مانگانە زیاتر لە (100 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. 
ئەم یاسایە كە پێشتر لە پەرلەمان پەسەندكراو دواتر هەڵوەشێندرایەوە، لەكاتی خۆیدا نیگەرانی زۆری دروستكرد، ئەوكات نیگەرانییەكان زیاتر لەسەر چەند خاڵێك چڕبووبونەوە:
•     یاساكە كەمترین موچە بۆ هەر فەرمانبەرێك بە (300 هەزار) دینار دیاریكردبوو، پەرلەمان داوای دەكرد كەمترین ئاستی موچە (400 هەزار) دینار بێت، حكومەت رەتیدەكردەوە بەوپێیەی لەناو قەیرانی دارایدا بوو.
•    موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاكان كە لە یاساكەدا بە زیاتر لە (4 ملیۆن) دینار دیاریكرا بوو، ناڕەزایەتی لە شەقام دروستكرد، بەڵام لایەنی باشی یاساكە ئەوە بوو كە دەرگای بۆ هەموو پلە باڵاكان (وەزیرو پەرلەمانتار) كردبووەوە كە ئەگەر موچەی خانەنشینی رەتبكەنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەمەش بەهانەی هەموو ئەوانەی دەبڕی كە باسیان لەوەدەكرد موچەی خانەنشینی زۆریان ناوێت‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات.
•     حكومەتی هەرێمیش كێشەی لەگەڵ دەرماڵەكاندا هەبوو، دەیویست لە یاساكەدا كەمبكرێنەوە، بەڵام لیژنەكانی پەرلەمان پێیانوابوو ئەگەر لەناو یاساكەدا ڕێكبخرێت زۆربەی دەرماڵەكان نامێنن، بۆیە پەرلەمان دەیوت ‌چۆن پێشتر حكومەت خۆی بە بەڕێنمایی دەرماڵەی ڕێكخستووە، دەبێت هەر بەوشێوەیە خۆی كەمیبكاتەوە، حكومەت دەیویست لیكەوتەكانی بڕیارەكە بخاتە ئەستۆی پەرلەمان، پەرلەمانیش تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی حكومەت.  
سەرباری ناڕەزایەتی‌و ناكۆكییەكان، یاساكە خاڵی گرنگی تێدابوو بەئاڕاستەی چاكسازی‌و بەرژەوەندی گشتی، پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا كە رۆژی دوای پەسەندكردنی یاساكە دەریكرد، لایەنە باشەكانی یاساكەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە (ئەم رونكردنەوەیە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەسەندكردنی یاساكە دەرچووە):
* زامنكردنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەكەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەك بخرێتە سەر حیسابی بانكیی فەرمانبەران‌و لە داهاتووش بە پەیڕەوێكی تایبەت شێوازی مامەڵەپێكردنی رێكبخرێت‌و فەرمانبەران بتوانن بەكاری بهێنن.
* ئەوە جێگیركراوە كە هیچ خانەنشینێك نابێت لە سێ سەد هەزار دینار كەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت.
* هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەكان كە رۆژێك لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە. 
* راستكردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو كەسانەی كە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینكراون.
* یەكخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەو یەكە كارگێڕییەكان كە موچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەكرێت بە سەربازی‌و مەدەنی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی.
* یەكخستنەوەی یەكەكانی ژمێریاریی سەربە یەكەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگ‌و پیرۆزە بەرەو یەكخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
* دانانی میكانیزم‌و كاتی دیاریكراو بۆ پاككردنەوەی لیستی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی‌و كەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند كە ئەمە خواستی خەڵكی كوردستانە.
* دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلەباڵاكانی هەرێم لەچوارچێوەی پەیڕەوێك كە حكومەت‌و پەرلەمان لەماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەكەن. 
* رێكخستنەوەی دەرماڵەكان‌و زیاتر لە یەكجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناكردنی كەسوكاری شەهیدان‌و خاوەن پێداویستیی تایبەت.
* دروستكردنی سندوقی خانەنشینی‌و قەدەغەكردنی خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لەم سندوقە.
* سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاكان لە سەرۆكایەتیی هەرێم‌و حكومەت‌و پەرلەمان‌و وەزیرو پەرلەمانتارو وەكیل وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی‌و سەرجەم پلە تایبەتیەكان، میكانزمێك پەسەندكراوە بە بەراورد بە یاسا بەركارەكانی پێشوو كە هەبوون بۆ خانەنشینكردنی ئەمانە رێژەیەكی زۆری خانەنشینییان كەمكراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەت‌و بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێت‌و لە رێژەی بیست‌و پێنج لە سەد لە موچەكەیان دەستپێدەكات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەكەیان زیاتر بێت‌و ئەوانەشی لە پەنجا ساڵ زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی موچەكەیان زیاتر بێت، لە كاتێكدا پێشتر هەمویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەكران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیەو هەریەك لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان.

خانەنشینی پلەباڵاكان
ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو بەبێ جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە، موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتاران لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی عێراقدا چارەسەری بۆ دیاریكراوە.
بەڵام پێشتر پەرلەمانی كوردستان بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكرد كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی‌و ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە.
پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكە، پرۆژەكەی بەوجۆرە پەسەندكرد " هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك كە تەمەنی لەسەرو 50 ساڵیەوە بێت، بەرێژەیەك خانەنشین دەبێت كە 70%ی موچەكەی زیاتر نەبێت".
70%ی موچە، واتە وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت مانگانە (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت.
بەڵام ئەگەر تەمەنی لەخوار 50 ساڵیەوە بێت، بەپێی ئەوەی پەرلەمانی خولی پێشوو پەسەندی كرد، دەبێت پلەباڵاكان بەرێژەیەك خانەنشین بكرێن كە لە 25%ی موچەكانیانەوە دەستپێدەكات بۆ رێژەی 60%.
واتە ئەگەر كەسێكی پلەباڵا بەرێژەی 60%ی موچە خانەنشین بكرێت، مانگانە بڕی (4 ملیۆن‌و 920 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت، ئەوانەشی كە هیچ پێوەرێكی خانەنشینبونیان تێدا نییە بەرێژەی 25%ی موچەكانیان خانەنشین بكرێن كە مانگانە دەكاتە (2 ملیۆن) دینار. 
بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بۆ (درەو میدیا)، موچەی خانەنشینی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارانەوە بۆ ساڵێك (75 ملیار) دینارە.

روون نییە ئایا خولی نوێی پەرلەمان‌و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر چ میكانیزمێك سەبارەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان رێكدەكەون.

خانەنشینی سەربازی
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كێشەی سەرەكی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازییە.
لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، كە (133 هەزارو 435) خانەنشینی بواری سەربازییە بەرێژەی (54%).  
خانەنشینی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە كە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرلەمانتار سۆران عومەر، لە مانگی 11ی 2012دا (64 هەزارو 967) خانەنشینی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام لە 2013دا ئەم رێژەیە بەرزبوەتەوە بۆ (92 هەزارو 641) خانەنشین، واتا تەنها لە ساڵی 2013دا كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە (27 هەزارو 674) كەس زیادیكردووە.
بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووە‌و لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاسایی‌و خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە.  

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand