پارتی لە سلێمانی، هەڵبژاردنە گشتییەکانی (1992 - 2024)
2025-11-02 19:32:34
🔹 سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا و لە ساڵانی (1992 بۆ 2024)، بڕی گەشەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ نزیکەی دوو هێندەو بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەروو (92 هەزار) دەنگەوە بۆ نزیکەی (66 هەزار و 500) دەنگ بە ڕێژەی (32%) دابەزیوە.
یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
لە یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 19/5/1992، یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگای کەرکوک یشەوە، (ملیۆنێک و 112 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (971 هەزار و 953) کەس بە ڕێژەی (86%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی دەنگی پێشبینیكراو بە (450 هەزار) هاوڵاتی خەمڵێندرابوو، بەڵام ژمارەی دەنگدەری راستەقینە (349 هەزار و 164) کەس بوو، بەو پێیە ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکەدا لە پارێزگای سلێمانی (77.6%) بوو.
تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان (92 هەزار و 449) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (26.5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەمی براوەی پارێزگای سلێمانی بوو.
دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان (شارەوانییەکان) و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
لە یەکەمین ئەزمونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێکەوتی 30/1/2005 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (ملیۆنێک و 767 هەزار و 993) هاوڵاتی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی دەنگدەری راستەقینە (736 هەزار و 734) کەس بوو، لەو ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (91 هەزار و 578) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (12.4%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی دووەمی براوەی پارێزگای سلێمانی بوو (5) کورسی ئەنجومەنەکەی مسۆگەر کرد.
سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
دووەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕێکەوتی 7/3/2010 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (2 ملیۆن و 590 هەزار و 274) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆن لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 938 هەزار و 754) کەس بە ڕێژەی (75%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (833 هەزار و 631) کەس بە ڕێژەی (76%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (82 هەزار و 121) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (9.9%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێناو بووە هێزی چوارەمی پارێزگای سلێمانی لەدوای بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامییوە.
چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2014 تەنها دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەچووە، هەڵبژاردنی یەكەم لە 30/كانوونی دووەمی 2005 كرا، بەڵام دووەم هەڵبژاردنی لە 30/4/2014 بەرێوەچوو.
بەپێی داتاکانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (2 ملیۆن و 156 هەزارو 186) كەس بوو لەو ژمارەیەش (ملیۆنێک و 168 هەزارو 199) كەس مافی دەنگدانی هەبووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014، ئەنجومەنی پارێزگای (32) كورسی بۆ دیاریكرا، لەو ژمارەیە 1 كورسی بۆ كۆتاكان.
لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، كە (906 هەزار و 643) كەس دەنگیان دابوو (6) لیست و یەك كەس توانیان كورسی مسۆگەر بكەن، ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییەوە بە بەدەستهێنانی (86 هەزار و 655) دەنگ و ڕێژەی (9.6%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە (3) كورسی مسۆگەر کرد و بووە هێزی سێیەم.
پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
سێیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕێکەوتی 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (2 ملیۆن و 717 هەزار و 82) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (2 ملیۆن و 128 هەزار و 167) کەس بە ڕێژەی (78%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 459) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە ژمارەیەش (893 هەزار و 226) کەس بە ڕێژەی (76%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (93 هەزار و 410) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (10.5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی سێیەمی براوەی پارێزگای سلێمانی بوو لەدوای بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییەوە.
شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لەسەر ئاستی (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕێکەوتی 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 144 هەزار و 730) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 799 هەزار و 686) کەس بە ڕێژەی (57%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 395 هەزار و 961) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (668 هەزار و 146) کەس بە ڕێژەی (48%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (48 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (7%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی پێنجەمی پارێزگای سلێمانی بوو لەدوای یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامییەوە.
حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی
پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەی فرە بازنەیی لە ڕێکەوتی 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) کەس بە ڕێژەی (36%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
تەنها لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (393 هەزار و 194) کەس بە ڕێژەی (28%) بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (54 هەزار و 891) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (14%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەو هێزی سێیەمی پارێزگای سلێمانی بوو لەدوای یەکێتی و نەوەی نوێوە.
هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە)
بۆ یەکەمین جار شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی فرە بازنەیی لە ڕێکەوتی 20/10/2024 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (2 ملیۆن و 899 هەزار و 578) هاوڵاتی مافی دەنگیان هەبوو، لەو ژمارەیە (ملیۆنێک و 882 هەزار و 448) کەس دەنگەکانیان بە دروستی هەژمار کراو (206 هەزار و 434) دەنگیش پوچەڵ کرایەوە.
تەنها لە پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) (ملیۆنێک و 147 هەزار و 325) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش (665 هەزار و 160) کەس بە ڕێژەی (58%) دەنگەکانیان هەژمار کراو بە دروستی دەنگیان دابوو.
لەو ژمارەیەش لە پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) پارتی دیموکراتی کوردستان (62 هەزار و 856) دەنگی بەدەستهێنابوو بە ڕێژەی (9.4%)ی دەنگە دروستەکانی هەردوو پارێزگاکەو هێزی سێیەم بوو لەدوای یەکێتی و نەوەی نوێوە.
ماوەتەوە بوترێت؛ سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا و لە ساڵانی (1992 بۆ 2024)، بڕی گەشەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ نزیکەی دوو هێندەو بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەروو (92 هەزار) دەنگەوە بۆ نزیکەی (66 هەزار و 500) دەنگ بە ڕێژەی (32%) دابەزیوە، بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەی خوارەوە.
خشتە
.jpeg)
