Draw Media

ئۆپۆزسیۆن: ئەنجامی هەڵبژاردن دزراوە

ئۆپۆزسیۆن: ئەنجامی هەڵبژاردن دزراوە

2024-10-27 10:49:32


راپۆرت: درەو
تەنیا شەش رۆژ دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان، جۆرجیا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كرد، بۆ یەكەمجار سیستەمی ئەلیكترۆنی دەنگدان بەكارهێنرا، پارتی دەسەڵاتدار هەڵبژاردنی بردوەتەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەڵێن" ئەنجامی هەڵبژاردن دزراوە" بۆیە نایانەوێت دەرەنجامەكان قبوڵ بكەن. بەم دۆخەوە جۆرجیا لەبەردەم شەپۆلێك ناڕەزایەتیی و نائارامیدایەو حكومەت خۆی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئۆپۆزسیۆن ئامادە دەكات. وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 

ریزی دەنگدان لە بنكەیەكی هەڵبژاردن لە تبلیسی پایتەخت

ملیاردێرەكە هەڵبژاردنی بردەوە
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، بەهێزترین پیاوی جۆرجیا، (بیدزینا ئیڤانشڤیلی) ملیاردێرو دامەزرێنەری پارتی "خەونی جۆرجیا" ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی بردوەتەوە كە دوێنێ بەڕێوەچوو. ئەمە  گورزێكە بۆ ئەو كەسانەی كە خەونیان ئەوە بوو جۆرجیا زیاتر لە ئەوروپا نزیك ببێتەوە. 
ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن ئیڤانشڤیلی و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت دیپلۆماتكارە بیانییەكانیشەوە وەكو ساتێكی چارەنوسساز لە مێژووی جۆرجیا پێناسە كرا، چونكە دەرەنجامەكانی ئاڕاستەی داهاتووی جۆرجیا دیاری دەكات بەوەی ئایا لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا ئاوێتە دەبێت یاخود ئارەزووی بە لای روسیادا دەڕوات، ئەمەش لەسەردەمێكدا كە جەنگی ئۆكراینا یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی ناوچەكەیە. 
دوای جیاكردنەوەی زیاتر لە 99%ی دەنگەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی جۆرجیا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاندو پارتی دەسەڵاتدار هەڵبژاردنەكەی بردەوەو رێژەی 54%ی دەنگەكانی برد، بەمەش ئیڤانشڤیلی كە بەوە ناسراوە لایەنگری روسیایە، پەرلەمانی نوێی كۆنترۆڵ كرد. 
لەبەرامبەردا پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كە وا تەماشایان دەكرا پەلە بكەن لە قوڵكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا، تەنیا رێژەی 39%ی دەنگەكانیان برد، بەرەی ئۆپۆزسیۆن ژمارەیەك هاوپەیمانێتیی لەخۆدەگرت لەوانە "هاوپەیمان لەپێناو گۆڕانكاریی" و "هاوپەیمانی یەكێتیی لەپێناو جۆرجیا"و "هاوپەیمانی جۆرجیایەكی بەهێز".
راپرسییەكان پێشبینی جیاوازیان بۆ ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە كردبوو، كەناڵی تەلەفزیۆنی (ئیمیدی) سەربە پارتی دەسەڵاتدار "خەونی جۆرجیا" پێشبینی ئەوەی كردبوو ئەم پارتە رێژەی 56%ی دەنگەكان دەبات، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو راپرسییانەی كە كەناڵەكانی سەربە ئۆپۆزسیۆن كردبوویان، سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنی نیشان دەداو باسیان لەوە دەكرد پارتی دەسەڵاتدار تەنیا 42%ی دەنگەكان دەبات. 
ئەم پێشبینییە جیاوازانە بۆ دەرەنجامەكان، ئاستی ناڕەزایەتییەكانی لە شەقامی جۆرجیا زیاتر كردووە، ئۆپۆزسیۆن داوای چاوخشاندنەوە بە خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات. 

نیكا میلیا یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی لەپێناو گۆڕانكاری لەكاتی دەنگدان لە شاری تببلیسی پایتەخت

"دزینی ئەنجامی هەڵبژاردن"
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، پارتی دەسەڵاتدار لە كۆی (150) كورسی پەرلەمان نزیكەی (89) كورسی بردووە، ئەمەش بەسە بۆ پارێزگاری لە حكومەتی ئێستا، بەڵام بەشی ئەوە ناكات زۆرینەی رەها دروست بكات، زۆرینەیەك كە رێگەی پێبدات گۆڕانكاری گەورە لە دەستوری وڵات ئەنجام بدات. 
بزوتنەوەی یەكێتیی نیشتمانی كە رێبەرایەتی هاوپەیمانی "یەكێتیی رزگاریی جۆرجیا" دەكات، هەر زوو دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی رەتكردەوە؛ خاتو (تینا بۆكۆچاڤا)ی سەرۆكی پارتەكە وتی:" ئەم ئەنجامە دزراوانەی هەڵبژاردن قبوڵ ناكەین و دانی پێدا نانێین". هەر بەمەوە نەوەستا، داوای لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان كرد دژی ئەنجامەكان بوەستنەوەو هۆشداریدا لەوەی رەنگە "ناڕەزایەتی گەورە" لە جۆرجیا دژ بە ئەنجامەكان رێكبخرێت.
لایخۆشیەوە (مۆمۆكا خازارادزە) رێبەری پارتی "جۆرجیای بەهێز" رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆن ئەو هەڵبژاردنەی بردوەتەوە كە یەكلاكەرەوەیە بۆ ئایندەی گەلی قەوقاز لە ئەوروپا. 
(نیكۆ گفارامیا) ئەندامی هاوپەیمانی لەپێناو گۆڕانكاریی دەڵێ:" ئێمە دان بە ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردندا نانێین، ئەمە كودەتایە". 
بۆ رێگریكردن لە روودانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لە شەقامەكان، (كاخا كالادزە) سەرۆكی شارەوانی تبلیسی پایتەخت كە خۆی سەربە پارتی دەسەڵاتدارە، هۆشداری دا بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان "هەر كارێكی نایاسایی رووبەڕووی كاردانەوەی زۆر بەهێزی دەوڵەت دەبێتەوە".
لەبەرامبەردا خاتوو (سالومی زورابیشڤیلی) سەرۆكی پێشووی جۆرجیا كە لە پارتی دەسەڵاتدار جیابووەتەوەو پاڵپشتی لە جوڵانەوە ناڕەزایەتییەكانی دژ بە حكومەت دەكات، لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایگەیاند" پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن رێژەی 52%ی دەنگەكانی بردووە، سەرباری هەوڵەكانی یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن". 

خاتوو (سالومی زورابیشڤیلی) سەرۆكی پێشووی جۆرجیا لەكاتی دەنگداندا

بۆ یەكەمجار سیستەمی ئەلیكترۆنیی دەنگدان
دوێنێ دەنگدەرانی جۆرجیا روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد بۆ ئەوەی (150) ئەندامی پەرلەمان لەناو (18) پارتی سیاسیدا هەڵبژێرن. بۆ یەكەمجار لەم هەڵبژاردنەدا سیستەمی نوێی دەنگدانی ئەلیكترۆنی بەكارهێنرا، ئەمە لەپاڵ كۆپی كاغەزیی دەنگدان، سیستەمە نوێیەكە رێخۆشكەر بوو بۆ ئەوەی دوای چەند كاتژمێرێك لە تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان ئەنجامی بەرایی رابگەیەندرێت. 
خاتوو (ناتیا یۆسیلانی) وتەبێژی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی جۆرجیا دەڵێ: سەرباری هەندێك كەموكورتی بچوكی تەكنیكی، بەڵام پرۆسەی هەڵبژاردن لە ژینگەیەكی ئارامدا لە سەرجەم بنكەكانی دەنگدان بەڕێوەچوو. 
بەگوێرەی قسەی لیژنەی هەڵبژاردنەكان، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی دوێنێی جۆرجیادا گەیشتوەتە نزیكەی 59%، ئەمەش لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتی "خەونی جۆرجیا" ساڵی 2012وە بەرزترین ئاستی بەشدارییە كە تۆماركرابێت. 

بیدزینا ئیڤانیشڤیلی رێبەری پارتی "خەونی جۆرجیا" لە بنكەیەكی دەنگدان لە شاری تبلیسی پایتەخت

روسیا یاخود یەكێتیی ئەوروپا ؟
سیاسەتی دەرەوە باڵی بەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆرجیادا كێشا بوو، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (3 ملیۆن و 700 هەزار) كەسە، ململانێی تاڵ لەسەر دەنگدان و تۆمەتباركردن و ناوزڕاندنی یەكتر دیمەنی دیاری هەڵبژاردنەكە بوو، هەندێك لە خەڵكی جۆرجیا گازەندەیان هەبوو لەبارەی ئەوەی هەڕەشەو فشاریان لێكراوە بۆ ئەوەی دەنگ بۆ پارتی دەسەڵاتدار بدەن، ئۆپۆزسیۆن پارتی دەسەڵاتداری بەوە تۆمەتبار دەكرد كە دەستی داوەتە "شەڕێكی هەمەلایەنە"ی لەدژی هاوڵاتیان.
پێشتر راپرسییەكان ئاماژەیان بەوە دەكرد رێژەی نزیكەی 80%ی هاوڵاتیانی جۆرجیا پشتیوانی ئەوە دەكەن وڵاتەكەیان بچێتە ناو یەكێتیی ئەوروپاوە، دەستوری جۆرجیاش سەركردە سیاسییەكانی وڵات پابەند دەكات بەوەی كار بۆ ئەوە بكەن بچنە ناو یەكێتیی ئەوروپاو پەیمانی باكوری ئەتڵەسییەوە، سەرباری ئەمەش هەوڵەكان بۆ ئەندامبوون لە یەكێتیی ئەوروپا هەڵپەسێردران، ئەمەش بەهۆی پەسەندكردنی یاسایەك "یاسای روسی" لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە كە ئازادی رادەربڕین كۆتوبەند دەكات. 
لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا، پارتی دەسەڵاتدار پۆستەرێكی دانابوو كە دوو وێنەی لەسەر بوو، وێنەیەكی رەش و سپی وێرانبوونی ئۆكراینا بەهۆی جەنگ و وێنەیەكی تری رەنگاو رەنگی ژیان لە جۆرجیا، لەسەر پۆستەرەكە نوسرابوو "بڵێ نا بۆ جەنگ- ئاشتی هەڵبژێرە"، بەم پۆستەرە پارتی دەسەڵاتدار دەیویست بە خەڵكی جۆرجیا بڵێ ئەگەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بیبەنەوە چاوەڕوانی جەنگێكی تر بن لەگەڵ روسیا، بەمەش جەنگەكەی ساڵی 2008ی بە بیری دەنگدەران دەهێنایەوە كە تێیدا روسیا دەستی بەسەر بەشێك لە خاكی جۆرجیادا گرت.
لەبەرامبەردا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان وا وێنای هەڵبژاردنەكەیان دەكرد كە هەڵبژاردنە لەنێوان خۆرئاواو روسیادا، لەنێوان دیموكراتیەت و ستەمكاریدا، ئەمەش چیرۆكێك بوو كە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریكاو ئەوروپاوە پشتیوانی دەكرا، كە رەخنەیان لە پارتی "خەونی جۆرجیا" گرت بەهۆی ئەو پاشەكشێیەی كە لە بواری دیموكراتیدا لە جۆرجیا دروستیكردووە.  
سەرباری ئەوەی پارتی دەسەڵاتدارو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە كار بۆ ئەوە دەكەن جۆرجیا ببنە ناو یەكێتیی ئەوروپاوە، بەڵام ئەو یاسایانەی كە پارتی "خەونی جۆرجیا" دەریكردون ئەم خەونەی بە هەڵواسراوی هێشتوەتەوە. 
بەر لە هەڵبژاردن، بیدزینا ئیڤانشڤیلی دامەزرێنەری پارتی دەسەڵاتدار بەڵێنیدا ئەگەر سەركەوێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان قەدەغە دەكات. لە گردبوونەوەیەكی پشتیوانانی حكومەتدا لە تبلیسی پایتەخت، ئیڤانشڤیلی وتی: "لەژێر هێزی تەواوەتی یاسادا، لێپێچینەوەیەكی تەواوەتیی لە ئۆپۆزسیۆن دەكەین، لەسەر ئەو تاوانانەی جەنگ كە دژ بە گەلی جۆرجیا ئەنجامیانداوە" بەڵام باسی لە سروشتی تاوانەكان نەكرد.
بەگشتیی هەڵبژاردنەكە دابەشبوونێكی قورسی لە بیروبۆچوونی هاوڵاتیانی جۆرجیا دەرخست، دەنگدەرانی لایەنگری حكومەت باسیان لەوە دەكرد كە ئەوان وەكو دیاریكردنی چارەنوسی جۆرجیا لەنێوان روسیاو ئەوروپا تەماشای هەڵبژاردنەكە ناكەن، دەنگدانیان بە پارتی دەسەڵاتدار بۆ ئەوەیە جۆرجیا بە "كەرامەتەوە" بچێتە ناو یەكێتیی ئەوروپا. 
ئاڵۆزییەكان بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن زیاتر بوون، پارتی دەسەڵاتدار وڵاتانی خۆرئاوای تۆمەتبار دەكرد بە دەستوەران لە هەڵبژاردنی جۆرجیا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش روسیایان تۆمەتبار دەكرد بە بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand