Draw Media

"لە بانگەوازەكەی باخچەلیدا ڕێبەر ئاپۆ وەک موخاتەب قبوڵ كراوە"

"لە بانگەوازەكەی باخچەلیدا ڕێبەر ئاپۆ وەک موخاتەب قبوڵ كراوە"

2024-10-24 10:22:57


(درەو):
"دەبێت هەمووان بزانن، ئەگەر هەوڵەکان لەچوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت. پێویستە نزیکایەتی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی یاسای ماندێلا بێت" ئەمە قسەی موراد قەرەیلانە سەبارەت بە هەوڵی ئێستا توركیا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كورد.
موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای پارتی كرێكارانی كوردستان رایگەیاند" دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەم دواییانەدا هەندێک بابەتیان تاوتوێ کرد. وەک ئەوەی پرۆسەیەک هەبێت گفتوگۆ دەکەن، بەڵام هیچ نەگەیشتووەتە لای ئێمە، لای کورد".
لەبارەی ئەو هەوڵە نوێیەی لە توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لەگەڵ كورد دەستیپێكردووە، قەرەیلان دەڵێ: ئێمە وەک تەڤگەر دژی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک نین. پاش ئەو هەموو ئەزموونەش، ڕێگە بە سیاسەتی فریودان نادەین کە لەچوارچێوەی تاکتیکی شەڕی تایبەتدا ئەنجام دەدرێن. 
هەوڵی ئەمجارەی توركیا بۆ ئاشتی لەگەڵ كورد دوای 10 ساڵ دێت لە شكستهێنانی دواین هەوڵی چارەسەری ئاشتیی، سەبارەت بە ئاستی جدییەتی هەوڵی ئەمجارەی توركیا، قەرەیلان باسلەوە دەكات" بە دڵنیاییەوە هەلومەرجەکان گۆڕاون، ڕابردوو دووبارە نابێتەوە. ئەوە ڕاستە. پێشتر جیددییەت و پێداگری نەبوو. لە لایەک دەوڵەت تورک لەگەڵ ڕێبەرمان کۆدەبووەوە و دەیگوت چارەسەرێک دەکەین، لەلایەکی دیکەوە بڕیاری لەسەر لانی لەناوبردن دەدا و خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکرد. لە کۆتاییدا ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشەی کە لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا دروست بوو، ڕەتکرایەوە. پاش ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە کۆشکی دۆڵمەباخچە خوێنرایەوە لە نیسان دەبوو ڕێبەر ئاپۆ بانگی کۆکردنەوەی کۆنگرەی پەکەکەی بکردایەو بانگی بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیەی بکردایە. کاتێک ئامادەکاری بۆ ئەمە دەکرا، تەیب ئەردۆگان ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوەو نکۆڵی لێ کرد، گۆشەگیری و شەڕی سەپاند. ڕاستییەکە بەم جۆرەیە. ئێستە هەندێک دێن و وەها قسەدەکەن وەک ئەوەی شتێکی نوێ هەبێت. لەلایەکی ترەوە خۆی دەردەخات و هەڕەشە دەکات. ئێمە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و پێویستمان بە کەس نییە".
توركیا لەكاتێكدا دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ ئۆجەلان كردوەتەوەو پێشنیازی ئەوە دەكات ئۆجەلان ئازادبكرێت و لەبەردەم پەرلەمانی توركیادا كۆتایهاتنی پەكەكە رابگەیەنێت كە بەقسەی قەرەیلان" لە هەندێک گفتوگۆدا هەندێک کەس دێن و دەڵێن ئێمە پەکەکەمان لەناو سنورەکانمان لاوازکردووەو کۆتاییمان پێ هێناوە. تەنها لە عێراق و سوریا ماون. ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و هەڵخەڵەتاندنە. ئێمە بەشێوەیەکی ستراتیژی بیرمان دەکردەوەو لە باکوری کوردستان بە ئەنقەست تا ڕادەیەکی دیاریکراو نەرمیمان پیشاندا. ئەوانەی ئەم نزیکایەتییەی ئێمە بە لاوازی دەبینن، سبەی دەبینن کە چەندێک خۆیان فریوداوە. بە گشتی هێزی ئێمە تەنانەت لە 10 ساڵ لەمەوبەر بەهێزترە. لە باکور ڕەنگە جوڵەی گەریلا کەمێک کەم بوبێتەوە، بەڵام نابێت کەس لەم بابەتەدا فریو بخوات. زەمینەمان بەهێزە، توانامان هەیە، سەنگەرمان هەیە. دەوڵەتی تورک 4-5 ساڵە دەڵێت لە باکور تەواومان کردووە؛ ئەمە درۆیەکی گەورەیە. جگە لە ئیلایەتێک یان دوو ئیلایەتی ناسەرەکی، هێزەکانمان لە هەموو شوێنێک سەنگەرەکانیان دەپارێزن. کەواتە با کەس هەڵە حیساباتی هەڵە نەکات. ئەوانەی حیساباتی هەڵە دەکەن خۆیان زەرەر دەکەن".
سەبارەت بەوەی ئایا پەكەكە ئەمجارە چۆن دەچێتە گفتوگۆ لەگەڵ توركیا، قەرەیلان ئاماژە بەوە دەكات" بێگومان ئەگەر ڕەوشێکی وەها بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بگرێتەخۆو لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل. دەبێت هەمووان بزانن، ئەگەر هەوڵەکان لەچوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت. نەوەک هاوشێوەی ڕابردوو، ئەگەر بە ڕێبازێکی نوێ نزیکایەتیی بۆ پرۆسەکە هەبێت، پێویستە نزیکایەتییەکە لەم چوارچێوەیەدا بێت. پێویستە نزیکایەتی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی یاسای ماندێلا بێت، دیالۆگ بکرێت، بەم شێوەیە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسەکە دەدۆزرێتەوە".
"وەک ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کرد، پەکەکەو سیاسەتی یاسایی_دیموکراتیکی کورد خاوەنی ڕۆڵی گرنگن لە چارەسەردا. ئەوەی ڕژێم دەیکات تاکتیکی سوکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا. پێویستە ئەمە نەکەن. ئەگەر ڕۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت، نزیکایەتییەکی وەها هەبێت، ئەوکات کێشە نابێت. دەوڵەتی تورکیا خۆی پێشتر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەی وەک موخاتەب لە چارەسەری پرسی کورد قبوڵ کردبوو. هەروەها ڕۆڵی دابوو بە سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی. ئێستا ناتوانێت پاشەکشە لەمە بکرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەمە نیەتێکی باش نابێت. دەوڵەت بۆ ماوەی سێ ساڵ کۆبوونەوەی ئۆسلۆی لەگەڵ کێ کرد؟ کۆبوونەوەکانی ئیمراڵی لەسەر چ بناغەیەک ئەنجامدا؟ دەوڵەت لەبەرئەوەی عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبوڵ کرد، ئەم کۆبوونەوانەی درێژە پێدا" قەرەیلان وا دەڵێ. 
بۆ كرۆكی بانگەوازەكەی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كە داوای كۆتایهێنانی پەكەكە لە ئۆجەلان دەكات، قەرەیلان وتی:" بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییەو لای گەلی کورد هەرگیز قبوڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا ڕێبەر ئاپۆ وەک موخاتەب قبوڵ کردووە.  ڕاستییەکە ئەمەیە، بەبێ دیتنی ئەم ڕاستییە، بە وەستان لەسەر ڤێرژنێکی جیاواز، چارەسەر نایەتەدی. ڕاستییەکە بەم جۆرەیە، ئەگەر نزیکایەتییەک بەگوێرەی ئەم ڕاستییە هەبێت، بێگومان لەلای کوردەوە وەڵام وەردەگرێت. ئەگەر وەها نەبێت و لەچوارچێوەی هەوڵێکدا بێت بۆ ڕزگاربوون لە تەنگاویی وەک نزیکایەتییەکی تاکتیکی، ئەوا هیچ ئەنجامێکی نابێت. بێگومان لایەنی کورد تێربووە لەم مانۆڕە تاکتیکییانە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand