عەبدولمەهدی 24ى ئەم مانگە كابینەكەی ڕادەگەیەنێت

Draw Media

2018-10-11 12:23:24



(درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سێ‌ هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، كە بەپێی وادە دەستورییەكان یەك مانگ دیاریكراوە.
بەقسەی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار، عەبدولمەهدی بەنیازە لەو ماوەیەی دەستور بۆی دیاریكردووە، زووتر پێكهاتەی كابینەكەی تەواوبكات‌و پێشكەشی پەرلەمانی بكات تا متمانە بەدەستبهێنێت.
سەرچاوەكە بە ڕۆژنامەی (سەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە، عەبدولمەهدی‌و  ئەندامانی تیمە تایبەتەكەی خۆیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی ڕۆژی 24 ئەم مانگە دوا ڕۆژبێت بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەت‌و ناردنی بۆ پەرلەمان. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەستیكردووە بە وەرگرتنی ناوی كاندید لەهەندێك لە كوتلە سیاسییەكان بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكان‌و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوشدا تەواوی ناوەكانی بەدەستدەگات. 

بەبەردێك لەدوو چۆلەكەی داوە

لەبارەی ئەگەری ئەوەی عەبدولمەهدی سود لەو ناوانە وەردەگرێت كە لەڕێی ئەلیكترۆنییەوە داوایان پێشكەشكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان، سەرچاوەكە دەڵێ:" عەبدولمەهدی بەو هەنگاوە بەبەردێك لەدوو چۆلەكەی داوە، لەلایەك فشاری خستوەتە سەر كوتلە سیاسییەكان تا پەلەبكەن لەپێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان بۆ ئەوەی ناچار نەبێت پەنابباتە بەر هەڵبژاردن لەو ناوانەی كە لەڕێی ئەلیكترۆنیەوە بەدەستی گەیشتوە بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكان، لەلایەكی تر بەو هەنگاوەی بنەمایەكی پڕ لە زانیاری زۆر گرنگی دەستكەوت لەسەر تواناكان لەسەرجەم پسپۆڕییەكان كە ئەكرێت سودییان لێببینرێت لە شوێنە جیاوازەكاندا لەداهاتوودا.
بەپێی زانیارییەكان، عەبدولمەهدی ئاستی داواكارییەكانی لەبەردەم ئەوكوتلە سیاسییانە بەرزكردوەتەوە كە هەوڵیانداوە مەرجی بەسەردا بسەپێنن، لەكاتێكدا هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان ئازادی تەواویان داوەتێ‌ بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكانی كابینەكەی.  

سوننەكان ناوی كاندیدیان نەداوە بە عەبدولمەهدی 
كوتلە سونییەكان ڕەتیدەكەنەوە تائێستا كاندیدیان بۆ وەزارەتەكان پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردبێت.
محەمەد كەربولی سەركردە لە هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، سوننەكان هیچ كاندیدێكیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت پێشكەشی عادل عەبدولمەهدی نەكردووە.
ڕونیشیكردوەتەوە، كۆبونەوەكانیان لەگەڵ عەبدولمەهدی لەماوەی یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا دەبێت‌و دوای ئەوە لەسەر ئالیەتی كاندیدكردن بۆ وەزارەتەكان ڕێكدەكەون.
كەربولی باسلەوەدەكات، ناوی تەكنۆكراتیان هەیە بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان‌و پشتیوانیش لە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەكەن، چونكە دەیانەوێت ئەم حكومەت سەربكەوێت‌و بەرژوەندییەكی گەورەشیان لەسەركەوتنی حكومەتی نوێدا هەیە. 

"قبوڵی ناكەین هەموو كابینەكە بێلایەن بێت"
لەلایەكی ترەوە، پەرلەمانتارێكی كوتلەی بونیاتنان بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە، قسەكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە سەرجەم ئەندامەكانی بێلایەن بن، شتێكی چاوەڕوانكراو نیەو بەئاسانی قبوڵناكرێت لەلایەن زۆربەی كوتلە براوەكانی هەڵبژاردن.
ئاشكراشیكردووە" هەندێك لە كوتلەكان پەیوەندییان بە عەبدولمەهدییەوە كردووەو ئەوەیان پێڕاگەیاندووە". 
ئاماژەی بەوەشكردووە" سەختە هەر حكومەتێك حزبەكان ڕازینەكات زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستبهێنێت، ئەوەش وادەكات سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو خواستی هێزە سیاسییەكان بەهەند وەربگرێت". 
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی بونیاتنان كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، ئەوەشی نەشاردۆتەوە" فشاری ناوخۆیی‌و دەرەكی لەسەر عەبدولمەهدی هەیە.. حزبەكان چونەتە ناو هەڵبژاردنەوەو سەركەوتنیان بەدەستهێناوەو دەیانەوێت لەڕێی بەدەستهێنانی وەزارەتەوە بەروبومی خۆیان بچننەوە". 
باسلەوەشدەكات" دۆخی سروشتی دیموكراسی ئەوەیە پۆستەكان بەسەر پارتە براوەكاندا دابەشبكرێت، ئەگەر وانەبێت سودی هەڵبژاردن چییە".
هەر بەقسەی سەرچاوەكە، هەندێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی كە لەژیر سایەی هاوپەیمانی بونیاتناندان، دەیانەوێت عەبدولمەهدی گەرەنتیان بداتێ‌ كە دەستیان بۆ نەبات، هاوشێوەی حكومەتی ماوە تەواوبوو سەركردەكانی نەكاتە ئامانج.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand