لوبنان: رۆژنامەیەك بە سپێتی بڵاوكرایەوە

Draw Media

2018-10-11 10:15:55



(درەو میدیا):
ڕۆژنامەیەكی لوبنانی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەكە بەسپێتی بڵاودەكاتەوە، بێئەوەی هۆكارەكەی ڕونبكاتەوە.
ڕۆژنامەی (نەهار) كە لە 8 لاپەڕە پێكهاتووە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا تەنها ناوی ڕۆژنامەكەو وێنەیەكی (جوبران توینی)ی پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنوسی دیاری لوبنانی لەبەشی سەرەوەی ڕۆژنامەكە بڵاوكردتەوەو تەواوی پەڕەكانی سپیەو هیچ بایەتێكی تێدا بڵاونەكراوەتەوە، ئەمەش سەرەنجی خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاكێشا.
جوبران توینی پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنوس لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2005 لە بەیروتی پایتەختی لوبنان تیرۆركرا. 
بەگوێرەی قسەی ڕاگەیاندنەكانی لوبنان، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژنامەی (نەهار) دەیەوێت بەم هەنگاوە هاوارو زەنگی هۆشداری لێبدات بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر ئەو قەیرانە توندەی میدیای نوسراو پێیدا تێپەڕدەبێت، لەگەڵ ئەو دۆخە سیاسیی‌و ئابورییەی كە لوبنانی تێكەتووە.
هاوكات، لەسەر پێگەی ئەلیكترۆنی ڕۆژنامەكە هیچ وتارو بابەتێكی نوێ‌ بڵاونەكراوەتەوەو كۆی خانەكانی بەبەتاڵی هێڵراوەتەوە، لەشەوی ڕابردوشەوە هیچ بابەتێكی تازە لەلاپەڕەی ڕۆژنامەكە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان پۆست نەكراوە. 
بڕیارە ئەمڕۆ، نیلا توینی سەرنوسەری ڕۆژنامەی نەهار كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕێكبخات بۆ ڕونكردنەوەی ئەو هەنگاوەو سبەینێش ژمارەیەكی تێروتەسەلی ڕۆژنامەكە بڵاودەكرێتەوەو بەوردی هۆكارو ئامانجی بڵاوكردنەوەی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەكە بەوشێوەی ڕونبكاتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand