103 ملیۆن دۆلاری قه‌رزی لای حكومه‌تی هه‌رێمه‌

Draw Media

2024-02-08 09:08:37



(دره‌و):
كۆمپانیای دانه‌غازی ئیماراتی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كات، ساڵی رابردوو بری (160 ملیۆن) دۆلار پۆخته‌ی قازانجی هه‌بووه‌، هێشتاش بڕی 103 ملیۆن دۆلاری تری لای هه‌رێمی كوردستانه‌.
كۆمپانیای (دانه‌غاز)ی ئیماراتی كه‌ له‌كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ قادركه‌ره‌م كارده‌كات، راپۆرتی دارایی خۆی بۆ ساڵی 2023 بڵاوكرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، ئه‌م كۆمپانیایه‌ ساڵی رابردوو به‌ تێكڕا بڕی (160 ملیۆن) دۆلار قازانجی كردووه‌، به‌به‌راورد به‌ ساڵی 2022 رێژه‌ی قازانجی كۆمپانیاكه‌ كه‌میكردووه‌، چونكه‌ له‌ 2022دا پوخته‌ی قازانجی كۆمپانیاكه‌ بڕی (182 ملیۆن) دۆلار بووه‌. 
راپۆرته‌ داراییه‌كه‌ی دانه‌غاز باسله‌وه‌ ده‌كات، ئاستی وه‌به‌رهێنانی كۆمپانیاكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌ی 8% به‌رزبووه‌ته‌وه‌و ئاستی پێوانه‌یی به‌رهه‌مهێنان له‌ چاره‌كی كۆتایی 2023دا له‌ كوردستان رۆژانه‌ به‌بڕی (520) پێ سێجا به‌رزبوه‌ته‌وه‌. 
سه‌رباری ئه‌مه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیاكه‌ میكانیزمێكی نوێی پاره‌دانی خستوه‌ته‌كار بۆ گره‌نتیكردنی وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی. دانه‌غاز كه‌ خۆی وه‌كو گه‌وره‌ترین كۆمپانیای تایبه‌تی كه‌رتی غازی سروشتی له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ناسێنێت، له‌ راپۆرته‌ داراییه‌كه‌یدا هۆكاری دابه‌زینی ئاستی قازانجه‌كانی له‌ 2023دا به‌به‌راورد به‌ 2022 بۆ "دابه‌زینی نرخی فرۆشی به‌دیهاتووی هایدرۆكاربۆن" ده‌گه‌ڕینێته‌وه‌، كه‌ به‌شێكی ئه‌م كه‌مبونه‌وه‌یه‌ش به‌ زیادكردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌زاندنی خه‌رجی به‌كارخستن له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ره‌بوو كراوه‌ته‌وه‌. 
به‌گشتی داهاتی كۆمپانیاكه‌ له‌ 2023دا به‌رێژه‌ی 20% دابه‌زیوه‌و گه‌یشتوه‌ته‌ (423 ملیۆن) دۆلار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ داهاتی كۆمپانیاكه‌ له‌ 2022دا بریتی بووه‌ له‌ (529 ملیۆن) دۆلار. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌هۆی كۆنترۆڵكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانه‌وه‌، له‌ ساڵی 2023دا خه‌رجی به‌كارخستنی كۆمپانیاكه‌ به‌رێژه‌ی 7%ی دابه‌زیوه‌و گه‌یشتوه‌ته‌ بڕی (53 ملیۆن) دۆلار، ئه‌مه‌ له‌كاتێدایه‌ له‌ 2022دا خه‌رجی به‌كارخستن بریتی بووه‌ له‌ (57 ملیۆن) دۆلار. 
به‌پێی راپۆرته‌كه‌، ساڵی رابردوو نرخی فرۆشی به‌دیهاتوو بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی كۆندێنسێت بڕی (51 دۆلار) بووه‌، هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی هاوتای غازی شل (LPG) به‌بڕی 35 دۆلار فرۆشراوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ 2022دا هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی كۆندێنسێت به‌ (79 دۆلار)و نه‌وتی هاوتای غازیش به‌ بڕی (42 دۆلار) فرۆشراوه‌. 
دانه‌غاز ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ساڵی رابردوو ئاستی به‌رهه‌مهێنانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رێژه‌ی 8% زیادكردووه‌و پوخته‌ی وه‌به‌رهێنانی كۆمپانیاكه رۆژانه‌‌ گه‌یشتوه‌ته‌ (36 هه‌زارو 900) به‌رمیل نه‌وتی هاوتا، ئه‌مه‌ زیادبوونه‌ش دوای ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی لابردنی جه‌نجاڵی له‌ وێستگه‌ی كۆرمۆر، ئه‌مه‌ وه‌كو هه‌نگاوێكی ستراتیژی بۆ دابینكردنی خواستی روو له‌زیادبووی غازی سروشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان. 
راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵی: له‌ تشرینی دووه‌می 2023دا، له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵی كۆمپانیاكه‌دا بۆ هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی خواست له‌سه‌ر كاره‌باو پاڵپشتیكردن له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌سه‌ر ئاستی خۆجێیی، وه‌به‌رهێنانی غاز رۆژانه‌ بۆ ئاستی پێوانه‌یی به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕی 520 ملیۆن پێ سێجایه‌. 
سه‌رباری ئه‌مه‌، كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم كه‌ رێژه‌ی 35%ی پشكه‌كانی بۆ دانه‌غاز ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌، له‌ ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام بووه‌ له‌ پرۆژه‌ی فراوانكردنی به‌رهه‌مهێنانی غاز "كۆرمۆر 250"، توانیویه‌تی كاری هه‌ڵكه‌ندی شه‌ش بیر له‌ناو پرۆژه‌كه‌دا ته‌واو بكات، ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ له‌نیوه‌ی دووه‌می ئه‌مساڵدا پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بكات. 
له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا كۆمپانیاكه‌ شانازی ده‌كات به‌وه‌ی، به‌مدواییه‌ له‌ڕووی كۆكردنه‌وه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانییه‌وه‌ پێشكه‌وتنێكی به‌دیهێناوه‌، به‌ پاره‌كانی پێشتریشه‌وه‌ كه‌ پێی نه‌دراوه‌، رێككه‌وتنێكی كردووه‌ له‌باره‌ی میكانیزمێكی نوێی وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، میكانیزمه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی راسته‌خۆ له‌ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باوه‌ پێبدرێت، وه‌كو پابه‌ندییه‌كی سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ له‌پاڵ دانانی خشته‌ی زه‌مه‌یی بۆ وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی پێشتری، كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێ ئه‌م میكانیزمه‌ نوێیه‌ گره‌نتی به‌رده‌وامی دابینكردنی پێداویستی غاز بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ پچڕان، هه‌روه‌ك پشكداریش ده‌بێت بۆ فه‌راهه‌مكردنی وه‌به‌رهێنانی پێویست بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی فراوانكردنی به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌ "كۆرمۆر 250". 
راپۆرته‌كه‌ باسله‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆی دواكه‌وتنی پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانه‌وه‌ له‌ 2023و سه‌ره‌نجی كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم له‌سه‌ر پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانی و پێداویستییه‌كانی پرۆژه‌ی كۆرمۆر  250 وه‌كو ئه‌وله‌ویه‌تی كاری خۆی، كۆمپانیاكه‌ نه‌یتوانیوه هیچ قازانجێكی نه‌ختینه‌ به‌سه‌ر هاوپشكه‌كانیدا دابه‌ش بكات، له‌ناویشیاندا دانه‌غاز، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش دانه‌غاز له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی ساڵانه‌ی خۆیدا پێشنیاری دابه‌شكردنی قازانجی نه‌ختینه‌یی ناكات، به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی قازانجه‌كانی له‌ 2023دا، پێشبینی ده‌كات له‌ داهاتوودا قازانجه‌كانی دابه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش كاتێك كه‌ نه‌ختینه‌ی پێویستی بۆ دابه‌شكردنی قازانج ده‌ستده‌كه‌وێت. 
دانه‌غاز كه‌ هاوكات له‌ میسریش وه‌به‌رهینان ده‌كات، ساڵی رابردوو له‌ میسر ئاستی وه‌به‌رهێنانی پاشه‌كشێی كردووه‌، ئه‌مه‌ی به‌ زیادكردنی ئاستی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ره‌بوو كردووه‌ته‌وه‌. 
ته‌نیا كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم ساڵی رابردووه‌ بڕی (180 ملیۆن) دۆلاری له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌، هێشتاش بڕی (103 ملیۆن) دۆلاری لای هه‌رێمی كوردستانه‌و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا كۆمپانیاكه‌ بڕی (68 ملیۆن) دۆلاری تری وه‌رگرتووه‌.  

له‌باره‌ی دانه‌غازه‌وه‌
ئه‌م كۆمپانیایه‌ خۆی وه‌كو یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین كۆمپانیای ناوچه‌یی تایبه‌تمه‌ند له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ناسێنیت، كۆمپانیاكه‌ له‌ 2005 دامه‌زراوه‌و له‌ بازاڕی دراوی ئه‌بوزه‌بی تۆماركراوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان و میسرو ئیماراتی عه‌ره‌بی كاری دۆزینه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانی و گواستنه‌وه‌ی وه‌رگرتووه‌و تێكڕای ئه‌و پرۆژانه‌ی كاریان تێدا ده‌كات زیاتر له‌ (ملیارێك) به‌رمیل نه‌وتی هاوتا له‌خۆده‌گرێت.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand