سەدر شكستی بە دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق هێنا

Draw Media

2018-12-04 18:59:56



( درەو میدیا):
تێكدانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدر بووە، عەبدولمەهدی-ش چاوەڕێی دانیشتنی پێنج شەممە دەكات، وەزیرەكانی تێنەپەڕن، دەستلەكاردەكێشێتەوە.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند: هاوپەیمانی (چاكسازی) ترسی گەورەی هەبووە، لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە (هادی عامری‌و نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكەن، نیساب تەواو بكات‌و، كاندیدی (8) وەزارەتەكەی كابینەكەی عەبدولمەهدی تێپەڕێنێت، وتیشی: دوای گەیشتنی سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان‌و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی كوتلەی (بونیاتنان)، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (موقتەدا سەدر) پشێوی لە پەرلەمان دروستكراوە‌و، ڕێگە نەدراوە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتی عێراق بە زۆرینە تێپەڕێنرێت، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆكانی (سەدرو عامری) سەبارەت بەكاندیدی هەندێ‌ وەزارەت بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ بە بنبەست گەیشت.
سەرچاوەكەی "درەومیدیا" ئەوەشی ئاشكراكرد، دوا بەدوای شكستهێنانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، (عادل عەبدولمەهدی) بە لایەنە سیاسیە ناكۆكەكانی ڕاگەیاندووە، چاوەڕوانی دانیشتنی ڕۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق دەكات، ئەگەر كاندیدی وەزارەتەكانی تێنەپەڕێنرێن، ئەوا دەست لەپۆستی سەرۆك وەزیران دەكێشێتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا  (نوری مالیكی) سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، دوای توندبونەوەی ململانێكان لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێكدا ڕایگەیاند:"ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەدایە، یان دەنگ لەسەر ئەو ناوانە دەدات كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوەو بەپێی ڕێوشوێنە دەستورییەكان پێشكەشكراون،  یان ڕۆیشتن بەرو پشێوی". 
ڕۆژی (24) تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لەكۆی (22)وەزارەت، (14)وەزیری كابینەی نوێی حكومەتی بەسەرۆكایەتی (عادل عەبدولمەهدی) لەپەرلەمانی عێراق متمانەیان وەرگرت، دوای تێپەڕبونی زیاتر  (40) ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا، بەهۆی ناكۆكی‌و ململانێی لایەنە سیاسیەكان لەسەر وەزارەتەكان‌و، ڤیتۆكردنی هەندێك لەكاندیدەكانی یەكتر، تا ئێستا پێكهاتەی نوێی كابینەی حكومەتی عێراق تەواو نەبووەو، (8) وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand