(درەو):
دانانی سیاسەتی گومرگی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵییە، ئیدارەی گومرگەكان بە هاوبەشییە" كورتەی رێككەوتنی هەولێرو بەغدادە لەسەر یەكخستنی سیاسەتی گومرگی، سیاسەتێك كە بەمدواییە كێشەی لەنێوان هەردوولا دروستكرد، بەتایبەتیش جێبەجێكردنی سیستەمی (ئەسیکودا).
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە لەسەر پشكی كورد، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاری عێراقی كرد بۆ ئابوری.
بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، وەفدی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغداد بەشداربوون لە كۆبوونەوەكە، ئەمە جگە لە بەشداربوونی سەرۆكی ژورە بازرگانییەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی یەكخستنی رێكارە گومرگییەكان لە سەرجەم دەروازە سنورییەكان.
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای گەیاندنی سڵاو رێز، لەبەردەم كۆبوونەوەكەدا وتویەتی:" هەرێمی كوردستان پشتیوانی هەر هەوڵێكی حكومی دەكات بۆ بەهێزکردنی سیستەمی گومرگی و ئۆتۆماتیکیکردنی ڕێکارەکانی حکومەت".
پاشان ئەنجومەنەکە باسی لە میکانیزم و ئامرازەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکودا) کردووە لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم، ئاماژەی بەوەكراوە" دانانی سیاسەتی گومرگی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیدایە، لەکاتێکدا پێویستە ئیدارەی گومرگی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت".
" رێککەوتنێک کرا بۆ یەکخستنی سیاسەتی گومرگی، لەوانەش باج و سیاسەتی پاراستنی بەرهەم، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات و شەفافیەت لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەدا مسۆگەر بکات" راگەیەندراو كۆبوونەوەكە وا دەڵێ.
ئەنجومەن بڕیاریدا شاندێکی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نیشتمانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە وەزارەتی دارایی کۆببێتەوە؛ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی ستانداردکردنی ڕێکارەکان لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم.
هەردوو تیمەکە بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزاری ئابوری بکەن، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدرێت.