یەكشەممەی ئایندە.. وادەی نوێی (ئەنجومەنی دەوڵەت) بۆ بڕیاردان
.png)
2025-09-18 11:26:18
(درەو):
ئەنجومەنی دەوڵەت نوسینەوەی بۆچوونی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغداد بۆ سەرەتای هەفتەی ئایندە دواخست، بەوئومێدەی نوێنەری هەرێم بەشداری لە كۆبوونەوەكەیدا بكات، وا دەردەكەوێت ئەم ئەنجومەنە نەیەوێت هاوشێوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەماوەی رابردوودا، بكەوێتە بەرداشتی ناكۆكییە سیاسییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدادو پەلە بكات لە دەركردنی بڕیار.
بەهۆی جیاوازی بۆچوون لەناو ئەندامانی (ئەنجومەنی دەوڵەت)، ئەنجومەنەكە وەكو بڕیار بوو نەیتوانی بۆچوونی خۆی لەبارەی ناكۆییەكانی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان) بنوسێتەوە.
ئەمڕۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەك بوو كە ئەنجومەنەكە شكستی هێنا لەوەی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو كێشە بخاتەڕوو؛ كە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی و ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاڕاستەی كراوە.
ئەنجومەنی دەوڵەت دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەبارەی بابەتە كێشەلەسەرەكەی نێوان هەولێرو بەغداد بۆ سەرەتای هەفتەی ئایندە (یەكشەممە) دواخست. بۆ ئەوەی نوێنەری حكومەتی هەرێمیش یەكشەممە بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا بكات.
بڕیاربوو رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە هاوكات لەگەڵ وادەی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا، ئەنجومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە.
لە رۆژی یەكەمدا، ئەنجومەن داوای كرد دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی + داد)ی هەرێم ئامادەی دانیشتنەكە ببن بۆ بڕیاردان، بەڵام تائیستا نوێنەری حكومەتی هەرێم بەشداری لە دانیشتنەكەی ئەم ئەنجومەنە نەكردووە، دیاریش نییە ئایا وەكو چاوەڕوان دەكرێت یەكشەممەی ئایندە نوێنەری هەرێم بەشدار دەبێت یاخود نا.
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەبوو، لەبارەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان رایگەیاند" سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، جەخت لەسەر تێڕوانینی دەستوریی و یاسایی خۆمان دەكەینەوە لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بودجەی فیدراڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت، کە ئەمانە هەمووی یاساو بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووەو بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدڕاڵیی و هەرێمیشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یاداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە".
بەهۆی ئەوەی بۆچوونەكەی لەبارەی ناكۆكی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان پابەندكەر دەبێت، (ئەنجومەنی دەوڵەت) كە یەكەمجارە دەكەوێتە بەرداشی ناكۆكییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی كوردستانەوە، نایەوێت روبەڕووی چارەنوسی دادگای فیدراڵی ببێتەوە كە سەرۆكەكەی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، دەیەوێت هاوسەنگی خۆی لە بڕیارداندا بپارێزێت و وەكو دامەزراوەیەكی بێلایەن دەربكەوێت، بەتایبەتیش كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدایەو روخساری حوكمڕانی ئایندەی عێراق هێشتا ناڕوونە.
