دەربارەی موچەی مۆڵەتی کۆکراوە (ئیکرامیە)

2025-03-25 13:52:29
عەبدولقادر ساڵح- پسپۆڕی یاسایی
بەگوێرەی حوکمەکانی ماددەی (٤٥/ یەکەم) لەیاسای راژەی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ی هەموارکراو، ئەو فەرمانبەرەی هەواڵەی خانەنشین دەکرێت و مۆڵەتی کۆکراوەی هەیە، ئەوا پێویستە پێشوەختە لەگەڵ لە کارترازانی لە وەزیفەکەی راستەخۆ موچەی مۆڵەتی کۆکراوەی (١٨٠) رۆژی بۆ خەرج بکرێت، لەبەرەنجامی خوێندنەوەی بڕگەو ماددەی ئاماژەپێکراوەوە دەگەینە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:
یەکەم:
موچەی مۆڵەتی کۆکراوە (ئیکرامیە) مافێکی فەرمانبەرەکەیەو بارتەقای ئەو مۆڵەتانەیە لەماوەی خزمەتەکەیدا شایستەی بووە بەڵام وەری نەگرتووەو یاسادانەر موچەی ئەو رۆژانەی پێدەدات کە شایستەی مۆڵەت بووەو بەڵام وەری نەگرتووە، کەواتە ئەم بابەتە مافێکی وەزیفییەو هیچ پەیوەندیەکی بە مافی خانەنشینیەوە نییە.
دووەم:
خەرجکردنی موچەی مۆڵەتی کۆکراوە راستەوخۆ دەبێت لەگەڵ لەکارترازانی (انفکاک) فەرمانبەرەکە لە وەزیفەکەی، نەک خەرجکردنەکەی گرێ بدرێت بە تەواوبوونی مامەڵەی خانەنشینی فەرمانبەرەکە، بەڵکو تاکە پێوەری خەرجکردنەکەی بریتییە لە هەبوونی رەسیدی مۆڵەتەکە نەک شتی دیکە .
سێیەم:
مەبەستی یاسادانەر لە پێدانی موچەی مۆڵەتی کۆکراوە بە فەرمانبەری خانەنشینکراو بۆ ئەوەیە تا ئەو کاتەی دەستی رادەگات بە موچەی خانەنشینی کێشەی بێ پارەیی بۆ دروست نەبێت و بەو ئیکرامیەی وەری دەگرێت ژیانی خۆی پێ رێکبخات .
چوارەم:
لەکاتێکدا کە زیاتر لە (٢٥) هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان هەواڵەی خانەنشینکراون و ماوەی زیاتر لە چوار مانگە هیچ موچەیەکیان وەرنەگرتووە، دەردەکەوێت حکومەتی هەرێم لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەم بووە، چونکە ئەگەر بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ موچەی مۆڵەتی کۆکراوەیان دەبێت عێراق دابینی بکات ئەوا دەبوا حکومەتی هەرێم دەستبەجێ رێکارەکانی وەرگرتنی پارەی پێویستی بۆ ئەو فەرمانبەرانە تەواو بکردایە، خۆ ئەگەر حکومەتی هەرێمیش خۆی خەرجی دەکات ئەوا دەبوا بەزووترین کات بۆی خەرج بکردنایە، چونکە بڕی موچەکە بریتییە لە موچەی بنەڕەتی نەک موچەو دەرماڵەو قورسایی لەسەر باری دارایی هەرێم نەدەخستەوە، نەک بەو جۆرە فەرمانبەرانی خانەنشینکراو سزا بدرێت و هیچ حسابێک بۆ باری بژێوی و گوزەرانیان نەکرێت .
