شارەزایەكی ئەمریكی: هەرێم توشی داڕمانی ئابوری دەبێت

Draw Media

2020-04-03 10:51:18




درەو:
 نوسەرو شارەزایەكی ئەمریكی داوا لە وڵاتەكەی دەكات رۆڵبگێرێت لە گێرانەوەی ئەو (ملیار )دۆلارەی هەرێمی كوردستان كە لە لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە،  لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەروبونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و دارایی دەڵێت" مەسرور بارزانی سەركەوتوو بووە لە روبەروبونەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام كەمكردنەوەی موچەو دەماڵەی موچەخۆران كابینەكەی دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەوە، كە كابینەكەی پێش خۆی هەوڵی چاكسازی لەباربرد". 
 (مایكل نایتس) شارەزا لەكاروباری سەربازی‌و ئەمنیی عێراق‌و ئێران‌و وڵاتانی كەنداو لەوتارێكدا بە ناونیشانی(چۆن دەكرێت خزمەتی بەرژوەندی ئەمریكا بكرێت لەڕێی ڕزگاركردنی ئابوری كوردستان)، كە لە پێگەی (THE WASHNGTON INSTITUTE )  نوسیویەتی" بۆ جاری دووەم‌و لەماوەی چەند ساڵێكدا هەرێمی كوردستان، ئەو بەشەی عێراق كە زۆرترین پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات، ڕووبەڕووی داڕمانی ئابوری دەبێتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و، بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، تەواونەكردنی چاكسازییە ئابورییەكان‌و، نەبوونی یەدەگی سیادی"
(مایكل نایتس) لەبارەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەكات: هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی نیمچە سەربەخۆ پشت بە دوو سەرچاوەی داهات دەبەستێت، یەكەمیان داهاتی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت كە داهاتی سەرەكییە‌و، ڕۆژانەی 320 هەزار بەرمیل نەوت بەشەریكی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم‌و هەندێك كۆمپانیای تری نێودەوڵەتی هەناردە دەكات، لەگەڵ نزیكەی 170 هەزار بەرمیل كە هەرێم خۆی ئیدارەی دەدات. سەرچاوەی دووەمیشیان ئەو پارەیەیە كە لەبەغدادوە دەستی دەكەوێت‌و، ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
(نایتس) دەشڵێت: لەكۆتایی ساڵی 2019دا، ئابوری هەرێم تا ئاستێك لەدۆخێكی باشدا بوو لەسایەی نرخی نەوت كە64 دۆلار بوو بۆ بەرمیلێك، بەڵام قەیرانەكانی ئێستا ئەو وێنە ئومێد بەخشەی لەناوبرد، وێڕایی دابەزینی بودجەی بەكاربردنی مانگە بە نزیكەی 950 ملیۆن دۆلار، داهاتەكانی هەرێم لە 648 ملیۆن دۆلار تێپەڕناكات. ئەوەش خۆی لەو پارەیە دەبینێتەوە لەبەغداوە بۆ دێیت كە بڕەكەی (328) ملیۆن دۆلارە. لەگەڵ ئەوەی بەسەربەخۆ دەیفرۆشێت كە بڕەكەی 270 ملیۆن دۆلارە، داهاتە ناو نەوتییەكانیشی 50 ملیۆن دۆلارە.
ئەو كورتهێنانە مانگانەیەی دروست دەبێت بڕەكەی 300 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش سەركردەكانی هەرێمی هانداوە بۆ بیركردنەوە لە كەمكردنەوەی پێدانی پارە بە وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان كە بڕی مانگانەی بە 270 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، وەك بەدیلی كەمكردنەوەی مووچە.
ئەو نوسەرە ئەمركییە لەبارەی چۆنییەتی ڕزگاكردنی ئابوری هەرێمەوە نوسیویەتی: لەسایەی ئەو قەیرانی داراییە، حكومەتەكان مەیلیان بەلای كەمكردنەوەی پارەی وەبەرهێنەرە بیانییەكاندایە، ئەوە لەكاتێكدایە متمانەی وەبەرهێنەرەكان بە كوردستان زۆر لاوازە بەهۆی زنجیرە قەیرانەكانی ڕابردوو، تەنانەت پێش ئەم دۆخەش، هەرێم لەكۆتایی ساڵی 2019 لەپێدانی پارەی وەبەرهێنەرەكان دوادەكەوت بەهۆی  سڕكردنی یەدەگی دارایی لە بانكی دەریای ناوەڕاست(بحر ئەلمتەوەست) لەلوبنان.
(نایتس) لەبارەی ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریكا لەكوردستان لەم دۆخەدا بەوپێیەی یەكێكە لە بەهێزترین هاوڕێ نزیكەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بەپێویستی دەزانێت ئەمریكا هاوكاری هەرێم بكات لەڕێی:
🔹  زامنكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی بەغداد بۆ ساڵی 2020، كاتێك نەوت لەنزیكەی 30 دۆلار لەنگەر دەگرێت هەرێم ناتوانێت خەرجییەكانی لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دابین بكات. پێویستە لەسەر واشنتۆن هەژموونی خۆی‌و دامەزاروە داراییە نێودەوڵەتییەكان بەكاربهێنێت بۆ زامنكردنی ئەوەی كوردەكان ڕووبەڕووی سزای نادادپەروەرانە نەبنەوە.
بەپێویستیشی دەزانێت  بەرپرسانی ئەمریكا پێداگری بكەن لەسەر پێدانی پشكسی هەرێم لەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەی دەدرێتبە عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
🔹  زامنكردنی پێدانی شایستە داراییەكان لەلایەن هەرێمەوە بە وەبەرهێنەرە بیانییەكان. پێویستە لەسەر وەزارەتی وووزەی ئەمریكا دەستبەجێ‌ بە بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیەنێت كە پلانی ئێستایان بۆ دواخستنی پارەی كۆمپانیاكان كە 4 مانگ دواكەوتووە بۆ 9 مانگی تر دوابخرێت بەلانی كەمەوە، ئەو متمانە كەمەی وەبەرهێنەران ماویانە بەهەرێم ئەوەش لەناودەبات.
لەبری ئەوە  پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان كۆببنەوەو ڕێككەوتنێكی بەپەلە بكەن لەسەر داواخستنی شایستەداراییەكان بەڕەزامەندی هەردوولا. جوڵەكردنی بەپەلە كارێكی بنەڕەتییە، چونكە داڕمانی وەبەرهێنەرێك دەبێتە هۆی ترساندنی ئەوانەی تریش.
🔹 هاوكاریكردن لە ئاڵوگۆڕكردنی دیزلی هاوردەكراو بە غازی كوردی. وەزارەتی ووزەی ئەمریكا لەدۆخێكی باشدایە بۆ پشتیوانیكردنی پلانی هەرێم كە بەنیازی فراوانكردنی دابەشكردنی غازی سروشتتیە بەجۆرێك وێستگەكانی ووزە بگرێتەوە كەتائێستا بە دیزیلی گران بەهای هاوردەكراو كاردەكەن، ڕەنگە ئەم هەنگاوە مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ كوردەكان بگێڕێتەوەو، 750 میگاوات كارەبای زیادەش بە بڕەپارەیەكی كەم بەرهەمبهێنێت.
🔹 كڕینی نەوت كورد.  یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا لەئێستادا نەوت بە نرخێكی هەرزان دەكڕێت، زۆربەی ئەو نەوتە لەبەرهەم هێنەرە ئەمركییەكان دەكڕێت،  بەڵام بوار هەیە هەندێكی لەدەرەوە بكڕێت، بۆ نمونە واشنتۆن دەتوانێت نەوتی خاوی كورد بكڕێت وەك شێوەیەك لەشێوەكانی قەرزی درێژخایەن‌و ئاسان لەم دۆخە ناهەموارەدا.
🔹  پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. ئەمریكا لەئێستادا 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە  دەدات بە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبوڕووبونەوەی داعش‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەو هاوكارییە ساڵی ڕابردوو لە 23 ملیۆن دۆلارەوە كەمكرایەوە بۆ ئەو بڕەو، بڕیارە مانگی نیسان بە تەواوی ڕابوەستێت. پێویستە واشنتۆن لەسەر پێدانی ئەو هاوكارییە بەردەوامبێت تا ئەو كاتەی پێویست دەكات‌و، بڕكەشی زیادبكرێتەوە بۆ ئاستی ڕابردوو.
🔹 هاوكاریكردن لە گێڕانەوەی پارەكان لە بانكی (بەحر ئەلمتەوەست)،  هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك ملیار دۆلاری سڕكراوە لەو بانكە لوبنان_یە، ئەوەش بڕە پارەیەكە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕانگاری  ئابوری هەرێم لەمەودای نزیكدا. بەوپێیەی ویلایەتەیەكگرتووەكان  وەبەرهێنەرێكی سەرەكی‌و لایەنێكی چالاكە لەبواری خزمەتگوزاری دارایی، ڕەنگە بتوانێت پرۆسەی گێڕانەوەكە خێرابكات.
🔹 دڵنیاكردنەوەی مەسرور بارزانی‌و  دەستكردن بە چاكسازییەكان، سەرۆكی وەزیرانی  هەرێمی كوردستان  پابەندە بەجێبەجێكردنی چاكسازی ئابوری، بەڵام حكومەتی پێشوو ئەو هەوڵەی لەسەرەتاوە لەباربرد لەڕێی نەهێشتنی كۆتوبەندەكان لەسەر كەمكردنەوەی مووچە لەكۆتایی ماوەی ویلایەتەكەی (كۆتایهێنان بە سیستمی پاشەوكەوتی مووچە)، كە ئەوەش تێچووی  200ملیۆن دۆلاری مانگانەی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی ئێستا. مامەڵەی چالاكی مەسرور بارزانی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا تواناو بەهێزیی ئەو دەردەخات وەك ڕیفۆرمخوازێكی ئابوری، كەمكردنەوەی مووچەو دەرماڵەكانیش لەم قۆناغەدا بەیەكەم تاقیكردنەوەی بەردەمی دادەنرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand