حەشدی شەعبی بازرگانی ئاسنە شكاوی لە عێراق كۆنترۆڵكردووە

Draw Media

2019-02-13 14:02:11



( درەو میدیا):
چەند سەرچاوەیەكی بازرگانی وردە لە عێراق رایدەگەیەنن، گروپەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران، بازاڕی بازرگانی ئاسنە شكاوی پاشماوەی جەنگی دژ بە داعشیان كۆنترۆڵكردووە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لە شاری موسڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی ئۆتۆمبیل و چەك و تانكەری شكاو ئاسنە شكاوی باڵاخانەكان لە بازرگانە ناوخۆییەكان دەكڕنەوەو رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكەن و لەو رێگەیەوە چەندین ملیۆن دۆلاریان دەستدەكەوێت و ئەو بازرگانیە بوەتە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ ئەو گروپانە.
خاوەن گۆڕەپانێكی كۆكردنەوەی ئاسنە شكاو لە موسڵ كە قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردووە ئاشكرایكردووە كە یەك تۆن ئاسنە شكاو بە 100 هەزار دیناری عێراقی " 84 دۆلاری ئەمریكی" دەكڕن و بە 110 هەزار دینار دەیفرۆشنەوە و هێزەكانی حەشدی شەعبی یان ئەو بازرگانانەی كە كاریان بۆ دەكەت یەك تۆن لەو ئاسنە شكاوە لە هەرێمی كوردستان بە 200 دۆلار دەفرۆشنەوە.
راشیدەگەیەنێت گۆڕەپانەكەی لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە كۆنترۆڵكراوە و بەزۆر ناچاركراوە كە بە هەرزان ئاسنە شكاویان پێ بفرۆشێت.
بە گوێرەی راپۆرتەكەی " رۆیتەرز" لە پارێزگاەی ئەنباریش بەوتەی شۆفێران و بازرگانەكان، هێزەكانی حەشدی شەعبی ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیلی شكاوی پاشماوەی جەنگیان لە نزیم رێگەی فەلوجە كۆكردوەتەوە و لە رێگەی چەند بازرگانێكەوە یان چەند كۆمپانیایەكی سەربەخۆیانەوە ئەو وردە ئاسنە رەوانەی هەرێمی كوردستان و بەسرە دەكەن.
لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دژ بە داعشەوە چەندین ملیۆن تۆن پارچە ئاسن كۆكراوەنەتەوە، محەمەد كیكۆ كە كارگەیەكی تواندنەوەی ئاسن لە هەولێر بەڕێوەدەبات، دەڵێت رۆژانە 300 بۆ 400 تۆن لە ئاسنە شكاوی موسڵ دەكڕن و ئاشكراشیدەكات كە ئێستا تۆنی بە 150 بۆ 160 دۆلار دەكڕن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand