چی لەبارەی پرۆژە یاسای چاكسازییەوە دەزانی ؟

Draw Media

2019-08-08 16:32:54



راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت 
ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنەوەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" یاسایەك كە لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەندكراو دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵك‌و ناكۆكی حزبەكانەوە پەسەندكرنەكەی رەتكرایەوە.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنەوەی یاساكە، بەپێی پێشبینییەكان ئەگەر پرۆژەكە وەكو خۆی پەسەندبكرێت زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی، كێ خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە ؟، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی پرۆژەكەوە بڵاودەكاتەوە.

كێ خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە ؟
رۆژی 14ی تشترینی دووەمی 2017 لە گەرمەی قەیرانی دارایی هەرێم‌و كاركردن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.
وەفدەكەی حكومەت پێكهاتبوو لە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و (رابەر سدیق) وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئەم دوو كەسە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی ئەوكاتی پەرلەمان‌و لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبونەوە.
ئامانجی سەردانی وەفدەكەی حكومەت بۆ پەرلەمان، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێم‌و چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە گێڕانەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2018ی حكومەتی عێراقدا.
سۆران عومەر یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی حكومەت‌و پەرلەمانی كرد، ئەو كە بۆ ئەم خولەش لە پەرلەمان ماوەتەوە، لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو.
"كاتێك وەفدی حكومەتی هەرێم باسیان لە قەیرانی دارایی كرد، من پێم راگەیاندن بارودۆخی حكومەتی بۆ خراپە، ئەگەر خراپە بۆ چاكسازی ناكەن، بەتایبەت چاكسازی لە خانەنشینی سەربازیدا، كە بارگرانییەكی زۆری خستوەتە سەر حكومەت مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، كێشەكە لەوێوەیە" سۆران عومەر بەمشێوەیە باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان وەفدی حكومەت‌و پەرلەمانی بۆ (درەو میدیا) گێڕایەوە، كە دواتر لەو كۆبونەوەیەوە بیرۆكەی پرۆژە یاسای چاكسازی گەڵاڵەكرا.
دوای گەڕانەوەی لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ پەرلەمان، ئامانج رەحیم پێشنیازی چاكسازییەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت باس دەكات، ئەوان رەزامەندی دەردەبڕن لەسەر ئەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكرێت سەبارەت بە چاكسازی.
سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرن پرۆژەیەك بۆ چاكسازی ئامادەبكات، پرۆژەكە ئامادەكرا‌و دواتر ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017دا پرۆژەكەی پەسەندكرد‌و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا.
پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری 2018 بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی بە هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە‌و چارەنوسی یاساكەی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەجێهێشت.
سۆران عومەر بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەگەر د. ئامانج رەحیم نەبوایە پرۆژە یاسای چاكسازی سەری نەدەگرت".
حكومەتی هەرێم دوای (25 ساڵ) بۆیەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا بڕیاریدا بەشێوەیەكی جددی هەنگاو بە ئاڕاستەی چاكسازیدا هەڵگرێت، ئەوەی حكومەتی ناچاركرد بیر لە چاكسازی بكاتەوە قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە عێراق‌و بارگرانییەكانی شەڕی "داعش"ە بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشە هەریەكەیان خۆیان بە خاوەنی پرۆژەكە دەزانن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی یەكەمی بیرۆكەی پرۆژەیاساكەیە‌و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكارو خاوەنی  پرۆژەیاساكە بووە.


بایۆمەتری.. هەنگاوێكی بێكەڵك
بەر لە نوسینەوەی پرۆژەیاسایەك بۆ چاكسازی لە بواری موچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازاتەكانی تر، حكومەتی هەرێم رێگەیەكی سیستمی "بایۆمەتری"ی تاقیكردەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
بایۆمەتری یەكەم هەنگاوی حكومەت بوو لەناو قەیرانی دارایدا بەئاڕاستەی رێكخستنەوەی لیستی موچەخۆران‌و بڕینی موچەی ئەو كەسانە بوو كە زیاتر لە موچەیەكیان لە بودجەی هەرێم بەشێوەی "گەندەڵی" وەردەگرت، لە كۆتایشدا زیادكردنی داهات.
جێبەجێكردنی ئەم سیستمە سەرباری ئەوەی كاتێكی زۆرو خەرجییەكی تریشی بۆسەر خەرجییەكانی حكومەت زیادكرد، نەك پارەی موچەی كەمنەكردەوە، بەڵكو زیاتری كردو هیچ بڕە پارەیەكی بۆ حكومەت نەگەڕاندەوە.
بەر لەوەی سیستمی بایۆمەتری بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە ژمارەی‌ موچەخۆرانی‌ هەرێم (1 ملیۆن‌و 378 هەزار) موچەخۆر بوو، ئەم رێژەیە مانگانە پێویستی بە (868 ملیار) دیناری خەرجی موچە هەبوو. 
دوای جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری، ژمارەی موچەخۆران كەمیكرد بۆ (1 ملیۆن‌و 249 هەزارو 481) موچەخۆر، واتە نزیكەی (129 هەزار) موچەخۆر كەمكرایەوە، ئەم كەمبونەوەیە لە ژمارەی موچەخۆراندا نەبووە هۆی كەمبونەوەی بڕی ئەو پارەیەی كە دەبوو حكومەت مانگانە بۆ موچەی موچەخۆرانی دابین بكات، چونكە لە سیستمی بایۆمەتریدا (100 هەزار) موچەخۆر ئەژمارنەكرابوون كە ئەوانیش خوێندكارانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان بوون‌و دەرماڵەی مانگانەی خوێندنیان وەردەگرت.
بەر لە جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری ئەو پارەیەی كە دەبوو حكومەت مانگانە بۆ موچە دابینی بكات (868 ملیار) دینار بوو، بەلام دوای جێبەجێكردنی سیستمەكە خەرجی موچە بوو بە (890 ملیار) دینار، واتا بایۆمەتری نەك هەر پارەی نەگەڕاندەوە بەڵكو (22 ملیار) دیناری بۆسەر خەرجی موچە زیادكرد، ئێستا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بەم شێوەیەیە: 
•    خانەنشین: (244 هەزارو 656) موچەخۆر
•    خانەوادەی‌ شەهیدان و ئەنفالكراوان: (96 هەزارو 53) موچەخۆر
•    كەمئەندام‌و چاودێری كۆمەڵایەتی:‌ ‌(159 هەزار) موچەخۆر
•    كەرتی فەرمانبەرانی شارستانی بە پۆلیسەوە: (483 هەزار) موچەخۆر
•    پێشمەرگەو ئاسایش (266 هەزارو 465) موچەخۆر
 رەنگە تاكە سودی جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری نەهێشتنی دیاردەی وەرگرتنی چەند موچەیی بێت، نوری عوسمان سەرۆكی پێشووی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون جارێك لە لێدوانێكدا وتی:" 68 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان هەن كە دوو موچەو سێ موچەو چوار موچە وەردەگرن".

هەوڵێكی نوێ
دوای ئەوەی خولی پێشووی پەرلەمان، پرۆژەیاساكەی رەتكردەوە، پرۆژەكە گەڕایەوە بۆ حكومەت، ئێستای كابینەی نوێی حكومەت دەیەوێت بە هەندێك گۆڕانكارییەوە جارێكی تر پرۆژە یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی.    
ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی هەرێم تائێستا تەنیا (4) كۆبونەوەی كردووە، لە كۆبونەوەی دووەمدا گفتوگۆی لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا بریاردرا سەرلەنوێ لیژنەیەك تایبەت بەو پرۆژەیاسایە دروستبكرێت.
لیژنە نوێیەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كارەكانی خۆی لەسەر پرۆژەیاساكە دەكات، چونكە حكومەت نایەوێت وەكو خولی پێشوو پەسەندكردنی پرۆژەكە لە پەرلەمان گرێوگۆڵی تێبكەوێت، بۆیە هەر لەئێستاوە پەرلەمان بەشدار دەكات لە ئامادەكردنەوەی پرۆژەكەدا.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكەی حكومەتی هەرێم كەمترین دەستكاری پرۆژە یاساكە دەكات، لەبەر ئەوەی پرۆژە یاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی خۆیەتی‌و پێشتر بە چەندین فلتەردا تێپەڕێوە.
پێشبینی دەكرێت پەسەندكردنی پرۆژەیاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" یەكەم كاری پەرلەمانی كوردستان بێت دوای كۆتایهاتنی پشووی وەرزی یەكەمی یاسادانان.

لەبارەی یاساكەوە 
پرۆژەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە (24) ماددە پێكهاتووە، بەپێی وتەی زۆرێك لە پەرلەمانتاران بە پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە، مانگانە زیاتر لە (100 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. 
ئەم یاسایە كە پێشتر لە پەرلەمان پەسەندكراو دواتر هەڵوەشێندرایەوە، لەكاتی خۆیدا نیگەرانی زۆری دروستكرد، ئەوكات نیگەرانییەكان زیاتر لەسەر چەند خاڵێك چڕبووبونەوە:
•     یاساكە كەمترین موچە بۆ هەر فەرمانبەرێك بە (300 هەزار) دینار دیاریكردبوو، پەرلەمان داوای دەكرد كەمترین ئاستی موچە (400 هەزار) دینار بێت، حكومەت رەتیدەكردەوە بەوپێیەی لەناو قەیرانی دارایدا بوو.
•    موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاكان كە لە یاساكەدا بە زیاتر لە (4 ملیۆن) دینار دیاریكرا بوو، ناڕەزایەتی لە شەقام دروستكرد، بەڵام لایەنی باشی یاساكە ئەوە بوو كە دەرگای بۆ هەموو پلە باڵاكان (وەزیرو پەرلەمانتار) كردبووەوە كە ئەگەر موچەی خانەنشینی رەتبكەنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەمەش بەهانەی هەموو ئەوانەی دەبڕی كە باسیان لەوەدەكرد موچەی خانەنشینی زۆریان ناوێت‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات.
•     حكومەتی هەرێمیش كێشەی لەگەڵ دەرماڵەكاندا هەبوو، دەیویست لە یاساكەدا كەمبكرێنەوە، بەڵام لیژنەكانی پەرلەمان پێیانوابوو ئەگەر لەناو یاساكەدا ڕێكبخرێت زۆربەی دەرماڵەكان نامێنن، بۆیە پەرلەمان دەیوت ‌چۆن پێشتر حكومەت خۆی بە بەڕێنمایی دەرماڵەی ڕێكخستووە، دەبێت هەر بەوشێوەیە خۆی كەمیبكاتەوە، حكومەت دەیویست لیكەوتەكانی بڕیارەكە بخاتە ئەستۆی پەرلەمان، پەرلەمانیش تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی حكومەت.  
سەرباری ناڕەزایەتی‌و ناكۆكییەكان، یاساكە خاڵی گرنگی تێدابوو بەئاڕاستەی چاكسازی‌و بەرژەوەندی گشتی، پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا كە رۆژی دوای پەسەندكردنی یاساكە دەریكرد، لایەنە باشەكانی یاساكەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە (ئەم رونكردنەوەیە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەسەندكردنی یاساكە دەرچووە):
* زامنكردنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەكەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەك بخرێتە سەر حیسابی بانكیی فەرمانبەران‌و لە داهاتووش بە پەیڕەوێكی تایبەت شێوازی مامەڵەپێكردنی رێكبخرێت‌و فەرمانبەران بتوانن بەكاری بهێنن.
* ئەوە جێگیركراوە كە هیچ خانەنشینێك نابێت لە سێ سەد هەزار دینار كەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت.
* هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەكان كە رۆژێك لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە. 
* راستكردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو كەسانەی كە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینكراون.
* یەكخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەو یەكە كارگێڕییەكان كە موچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەكرێت بە سەربازی‌و مەدەنی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی.
* یەكخستنەوەی یەكەكانی ژمێریاریی سەربە یەكەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگ‌و پیرۆزە بەرەو یەكخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
* دانانی میكانیزم‌و كاتی دیاریكراو بۆ پاككردنەوەی لیستی شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی‌و كەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند كە ئەمە خواستی خەڵكی كوردستانە.
* دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلەباڵاكانی هەرێم لەچوارچێوەی پەیڕەوێك كە حكومەت‌و پەرلەمان لەماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەكەن. 
* رێكخستنەوەی دەرماڵەكان‌و زیاتر لە یەكجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناكردنی كەسوكاری شەهیدان‌و خاوەن پێداویستیی تایبەت.
* دروستكردنی سندوقی خانەنشینی‌و قەدەغەكردنی خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لەم سندوقە.
* سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاكان لە سەرۆكایەتیی هەرێم‌و حكومەت‌و پەرلەمان‌و وەزیرو پەرلەمانتارو وەكیل وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی‌و سەرجەم پلە تایبەتیەكان، میكانزمێك پەسەندكراوە بە بەراورد بە یاسا بەركارەكانی پێشوو كە هەبوون بۆ خانەنشینكردنی ئەمانە رێژەیەكی زۆری خانەنشینییان كەمكراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەت‌و بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێت‌و لە رێژەی بیست‌و پێنج لە سەد لە موچەكەیان دەستپێدەكات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەكەیان زیاتر بێت‌و ئەوانەشی لە پەنجا ساڵ زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی موچەكەیان زیاتر بێت، لە كاتێكدا پێشتر هەمویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەكران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیەو هەریەك لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان.

خانەنشینی پلەباڵاكان
ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو بەبێ جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە، موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتاران لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی عێراقدا چارەسەری بۆ دیاریكراوە.
بەڵام پێشتر پەرلەمانی كوردستان بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكرد كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینی‌و ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە.
پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكە، پرۆژەكەی بەوجۆرە پەسەندكرد " هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك كە تەمەنی لەسەرو 50 ساڵیەوە بێت، بەرێژەیەك خانەنشین دەبێت كە 70%ی موچەكەی زیاتر نەبێت".
70%ی موچە، واتە وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت مانگانە (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت.
بەڵام ئەگەر تەمەنی لەخوار 50 ساڵیەوە بێت، بەپێی ئەوەی پەرلەمانی خولی پێشوو پەسەندی كرد، دەبێت پلەباڵاكان بەرێژەیەك خانەنشین بكرێن كە لە 25%ی موچەكانیانەوە دەستپێدەكات بۆ رێژەی 60%.
واتە ئەگەر كەسێكی پلەباڵا بەرێژەی 60%ی موچە خانەنشین بكرێت، مانگانە بڕی (4 ملیۆن‌و 920 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت، ئەوانەشی كە هیچ پێوەرێكی خانەنشینبونیان تێدا نییە بەرێژەی 25%ی موچەكانیان خانەنشین بكرێن كە مانگانە دەكاتە (2 ملیۆن) دینار. 
بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بۆ (درەو میدیا)، موچەی خانەنشینی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارانەوە بۆ ساڵێك (75 ملیار) دینارە.

روون نییە ئایا خولی نوێی پەرلەمان‌و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر چ میكانیزمێك سەبارەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان رێكدەكەون.

خانەنشینی سەربازی
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كێشەی سەرەكی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازییە.
لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، كە (133 هەزارو 435) خانەنشینی بواری سەربازییە بەرێژەی (54%).  
خانەنشینی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە كە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرلەمانتار سۆران عومەر، لە مانگی 11ی 2012دا (64 هەزارو 967) خانەنشینی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام لە 2013دا ئەم رێژەیە بەرزبوەتەوە بۆ (92 هەزارو 641) خانەنشین، واتا تەنها لە ساڵی 2013دا كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە (27 هەزارو 674) كەس زیادیكردووە.
بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووە‌و لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاسایی‌و خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە. 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand