پاڵاوگە نەوتییە نایاساییەکانی هەرێم و کاریگەرییان لەسەر هەڵکشانی شێرپەنجە

Draw Media

2024-05-04 07:18:14




 
 درەو:


ڕاپۆرتی دەرەج میدیا
نوسینی؛ سەڵاح حەسەن بابان


لەسەر زەوی کەوتووەو بەهۆی ئازارە توندو قوڵەکانییەوە دەتلێتەوە،  بە دەستێکی توند گەرووی خۆی دەگرێت و پێش ئەوەی دەستەکەی دیکەی بە توندی بکێشێت بە زەوییەکەدا، بە پەنجەکانی ئاماژە بۆ پەرداخە ئاوەکەی سەر مێزەکەی نزیکی دەکات و براکەشی بە خێرایی پێی دەدات.  
دوای خواردنەوەی چەند قومێک لە ئاوی پەرداخەکە، عوسمان محەمەدی تەمەن (42 ساڵ) بە زمانێکی تێکشکاو کە بە زەحمەت دەتوانی تێی بگەی وتی "وەک تێزاب بە قوڕگمدا چووە خوارەوە" ئەو پیشەی میکانیکی ئۆتۆمبێلەو تووشبووی شێرپەنجەیە، لە قەزای کەلار دەژی و ناوچەکەی پاڵاوگەی نەوتی سەرەتایی زۆری تێدایە. دوای ئەوەی هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت، دووبارەی دەکاتەوە، هەوڵدەدات ئەو وشانە بدرکێنێت؛ "چیتر هێزم نییە بەرەنگاری ببمەوە...تا نەمکوژێت جێم ناهێڵێت...هیچ دەربازبوونێکی نییە".
لە نیوەی دووەمی ساڵی (2018)، بە شێوەیەکی لە ناکاو، گەرووی عوسمان توشی ئازارێکی نائاسایی دەبێت، دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، پزیشکەکان ناچاربوون ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببنەوە کە تووشی "شێرپەنجەی غودە"ی پلە دوو بووە.
بەم شێوەیە ژیانی ئاسایی "وەستا عوسمان" کە وەستایەکی ناسراوی چاککەرەوەی ئۆتۆمبێلە لە کەلار، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا هەڵگەڕایەوە، بە تەواوی توانای کارکردن لەدەست دەدات، بەردەوامی زنجیرە بێکۆتاکانی چارەسەریش، نەخۆشخانە جێگەی نیشتەجێبوونی ئەوە دەگرێتەوەو بە ئاستەم نەبێت ناتوانێ جێی بهێڵێت.
پشکنینە وردەکان ئەوەیان دەرخستبوو کە (21) گرێی شێرپەنجەیی لە ملیدا دەرکەوتووە، ئەو سەرکەوتوو بووە لە لابردنی (19) گرێیان بە نەشتەرگەری ئاڵۆز و مانەوەی (2) گرێی شێرپەنجەیی بە قەبارەی (4-5 ملم) کە هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی جێهێشبوو، وەک پزیشکەکان پێیان وتووە.
عوسمان لەدوای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیەوە "بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە" بەردەوام بووە لەو گەشتە دوور و درێژ و گرانبەهایەی چارەسەر لە سێ وڵاتی تورکیا، ئێران و هیندستان وەریگرتووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، هەست بە بێزاری و بێهیواییەکی گەورە دەکات، کاتێک لە هەر گەشتێکی چارەسەری دەگەڕێتەوە، دەبینێت هەوری دوکەڵ لە پاڵاوگەکانی نەوتەوە بەرز دەبێتەوە، کە هەندێک جار هەورەکان بە ژەهرەکانیان ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دادەپۆشن.
دلێر دەرچووی زانکۆ و شۆفێری تەکسییە یاوەری کردین لە گەشتێکدا بۆ پاڵاوگەکانی نەوت لە ئیدارەی گەرمیان "شارچکەی کەلار" پێی وتین، لەم ناوچە هەشت کێڵگەی نەوت هەیە کە ژەهرەکانیان بەم ناوچەیەدا بڵاودەکەنەوە.
بە دەنگێکی کەمێک بەرزترەوە، لەکاتێکدا پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەی دادەخست و ئاماژەی بە تارێکی دوکەڵی ڕەش کرد کە بە ئاسۆیی درێژ بووبوویەوە، "ئەمانە بە دوکەڵەکەیانەوە کە ئاسمان دادەپۆشێت، ئەوانەن کە دەمانکوژن، نەخۆشەکان چۆن شفایان بۆ دێت کە هەوری ژەهراوی دەوری دوان؟"  کاتێک ئارەقەی نێوچەوانی دەسڕییەوە؛ وتی "ئێمە جگە لە زیان سودێکمان لێوەرنەگرتوون، تەنانەت زەوییە کشتوکاڵییەکانیشمان زیانیان پێگەیشتووە".
عوسمان تاکە توشبووی خێزانەیان نیە، بەڵکو هەشتەمیانە! دوو لە براکانی بە هەمان شێوە توشبووی نەخۆشییەکەن یەکێکیان تەمەنی 43 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 42 ساڵە، ئەمە جگە لە (7) کەسی دیکەی خێزانەکەیان کە پێکهاتوون لە منداڵی براو خوشک و کەسە نزیکەکانیان، کە هەموویان لە هەمان ژینگەی کوشندەدا دەژین، وەک خۆی باسی دەکات: "ئەگەر پشکنینی ورد ئەنجام بدرایە لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە، ڕادەی ئەو کارەساتەمان بۆ دەردەکەوت کە لەژێریدا تووشی دەبین، پاڵاوگە سەرەتاییەکانیش شەو و ڕۆژ ژەهرەکانیان بەبێ چارەسەرەێک دەخەنە نێو ژینگەوە".

بەرزبوونەوەی خێرای تووشبوونی شێرپەنجە
لە ساڵی 2019، کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (7 هەزار و 831) حاڵەت، هەروەها لە ساڵی (2020) و کاتی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا ژمارەی توشبووان کەمکردووە بۆ (6 هەزار و 293) کەیسی تۆمارکراو، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی کوردستان، هاوکات دابەزینی ئاستی سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشکییەکان و کەمبوونەوەی جوڵەی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام.
بەڵام تووشبووانی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانی بە (6 ملیۆن) کەس دەخەمڵێندرێت، لە ساڵی 2021 دا جارێکی تر بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە (8 هەزار) کەیس، لە ساڵی (2022)دا (9 هەزار و 61) حاڵەت و لە ساڵی (2023)دا جارێکی تر بەرزتربووتەوە بۆ (9 هەزار و 911) حاڵەتی نوێی تووشبووی دەستنیشانکراو.
بەپێی و ئەو ئامارانە بێت، بەگوێرەی ستانداردەو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە هەر (100 هەزار) کەسێک (191) حاڵەتی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن و بەڵام لە هەرێمی کوردستان  بۆ هەر (100 هەزار) کەس (151) حاڵەتی شێرپەنجە دەستنیشان دەکراوە، بەڵام ساڵانە نزیکەی (10 هەزار) حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت و ڕێژەی زیادبوونی ساڵانەش لەگەڵ ڕێژەی دانیشتوان ناگونجێت ڕوو لە زیادبوونن، شارەزایان پێیان وایە، لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەتمەند و سەختی بەدەستهێنانی هەندێک چارەسەری پێویست، هەرێمەکە دەخاتە دۆخێکی سەختەوە.
ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن لە ماوەی ساڵی (2012 تا 2023) (81 هەزار و 62) حاڵەتی تووشبوون دەستنیشانکراون.
بەرپرسێکی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی کوردستان، دکتۆر چنار عەلی دەڵێت، تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمی تووشبووانی شێرپەنجە دێن لە هەرێم، دواتر شێرپەنجەی قۆڵۆن، پاشان سییەکان، پێست، گرێ لیمفاوی، پرۆستات، شێرپەنجەی خوێن، شێرپەنجەی مێشک، دەمار، غودەی دەرەقی و شێرپەنجەی دەم و پووک.


ئەو ناوچانەی توشبوونی بە شێرپەنجەی تێدا چڕبووتەوە
پزیشکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئامارێکی سادەی ناوچەیی بۆ تووشبووان، نەخشەیەکی دابەشبوونی تووشبوونەکان لە کوردستان ئاشکرا دەکات،  ئاماژەش دەبێت بۆ چڕبوونەوەیان لەو ناوچانەی کە بەدەست ڕێژەی بەرزی پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنن سەرچاوەکەشی بونی کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکانن.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕاستییە، سەرەڕای سەختی دەستکەوتنی زانیاری ورد لەسەر کەسانی تووشبوو و لەسەر ئاستی ناوچەکان، نەبوون و دەستنکەوتنی بەڵگەنامەی پێویست لە دامەزراوە تەندروستییەکان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، نمونە (عەینە)یەکی هەڕەمەکیمان لەو کەسە تووشبووانە وەرگرت کە لە "نەخۆشخانەی هیوا" لە سلێمانی تۆمارکراون، کە گەورەترین سەنتەری تایبەتمەندە بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.
نمونەکە (50) کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکە، لە هەردوو ڕەگەز و لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە، کە (30) کەسیان لە ڕەگەزی نێرن، لەو ژمارەیەش (20) یان تەمەنیان لە خوار (45) ساڵەوە بووە و (10) کەسیان تەمەنیان لە سەرووی (45) ساڵەوە بووە، لەگەڵ (20) کەس لە ڕەگەزی مێ کە (10) کەسیان تەمەنیان لە خوار (40) ساڵەوە بووە و ئەوی دیکەیان تەمەنیان لە سەرووی (40) ساڵەوەیە.
نمونەکە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک)ی لەخۆگرتبوو، ئەنجامەکانیش دەریانخستووە کە لەسەدا (96%)ی ئەو تووشبووانە بە شێرپەنجە، کێڵگە و پاڵاوگەی نەوت لەنزیک ناوچەو شوێنی نیشتەجێبوونیان هەیە، بە مەودای جیاوازدا. دۆخی تەندروستی ئەوان وەکو دۆخی وەستا عوسمانە، بەو پێیەی ئەویش ماڵەکەی لە ناوچەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار نزیکی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانە.  (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
خشتەی ژمارە (1)

بەپێی ئەم نمونەیەی وەرگیراوە، پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی هەرێمدایە لە ژمارەی تووشبوون بەشێرپەنجە، دواتر هەولێر و پاشان دهۆک دێت.

سەرچاوەیەکی دیکەی مەترسی
جگە لە دەردانی گازی پاڵاوگەکانی نەوت کە لە دەرەوەی ستاندارد و ڕێنماییەکان کاردەکەن، پزیشکان و پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی دوکەڵ و دەردراوەکانی مۆلیدەی کارەبایی کە لەناو گەڕەکەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، کە سووتەمەنی گازوایلی (گاز) بەرهەمی ناوخۆیی بە تایبەتمەندی زۆر خراپ بەکاردەهێنن.
یەکێک لە کرێکارانی بەرهەمهێنانی ئەم مادەیە، باس لەوە دەکات کە لە هەندێک پاڵاوگەی سەرەتاییدا بەرهەم دەهێنرێت، بە تێکەڵکردنی نەوتی ڕەش و رۆنی ئۆتۆمبێلی بەسەرچوو لەگەڵ تێزاب و پێکهاتەی تر، لە پێناو بەرهەمهێنانی بە نرخێکی کەم و خواست و لەسەری بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە.
ئەمەش کە ڕوودەدات جگە لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکردنی مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیی نیشان دەدات، لە کاتی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەو پاڵاوگانە و دەردانی دوکەڵی مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبای ناو گەڕەکەکان، سەرەڕای بێتوانایی دامودەزگاکانی حکومەت لە دابینکردنی کارەبای پێویست بۆهاوڵاتیان.
سەرچاوەیەکی تری پیسبوون، ئەو جۆری بەنزینەیە کە ئەو پاڵاوگانە بەرهەمی دەهێنن، چونکە لە هەرێمی کورستان زیاتر لە (2 ملیۆن) ئۆتۆمبێل هەیە، زۆرینەیان سووتەمەنی کوالیتی خراپ بەکاردەهێنن کە مەترسی زۆری لەسەر تەندروستی هەیە.
دکتۆر کاروان حەمە ساڵح شارەزای ئابوری، هەروو ماددەی بەنزین و گازوایل، کە بەکاردەبرێن بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەی کارەبایی ، بێ کوالێتی و تایبەتمەندی خراپیان هەیە و بەبێ چاودێری بەرهەم دەهێنرێن، بێ گومان زیانێکی گەورە بە ژینگە و تەندروستی دەگەیەنن.
ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، زیاتر لە 90%ی ئەو گازوایلەی کە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان بەکاردێت، لە پاڵاوگەکاندا بەرهەمدەهێنرێت بە تێکەڵکردنی نەوتی خاو لەگەڵ رۆنی ئۆتۆمبێل، هەروەها ئەو مادەیەی کە لە ناوخۆدا پێی دەوترێت "نەفتا"، پاشان تێزابی بۆ زیاد دەکرێت بۆ گۆڕینی ڕەنگەکەی لە قاوەیی بۆ زەرد، پاشان بەبازاڕکردنی.

کارکردن بە پێچەوانەی یاساوە
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا سەدان پاڵاوگەی نەوتی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستان دامەزرێندراوە، ئەمە جگە لە پاڵاوگە گەورەکان، کە خاوەندارێتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ حزب و کەسە دەسەڵاتدارەکانی ناو حیزب. لەگەڵ ئەوەی لە دە ساڵی ڕابردوودا پاڵاوگە بچوک و کەم بەرهەمەکان رویان لە پاشەکشەکردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ژمارەیان زیاتر لە (200) پاڵاوگەیە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەرهەمیان هەیە، وەک ئەوەی پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەم ئاماژەی پێداوە.
زۆربەی ئەو پاڵاوگانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی کاردەکەن، بەڵام نەوت لە حکومەت دەکڕن و بەشێوەیەکی سەرەتایی پاڵاوتەی دەکەن، تەنانەت بەلایەنی کەمیشەوە پابەندنین بە کوالێتی و تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنان، مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی گشتی جێبەجێ ناکەن، نە لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە شوێنیان گونجاوە، نە لە ڕووی شێوازی کارکردنەوە.
لە پارێزگای هەولێر ئەم پاڵاوگانە کەوتوونەتە ناوچەکانی قوشتەبە، گوێر، شەمامک. لە سلێمانی لە ناوچەی "تانجەڕۆ"ی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە بڵاوبووەتەوە. لە دهۆکیش لە ناوچەی "کاشێ" لە ڕۆژئاوای پارێزگاکەدا چڕبوونەتەوە.
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم پاڵاوگانە و زیادبوونی ئەو پیسکەرانەی کە دەیخەنە ناو هەوا و ئەو لێگیراوە نەوتییە خراپانەی کە بەرهەمیدەهێنن، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بۆ دوو هێندە زیادی کردووە، بەپێی زانیاری و ئاماری دامەزراوە پزیشکییەکان و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە.
مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی "ئایندە" بۆ پاراستنی ژینگە، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لەو پاڵاوگانە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی کاردەکەن، لە نێویشیدا یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 سەبارەت بە پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە کوردستان، کە بە پێی یاساکە هەر کۆمپانیایەک یان پرۆژەیەک کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، دەبێت قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە، نیگەرانی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی کە ئەمە نزیک لە ڕادەی تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆکی ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات لە یەکێک لەو گرفتانەی ئەم پیشەسازییە بەجێی هێشتووە بێ خەمییەتی لە ژینگە و تەندروستی گشتی، نمونەی شێوازی گواستنەوەی نەوتی بە تانکەر و بەشێوەیەکی تەقلیدی لەنێوان پارێزگاو شارە جیاوازەکان بەتایبەت لە چەمچەماڵ و دەربەندیخان هێنایەوە، هاوکات ئاماژەی ڕوداوێکی بە پێکدادان کرد کە لە سەرەتای مانگی نیساندا کە لە قەزای دوکان ڕوویدا، بووە هۆی تێکەڵبوونی نەوت بۆ نێو ئاوی دوکان کە سەرچاوەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوەیە، بەو هۆیەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی پارێزگاکە ڕاگیرا.
پیسکەرەکانی ئاو و هەوا
لە کوردستان ماددەی پیسکەری زۆر لە ئاو، خاک یان هەوادا هەیە، ئەوەی دواییان بە تایبەتی بەڕادەیەکی زۆر ئۆکسیدی گۆگرد، نایترۆجین، کاربۆن و هایدرۆکاربۆنەکانی تێدا بڵاوبووتەوە، لە ئەنجامی ئەو پرۆسانەی پەیوەستن بە سووتانی سووتەمەنی لە پاڵاوگەکان، کێڵگە نەوتییەکان، یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزە و کارگەکان کە پشت بە سووتاندنی سووتەمەنی دەبەستن، ئەمە بە وتەی پسپۆڕێکی زانستی ژینگە مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، دکتۆر عەبدولموتەلیب رەفعەت سەرحەد. جگە لە پیسکەرەکانی تر، وەک دوکەڵی سووتاندنی پاشماوەی ڕەق بە شێوازی سەرەتایی و دەردانی ئەو دوکەڵ و گازە ڕەهراویانەی بە هۆی بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل دەردەدرێنە هەوای ناوچەکەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەو شارەزایە دەڵێت، "ئەم پیسکەرانە بەشدارن لە زیادکردنی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و هەندێک نەخۆشی دیکە". سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان  عەلی حەمە ساڵح، هەمان بابەتی پشتڕاستکردەوە دەڵیت، "پاڵاوگەکان و ئەو مادەیەی کە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان لە ناو گەڕەکەکاندا بەکاردەهێنرێت "بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە کاریگەری زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، کە ڕێژەی شێرپەنجەی لەم ساڵانەی دواییدا دوو هێندە کردووە".
عەلی حەمە ساڵح ڕوونی دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان کە بەدواداچونی بۆ کردووە: "لە ساڵی 2016دا ڕۆژانە 12 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشییەکە تۆمارکراوە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2022دا رۆژانە بۆ 41 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بەرزبووەتەوە"، پێشبینیش دەکات "بگاتە 100 حاڵەتی ڕۆژانە لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر سەرچاوەکانی پیسبوون بە چارەسەرنەکراوی بمێنەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەم کاری پاڵاوگە نافەرمیەکانی نەوت بە  "گەندەڵی گەورە" وەسف دەکات، کە لە ڕێگەی کارەکانیانەوە گازوایل بە کوالێتی و تایبەتمەندی خراپ بۆ مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمەی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت و لە پاڵاوگە فەرمییەکانی "لاناز، بازیان و کەڵەک" بەرهەمدەهێنرێت بە قاچاخ ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت.
عەلی حەمە ساڵح هۆشداری دەدات لە مەترسییە تەندروستییە گەورەکانی ئەو شێوازەی لە بەرهەمهێناندا پشتی پێدەبەسترێت "هەموو ڕۆژێک نزیکەی (5 ملیۆن) لیتر نەوتی سپی تێکەڵ بە پاشماوەی ڕۆنی ئۆتۆمبێل وهەندێک ماددەی دیکەی پترۆکیمیایی دەکرێت".
لە ساڵی 2022 لەگەڵ زیادبوونی گازندەو گەیشتنی گلەیی هاوڵاتیان بە نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە، عەلی حەمە ساڵح کۆمەڵێک پسپۆڕی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تاقیگەیی لەسەر نمونەی ئەو بەرهەمانە و لە تاقیگە پێشکەوتووەکانی تورکیا.
هەوڵەکەیان ئەنجامێکی "شۆکهێنەر"ی دەرخستووە ساڵح دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک شیاوی بەکارهێنان نەبوو"، بەکارهێنانیانی بەرهەمەکانی بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان هاوشێوەی "ژەهر خستنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانی هاوڵاتیانی ناوچەکە"وە وەسف کرد.
ڕشتنی پاشماوەکان بۆ نێو خاک
دکتۆر عەبدولموتەلیب سەرحەت جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو کەرەستەو مادانەی دەخرێنە نێو خاکی کوردستانەوە ناوەندو سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەکان.
ڕوونیشی دەکاتەوە:"ئەوە ڕوودەدات لەڕێگەی هەڵمژینی گازەکانی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میسان، هایدرۆجین، کبریتەکان، ئۆکسیدی نایترۆجین، جگە لەو پێکهاتانەی لە نێو دوکەڵەکان بڵاودەبنەوە ڕوودەدات، کاتێک هاووڵاتیان هەڵیدەمژن".
زیاتر لەوەش ئەو پسپۆڕە زانستییەی بواری ژینگە، دەڵێت؛ "بەشەکەی تر پەیوەندی بە بەروبووم و خاکی چێنراوەوە هەیە، بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوی سەرزەوی و ڕژانیان بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی، بەمەش دەچنە ناو زنجیرە خۆراکیەکانەوە، کە هۆکاری هەڵکشانی زیاترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکان".
ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی یاسای عێراقی سووتاندنی غاز نزیکتر لە (6 میل) لە ناوچەی نیشتەجێبوون قەدەغە دەکات، "بەڵام زۆرینەی کێڵگەکان و پاڵاوگەکان پابەند نین بەو مەودایەوە، هەروەها شێواز و شێوازی زانستی لە فڕێدانی پاشماوەکانیاندا ناگرنەبەر، وەک ئەوەی هەیە دەڕژێتە ناو خاکەوە، لەنێویاندا کانزا قورسە ناسراوەکان هەیە کە دەبێنە هۆی شێرپەنجە، وەک جیوە و رەساس و زرنیخ کە لە پاشماوەی نەوتدا بە ڕێژەیەکی زۆر بوونیان هەیە".
سەرحەت جەخت لەسەر مەترسییەکانی پێشێلکردنی مەرجە سەرەتاییەکانی دروستکردن و بونیادنانی پاڵاوگەکان دەکاتەوە، کە گرنگترینیان دوورکەوتنەوەیە لە ناوچەی دانیشتوان و دانەمەزراندنیانە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەمە جگە لە پابەندکردنیان بە کوالێتی و تایبەتمەندییە بەرزەکانی بەرهەمهێنانەوە.
سەرحەت دەڵێت، ساڵانی ڕابردوو شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی گەردیلە ڕەق و زۆر وردەکانە PM2.5))، کاتێکیش ئەم گەردیلانە ئاستیان لە بەرگەهەوادا زیاد دەکات، مەترسییەکانیان زیاد دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پاڵاوگەکانی نەوت یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانیان: "ئەم تەنۆچکانەی لە بەرگەهەوادا دەردەکەون، دەچێنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی هەستیاری  و زۆرجار لە ڕێگەی کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەچێنە ناو خوێنەوە، پاشان مەترسییەکانی زیاد دەکات و دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن و کۆئەندامی هەناسەدان".

قازانجی ملیار دۆلاری
لە کوردستان چوار پاڵاوگەی فەرمی ھەیە، کە دوو پاڵاوگەی (کەڵەک و لاناز) لە نزیک شاری ھەولێرن، پاڵاوگەی (بازیان) یش دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە، پاڵاوگەی (تاوکێ)ش لە پارێزگای دھۆکە. سێ پاڵاوگەی یەکەم لەلایەن کۆمپانیاکانی حیزبەوە بەڕێوەدەبرێن و چوارەمیان لەلایەن کۆمپانیا (DNO)ی نەرویجی بەڕێوەی دەبات.
سەرۆکی پێشوی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (2014 - 2018) و ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2018 - 2021)، دکتۆرغالب محەمەد، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پاڵاوگە فەرمییەکان بەنزین و گازوایل بە تایبەتمەندی و کوالێتی بەرز بەرهەم دەهێنن، بەڵام بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت.
لە کاتێکدا بەرهەمی کوالیتی باش هەناردە دەکرێت، کوالیتی خراپی لە کوردستان دەفرۆشرێت بۆ ئەوەی خاوەن پاڵاوگەکان "قازانجی گەورە" بەدەستبهنن، بە گوتەی دکتۆر غالب قازانجی ساڵانەی پاڵاوگە نافەرمیەکان بە زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت و داهاتەکەی "دەچێتە گیرفانی بەرپرسان و بڕیار بەدەستانەوە".
ناوبراو دووبارە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پسپۆڕان ئاماژەی پێدەدەن، کە ئەم پاڵاوگانە "ماددەی شێرپەنجەیی و قەدەغەکراو بەرهەم دەهێنن، و ئەوان بەرپرسن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان".
غالب محەمەد پرۆسەکە بە گەورەترین "مەترسی و زیان" بۆ ژیانی هاووڵاتییان وەسف دەکات، کە ئەویش فڕێدانی پاشماوەی پاڵاوگەکانە بۆ ناو خاک یان ڕووبارەکان، وەک ڕووباری سیروان کە یەکێکە لە لقەکانی ڕووباری دیجلە، کە ئاوەکەی دەڕژێتە نێو بەنداوی دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، و (75%)ی یەدەگی ئاوی بەنداوەکە مسۆگەر دەکات، هەروەها سەرچاوەی ئاودانی ڕووبەری زیاتر لە (200 هەزار) کم2 زەوی کشتوکاڵییە.
هەروەها ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کە بەدەست ماددە پیسکەرانەوە دەناڵێنن، سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەن بۆ هاووڵاتیان لە دەڤەرەکانی سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگاکە.
بە پێچەوانەی یاساوە روو لە زیادبوون دەکەن
حەسەن کۆبانی تەمەن (40 ساڵ) کە لە ناوچەی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێیە و یەکێکە لەو نەخۆشانەی کە تووشی شێرپەنجەی ڕژێنەکان (غودە) بوو، ئەو پیسکەرانەی کە پاڵاوگەکانی نەوت لە ناوچەکەی ئەوان بەجێیان هێشتووە، هۆکاری تووشبوونی خۆی و هەندێک لە خزمەکانییەتی بە نەخۆشییەکە. ئامارەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبوون لەو شوێنە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
کۆبانی لە نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، پێش ئەوەی خانەنشین ببێت بەهۆی ئەوەی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2014 لەگەڵ چەکدارانی داعش لە "کۆبانی" لە باکوری سوریا بەهۆی موشەکێکەوە بە سەختی بریندار بوو، بەوەش یەکەم یەکەی سەربازی پێشمەرگە بوو کە چووبوونە ناوچەکە بۆ یارمەتیدانی دانیشتووانەکەی دژی ئەو ڕێکخراوە شەڕیان کرد، هەر لەوێشەوە حەسەن نازناوی "کۆبانی" وەردەگرێت.
ئەم برینە کۆبانی ئیفلیج کرد لەئەنجامی بەرکەوتنی (12) پارچە بە ئەندامە جیاوازەکانی لەشیدا، بەڵام ئازارەکانی قوڵتر بوونەوە کاتێک لە ساڵی 2021 تووشبوون بە شێرپەنجەشی هاتەسەر، بە هەمان ئەو نەخۆشییەی کە پێشتر یەکێک لە براکانیشی تووشی بوو بوو.
لە کۆی زیاتر لە (200) پاڵاوگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کە بە شێوەیەکی نافەرمی کاردەکەن، وەک عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات "نزیکەی 100 پاڵاوگەی نەوتیان لە هەولێرە، ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە لە کۆی (30) پاڵاوگەی نەوت، تەنها (3) لەوانە ڕەزامەندی وەزارەتی ژینگەیان هەیە، ئەوانی دیکە تایبەتمەندی و مەرجە پێویستەکانیان تێدا نییە".
بەڵام ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، دەڵێت؛ لە ساڵی 2015دا ژمارەی پاڵاوگەی نافەرمی لە هەولێر نزیکەی (106) پاڵاوگە بووە، هەروەها لە ماوەی (6) ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیکەی (140) پاڵاوگە زیادی کردووە، زۆرینەی ئەو پاڵاوگەنەی زیادیان کردووە دەکەونە دەرەوەی شارەکان، لەسەر ئەو ڕێگایانەی هەولێر بە قەزای گوێرو هەولێر بە پارێزگای دهۆکەوە دەبەستێتەوە.
ئەم پاڵاوگانە پێداویستی سوتەمەنی (2 هەزار و 200) مۆلیدەی کارەبایی دابین دەکەن لە سەرانسەری گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی پارێزگای هەولێر.
بەپێی ئەو ئامارەی کە نووسەری لێکۆڵینەوەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلیەکانی هەولێر، قارمان مەولود دەستی کەوتووە لە سلێمانی ژمارەی مۆلیدەی کارەبایی (2 هەزار) مۆلیدە تێدەپەڕێنێت و بەکاربەری سەرەکی بەرهەمەکانی پاڵاوگە ناوخۆییەکان. پارێزگاکە ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی (3 ملیۆن و 300 هەزار) لیتر گازویلە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی لە کارگە و کارخانەو دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی تر، سەرەڕای پێویستی (2 ملیۆن و 200 هەزار) لیتر بەنزین.
سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، (44) پاڵاوگە و کۆگای نەوت و سووتەمەنی هەیە، کە بەپێی وتەی عومەر گوڵپی (36) یان مۆڵەتیان نییە و لە ناوچەی (کاشی) هەڵکەوتوون و زۆرینەیان لە دەرەوەی ئەو ڕێنماییانە کاردەکەن کە بۆ پارێزگاری لە سەلامەتی دانیشتوان و پاراستنی ژینگە دانراوە.
سەرچاوەیەکی حکومی له دهۆک دووپاتی دەکاتەوە، بەشێک لەو پاڵاوگە سەرەتاییانە، دوای سکاڵای دووبارەی دانیشتوان، له کۆتایی ساڵی 2022 کاریان ڕاگرت و نەوتی خاویان لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە پێ نادرێت. بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی ئەم پاڵاوگانە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە و دوای هەر وەستانێکیش دووبارە دەست بە کارکردن دەکەنەوە.
کۆی گشتی مۆلیدەکانی کارەبا لە پارێزگای دهۆک نزیکەی (5 هەزار) مۆلیدەیە، بە سەرجەم مۆلیدەی دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکانیشەوە، لەنێویاندا (2 هەزار و 100) مۆلیدەی لە ناو گەڕەکی شاردا کاردەکەن، بە گوتەی هەرکار هروری - نوێنەری کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای دهۆک.
پارێزگاری دهۆک ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی (2 ملیۆن و 200 هەزار) لیتر گازوایلە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی کارپێکردنی کارگە و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دیکە، هەروەها (ملیۆنێک و 800 هەزار) لیتر بەنزین بۆ دابینکردنی پێداویستی ئۆتۆمبێل و پێداویستییە جۆربەجۆرەکانی دیکە.
سەرەڕای سکاڵای بەردەوام لەسەر خراپی کوالێتی سووتەمەنی بەکارهێنراو لە هەرێمی کوردستان و مەترسییە تەندروستییەکانی، بە گوتەی پسپۆڕان، پاڵاوگەکان لە بەرهەمهێنان  کوالێتی خرپی گاز و بەنزین بەردەوامن، دوور لە هەر لێپرسینەوەیەک، لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە پەرلەمانتاری پێشوو عەلی حەمە ساڵح ناوی دەبات بە "گەندەڵی بەربڵاو"، کە ڕێکارەکانی پشکنینی مادە بەرهەمهاتووەکان لە تاقیگە پەیوەندیدارەکاندا ئەوە دەیسەلمێنن "کە لەگەڵ مەرجەکانی سەلامەتیدا ناگونجێن".
بە حیسابکردنی بڕی گازویلی بەکارهێنراو بۆ کارپێکردنی ئەو مۆلیدانەی تەنها لەناو گەڕەکەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیاندا دانراون، دەکاتە نزیکەی (6 هەزار و 300) مۆلیدە، کە لە وەرزی زستان و هاویندا زیاتر لە (12) کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاردەکەن، واتە بڕی پێوست لە بەرهەمی ئەم پاڵاوگانە لە سووتەمەنی خراپ کە دەبنە سەرچاوەی پیسبوونی هەوا و خاک رۆژانە (11 ملیۆن) لیتر تێدەپەڕێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ئەو مۆلیدانە، جگە لە پێداویستی کارگە و هەندێک دامەزراوەی تر، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (5 ملیۆن) لیتر بەنزین بەکاردەهێنرێت، کە زۆربەیان لەلایەن پاڵاوگە سەرەتاییەکانەوە بەرهەمدەهێنرێن و بەرهەمەکەیان بەپێی تایبەتمەندییە پێویستەکان کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
شارەزای کاروباری نەوت و وزە، بەهجەت ئەحمەد، هۆکاری خراپی کوالێتی بەنزینی بەرهەم هێنراو و بەکارهێنراو لە هەرێمدا دیاری دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها چوار پاڵاوگە لە کوردستان خاوەنی ئامێر و یەکەی پێویستن بۆ گۆڕینی "نەفتا" کە بەرهەمی سەرەکییە لە دوای فلتەرکردنی نەوتی خاو، بۆ بەنزین بە جۆری کوالیتی جیاواز، لە نۆرماڵەوە بۆ موحەسەن یان سوپەر.
ئەو دەڵێت، "تەواوی پاڵاوگەکانی هەرێم یەکەو ئامێری پێویستیان نییە، بۆیە بازرگانان "نەفتا" لە پاڵاوگە بچووکەکان دەکڕن و لەگەڵ ئەو کەرەستانەی دیکە کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن و تێکەڵی دەکەن، کوالیتی ئەو سووتەمەنیەی کە بەرهەم دەهێنرێت، بەندە بە بەکاربدردنی ڕێژەی سەدی کەرەستەی باشتر، بۆیە تێکەڵکردنی (25%)ی "باشترکەرەکان" لەگەڵ "نەفتا"، بەنزینی نۆرماڵ بەرهەمدەهێنرێت، و کوالیتی زیاد دەکات لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەکە، بەڵام ئەوە بە واتای بەرزکردنەوەی تێچووی نرخی یەک لیترە، بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی بەرهەمەکە کوالیتی خراپە". (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کە ژمارەی ئۆتۆمبێل و بڕی پێویستی سوتەمەنی رۆژانەیان لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان ڕووندەکاتەوە.
خشتەی ژمارە (2)


بڕیارەکانی داخستن و جێبەجێنەکردنیان
لەگەڵ ئەو کارەساتە ژینگەییانەی کە دروستی دەکات، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە بڕیارەکانی حکومەت بۆ داخستنی پاڵاوگە نافەرمیەکانی کوردستان دەرکراون، بەڵام بە کردەوە تەنها تا ڕادەیەکی سنووردار جێبەجێکراون، بە وتەی بەرپرسانی حکومەت، بەرپرسە حزبییەکان لە پشت ئەو پاڵاوگانەوەن داهاتی مانگانەی بەرهەمی هەندێکیان دەگاتە ملیۆنان دۆلار.
ڕۆژی 15ی ئەیلولی 2015، وەزیری سامانە سروشتییەکان لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی کوردستان (2014 - 2019)، ئاشتی هەورامی، بڕیاری داخستنی زیاتر لە (160) پاڵاوگەی بێ مۆڵەتی دەرکرد کە دوور لە مەرج و مەرجی سەلامەتی پێویست کاریان دەکرد. (بڕوانە بەڵگەنامەی یەکەم)


ڕۆژی 16/10/2018، کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ لە کابینەی پشووی حکومەتی هەرێم، ئاگادارکردنەوەیەکی ئاراستەی یەکێک لە پاڵاوگە نەوتییەکان شاری دهۆک کرد، بۆ ئەوەی پاڵاوگەکە دابخەن و پاشماوەکانی لە ماوەی (60) ڕۆژدا لاببەن. بەپێچەوانەوە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەبەرمبەری دەگیرێتە بەر.
بەڵام ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاری دهۆک کەێی باش بوو ناوی نەهێنرێت، دووپاتی کردەوە کە زۆرینەی پاڵاوگە نافەرمییەکان تەنانەت دوای ئەو ئاگادارکردنەوەکانیش بەردەوام بوونە. (بڕوانە بەڵگەنامەی دووەم)

لە ساڵی 2018 ئەنجومەنی نەوت و غازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نافەرمی و بێ مۆڵەتەکانی دەرکرد، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.
ڕۆژی 24ی ئازاری 2019، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم دووبارە هەوڵیدا، لە نوسراوی ژمارە (5436)دا، بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نافەرمیەکان جێبەجێبکات، بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکرێت بە پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی هاوبەش لە چەند لایەنێکەوە ، کە پێکهاتووە لە نزیکەی 50 ئەفسەر و کارمەند لە هەر پارێزگایەکی هەرێم.
بەڵام بەم هەوڵەش نەیتوانی پاڵاوگەکان دابخەت، وەک ئەندامانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیان پێداوە.
جگە لە نوسراوی پێشوو، بەڵگەنامەیەک بە بەرواری 18/6/2019 و واژۆی کەریم سنجاری وەزیری پێشووی ناوخۆی لەسەرە، بڕیاری تەرخانکردنی بڕی (200 ملیۆن) دیناری عێراقی دراوە بۆ بەدواداچوون بۆ پرۆسەی لابردنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان، هەروەها بە پێکهێنانی لیژنەی باڵا و لیژنەی لاوەکی لە هەر پارێزگایەکدا. (بڕوانە بەڵگەنامەی سێیەم)


بەڵام بەرپرسێکی پلە باڵای وەزارەتی ناوخۆ، کە بەهۆی هەستیاری کارەکەیەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەکرد، کارەکانی ئەو لیژنەیەی کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە "بەهۆی دەستوەردانی حزبییەوە، ڕۆشنایی نەبینیوە، و شکستی هێنا، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لابردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان".
نوسراوێکی فەرمی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاست دەکاتەوە. کاتێک نوسراوێکی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان بەرز کردووەتەوە، لە 18/6/2019، داوای ناردنی نوسراوێک بۆ پارێزگاری سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن کە لە 21/11/2018 دەرچووە. بۆ لابردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان کە دەکەونە ناوچەی "تانجەرۆ" بەهۆی ئەو زیانانەی کە دەیکەنە سەر ژینگە، لەسەر بنەمای ئەوەش سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایەکی ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەڵام پارێزگار لە 3/7/2019 وەڵام دەداتەوە کە نەتوانراوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت چونکە ئەو بودجەیەی بۆی تەرخانکراوە بە بڕی (200 ملیۆن) دینار نەگەیشتووە بە پارێزگای سلێمانی. (بڕوانە بەڵگەنامەی چوارەم)


دوای ئەوەی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی نەیتوانی سەرکەتووبێت لە لابردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان، لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگا داوایەکی تری ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەن دەکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکات، بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە بۆ لابردنی پاڵاوگەکان، بەهۆی ئەو زیانانەی کە دەیگەیەننە ژینگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان". (بڕوانە بەڵگەنامەی پێنجەم)


دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێکدا کە لە 19/2/2020 دەرچووە، ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کردووە، تا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەی وەزارەتەکە بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان. بەڵام بە وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێگای سلێمانی، هیچ ڕێوشوێنێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە هەموو ئەو داواکاریانە نەگیراوەتەبەر. (بڕوانە بەڵگەنامەی شەشەم)

 

 


بەهێزتر لە حکومەت
سەرەڕای بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەت بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان چونکە بەرهەمەکانیان هەڕەشەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و چارەسەرکردنیش ئەستەمە، ئەو دەسەڵاتدارانەی کە ئەم پاڵاوگانە بەڕێوەدەبەن سەرکەوتوو بوون لە پەکخستنی هەموو بڕیارەکانی حکومەت، و سەلماندوویانە کە ئەوان بەهێزترن لە بڕیارەکان لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
هەر لەم بارەیەوە، کەریم عەلی ئەندامی پێشووی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت؛ مانگێک بەسە بۆ لابردنی هەموو ئەو پاڵاوگانە، "بەڵام لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە ئەنقەست ئەو بابەتە پشتگوێ دەخەن"، حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان بەرپرسیارن لەو زیانانەی کە بە ژینگە و ژیانی گشتی دەگات.
لەسەرەتای ساڵی 2021 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی سەبارەت بە هەناردەکردن و عەمبارکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی دەرکرد. بەپێی یاساکە بڕیار بوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی کوردستان ڕێنمایی تایبەت دەربکات بۆ جێبەجێکردنی، بەمەش کۆتایی بە دیاردەی کارکردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان دەهات. بەڵام وەزارەت هیچ ڕێوشوێنێکی ڕاستەقینەی سەبارەت بەم بابەتە نەگرتەبەر.
عومەر گوڵپی، لەم باریەوە دەڵێت؛ "زۆربەی پاڵاوگەکان بە پرسانی سیاسی لە پشتیانەوەن، هەر ئەمەشە ڕێگری دەکات لەوەی دابخرێن، لەکاتێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێدەنگە لە بەرامبەر پێشێلکارییە یاساییەکانیان".
هەندێک لە خاوەن پاڵاوگەکان توێژەی پەیوەندی پێوەکردوون، پێیان وایە لە کاتێکدا هەرێم بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، ئەوان بە دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ هەزاران کەس پاساو بۆ بەردەوامیی کارەکانیان دەهێننەوە، هەروەها، "بەرهەمەکانیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن بەراورد بە نرخە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش قەرەبووی هاوردەکردن و زیانی دەیان ملیۆن دۆلار دەگێڕنەوە".
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پێشووی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دان بەوەدا دەنێت کە دانەخستنی ئەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە "سەر بە لایەنە سیاسییەکانن، و ئەمەش پاڵپشتی بەردەوامی کارەکانیان دەکات، سەرەڕای ئەو پێشێلکاریانەی کە تۆمارکراون دژی ئەوان".
زیاتر لەوەش شێرکۆ جەودەت دەڵێت:"دامەزراوە فەرمییەکان ئاماژە بوونی (214) پاڵاوگەی بێ مۆڵەت دەکەن کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سکاڵای زۆرمان لەسەر کارەکانیان پێگەیشتووە کە لێکۆڵینەوەکان مەترسییە تەندروستییەکانیان پشتڕاست دەکەنوە، ئەمەمان گەیاندووە باڵاترین دەسەڵاتی هەرێم، بەڵام بێ ئەنجام بووە".
فشارەکانی زیادبوونی توشبووان شێرپەنجە
کەڵەکەبوونی زیادبوونی پیسبوونی ژینگە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، کە کێشە ژینگەییەکانی گەورەتر کردووە لە ئەنجامی دابەزینی ڕێژەی بارانبارین لە ماوەی ساڵانی 2020 - 2023، ئەمە جگە لە دۆخی "کورتهێنانی دارایی" کە لە ساڵی 2014ەوە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی هەبووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەرمان و دابینکردنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانە گشتی و حکومییەکان، لەنێویشیاندا چارەسەرەکانی شێرپەنجە.
نوێنەرانی پێشووی لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، پسپۆڕانی تەندروستی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، دکتۆر یاد نەقشبەندی، هۆشداری دەدەن کە پاڵاوگەکان بەم دۆخەی ئێستایان "مەترسییەکی جددی" بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دروست دەکەن، هەروەها "لە ساڵانی داهاتوودا مەترسییەکە لەگەڵ کەڵەکەبوونی پیسکەرەکانی ژینگە زیاتر دەبێت".
نەخۆشخانەی هیوا بۆ نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان لە ساڵی (2022)دا زیاتر لە (3 هەزار) حاڵەتی شێرپەنجەی تۆمارکردووە، لە ساڵی (2023) شدا ڕۆژانە زیاتر لە (10) حاڵەتی نوێی تۆمارکردووە.
وەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە (دکتۆر یاد نەقشبەندی) ڕێژەی تووشبووان لەنێو خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دەگاتە 80% و ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ هاوڵاتیانی باقی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە بە گشتییە، بەو پێیەی ڕۆژانە نزیکەی (800) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن.
ئەو دەڵێت؛"بۆ هەندێک نەخۆشی، تێچووی چارەسەرکردن دەگاتە نزیکەی (6 هەزار) دۆلار لە مانگێکدا، کە بەخۆڕایی دابین دەکرێت و ئەمەش هۆکارێکی گەورەی فشار پێکدەهێنێت بۆ دابینکردنی زیادبوونی پێداویستییە داراییەکان لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی ژمارەی تووشبوونەکان".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی "هیوا" ڕەخنە لە دروستنەکردنی سەنتەرێک بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە لە کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "ئەگەر بارودۆخەکان وەک ئێستا بەردەوام بن و ڕێژەی تووشبوون بەرزببێتەوە، پێشبینی دەکەین دوای 10 ساڵ ڕێژەی تووشبوون بگاتە قۆناغێک کە هەموو بودجەی ساڵانەی کوردستان نەتوانێت پێداویستییەکانی نەخۆشەکان دابین بکات".

 

لە پاڵ نەخۆشخانەی هیوا، سەنتەری “ئاوات” بۆ چارەسەری تیشکی تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری هەولێر دامەزرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خێرای بەرزبوونەوەی تووشبوون لەو شارەدا، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوان، ژمارەی ئەو کەسانەی تۆماردەکرێن لە سەنتەرەکەدا گەیشتە نزیکەی (هەزار و 500) نەخۆش لە ساڵی 2022. بەپێی تۆماری نەخۆشخانەکە نزیکەی (170) نەخۆش ڕۆژانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە ساڵی 2023 سەردانیان کردووە.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، دکتۆر بێستۆن سەفێ ئەلدین ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2015دا، لە سەرتاسەری پارێزگای هەولێر تەنها (هەزار و 300) تووشبووی شێرپەنجەیان تۆمارکردووە، بەڵام ژمارەکە لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە (2 هەزار و 800) تووشبووی نوێ.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2022 زیاتر لە (23 هەزار) حاڵەتی شێرپەنجە لە شارەکەدا تۆمارکراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیسبوونی ژینگە کە لە ئەنجامی کارەکانی پاڵاوگەکانی نەوتەوە دێتە ئاراوە، یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون.
بێ بیمە و هیچ مەرجێکی سەلامەتی
نووسەری لێکۆڵینەوەکە سەردانی سێ پاڵاوگەی سلێمانی و سێ پاڵاوگەی هەولێر و یەکێکی لە دهۆک کردووە، بۆ ئەوەی بزانێت چۆن کاردەکەن و تا چەند لەگەڵ ستاندارددا دەگونجێن، بەڵام سەرجەم کارگێڕ و کرێکارەکانیان ئامادە نەبوون قسە بکەن.
کرێکاران پاساویان بۆ ڕەتکردنەوەی قسەکردن دەهێنایەوە بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هۆشداریی دەرکردنیان پێدراوە، ئەگەر زانیارییان سەبارەت بە سروشتی کارەکانیان، داهاتەکانیان، تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکانیان و ئەو لایەنانەی کە بەرهەمەکەیان بۆ دەخرێتە بازاڕەوە، پێشکەش بکەن.
فەرمانبەرێکی ئیداری کە لە یەکێک لەو پاڵاوگانە کاردەکات - بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت لە ترسی لەدەستدانی کارەکەی – دەڵێت کە مافی ئەوەیان نییە هیچ بڵێن، چونکە خۆیان و پسپۆڕانی تەندروستی و ژینگە دەزانن کە کارەکانیان لە دەرەوەی یاسا و بەبێ پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاوابوونی خۆر و هاتنی شەو، کە بە باشترین کات دادەنرێت بۆ دەردانی "ژەهر"ی بەرهەمەکانیان بۆ نێو هەوا و خاک.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوای چەندین پەیوەندی ئەوەی درکاند، ئەو پاڵاوگانە سەرەڕای مەترسییە تەندروستییەکان لە بەرهەمەکانیان، هەروەها سەرەتاییترین مەرجی سەلامەتییان لە شوێنی کارەکانیان نییە، کرێکارەکانیان بیمەی تەندروستیان ییە سەرەڕای ئەوەی بە ئەگەری زۆرەوە لە شوێنی کارەکانیان بریندار دەبن.
خاوەن ئەم پاڵاوگانە هەندێک جار گرێبەستی دامەزراندن لەگەڵ کرێکاران واژۆ دەکەن کە بەڵێننامەیەک لەخۆدەگرێت ئەگەر لە کاتی کارکردنیاندا تووشی هەر زیانێک یان نەخۆشییەک ببن بەرپرسیار نابن و ئەمەش بووەتە هۆی زەوتکردنی مافی ڕەوای دەیان کرێکار، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا 10 کرێکار لە ناوچەی "کاشی" لە باکوری دهۆک گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە بەهۆی هەستیاری پێگەکەیەوە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەو پرسە قسە بکات، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی کرێکارانی هەر پاڵاوگەیەک لەنێوان (6 – 20) کرێکاردایە، هەروەها کۆی ژمارەی کرێکارانی سەرجەم پاڵاوگەکان نزیکەی (2 هەزار و 550) کەسە، و مووچەی کرێکارانی ناوخۆیی دەگاتە (600 – 700) دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا مووچەی ئەندازیارانی تایبەتمەند لە پاڵاوگەکان و بەرهەمهێنانی وەرگیراوەکانی نەوت کە زۆربەیان تورکی و ئێرانین، لە نێوان (5 هەزار) بۆ (20 هەزار) دۆلاری ئەمریکیدایە.
 


# لێکۆڵینەوەکە بە سەرپەرشتی تۆڕی NIRIJ لە چوارچێوەی پڕۆژەی (قریب) کە لەلایەن CFI پاڵپشتی دەکرێت ئەنجامدراوە

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand