Draw Media

جارێکی دیکەش دۆناڵد ترامپ

جارێکی دیکەش دۆناڵد ترامپ

2024-11-10 14:14:07


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

 


ئەمریکییەکان دەنگیاندا و جارێکیتر دۆناڵد ترامپیان وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژاردەوە. ئەمە دووهەمین جارە ئەم بازرگانە ملیاردلێرە بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵدەبژێردرێت. جاری یەکەم لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠ سەرۆکی ئەمریکا بوو. لە ئێساتشدا لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٨ سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێت.

هەڵبژاردنەوەی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا بەشێکی گەورەی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە. بەریەک هەیە ترامپ بە فاشیست دەزانێت و سەرکەوتنەکەشی وەک سەرکەوتنی فاشیزم وێنادەکات. لە بەرامبەریدا بەرەیەکی تر هەیە ترامپ وەک باشترین و راستگۆترین و گرنگترین سەرۆکی ئەمریکا دەبینێت و سەرکەوتنەکەشی وەک سەرکەوتن بەسەر بەڵای گەورەی هێزە «چەپ»کاندا، وێنادەکات. لە دیدی ئەم داکۆکیکەرانەدا لە ترامپ، چەپبوون بە هەمان رادەی فاشیزمبوونی بەرەکەی تر، مەترسیدارە.

وەک هەموو بیرکردنەوەیەکی دوالیزمانە، ئەم دوالیزمی فاشیست بەرامبەر ئینساندۆست و راستگۆیە، دوالیزمێکی هەڵەیە، وەک هەموو بیرکردنەوەیەکی دوالیزمانەش باز بەسەر  ئاڵۆزییەکانی واقیعدا دەدات و حیساب بۆ ئەو ژینگە و سەردەم و دۆخە مێژووییە ئاڵۆزە ناکات، کە دیاردەکان لەناویاندا دروستدەبن.

ئەو ئەمریکاناسانەی قسەیان لەسەر کەسایەتی ترامپ وەک تاکەکەسێک کردوە، باس لە مرۆڤێکی نارسیستی دەکەن کە وەلا و دانەپاڵ بۆ ئەو، لە هەمووشتێکی تر بە گرنگتر دەزانێت، تەنانەت گرنگتر لە وەلا بۆ دەستوری ئەمریکیی و بۆ ئەو سیستمە دەزگاییەی دیموکراسیەتی ئەمریکیی، بەڕێوەدەبات. هاوکات ترامپ بەوەش ناسراوە کە دۆستی رژێم و سەرۆکە دەسەڵاتگەر و دیکتاتۆرەکانە، لەناویاندا پوتین و ئەردۆگان و سیسی و ئەو بەرە پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەی لە جیهاندا هەیە و کاردەکات. بە حوکمی ئەوەی ترامپ خۆیشی پۆپۆلیستێکی ئەمریکییە، بۆیە پۆپۆلیستەکانی وەک خۆی خۆشتردەوێت تا ئەوانەی رێز لە دیموکراسیەت و سیستمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەگرن. زۆربەمان لە بیرمانە کاتێک سیسی لە ڕێگای کودەتایەکی سەربازییەوە بوو بە سەرۆکی میسر، ترامپ بە سیسی دەگوت «دیکتاتۆرە دڵخوازەکەی من».

 

 

خاڵێکی دیکە کە بەشێک لە ترامپناس و ئەمریکاناسەکان پێی لەسەر دادەگرن، ئەوەیە کە ترامپ کەسێکی درۆزنە و شەرمیش ناکات بەردەوام درۆ بکات. لەم بوارەدا گەورەترین درۆی ترامپیش کە سەدەهاجار دووبارەیکردۆتەوە ئەو درۆیەیە کە دەڵێت ئەو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بردۆتەوە. فێڵ و تەزویری لێکراوە دەنا ئەو لە ساڵی ٢٠٢ ەوە تا ئەمڕۆش هەر سەرۆکی ئەمریکا دەبوو. هەموو ئەمانە بەبێ بوونی بەڵگەیەک ڕاستیی قسەکانی ئەو، نیشانبدات. ئەم دۆخە وادەکات لە ساڵی ٢٠٢٠دا دان بە دۆڕانی خۆیدا نەنێت و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکەش قبووڵ نەکات.

هاوکات ترامپ رکابەرەکانی وەک رکابەر نابینێت، بەڵکو پێیان دەڵێت دوژمنی ناوەکیی، نەک تەنها دوژمنی ناوەکیی خۆی بەڵکو دوژمنی ناوەکیی هەموو کۆمەڵگای ئەمریکیی. ئینجا هەڕەشەی دیپۆرتکردنی بە کۆمەڵی خەلک دەکات، هەڕەشەی ئەوەش دەکات ناحەزەکانی زیندان بکات. وەک ووتیشم ئینتیما بۆ ئەو وەک کەسێک لە ئیتیما بۆ دەستوری ئەمریکا و دەزگا و یاساکانی بە گرنگتر دەزانێت.

لە سەرێکی دیکەوە ترامپ خاوەنی هەڵبەز و دابەزی گەورەیە لە سیاسەتدا، تەنانەت خودی ڕاوێژکارە باڵاکانیشی بە خێرایی و بە ئاسانی دەگۆڕێت، جا یان لە ڕێگەی دەستلەکارکێشانەوە، یان لە ڕێگای دەرکردنەوە. هاوکات بە ئاسانی پشثدەکاتە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشی.

بردنەوەی ترامپ دەشێت گێژەنی گەورە بۆ ئەمريكا و بۆ جیهانیش دروستبکات، گێژەنێک تێکەڵەیەک بێت لە پەڕگیریی ڕاستڕەوانە، رقبوونەوە لە بێگانە و ژنان، پەرەدان بە تیورەی پیلانگێریی بەرهەمهێنای ترس، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی بەردەوام. لەناو ئەمریکا خۆشیدا لە دەستبردن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بڕێک لە دەزگاکان بە مەبەستی هێنانیان بۆژێر دەسەڵاتی سەرۆک خۆی، لە ناویاندا داڕشتنەوەی وەزارەتی داد، داڕشتنەوەی دەزگا فیدراڵییەکانی دیکە، تەنانەت داڕشتنەوەی سوپا و دەسەڵاتی سەربازیش بە هەمان ئاراستەدا.
ئەو بۆچوونە راستییەکی زۆری تێدایە کە ترامپ بە خاوەنی عەقڵیەتێکی ئەوتۆکراتیی دەزانێت و وەک مەترسی بەهێزکردنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەی دەرەوەی لێپرسینەوە و بەرپرسیاریکردنی یاسایی، وێنایدەکات. ئەمەش تێکەڵ بە گەشەدان بە سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ڕەخنەگرانی، بەسیاسیکردنی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان و گرێدانیان بە هەوادارەکانی خۆیەوە، سزادانی ئەو میدیایانەیش ئەو بە نادۆست ناویان دەبات. هەموو ئەمانە بەشێکن لە کەسایەتی ترامپ، لە بەرنامە سیاسییەکەی کە بەرنامەیەکی پۆپۆلیستی راستڕەوانەیە.

 

 

 ڕەنگە راستیش بێت ترامپ خاوەن حەزێکی گەورەش بێت بۆئەوەی ببێت بە پوتینی ئەمریکا، یان بە ئەردۆغان و سیسی و خامەنەئی ئەمریکا. ترامپ زۆرشتی هەیە لە کەسە خۆسەپێنەکانی وەک هوگۆ چاوێز لە ڤەنزوێلا و ئۆربان لە هەنگاریا و ئەردۆغان لە تورکیا و سیسی لە میسر دەچێت، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە سیستمە یاسایی و سیاسیی و دەزگایی و مەدەنییەکەی ئەمریکا، تا ئەم ساتەش، رێگە بە دروستبوونی دیاردەی پوتین و ئەردۆعان لە ئەمریکادا نادات. دیموکراسیەتی ئەمریکیی تەمەنی چەند سەدەیەکە و سیستەمێکی ناوەکیی بەهێزی چێککردن و هاوسەنگکردنی هەیە. ئازادییەکی گەورەی نووسین و رادەربڕین و رەخنەگرتن لە وڵاتەکەدا هەیە، کۆمەڵگای ئەمریکی خۆیشی کۆمەڵگایەکی کراوەیە و پڕیەتی لە جیاوازیی ناوەکیی، ئەو جیاوازییانەش سەرکوت و بێدەنگ ناکرێن و نەکراون و یاسا و دەزگا دەیانپارێزێت. کولتوری سیاسیی وڵاتەکەش کولتورێکی دیموکراسییانەیە و زاید لە چەند سەدەیەکیشە ئەم کولتورە کاردەکات. هەموو ئەمانە وادەکەن کەسایەتی سەرۆک، چەندە بەهێزیش بێت، نەتوانێت وەک پوتین و ئەردۆعان و سیسی بێت. لەپاڵ خەیاڵی تاکەکەسیی سەرۆک لە ئەمریکادا، سەرجەمی ئەو دەزگا و میکانیزم و یاسا و دۆخە ئاڵۆزە لە ئارادایە کە  فاشیزم ناتوانێت لەناویدا دروستببێت.

جیهان پڕبووە لە سیاسیی نابەرپرسیار و ترسناک، لەو کەسانەی هەم تینوی دەسەڵات و تینوی کەڵەکەکردنی پارەن، هەم حوکمڕانیکردن بە ماف و موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن . ئەوەی دەتوانێت جیهان لەم جۆرە بوونەوەرە سیاسییە ترسناکانە بپارێزێت، خودی مرۆڤەکان خۆیانن، مرۆڤەکانن بە یەکەوە، کۆمەڵگاکانن، ئەو مرۆڤانەن کە نایانەوێت جیهان ناشیرینبێت و بگۆڕێت بۆ شانۆی نمایشکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەو سیاسییە نارسیستییانەوە. بونی دەزگا و  دەستور و یاسا بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن گرنگن، بەڵام لەمانە گرنگتر بوونی ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتییە بیەوێت ئەو دەسکەوتانە بپارێزێت کە مرۆڤایەتی لەم جەند سەدەیەی دواییدا بەدەستیهێناوە، نەهێڵێت کۆمەڵێک سیاسیی نارسیست ئەو مێژووە و دەسکەوتە گرنگەکانی ناوی، وێرانبکەن.

هەڵبژاردن لە زۆر شوێنی جیهاندا ئەنجامئەدرێت و بەردەوامە، بەڵام یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە ئەو هێزانەی هەڵبژاردنەکان دەبنەوە، هێزی نالیبرال یان دژەلیبرالن، کە دێشنە سەرحوکم دەسکاریی بەشێکی گەورەی ئەو دەزگا و یاسا و میکانیزمانە دەکەن، کە بۆ دروستبوون و کارکردن و مانەوەی دیموکراسییەت پێویستن. بەشێکی گەورەی ئەوانەی لەم ساڵانەدا هەڵبژاردنەکانیان بردۆتەوە هێزی پۆپۆلیستی ڕاسترەوی نالیبرالن. یەکێک لە تەحەدا گەورەکانی ئەمڕۆکە رێگرتنە لە گەشەکردنی زیاتری ئەم شەپۆلە پۆپۆلیستییە جیهانییە، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە دەرکەوتە پۆزەتیڤەکانی مێژووی ئەم چەند سەدەیەی دوایی جیهان وەک گشتێک. ئەم شەپۆلە پۆپۆلیستییە بە ناوی “گەل” و «کولتور» و بەگژاچوونەوەی  “نوخبەی گەندەڵ” و “دوژمنانی ناوەکییە” وە قسەدەکات، بەڵام ئەرکی ژمارە یەکی خنکاندنی دیموکراسیەت خۆیەتی وەک سیستم.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand