Draw Media

سەردەمی سەدام حوسەین و هەڵاتن لە ئێستا

سەردەمی سەدام حوسەین و هەڵاتن لە ئێستا

2025-04-20 09:50:12


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

«هەڵاتن لە ئێستا» و گەڕانەوە بۆ «سەردەمێکی تر» بەشێکە لە ئاکاری کەسانێک لە کۆمەڵگای ئێمە و هەندێک لە کۆمەڵگاکانی دراوسێماندا. بە حوکمی ئەوەیش هەڵاتن بەرەو ئایندە کارێکی مەحاڵە، چونکە ئایندە لێرە نییە و ئاکارەکانیشی دیارنییە، بۆیە گەڕانەوە بۆ «رابردوو»، بۆ دواوە، بۆ شوێن و رۆژگارێک کە سەردەمانێک هەبووە و «لێرە» بووە، دەبێتە ئەو شوێنەی کەسانێک دەخوازن بۆی بگەڕێنەوە.
لە میسر یان لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کەسانێک هەن لە «ئێستا»ی ناشیرینی وڵاتەکەیان هەڵدێن. لە میسر بۆسەردەمی پاشایەتی بەر لە هاتنی جەمال عەبدول ناسر و بەر لە دروستبوونی ناسریزم دەگەڕێنەوە، لە عێراقیش بۆ سەردەمی سەدام حوسەین و رۆژگاری دەوڵەت و حوکمڕانییەکەی بەعس. بۆ ئەو کەسانە هەردوو سەردەمەکە وەک رۆژگارێک وێنادەکرێن کە پێیان وایە دەتوانن شتێک لە ئاسودەیی و بەخەوەریی تیادا بدۆزنەوە. بێگومان ئەم جۆرە وێناکردنە، وێناکردنێکی دەرونیی و نۆستالژییانەیە و ئەوەی دروستیکردون ناشیرینیەکانی ئێستایە، نەک جوانیی و باشی ئەو سەردەمانە خۆیان.

بەبێ بوونی نۆستالجیا و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ سەردەمێکی باشتر، بە تایبەتی لە کاتێکدا ئومێد بە گۆڕانکاریی و دروستکردنی جیهانێکی باشتر لە ئارادا نەمابێت، ئەوەی بۆ خەڵکانێکی زۆر دەمێنێتەوە گیرخواردنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی سەختە بەدەست ناشیرینیی و تاریکاییەکانی، ئێستاوە.

سەرەڕای ئەو راستییە سیاسیی و دەرونییە تاڵەی سەرەوە، لە پەیوەندیدا بە رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە، هەموو حەز و خواستێک بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو دونیایەی بەعس و سەدام حوسەیان لە عێراقدا دروستیان کردبوو، جگە لەوەی هەڵەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەیە، هاوکات هێمایەکی گەورەیشە بۆ هۆشیارییەکی تەواو شێواو و بیمار، کە نازانێت رژێمی بەعس و حوکمڕانییەکەی سەدام حوسەین لە عێراقدا چ جەهەنەمێکیان دروستکردبوو. ئەم نەناسینەش تەنها پەیوەندیی بە کەمی زانیارییەوە نییە، بەڵکو تاوانێکی سیاسیی و ئەخلاقییە. بە زۆر مانا نەناسینی سەدام حوسەین و رژێمە جینۆسایدیەکەی، بۆ هەر عێراقییەک بە گشتیی و بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، دەچێتە قاڵبی تاوانکردنەوە بەرامبەر بە کۆی ئەو قوربانیە زۆرانەی ئەم رژێمە دروستیکردن.
 
وێناکردنی سەدام حوسەین وەک سەرۆکی وڵاتێک بە هەندێک «خراپەکاریی» و «موکەسەرات»ی تایبەتەوە، یان وێناکردنی وەک سیاسییەک بە هەندێک «نووقسانی»یەوە، دەلالەت لە بێئاگاییەکی نابەرپرسیار و ترسناک لە ئەزموونی حومکڕانیى رژێمەکەی سەدام حوسەین و کەسایەتییە ترسناکەکەی ئەو، دەکات.


 
سەدام حوسەین  یەکێکە لە خوێناویترن و توندوتیژترین و فاشیلترین حوکمڕانەکانی سەدەی بیستەمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پیاوە بەرپرسە لە ھەڵگیرسانی دوو جەنگی گەورە. جەنگی یەکەمیان، جەنگی عێراق و ئێرانە، هەشت ساڵ دەخایەنێت و نزیکەی یەک ملیۆن قوربانی لێدەکەوێتەوە. جەنگی دووھەمیان، جەنگی داگیرکردنی کوەیتە، کە دیسانەوە ھەزاران هەزار مرۆڤی بێتاوانی تێدا دەکوژرێت.
هەنگاوی دواتری سەرکوتکردنی راپەرینەکانی عێراق و کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٩١دا و کوشتنی زیاد لە دووسەد ھەزار مرۆڤە. راونانی چەندان ملیۆن کورد و عێراقیی و ناچارکردنیانە بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان و بوون بە ئاوارە لە وڵاتانی دراوسێدا.
مێژووی سیاسیی سەدام حوسەین خۆیشی مێژووی لەناوبردنی یار و نەیارە بە شێوەیەکی سیستماتیکیی و پلان بۆ دانراو. ئەم مێژووە بە پاکسازیی و تەسفیاتی ناوەکیی ناو حیزبی بەعس خۆی دەستپێدەکات. کوشتن و گرتن و ڕاوانانی ژمارەیەکی گەورە لە هاوڕێی و هاوکارە بەعسییەکانی خۆی لە رووداوە سەرەکییەکانی ناو مێژووی حیزبی بەعس خۆیەتی لە سەردەمی سەدامدا. ئینجا لێدان لە هاوپەیمانە کۆمۆنیستەکانی و  گرتن و کوشتن و ڕاونانی دەیان ھەزار ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی عێراق. ئەمە جگە لە بەبەعسیکردنێکی تەواوی دەزگاکانی حوکمڕانیی و دەوڵەت و جیهازی بیرۆکراسیی لە وڵاتەکەدا. لە کۆتاییشدا بەخێزانیی و  بنەماڵەیکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتەکەدا. لە هەموو ئەمانەشدا فۆبیا و گرێ دەرونییەکانی  سەدام حوسەین خۆی دەبوون بە یاسا و بە پاڵنەری سەرەکیی رووداوەکانی ناو وڵاتەکە، بەبێ بوونی هەرە هەرە کەمی توانای لێپرسینەوە و سنووردانان بۆ ئەو سایکۆلۆژیا شێواوە.
 
لە پەیوەندیدا بە کوردەوە سەدام حوسەین تاوانبارترین دەسەڵاتداری ناو مێژووی کوردە لە عێراقدا. کوشتن و گرتن و ڕاوانانی دەیان هەزار کورد، لەسێدارەدان و گواستنەوە و دەرکردنیان، پەلاماردانی دەیان ناوچەی کوردستان بە چەکی کیمیاوی و چەکی کۆمەڵکوژ رووکارە هەرە سەرەکییەکانی مێژووی ئەم ستمەگەرەیە بە کوردەوە. گەیشتنی تاوانەکانیشی لە پەلامارەکانی ئەنفالدا بە جینۆساید راستییە هەرە تاڵەکەی پەیوەندی نێوان ئەم دیکتاتۆرەیە بە خەڵکی کوردستانەوە. ئەنفال وەک تاوانی وێرانکردنی زۆرینەی هەرەزۆری گوندەکانی کوردستان و ڕاگواستنی زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤ و کۆکردنەوەیان لە چەند ئۆردوگایەکی زۆرملێیدا. ئینجا کوشتنی دەیان هەزار کەس و ناشتنی بەشێکی زۆریان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا لە بیابانەکانی عێراقدا.
 
تاوانەکانی سەدام حوسەین تەنها تاوانی سیاسیی و دروستکردنی جەنگ و بەکارهێنانی توندوتیژیی کۆکوژیی نییە. تەنها راگواستنی خەڵک و وێرانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.  یەکێک لە تاوانە هەرە گەورەکانی سەدام حوسەین بریتییە لە تاوانی وێرانکردنێکی تەواوەتی ئابوریی عێراق. کاتێک سەدام حوسەین  لە ساڵی ١٩٧٩دا بوو بە سەرۆکی عێراق، دینارێکی عێراقی بەرامبەر بە سێ دۆلاری ئەمریکی بوو. کەچی کاتێک رژێمەکەی روخێنرا و دەسەڵاتی بەجێهێشت یەک دۆلاری ئەمریکیی بەرامبەر بە زیاد لە دوو ھەزار دیناری عێراقی بوو. ئابوریی عێراق لەژێر دەستی رژێمەکەی سەدام حوسەین و لەناو جەنگە یەک بەدوای یەکەکانیدا، گۆرابوو بۆ «ئابووریەکی سەربازیی» و خودی جەنگەکانی سەدامیش خۆیشیان هەموو ئەو چەک و جبەخانانەی وێرانکرد کە ئەم ئابورییە سەربازییە دروستیکردبوو. ئەمە جگە لەوەی عێراقی خستنە ژێر باری قەرزێکی هێجگار گەورەوە کە ساڵانێکی درێژی دواتر دەوڵەتی عێراقی خەریکی دانەوەیان بوو. چەندان ئابووریناس باوەریان وابوو عێراق دەیتوانی ببێت بە «ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی ناوەراست»، کەچی حوکمڕانییەکەی سەدام حوسەین ئەم وڵاتەیان بۆ یەکەێک لە هەژارترین و دواکەوتوترین وڵاتەکانی جیهان، گۆری.

لە ئاستی ژیانی خێزانیی و کۆمەڵایەتیدا رژێمەکەی سەدام حوسەین جۆرێک لە بێمتمانەیی و گومانکردنی گەورەی دروستکردبوو. باوک و دایک نەیاندەوێرا لەبەردەمی منداڵەکانیاندا باس لەم یان لەو خراپییەکانی رژێمەکەی سەدام حوسەین بکەن. چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو منداڵەکانیان قسەکانیان بۆ رێکخراوەکانی منداڵانی حیزبی بەعس بگێرنەوە. لەناو ژیانی گشتیدا دراوسێ لە دراوسێ دەترسا و هاوڕێ ترسی لە هاورێ هەبوو، چونکە دەکرا راپۆرت لەسەر یەکتری بنووسن و لەگەڵ بەعسدا تووشی کێشەی گەورە ببن.

لە ئاستێکی دیکەدا کاتێک سەدام حوسەین بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق وڵاتێکی عەلمانی، یان نیمچە عەلمانی و خاوەن کۆمەڵگایەکی کراوە بوو. لە سەردەمی کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەیندا و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام خۆیدا، وڵاتەکە کرابووە هێلانەی دەیان ھێزی سەلەفیی وەھابیی جیهادیی و ناجیهادیی و خودی بەعس خۆیشی بەرەو ئەوە دەچو ببێت بە حیزبێکی دینیی یان نیمچە دینیی. بەم کارەشیان ناشیرینییەکانی بەعس و ناشیرینییەکانی ئیسلامی سیاسیان بەیەکتری تێکەڵدەکرد. سەدام حوسەین خۆیشی لە کەسێکەوە کە گوایە باوەڕی بە سۆسیالیزم و پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراق هەبوو، بوو بە «موجاهید»ێک گوایە بەرگری لە ئیسلام و خودا دەکات.

ئەمە با واز لە تاوانی وشککردنەوە و بنکۆڵکردنی ئەھوارەکانی عێراق و گواستنەوەی بەزۆری دانیشتوانەکانیان و ناچارکردنیان بە کۆچکردن بۆ شارەکانی تری عێراق، بهێنین. کە وێرانکردنی یەکێک لە ژینگە هەرە تایبەت و هەرە دەگمەنەکانی جیهان بوو.

هەر لە سەردەمی سەدام حوسەینیشدا بوو بازنەی حوکمڕانیکردن لە وڵاتەکەدا کورتبووەوە بۆ سەدام حوسەین خۆی و منداڵ و برا و خزم و کەسە ھەرە نزیکەکانی. دەسەلاتی بەعس بووبوو بە دەسەڵاتی تکریتییەکان. لەسەردەستی سەدام حوسەیندا مۆدێلی دەسەڵات لە عێراقدا گۆڕا بۆ مۆدێلێکی خێزانیی بچووک و داخراودا.

یەکێک لە کارەساتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی ئەم ساتەی ئێستامان لەوەدایە، کەسانێک دروستبوون سۆز و خواست و نۆستالژیایان بۆ سەردەمی سەدام حوسەین و حوکمرانییەکەی لا دروستبووە. ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەو کۆمەڵگایەوە هەیە لەدوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە دروستکرا. دروستکەرانی ئەم دۆخە تازەیە بە ڕادەیەک  گەندەڵ و دز و ناشیرین و نابەرپرسیارن، کەسانێکیان وا لەکردوە سەردەمی سەدام و حومکڕانییەکەی ئەویان پێ باشتربێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand