ڕکاربەری لایەنەکان بۆ کورسییەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک
.jpg)
2025-05-10 19:45:43
شیكاری: درەو
بەشی سێیەم: لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی.
2. نەوەی نوێ (1) کورسی.
3. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی.
لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان چەقبەستووترن بەراورد بازنەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بۆیە هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری گەورەی لەسەر نەخشەی داشبوونی کورسییەکانی سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک نابێت.
سەرەتا یەکی پێویست
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018.
لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت .
شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتووە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە، ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات.
بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (30ی نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین.
لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەر پارێزگایەکی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛
1. پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
2. لەم ڕاپۆرتەدا هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە گۆڕانکاری گەورە لەسەر دەرەنجام و دابەشکردنی کورسییەکان دروست ناکات.
دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک
پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای دهۆک بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (11) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت.
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، لە سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک (548 هەزار و 15) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛
- پارتی دیموکراتی کوردستان (402 هەزار و 157) دەنگی بە ڕێژەی (73%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو.
- نەوەی نوێ (46 هەزار و 631) دەنگی بە ڕێژەی (9%) هێنابوو.
- یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 732) دەنگی بە ڕێژەی (8%).
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (28 هەزار و 577) دەنگی بە ڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو.
- ڕەوتی هەڵوێست (8 هەزار و 438) دەنگی بە ڕێژەی (2%).
- کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 677) دەنگی بە ڕێژەی (1%).
- بەرەی گەل (2 هەزار و 605) دەنگی بە ڕێژەی کەمتر لە (1%).
- هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان تەنها (851) دەنگی بە ڕێژەی نزیک (2%).
- بزوتنەوەی گۆڕان تەنها (248) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (0%).
- سەرجەم پێکهاتەکان و سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (12 هەزار و 99) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (2%).
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی.
2. نەوەی نوێ (1) کورسی.
3. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی.
لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان چەقبەستووترن بەراورد بازنەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بۆیە هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری گەورەی لەسەر نەخشەی داشبوونی کورسییەکانی سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک نابێت.
خشتە
