نزیکەی 16 ملیۆن دۆلاری بۆ خۆشەویستەکەی حەواڵە کردووە

Draw Media

2019-10-01 07:35:15



درەو میدیا: 
چەند رۆژێکە دژی خراپی دۆخی ئابوری و پەرەسەندنی گەندەڵی لە لوبنان خۆپیشاندان دەستیپیکردووە، ئەمڕۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە ئاشکراکردنی پەیوەندییەکی سۆزداری سەعد حەریری سەرۆک وەزیران بەنزینی بە ناڕەزایەتییەکاندا کرد، بە تایبەتیش کە باس لەوە دەکات حەریری بڕێکی زۆر پارەی بۆ خۆشەویستەکەی حەواڵەکردووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بەر لە چەند ساڵێک سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ئێستای لوبنان بڕی نزیکەی 16 ملیۆن دۆلاری داوە بەکچە نمایشکارێکی جلوبەرگی خەڵکی باشوری ئەفریقا.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئەوکاتەی پارەکەی بەو کچە داوە سەعد حەریری سەرۆک وەزیران نەبووە، واتە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی نەکردووە، بەڵام ئاشکرابوونی پەیوەندی سۆزداری ئەو لەگەڵ ئەو کچەدا لە کاتێکی خراپدایە، بە تایبەتی کە ئێستا لوبنان بەدۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت.
وەکو رۆژنامەکە باسی کردووە، سەعد حەریری لە ئایاری 2013دا پارەکەی خستوەتەسەر حسابی (کاندیس فان دێر میروی) کە نمایشکارێکی تەمەن (20 ساڵە)، پارەکە لەرێگەی بانکێکی لوبنانییەوە حەواڵە کراوە، وەکو کچەکە خۆی باسیکردووە پارەکە خەڵات بووە، بۆیە بەگوێرەی یاساکانی باشوری ئەفریقا هیچ باجێکی نەکەوتوەتەسەر.
راپۆرتەکە باسلەوەدەکات، کاتێک پشکنەرانی حکومەت لەبارەی حەواڵەکردنی ئەو پارە زۆرە پرسیاریان لە بانک کردووە، نوێنەری بانکەکە وتویەتی ئەو کەسەی کە پارەکەی حەواڵە کردووە و ئەوەی سودمەند دەبێ لە پارەکە دوو کەسن کە پەیوەندی سۆزداری هەیە لەنێوانیان و پێکەوەن لە دورگەی سیشل.
دەسەڵاتی دادوەری باشوری ئەفریقا گومانی لە سروشتی ئەو حەواڵە داراییانە هەیە کە بۆ ئەو کچە نمایشکارە هاتووە، بۆیە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووەو لەو لێکۆڵینەوانەدا دەرکەوتووە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ سەعد حەریری هەیە.
بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە لە لوبنان دژی خراپی دۆخی ئابوری و پەرەسەندنی گەندەڵی لە لوبنان خۆپیشاندان دەستیپێکردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand