رۆڵی ئەمریكا لە رێككەوتنی نەوتی هەرێم و بەغداد

2025-10-03 14:28:49
درەو:
ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ" لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات: ئیدارەی ترەمپ کاردەکات بۆ دڵنیابون لە بەردەوامی رۆیشتنی هەناردەکردنی نەوت لە باکوری عێراقەوە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، کە دوای دوو ساڵ وەستان دەست بە هەناردەكردنی كرایەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئابوری وڵاتەكە و سودمەندبونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و روبەڕوبونەوەی هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا.
ئاژانسە ئەمریكیەكە ئاماژە بەوەدەكات: ئەمریکا سەرنجی لەسەر دڵنیابونە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت و جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی، ئەوەش بەوتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت.
رۆڵی واشنتۆن لە رێککەوتنی نەوتی کوردستان
ئەو بەرپرسە وتويەتى، واشنتۆن لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا کاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵێکدا سەدان پەیوەندی تەلەفۆنی و کۆبونەوەی لەخۆگرتبوو، کە رێگەی بۆ ڕێککەوتنەکە خۆشکرد.
هاوكات رۆڵی ئەمریکا لە دەستپێکردنەوەی بارکردن لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا، دەرفەتەكانی بەردەوامی و درێژخایەنی رێککەوتنەکە بەهێزتر دەكات.
رێککەوتنی ئێستا تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ کارا دەبێت، لەو ماوەیەدا بڕیارە لایەنەکان گفتوگۆ لەسەرشایستەی کۆمپانیاکان بکەن کە بڕەکەی سەدان ملیۆن دۆلارە، لە کاتێکدا تورکیا فشار دەكات بۆ پیادەكردنی مەرجە نوێكانی بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو.
سودەکانی بۆ ئەمریکییەکان و عێراقییەکان
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو لە سەكۆی "ئێکس" رونیکردەوە: رێککەوتنەکە سودی بەرجەستە بە هەریەك لە ئەمریکاو عێراق دەگەیەنێت، لەگەڵ سەرلەنوێ دووپاتكردنەوەی سەروەری عێراق.
بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی و کورد، فشارەکانی ئەمەریکا فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هەناردەکردن و لە ئێستادا واشنتۆن هەوڵدەدات بیگۆڕێت بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەن کە بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکیەکانیش بپارێزێت.
رێککەوتنی نەوتی کوردستان.. دەستکەوتەکانی عێراق و چاوەڕوانی بازاڕەكانی جیهانی چین؟
وەزارەتەکانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر رۆڵی ئەمریکا بدەن، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان بە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکان، پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کرد، کە رەوتی هەناردەکردنی لە ڕێگەی بۆرییەوە خستەوەگەڕ.
قەرەبووکردنەوەی دابەزینی هەناردەی ئێران
لەگەڵ داخستنی بۆریی تورکیا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە، بەشێک لە نەوتەکە بە بارهەڵگر بۆ هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا بۆ گەڕان بەدوای بازاڕی جێگرەوەدا دەگوازرایەوە، بەگوێرەی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، لە مانگی تەمموزدا، لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆکان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، ژێرخانی نەوتی کوردستان کەوتە بەر هێرش، کە هێزە ئەمنییەکانی کوردییەكان بەرپرسیارێتیان خستە ئەستۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هەرچەندە تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ نەگرتووە.
هەروەك، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانەوە، یارمەتیدەرە بۆ قەرەبوکردنەوەی هەر دابەزینێکی چاوەڕوانكراوی هەناردەی نەوتی ئێران، کە واشنتۆن نیازی خۆی بۆ کەمکردنەوەی بۆ سفر پیشانداوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئەوپەڕی فشاری ترەمپ لە دژی تاران.
