یەکێتی لە هەولێر هەڵبژاردنە گشتییەکانی (1992 - 2024)
2025-11-02 19:46:21
راپۆرتی درەو
🔹 سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا و لە ساڵانی (1992 بۆ 2024)، بڕی گەشەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر بۆ دوو هێندەو بە ڕێژەی (99%) زیادی کردووە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سەروو (148 هەزار) دەنگەوە لە یەکەم هەڵبژاردندا، بۆ نزیک لە (111 هەزار) دەنگ و بە ڕێژەی (25%) دابەزیوە لە دوا هەڵبژاردندا، لە هەندێک هەڵبژاردندا ئاستی دابەزینی دەنگەکانی زۆر لەو ڕێژەیەش زیاتر بووە.
یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
لە یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 19/5/1992، یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگای کەرکوک یشەوە، (ملیۆنێک و 112 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (971 هەزار و 953) کەس بە ڕێژەی (86%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای هەولێر ژمارەی دەنگی پێشبینیكراو بە (340 هەزار) هاوڵاتی خەمڵێندرابوو، بەڵام ژمارەی دەنگدەری راستەقینە (335 هەزار و 827) کەس بوو، بەو پێیە ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکەدا لە پارێزگای هەولێر (98.8%) بوو.
تەنها لە سنوری پارێزگای هەولێر، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (148 هەزار و 352) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (44%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەمی براوەی پارێزگای هەولێر بوو.
دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان (شارەوانییەکان) و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
لە یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێکەوتی 30/1/2005 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (ملیۆنێک و 767 هەزار و 993) هاوڵاتی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای هەولێر ژمارەی دەنگدەری راستەقینە (647 هەزار و 994) کەس بوو، لەو ژمارەیەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان (244 هەزار و 343) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (37.7%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەمی براوەی پارێزگای هەولێر بوو (16) کورسی ئەنجومەنەکەی مسۆگەر کرد.
سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
دووەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕێکەوتی 7/3/2010 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (2 ملیۆن و 590 هەزار و 274) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆن لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 938 هەزار و 754) کەس بە ڕێژەی (75%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای هەولێر (917 هەزار و 685) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (680 هەزار و 408) کەس بە ڕێژەی (74%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان کوردستان (124 هەزار و 632) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (18%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو بووە هێزی دووەمی پارێزگای هەولێر لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2014 تەنها دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەچووە، هەڵبژاردنی یەكەم لە 30/كانوونی دووەمی 2005 كرا، بەڵام دووەم هەڵبژاردنی لە 30/4/2014 بەرێوەچوو.
بەپێی داتاکانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 713 هەزارو 461) كەس بوو، لەو ژمارەیەش (975 هەزارو 326) كەس مافی دەنگدانی هەبووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (30) كورسی بۆ دیاریكرا، لەو ژمارەیە 5 كورسی بۆ كۆتاكان.
لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، كە (754 هەزار و 234) كەس دەنگیان دابوو (5) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن، ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، یەکێتی نیشتمانی لەدوای پارتییەوە بە بەدەستهێنانی (168 هەزار و 603) دەنگ و ڕێژەی (22%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە (6) كورسی مسۆگەر کرد.
پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
سێیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕێکەوتی 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (2 ملیۆن و 717 هەزار و 82) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (2 ملیۆن و 128 هەزار و 167) کەس بە ڕێژەی (78%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای هەولێر (936 هەزار و 557) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە ژمارەیەش (744 هەزار و 489) کەس بە ڕێژەی (79.5%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان (168 هەزار و 688) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (23%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەمی براوەی پارێزگای هەولێر بوو لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕێکەوتی 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 144 هەزار و 730) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 799 هەزار و 686) کەس بە ڕێژەی (57%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 314 هەزار و 46) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (642 هەزار و 232) کەس بە ڕێژەی (49%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان (79 هەزار و 945) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (12%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەمی پارێزگای هەولێر بوو لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لە ڕێکەوتی 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) کەس بە ڕێژەی (36%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (444 هەزار و 253) کەس بە ڕێژەی (36%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (15%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی سێیەمی پارێزگای هەولێر بوو لەدوای پارتی و نەوەی نوێوە.
هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر
بۆ یەکەمین جار شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی فرە بازنەیی لە ڕێکەوتی 20/10/2024 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (2 ملیۆن و 899 هەزار و 578) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 882 هەزار و 448) کەس دەنگەکانیان بە دروستی هەژمار کراو (206 هەزار و 434) دەنگیش پوچەڵ کرایەوە.
تەنها لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 22 هەزار و 906) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (669 هەزار و 273) کەس بە ڕێژەی (65%) دەنگەکانیان هەژمار کراو بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش لە پارێزگای هەولێر یەکێتی نیشتمانی کوردستان (111 هەزار و 102) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (16.6%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەم بوو لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
ماوەتەوە بوترێت؛ سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا و لە ساڵانی (1992 بۆ 2024)، بڕی گەشەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، لە سنوری پارێزگای هەولێر بۆ دوو هێندەو بە ڕێژەی (99%) زیادی کردووە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سەروو (148 هەزار) دەنگەوە بۆ نزیکەی (111 هەزار) دەنگ بە ڕێژەی (25%) دابەزیوە، بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەکەی خوارەوە.
خشتە

