درەو میدیا: دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین تویتیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك سێ بژاردە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەخاتە روو، لە سێ بژاردە تەنها دەتوانین یەك بژاردە جێبەجێبكەین:. بژاردەی یەكەم: هەزاران سەرباز بنێرین و شەڕەكە بەرینەوە بژاردەی دووەم: سزای ئابوری توند بسەپێنین بەسەر توركیادا بژاردەی سێیەم: رۆڵێ نێوەندگیری لە نێوان توركیا و كوردەكان بگێڕین و بۆ گەیشتن بە رێككەوتن
درەو میدیا: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بەناوی ئاشتی" كانی ئاشتی" یەوە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد، ئۆپەراسیۆنێك لەناو ململانێی ناوخۆیی توركیا و شەڕی گەرمی زلهێزەكان و دژایەتی زۆری وڵاتانی دونیا لە كوێدا و چۆن كۆتایی دێت؟ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا داوی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا" كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە رۆژئاوای كوردستان" راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد" ئەمریكا خەلافەتی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند، بەڵام چیدیكە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت و توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی تێدا ئەنجامدەدات" گۆڕینی هەڵوێستی لەناكاوی ترەمپ بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان، بەربەستەكانی بەردەم ئەردۆغانی كۆتایی پێهێنا، كە ئامانجی چەند ساڵەی بوو هێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان ئەویش بە ئامانجی:. یەكەم: دورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سنورەكانی توركیا كە ئەنكەرە وەكو درێژكراوەی پەكەكە تەماشایان دەكات. دووەم: دروستكردنی "ناوچەیەكی ئارام" لە باكوری سوریا كە بتوانێت نزیكەی (دوو ملیۆن) ئاوارەی سوریای تێدا جێگیربكرێت كە ئێستا لەناو توركیادا دەژین. ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا و سنوری توركیا، كە یەكێكە لە پلانەكانی ئەردۆغان:. 🔷 پلانی توركیا بۆ ئێستا كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان شاری سەرێكانی و گرێ سپی- یە كە درێژییەكەی 100 كیلۆمەترە، ئێستا هێزەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە كشاونەتەوە0 🔷 ئەو ناوچە سنورییەی كە ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە سەرۆكایەتی شەڕڤانانی كورد درێژییەكەی 480 كیلۆمەترەو لە روباری فوراتەوە لە خۆرئاواوە دەستپێدەكات تاوەكو سنوری عێراق لە رۆژهەڵات. ئەگەر ئامانجی ئەردۆغان لە ئۆپەراسیۆنی ( كانی ئاشتی) بۆ دورخستنەوەی دەستی " تیرۆرستان و پشتێنەی ئەمنی "بێت بەششێكیشی لەم كاتەدا بۆ دوورخستنەوەی تەركیزی هاوڵاتیانی توركیا لەسەر ناكۆكی و مللامنێكانی ناو پارتەكەی( ئەكەپە) كە بەشێك لەسەركردە دیارەكانی ئەو پارتە جیابونەوەی خۆیان راگەیاندووە، لەلایەكی تر شاردنەوەی بەشێك لەو شكستەی پارتەكەی بێت كە لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بەریكەوت، بەتایبەت لەدەستدانی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ كە ماوەی نزیكەی 20 ساڵ بەدەست پارتەكەیەوە بوو. رۆژئاوای كوردستان ناكۆكەكان كۆدەكاتەوە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان زۆرترین نەیاری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ درووست بووە، تەنانەت وڵاتە ناكۆكەكانی جیهان هەڵوێستیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا یەكە. 🔷 كۆشكی سپی ئەمریكا لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا راگەیاند" بە روونی بە توركیایان گوتووە بیرۆكەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەیان خراپە و ئەوان پاڵپشتی ئەو هێرشە ناكەن. 🔷 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە هاوتا توركییەكەی راگەیاند" ئێران هێرشی سەربازی توركیا بۆسەر باكوری سوریا وەكو پێشێلكردنی سەروەری خاكی سوریا تەماشا دەكات و دژی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە. 🔷 جان كلۆد یۆنكەر، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە توركیا كرد، دان بەخۆیدا بگرێت و كردە سەربازییەكەی لە باكووری سووریا بوەستێنێت. 🔷 هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە توندی هێرشی توركیای بۆ سەر باكووری سووریا ئیدانەكردو رایگەیاند "ئەو كردە سەربازییەی توركیا گرژییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە مەترسی و یارمەتی دووبارە گەڕانەوە و چالاكبوونەوەی داعش دەدات". 🔷 سكرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، كردەوە سەربازییەكانی توركیا ئارامی ناوچەكە تێكدەدات و پێویستە ئەو هێرشانە رابگرێت 🔷 فرەنسا و بریتانیا دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا راگەیاند و داوای دانیشتنێكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكانیان كرد. 🔷 هەریەك لە میسر و سعودیەو كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر باكوری سوریا راگەیاند. پێناچێت لە ناو ئەو هەموو ناكۆكی و ناڕەزاییەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەردۆغان بتوانێت لە ئۆپەراسیۆنەكەیدا سەركەوتوو بێت" ئەگەرچی لە ئێستادا ئەردۆغان كارتی گەورەی بەدەستەوەیە بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكە"، بە پێچەوانەی گرتنی عەفرین ناڕەزاییەكان لەسەر ئاستی جیهان خەرێكە گەڵاڵە بوونی هەڵوێستێكی یەكگرتووی لێدەكەوێتەوە، كە رەنگە دواجار بە زیانی ئەردۆغان كۆتایی بێت، چونكە بێدەنگ بون لەئاست ئەو سەرەڕۆییانەی ئەردۆغان تەنها مەترسی بەسەربازی بونی دەسەڵاتی توركیاو درووستبوونی دیكتاتۆرێكی لە ناوچەكە لێناكەوێتەوە، بەڵكو مەترسی لەسەر بارودۆخی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكەو پرۆسەی دیموكراسی و مافی مرۆڤی لێدەكەوێتەوە، بۆیە ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن ئۆپەراسیۆنەكە نەگاتە خاڵی كۆتایی و لە روبەرێكی دیاریكراودا بوەستێنرێت. بارزانی نیگەرانە! لەسەر ئاستی باشوری كوردستان نیگەرانییەكی زۆر بە شەقامەوە دەردەكەوێت، بەڵام بە پێچەوانەی ناكۆكیەكانی نێوانیان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە حزبەكەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی لایە، نایشارێتەوە كە نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، لە تویتێكدا رایگەیاند" ئێمە لەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای كوردستان هاتۆتە پێش، زۆر نیگەرانین. بەهەموو توانایەك لە هەوڵداین و لەگەڵ زۆر لایەن لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان، لە ڕۆژئاوا تووشی كارەساتی تر نەبن". ئەمڕۆش بە تویتێك وەڵامی دۆناڵد تەرمپی دایەوە كە وتبوی" كوردەكان بە پارەو چەك شەڕیان بۆ كردووین" رایگەیاند" خوێنی كورد زۆر لە چەك و پارە، بەهادارترە". هەر ئەمڕۆش لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا و فەرەنسا لە هەولێر كۆبوەوەو داوایكرد" فەڕەنسا وەك بەشێكی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە روودانی كارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت" بە كونسوڵی ئەمریكاشی راگەیاندووە كە" چاوەڕوانیمان لە ئەمەریكا و هاوپەیمانان و كۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی كورد توشی كارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەرشانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان"
درەو میدیا: "داوای هاوكاریمان لە ئەمریكا نەكردووەو نایكەین، ئەمریكا بەرگری بكات یاخود نا ئێمە هەربەردەوامین لەبەرگریكردن و هەموو حساباتێكی خۆمان كردووە "ئەمە وتەی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتیەكانی پەیەدەیە. ساڵح موسلیم لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا رایدەگەیەنێت" هێزەكانی ئەمریكا تەنها لەخاڵە سنورییەكان كشاونەتەوە و لەشوێنەكانی تر لەشوێنی خۆیان ماون و لەئەرك بەردەوامن، ئێمە داوا لەكەس ناكەین كە هاوكاریمان بكەن و چەكی خۆیان بەكاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئێمە خۆمانین و باوەڕمان بەخۆمان هەیە داوای هاوكاریمان لە ئەمریكا نەكردووە و نایكەین چونكە ئەمریكا ئێمەی دروستنەكردووە بەڵكو خۆمان خۆمانمان دروست كردووە لەسەر پشتی ئەمریكا دروست نەبوین" هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتیەكانی پەیەدە سەبارەت بەوەی بەتەواوی هێزەكانی ئەمریكا لەكوێ كشاونەتەوە؟ وتی" ئەوەی كەباس دەكرێت هێزەكانی ئەمریكا كشاونەتەوە بەتەواوی لەسەر سنورە لەو خاڵانەی كە وەك خاڵی پاراستن بەكارییان دەهێنان و تەنها پێیان وتین ڕێنمایی هاتووە و دەكشێینەوە بەڵام لە شوێنەكانی تر لەشوێنی خۆیانن وەكو خۆیان ماونەتەوە، وەك لە "حەسەكە، نزیكی كۆبانی، هەروەها لە ڕەققە) لە شوێنی خۆیانن و هیچ گۆڕانكارییەك ڕوینەداوە سەبارەت بەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو شوێنانە كشابێتنەوە بەڵكو لە ئەركی خۆیان بەردەوامن." سەبارەت بە بەرگری هێزەكانی سوریای دیموكرات ساڵح موسلیم دەڵێت" ئەوەی ئێمە دەزانین هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو حساباتێكی خۆی كردووە، ئامادەكاری خۆی كردووە هەتا بتوانن بەرگری بكەن و گەل بپارێزن، بەڵام ئەوەش ناشاردرێتەوە كە ئێمە كەوتوینەتە شەڕێك لەگەڵ هێزێكی ئەندامی ناتۆ كە خاوەنی چەكی بەهێز و جبەخانەی بەهێزی هەیە، بەڵكو ناتۆ پێی بڵێت كە چەك و تەقەمەنی ناتۆ بەكارمەهێنە یاخود پێی بڵێ تۆ مافی هێرش كردنت نیە، یا نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێگری هێرشكردنی لێ بكات، بەڵام لەسەر و هەمووشیەوە هیچ شتێك ئێمە لەبەرگری كردن ناوەستێنێت." ساڵح موسلیم بەدووری نازانێت دانوستان لەگەڵ رژێمی ئەسەدا بكەن و دەڵێت: ئێمە داوا لەكەس ناكەین كە هاوكاریمان بكەن و چەكی خۆیان بەكاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئێمە خۆمانین و باوەڕمان بەخۆمان هەیە داوای هاوكاریمان لە ئەمریكا نەكردووە و نایكەین چونكە ئەمریكا ئێمەی دروستنەكردووە بەڵكو خۆمان خۆمانمان دروست كردووە لەسەر پشتی ئەمریكا دروست نەبوین،وەهەموو كەس دەزانێت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ كێ هەیه وە ئازادیشین لەو پەیوەندییانە، ئێمە نازانین و دیار نیە كە ڕەنگە لەماوەكانی داهاتوو دانوستانەكانمان لەگەڵ ڕژێمی سوریا-دا دەست پێبكاتەوە بۆ دەستەبەركردن و ناساندنی مافی دیموكراسی ئێمە لەدەستوری نوێی سوریا بۆ ئەمەش كەسێك بیەوێت ڕێگری بكات و دەستمان ببەستێت شتی لەوجۆرە نیە. لەبارەی پەیامەكەی ,مەسعود بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پەیامەكەی لەسەر كوردانی سوریا، ساڵح موسلیم بەهەڵوێستی باش وەسفی كرد و وتی" بێگومان ئەو ھەڵوێستە بەشتێكی باش ئەزانین جێی سوپاسە پێویستە لەسەر ھەر كوردێك كەبەو شێوەیە بێت ئومێدی ئێمە لەسەر "كاك مەسعود" زیاترە لەوەی كە دەتوانێت دیالۆگ و یەكێتی كوردان دروستبكات دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ھەمولایەنەكان باش بكات و لەگەڵ ئێمە-شدا پەیوەندی باشی ھەبێت، بەبڕوای ئێمە یەكێتی كوردان لە ئێستادا لەھەركاتێكی تر زیاتر پێویستە نەك تەنها بۆ "ڕۆژئاوا" بەتەنھا بۆ تەواوی كوردستان بە گشتی لەبەر ئەوەی ئەو مەترسیەی كەھەیە بۆ تەواوی كوردانە."
درەو میدیا: وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئاگاداری وردەكاری داهاتی نەوتن و مانگانە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە پارەی داهاتی نەوت وەردەگرن. ئاوات شێخ جەناب بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" سەرچاوەی داهاتی ئێمە دوو بەشی گەورەیە، بەشێكیان لە عێراقەوە بۆمان دێت ئەویش دوای بڕینی پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەشێكیشی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە بۆمان دێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ" سەبارەت بە ئاگاداربوونیان لە وردەكاری داهاتی نەوت و رادەستكردنی بە وەزارەتی دارایی، وەزیری دارایی و ئابوری جەختی كردەوە" مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان سنوری 300 ملیار دینار بۆ موچە رادەستی وەزارەتەكەیان دەكەن، ئەگەر ئەوان رادەستی نەكەن ئەی موچە لەچی دەدرێت؟" ئاواتی شێخ جەناب ئاماژەی بەوەشكرد " بەڵێ ئاگاداری ووردەكاری داهاتی نەوتن، راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت كە ئەركی وردبینی و ڕاوێژكارییە، بەراوردمان كردووە لەگەڵ داتاكانی كۆمپانیای سۆمۆ بەرێژەی 98% هاوتان، واتا كێشەیەك نیە لە داهاتی نەوتی هەرێم". وەزیری دارایی ئەوەش رەتدەكاتەوە كە ئاشتی هەورامی پارەی نەوت رادەست نەكات و دەڵێت"ئەو ئیستحقاقەی كە مانگانە وەزارەتی دارایی هەیەتی سامانە سروشتیەكان رادەستی دەكات" ئاوات شێخ جەناب ئەوەش ئاشكرا دەكات " حكومەتی عێراق مامەڵەیەكی شۆڤێنی و نادیموكراتیانە لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكات، تێكرای موچەی فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان (650 هەزار دینار)ی، بەڵام لە عێراق ( ملیۆن و 300 هەزار) دینار بەرەو ژوورە، بۆیە رێگەی مامەڵەكردنی عێراق لە بودجەدا لەگەڵ ئێمە نادیموكراتی و نایاساییە" ئەمە لە كاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە" دوو مانگە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەكان و یاریدەردەی سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە كە هێشتا داهات و دۆسیەی نەوت لەلای ئەوە، نیوەی پارەی نەوت رادەستی وەزارەتی دارایی ناكات و بەهۆیەوە تەمویلی پڕۆژەكان و دانەوەی قەرزی بانك و كۆمپانیاكان راگیراوە". میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەش ئاشكرا دەكات كە نەوتی كیڵگەكانی عەین زالە لای مەسرور بارزانیە" دوو مانگە ئەنجوومەنی وەزیران پارەی تەواوكاریی مووچە لەحسابێكی تایبەتەوە دەهێنێت، بەهۆی ئەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی كێڵگەی عەین زالە لەلای سەرۆكی وەزیرانە لەو رێگایەوە نەیهێشتوە ئەو دوو مانگە دابەشكردنی موچە دوا بكەوێت".
درەو میدیا: جارێكی تر له سەر سنوورەکانی سوریا لە خۆرههڵاتی ناوهڕاستدا تهپڵی جهنگێکی خوێناوی تر لێدهرێت. ههڕهشهی بەردەوامی سهرۆكی دهوڵهتی توركیا بۆ لەشکرکێشی و داگیركردنی ناوچە کوردستانییەکانی سوریا، رۆژاڤا، ھێما بۆ ڕوودانی ئەو جەنگە خوێناویە دەکات كه بێگومان دیسانەوە شەپۆلێکی تر لە خوێنڕشتن و وێرانکردن و ئاوارەبوون بەدوایخۆیدا دەھێنێت. ئهردۆگان دهیهوێت ئهو دورگه سیاسییه بچووک و ئارامەی خۆرههڵاتی فوراتیش لهناو خوێندا نقومبكات و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، لە شوێنی دانیشتوانە کوردەکەیدا دۆسته ئیسلامی و سهلهفییهكانی خۆی نیشتهجێ بكات. سهرههڵدانی ههر جهنگێكی نوێ له رۆژاڤادا درێژەدانە بەو دۆخی ناسهقامگیرییه ناوەکیی و ههرێمیی و جیهانییە کە چەندان ساڵە له سوریادا ئامادەیە و داخستنی ھەر ئاسۆیکی ڕاستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنێکی یەکجارەکی. پەلاماردانی سهربازیی بۆسهر دەوڵەتێکی تر، بەر لە ھەموو شتێک، دژ بە پرنسیپه سیاسییهكانی نهتهوه یهكگرتووهكان و یاسا نێودهڵهتییهكانه. له دۆخی ئهمڕۆکەی رۆژههڵاتی ناوهڕاستیشدا ههموو لهشكركێشییهكی تازەی دهوڵهتی توركیا بۆ ناو خاکی سوریا درێژەدانە بەو دۆخی جەنگ و بێباکییە سیاسیی و ئەخلاقییەی کە وزەی پێویست به بەردەوامبوونی کێشەکان لەناوچەکەدا دەبەخشێت. رۆژههڵاتی ناوهڕاست پێویستی بە پشوویەکی سیاسیی درێژە، نەک به جهنگی درێژخایهنی تر، پێویستی به لهشكركێشیی نوێ نییه بەناوی دابینکردنی ئاساییش بۆ گهلانی ناوچهكه، بهڵكو پێویستی به پرۆسهیهكی ئاشتیی بهرفراوان و بیناكهر و پێویستی بە وازھێنان لە خەونی سوڵتانیی و ناسیۆنالیستیی و فهندهمێنتالیستیی ھەیە. ئەوە بهرپرسیارێتی کۆمەڵگای نێودەڵەتی، بەتایبەتی ئهمریكا و هاوپهیمانهكانی و نهتهوه یهكگرتووهكانه، ڕێگریی لەم ههڕهشه و پێشھاتە تازەیە بکەن و نەھێڵن شەپۆلێکی تر لە کارەساتی ئینسانیی ڕوو لە ناوچەکە و جیھان بکات. خۆدزینەوە لەم بەرپرسیارێتییە بەشداریکردنە لەو تاوانە گەورەنەدا کە بەڕێوەن، ھەڵنەسانە بەو ئەرکە سیاسیی و ئینسانییانە کە دەتوانێت ژیانی سەدان ھەزار کەس بپارێزێت. وەکچۆن دەستخۆشیکردنێکی ناڕاستەوخۆشە لەو تەماحە سیاسییە گەورانەی کە پیادهكردنیان بەناو سەدەھا قەسابخانەی ئەتنیی و دینیی و ئینسانییدا تێدەپەڕێت. دهشێت بۆ سهرۆك ترامپ جهنگی تیرۆر له سوریادا كۆتایی هاتبێت، بهڵام بۆ گهلانی ناوچهكه لهگهڵ ههر ئهكتێكی داگیركارانهی نوێی دهوڵهتی توركیادا، یان ھەر دەوڵەتێکی تردا، تیرۆر ھەم به مۆدێل و شێوازە کۆنەکەی و ھەم بە شێوازی تر سهرههڵدهداتهوه. راستییهكی حاشاههڵنهگره كه بهبێ پشتیوانی ئهمریكا جهنگی سەربازییانە دژ بە داعش نهدهبرایهوه، بهڵام لهوهش راستتر ئهوهیه كه بهبێ پشتیوانی رۆژاڤا و گهلانی سوریا و عێراق و ههرێمی كوردستان، بهتهنها ئەم شهڕە نهدهكرا و داعش تائێستاش خاوەن خەلافەتە تۆقێنەرەکەی خۆی بوو. لە ئێستاشدا بەھیچ مانایەک ھێزەکانی رۆژئاڤا مورتهزهقهی سهربازیی ئهمریكا و هیج دهوڵهتێكی زلهێزی تر نین، كه به پاره و چهك شهڕیان پێبكەن، بهڵكو بكهرێكی سیاسیی گرنگن و شایستهی پشتیوانیی و بەرگریلێکردنن. ئەم ھێزانە لەناو ئەو گێژاوە گەورەیەی سوریادا و له ڕێگای حوكمڕانییهكی خۆجێییهوه ژیانێكی نوێیان بۆ دانیشتوانە فرەڕەنگەکەی خۆیان و نهوهكانی داهاتوویان بنیاتناوە. بڕیاردانی سهرۆكی ئهمریكاش بۆ كشانهوهی هێزهكانی لهسهر سنوور، مانای بێلایهنیی نییه، بهڵكو مانای دهستههڵگرتنه له بهرپرسیارێتی نێونهتهوهیی بۆ پاراستنی ئاساییش و ئارامیی و پێكهوهژیان لە خۆرههڵاتی ناوهڕاستدا. وەک چۆن مانای بەشداربوونیشە لەو پەلامارەدا کە سوپاکەی ئەردۆگان بەتەمایە بەدیارچاوی دونیاوە ئەنجامیبدات. ئێمه بڕوای تهواوهتیمان بهوهیه كه ئاسایش لەم ناوچهیەدا به لەشکرکێشی و جهنگی تر و توندتوتیژیی زیاتر بهرههمنایهت، بهڵكو به ڕێگرتن و بهرگرتن له ههموو كردهیهكی دوژمنكارانه و جهنگاوهرانهی ناسیۆنالیستیی و ڕادیکالیزمی دینیی و بەڕێگرتن لە ھەر خەونێکی ئیمپراتۆریانە، بهرقهراردهبێت. بێدەنگی ئیدارهی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی و نەتەوە یەکگرتوەکانیش، لە دەستدرێژی سهربازییانەی تورکیا بۆسەر رۆژاڤا، تهنها مانای دروستكردنی پشێوی و نائارامیی و وێرانكاریی و كوشتار و ئاوارهبوونی ههزاران خهڵكی مهدهنیی ناگهیهنێت، بهڵكو مانای لهدهستدانی ههموو متمانهیهكیشه لای گهلانی ناوچهكه بهو لانیکەمی ھاریکاریی و بەدەمەوەچوونە نێودەوڵەتییەی، کە بکەرە سەرەکییەکانی لە ئێستادا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیی و نەتەوە یەکگرتوەکانە. بەمەش دەگەڕێینەوە بۆ ڕۆژگاری سەروەری یاساکانی جەنگەڵ و دەستدرتێژی بەردەوامی بەھێز بۆسەر لاواز. لەم ڕوانگەیەوە داوا له ڕای گشتیی جیهانیی و دهوڵهتانی خۆرئاوا و ئیدارهی سیاسیی ئهمریكا و نهتهوه یهكگرتووهكان دهكهین ههرچی زووه لە خەمی ڕێگریکردن بن له سیاسهتی عهسكهرتاییانهی ئهردۆگاندا و نەھێڵن خەونە سوڵتانییهكانی ئەم سهرۆكه ئەوتۆریتێرە بچێتەسەر و ببێته دێوهزمەیەکی تازە بۆ گهلانی ناوچهكه. “ ناوەکان: 1- مەریوان وریا قانع مامۆستای زانکۆ 2- ئاراس فەتاح نوسەر 3- مەسعود عەبدولخالق توێژەر 4- رێبین ئەحمەد ھەردی نوسەر 5- جمال حسێن توێژەر 6- ئاسۆس ھەردی رۆژنامەنووس 7- ھیوا قادر شاعیر 8- ھیوا فایەق شانۆکار 9- خالید سلێمان رۆژنامەنووس 10- چۆمان ھەردی مامۆستای زانکۆ 11- کەمال رەئوف رۆژنامەنووس 12- ئارام سەعید نوسەر 13- کاوە محەمەد پەرلەمانتار 14- سەلاح رەشید وەزیری خانەنشین 15- عەبدولقادر سەعید نوسەرو شاعیر 16- ئیسماعیل قادر بازرگان 17- هاوژین عەلی نوسەر 18- کاوە شیخ عەبدوڵا رۆژنامەنووس 19- هیوا رەزا رۆژنامەنووس 20- وریا غەریب سینەماکار 21- ڕابەر ڕەشید رۆژنامەنووس 22- لە تیف فاتیح نوسەر 23- دانا عەسکەر رۆژنامەنووس 24- بورهان حاجی سلێمان نوسەر 25- مەلا فەرمان نوسەر 26- ئەحمەد عەزیز نوسەر 27- دیاری محەمەد رۆژنامەنووس 28- هێرش بەرزنجی رۆژنامەنووس 29- زانکۆ ئەحمەد رۆژنامەنووس 30- ئاسۆ جەبار رۆژنامەنووس 31- یەحیا بەرزنجی رۆژنامەنووس 32- بەڵین ساڵح رۆژنامەنووس 33- موفەق خالید مامۆستای زانکۆ 34- حیلمی رەسوڵ مامۆستای زانکۆ 35- خدر عەلی مامۆستا 36- لوقمان حاجی قادر وەرگێر 37- ئاکۆ عەبدوڵا نوسەر 38- محەمەد ئەمین عەلی مامۆستای زانکۆ 39- قادر محەمەد مامۆستای زانکۆ 40- بەکر شێخ سەلام پارێزەر 41- ئارام هادی رۆژنامەنووس 42- دڵشاد بابان مامۆستا 43- نەوزاد ساڵح میدیاکار 44- مەحمود البستانی شاعیر 45- خالید رەشید دەرهێنەر 46- جەواد فەیزوڵا سەرۆکی شارەوانی 47- کەنعان حاتەم شاعیر 48- بێوار عیماد ئەندازیار 49- جەمیل محەمەد مامۆستا 50- سمکۆ حسێن فەرمانبەر 51- خەیرەدین خالید ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا 52- خەلیل رەشید نوسەر 53- عیماد عەلی نوسەر 54- ئەیاد عەلی رۆژنامەنووس 55- محەمەد رەئوف رۆژنامەنووس 56- چیا عەباس نوسەر 57- نیاز عەبدوڵا رۆنامەنووس 58- هەندرێن شێخ راغب رۆژنامەنووس 59- هەڤاڵ عەبدوڵا مافپەروەر 60- گۆران جەلال پارێزەر 61- بێکەس قادر پارێزەر 62- نیشتمان کەمال چالاکی مەدەنی 63- رێباز مستفا نووسەر و وەرگێر 64- ئاکۆ ئاکۆیی نووسەرو شاعیر 65- هیوا سەید سەلیم رۆژنامەنووس 66- ئاورنگ محەمەد پزیشک 67- بێستون ژالەیی چالاکی مەدەنی 68- عەبدوڵا مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشوو 69- کەنێر عەبدوڵا نوسەر 70- رەحمان غەریب رۆژنامەنووس 71- بەرزان حەمەخورشید نوسەر 72- شوان حەمە رۆژنامەنووس 73- کەمال محەمەد نوسەر 74- ئەکرەم خالید عەبدولکەریم فەرمانبەر 75- شیرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری پێشوو 76- بروا رەسوڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ 77- خالید قادر محەمەد چالاکوان 78- شوان محەمەد رۆژنامەنووس 79- بەهمەن ئەحمەد تۆفیق مامۆستای زانکۆ 80- رەعد رەفعەت مامۆستای زانکۆ 81- فەرمان رەشاد رۆژنامەنووس 82- سەهل سابیر پزیشک 83- رزگار عەلی چالاکوان 84- کامەران خدر چالاکوان 85- پەریون عەزیز چالاکوان 86- مەجید ساڵح نوسەر 87- ستران عەبدوڵا رۆژنامەنووس 88- سەنگەر رەسوڵ توێژەر 89- هەنگاو هاشم رۆژنامەنووس 90- باری ساڵح چالاکوان 91- سامان رەشاد رۆژنامەنووس 92- ئاری ئازاد چالاکوان 93- شوان هەرکی رۆژنامەنووس 94- دڵێر محەمەد تاهیر شانۆکار 95- دڵشاد ئەنوەر رۆژنامەنووس 96- ئازاد عوسمان رۆژنامەنووس 97- عومەر عەبدولکەریم رۆژنامەنووس 98- ئاراز محەمەد رۆژنامەنووس 99- بەمۆ شێخانی رۆژنامەنووس 100- بێستون باجەلان رۆژنامەنووس 101- ئاری عوسمان پارێزەر 102- شاخەوان عەبدوڵا مامۆستای زانکۆ 103- خەبات رەشید مافپەروەر 104- رۆفان سەروەت چالاکوان 105- زانیار جەوهەر رۆژنامەنووس 106- سۆران عەلی چالاکوان 107- سەرهەنگ فەرەج پەرلەمانتاری پێشوو 108- محەمەد کیانی پزیشک 109- کامەران مەنتک مامۆستای زانکۆ 110- سەردار محەمەد رۆژنامەنووش 111- بەکر حەمە سدیق مامۆستای زانکۆ 112- پەیمان عیزەدین – پارلەمانتاری پێشوو 113- شادی نەوزاد- پارلەمانتاری کوردستان 114- رەوشەن ئەحمەد قاسم- رۆژنامەنوس 115- ئومید حەمە عەلی- پارلەمانتاری پێشوو 116- گەشە دارا – پارلەمانتاری خۆلی پێشوو 117- رازاو محەمەد فەرەج- پارلەمانتاری پێشوو 118- فریاد هیرانی- نوسەر و رۆژنامەنوس 119- حاکم فاروق جەمیل –وەزیری پێشوی داد لە حکومەتی هەرێم 120- خالید عەبدولکەریم -تویژەرو رۆژنامەنوس 121- رامان مەجید – پاریزەر 122- فەرهاد عەبدولرەحمان دۆسکی- چالاکوانی سیاسی 123- هاوژین مەلا ئەمین مامۆستای زانکۆ 124- شکراللە حەمە ئەمین چالاکوان 125- مانو بەرزنجی رۆژنامنووس 126- شیروان شیروانی رۆژنامەنووس 127- دانا رەوف. شانۆکار. 128- ئەنوەر رەشید عەولڵا، نووسەر 129- سەربەست نەبى مامۆستاى زانکۆ
(درەو میدیا): لە چەند تویتێكی نوێدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، چەند هەڵوێستێكی نوێی لەبارەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند. ترەمپ لە تویتێكدا نوسیویەتی:" پێدەچێت بمانەوێت لە سوریا بكشێینەوە، بەڵام لەهیچ حاڵێكدا دەست لە كوردەكان بەرنادەین، ئەوان گەلێكی تایبەتن و جەنگاوەری ئازان. بەھەمانشێوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا كە ئەندامێكی ناتۆ و ھاوبەشێكی بازرگانیمانە زۆر باشە. توركیا خەڵكێكی زۆر كوردی ھەیە". لە تویتێكی تردا دەڵێ:" ئێمە تەنیا (50) سەربازمان هەبوو لەو بەشەی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، كشێنراونەتەوە، هەر جەنگێكی پێویست یان ناپێویست لەلایەن توركیاوە، وێرانكەر دەبێت بۆ ئابوری و دراوە لاوازەكەیان. ئێمە لەرووی دارایی/ چەكەوە یارمەتی كوردەكان دەدەین". قسەكانی ترەمپ لەبارەی كوردەوە دوای ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانە هات كە لەلایەن ناوەندە جیاوازەكانی ئەمریكاوە ئاڕاستەی سەرۆكی وڵات كرا سەبارەت بە پشتكردنی لە كورد وەكو هاوپەیمانێكی سەرەكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
درەو میدیا: لە ساڵی 2016وە ئەمە سێیەمجارە توركیا هێرش دەكات بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەو ناوچە سنورییەی كە ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە سەرۆكایەتی شەڕڤانانی كورد درێژییەكەی 480 كیلۆمەترە، پلانی توركیا بۆ ئێستا كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان شاری سەرێكانی و گرێ سپی- یە كە درێژییەكەی 100 كیلۆمەترە. 🔷 لە ساڵی 2016وە ئەمە سێیەمجارە توركیا هێرش دەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان و لە باكورەوە دەچێتە ناو سنوری خاكی سوریا بەمەبەستی لاوازكردنی دەسەڵاتدارێتی كوردی لەو ناوچانە. 🔷 توركیا لەم هێرشانەدا دوو ئامانجی سەرەكی هەیە. یەكەم: دورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سنورەكانی توركیا كە ئەنكەرە وەكو درێژكراوەی پەكەكە تەماشایان دەكات. دووەم: دروستكردنی "ناوچەیەكی ئارام" لە باكوری سوریا كە بتوانێت نزیكەی (دوو ملیۆن) ئاوارەی سوریای تێدا جێگیربكرێت كە ئێستا لەناو توركیادا دەژین. 🔷 ئەوروپا و ئەمریكا دژی پلانەكەی توركیان بو دروستكردنی ناوچەی ئارام، چونكە پێیانوایە ئەنكەرە دەیەوێت ئاوارەی عەرەبی سوننە لەو ناوچەیە جێگیربكات، ئەمەش مەترسی تێكدانی دیمۆگرافیای دانیشتوان لە ناوچەكە دروستدەكات. 🔷 كورد لە رۆژئاوای كوردستان دیارترین هێزبوو لەسەر ئاستی سوریا كە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد لەشەڕی "داعش" و ئازایەتی و گیانبەخشی ئەوان جێگای ستایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، بەوهۆیەوە ئیدارەی (یەك لەسەر چوار)ی كۆی گشتی خاكی سوریا كەوتەژێر كۆنترۆڵی كورد، بەڵام تائێستا كورد لە رۆژئاوا تەنیا داوای "خۆبەڕێوەبەرێتی"ی كردووە نەك "سەربەخۆیی" و جیابوونەوە. 🔷 ساڵی رابردوو كاتێك رۆژئاوای كوردستان كەوتە بەردەم مەترسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان پەنایان بۆ حكومەتی ناوەندی سوریا برد لە دیمەشق تاوەكو لە هێرشی توركیا بیانپارێزێت، ئەوكات دانوستانەكان هیچ بەرهەمێكیان نەبوو، بەڵام بۆ ئێستا گەڕانەوە بۆ دیمەشق جارێكی تر بژاردەیەكی كراوەیە لەبەردەم كورددا. 🔷 ئەو ناوچە سنورییەی كە ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە سەرۆكایەتی شەڕڤانانی كورد درێژییەكەی 480 كیلۆمەترەو لە روباری فوراتەوە لە خۆرئاواوە دەستپێدەكات تاوەكو سنوری عێراق لە ۆرهەڵات. 🔷 پلانی توركیا بۆ ئێستا كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان شاری سەرێكانی و گرێ سپی- یە كە درێژییەكەی 100 كیلۆمەترە، ئێستا هێزەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە كشاونەتەوە، بەڵام توركیا هێشتا بەفەرمی كات و ئامانجی هێرشەكەی دیارینەكردووە. 🔷 كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەرفەتی ئەوە بە روسیا دەدات یارمەتی سەربازی زیاتری سوپای سوریا بدات تاوەكو ناوچەیەكی زیاتری وڵات بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی بەشار ئەسەد، ئەمە رەنگە كاریگەری هەبێت لەسەر دۆخی رۆژئاوای كوردستان لە داهاتوودا. 🔷 لەدوای كۆتایهاتنی یەكجارەكی داعش لە ناوچەكە، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوام لەشەڕدابووە بۆ لێدانی شانە نوستووەكانی داعش لە ناوچەكە، هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا جارێكی تر دەرفەتی هەستانەوە بە داعش دەدات لە سوریا. 🔷 لەدوای دەركردنی چەكدارانی داعشەوە كورد لە ناوچەكانی ژێر دەسڵاتی خۆی ئیدارەی خۆجێیی دروستكردووە، ئێستا زیاتر لە (5 هەزار) دەستگیركراوی داعش لەو ناوچانە لە گرتوخانەكاندان، هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان مەترسی هەڵاتنی ئەو زیندانییانە دروستدەكات.
(درەو میدیا): مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن لەسەر ئەوەی" جگە لە رێگەی دەستور بە هیچ رێگەیەكی تر رازی نابن بۆ گۆڕانكاری و هەر گۆڕانكارییەك لە گۆڕانێك لە دەرەوەی ئەو چوارچێوانە قەبوولكراو نییە" بارزانی عەلاوی پشتیوانی خۆیان بۆ عەبدولمەهدی راگەیاند" پاڵپشتیی تەواوی حكوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی بەڕێز دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دەكەین و داوایش دەكەین هەوڵی تەواو بدات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و كۆنتڕۆڵی بارودۆخ و سزادانی گەندەڵكاران و هەروەها ئەوانەی بوونەتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی بێ تاوان" دوای کۆبونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە ئەمە دەقەکەیەتی: لە كۆبوونەوەكەدا بە دوورودرێژی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتە هەنووكەییەكان و ڕووداو و گرژییەكانی ئەم دواییەی بەغدا و چەند پارێزگای تری عێراق تاوتوێ كرا و لەسەر ئەم خاڵانە ڕێك كەوتن: یەكەم: جگە لە ڕێگەی دەستووری و بە پێی پڕۆسە و میكانیزمە دیموكراتییەكان نابێ هیچ ڕێگەیەكی تر بۆ گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسی هەبێت و، هەر جۆرە گۆڕانێك لە دەرەوەی ئەو چوارچێوانە قەبوولكراو نییە. دووەم: پاڵپشتیی تەواوی حكوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی بەڕێز دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دەكەین و داوایش دەكەین هەوڵی تەواو بدات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و كۆنتڕۆڵی بارودۆخ و سزادانی گەندەڵكاران و هەروەها ئەوانەی بوونەتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی بێ تاوان. سێیەم: داوا دەكەین پارێزگاری لە سەلامەتی و كەرامەتی گەلی عێراق و هاووڵاتیان بكرێت لە هەموو پێكهاتە و چینوتوێژەكان و، لە هەموو بوارە پێویستەكاندا هەماهەنگیی تەواو لەنێوانماندا دەبێت. چوارەم: سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوانە و زوڵملێكراوان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین و داوایش لە حكوومەتی عێراقی دەكەین بایەخی تەواو بە قوربانی و برینداران و قەرەبوكردنەوەیان بدات.
درەو میدیا: "كوردەكان شانبەشانی ئێمە شەڕیان دەكرد، بەڵام ئێمەش پارە و چەكی زۆرمان پێدان، كاتی ئەوە هاتوە لەم جەنگە بێماناو بێ كۆتاییە بێینە دەرەوە، زۆربەی شەڕەكانی ئەو ناوچەیە شەڕی خێڵەكین" ئەمە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە كە لەزنجیرەیەك تویتدا هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا راگەیاند. ترەمپ لە تویتێكدا كۆتایی بەهاوكارییەكانی كورد هێنا لە رۆژئاوای كوردستان و ئاماژەی بەوەكردووە" كورد شەڕی لەگەڵ ئێمە كرد، بەڵام ئێمە پارەیەكی زۆرماندا و پێویستییەكانمان دابینكردن. ئەوان بۆ چەندین دەیە شەڕی توركیا دەكەن. من ئەم شەڕەم بۆ ماوەی سێ ساڵ راگرت" ترەمپ كۆتایی بەشەڕی ئەمریكا لە سوریا هێناو رایگەیاندووە"كاتی ئەوە هاتوە لەم جەنگە گاڵتەجاڕی و بێكۆتاییە بێینە دەرەوە، زۆربەی شەڕەكانی ئەو ناوچەیە شەڕی خێڵەكین، بۆیە پێویستە سەربازەكانمان بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەكەمان، ئێمە شەڕێك دەكەین كە دەستكەوتی خۆمانی تێدا بێت و تەنها شەڕێكیش دەكەین كە بیبەینەوە". سەبارەت بە دەستگیركراوانی داعشیش ترەمپ ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە ئیدی لەو شەڕەوە دوورین و زیندانییەكانی داعشیش چی لێدەكەن با لێی بكەن، وڵاتانی دراوسێی ناوچەكەش خۆیان شەڕی داعش بكەن نەك ئێمە".
درەو میدیا: كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا كشانەوەی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت "توركیا بەمزووانە دەست بە ئۆپەراسیۆنی ماوە درێژی خۆی دەكات لە باكووری سووریا، بەڵام ئەمەریكا بەشداری و پاڵپشتی لەو ئۆپەراسیۆنە ناكات و لەناوچەكە دەكشێتەوە". ئەو راگەیەنراوەی كۆشكی سپی لەداوی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاهات كە شەوی رابردوو ئەنجامیاندا" ئەمریكا خەلافەتی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند. بەڵام چیدیكە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت كە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامدەدرێت" سەبارەت بە چارەنووسی چەكدارانی داعش كۆشكی سپی راشیگەریاند "ئەمەریكا زۆر فشاری خستە سەر ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بۆ ئەوەی چەكدارە داعشە دەستگیركراوەكانیان و خێزانەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون، بۆیە ئەمەریكا چیدیكە ناچار نییە خەرجی ئەو چەكدارانە بكات و لەمەودوا توركیا بەرپرسی یەكەم دەبێت لە لەخۆگرتنی تەواوی ئەو چەكدارانە". لەبەرامبەریشدا ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ئاماژەیان بەوەكردووە : دەستپێكردنی ھەر شەڕێك لەلایەن توركیاوە رێگە لەبەردە سەرھەڵدانەوەی داعش دەكاتەوە" لە راگەیەنراوێكدا هەسەدە ئاماژەی بەوە كردووە" 11 ھەزار شەھیدیان لە شەری دژی داعش داوە و توانیویانە خەلافەتی داعش لەنێو ببەن و دۆخێكی ئارام لە ناوچەكە بەدیبھێنن" دەشڵێن " ئەوان پابەندی تەواوی خاڵەكانی رێككەوتنی میكانزمی ئارام بوون و ھێزەكانیان و چەكەكانیان لە ناوچە سنوورییەكان كشاندووەتەوە، ھەروەھا تەواوی سەنگەرەكانیان لەناوبردون و ئەوەش دۆخی ئێستای ھێزەكەی خستووەتە مەترسییەوە"
درەو میدیا: "ئێمە بەوە ڕازی نابین سەرۆكی حكومەت بەس لە دهۆك و هەولێر دەسەڵاتی هەبێت وە جێگری سەرۆكی حكومەتیش بەتەنها لە سلێمانی و هەڵەبجە دەسەڵاتی هەبێت كوردستان یەك حكومەت و یەك كابینە و یەك پەرلەمانی هەیە" ئەمە وتەی كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتیە. كاكەمین نەجار بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" " ئەگەر قوباد تاڵەبانی نیگەران بێت ئەوا ئێمە دانیشتن لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكەین تا بزانین لەكوێ "خەلەل" هەیە چارەسەری دەكەین هیچ "خەلەلێك" ناهێڵینەوە بەبێ چارەسەركردن وە ئێمە و یەكێتی-ش لەو حكومەتە تەواوكەری یەكترین پێكەوە حكومەت بەڕێوەدەبەین لەگەڵ گۆڕان و لایەنەكانی تر ئەوانەی بەشدارن لە حكومەت، هیچ نیگەرانیەك نابێت." ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی باس لەوە دەكات " هیچ ڕێگریەك لە كاك قوباد و وەزیرەكان نەكراوە بەڵام وەك دەزانرێت حكومەت یاسا و ڕێسای خۆی هەیە بۆ كاركردن، دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جیاوازە وە دەسەڵاتی جێگرەكەش جیاوازە، ئەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی یاسا كاك قوباد وەك جێگری سەرۆكی حكومەت هەیەتی هیچ ڕێگریەك نیە بۆ ئەنجامدانی دەسەڵاتەكانی خۆی بەپێچەوانەوە هاوكاری تەواویشی دەكەین بەڵام بەپێی ئەو یاسایەی كە لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە، دەسەڵاتەكان دیاریكراون ئەوەی لەیاسا بەدەر بێت ئەوە شتێكی ترە ئەوەی یاسایی بێت پارتی پابەندە بە هەموو دەسەڵاتەكانی "كاك قوباد"ەوە."
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف نزیكەی مانگێكە وەكو جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومیان بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا شوێنی كاركردنو دەسەڵاتەكانیان دیارنییەو لە دیدارە سیاسییەكاندا لە تەنیشت سەرۆكی هەرێمەوە دەرناكەون، كۆسرەت رەسوڵ 12 ساڵ جێگری مەسعود بارزانی بوو، بەڵام لە سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری رەش دەرنەكەوت، ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟ هاتنەخوارەوەی لە سەری رەش نزیكەی چوار مانگە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام هێشتا بینای نوێی سەرۆكایەتی هەرێم دیارنییە. لەدوای دروستكردنی دامەزراوەكەوە لە ساڵی 2005، بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەری رەش بووە، مەسعود بارزانی كە 12 ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو، دوای وازهێنانی لە پۆستەكەی، بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی برازای نەكرد. نێچیرڤان بارزانی كە دووەم سەرۆكە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، دوای (14) ساڵ دەیەوێت بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لەسەری رەش بهێنێتە خوارەوەو لەناو شاری هەولێر جێگیری بكات. سەرۆكێكی بێ بارەگا بەر لە سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كاركردن بۆ ئامادەكردنی بارەگایەك بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دەستیپێكرد. لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لابرد، نێچیرڤان بارزانی كە خۆی ئەندازیاری دروستكردنی ئەو وەزارەتە بوو، ئێستا دەیەوێت بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكات بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەر لە سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، تیمێك دەستیانكردووە بە ئامادەكردنو نۆژەنكردنەوەی بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە دەكەوێتە سەر شەقامی (40 مەتری) بەرامبەر كونسوڵخانەی توركیا، بەڵام دوای چوار مانگ هێشتا سەرۆك بێ بارەگایە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی بینای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت شتێكی جیاوازو سەرەنجڕاكێش بكرێت، نێچیرڤان بارزانی بە سروشتی خۆی وا ناسراوە حەزی لە خۆشگوزەرانیو بایەخدانە بە پرۆتۆكۆڵ. تائێستا نازانرێت بڕی چەندێك پارە لە ئامادەكردنی بارەگا بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بە خەرجدراوەو لە داهاتوودا چەندی تری تێدا خەرجدەكرێت. جێگری بێ جێگە ! دوای نزیكەی دوو مانگ چاوەڕوانی، دواجار رۆژی (8)ی ئەیلول نێچیرڤان بارزانی مەرسومی دەستبەكاربوونی بۆ هەردوو جێگرەكەی (جەعفەر شێخ مستەفا- مستەفا سەید قادر) دەركرد. بەڵام دوای نزیكەی مانگێك لە دەستبەكاربوونیان، تائێستا نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێمی دیارینەكردووە، سەرباری ئەمە سەرۆك و جێگرەكانی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمییان نەكردووە. جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم تەنیا كێشەی دەسەڵاتیان نییە، بەڵكو كێشەی شوێن و جێگاشیان هەیە، لەدوای دەستبەكاربونیانەوە بە فەرمی تائێستا یەكجار بەفەرمی لەبەردەم میدیاكاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا دەركەوتوون، ئەوەش لەسەردانەكەی ئەمدواییەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقدا بوو بۆ شاری هەولێر. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری پەیوەندی بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمەوە كرد، ئەو ئامادە نەبوو لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكات، تەنیا وتی:" بۆ ئەو بابەتانە بڕۆن پرسیار لە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بكەن". (درەو میدیا) پەیوەندی بە مستەفا سەید قادر جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێمەوە كرد، بەبەهانەی ئەوەی لەناو ئۆتۆمبیلدایە وەڵامی پرسیارەكانی نەدایەوە، لەكاتێكی تردا پەیوەندی پێوەكرایەوە، وەڵامی تەلەفۆنەكەی نەدایەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی زۆربەی كاتەكانی لە دەرەوەی وڵات بەسەر دەبات، بەر لە پشووی جەژنی قوربان سەرۆكی هەرێم بۆ ماوەی مانگێك لە دەرەوەی وڵات بوو، نە سەرۆكایەتی هەرێمو نە میدیاكانی پارتی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی گەشتەكەی سەرۆكی هەرێم بڵاونەكردەوە، ئەوكات سەرچاوەیەكی نزیك سەرۆكایەتی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی بە گەشتێكی خێزانی چوەتە دەرەوەی وڵات. هەندێك سەرچاوەی سیاسی باڵا كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردوون، لەبارەی ئامادەنەبوونی بینای سەرۆكایەتی هەرێمەوە باسیان لە بوونی ناكۆكی كرد لەناو بنەماڵەی بارزانی كرد، بەڵام ئامادەنەبوون وردەكاری بابەتەكە باس بكەن. ئێستا بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە میدیاكانی پارتیدا زیاتر مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك رۆڵ دەگێڕێت، تەنانەت هێشتا میدیاو بەرپرسانی پارتی دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ بارزانی بەكاردەهێنن، دیدارە سیاسییەكانی مەسعود بارزانی لە نێچیرڤان بارزانی زیاترەو "بارەگای بارزانی" بە تەواوەتی شوێنپێی بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لەقكردووە، كە لە هەمان بینای سەرۆكایەتی هەرێمدایە لە سەری رەش. مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟ ساڵی 2005 كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دروستكرا، بەپێی یاسا سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لە ساڵی 2005وە بۆ ساڵی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی هەرێم بوو. لەماوەی 12 ساڵدا كە جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، كۆسرەت رەسوڵ لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری رەش دەرنەكەوت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لەناو بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم شوێنێكی بچوك بۆ جێگری سەرۆك دیاریكراوە، بۆیە كۆسرەت رەسوڵ لەو شوێنە دەوامی نەكردووەو خانوەكەی خۆی لە شاری هەولێر كردووە بە بارەگای جێگری سەرۆكی هەرێم، ئەمە سەرباری ئەوەی لەو ماوەیەدا زۆربەی كات پارتیو یەكێتی ناكۆكیان هەبووە لەنێوانیانو كاریگەری لەسەر كاركردنی كۆسرەت رەسوڵ هەبووە وەكو جێگری سەرۆكی هەرێم. ساڵی 2013 لەسەروبەندی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی بەمەبەستی بەشداریكردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەو شاری هەولێر بەڕێكەوت، بەڵام هێزێكی سەربە پارتی رێگری لێكرد بچێتەناو هەولێرەوە، ئەوە لەكاتێكدا بوو كۆسرەت رەسوڵ سەرباری پۆستە حزبییەكەی پۆستێكی حكومی هەبوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، واتە جێگری مەسعود بارزانی بوو. ئەمساڵ كاتێك بڕیاردرا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نوێبكرێتەوە، یاساكەی بەجۆرێك هەمواركرا كە سەرۆك دوو جێگری هەبێت، واتە جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم زیادكرا، كۆسرەت رەسوڵ 12 ساڵ جێگربوو بەڵام جێگەو بارەگای تایبەتی نەبوو، جەعفەر شێخ مستەقاو مستەفای سەید قادر نزیكەی مانگێكە جێگرنو بارەگایان نییە، دیارنییە ئاخۆ مێژووی خۆی دوبارە دەكاتەوە ؟ رێگایەكی سەخت مستەفا سەید قادرو جەعفەر شێخ مستەفا بۆ ئەوەی بگەن بە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رێگایەكی سەختو دژواریان بڕی، حزبەكانیان واتە یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەی نزیكەی (8) مانگ لە گفتوگۆی چڕدابوون لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. سەرەتای دانوستانەكان، بزوتنەوەی كردبووی بە مەرج لەسەر پارتی كە دەبێت سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێتو جێگرەكەشی لای گۆڕان بێت، لەبەرامبەردا یەكێتی داوای دەكرد دەبێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتو جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو بدرێت بە یەكێتی، دواجار پارتی پێشنیازەكەی یەكێتی قبوڵكرد. یەكێتی سەرباری ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆستێكی جێگری پێدرا، ئەمە لەكاتێكدابوو پێشتر سەركردایەتی پارتی بڕیاریدابوو ئەگەر یەكێتی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، لە سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكی پێنەدرێت. بزوتنەوەی گۆڕانیش كە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەرۆكایەتی حكومەت هیچ پۆستێكی جێگری پێنەدرا، تاكە ئومێدی سەرۆكایەتی هەرێم بوو، بەڵام لەوێش پێگەی لاوازكراو جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادكرا.
درەو میدیا: " لیستەكەی ئێمە دەبێتە لیستی كەركوكیەكان، چونكە تەنها لیستی كورد نابێت، لیستی كوردو عەرەبی رەسەن و نوێنەری راستەقینەی توركمانیشی تێدا دەبێت" ئەمە وتەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوكە . نەجمەدین كەریم كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەڵێ لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك درووست دەكەین و راشیدەگەیەنین، هیوادارین خەڵكی تریش بێت لەگەڵمان ئەوانەی كە بەتەنهان، لایەنی تر هەن كە لە هیچ لیستێكدا نین و ماونەتەوە" پارێزگاری پێشووی كەركوك جەخت دەكاتەوە" هەمیشە وتومانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتوو بێت، هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەبێت بە ئازادی بچێت دەنگی خۆی بدات، دەبێت چەند گۆڕانكاریەك هەبێت لە كەركوك، ئەوەی لەهەمووی گرنگترە ئەوەیە ئەو مادەیەی پەیوەستە بە یاسای هەڵبژاردنەكانەوە، پێویستە ئەو مادەیە بگۆڕدرێت، چونكە ئەو مادەیە، دەیەها جار خەڵك بێبەش دەكات كە دەنگ بدەن، ئەو كەسانەی ئاوارەن رێگرییان لێدەكات دەنگ بدەن، ئەو دەنگدەرانە لە 30% بۆ 35%ی دەنگی دەنگدەرانە لە كەركوك، ئەگەر ئەو مادەیە نەگۆڕدرێت كورد دەنگەكەی بەو شێوەیە نابێت، ئەوەش زیانێكی زۆر لە دەنگی كورد دەكات، كە بەم یاسایە زیاد لە (80 هەزار) كەس بێبەش دەكەن لە دەنگدان"
درەو میدیا: ئاساییشی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتباری كوشتنی پێنج ئەندامی خێزانێكی نزیك هەولێر راگەیاند، كە تۆمەتبارەكە دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانەی بە گولە كوشتووە، خێزانەكە كوردی رۆژئاوای كوردستانن و نیشتەجێی گوندی پیرڕەشی شاری هەولێر بوون. ناوی ئهندامانی خێزانهكه: بهسام حسێن مشۆ، باوك سۆلین نهزیر، دایك حسێن بهسام مشۆ، 13 ساڵ رۆشكا بهسام مشۆ، 10 ساڵ محهمهد بهسام مشۆ، 5 ساڵ. دەقی راگەیێندراوەکەی بهڕێوهبهرایهتیی ئاسایشی ههولێر رێککهوتی 3-10-2019 له نزیک گوندی (پیرڕهش)ی شاری ههولێر، تهرمی ژن و پیاوێک و سێ منداڵ، لهلایهن تیمهکانی بهڕێوهبهرایهتیی ئاسایشمانهوه دۆزراونهوه که به گولله کوژرابوون. دوای لێکۆڵینهوه و کۆکردنهوهی "بهڵگهی تاوان" لهلایهن تیمه تایبهتهکانی بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر، توانرا تاوانبارهکه دهستیشان بکرێت و له ماوهیهکی کهمدا دهستگیربکرێت. بهپێی لێکۆڵینهوه سهرهتاییهکان و دانپێدانانی تاوانباری دهستگیرکراو (فەریدوون کەریم رەمەزان) ئێوارهی 2-10-2019 ههستاوه به کوشتنی تهواوی ئهندامانی خێزانێکی پێنچ کهسی، که پێکهاتوون له باوک و دایکێک و سێ له منداڵهکانیان، که ئهم خێزانه کوردی رۆژئاوای کوردستان و نیشتهجێی گوندی پیرڕهشی شاری ههولێر بوون. تاوانبار (فەریدوون کەریم رەمەزان) سهرهتا سهرۆکی خێزانهکه بهناوی (بەسام حسێن رسوول)ی به گولله کوشتووه، دواتر هاوژینهکهی بهناوی (سوالین محەممەد نەزیر) ئینجا ههر سێ منداڵهکانیان بهناوهکانی ( حسێن 11 ساڵ، روشکا 7 ساڵ و محەممەد 5 ساڵ). لێکۆڵینهوهکان لهم تاوانه بهردهوامه و له ئایندهیهکی نزیکدا، بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر، زانیاری زیاتر دهخاتهڕوو. بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ههولێر 4-10-2019
درەو میدیا: مەحمود سەنگاوی هەواڵێكی (درەو میدیا) پشتڕاست دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت :دوو ڕۆژ پێش گێڕانەوەی من كاك مەسعود بارزانی بە بەرهەم ساڵحی ووتبوو: من پیاوێكی بچووكم ئیشی گەورەم پێ ناكرێت". رۆژی 21/9/2019 ( درەو میدیا) ناوەڕۆكی كۆبونەویەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و و بەرهەم ساڵح سەرۆك كماری عێراقی بڵاوكردەوە، كە بەرهەم ساڵح بە بارزانی وتبو: ئێوە پیاوێكی گەورەن ئەتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام بارزانی بە توانجەوە بە بەرهەم ساڵحی وتبوو: من گەورە نیم و پیاوێكی بچوكم "، لەبەرامبەردا نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق رونكردنەوەیەكی هەواڵەكەی (درەو میدیا)ی بە چەواشەكارو ناڕاست ناوبرد. ئەمڕۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوتەیەكیدا كە لە یادی كۆچی دووساڵەی مام جەلال پێشكەشیكرد، ئاماژەی بەوەكردووە" من رەخنەم لە كاك مەسعود گرتووە، پێم وابووە كاك مەسعود لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال و كاك نەوشیروان ئەبوایە رابەرایەتی كوردی بكردایە، بەڵام رەنگە رەخنەكەم بە زمانێكی زبر بوبێت، ئەوە رەخنەیە ئەتوانم بە زمانێكی نەرم بیگرم ئەتوانم بە زمانێكی زبر بیگرم" سەنگاوی ئاماژە بەوەدەكات " كاك مەسعود دوو رۆژ پێش ئەوەی لە زاڵگەی سماقولی من بگێڕنەوە، بە كاك بەرهەم پێی وتبوو تۆ پیاوێكی گەورەی هەقوایە هەموو كێشەكان چارەسەر بكەیت، لەسەر دەستی جەنابیت چارەسەر دەبێت تۆ پیاوێكی گەروەیت،كاك مەسعود رەخنەكانی منی هەر لەبیر بوو بە كاك بەرهەمی وتبوو " من پیاوێكی بچووكم، پیاوی بچوك ئیشی گەورەی پێ ناكرێت ".بەداخەوە كاك مەسعود ئاوا بیر دەكاتەوە، بەداخەوە ئەوە منم كە گێرامیانەوە رەنگە كەسێكی تربوایە، من ئەورۆژە زۆر لەسەر خۆبووم ئەگەر كەسێكی تر بوایە شەڕ هەڵبگیرسایە رەنگە شەڕی ناوخۆ درووست بوایە، رەنگە من بكوژرامایە كوشتنی من زۆر ئاسانە، بەڵام لەدوای من رەنگە دەیان لاوی تر شەهید بوایە لەسەر ئەو مەسەلەیە"