نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 دا

Draw Media

2023-07-13 06:06:46




شیكاری: درەو

🔻 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق؛
🔹 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 290 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە (597 ملیۆن و 540 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 302 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو.
🔹 لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (74.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (102.7) دۆلار.
🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا (44 ملیار و 471 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار بووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (17 ملیار و 114 ملیۆن و 524 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (28%) داهاتی نەوت کەمی کردووە.

یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا بڕی (595 ملیۆن و 571 هەزار و 118) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار و 746) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (ئایار)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (102 ملیۆن و 463 هەزار و 387) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل.
 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.54) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (نیسان) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (78) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی بە درێژایی هیچ یەک لەم شەش مانگە تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە.
هەر بەپێی داتاکان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (44 ملیار و 371 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار. مانگی (نیسان)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە سەروو (7 ملیار و 699 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار.


 

دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022
بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)دا بڕی (597 ملیۆن و 540 هەزار و 781) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 302 هەزار و 340) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (ئایار)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (102 ملیۆن و 303 هەزار و 20) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی خاو.
 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە شەش مانگی یەکەمی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (102.72) دۆلاری ئەمریکی فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112.21) دۆلار فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی دووەم) بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (83.8) دۆلار.
هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە نیوەی یەکەمی (2022)دا لە مانگی (کانونی دووەم)دا بووەو بڕی (8 ملیار 322 ملیۆن و 679 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە.


سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2022
وەک ئاماژەمان پێدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار 746) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (597 ملیۆن و 540 هەزار 781) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی لە (3 ملیۆن و 302 هەزار 340) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیەش بە تێکڕا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تەنها بڕی (ملیۆنێک و 969 هەزار و 663) بەرمیل بە ڕێژەی (0.3%) نەوتی هەناردەکراو کەمی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1))
 


هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (74.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (102.7) دۆلار. بەو واتایەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوت بڕی (28.17) دۆلار و بە ڕێژەی (27%) بەهاکەی لە دەستداوە. (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)).
 

 

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسە داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا (44 ملیار و 471 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار بووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (17 ملیار و 114 ملیۆن و 524 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (28%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)).
 


سەرچاوەکان؛

ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand