دوو حاجی لەسەر رابەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناكۆكن

Draw Media

2022-10-02 14:14:47



(درەو):
دوو (حاجی) ئێستا رابەرایەتی بزوتنەوە دەكەن، هەردووكیان خۆیان بە حەق دەزانن، یەكێكیان دەڵێ شەرعیەتی كۆنگرەم هەیە‌و ئەوەی تریان دەڵێ شەرعیەت لای منە. 

بزوتنەوەی كۆن بە رابەرایەتییەكی نوێوە
هێڵی گۆڕانكاریی لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی، لای خۆیەوە گۆڕانكارییەكانی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی هەڵوەشاندەوە كە شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
كۆنگرەی 12 بۆ جاری سێیەم (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ی كردەوە بە رابەری گشتیی، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەو "حاجی عیرفان" مافی ئەوەی نەبوو خۆی كاندید بكاتەوە، تاكە كاندیدی بزوتنەوە بۆ پۆستی رابەر لە كۆنگرەدا (كامیل حاجی عەلی) بوو، بەڵام بەهۆی ئەو پێوەرەی دیاریكرابوو كە بەدەستهێنانی دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بوو  بۆ رابەرایەتی، "حاجی كامیل" سەرنەكەوت و بەم میكانیزمە رابەری پێشوو لە پۆستەكەیدا هێڵدرایەوە.
هێڵی گۆڕانكاری كە لە ساڵی 2019وە لەناو بزوتنەوە سەریهەڵداوە، ئەمڕۆ بەناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)یەوە خۆی راگەیاندو رابەرایەتی بزوتنەوەكەیان لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەندەوەو بەخشیی بە (كامیل حاجی عەلی).
دكتۆر محەمەد بازیانی سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیەدایە كە كامیل حاجی عەلی رابەرایەتی دەكات و یەكگرتنی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەكەو هەڵوەشاندنەوەی بزاڤی چاكسازی راگەیاند.
رەوتی گۆڕانكاریی لە دادگاكانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەبارەی پێشێلكاری و ئەنجامەكانی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوە تۆمار كردووە، بەڵام هێشتا دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەوە نەداوە، ئەوان جگە لە تۆماتباركردنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان، باس لە ساختەكاریش دەكەن لە دەنگدانی كۆنگرەدا.
سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 12ی بزوتنەوە بەفەرمی ئاڵای بزوتنەوەی پێشكەشی كامیل حاجی عەلی كردو وەكو رابەری بزوتنەوە ناساندی.
ئەوەی ئەمڕۆ راگەیەندرا لەڕووی ناوەوە هەمان بزوتنەوە كۆنەكەیە، بەڵام بە رابەرێكی نوێوە. دوای ئەم گۆڕانكارییە ئێستا بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەك كاتدا دوو رابەری هەیە كە بریتین لە هەریەكە (حاجی عیرفان)و (حاجی كامیل)، تا ئەو كاتەی دادگا بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوەو ناوی حزبەكە‌و رابەرایەتییە یاساییەكەی بە یەكێكیان دەبەخشێت.

كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی
رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی 12ی خۆی لە شاری هەولێر بەست. 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كرد بوو،‌ بەپێی پەیڕەوی بزوتنەوە مافی ئەوەی نەبوو خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، ئەمە وایكرد تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكات. 
لایەنگرانی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بۆ رێگرتن لە سەركەوتنی كامیل حاجی عەلی پێوەرێكیان دیاریكرد، پێوەرەكە ئەوە بوو "ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم دەنگەی بەدەستنەهێنا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە".
ئەم  میكانیزمە مشتومڕی دروستكرد لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام ئەوكات عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی رابەری ماوەتەواوبوو دەیوت" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لەناو كۆنگرەدا وتی:" مامۆستا مەلا عوسمان (یەكەم رابەری بزوتنەوە) موئامەرەیەكیان لێكرد‌و بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت".  
بەم میكانیزمە، كامیل حاجی عەلی كە تاكە كاندید بوو دەنگی 50+1ی كۆنگرەی بەدەستنەهێنا‌و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەر مایەوە. 

لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە
بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوە‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان). 
دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان  عەبدولعەزیز)ی دەستگیركرد‌و دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كرد‌و بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجە‌و خورماڵ‌و هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمون‌و هێزی چەكداری خۆی لەدەستدا‌و كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە. 
لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكرد‌و (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا. 
ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكرد‌و تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە. 
ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێنا‌و یەك كورسی بردەوە. 
بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كرد‌و هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد‌و بەشداری نەكرد. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand