كۆمپانیاكانی دراو لە هەرێم پابەندی بڕیارێك دەكرێن

Draw Media

2023-01-10 12:55:29



(درەو): 
كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەبێت خۆیان لەگەڵ رێنماییەكی بانكی ناوەندی عێراقدا بگونجێنن، ئەگەرنا مۆڵەتی كاركردنیان لێ وەردەگیرێتەوە. 
لە هەنگاوێكی نوێدا بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراو، لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق نوسراوێكی دەكردووە‌و داوا دەكات كۆمپانیاكانی ئاڵۆگۆڕی دراو خۆیان  بگونجێنن لەگەڵ رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2022ی هەمواركراو تایبەت بە رێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی دراو.
بەگوێرەی ئەو نوسراوە كە بانكی ناوەندیی عێراق رۆژی 2ی ئەم مانگە دەریكردووە، كۆمپانیاكان جۆری (A و B) دەبێت ئەم دوو هەنگاوە جێبەجێ بكەن، ئەگەر نا دادەخرێن‌و مۆڵەتی كاركردنیان لێوەردەگیرێتەوە: 
•    تاوەكو رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵ سەردانی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق‌و لقی سلێمانی بانكی ناوەندی هەرێم بكەن بۆ جێبەجێكردن‌و خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەكان، بۆ ئەمەش دەبێت داواكاری پێشكەش بەمەبەستی بۆ یەكگرتنیان. 
•    لەدوای 1ی ئازارەوە هەر كۆمپانیایەك كە خۆی لەگەڵ رێنماییەكان نەگونجێت، دادەخرێت‌و مۆڵەتی كاركردنی لێ وەردەگیرێتەوە. 
بەگوێرەی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی، نابێت كۆمپانیای جۆری (A) سەرمایەكەی لە (5 ملیار) دینار كەمتر بێت، جۆری (B) سەرمایەكەی لە (2 ملیارو 500 ملیۆن) دینار كەمتر بێت، ئەمە پێویست دەكات لەسەر كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو پێكەوە یەكبگرن‌و سەرمایەكەیان بۆ ئەو دوو ئاستە بەرزبكەنەوە، رەنگە ئەمە زیاتر لە 5 كۆمپانیا ناچار بكات پێكەوە یەكبگرن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی بانكی ناوەندی دەكات، ئەمە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی كۆمپانیاكانی عێراق سودمەند ببن لە وەرگرتنی هەفتانەی دۆلار لە بانكی ناوەندی بە نرخی فەرمی.
ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی هەولێرو سلێمانی بۆ (161 هەزارو 500) دینار بەرزبووەوە، ئەمە بەرزبوونەوەیەكی بێ پێشینە بوو، ئەمە لەكاتێكدایە نرخی دۆلار بەشێوەی فەرمی لە بانكی ناوەندی عێراق بۆ هەر 100 دۆلارێك بڕی (146 هەزار) دینارە.   
كاتێك بەهۆی قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە عێراق توشی قەیرانی دارایی بوو، حكومەتی مستەفا كازمی بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەكان‌و بە هەماهەنگیی لەگەڵ بانكی دراوی نێودەوڵەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی  2020دا دەستكاری بەهای دۆلاری كردو نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی لەبەرامبەر (هەزارو 460) دیناردا جێگیركرد. 
ئەم بڕیارە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا داهاتەكانی حكومەتی عێراقی بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو بەرزكردەوە، بەڵام نرخی كاڵاو شمەكی لەبازاڕدا بەرزكردەوە‌و ناڕەزایەتی دروستكرد. 
بەڵام ئەم نرخە تا كۆتایی بەجێگیریی نەمایەوە‌و ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە تادێت بەهای دینار لەبەردەم دۆلاردا پاشەكشێی دەكات، رێوشوێنەكانی حكومەت‌و بانكی ناوەندی تائێستا نەیانتوانیوە بازاڕ كۆنترۆڵ بكەن.  
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بەرژەوەندی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستاندایە، چونكە هەردوو حكومەتەكە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكانیان بریتییە لە فرۆشتنی نەوت‌و پارەی نەوتیش بە دۆلار دەگەڕێتەوە، بەڵام فەرمانبەران‌و موچەخۆران داهاتەكانیان بە دینار وەردەگرن‌و زەرەرمەندی گەورەن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand