کارەساتی ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان»

2025-09-14 12:48:29
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمدا، کارەساتێکی دیکەی ناو کارەساتە گەورەکانی ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوریی و خزمەتگوزارییەیە لە هەرێمدا سەروەرکراوە. ڕاوەستانی ئەم خزمەتگوزارییە، بەر لەوەی کۆتاییهێنان بێت بە یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پەکخستنی یەکێک لە مافە هەرە سادە و هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە لە هەرێمدا. ئەمەش هەڵقەیەکی تازەیە لە زنجیرەی ئەو داتەپینە گشتییەی رووی لە دابینکردنی خزمەتگوازارییە سەرەکییەکان و لە پاراستنی مافە هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، لە هەرێمدا.
بەر لە هەموو شتێک دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، بە هەموو تاکە کەسێک لە کۆمەڵگادا، پەیوەندیی بە وێناکردنی مرۆڤەوە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە. بەتایبەتی پەیوەندی بە شێوازی وێناکردنی حوکمڕانانەوە بۆ مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ لەو کۆمەڵگایەدا بەگشتیی و لە ناو سیستمە حوکمڕانییەکەیدا وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت دەبینرێت یان نا؟ چونکە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە کۆمەڵگادا، پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی ماف و کەرامەتەوە هەیە.
پاراستنی تەندروستی مرۆڤ مافێکە لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لەلایەن «ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی»، ڕێکخراوی WHO، دان بەو مافەدا نراوە. هەموو کەسێک لە کۆمەڵگادا، هەم مافی ئەوەی هەیە و هەم شایستەی ئەوەشە دەستی بە خزمەتگوازارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان بگات. بەبێ گوێدانە توانای مادیی و پێگەی چینایەتیی و ڕەگەز و دین و ئایدیۆلۆژیای ئەو کەسە. تەنها لەو ژینگانەدا کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت نابینرێن و مامەڵەناکرێن، بەشە نەدارەکەی کۆمەڵگا، لەم خزمەتگوزارییە بنەرەتییانە بێبەشە و رێ لەوە دەگیرێت هەمووان دەستیان پێیبگات. تەنها لەو ژینگەیەدا کە مرۆڤ لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ رووتکرابێتەوە و کەرامەتی بەشێوازی جیاواز بریندار کرابێت، خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە توانای مادیی و پێگەی چینایەتییەوە، گرێئەدرێت.
لە هەرێمدا نوخبە حوکمڕان و ملیۆنێرەکەی دوای راپەرین، خۆیان بۆ پشکنینە پزیشکییە ئاساییەکانیشیان، سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەن و لە نەخۆشخانە پێشکەوتو و گرانبەهاکانی جیهاندا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. لە کاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێم، پارە و بودجەی ئەوەیان نییە «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» ئەنجامبدەن و ئەم خزمەتگوزارییە سەرەکیی و بنەرەتییە، لە خەڵکە ئاساییەکەی هەرێم دەبڕن.
کەرتی تەندروستیی لە هەرێمدا بووە بە کەرتێکی بازرگانیی و لۆژیکی سەرمایەدارییەکی دڵڕەق و بێویژدان و مافیایی، کە کەڵەکەبوونێکی خێرا و نایاسایی سەرمایە، ئاراستەی دەکات، بەڕێوەی دەبات. ئەمەش ئەو لانی هەرە هەرە کەمەی «دادپەروەریی» و «یەکسانیی کۆمەڵایەتیِ» وێراندەکات کە هەر کۆمەڵگایەک بۆ ئەوەی وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە، پێویستی پێیەتی. بەتایبەتیکردنی کەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و دەستکشاندنەوەی حکومەت و کەرتی گشتیی لە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، دۆخێکی دروستکردووە، خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە مافەوە بگۆڕێت بۆ ئیمتیاز. ئاخر بەبێ دەستگەیشتنی یەکسانی هەمووان بەم خزمەتگوزارییە، ئەم خزمەتگوزارییە دەبێت بە ئیمتیازێک لە ئیمتیازە زۆرەکانی بەشە دەوڵەمەندەکەی کۆمەڵگا. ئەمەش دۆخی نادادپەروەریی و نایەکسانیی لە کۆمەڵگاکەدا قووڵتر و قووڵتر دەکاتەوە.
خزمەتگوزاریی تەندروستی ئیمتیازی هیچ بەشێک لە بەشەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو مافێکە هەمووان هەیانە. هەژارن و بەساڵاچووان و کەمئەندامان و ژنان و پیاوان و منداڵان، بە هەمان ڕادەی خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەندەکان، هەڵگر و خاوەنی ئەم مافەن. خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگا لەم ئاستەدا، خۆشگوزەرانییە بۆ هەمووان، نەک تەنها بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگاکە. سەندنەوەی ئەم خزمەتگوازارییە لە خەڵکی سادەی کۆمەڵگاکە، تەعەدایەکی گەورەیە لە ماف و نرخی ئینسانیی ئەو کەسانە.
ئەخلاقیی حوکمڕانیکردن و ئەخلاقیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکان، بەوە دەپێورێت چۆن مامەڵەی بەشە لاواز و نەدارەکەی کۆمڵگاکە دەکرێت. چۆن بەشە هەرە لاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە مامەڵدەکرێن، ئایا رێز و لە ماف و کەرامەتیان دەگیرێت یاخود وەک مرۆڤی زیادە و ناپێویست مامەڵەدەکرێن؟. بۆیە کۆتاییهێنان بەم خزمەتگوازارییە، فۆرمێکی هێجگار ترسناکی بەدئەخلاقییە لە هەردوو ئاستەکەدا.
لە ڕاستیدا تەنها ئەو کۆمەڵگا و حوکمڕانیانە، کۆمەڵگا و حوکمڕانیی خاوەن ئەخلاقن، کە ژیانی مرۆڤ تیایاندا، هەموو مرۆڤەکان، نرخ و بەها و رێزی تایبەتییان هەیە و هەمووان لە مرۆڤبوون و کەرامەتدا بەیەکتری یەکسانن. لێرەدا پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ، دەبێتە یەکێک لە ئەرک و بەرپرسیاریهتییەتە سەرەکییەکانی دەوڵەت. دەوڵەتیش ئەم بەرپرسیاریەتییە نەک تەنها وەک ئەرکێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەبینێت، بەڵکو مرۆڤەکانیش وەک هاوڵاتیی یەکسان و مرۆڤی خاوەن ماف مامەڵەدەکات، کە مافی دەستگەیشتنیان بەو خزمەتگوزارییانە هەیە. لە پەیوەندیدا بە خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە، پێویستە دەوڵەت ئەم خزمەتگوزارییە، وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ و وەک بەردی بناغەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان ببینێت و مامەڵەبکات، نەک وەک ئیمتیازێک بۆ ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە.
تەنها دانیشتوانێکی تەندروستیش دەتوانێت گەشە بە کۆمەڵگا و نیشتیمانێکی تەندروست بدات. بەزۆر مانا مرۆڤی تەندروست مرۆڤێکی بەرهەمهێنتر و بەختەوەرترە، دەتوانێت جۆرێک لە ژیان دروستبکات قابیلی ژیان بێت. پەیوەندییەکی بەهێز و تەندروستیشی بەو ژینگەیەوە هەبێت کە تیایدا تەندروستانە دەژیی. تەنها لە کۆمەڵگایانەدا کە خەم لە تەندروستیی هەمووان دەخورێت، دەشێت چاوەرێی هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵایەتی زیاتر و زیاتر بکەین. غیابی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەم بەشی کۆمەڵگاکە، بکاتە دوژمنی ئەو بەشەکەی تری و پەیوەندیی نێوان حوکمڕانان و بەشە نەدارەکەی کۆمەڵگاکەس، بخاتە سەر لێواری تەقینەوەی بەردەوام.
تەندروستیی لە کۆمەڵگادا، تەنها بۆ مانەوەی تاکەکان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ هەستکردن بە یەکسانی کۆمەڵایەتیی و خۆشگوزەرانیی گشتیی و سەقامگیریی سیاسیش هێجگار گرنگە. دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ هەموو هاوڵاتیان، هەم پێداویستییەکی ئینسانیی و هەم ئەرکێکی سیاسیی و ئەخلاقییە و هەم مافێکیشه لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ.
ئەوەی لە هەرێمدا دەیبینین، رێک پێجەوانەی ئەو سەرهتا سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانییانەیە کە باسمکردن. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت، لە دۆخی داتەپینێکی بەردەوامدان، لە بەرامبەریدا خزمەتگوزارییە تایبەتەکان، کە زۆربەی جار تەنها ئیمتیازی بەشە دەوڵەمەندەکەی هەرێمەکەیە، لە دۆخی گەورەبوون و فراوانبوونێکی بەردەومدایە. بە مانایەک لە ماناکان، لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیدا، حکومەت بەرەوە نەمان و پوکانەوەیەکی تەواو دەچێت. ئەم نەمان و پوکانەوەیەش، کارێکی بە مەبەست ئەنجامدراو و پلان بۆدانراو و سیستماتیکییە. نوخبەیەک بەڕێوەیدەبات و ئاراستەی دەکات، سەرجەمی وڵاتەکە و کۆی دەزگاکانی حکومەتەکە و سەرجەمی خزمەتگوزارییەکانیش، وەک موڵکی شەخسیی و تایبەتی خۆی مامەڵەدەکات.
بەم مانایە ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمدا، هێمایە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەک و مۆدێلێکی حوکمڕانیی، تەواو خاڵیی لە لانی هەرەکەمی دادپەروەریی و رێزگرتن لە ماف. دروستبوونی حوکمڕانیی و کۆمەڵگایەک بەرەو ئەوە دەچێت ببێت بە دارستان، تیایدا بەهێز لاواز و پارەدار بێپارە بخوات و لەناوببات.
ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکاند، هێمایە بۆ نەمان و لەناوچوونی کۆی ئەو «سەرەتای یەکسان»انەی هەموو کۆمەڵگایەک، بۆئەوەی نەبێت بە گۆڕەپانی رق و بوغزی هەمەجۆر و هەمەلایەنی مرۆڤەکان لەیەکتری، پێویستی پێیانە. نەمانی «سەرەتای یەکسان»، بۆ نموونە یەکسانیی لە خزمەتگوازرییە تەندروستییەکاندا، نەمانی سەرەتاییترین جۆرەکانی رێزگرتنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و رێزگرتنی مافە وەک ماف و رێزگرتنی ژیانیشە وەک ژیان.
