چەند كەسێك لە سعودیە‌و ئیمارات كچانی ئێزدییان لە " داعش" كڕیوە

Draw Media

2019-08-07 13:24:58



(درەو میدیا):
ساڵح حسێن، سەرۆكی ماڵی ئێزدیی لە عێراق رایگەیاند كەسانێك لە ئیمارات‌و سعودیە‌و ئوردن كچە سەبیكراوە ئێزدییەكانیان لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" كڕیوە كە لە عێراق رفێندراون.
ساڵح حسێن كە قسەی بۆ رۆژنامەی " القدس العربی" كردووە روونیشیكردوەتەوە كە ژمارەیەك لە ئیماراتی‌و سعودیی و ئوردنییەكان بە بڕێكی زۆر پارە كچان‌و ژنانی سەبیكراوی ئێزدییان لە داعش لە سوریا كڕیوە.
سەرۆكی ماڵی ئێزدیی داواشی لە حكومەتی عێراق‌و وەزارەتی دەرەوە كرد كاربكات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كچ‌و ژنە ئێزدییانەی بازرگانیان پێوەكراوە.
هاوكات علی خانسۆری، چالاكی ئێزدیی رایگەیاندووە كە نرخی كچە ئێزدییەكان لە بازاڕەكانی داعشدا لە سوریا لە 10 هەزار دۆلار كەمتر نەبووە‌و رونیشیكردوەتەوە كە پرۆسەی فرۆشتنی ئەو كچانە لە رێگەی چەند دەڵاڵێكی سورییەوە ئەنجامدراوە كە دانوستانیان لەگەڵ چەكدارەكانی داعشدا كردووە‌و كچە ئێزدییەكانیان لێكڕیون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand