ماڵەكەیان پاككردەوە و نزیكەی دوو ملیۆن دۆلاریان دەستكەوت

Draw Media

2018-11-24 11:40:36



(درەو میدیا):
ژن و مێردێك لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریكا، لەكاتی پاككردنەوەی ماڵەكەیاندا بەهۆی جەژنی سوپاسگوزارییەوە، بلیتێكی یانسیبیان دۆزیەوەو خەڵاتێكی گەورەیان بۆ دەرچوو بوو كە ئەویش نزیكەی دوو ملیۆن دۆلارە.
تینا ئاهرنبێرگ رایگەیاند لەكاتی پاككردنەوەی ماڵەكەیدا بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی سوپاسگوزاری كە پشووی فەرمییە لە ئەمریكا لەسەر مێزێكی نزیك جێگەی نوستنەكەی ژمارەیەك بلیتی یانسیبی  دۆزیوەتەوە و یەكێك لە بلیتەكان خەڵاتێكی گەورەی بۆ دەرچووە كە بەهاكەی دەگاتە 1.8 ملیۆن دۆلار.
بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " بی بی سی " ئەو ژن و مێردە هەفتەیەك پێش بەسەرچوونی وادەی پێشكەشكردنی پارەی یانسیبەكە ئەو بلیتەیان دۆزیوەتەوە و بلیتەكە لە شەشی حوەزیرانی رابردوو راكێشراوە و شەش مانگ ماوەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكەی دیاریكراوە.
هارۆڵد ئاهنبێرگ بەدامەزراوەی یانسیبی لویزیانای راگەیاند چەندینجار سەیری ژمارەكانی بلیتەكانیان كردووە و پێیدا چوونەتەوە و پاش ئەوەی كە بۆیان دەركەوتووە بە رەسمی چوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.
ئەو ژن و مێردە لە شارۆچكەیەكی بچوك بە ناوی " ماندیفیل" دەژین كە 75 میل لە شاری باتون رۆگ پایتەختی ویلایەتی لویزیاناوە دوورە.
هارۆڵد و تینای هاوسەری  دوای لێبڕینی باجی فیدراڵی دەبنە خاوەنی  1.3 ملیۆن دۆلار و وەك خۆشیان دەڵێن تاكە پلانیان ئەوەیە كە پارەكەیان لە بانك دادەنێن بۆ قۆناغی خانەنشینبونیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand