ئۆپەراسیۆنەكەی ئەردۆغان چۆن كۆتایی دێت؟ 

Draw Media

2019-10-09 19:51:19




درەو میدیا:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بەناوی ئاشتی" كانی ئاشتی" یەوە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان  دەستپێكرد، ئۆپەراسیۆنێك لەناو ململانێی ناوخۆیی توركیا و شەڕی گەرمی زلهێزەكان و دژایەتی زۆری وڵاتانی دونیا لە كوێدا و چۆن كۆتایی دێت؟ 

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا 
داوی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا" كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە رۆژئاوای كوردستان" راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد" ئەمریكا خەلافەتی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند، بەڵام چیدیكە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت و توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی تێدا ئەنجامدەدات" 
گۆڕینی هەڵوێستی لەناكاوی ترەمپ بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان، بەربەستەكانی بەردەم ئەردۆغانی كۆتایی پێهێنا، كە ئامانجی چەند ساڵەی بوو هێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان ئەویش بە ئامانجی:.
یەكەم: دورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سنورەكانی توركیا كە ئەنكەرە وەكو درێژكراوەی پەكەكە تەماشایان دەكات.
 دووەم: دروستكردنی "ناوچەیەكی ئارام" لە باكوری سوریا كە بتوانێت نزیكەی (دوو ملیۆن) ئاوارەی سوریای تێدا جێگیربكرێت كە ئێستا لەناو توركیادا دەژین.
ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا و سنوری توركیا، كە یەكێكە لە پلانەكانی ئەردۆغان:.
🔷 پلانی توركیا بۆ ئێستا كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان شاری سەرێكانی و گرێ سپی- یە كە درێژییەكەی 100 كیلۆمەترە، ئێستا هێزەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە كشاونەتەوە0
🔷 ئەو ناوچە سنورییەی كە ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە سەرۆكایەتی شەڕڤانانی كورد درێژییەكەی 480 كیلۆمەترەو لە روباری فوراتەوە لە خۆرئاواوە دەستپێدەكات تاوەكو سنوری عێراق لە رۆژهەڵات.   
ئەگەر ئامانجی ئەردۆغان لە ئۆپەراسیۆنی ( كانی ئاشتی) بۆ دورخستنەوەی دەستی " تیرۆرستان و پشتێنەی ئەمنی "بێت بەششێكیشی لەم كاتەدا بۆ دوورخستنەوەی تەركیزی هاوڵاتیانی توركیا لەسەر ناكۆكی و مللامنێكانی ناو پارتەكەی( ئەكەپە) كە بەشێك لەسەركردە دیارەكانی ئەو پارتە جیابونەوەی خۆیان راگەیاندووە، لەلایەكی تر شاردنەوەی بەشێك لەو شكستەی پارتەكەی بێت كە لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بەریكەوت، بەتایبەت لەدەستدانی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ كە ماوەی نزیكەی 20 ساڵ بەدەست پارتەكەیەوە بوو.  

رۆژئاوای كوردستان ناكۆكەكان كۆدەكاتەوە
ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان زۆرترین نەیاری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ درووست بووە، تەنانەت وڵاتە ناكۆكەكانی جیهان هەڵوێستیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا یەكە.
🔷 كۆشكی سپی ئەمریكا لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا راگەیاند"  بە روونی بە توركیایان گوتووە بیرۆكەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەیان خراپە و ئەوان پاڵپشتی ئەو هێرشە ناكەن.
 🔷 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران  لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە هاوتا توركییەكەی راگەیاند" ئێران هێرشی سەربازی توركیا بۆسەر باكوری سوریا وەكو پێشێلكردنی سەروەری خاكی سوریا تەماشا دەكات و دژی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە. 
🔷 جان كلۆد یۆنكەر، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە توركیا كرد، دان بەخۆیدا بگرێت و كردە سەربازییەكەی لە باكووری سووریا بوەستێنێت.
🔷  هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە توندی هێرشی توركیای بۆ سەر باكووری سووریا ئیدانەكردو رایگەیاند "ئەو كردە سەربازییەی توركیا گرژییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە مەترسی و یارمەتی دووبارە گەڕانەوە و چالاكبوونەوەی داعش دەدات".
🔷 سكرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، كردەوە سەربازییەكانی توركیا ئارامی ناوچەكە تێكدەدات و پێویستە ئەو هێرشانە رابگرێت
🔷   فرەنسا و بریتانیا دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا راگەیاند و  داوای دانیشتنێكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكانیان كرد. 
🔷 هەریەك لە میسر و سعودیەو كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر باكوری سوریا راگەیاند.
پێناچێت لە ناو ئەو هەموو ناكۆكی و ناڕەزاییەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەردۆغان بتوانێت لە ئۆپەراسیۆنەكەیدا سەركەوتوو بێت" ئەگەرچی لە ئێستادا ئەردۆغان كارتی گەورەی بەدەستەوەیە بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكە"، بە پێچەوانەی گرتنی عەفرین ناڕەزاییەكان لەسەر ئاستی جیهان خەرێكە گەڵاڵە بوونی هەڵوێستێكی یەكگرتووی لێدەكەوێتەوە، كە رەنگە دواجار بە زیانی ئەردۆغان كۆتایی بێت، چونكە بێدەنگ بون لەئاست ئەو سەرەڕۆییانەی ئەردۆغان تەنها مەترسی بەسەربازی بونی دەسەڵاتی  توركیاو درووستبوونی دیكتاتۆرێكی لە ناوچەكە لێناكەوێتەوە، بەڵكو مەترسی لەسەر بارودۆخی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكەو پرۆسەی دیموكراسی و مافی مرۆڤی لێدەكەوێتەوە، بۆیە ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن ئۆپەراسیۆنەكە نەگاتە خاڵی كۆتایی و لە روبەرێكی دیاریكراودا بوەستێنرێت.  


بارزانی نیگەرانە!
لەسەر ئاستی باشوری كوردستان نیگەرانییەكی زۆر بە شەقامەوە دەردەكەوێت، بەڵام بە پێچەوانەی ناكۆكیەكانی نێوانیان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە حزبەكەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی لایە، نایشارێتەوە كە نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، لە تویتێكدا رایگەیاند" ئێمە لەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای كوردستان هاتۆتە پێش، زۆر نیگەرانین. بەهەموو توانایەك لە هەوڵداین و لەگەڵ زۆر لایەن لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان، لە ڕۆژئاوا تووشی كارەساتی تر نەبن".
ئەمڕۆش بە تویتێك وەڵامی دۆناڵد تەرمپی دایەوە كە وتبوی" كوردەكان بە پارەو چەك شەڕیان بۆ كردووین"  رایگەیاند" خوێنی كورد زۆر لە چەك و پارە، بەهادارترە". هەر ئەمڕۆش لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا و فەرەنسا لە هەولێر كۆبوەوەو داوایكرد" فەڕەنسا وەك بەشێكی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە روودانی كارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت" بە كونسوڵی ئەمریكاشی راگەیاندووە كە" چاوەڕوانیمان لە ئەمەریكا و هاوپەیمانان و كۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی كورد توشی كارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەرشانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان"
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand