"سامی عەبدولرەحمان دەیویست پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی"

Draw Media

2022-08-14 18:39:27



درەو: شۆڕشنامە
مەسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، دەڵێت سامی عەبدولڕەحمان دەیویست پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی
لەماوەی نێوان (11 تا 16ی ئابی 1976) لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، كۆنفرانسی پارتی بە بەشداریی حەفتا بۆ هەشتا هەڤاڵ لە ئەندامانی پێشووی پارتی وەك سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوەیس‌و چەندین كادیری پێشكەوتووی پارتی بەسترا.
لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان هەریەكە لە: دڵشاد میران، وریا ساعاتی، ئازاد خەفاف، عەبدولڕەحمان پێداوی‌و فازڵ جەلال)ی بۆ ئەندامانی سەركردایەتی زیادكرد... كاك سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ چەند كەسێكی تر هەوڵیاندا سوود لە كۆنفرانسەكە وەربگرن بەمەبەستی قایمتركرددنی شوێنپێی خۆیان‌و دەستەبەركردنی ناوەندێكی بەهێز بۆ خۆیان لەناو حزبدا، بۆ ئەوەی بتوانن لە كۆنفرانسەكەدا سەركردایەتیی پارتی بگرنە دەست. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەڤاڵیان بۆ سەركردایەتی زیادكرد كە بە هیچ شێوەیەك نە مافیان بوو، نەشایانی ئەو پلەیەش بوون‌و نە لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەشدا بوون، بەڵام بۆ رێگەگرتن لە هەر جۆرە ناكۆكی‌و دووبەرەكییەك، چاوپۆشیمان لەو كارانە كرد.
لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان بەخۆی هەموو شتەكانی نووسی‌و لە لە كۆنفرانسدا رایگەیاند"ئێمە شتێكمان ئامادەكردووەو دەیخوێنینەوە". هەرچەندە هەڤاڵان ناڕەزایەتییەكی زۆریان نیشاندا، كەئەمە كۆنفرانسی لقە، نەك حزب... سامی عەبدولڕەحمان سوور بوو لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ تەواوكردنی خوێندنەوەی بابەتەكەی. لە قسەكانیدا ئاماژەی بە بارەگای بارزانی كردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام زۆرینەی بەشداربوانی كۆنفرانس بایەخ‌و گرنگییان پێنەداو وەك پێویست گوێی لێ‌ رانەگیراو ژمارەیەكی زۆری هەڤاڵان هەستانەوەو بابەتەكەیان رەتكردەوە‌و ناڕەزایەتییەكی توندیان نیشان دا.
ئەو گۆڕانكاری‌و دەستكارییانەی سامی عەبدولڕەحمان لە پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی پارتیدا كردی، وێنەو روخسارێكی تەواو ماركسی بە پارتی بەخشی. لەلایەك زیانێكی گەورەی لە پارتی دا، لەلایەكی ترەوە بووە هۆی نانەوەی دووبەرەكی‌و ناكۆكی لەناو پارتیدا. ئەوان وا تێگەیشتبوون كە ئەگەر سیمایەكی ماركسی بە پارتی ببەخشن، دەبێتە هۆی پشتگیری‌و یارمەتیدانی جەمسەری رۆژهەڵات‌و وڵاتە سۆشیالیستەكان، ئەمەش تەنیا خەیاڵ بوو هیچ بنەمایەكی نەبوو.
دوای گرتنی كۆنفرانس، بە هەڤاڵانی سەركردایەتی كاتیم راگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك ئەم دەستكارییە قبووڵ ناكرێت. دووپاتم كردەوە كە راستە ئێمە دۆستی ماركسییەكانین، بەڵام ئێمە ماركسی نین. ئەوەی بەنیاز بێت روخسارێكی ماركسی بە پارتی ببەخشێت، یان پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی، باشتروایە بچێتە ناو حزبێكی ماركسی، چونكە قاعیدەو بنكەی پارتی رێگە بەم كارە نادات. پارتی حزبێكی نەتەوەیی‌و دیموكراتییە، ئەمەیە پێناسەی پارتی.

سەرچاوە: مەسعود بارزانی: بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی یەكەم، لاپەڕەكانی (54، 55، 56، 57).
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

لەگەڵ ئەوەیت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand