تایبەت بەدرەو میدیا/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف پرسەكەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی، یەكەم شوێنی دەركەوتنی نەوەی سێیەمی شازادە سیاسییەكانی هەرێم بوو، كە پێشتر بەو شێوەیە و وا بەگروپ نەبینرابوون، ئەو نەوەیەی كە هاوڵاتیانی كوردستان تازە بە دەموچاویان ئاشنا دەبێت و لە قۆناغی ئامادەكاریدان بۆ هاتنە نێو دنیای سیاسەتەوە كە لە دایك بووی مۆدێلی ئەو تەوریسە سیاسیەیە كە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا لەبرەودایە. ئەم نەوەیە لەگەڵ ئەوەی لەناو هەرێمی كوردستاندا دەژین و ناسنامە و زمانیان لە هەرێمدایە، بەڵام لە ستایلی ژیان و گوزەران و خوێندن و پەیوەندییەكانیان هیچ پەیوەندیەكیان بە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم و كوردستانەوە نیە ئەمانە لە ژیانێكی پڕ لە خۆشگوزەراندا دەژین هەروەك ژیانی دۆق و بارۆن و شازادە و ئەمیرەكانی نەوەی سوڵتانەكانی سەردەمی رابردوو، ئەمانە بەهەموو پێوەرێك كەمینەیەكی جیاوازن، دابڕاون لە ژیانی ئاسایی كۆمەڵگە. نمایشكردنیان لە مەراسیم و پرسەكاندا و دەركەوتنی ئەم نەوە گەنجەی كە بە شازادەی سەردەمی خۆیان ئەژمار دەكرێن كاردانەوەی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەدوای خۆی هێنا، ئەمانە لە ئێستاوە پاسەوان و كۆشك و تەلارو ڤێلای تایبەتی خۆیان هەیە، ژیان و گوزەرانی ئەمانە زیاتر لە خەیاڵەوە نزیكە وەك لە واقیع، تەنها هۆكاری ئەو ژیانە شاهانەیەیان، ئەوەیە كە ئەمانە كوڕ و كچی نەوەی تەوریسی سیاسیین، وەچەی كۆمەڵێك سەركردەی سیاسین كە لە هەناوی خانەوادەی سوڵتانیدا لەدایك بوون. ئەوەی لە شێواز و ستایلی ژیانی ئەم نەوەیە دەگێڕدرێتەوە زیاتر لە چیرۆكی ناو حیكایەت و ئەفسانە كان دەچێت، نەك لە واقیعی ژیانی هاوڵاتیان، ئەوان سەرەرای رەخساوی پاڵپشتی خێزانی و بنەماڵەی سوڵتانی، پاڵپشتی حیزبی سیاسیشیان بۆ ئامادەدەكرێت، تا لە كاتی گونجاودا بێنە سەرشانۆی سیاسی، ئەوان لە بازنەیەكی داخراوی ناوخۆییدا ژیانی شاهانە دەگوزەرێنن، ئەمانە لەدایك بووی ئەو سیستمە خێزانیە سوڵتانیەن كە سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆماری یان دیموكراتی بێت، بەڵام لەباشترین حاڵەتدا سیستمەكە بووە بە سیستمێكی حوكمرانی سوڵتانی پشتاوپشت، باوك ئامادەكاری كردووە بۆ هاتنە پێشەوەی كوڕەكانی ئەمەش بۆخۆی جارێكی تر گەڕانەوەیە بۆ شەرعیەتی خێزانی و بنەماڵەیی. ئەم شێوازە لە حوكمڕانیە بەتایبەت لە وڵاتە رەیعیەكاندا لە برەودایە، بە واتایەكی تر نەوت و سیاسەتی نەوتی و كۆنترۆڵكردنی نەوت ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فۆرمە لە حوكمڕانیی، بەو پێیەی نەوت چەكێكی كاریگەرە لەلایەك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری خێزانی سوڵتانی و لەلایەكیش بەكارهێنانیەتی وەك چەكێكی سیاسی لە كۆمەڵگەدا، لە كاتێكدا نەوت سەرچاوەیەكە بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان، بەوپێیەش نەوت سیستمی سیاسی و حوكمرانی دیموكراسی دەروخێنێ، چونكە لە وڵاتی رەیعی و حوكمڕانی خێزانیدا دەسەڵات پێویستی بە خەڵك نیە و منەتیان بە خەڵك نیە هەموو هەوڵێكیان پتەوكردنی پایەكانی خێزانیە، بەڵكو خەڵك پێویستی بە حكومەتە بۆ پارە و موچە گوزەرانیان، بەپێچەوانەوە لە سیستمی دیموكراسیدا دەوڵەت پێویستی بە خەڵكە بۆ دەنگدان. دەركەوتنی ریزێك لە نەوەی سێیەمی خانەوادەی بارزانی لە پرسەی دلۆڤان ئیدریس بارزانیدا، گفتوگۆی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، ریزی نەوەی سێیەم پێكهاتبوون لە ( ئارین مەسرور مەسعود بارزانی، یاسر مەنسور مەسعود بارزانی، ناسر مەنسور مەسعود بارزانی، ئیدریس نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ) ئەمانە نەوەی سێیەمی ئەو مۆدێلە حوكمرانیە سوڵتانیەن، كە بوەتە مۆدێلی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە، لە باشترین زانكۆكانی جیهان دەخوێنن و لە جوانترین مۆدیڵەكانی جیهان سودمەندن بەڵام هەڵگری خراپترین و دواكەوتوترین مۆدێلەكانی حوكمرانین لە جیهاندا، ئەوان لەبری هێنانی مۆدێلی سوید و هۆڵەندا و وڵاتانی رۆژئاوا، مۆدێلی شازادەكانی سعودیە و مەغریب و ئەردەن و سیستمە شمولییەكانی لە چەشنی عەلی عەبدوڵا ساڵح و موبارەك و قەزافی برەوپێدەدەن. ئێستا مۆدێلی هێنانە پێشەوەی نەوەی سێیەمە، پێشتر مەلا مستەفا بارزانی نەوەی یەكەمی خانەوادەكەی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی هێنایە ناو كایە سیاسیەكەوە بۆ درێژەدان بەتەوریسی سیاسی و حوكمڕانی بنەماڵەیی و ئەوانیش نەوەی دووەمیان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیان هێنایە ناو شانۆی سیاسییەوەو ئەمانیش نەوەی سێەم بەهەمان نەریتی باوو باپیرانیان پەروەردە دەكەن، نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، ئیدریسی كوڕی هێناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە، مەسرور بارزانی كە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاساییشە ئارینی كوڕی ماوەیەكە بەگەرمی دەردەخات، مەنسور بارزانی كە خۆی فەرماندەی لەشكری تایبەتی گوڵانە، ناسری كوڕی بەرپرسی یانەی وەرزشی پێشمەرگەیە، ئەمانە خۆیان و بەردەستەكانیان وا رادێنن، كە ئەمانە موقەدەسن و بە سەدان پاسەوان و بۆدیگارد دەورەدراون و فڕۆكەی تایبەت و ئۆتۆمبێلی گرانبەها بەكاردێنن، ئەمانیش بۆ تەقدیسكردنی نەوەی دووەم هەمیشە ( جەنابی براگەورە، جەنابی فەرماندە، جەنابی دەوڵەتمەدار، پارێزەری ئاشتی و...) كۆمەڵێك ناوی قەبە و تەقدیسكراو بۆ یەكدی بەكار دەهێنن. ناسر مەنسور بارزانی لە ساڵی 2017 لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن بڕوانامەی زانستی سیاسی وەرگرتووە و ئێستا سەرۆكی یانەی پێشمەرگەیە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییە، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی كە لەدایك بووی 1998، لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەزگای روانگەی دامەزراندووە كە بە یەكێك لە دەزگا دەوڵەمەندەكان ئەژماردەكرێت، بە گوێرەی بەدواداچونێكی عەبدوڵا حەوێز رۆژنامەنوس لە كەناڵی BBC ی بەریتانی ،لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، ئیدریسی كوڕی نێچیرڤان بارزانی، كە تەمەنی ٢٠ ساڵە، خۆی وەك میر (بەو واتایەی لە خێزانی پادشاییە) خۆی ناساندووە، لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ئیدریس بە فرۆكەی تایبەتی دایكی لە سویسرا سەردانی لەندەن دەكات و لەگەڵ ٧ لە پاسەوانەكانی لە هۆتێڵی دۆرچیستەر - كە یەكێكە لە گرانترین هۆتێلەكانە لەناو هۆتێلە پێنج ئەستێرەكان، ئەو كاتە كەسێك دەچێت بۆ سەردانی كە لە پرسگە دەڵێت دەیەوێت ئیدریس ببینێت و مەوعیدی لەگەڵ هەیە پێی دەڵێن مەبەستت پرینس (میر) ئیدریسە؟ ناساندنی ئەو بە میر لە خۆوە نەهاتووە، بەڵكو ژیانی تایبەتی و گرنگی پێدانی و ئەو پێگەیەی هەیەتی لە میرەكان میرترە. ئەم ستایلەی ژیان و گوزەرانی شازادەكانی نەوەی سێیەمی خانەوادەكانی هەرێم، هەمان ژیان و تەقدیسی شازادەكانی مەغریب و ئوردن و سعودیەیە، هەروەك ئەمیر حەسەن جێنشینی پادشای مەغریب لە ( 8ی ئایاری 2003 ) لەدایك بووەو لەو كاتەوە بوەتە جێنشینی مەغریب و لە هەموو بۆنە و مەراسیمێكدا دەستی ماچدەكرێت و بۆدیگارد و پاسەوان و فڕۆكەی تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها شازادەی جێنشینی ئوردن ئەمیر ( حسێن كوڕی عەبدوڵا) كە ( 28 حوزەیرانی 1994 ) لەدایك بووە و لە 2ی تەموزی 2008 بوەتە جێنشینی باوكی، كوڕی شا عەبدوڵای دووەمی پاشی ئێستای ئوردنە، پلەی مولازمی دووەمی هەیە لە سوپای سوریای عەرەبی و مێژووی نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج تاون لە وشانتۆن خویندووە و ئارەزووی لە وەرزشە بەتایبەت تۆپی پێ. هاوشێوەی ناسر مەنسور بارزانی كە ئەویش لە ئەمریكا خوێندنی تەواو كردووە و ئارەزووی وەرزشی هەیە بەتایبەتی یاری تۆپی پێ. ئەم مۆدیڵەی شازادەكانی نەوەی سێیەمی خانەوادەی بارزانییەكان، تەنها مەترسیەكەیان ئەوە نیە كە لە ژیانێكی دابڕاون لە كۆمەڵگەی كوردی و لە هەمانكاتدا ئامادەدەكرێن بۆ بەرپرسیارێتی و حوكمڕانیەتی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تەنها زمان و لە دایك بوونیان بە كوردستانیان دەبەستێتەوە، ئەگەرنا لە هیچ رەهەندێكی ژیانیانەوە ئاشنای كۆمەڵگەی كوردی نین، بەڵكو مەترسیەكە لەوەدایە كە ئەم فۆرمە تەنها لە خانەوادەی بارزانیدا نەوەستاوە و لەفراوانبوندایە بۆ گروپ و حیزب و خانەوادە دەسەڵاتدارەكانی دیكەی كوردستان، كە هەرێمی كوردستان دەكاتە كۆمەڵگەیەكی خانەوادەیی سوڵتانی و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی نەوتیشەوە، كۆنترۆڵی تەواوی جومگە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بە ئاسانیش دەستبەرداری حوكمڕانی هەرێم نابن.
باربارا بلیت ئاشەر- پەیامنێری بی بی سی، واشنتۆن وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ویلایەتە یەكگرتوەكان تەنیا یاریزانێكی سەرەكی نییە لە گۆڕەپانەكانە شلۆقەكەی شەڕدا لە سوریا، بەڵكو یاریزانێكە كە بایەخێكی گەورەشی هەیە. هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە لۆكاڵییەكانی كۆنترۆڵی ناوچەیەكی بەرفراوان و گرنگی ستراتیژییان لە بەشی خۆرهەڵاتی سوریا بەدەستەوەیە، ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەییش بێت نەك تەواوەتی، شكستیان بەو رێكخراوە هێنا كە لەوێ پێی دەوترێت رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەمدواییانە، كۆشكی سپی رایگەیاند هێزەكانی ئەمریكا ئەركەكانیان بۆ لەناوبردنی یاخیبوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەواو دەكەن، بەڵام نابێت ئەوە كاتێكی دورودرێژ بخایەنێت. ئەوەی تائێستا هەیە ئەمەیە، لەوكاتەوەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەستیكردووە بە داڕشتنەوەی سیاسەتی وڵاتەكەی سەبارەت بە سوریا بەشێوەیەكی خێرا، ئەمەش لە رێگەی راگەیاندنی ئەوەی وڵاتەكەی لەوێ دەكشێتەوە " لە زوترین كاتی گونجاودا". سەرباری سەركەوتی هەڵمەتی سەربازی ئەمریكا لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لەناوبردنی بەشێوەیەكی تەواوەتی وەكو ئەوەی ترەمپ دەخوازێت، خێرا نابێت، بەتایبەتیش كە چەكدارانی رێكخراوەكە بەهێزی خۆیان سەلماندووە. هاوپەیمانە لۆكاڵییەكەی ئەمریكا كە كوردە، لە شەڕی دژ بە رێكخراوی داعش كشایەوە تاوەكو یارمەتی براكانیان بدەن لە باكوری وڵات، كە روبەڕوی هێرشی هاوپەیمانێكی تری ئەمریكا بونەوە كە توركیایە. بۆیە لەگەڵ هەڵپەساردنی ئۆپراسیۆنە زەمینییەكان لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە مانگی رابردوودا، كارەكە بەتەواوەتی پڕبووە لە گرێ و گۆڵ. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو ساتەش بێتەپێشەوە كە پێی دەوترێت "سەركەوتن"، وەزارەتی بەگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" دەترسێت كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا بۆشاییەكی مەترسیدار درروستبكات. رەنگە لە واقیعدا سازشكردن لەو ناوچانەی كە ئەمریكا كۆنترۆڵیكردون بۆ رژێمەكەی بەشار ئەسەدو و هاوپەیمانە روسەكانی وەكو ناپاكییەك بێت لە هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لە سوریا، هەروەك ئەوە هەوڵەكانی واشنتۆن نائومێد دەكات بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر رژێمدا دوای جەنگ، كە بەرژەوەندنی واشنتۆن و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەكانی بە هەند وەردەگرێت. لەگەڵ ئەمەشدا ستراتیژیەتی ئەمریكا پەكدەخات بۆ پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری ناوچە وێرانبوەكانی شەڕ بە ئامانجی رێگرتن لە گەڕانەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمە لەرێگەی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان كە وا لە ئاوارەكان دەكات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان. هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەم بابەتە هاوڕان. هاوكات كشانەوە رێگە بۆ ئێران خۆش دەكات هەژمونی گەورەی خۆی لە سوریا و ناوچەكە بەگشتی فراوانتر بكات، هەروەها ئاسانكاری دەكات بۆ هەوڵەكانی تاران بۆ دروستكردنی رێگایەكی كۆمەكی وشكانی كە بە عێراقدا دەچێتە سوریا تا دەگاتە هاوپەیمانەكەی لە بەیروت كە حزبوڵایە. بەڵام ئەمە سەرچاوەی دودڵییەكی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل كە لە بونی سەربازیی ئێران لەسەر سنورەكەی دەترسێت، هەروەها بۆ سعودیەش كە ركابەری گەورەی هەرێمیی ئێرانە. محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بونی هێزەكانی ئەمریكای لە سوریا بە بەربەستی كۆتایی دژی فراوانخوازی ئێران لە ناوچەكە ناوبرد. هەڵۆكانی سیاسەتی دەرەوە لە واشنتۆن كە ئاماژەیان بۆ هێرشی ترەمپ كرد بۆسەر رێككەوتنە ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لەخۆڕا قسەیان نەكرد، مارك دوبویتز سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی وۆل ستریت ژۆرناڵ وتی" ترەمپ ناتوانێ ببێت بە خاوەتی ستراتیژیەتێكی جددی بەرامبەر بە ئێران ئەگەر رێگەی بە ئێرانییەكاندا لە سوریا سەركەون". پێدەچێت لای ترەمپ هۆكاری قایلكەر هەبن لە پشت ئارەزوەكەی بۆ كشانەوە لە جەنگی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە ئەو بەڵێنی ئەوەی داوە. ئاماژە هەیە بۆ بونی پابەندبونێك سەبارەت بە ئەفغانستان كە كۆتایی نایەت، باوەڕی ئەو سەبارەت بەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان یەدەگی ترلیۆن دۆلاری نییە بۆ دابینكردنی خەرجییەكەی. ترەمپ وتی ئەو بە سعودییەكانی وتووە كە" ئەگەر دەتانەوێت بمێنینەوە، دەبێت خەرجییەكەی بدەن". لەڕاستیدا ئەم قسە وەكو ئەوە وایە رێبازی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا كورتبكرێتەوە بۆ ئەوەی: گرێبەستی بازرگانی كورت مەودا لەسەر ئەوە وەستاوە كە دەكرێت لە كاتی ئێستادا بەدی بهێنرێت، نەك لەسەر بنەمای ستراتیژیەتێكی گشتگیر كە كاریگەر بێت بە بارودۆخی نەرێنی مێژویی و پڕ گرێ و گۆڵ. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە، ریكس تیلەرسۆن وەزیری پێشووی دەرەوە لەڕوی تێڕوانینی دورمەوداوە لێهاتوو بوو. چەند مانگێك بەر لەوەی ترەمپ دوریبخاتەوە، تیلەرسۆن هۆكارەكانی رونكردەوە كە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكاتە كارێكی پێویست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا تەنانەت دوای شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیش. بەڵام تیلەرسۆن ئەم ململانێیەی دۆڕاند، تائێستاش روون نییە ئایا سەركردە سەربازییەكانی تری ئیدارەكەی ترەمپ دەتوانن بیبەنەوە یاخود نا؟
شەڕ و ململانێی لە سوریا ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە دەستیپێكردووە و رۆژ لەداوی رۆژ دۆخەكە خراپتر دەبێت، شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بووە ململانێیەكی نێودەوڵەتی لەسەر خاكی سوریا. هۆكارەكانی ئەو جەنگە چین؟ لایەنەكانی ململانێكە كێن؟ پاڵنەرەكانیان چین؟ هۆكاری جەنگەكە لەسەرەتادا بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا هەوڵیدا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە كە لەلایەن خۆرئاوای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بۆردومانكردنی هەڕەمەكی و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتباردەكرێت، هەرچەندە ئەسەد ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەن ئامانجی ئەسەد لە سەرەتاد نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن بوو كە بە " گروپە تیرۆریستییەكان" وەسفیدەكردن. ئۆپۆزسیۆنی سوریا دوای ئەو سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بە شێوەیەكە ئاشتیانە لە 2011 بەڕێوەدەچوون دەستیكرد بە شەڕ و سەرەتا چەندین كەسی سەربازی و مەدەنی پەیوەندییان كرد بە ریزەكانییە و ژمارەیەكی زۆریان لە شەڕەكاندا كوژران و ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكدێت لە چەند گروپێكی چەكداری ئیسلامی توندڕەو، هەروەها كوردەكانیش هەن كە دوای كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا لەسەرەتای شەڕدا ناوچەیەكی بەرفراوانیان كۆنترۆڵكرد و ئەوان وەك خۆیان دەڵێن ئامانجیان لە شەڕ بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و نەهێشتنی داعشە. لایەنەكانی ململانێی سوریا • سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد: لە لایەن روسیا و ئێران و چەند هێزێكی سەر بەئێرانەوە لەوانەش حزبولای لوبنانی هاوكاری دەكرێت. • گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان: ئەم گروپانە گورزێكی توندیان بەركەوت، بەڵام هێشتا شەڕ دەكەن و ئەمریكا و توركیا و وڵاتانی كەنداو هاوكاریان پێشكەشی چەند گروپێكی جیاوازی ئۆپۆزسیۆن كرد، گەورەترین گروپی سوپای ئیسلام و گروپی ئەحرار شامە. • كورد: لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریان و ناوچەیەكی بەرفراوانیان لەژێر دەستدایە و هاوپەیمانی ئەمریكان. • توركیا: كە دژی هێزەكانی كورد دەجەنگێت. • ئیسرائیل: كە هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر باشووری سوریا • رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش": ئەم رێكخراوە بۆ ماوەیەك رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی سوریا و عێراقی كۆنترۆڵكرد و دواتر رووبەڕووی گورزی كوشندە بووە و تواناكانی لاوازبوون. پاڵنەرەكانی ئەم جەنگ و ململانێیە یەكێك لە هۆكارەكانی شەڕ و پشێوی سوریا ئەوەیە كە بووە گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەتی هێزە نێودەوڵەتییەكان، كەوات بۆچی ئەم هێزان دەستیان لەو شەڕ و ململانێیە وەردا؟ روسیا: ئەسەد نزیكترین هاوپەیمانی مۆسكۆیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بڕوخێت ئەوا روسیا جێ پێی لە ناوچەكەدا لەدەستدات و هەروەها تەرتوسیش لەدەستدەدات كە تاكە دەروازەیەتی لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئێران: ئەسەد هاوپەیمانێكی دێرینی تارانە، هەروەها دەستوەردانی ئێران پەیوەندیشی هەیە بە رووبەڕووبوونەوەی سعودیەی نەیاری، جگە لە هەوڵدان بۆ فراوانتركردنی هەژمونی لە ناوچەكەدا. ئەمریكا: واشنتۆن هاوككاری چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كرد، بە تایبەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە پڕچەكی كردن و مەشق و راهێنانی پێ كردن و پێكهاتەی سەرەكی ئەم هێزەش یەكینەكانی پاراستنی گەلە. توركیا: رۆڵی سەرەكی بریتی بوو لە داڵدەدانی چەندین ملیۆن ئاوارەی شەڕ و ململانێتی سوریا، ئەنكەرە پشتگیری و هاوكاری گروپێكی ئۆپۆزسیۆن دەكات بەناوی " سوپای سوریای ئازاد" توركیا لەوە دەترسێت كە ئۆتۆنۆمیی و خۆبەڕێوەبەری كورد لە باكوری سوریا ببێتە هاندانی زیاتری بیری جواداخوازی كورد لە توركیا، لەبەرئەوە ئەنكەرە شەڕی لە دژی یەكینەكانی پاراستی گەل بەرپاكرد و بەوەش توركیا كە ئەندامی پەیمانی ناتۆیە لە نزیكەوە كار لەگەڵ روسیادا دەكات. ئیسرائیل: ئەوەی كە زۆر ئیسرائیل نیگەران كردووە گەیشتنی چەكی پێشكەوتووە بە حزبوڵای لوبنان، لەبەرئەوە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جارجارە چەند پێگەیەك لە سوریا بۆردوماندەكان و دەڵێت پێگەی حزبوڵان. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە : بی بی سی
ئامادەكردنی فازل حەمە رەفعەت ئێوارەی رۆژی سێ شەممە لە دەروازەی سێمالكای هەرێمی كوردستانەوە، وەفدێكی بەریتانی چونە ناو سنوری رۆژئاوای كوردستان. سەردانی وەفدەكە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاریدا هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە، بەوەش هەلێكی زێڕینی تری خستە بەردەم توركیا درێژە بە لەشكركێشییەكانی بدات بۆ داگیركردنی ناوچەیەكی فراوانتری خاكی رۆژئاوای كوردستان. ئەو وەفدە بەریتانییەی كە دوێنێ چوە ناو رۆژئاوای كوردستان پێكهاتبوو لەم كەسایەتیانە: • لوید رسل مۆیل – پەرلەمانتار لە پارتی كرێكارانی بەریتانیا • مۆریس گلاسمان- سیناتۆر لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا • سیمۆن دبینگ – بەڕێوەبەری نوسینگەی سەندیكا نێودەوڵەتییەكان • ریان فلیچەر- بەرپرسی سەندیكاكانی بەریتانیا • ئیبراهیم دۆگۆس- بەڕێوەبەری سەنتەری پێشكەوتنی كورد "ئێمە لێرەین لەپێناو بنیادنانی پەیوەندییەكی درێژمەودا لەگەڵ ئێوەدا، دەكرێت پاڵپشتیتان بكەین لەدژی هەموو ئەوانەی كە دەیانەوێت ئازادیتان وێران بكەن" ئەمە قسەی مۆریس گلاسمان سیناتۆری ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا بوو بۆ بەرپرسانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لەكاتی گەیشتی وەفدەكە بۆ شاری قامیشلۆ. سەردانی وەفدە بەریتانییەكە بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەو پرسیارەی دروستكردووە ئایا لە حاڵی كشانەوەی ئەمریكادا، بەریتانیا دەتوانێت هاوشان لەگەڵ فەرەنسا پشتیوانی لە راوەستانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكات لەبەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا. مانگی رابردوو سوپای توركیا شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی داگیركرد و هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەكە كشانەوە. ئەمریكا كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لە شەڕڤانانی كورد دەكرد لە رۆژئاوای كوردستان، ئێستا و دوای كۆتاییهاتنی داعش ترەمپ بەبێ گوێدانە هیچ بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی دوای شەڕ، دەیەوێت هێز و بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە. ترەمپ وەكو هەمیشە تێڕوانینێكی ئابوری بۆ بارودۆخەكە هەیە و دەڵێ مانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا خەرجی لەسەر ئیدارەی واشنتۆن زیاد دەكات، ئەوانەی خوازیارن سوپای ئەمریكا لە سوریا بمێنێتەوە دەبێت خەرجییەكەشی بدەن، لەمەشدا بەڕون و راشكاوی مەبەستی سعودیەیە. دەستهەڵگرتنی ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە كاتێكدایە لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان هیچ خواستێكی راگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە سوریا نیشان نەداوە لەبری ئەوە بەردەوام جەخت لەسەر "خۆبەڕێوەبەرێتی"ی ناوچەكانیان دەكەن لە چوارچێوەی سوریایەكی نامەركەزیدا. عەبدولكەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی سەردانی وەفدە بەریتانییەكەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئەوە یەكەمجارە وەفدێكی باڵای بەریتانیا لەو ئاستەدا سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات، پێشتر كۆبونەوە كراوە بەڵام ئاشكرانەكراوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە بەریتانییەكان بەو شێوە فەرمییە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكەن. بەپێی قسەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرە، لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژئاوای كوردستان وەفدە بەریتانییەكە لەگەڵ لێپرسراوانی كورد لەبارەی بارودۆخی عەفرین و كێشەی دەیان هەزاران ئاوارەی ئەو شارە گفتوگۆ دەكەن. وەفدە بەریتانییەكە تەنیا لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان قسە ناكات، بەڵكو سەردانی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەكەن و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنە مەدەنییەكان كۆدەبێتەوە. بە كشانەوەی روسیا لە عەفرین، توركیا بە ئاسانی لەشكركێشی دەستپێكرد و سەرباری خۆراگری و بەرخودانی شەڕڤانانی كورد شارەكەی داگیركرد، كشانەوەی ئەمریكاش لە مەنبەج، رەنگە هەمان سیناریۆی عەفرین دووبارە بكاتەوە، ئەگەر ئەوروپا بەتایبەتیش بەریتانیا و فەرەنسی رۆڵ نەگیڕن لە پاراستنی ئیدارەی رۆژئاوا و خەڵكەكەی لە رودانی كۆمەڵكوژییەكی نوێ.
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە هەنگاوێكدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانیان، سێی ئازاری 2018 بەردی بناغەی بونیادنانی یەكەمین وێستگەیی ئەتۆمییان لە توركیا دانا، كە گروپی كۆمپانیاكانی "روساتۆم" ی روسیی سەرپەرشتی دەكات و بەهای پرۆژەكە كە ساڵی 2023 دەست بە كاركردن دەكرێت تێیدا، (20 ملیار دۆلار)ە و دەكەوێتە سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری توركیاوە، بەوتەی ئاژانسی ئەنادۆڵی رەسمی توركیا دەیان هەزار كەس كاردەكەن لەو پرۆژەیەدا. جەنگێكی ساردی نوێ هەندێك خەڵك باس لە دەستپێكردنەوەی شەڕێكی ساردی نوێ دەكەن، ئەوەش بەرەو ئەوەمان دەبات كە بەراوردكارییەك بكەین لە نێوان ئەو ململانێ و كێبركێ ئایدیۆلۆژی و سەربازییەی تاڵەی ئێستا روودەدات لەگەڵ ئەوەی لە نێوان یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و خۆرئاوادا روویدا لە پەنجا هەتا هەشتاكانی سەردەی رابردوو. مایكڵ هۆڤمان توێژەرێكی بەناوبانگی دامەزراوەی CNA و دامەزراوەی كینانی سەر بە ناوەندی ویڵسۆنە، ئەو دەڵێت" جەنگی سارد بریتیی بوو لە كێبڕكێی نێوان دوو جەمسەری سیاسی كە پێشبڕكێیان دەكرد لەسەر دامەزراندنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، هەردوو رژێمەكەش چەند سودێكی ئابوری و سەربازییان هەبوو". بەوتەی كۆڤمان" ئایدیۆلۆژیا شمولییەكەیان ئەو كێبركێیەی كردە شتێكی حەتمی و هەر دەبێت دەسەڵات دابەشبكرێت". بەڵام ئێستا كێبركێیكە بەرەنجامی هاوتەریبی هێزەكان یان خودی ئایدیۆلۆژیەتی شمولی نییە، بەڵكو چەند بڕیارێكی بەئاگایانەیە كە سەركردەكان داویانە لەگەڵ ئەو ستراتیژییانەی پەیڕەویانكردووە، لەگەڵ زنجیرەیەك لە ناكۆكی دیاریكراو لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، كە ئەوەش " نە ئاڕاستەكراوە نە حەتمیشە". كوڤمان بڕوای وایە مەترسییەكان بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە زۆر گەورەن، بەڵام قەبارەی ململانێكە و سروشتیبوونی لە جەنگی سارد ناچن، هەروەك چۆن روسیاش لە توانایدا نییە هاوسەنگی هێزەكان بگۆڕێت یان گۆڕانكارییەك بكات كە تایبەت بێت بە پەیكەری سیستمی نێودەوڵەتی ئێستا، بە كورتی هۆكارەكانی ململانێكە و سروشتەكانی جیاوازن و بەگەڕانەوە بۆ دواوە، دەبینین كە ئەوكات ئاشتییەكی چەكدارانە لە ئەوروپا لەمیانی جەنگی سارد هەبوو، لە كاتێكدا سەرتاسەری جیهانی جەنگی راستەقینەی بەخۆیەوە بینی، دەستپێك لە ئەنگۆلاوە پاشان كوبا و بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تێپەڕی، بەگشتی هێڵەكانی جەنگەكە ئەمڕۆ زۆر نزیكە لە سنوری روسیا- جۆرجیا و ئۆكرانیا. هەروەها هاوسەنگییەكی جیاوازی هێز هەیە لە نێوان روسیا و خۆرئاوادا " هێزێكی نەرم"ی زۆر دیاریكراوی هەیە و پێویستیشی بە ئایدۆلۆژیەتێكی نێودەوڵەتی سەرنجڕاكێشە كە بشێت بۆئەوەی لە هەموو جیهاندا بانگەشەی بۆ بكرێت و ئەگەر شەڕی سارد لە رابردوودا ململانێیەك بووبێت لە پێناوی هەژمونی جیهانی نێوان دوو ئایدۆلۆژیای جیهانی، سەرمایەداری و شیوعییەتی، ئەوا ئێستا كێبركێكە لەسەر چییە ؟ بەرای هۆڤمان روسیا ئارەزوو دەكات وەك هێزێك لە سیستمی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە و دەستبگرێت بەسەر پاشماوەكانی ئیمپراتۆریەتی روسیاوە، هەروەها سەركردە روسەكان زۆر كاردەكەن بۆ ئەوەی دووربكەنەوە لە پەراوێزخستنی ئەو هەژموونەی ماویانە لەسەر خاكی روسیا و هیچ رێگەیەكیشیان نییە بۆئەوە جگە لە مانەوە وەك دەوڵەتێكی دابڕاو سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر دراوسێكانیاندا بۆئەوەی سنورەكانیان بپارێزن. بەڵام سەبارەت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوە " ململانێیەكی سەرسوڕهێنەر" ەو یەكێك لە لایەنەكانی خۆبەگەورەزانین و فراوانكردنی هەژمون، واتە پێشكەشكردنی ئایدۆلۆژیەتی لیبراڵی بۆ بیركردنەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بەهۆی نەبوونی هێزێكی ركابەرەوە، واشنتۆن زیاتر لە بیست ساڵ سودی بینی لە بەدیهێنانی ئەوەی دەیەوێت، بەڵام خەرجیی فراوانكردنی هەژمون و هێزەكەی زۆر بەرزبوو، واشدەردەكەوێت كە لەمدواییەدا بەرزتربووبێتەوە. پەتای بێبەشبوون لە دوژمن زۆر روون و ئاشكرایە روسیا و چین، نەچوونە ناو قوڵایی لیبراڵییەتی ئازادیخوازییەوە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سارد، هەروەها رێگەیەكیش نییە كە خۆرائاوا ویست و ئارەزووی خۆی بەسەر ئەم هێزانەدا بسەپێنێت، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت كە جەمسەرەكان بەشێوەی پێشووتر یاخود شێوازێكی تر گەڕاونەتەوە. بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران دەڵێن خۆرئاواش هەندێك بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای لەئەستۆدایە و یاریكردن لەسەر پەتی جەنگێكی ساردی نوێ، دەكرێت دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزبكات. لیل گۆڵدستین مامۆستاتی توێژینەوەكان لە كۆڵیژی جەنگیی دەریایی ئەمریكا دەڵێت" وا دەردەكەوێت لەدوای جەنگی ساردەوە، زۆرێك لە خۆرئاواییەكان خۆیان رادەستی نەخۆشی بێبەشبوون لە دوژمن كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆرانی ئاسایشی نەتەوەیش حەزیان لە هەڕەشەیەكی زۆر سادەیە". دۆخی جۆرجیا و ئۆكرانیا وەك پێشەكییەك بۆ جەنگێكی ساردی نوێ دەردەكەوێت، سەرەڕای ئەوەش دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و هەركەسێك زانیاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچەیە هەبێت، بە تەواوەتی درك بەوە دەكات كە هەردوو حاڵەتەكە ئەنجامی داڕمانی خێرای یەكێتی سوڤیەت و پرسەكانی تایبەت بە ناسنامە و سنورن. روسیا چ هێزێكی هەیە ئێستا ؟ كۆڤمان روسیا بە " هێزێكی گەورەی لاواز" وەسفدەكات و باسلەوەدەكات، بەردەوام لە بەهای روسیا كەمدەكرێتەوە چونكە لەڕووی مێژووییەوە پەیوەست بە پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیی و سیاسیی و ئابوریی زۆر جیاوازە لە خۆرئاوا، بەڵام مۆسكۆ بەهۆی قورسایی ئابورییەكەوە ئامادەگییەكی بەهێزی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا هەیە، روسیا هێزێكی هەرێمی سەركێشی داڕوخاو نییە، بەڵكو بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەوەیە. لە وڵاتانی ناتۆ باس لەوە بەرزبوونەوەی خەرجیی بەرگری دەكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دژایەتیكردنی نەیاری ركابەر. جۆری ئەو هەڕەشە سەربازییەی كە روسیا بەسەر ناتۆیدا دەسەپێنێت پرۆفیسۆر گۆڵدستین دەڵێت هێزەكانی روسیا لە بنەڕەتدا زۆر لە هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی پەیمانی ناتۆ لاوازترن، لەگەڵ ئەوەشدا روسیا " بەداناییەوە" لەم 15 ساڵەی دواییدا وەبەرهێنانی كردووە و پارێزگاری لە چەند توانایەتی تایبەتمەند كرد كە چەند سودێكی پێشكەش دەكەن، بۆ نمونە، پەیمانی ناتۆ سیستمی تەكتیكی ئەتۆمی روسیا لەناونابات، كە لەوانەیە كێشە بۆ سەركردەكانی ناتۆ دروستبكات، جگە لەوەی كە روسیا توانای گەورەی هەیە لە بواری تۆپخانە و جەنگی ئەلیكترۆنیدا. جەنگێك روسیا هەڵیدەبژێرێت بەڵام تواناكانی روسیا لە بواری جەنگی ئەلیكترۆنیی و زانیارییدا زۆر ئاشكران و دەزگاكانی راگەیاندن و ناوەندەكانی بواری فیكر پڕن لە گفتوگۆ دەربارەی دیاردەیەكی نوێ كە بە " جەنگی تێكەڵاو" ناوی دەبەن كە تێكەڵەیەكە لە شەڕ و ئاشتی و ئەوەش تەكنیكێكە كە بەرای زۆر كەس روسیا زۆر باش دەیزانێت. كۆڤمان دەڵێت روسیا هێزێكی گەورەی خاوەن هەڕەشەی یەك رەنگ نیە، بەڵكو لە راستیدا هێزێكی سەربازی بەهێزە لە چواردەوری خۆی و توانای ئەوەی هەیە جەنگی سیاسی و ئەلیكترۆنی بەرپابكات و بە ئاسانی لە بواری زانیارییدا ركابەری بكات. گۆڵدستینیش دەڵێت ئارەزووكردن لە جەنگی تێكەڵاو " ئیشكالیەتە" و مەترسی راستەقینە كە دەكرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێكی گەرمی كۆنترۆڵنەكراو لە سوریا یان ئۆكراتیا كە زۆر مەترسیدارترە، هیچ نییە جگە لە خراپ مەزندەكردن. فێڵی ناتۆ پرۆفیسۆ گۆڵدستین ئاماژە بەوەدەكات، سەلمێنرا كە شەڕی ئۆكرانیا " جەنگێكی راستەقینە بوو لەگەڵ هێزە نەریتییەكان" و رێگەنەگرتن لە روسیا بۆ ئەوەی نیمچە دوورگەی كریمیا داگیربكات لەلایەن ئەمریكا و ناتۆوە پەیوەندی نییە بە " جەنگی تێكەڵاو"ەوە، بەڵكو پەیوەندی هەبوو بە هەموو ئەوەی پەیوەستە بە هاوسەنگی سەربازی فیعلی، لە راستیشدا نیمچە دوورگەی كریمیا و خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بەشكێك بوون لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی روسیا / جگە لە چەندین كێشەی تر، هەروەها خۆرئاوا لە هەوڵەكانی بۆ كاریگەری خستە سەر رەفتاری روسیا رێگاچارەی دروست بەكارناهێنێت. كۆڤمانیش دەڵێت: زۆرینەی ئەو ئامرازە بەكارهێنراوانە تائێستا پەیوەستن بە گەرەنتی هاوپەیمانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە سیاسەتەكانی هاوپەیمانان، بەڵام تیۆرییەكی روون نییە دەربارەی چۆنێتی كاریگەری خستنە سەر رەفتاری روسیا و رێوشوێنە دیپلۆماتییەكان بۆ پاراستی یەكێتی سیاسیی، بەڵام بیروبۆچونەكان لە مۆسكۆ ناگۆڕن. لە لایەكی ترەوە هەوڵدان بۆ قایلكردنی روسیا لە كشانەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی یان خۆ رادەستكردن لە ئۆكرانیا بیركردنەوەیەی دروست نییە و ئەنجامێكی نابێت و لە كۆتاییدا پێویستە جارێكی تر بیربكرێتەوە لە سیاسەتی پەیڕەوكراو بەرامبەر بە مۆسكۆ، لێكەوتەكانی داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت بە هەند وەربگیرێت كە ماوەی 30 ساڵە تاوەكو ئێستا بەردەوامە.
درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف "توركیا والی بۆ عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دادەنێت و دەیبەستێتەوە بە شاری ئەنتاكیای توركیاوە" ئەمە ئەو هەواڵەیە كە لەسەر زاری وتەبێژی " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین" بڵاوكراوەتەوە كە ئەنجومەنێكە و لەلایەن تورکیاوە لەدوای داگیركردنی عەفرینەوە بۆ بەڕێوەبردنی كانتۆنی عەفرین دەستنیشانكراوە. ئەم هەنگاوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروا هەنگاوێكی ئاسایی نیە و بەشێكیشە لەو هەنگاوە پلان بۆ داڕێژراوەی كە ئەردۆغان خەونی پێوە دەبینێت و لەسەر ئەرزی واقیعیش كاری لەسەر دەكات، هەروەها لەدوای گرتنی عەفرین ئەردۆغان رایگەیاند: عەفرین رادەستی سوریا ناكەینەوە و خۆمان بەرێوەی دەبەین، دانانی والی بۆ عەفرینیش داگیركردنی یەكجارەكی ئەو ناوچەیەیە، ئەردۆغان راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكەمان تەنها لە عەفریندا ناوەستێت و بەرەو مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و شەنگال هەنگاودەنێت، ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان هەولێكە بۆ بە واقیعیكردنی خەونە سوڵتانیەكانی، كە بە شێوەیەكی پراكتیكی كاری لەسەر دەكات، ئێستا لەناو میدیای توركیا و تەنانەت ناوچەكەشدا ئەردۆغان بە سوڵتانی نوێ یاخود هەڵگری خەونی سوڵتانی ناودەبرێت، كە خەونی دروستكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی نوێیە و هەوڵ بۆ گرتنەوەو گەڕانەوە بۆ سنوری دەوڵەتی عوسمانی دەدات ( دەوڵەتی عوسمانیی كە لە ساڵی 1299ی زاینی تا ساڵی 1922ی زاینی بەردەوام بوو). بێرنارد هێنری لیڤی فەیلەسوفی فەرەنسی و ناسراو بە دۆستی كورد لە رۆژانی رابردوودا نوسی: ئەردۆغان تەنیا سەرۆكی توركیا نییە، بەڵكو ئەو سوڵتانە و دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە ناوچەكەدا دابمەزرێنێت، ئەردۆغان لە چەندین وتاریدا شانازی خۆی بە دەوڵەتی عوسمانیەوە كردووە و خەونی بەدیهێنانی داوە هەروەك لە وتارێكیدا لە ساڵی 2012 دا وتی: ئێمە دەگەینە هەموو خاڵێك و ناوچەیەك كە پێشتر باپیرە عوسمانییەكانمان بەسواری ئەسپ گەیشتن پێی و حوكمیان كرد. بۆیە ئەردۆغان و دارودەستەی حوكمرانێتییەكەی لە تەواوی رەهەندەكانەوە كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی خەونی سوڵتانی ئەردۆغان، بەڵام لە چاوەڕوانی هەلێكدابوون تا دەرچەیەك بدۆزنەوە و لێیەوە بچنە سەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان، بۆیە شەڕی سوریا و هەڵپەی وڵاتە زلهێزەكان بۆ پچڕینی پشكی خۆیان توركیای كێشكرد بۆئەوەی بەشی خۆی بپچڕێت لەو كێكی سوریا و خاڵی سەرەتا دەستپێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان بێت، چونكە توركیا تا ئێستا سوریا و عێراق و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی عوسمانییەكاندا بووە بە موڵكی خۆی دەزانێت، هەروەك ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە تەمموزی 2014 رایگەیاند: سوریا لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دامەزراوە، بۆیە بەردەوام دەبین لەپاراستنی ئەم ڕیشە مێژووییەمان، ئەوەش شەرعیەتدانە بە دەستوەردان لە كاروباری سوریا و چاوەڕوانیش ناكرێت تەنها بە گرتنی عەفرینەوە بوەستێت و بگرە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەردۆغان ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە تا باشووری كوردستانیش، دانانی والیش بۆ عەفرین واتا بە دیهێنانی بەشێك لە خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان. كانتۆنی عەفرین ( یەكێكە لە سێ كانتۆنەكەی رۆژئاوای كوردستان و روبەرەكەی 3850 كم2 واتا 2% خاكی سوریایە و ژمارەی دانیشتوان 523258 كەسەو پانیەكەی لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا 55 كم2 درێژیەكەی لە باكور بۆ باشوور 75 كم 2، و تەنها 50كم2 لە دەریای ناوەڕاستەوە دوورە و سەربە پارێزگای حەلەبە كانتۆنی عەفرین لە ناحییەکانی ( عەفرین، جەندەریس، بلبلە، شیخ حدید، راجو، شەران، مەعبەتلی پێكهاتووە) والیەك بۆ هەولێر توركیا دەیەوێت لەدوای عەفرین هەولێریش بكاتە ویلایەتێكی سەربە توركیا ئەگەرچی ئێستا هەژمونی ئەنکەرە لەسەر هەولێر زیادترە وەك لە بەغداد، بەو پێیەی هەولێر رازی نەبوو هێزی عێراق بێتە هەرێم بەڵام چەندین بنكەی سەربازی توركیا لە هەرێمدان، ئەردۆغان چاوی لەسەر باشووری كوردستانە و پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە). گرتنی عەفرین و دانانی والی بۆی دوای 58 رۆژ لە بەرەنگاری و خەبات و شەڕی هێزەكانی یەپەگە هات و واتا 58 رۆژ لە شەڕی دووەم هێزی ناتۆ، لەدوای عەفرین، توركیا چاوی لە هەولێر، هەرچەندە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان عەفرین و هەولێر بۆ ئەردۆغان، بەو پێیەی ساڵانێكی زۆرە ئەردۆغان كارلەسەر هەولێر دەكات و زۆرجار وەكو ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵكراوە، بەو پێیەی توركیا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی هیلكەكانی خستبووە ناو سەبەتەی توركیاوە تا راپرسیەكەی 25ی ئەیلول. بە ویلایەتكردنی هەولێر بۆ توركیا تا ئاستێك ئاسانترە بۆ بەدیهێنانی خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان، بەو پێیەی ئەردۆغان ساڵانێكی درێژە كاری لەسەر باشووری كوردستان كردووە و هەژمونی سیاسی و سەربازی و ئابووریی و كلتوریی بەسەر كوردستاندا سەپاندووە بەتایبەتیش: یەكەم/ دانانی چەندین بنكەی سەربازی لە باشووری كوردستان كە ئێستا زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت فڕۆكەخانەی سەربازیشی داناوە، دواترینیشیان هاوكات لەگەڵ هەوڵی داگیركردنی عەفرین و بەرەنگاری توند لەوێ، بەڵام لە سیدەكانەوە 15 كم2 هاتە خاكی باشووری كوردستانەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەبری بەرەنگاری چاوساغیانكردن و 12 بنكەی سەربازیان لەوێ دانا، بۆیە ئەردۆغان لە روی سەربازییەوە هەرێمی داگیركردووە و پێویستی بە هێزی سەربازیی نیە بۆ داگیركردنی ئەو هێزەشی دەیەوێت دژ بە پەكەكەیە نەك هەرێم. دووەم/ سەرچاوەی داهات و ئابوری باشووری كوردستان لە دەستی توركیادایە، بودجەی هەرێم كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەنەوت دەبەستێت( مانگی ئازاری 2018 هەرێم 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە) لە رێگای توركیاوە رەوانە دەكرێت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و هەركات بیەوێت رایدەگرێت، خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلیش كە سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتە هەر لە رێگەی توركیاوەیە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە 60%ی كەلوپەل و پێداویستییەكانی ناو بازارەكانی هەرێم توركین. سێیەم/ لەروی كلتوریی و پەرورەدەییشەوە توركیا هەژمونی خۆی لەسەر هەرێم داناوە، ئێستا توركیا لە رێگەی زنجیرە دۆبلاژكراوەكانەوە كلتوری خۆی بەسەر خێزانی كورددا بلاودەكاتەوە و زنجیرە توركییەكان پڕبینەرترینن، لە رووی پەروەردەیشەوە چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و تا ئاستی زانكۆش چەندین قوتابخانە و زانكۆی توركی لە هەرێم کراونەتەوە. گرتنی عەفرین و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەردۆغان زیاتر هاندەدات كە پەلە بكات لەسەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكانی و فراوانكردنی قەڵەمڕەوی خۆی لە عێراق و سوریا و بەتایبەتیش بارودۆخی خراپی سوریای قۆستەوە بۆ گرتنی عەفرین و بارودۆخی عێراق و ململانێی ناوخۆیی دەقۆزێتەوە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان و بە ویلایەتكردنی هەولێر، كە رەنگە لە داگیركردنی باشووری كوردستاندا بوونی پەكەكە و رێكەوتنی كۆنی نێوان بەغداو ئەنکەرە بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی بكاتە بیانوو، هێزەكانی خۆی بە فراونتر لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكات و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، بەو پێیەش هەژموونی خۆی بەسەر هەولێردا بسەپێنێت و هەولێر بكاتە ویلایەتێكی دەوڵەتی نوێی عوسمانی كە كێكە لە خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان.
راپۆرتی: درەو هێدی هێدی حیزبەكان قاچیان لەناو خۆپیشاندەران دەبەنە دەرەوە، بەڵام لە ترسی شەقام و دەنگدەرانیان ناتوانن بە روونی داوای كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان بكەن و كە بەشێكی زۆری لایەنگرانیان لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندەراندان، پێیان وایە خۆپیشاندانەكان وەزیفەی خۆی تەواوكردووە و حیزبەكانیش مەسجی خۆیان گەیاندوەتە دەسەڵات، بۆیە دەزانن ئەگەر خۆپیشاندەران كۆتایی پێنەهێنن، دەسەڵات هێز بەكار دەهێنێـت بۆ كۆتایی پێهێنیانیان. لە دوو سێ رۆژی رابردوودا بەشێك لە حیزبەكان هەوڵی زۆریاندا بۆ پێچانەوەی خێمەكان و كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، بەڵام سەركەوتوو نەبوون بە رازیکردنی خۆپیشاندەران بە كۆتایی بایكۆت و خۆپیشاندانەكان، بەڵام لانی كەم سەركەوتووبون لە هەڵگرتنی خێمەی خۆپیشاندەران، ئێستا شەقام بەدەست خۆپیشاندەری توڕە و پڕ قینەوەیە، كە ئامادە نین شەقام چۆڵ بكەن و كاتی خۆپیشاندانەكانیش بە كاتێكی زێڕین دەزانن بۆ ملدانی حیزب و دەسەڵات بە داواكانیان لەبەرئەوەی پێش وادەی هەڵبژاردنە و پێیان وایە ئێستا داواكانیان جێبەجێنەكرێت، ئەستەمە لەدوای هەڵبژاردن فشارەكانیان جێبگرێ و بگاتە گوێی بەرپرسان. ئێستا حكومەت دەیەوێت سەرەداوی كۆتاییپێهێنانی خۆپیشاندانەكان بدۆزێتەوە، كە پێی وایە لە ژێر خێمەكانی بەردەم مەحكەمەی سلێمانیدایە، بۆیە وەك هەنگاوی یەكەم بە فشارەكانی لە رێگەی ئیدارەی سلێمانیەوە لەسەر سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ناڕازی و حیزبەكان، مامۆستایانی رازی كرد بە پێچانەوەی خێمەكان، كە رەنگە لە هەنگاوی دووەمدا بیانەوێت بە هێزی ئەمنی كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن، كە سەرەداوی بەكارهێنانی هێزیش لەبەردەم نەخۆشخانەی فێركاری سلێمانیەوە دەستیپێكرد و هێزیان بەكارهێنا بۆ كۆتایی پێهێنانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و یەكەم هێرش و توندوتیژی هێزەكانیش بە هێرشكردنە سەر ( بێستون فەتاح ) كارمەندی تەندروستی دەستیپێکرد. ئێستا حیزبەكانی وەك سەرەتای خۆپیشاندانەكان بە دەنگی بەرز هاواری پشتیوانی خۆپیشاندانەكان ناكەن، ئێستا هێزەكان دەیانەوێت خۆیان بەدووربگرن لە خاوەندارێتی خۆپیشاندانەكان كە پێشتر هەریەكە و كێبەركێی دەكرد بۆ خاوەندارێتی خۆپیشاندانەكان و كردبویانە مەیدانی بانگەشەی كاندیدەكانیان. رەنگە خۆدوورگرتنی حیزبەكان و پاشەكشەی لەسەرخۆیان لەناو خۆپیشاندانەكانەوە، سەرەتای هەستكردنبێت بە فشار و هەوڵی كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان لەرێگەی هێزەوە.
راپۆرتی شیكاریی: درەو شەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن جیاواز لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و تەنانەت عێراقیش لە پارێزگای سلێمانی گەرمتر دەبێت، بەجۆرێك بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن كە بڕیارە 15ی نیسان لە هەرێم بەرێوەبچێت، لە ئێستاوە شەڕی ئیعلامی هێزەكان لە سلێمانی گەرمە و بەجۆرێك هێرشەكان گەیشتونەتە فایل هەڵدانەوە و تۆمەتدروستكردن و پەلاماردان، ئەمە لە كاتێكدا كە ئاستی بەدەمەوە چونی هاوڵاتیان بۆ تۆماری بایۆمەتری، كە هەنگاوی سەرەكی بەشداری هاوڵاتیە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لاوازە و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنیش هاوڵاتیان زۆر بە ساردی بەدەمەوە چونیان هەیە بۆ پرۆسەكە. عەلی قادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بە درەو میدیای راگەیاند: ئاستی تۆماری بایۆمەتری لە پاریزگای سلێمانی 49%یە واتا كەمتر لە نیوەی هاوڵاتیان چون بۆ تۆماری بایۆمەتری كە ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار ( یەك ملیۆن و 343 هەزار و 521 ) كەسە بەو پێیەش( 658 هەزار و 325 ) كەس بایۆمەتریان كردووە، ئەمە ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە لەم هەڵبژاردنەدا ئاستی بەشداری هاوڵاتیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەشداریەكی گەرموگوڕ نابێت،جگە لەم ئامارە ئەوەی زیاتر پاڵپشتی ئەم بۆچونە دەكا تئاستی بەشداری هاوڵاتیان بوو لە پرۆسەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردووداكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی رێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد كە بەپێی ئاماری خودی كۆمسیۆن رێژەی بەشداری لە 50%ی تێنەپەڕاند. هێزەكان لە ململانێیەكی گەرمدا ئێستا ململانێكە لە نێوان هێزەكاندا شێوازێكی نوێی گرتووە لە شەقامەوە گوازراوەتەوە بۆ لوتكەی دەسەڵات، ئەم ململانێ و یەكتر شكاندانانە كە رق و توڕەیی زۆر دروست دەكەن، زیاتر لە سەرەوە شۆڕ دەبنەوە بۆ خوارەوە نەك لە شەقامەوە بۆ سەرەوە كە پێشتر ململانێكە لە شەقامەوە بوو ناوی دەنرا جوڵەی خۆڕسك، ئەم ململانێ و شەڕانە لە نێوان حیزبەكاندا كە زیاتر بەرگێكی حیزبی گرتووە، تەواوی خەڵكی ماندووكردووە بەتایبەت لە كاتێكدا هاوڵاتیان بەدەست قەیرانی ئابوری و گیرفانی بەتاڵ و كێشەی ئابوری و كۆمەڵایەتیەكی زۆرەوە ماندوبوون، بەڕای زۆرێك لە چاودێران ئەم جۆرە لە ملشكاندنە شەڕی ناشرینكردنی بەرامبەرە لە پێناو میكیاژكردنی خۆت، نەك شەڕی ستراتیژی لە پێناو خەمەكانی خەڵكدا، لە كاتێكدا خەمی گەورەی هاوڵاتیان دابینكردنی گوزەرانیەتی، ، ئەم ململانێیانە كاریگەری نێگەتیڤی گەورەی هەیە لەسەر ئێستا و ئاییندەی كۆمەڵگەی كوردی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و ئاشتی كۆمەڵایەتیی. چاوەڕوان دەكرێت شەڕی گەرمی ئەم هەڵبژاردنە كە لە ئێستاوە ئاسۆكانی دەركەوتووە لە نێوان هێزە لێكنزیكەكانەوە بێت، ئەوانەی كە تازە هاتونەتە ناو پرۆسەكەوە، چونكە ئەوەی تازە دروست بووە هەست دەكات بەرامبەرەكەی ئیرەیی پێدەبات و لەناو فەنتازیای خەیاڵی خۆیدا هەڵمەت دەبات و ئەوەشی خۆی بە خاوەن دۆخەكە دەزانێت وابیردەكاتەوە ئەو هێزە نوێیانە لە پشكی ئەو دەبەن. هەموو هێزەكان بەناوی خەڵكەوە قسەدەكەن بەناوی خەڵكەوە بەرنامە دادەرێژن، بەڵام هەموویان خاوەنی گوتارێكی روون نین، گوتاری هەموویان لێك نزیكە، هەموویان لە خەیاڵدانیاندا دوژمنێكی وەهمیان بۆخۆیان دروست كردووە و پەلاماری دەدەن، بۆیە بەئەستەم دەتوانرێت دونیابینی و تێروانینیان بۆ ئایندە و ئەنجامدانی ریفۆرم لە كایەكانی ژیانی كۆمەڵگە لێكجیابكرێتەوە، هەندێكیش هۆكاری پەلاماردانی یەكتر و ئەو شەڕە ئیعلامییە بۆ ئەمە دەگەڕێننەوە. ئەوەی بە روونی لە دۆخەكە دەخوێنرێتەوە ململانێی هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای سلێمانی بەتۆخی لە نێوان ئەم هێزانە دەبێت: یەكەم/ ململانێی توندی هەڵبژاردن لە نێوان گۆڕان و جوڵانەوە نەوەی نوێ دەبێت، بەو پێیەی زۆرێك لە بۆچونەكان وای بۆدەچن نەوەی نوێ لە هەناوی بیركردنەوە و گوتار و هەڵوێستەكانی گۆڕانەوە لە دایکبووە، چونكە ئەگەر لە روی فیزیكیشەوە لە ناو گۆڕانەوە نەهاتبێتە دەرەوە، ئەوا هەڵگری هەمان خیتابی گۆڕانە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە، هەڵگری هەمان گوتاری بەشێك لە پۆپۆلیستەكانی گۆڕانە كە لەسەرەتای دروستبونیەوە بەرامبەر بە یەكێتی و پارتی گرتیە بەر، ئێستا نەوەی نوێ بەهەمان رێچكەی گۆڕاندا دەڕوات بە كۆمەڵێك كارەكتەری گۆڕانەوە و هەمان گوتاری سەرەتاكانی گۆڕانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، بۆیە بەرلە هەر هێزێك پەلاماری گۆڕان دەدات، چونكە پێی وایە بەشێكی زۆری دەنگەكانی لە گۆڕەپانی گۆڕاندایە، نەك لە گۆڕەپانی یەكێتی و پارتی، چونكە پێشتر گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگە ناڕازییەكانی ناو ئەو هێزانەی هێنایە دەرەوە، بۆیە ئێستا نەوەی نوێ دەیەوێت بەشێك لە دەنگە ناڕەزاییەكانی ناو كۆمەڵگە بەرێت كە بەشێكی زۆری لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لای گۆڕان بووە. بزوتنەوەی گۆڕانیش ترسی هەیە لە نەوەی نوێ و پێی وایە ئەگەر دەنگەكانیشی نەبات بەشێك لە دەنگدەرە نارازی و دەنگە خۆڵەمێشیەكەی لێسارد دەكاتەوە و ترسی لەوە هەیە كە نەوەی نوێ جڵەوی نارەزایەتییەكانی شەقامی لەدەست وەربگرێت كە ماوەی نزیكەی 10 ساڵە گۆڕان رێبەرایەتی دەكات. لێرەوە هەردوو هێزەكە یەكتری بە مەترسی بۆسەر یەكدی دەبینن، بۆیە چاوەروان دەكرێت لە نێوان ئەم دوو هێزەدا ململانێی گەرم و شەڕی ئیعلامی توند دروست بێت و سودمەندی سەرەكیش لەم پرسەدا پارتی دەبێت، چونكە بەشێك لە هەڵمەت و گوتاری ئیعلامیەكەیان لە پارتی و یەكێتیەوە دەگۆڕن بۆ یەكتری. دووەم/ دیوێكی دیكەی ململانێ گەرمەكان لە پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەكێتی و هاوپەیمانێتیدا دەبێت، بەهەمان شێوەی ململانێی نێوان گۆڕان و نەوی نوێ، ململانێیەكی توندو پڕ لە هەڵدانەوەی دۆسیەكانی یەكدی لەنێوان هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دەبێت. یەكێتی پێی وایە هاوپەیمانی لەهەناوی ئەوەوە لەدایکبووە و لە خەرمانی ئەو جەواڵی خۆی پڕدەكات و زۆرینەی ئەو دەنگانەی ناو یەكێتی دەبات كە گۆڕان نەیتوانی بۆخۆی بەرێت ئێستا نیگەرانن لەمامەڵەی سەركردایەتی حیزبەكەیان، ئەو هێرشە پێشوەختەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتیەوە كرانە سەر هاوپەیمانی و خۆدی بەرهەم ساڵح، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو مەترسییەی كە سەركردایەتی یەكێتی لە بەرهەم ساڵحی هەیە و بەهەڕەشەیەكی جدی دەزانێت بۆسەر جەماوەرەكەی و بردنی دەنگەكانی. لە بەرامبەردا ئەگەرچی هاوپەیمانی راستەوخۆ نەچوەتە ناو ململانێوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام هەموو ئەو رەخنە و پەیامانەی كە دەیانخاتە روو و لە پایەكانی حوكمڕانی هەرێمی دەدات، یەكێتی پایەیەكی سەرەکیەتی و شەریكە بەشی هەموو شكستەكانە و ئۆتۆماتیكی ئەو رەخنانەی كە هاوپەیمانی دەیگرێت تیرەكەی بەر یەكێتی دەكەوێت. كێشكردنی هەموو ململانێ و شەرەكان بۆدەڤەری سلێمانی و كورتكردنەوەی تەنها لە ناوچەیەكدا، زیانگەیاندن نیە تەنها بە خەڵكی ناوچەكە، بەلكو زیانگەیاندنە بە خودی هێزەكان خۆیان لە سنوری ئەم پارێزگایەدا،كە لە ئەنجامدا دەبنە كۆمەڵێك هێزی پارچەپارچە و خاوەن دەنگ و پێگەی پەرشوبڵاو كە بۆ ئایندە ناتوانن رەسمی سیاسەتێكی وا بكەن كە بەهەموویان بتوانن قورساییەكی وا دروستبکەن كە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوەستنەوە، كە گۆڕەپانەكەیان لە هەولێر و دهۆك بەتەختی بۆ بەجێهێشتووە و دەنگ و كورسییەكانی پارتیش لە سلێمانی جیێگیرە. لەمەشەوە دەردەكەوێت كە پارتی براوەی یەكەمی هەموو ئەو ململانێ و یەكتر شكاندانەیە كە هێزەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان پێكردووە، دواجاریش ئەم هێزانە هێندە یەكتری دەشكێنن ناتوانن بەوهەموو ناكۆكیەوە لەدوای هەڵبژاردن یەكبگرن و هێزێكی تۆكمە دروستبكەن و بچنە بەرامبەر پارتی، بۆیە وەك رابردوو یەك یەك و دوو دوو دەچنەوە بەرامبەر پارتی، بەمەش دۆخەكە لە بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێتەوە و دەچینەوە خاڵی سەرەتا.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 14ی مانگی نیسانی بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكردووە، بەڵام لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیست و هاوپەیمانی و كاندیداكانی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە. دەستپێكردنی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هێنایە دەنگ و كۆمسیۆن رایگەیاند سزای ئەو كاندید و قەوارە سیاسیانە دەدەن كە دەستیانكردوووە بە پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامەكانی بەغدا و سەرجەم پارێزگاكان و سزاكان دەگەنە ئاستی بێبەشكردنی كاندید و قەوارەكەی لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن. لەلایەن خۆشیەوە سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ئاگاداریەكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا هاتووە: هەرلایەن و كاندیدێك پێش رۆژی هەڵمەتی بانگەشەكردن، كە 14ی نیسانی 2018یە بانگەشە بۆ خۆی بكات، بۆ جاری یەكەم بە بڕی ( 50 ملیۆن) دینار سزا دەدرێت و ئەگەر ئەو پێشێلكارییەی دوبارە بكاتەوە، سزاكەی دوبارە و سێبارە دەبێت و لە چواربارەدا مافی كاندیدبونی لێدەستێنرێتەوەو حیزب و هاوپەیمانێتیەكەشی بە بڕە پارەیەكی زۆر سزا دەدرێت. هەرچەندە هێشتا دوو هەفتەی ماوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی كوردستانیش بانگەشەی پێشوەخت دەستیپێكردووەو گەرمە، بە جۆرێك حزب و قەوارە سیاسییەكان و كاندیدەكان سەرەتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردە مەیدانی بانگەشە و هەزاران پەیج و ئەكاونتیان بۆ بانگەشەكردن بۆ خۆیان كردوەتەوە و لەو رێگەیەوە بانگەشە بۆخۆیان دەكەن و هێرشیش دەكەنە سەر كاندید و لیستە ركابەرییەكانیان.. جگە لەوەش سەرۆكی حزب و قەوارەكان و سەرۆكی لیستەكان و كاندیدەكان دەستیانكردووە بە چالاكی رۆشنبیری و هونەری و زانستی و سەردانی كۆمەڵایەتی و بەسەركردنەوەی ناوچەكان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكانیان قۆزتوەتەوە بۆ بانگەشەكردن بۆخۆیان و كۆكردنەوەی دەنگ. مەیدانێكی تری بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەكانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایانە و لە هەر شار و شارۆچكەیەك گردبونەوەیەك یان خۆپیشاندانێك هەبێت چەند كاندیدێك ئامادەن و بەشێكیشیان وتار و لێدوانی حەماسیانە پێشكەشدەكەن.. ئێستا بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان گەرمە بە جۆرێك لیستە نوێیەكان كۆبونەوەو هەڵمەتەكانی بانگەشەیان دەستپێكردووە جگە لە ناوهێنانی ژمارەی لیستەكانیان هەموو جۆرەكانی دیكەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیان دەستپێكردووە، رۆژنامەو سایت و كەناڵە ئاسمانیەكان پڕبوون لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەلاماردان و هێرشكردنە سەر یەكدی، بەو پێیەش ئەوەی ئێستا دەكرێت هیچ واتایەكی نەهێشتۆتەوە بۆ وادەی دیاریكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆن لە 12ی نیسانەوە كردیە 14ی نیسان. جگە لە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن دەنگۆی ئەوەش هەیە كە لە هەندێك ناوچە كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە دەكرێت ، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا میوانداری ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمسیۆنی كرد و بڕیاریدا كە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر هەر كەسێك كە كڕین و فرۆشتن بە كاری دەنگدانەوە دەكات یان بەكاریدەهێنێت . ئەگەرچی رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان لە تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان زۆر كەمەو رەنگە كاریگەری لەسەر بەشدارینەكردنی زۆری هاوڵاتیان هەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا، كە بە وتەی عەلی قادر بەریوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاستی تۆماركردنی بایۆمەتری لە پارێزگای هەولێر ( 60%) و لە سلێمانی ( 49% ) و لە دهۆكیش ( 71%) بەڵام حیزبەكان دەیانەوێت گەرم و گوڕی بخەنە شەقامەوە.
درۆی نیسان یەكێكە لەو نەریتە كۆنانەی كە ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر، درۆی نیسان چەندین شێوازی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت لە نێویاندا درۆكردن و ئابڕوبردن و گاڵتە و گەپ و بڵاوكردنەوەی نوكتە و خەڵەتاندنی كەسی بەرامبەر. ئەوروپییەكان لە یەكەم ڕۆژی مانگی چوار (نیسان)ی هەموو ساڵێك ئاهەنگی درۆی نیسان یاخود ڕۆژی درۆ دەگێڕن، لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و نوكتەكردنەوە و قوربانییەكانی ئەو ڕۆژەش بە گێلەكانی درۆی نیسان ناودەبەن، ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و گۆڤارەكانیش لەڕێی بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و چیرۆك و ڕاپۆرتی بێبەنەماوە بەشداریدەكەن لەم بۆنەیەدا. " ئەوروپییەكان لە یەكەم ڕۆژی مانگی چوار (نیسان)ی هەموو ساڵێك ئاهەنگی درۆی نیسان یاخود ڕۆژی درۆ دەگێڕن، لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و نوكتەكردنەوە قوربانییەكانی ئەو ڕۆژەش بە گێلەكانی درۆی نیسان ناودەبەن " لەگەڵ ئەوەی درۆی نیسان وەك یەكێك لە بۆنە میللیەكان لە سەدەی 19وە جەماوەری خۆی هەیە و پەرەی پێدەدرێت، بەڵام تائێستا نەبوەتە ئاهەنگێكی فەرمی لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا و تائێستا لەچوارچێوەی گاڵتە و گەپدا ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی هەندێكجار بەئازاریش بووە. شاعیری بەریتانی جیفری چوسەر كە لە سەدەی 14دا ژیاوە، نوسەری كۆمەڵێك چیرۆك و هۆنراوەیە بەناوی ( چیرۆكەكانی كانتەربری) بەیەكەم كەس دادەنرێت كە ڕۆژی یەكی مانگی نیسان و درۆی پێكەوە گرێداوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دێرێنی درۆی نیسان. " شاعیری بەریتانی جیفری چوسەر كە لە سەدەی 14دا ژیاوە، نوسەری كۆمەڵێك چیرۆك و هۆنراوەیە بەناوی ( چیرۆكەكانی كانتەربری) بەیەكەم كەس دادەنرێت كە ڕۆژی یەكی مانگی نیسان و درۆی پێكەوە گرێداوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دێرێنی درۆی نیسان" بە شێوەیەكی گشتی دیاردەی تەرخانكردنی ڕۆژێك بۆ گاڵتە و گەپ و درۆ و نوكتەكردن، بە یەكێك لە دیاردە بەربڵاوەكان دادەنرێت لە ناو زۆرێك لە گەلاندا، ئەمەش تەنها پەیوەست نیە بەڕۆژی یەكی نیسان بەڵام درۆی یەكی نیسان بەدیاریكراوی لەو كاتەدا بڵاودەكرێتەوە. هەندێكی تر دەڵێن، نەریتی درۆی نیسان سەرچاوەكەی ڕۆژژمێری كۆنی ڕۆمانەكانە كە بە بۆنەی سەری ساڵ و سەرەتای وەرزەوە كاتێك گۆڕانكارییەكان سەرەو ژوور دەبون و بەتایبەت لە بەهاردا كە كەشوهەوا گۆڕانكاری بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و هەندێك پێیانوایە درۆی نیسان لەم گۆڕانكارییەوە سەریهەڵداوە. بەریتانییەكان بەدیارترین ئەو گەلانە دادەنرێن كە پەیوەستن بە درۆی نیسانەوە، لە دیارترین ئەو درۆیانەشی كە تائێستا لەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە، ناردنی سەدان نامەی بانگهێشتكردن بووە بۆ هاوڵاتیانی شاری لەندەن بۆ ئامادەبون لە ئاهەنگی ساڵانەی شتنی شێری سپی، بەڵام دوای ئەوەی هاوڵاتییەكی زۆر لە شوێنی دیاریكراوی بۆنەكە ئامادەبون دواتر زانیوانە كە بانگهێشتەكە درۆی نیسان بووە. لە ئێرلەنداش ناردنی "پەیامێكی گرنگ" بوەتە نەریت و دەدرێت بە كەسێكی دیاریكراو و داوای لێدەكرێت كە بیگەیەنێت بە كەسێكی تر، كاتێك كەسی سێیەم نامەكە دەكاتەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە"بینێرە بۆ گەمژیەكی تر". " لە ئێرلەندا ناردنی "پەیامێكی گرنگ" بوەتە نەریت و دەدرێت بە كەسێكی دیاریكراو و داوای لێدەكرێت كە بیگەیەنێت بە كەسێكی تر، كاتێك كەسی سێیەم نامەكە دەكاتەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە"بینێرە بۆ گەمژیەكی تر" هەر لەچوارچێوەی ئەو درۆیانەی خراونەتە پاڵ درۆی نیسان، یەكێك لە بەشدارانی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێكدا نوسیویەتی ، دیارترین درۆكانی نیسان لە ساڵی 1746 كراوە لە ڕێی ڕۆژنامەیەكی بەریتانیەوە كە بانگەشەی ڕێكخستنی گەورەترین نمایشی كردوە بۆ گوێدرێژ، كاتێك خەڵكێكی زۆر كۆبوەتەوە جگە لەخۆیان شتێكی تریان نەبینیوە. ئاژانسی "ئەسۆشیەیتید پرێس" لە ساڵی 1983دا، ڕاپۆرتێكی لەبارەی درۆی نیسان بڵاوكردەوە، كە جۆزێف بوسكن مامۆستای مێژوو لە زانكۆی بۆستن ئامادەیكردبوو، زۆرینەی ڕاگەیاندنەكانی جیهان بڵاویانكردەوە. بیرۆكەكە دەڵێت، ئەم نەریتە لە سەرەتای سەدەی چواری زاینی و لەسەردەمی قوستەنتین ئیمپراتۆری ڕۆمانییەوە سەرچاوەی گرتوە، چیرۆكەشەش بەمشێوەیەیە، كەسێك بەناوی (كوغل) لە كۆشكی ئیمپراتۆر ڕۆڵی بوكەڵەی بینیوە و لەبەردەمی ئیمپراتۆردا وتویەتی بوكەڵەكان (موهەریج) دەتوانن لە ئیمپراتۆر باشتر حوكمڕانی بكەن و ئیمپراتۆری ڕۆمانیش بۆ گاڵتەجاری ئەو بوكەڵەیەی لە ڕۆژی یەكی نیساندا بۆ ڕۆژێك كردووە بە ئیمپراتۆر و (كوغل)یش، بڕیاریداوە ئەو ڕۆژە سەرانسەری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پڕبكات لە گاڵتە و گەپ و ئیمپراتۆر بەم بیرۆكەیە سەرسام بووە و لەوە وە بڕیاریداوە بیكاتە نەریتێكی ساڵانە. دوای ماوەیەك لە بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكە، ئاژانسی" ئەسۆشیەیتید پرێس" بۆی دەركەوت كە خۆشی بوەتە قوربانی درۆی نیسان و مامۆستاكەی زانكۆی بۆستن چیرۆكەكەی هەڵبەستوە. ئامادەکردنی: درەو
خۆپیشاندانەكان لەكوێدا دەوەستن ؟ راپۆرتی/ محەمەد رەئوف خۆپیشاندانەكان تا ئێستا بەردەوامن، ئەمجارە خۆپیشاندەران توندتر و توڕەتر و جەریئانەتر و نیگەرانتر لەسەر شەقامن، دروشمەكانیان تەنها لە موچەدا نەوەستاوە، بەڵكو داوای رۆیشتن و كۆتایی هێنانی بەرپرسانی هەرێم دەكەن، كە بە دز و شەریكی دز ناویان دەبەن، ئەگەرچی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چوارشەممەی رابردوو دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاند، بەڵام ئەم دەستكاریكردنە دڵی گەرمی موچەخۆرانی ساردنەكردەوە، چونكە ئەوان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سیستمی پاشەكەوتی موچەیان بەسەریان بەسەردا سەپێنراوە، تەنانەت ئەو چارەكە موچەیەشی لە كاتی خۆیدا پێدابیننەكراوە، بۆیە بەشێك لە هۆكاری بەردەوامی خۆپیشاندانەكان نەبونی متمانەیە، متمانە بە بەڵێنەكانی حكومەت، ئەوان دەزانن ئێستا كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانە بۆیە سوربونی خۆیان لەسەر داواكاریەكانیان دوپاتدەكەنەوە. ئێستای خۆپیشاندانەكان لەبەردەم دوو ئەگەردان، درێژەدان بە خۆپیاشندانەكان یاخود كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، لە هەردوو حاڵەتەكەدا لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و كاریگەری خۆی جێدەهێڵیت. ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بن: لە ئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندانەكاندا، وەك خۆپیشاندەران ئاماژەی بۆ دەكەن سوورن لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی داواكاریەكانیان جێبەجێدەكرێت: - لەئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندانەكاندا، بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا حكومەتی هەرێم ناچارە مل بدات و بەو پێیەش فشار لەسەر خۆی و سازشی زیاتر بۆ بەغداد دەكات تا موچە بنێرێت. - یاخود پارتی و یەكێتی بە رێكەوتن و هێز كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان دەهێنن، هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، كە ئەمەیان هەرچەندە باس لە فشاری پارتی دەكرێت لەسەر یەكێتی بۆ كپكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری سلێمانی، بەڵام ناكۆكیەكانی ناوخۆی یەكێتی و ترسی یەكێتی لە هەڵبژاردن، ئەستەمە یەكێتی بچێتە ژێر باری ئەو رێگەیە بۆیە ئەم ئەگەرەیان لاوازە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتیش ئەگەرچی بەردەوام لەناو خۆپیشاندانەكاندان و پشتیوانی بۆ دەردەبڕن، بەڵام چاودێران دەڵێن كە بارودۆخە بەجۆرێك ئیحراجی بۆ درووستکردون كە ناتوانن پشتی تێبكەن ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەزانن پشتیوانی نەكردنیان زیانیان بەردەكەوێت لە هەڵبژاردنەكاندا، لەلایەكی تریش ئەوان ئەجێندای رونیان نەبووە بۆ خۆپیشاندانەكان لەبری پێشڕەوی خۆپیشاندەران ئەمان كەوتونەتە دوای خۆپیشاندەران، بۆیە ئەجێندایەكی رونیان نیە، هەروەك نوسەر و روناكبیر ئاراس فەتاح لە نوسینێكدا بەناوی ( كاتی چیە) دەنوسێت:( سەردان و بەسەركردنەوەی خۆپیشاندەران هیچ بەھایەكی سیاسیی و واقیعیی نییە گەر تەنها قەرزێكی ئەخلاقیی و خۆنماییشكردنێكی ڕەمزیی ئەم سەرۆك و ئەو ئەندام پەرلەمان و فڵان كاندیدی داهاتووی هەڵبژاردنەكان بێت، بەڵكو دەبێت وێنەكە گەورەتر ببینرێت و بیری عەقلانیی لە دروستكردنی دەرچەیەكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی بۆ ئەم ھەرێمە بكرێتەوە. خێوەتی خۆپیشاندەران خێوەتی پرسەی كۆمەڵایەتیی نییە، بەڵكو دەبێت بكرێت بە خێوەتێكی سیاسیی فاتیحەخوێندن بۆ ئەم دەسەڵاتە. كوردستانی دوای ریفراندۆم پێویستی بەوە نییە مەینەتی خەڵك بكرێت بە كەرەسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و وەھم و خەونی عەوامفەریبیی ئەوەیان لادروستبكەن گەر دەنگ بە فڵان ھێز بدەن، ئیتر ئەوان لە ھەموو زوڵمێك ڕزگاریان دەبێت. بەڵكو دەبێت بە قووڵیی و بەرپرسانە بیر لە پەیوەندیی كۆمەڵگای ئێمە بە دەسەڵاتی خۆی و بە بەغداوە بكرێتەوە و پێكڕا ڕێگە لەوەبگرن كە چیدی ئاساییشی كۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییمان لەوە زیاتر وێراننەكرێت كە ئەم دوو حیزبە لەماوەی ئەم نیوسەدەیەدا بەسەر هەرێمدا ھێناویانە. - یان ئەوەتا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بێدەنگی لەسەر خۆپیشاندانەكان دەردەبڕن و خۆپیشاندەران بەویستی خۆیان كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان دەهێنن، وەك ئەوەی لە ساڵی رابردوودا بەناچاری مامۆستایان كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكان هێنا، بەڵام ئەم ئەگەرەیان لاوازە چونكە ئەم جارەیان تەواوی شار و شارۆچكەكان هاتونەتە شەقام، بۆیە ئەگەری ملدانی حكومەت بۆ خۆپیشاندەران ئەگەرێكی بەهێزە. لە ئەگەری كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكاندا: ئەگەر خۆپیشاندەران كۆتایی بە نارەزایی و خۆپیشاندانەكانیان بهێنن ئەوا، خۆپیشاندەران دەستكەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە كە خۆی دەبینێتەوە لە: - سەرەڕای ئەوەی ترسی و گومان هەیە كە ئەم دەستكاریە بۆ كپكردنەوەی توڕەیی شەقام بێت، بەڵام رێژەی پاشەكەوتیان بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزاندووەو ئەوانەی موچەكەیان كەمە پاشەكەوتیان لەسەر هەڵگیراو ئەوانەشی لە سەرو ملیۆنێكەوەیە رێژەیەكی كەم لە موچەكەیان دەبڕدرێت، واتا خۆپیشاندەران حكومەتیان ناچاركرد بەشێكی زۆری موچەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە موچەی ئێستایان بۆ دوو هێندە زیادكرد، واتا موچەخۆرێك ئەگەر موچەكەی لەسەرو ملیۆنێك دینارەوە بوبێت و بە پاشەكەوت كرابێتە 400 هەزار دینار، ئەوا ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ 800 هەزار دینار. - خۆپیشاندانی ئەمجارە جیاواز لە رابردوو ئاماژەیەكی گرنگیدا بە دەسەڵاتداران بەتایبەتیش دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی كە خۆپیشاندەران ناوچەی سەوزیان كۆنترۆڵكردووەو هەركات بیانەوێت كش مەلیكی دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە دەكەن و هاوكات قەڵای زەردیشیان بە بوێری وئازایەتی و جورئەتەوە لەقاندووەو هەركات بیانەوێت قەڵای باستیلی پارتی وەك یەكێتی كۆنترۆڵ بكەن. - خۆپیشاندەران لە دەڤەری هەولێر و دهۆك ئەگەرچی روبەرووی گرتن و لێدان و رێگری زۆر بونەوە، بەڵام دەسەڵاتی پارتیان ناچاركرد خۆی لەگەڵ خۆپیشانداندا رابهێنێت و تەشقی دەسەڵاتی شەقوەشێن و ئەمنی پارتیان لەو دەڤەرە تێكشكاند،بەواتایەكی تر ئاماژەكانی خۆپیشاندانی ئەمجارە لەدەڤەری زەرد دەستكەوتە گەورەكەی لە داهاتوودا دەچنرێتەوە. سەرەرای هەمو ئەو دەستكەوتانەی كە خۆپیشاندەران بەدەستیانهێناو ملیان بە حكومەت كەچكرد كە دەستكاری پاشەكەوتی موچە بكات، بەڵام گرنتی نیە كە حكومەت پەیوەست دەبێت بەو گۆڕانكاریانەو بڕیارەكانی جێبەجێ دەكات و كاتی نیە. ............................................................................... بیرهێنانەوە.... وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ئەوان مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە دەدەن و پشت بەو سەرچاوانەی داهات دەبەستن ئەوانیش : یەكەم/ مانگانە 375 ملیار دینار لەداهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سەروشتیەكان دووەم/ مانگانە 317 ملیار دیناری بەغداد سێیەم/ مانگانە 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بەپێی وتەی وەزیری دارایی مانگانە داهاتەكەیان دەكاتە ( 720 ملیار دینار)، بەڵام هەموو ئەو سەرچاوەی داهاتانەی كە دەستیان دەكەوێت، جێگیر نیەو گرنتی بەردەوامی نیە، بەو پێیەی : یەكەم/ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆیان دێت كە ( 317 ملیار دینار)ە گرنتی بەردەوامی نیە، بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، ناردنی پارە لە بەغداوە كاتیە تاوەكو بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە لە ڕۆژنامەی وەقائع و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە( ٢٥٠ هەزار )بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، نەك هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەغداش پارە بدات، پێشی وایە ئەم كارەی حەیدەر عەبادی لەپێناو ئەوەدایە پشتیوانی كورد بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەركاتیش كرایەوە سەرۆك وەزیران، یاسای بودجە جێبەجێدەكات. دووەم/ مانگانە بڕی ( 375 ملیار ) دینار لە داهاتی نەوت دەست دەكەوێت، چونكە لە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ( 370 هەزار بەرمیل ) نەوت بەرهەمدەهێت و نزیكەی ( 335 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەی بۆ ناوخۆیە، كە بەپێی راپۆرتی ( سۆمۆ) هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا ( مارس ) رۆژانە ( 344 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە. بەڵام ئەم پارەیە گرنتی نیە لەبەر ئەوەی:. ا- هەركات یاسای بودجە لە بەغداد جێبەجێبكرێت پێویستە هەرێم رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیل نەوت بداتە بەغداد، ئینجا بەغداد پارە دەنێرێت. ب- زۆرجار فرۆشتنی نەوت هەرێم كێشەی تێ دەكەوێت لە ( رەوانەكردن ، فرۆشتن، هێنانەوەی داهاتەكەی، كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت ). بۆیە پارەی نەوتەكەی هەرێمیش كە مانگانە ( 375 ملیار) دینارە گرنتی نیە لە كاتی خۆیدا مانگانە بگاتە دوەستی وەزارەتی دارایی و ئەویش دابەشی بكات. سێیەم/ ئەو پارەیەی ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بڕەكەی ( 25 ملیار دینار)ە كۆمەڵێك مەرج و پێوەری توندیان دیاری كردووە لەبەرامبەر پێدانیان بە پێشمەرگە ئەویش پشتی پێنابەسترێت. چوارەم/ داهاتی ناوخۆ كە بڕكەی مانگانە ( 120 ملیار دینار)ە كەم و زیاد دەكات و ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێبكرێت ئەبێت ئەو داهاتانە بەتایبەتیش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان بگەڕێنەوە بەغداد، كەواتا ئەو داهاتەش گرنتی نیە. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=175
راپۆرتی: محەمەد رەئوف دوای سێ مانگ لە دەستگیركردن و زیندانیكردنی قازیەكان بەرەبەیانی 31 ی ئازاری 1947 دوای نزیكەی یەك ساڵ لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان, حەمەحوسێن خانی (سەیفی قازی ) وەزیری جەنگ و ئامۆزای پێشەوا قازی محەمەد و ئەبولقاسم سەدری قازی( برای پێشەواقازی محەمەد و نوێنەری مهاباد لە تاران) لە مەیدانی چوارچرای مهاباد لە سێدارەدان، لەو شوێنەی كە لە 22/1/1946 كۆماری كوردستانی لێراگەیەنرا. ئەو تاوانانەی كە لای رژێمی پادشایەتی درابوونە ئەستۆی قازیەكان: ـ گۆڕین و دەستكاریكردنی نەخشەی وڵاتی ئێران. ـ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیركردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان. ـ بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی. ـ سازكردنی نەخشەی كوردستانی گەورە بەلكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سوریا. ـ هێنانەناوەی بێگانە و بەشێك لە خاكی ئێران خستنەژێردەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی)یە. ـ دانانی ئاڵای جیاواز بۆ كوردستان بە ئاڕمی چەكوش و داس بەشێوەی ئاڵای سۆڤیەت. ـ لێدانی سكەی پووڵ بۆ كوردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕوسی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە و دابەشكردنی ئێران بەسەر وڵاتانی روسیا و ئەمریكا و بەریتانیا كە كوردستان دەكەوتە ژێر دەسەڵاتی روسیاوە، بۆیە هەر لە ساڵی 1941 ەوە بۆشاییەكی ئیداری لە ناوچەكە درو=وست بوو دەسەڵاتی حوكمی ئێران لەناوچەكەدا لاواز بوو، هەربۆیە بەسود وەرگرتن لە بارودۆخەكە و كۆبونەوەی ژمارەیەكی زۆری فەرماندە و سەركردەی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە مهاباد لە رۆژی 22/1/1946 كۆماری كوردستان راگەیەنرا بەڵام لە 23/12/1946 واتا لەدوای 11 مانگ و یەك رۆژ سوپای ئێرانی گەیشتە ناو شاری مهاباد و سەركردەكانی كۆمارەكە دەستگیركران و دوای زیاتر لە سێ مانگ لە بەرەبەیانی 31/3/1947 قازی محەمەد و سەیفی قازی و سەدری قازی لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد لەسێدارەدران. قازی محەمەد پێش لەسێدارەدانی وەسێتنامەیەك دەنوسێت كە ئەمە دەقەكەیەتی بسماللە الرحمن الرحیم رۆڵە و برا عەزیزەكانم! برا بەش خوراوەكانم, میللەتە زوڵم لێكراوەكەم! وام لە دوایین ساتەكانی ژیانمدا, چەند ئامۆژگارییەكتان دەكەم, وەرن بە خاتری خوا چیتر دوژمنایەتیی یەكتری مەكەن؛ یەك بگرنو پشتتان وەیەكتری بدەن, لە بەرابەر دوژمنی زۆردارو زاڵم بوەستن, خۆتان بە خۆرایی بە دوژمن مەفرۆشن, دوژمن هەر ئەوەندە ئێوەی دەوێ, تا كاری خۆتان پێجێبەجێ دەكاو قەت بەزەیی پێتاندا نایە؛ لە هەر هەلێكدا بێ, قەت لێتان نابوورێ. دوژمنانی گەلی كورد زۆرن, زاڵمن, زۆردارن؛ بێبەزەیین؛ رەمزی سەركەوتنی هەر گەلو نەتەوەیەك, یەكگرتنو یەكبوونە؛ پشتگیریی تەواوی میللەتە. هەر میللەتێك یەكیەتییو تەبایی نەبێ, هەر دەم ژێردەستی دوژمنانی دەبێ, ئێوە گەلی كورد! هیچتان لە گەلانی سەر ئەم گۆی زەویە كەمتر نیە, بەڵكوو لە پیاوەتیو غیرەتو لێهاتوویی؛ لە زۆر لەو گەلانەی رزگار بوون لە پێشترن. ئەو میللەتانەی كە لە چنگی دوژمنە زۆردارەكانیان رزگاریان بوو, وەك ئێوەن؛ بەڵام ئەوانەی خۆیان رزگار كردوە, یەكیەتییان لە نێواندا هەبووە؛ با ئێوەش وەكوو هەموو گەلانی رووی زەوی, چیتر ژێردەست نەبن؛ هەر بە یەكگرتنو حەسوودی بەیەك نەبردنو خۆنەفرۆشتن بە دوژمنان لە دژی نەتەوەكەمان دەتوانن رزگار بن. براكانم! چیتر فریوی دوژمن مەخۆن؛ دوژمنی كورد لە هەر رەنگو دەستەو قەومێك بێت, هەر دوژمنە, بێروحمە, بێویژدانە؛ روحمتان پێناكا, بەیەكترتان بەكوشت دەدا؛ تەماحو وەبەر دەنێ؛ بە درۆو فڕوفێل بەگژ یەكترودا دەكا؛ لەناو هەموو دوژمنەكانی گەلی كورد, دوژمنی عەجەم لە هەموویان زاڵمترو مەلعوونترو خوانەناسترو بێبەزەییترە؛ لە هیچ تاوانێك بەرانبەر بە گەلی كورد دەست ناگێڕێتەوە؛ هەر بە درێژایی مێژوو لەگەڵ گەلی كورد, غەرەزو كینەی ریشەداری هەبووەو هەیەتی. = تەماشا كەن, بڕوانن تەواوی گەورە پیاوانی گەلەكەتان, لە سمایل ئاغای شكاكەوە بگرە؛ تا جەوهەر ئاغای برایو هەمزە ئاغای مەنگورو چەندو چەندین مرۆڤی دیكە, هەر هەموویان بە فریودان, ئارامیان كردنەوەو خەڵكیان لە پشت كردنەوەو ئینجا زۆر نامەردانە, كوشتیانن؛ هەموو ئەوانەیان بە سوێندو قورئان فریو دان كە گویا عەجەم نییەتی خێری لە گەڵیاندا هەیەو چاكەیان لەگەڵدا دەكات, بەڵام هەر كوردە خۆش باوەڕەو بە سوێندو سۆزی عەجەم فریوی خواردوەو باوەڕی پێ هێناون؛ كەچی تا ئێستاش بە درێژایی مێژوو, كەس نەیدیوە تاكوو جارێكیش عەجەم بە سوێندو وادەو ئەو پەیمانانەی كە بە سەرانی كوردی داوە, وەفای پێبكاو وادەكانی لەگەڵ كورد بەجێ بگەیەنێ؛ هەر هەمووی درۆو فڕوفێڵ بووە. جا وا من وەكوو برایەكی چووكەی ئێوە, لە رێگای خوادا, بۆ خاتری خودا پێتان دەڵێم: یەكتر بگرنو قەت پشتی یەكتر بەرمەدەن. دڵنیا بن ئەگەر عەجەم هەنگوینتان بداتێ, دیارە ژەهری تێكردوە. بە سوێندو بەڵێنی درۆی عەجەم فریو مەخۆن؛ كە ئەگەر هەزار جار دەست لە قورئانی پیرۆزیش بداو بەڵێنتان پێبدا, دڵنیا بن مەبەستی فریودانی ئێوەیە, تاوەكوو فێڵێكتان لـێبكا. وا من لە دوایین ساتەكانی ژیانمدا بە خاتری خودای گەورە ئامۆژگاریتان دەكەم, پێتان دەڵێمو خوا بۆ خۆی دەزانێ كە من ئەوەی لە دەستم هات, بە سەرو بەگیانو تێكۆشان, بە ئامۆژگاریو رێنوێنیو رێگەی راست نیشاندانی ئێوە, درێغیم نەكردوە. ئێستاش لەو ساتەداو لەو بارودۆخەدا, دیسان پێتان رادەگەیەنم كە چیتر فریوی عەجەم نەخۆنو باوەڕ بە سوێندو دەست لە قورئان دانو بەڵێنو سۆزەكانیان مەكەن. چونكە عەجەم نە خوا دەناسنو نە باوەڕیان بە خواو پێغەمبەر هەیەو نە باوەڕیان بە رۆژی قیامەتو حسابو كیتاب هەیە. لە لای ئەوان ئێوە هەر لەبەر ئەوەی كە كوردن, با موسڵمانیش بن, تاوانبارو مەحكوومن, بۆ وان دوژمنن؛ سەرو ماڵو گیانتان بۆ ئەوان حەڵاڵەو بە غەزای دەزانن, بەڵێنم وانەبوو من بڕۆمو ئێوە بە دەست ئەو دوژمنە دڵڕەشانەوە بەجێ بهێڵم, زۆر جاریش بیرم لە رابردووو گەورە پیاوانمان كردۆتەوە, كە عەجەم بە فریوو سوێندو درۆو حیلە گرتوویاننو كوشتوویانن, چونكە لە مەیدانی نەبەردیدا پێیان نەوەستانو نەیان توانیوە لە بەرانبەریاندا رابوەستن, ناچار بە درۆو فڕوفێڵ هەڵیان خەڵەتاندوون, كوشتوویانن. من ئەوانم هەر هەموویان لەبیر بوو؛ قەتیش باوەڕم بە عەجەمان نەكردوە؛ بەڵام عەجەم لە پێش گەڕانەوەیان بۆ ئێرە چەندین جار وەڵامو راسپاردەیان بە نامەو بە ناردنی كەسی ناوداری كوردو فارس بە دانی بەڵێنو پەیمانی یەكجار زۆرو بۆرەوە كە دەوڵەتی عەجەمو شا خۆی نیەتی خێریان هەیەو ئامادە نین تەنانەت دڵۆپێك خوێن لە كوردستان بڕژێ. ئێستا ئێوە ئەنجامی بەڵێنەكانیان بە چاوی خۆتان دەبینن؛ ئەگەر سەرانی هۆزو عەشیرەتە كوردەكانمان خیانەتیان نەكردباو خۆیان بە حكوومەتی عەجەم نەفرۆشتبا, ئێمەو ئێوەو كۆمارەكەمان وای بەسەردا نەدەهات. ئامۆژگاریو وەسیەتم ئەوەیە: با منداڵەكانتان بخوێنن, چونكە ئێمەی میللەتی كورد هیچمان لە میللەتانی دیكە كەمتر نیە, ئیللا خوێندن نەبێ؛ بخوێنن بۆ ئەوەی لە كاروانی گەلان دوا نەكەون, هەر خوێندن چەكی كوشندەی دوژمنە. دڵنیا بنو بزانن ئەگەر تەباییو یەكگرتنو خوێندەواریتان باش بێ؛ زۆر باشیش بەسەر دوژمنانتاندا سەردەكەون, ئێوە نابێ بە كوشتنی منو براو ئامۆزاكانم چاوتان بترسێ, هێشتا دەبێ زۆر كەسی دیكەی وەكوو ئێمە لەو رێگایەدا ]گیانی خۆیان[ بەخت بكەن؛ تا دەگەنە ئاواتو مەبەستتان. دڵنیام لە دوای ئێمەش زۆر كەسی دیكە هەر بە فێڵو دووڕوویی لە بەین دەبرێن. دڵنیام زۆر لەوانەی لە دوای ئێمەش دەكەونە داوی فڕوفێڵی عەجەمان, لە ئێمەش زاناترو لێهاتووتر دەبن, بەڵام هیوادارم كوشتنی ئێمە ببێتە پەندو عیبرەت بۆ دڵسۆزانی گەلی كورد. وەسیەتێكی دیكەم بۆ ئێوە ئەوەیە كە لە خوای گەورە داوا بكەن, هەر چیەكتان بۆ سەرفرازیی ئەو گەلە كرد, كۆمەكتان لە ئەو بۆ بێ؛ دڵنیام خوای گەورە سەرتان دەخاو كۆمەكتان دەكا. رەنگە بڵێن ئەی بۆ من سەرنەكەوتم, لە وەڵامدا دەڵێم: بەو خوایە من سەركەوتووم؛ چ نیعمەتێكو چ سەركەوتنێك لەوە گەورەترە كە ئێستا وا من لە رێگەی گەلو میللەتو وڵاتەكەمدا, سەرو ماڵو گیانم لە پێناوی ئەودا دادەنێم, باوەڕ بكەن من خۆم لە دڵمەوە ئارەزووم بوو, ئەگەر مردم بە مەرگێك بمرم كە لە حزووری خواو رەسووڵی خواو گەلو میللەتەكەمدا, روو سوور بم؛ بۆ من ئەو مەرگە سەركەوتنە. خۆشەویستەكانم! كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە؛ هەر وەكوو لە ماڵەوەدا ئەندامانی ئەو ماڵە هەر كەس لە هەر جۆرە كارو كردەوەیەكدا دەیزانێ, ئەو كارەی پێدەسپێرن, ئیتر كەس مافی چاوچنۆكیی پێنیە, كوردستانیش هەر ئەو ماڵەیە؛ ئەگەر زانیتان كەسێك لە ئەندامانی ئەو ماڵە كارێكی لە دەست دێ؛ لێی گەڕێن با بیكا. ئیتر نابێ بەرد بخەنە سەر رێیو نابێ بەوە دڵگیر بن كە یەكێك لە ئێوە بەرپرسیارەتیی گەورەی بەدەستەوەیە. ئەگەر كاری گەورە كەوتۆتە سەر شانی كەسێكو بەڕێوەی دەبا, دیارە لێی دەزانێو بەرپرسیارەتیی گەورەتریش ]ی[ لە بەرانبەر ئەو ئەركەدا هەیه. دڵنیابە برا كوردەكەت هەر چاكترە؛ دوژمن كینەی لە دڵەو ئەگەر من بەرپرسیاریەتیی گەورەم لە سەرشانی نەبوایە, ئێستا لەژێر داری سێدارەدا رانەدەوەستام. بۆیە نابێ لەگەڵ یەكتریدا چاوچنۆك بن. ئەوانەی فەرمانی ئێمەیان بەجێ نەدەگەیاند, نەك هەر فەرمان جێبەجێ نەكردن, بەڵكوو بە تەواوی دوژمنایەتییان دەكردین, لەبەر ئەوەی خۆمان بە خزمەتكاری خەڵكی خۆمان دەزانی, ئێستا ئەوان لەنێو ماڵو منداڵی خۆیان, لە شیرین خەودان, بەڵام ئێمە بە ناوی خزمەتكردن بە میللەت, وا لە ژێر داری سێدارەینو خەریكم دوایین ساتەكانی ژیانم بەم وەسیەت نامەیە تەواو دەكەم؛ جائەگەر منیش بەرپرسیارەتی گەورەم لەسەر شان نەبووایە, ئێستا منیش وەك ئێوە لە ناو خاوخێزانو ماڵی خۆم لە شیرین خەودا دەبووم, ئەوەی كە ئامۆژگاریتان بۆ دوای خۆم دەكەم, ئەمەش یەكێكە لەو بەرپرسیارەتیانەی كە لەسەر شانمە, دڵنیام ئەگەر كەسێكی دیكە لە ئێوە؛ بەرپرسیارەتیییەكانی منی وەئەستۆی خۆی گرتبا, ئێستا ئەو لە شوێنی من لە ژێر سێدارە دەبوو. وا من بە مەبەستی رەزایەتی خوداو بە پێی بەرپرسیارەتی سەرشانم, وەكوو كوردێكی خزمەتكاری گەلو لە رێگای كاری چاكدا (امر بالمعروف) ئەو چەند ئامۆژگارییەم كردن كە هیوادارم لەمەودوا عیبرەت وەربگرنو بە تەواوی گوێ لە ئامۆژگارییەكانم بگرن. بە هیوای خوای گەورە بەسەر دوژمنانتاندا سەركەون. 1ـ باوەڕتان بە خوداو (ماجاْ من عنداللە)و پەرستنی خوداو پێغەمبەر (د.خ)و بەجێگەیاندنی ئەركی ئایینی پتەو بێ. 2ـ یەكیەتیو تەبایی لە نێوان خۆتاندا بپارێزن, كاری نەشیاو لە بەرانبەر یەكتردا مەكەنو چاوچنۆك مەبن؛ بە تایبەت لە بەرپرسیاریەتیو خزمەت كردندا. 3ـ خوێندنو زانستو پلەی زانیاریتان بەرنە سەرەوە؛ بۆ ئەوەی كەمتر فریوی دژمنان بخۆن. 4ـ باوەڕ بە دوژمنان مەكەن, بە تایبەت بە دوژمنی عەجەم, چونكە بە چەند هۆو رێگاوە عەجەم دوژمنی ئێوەیە, دوژمنی گەلو نیشتمانو ئایینتانە. مێژوو سەلماندویەتی كە بەردەوام لە كورد بە بەهانەیەو بە كەمترین تاوان دەتانكوژێو لە هیچ تاوانێك بەرانبەر بە كورد دەست ناگێڕیتەوە. 5ـ بۆ چەند رۆژێك ژیانی بێ قیمەتی ئەم دنیایە خۆتان مەفرۆشن بە دوژمن, چونكە دوژمن دوژمنەو جێگەی هیچ باوەڕ پێكردنێك نیە. 6ـ خیانەت بە یەكتری مەكەن, نەخیانەتی سیاسیو نە گیانیو ماڵیو نامووسی, چونكە خیانەتكار لای خوداو مرۆڤ سووكو تاوانبارە, خیانەت بە رووی خیانەتكاردا دەگەڕێتەوە. 7ـ ئەگەر یەكێك لە ئێوە توانی كارەكانی ئێوە بە بێ خیانەتكردن ئەنجام بدا, هاوكاری بكەن, نەوەك لە پێناوی چاوچنۆكیو بەخیلیدا دژی بوەستن, یان خوا نەكا لەسەری ببن بە جاسووسی بێگانە. 8ـ ئەو شوێنانەی لە وەسیەتنامەكەدا نووسیومە بۆ مزگەوتو نەخۆشخانەو قوتابخانە؛ ئێوە هەمووتان داوای بكەن تا دەكرێو سوودیان لـێوەردەگیرێ. 9ـ ئێوە لە خەباتو هەوڵو تێكۆشان مەوەستن؛ تا وەك هەموو گەلانی دیكە لە ژێر چەپۆكی دوژمنان رزگارتان دەبێ, ماڵی دنیا هیچ نیە, ئەگەر وڵاتێكو هەبێ, سەربەستییەكو هەبێ؛ ماڵو خاكو نیشتمانەكەو هی خۆتان بێ, ئەو كاتە هەموو شتێكتان هەیە, هەم ماڵ, هەم سەروەت, هەم دەوڵەتو ئابڕووو نیشتمانیشتان دەبێ. 10ـ من پێم وا نیە حەقی خودا نەبێ, حەقی دیكەم لەسەر بێ؛ بەڵام ئەگەر كەسێك لای وابوو, لە كەم تا زۆر شتێكی لای منە, سەروەتی زۆرم جێ هێشتوە, با بچێ لە واریسانم داوا بكاو وەری بگرێتەوە. تا ئێوە یەكتر نەگرن, سەرناكەون؛ زوڵمو زۆر لە یەك مەكەن, چونكە خوا زۆر زوو زاڵم لەبەین دەباو نابوودی دەكا, ئەوە بەڵێنی خواوەندە بێكەمو زیاد, زاڵم دەڕووخێو نابوود دەبێ, خوا تۆڵەی زوڵمی لـێدەكاتەوە. هیوادارم ئەوانە لەگوێ بگرن و خوا سەركەوتووتان بكا خزمه تگوزاری گه ل و نیشتمان قازی محەممەد كۆماری كوردستان
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ فەرەنسا نیازی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكراتی و یەپەگە ئاشكراكرد، ئەم هەڵوێستەی پاریس توڕەیی و نیگەرانی بەرپرسانی ئەنكەرەی لێكەوتەوەو ئەوەش لە كاتێكدایە لێپرسراوانی ئەمریكا رەتیدەكەنەوە هیچ زانیارییەكان دەربارەی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە رۆژئاواەی كوردستان هەبێت. رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی كتوپڕ رایگەیاند كە زۆر بە زوویی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێننەوە و كێشەی سوریا بۆ لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵن. ئەمریكا نزیكەی 2000 هەزار سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان جێگیركردووە سەرەكیترین هاوپەیانی واشنتۆن لە سوریا كە هێزەكانی سوریای دیموكراتە تائێستا لەو پلانەی ترەمپ ئاگادارنین. كینۆ گابرێل وتەبێژ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز وتی" هێشتا هەماهەنگی و كاری هاوبەشمان لە چوارچێوەی پرۆگرانی پاڵپشتی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە هەموو ناوچەكاندا بەردەوامە." وتیشی " لێدوانەكەی ترەمپ رون نییە و ئەو لێدوانی بەرپرسانی تری ئیدارەی ئەمریكاش نە رەتیانكردوەتەوە نە جەختیان لێكردو ەتەوە". لێپرسراوانی ئەمریكا ئاگاداری پلانەكەوی ترەمپ نین؟ كاتێك دەربارەی كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان پرسیار لە هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرا لەوەڵامدا وتی كە هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانێكی لەو جۆرە نییە، هاوكات رۆژی هەینی رایان دیلۆن وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رێگەی ئیمیلەوە وەڵامی ئاژانسی رۆیتەرزی دایەوە رایگەیاند هیچ قسەیەك ناكات لەسەر پرۆسەكانی داهاتوو. دیلۆن وتیشی " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" هێشتا دوو ناوچەی لە سوریا بەدەستەوەماوە كە ئەوانیش ناوچەیەكی لە نزیك هەجینی سەر روباری فورات و ناوچەی دشیشەی نزیك سنوری عێراقە" وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راشیگەیاند بەهۆی ئەوەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی یەپەگە سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی سوپای توركیا هیچرشی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كەمكراوەتەوە و وتی " هاوپەیمانی و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوام لەوەدەكۆڵنەوە كە چۆن هەلەكان بقۆزنەوە و گورز لە پاشماوەی داعش و تیرۆریستان بوەشێنن." نیگەرانی و توەڕیی توركیا لە فەرەنسا توركیا دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی فەرەنسای بۆ نێوندگیری لە نێوان ئەنكەرە و هێزەكانی سوریای دیموكرا رەتكردەوە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هیوایخواست " بەهاوكاری فەرەنسا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوستان لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڕێوەبچێت" بە گوێرەی بەیاننامەیەكی كۆشكی ئیلیزێ. توركیا بە رەهایی ئەو دەشتپێخەرییەی رەتكرەوە و بەكر بۆزداغ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند ئەو هەڵوێستەی فەرەنسا، پارس دەخاتە رێڕەوی بەریەككەوتن لەگەڵ توركیادا. بۆزداغ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وتیشی " هیوادارین فەرەنسا ئەو هەنگاوە نالۆژیكییە نەنێت و ئەوانەی هاوكاری گروپە تیرۆریستییەكان دەكەن و پشتگیرییان دەكەن لەدژی توركیا .. هاوشێوەی تیرۆریستان دەبنە ئامانجی توركیا." رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاش رایگەیاند " زۆر دڵتەنگە" بەو هەڵوێستە " هەڵەیە" ی فەرەنسا، ئەردۆغان لە وتارێكی تونددا لە بەردەم ئەندامانی پارتەكە لە ئەنكەرە وتی " ئێوە كێن تا باسی نێوەندگیری لە نێوان توركیا و رێكخراوێكی تیرۆریستیدا بكەن؟". وتیشی " دەستوەرمەدەنە شتگەلێك كە سنوەركانی ئێوەی تێپەڕاندەوە، پێویستمان بە نێوەندگیر نییە." لایخۆشیەوە مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا هێرشی توندی كردە سەر فەرەنسا و وتی " ناكرێت بوترێت دەوڵەتێك كە پێشوازی لە یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد بكات لە ئیلیزێ، بێ لایەنە." لەدوای كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری خاكی سوریا لەلایەن داعشەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانێتییەكە نێودەوڵەتی پێكهێناو تاكە هێزیش كە لەسەر خاكی سوریا هاوپەیمانی ئەم هاوپەیمانێتییە هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە گ و یەكینەكانی پاراستنی ژنان " یەپەژە" بڕبڕەی پشتی ئەو هێزە پێكدەهێنن، ئەنكەرە ئەم هێزە بە درێژەپێدەری پەكەكە دادەنێت و لەماوەی رابردوودا زۆر نیگەران و توڕە بووە لە مامەڵەی ئەمریكا و وڵاتانی تری ئەوروپا لەگەڵیدا. لەماوەی رابردوودا توركیا و هاوپەیمانەكانی لە گروپە توندڕەوەكانی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان بۆ كانتۆنتی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و دوای نزیكەی دوو مانگ لە بۆردومانی چڕ و شەڕی سەخت ئەو كانتۆنەیان داگیركرد و كۆنترۆڵیانكرد و ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ كاردانەوەكیان نەبوو، ئێستا توركیا دەیەوێت بەرەو مەنبج و كانتۆنەكانی تر هەنگاوبنێت كە هێزەكانی ئەمریكای تێدایە.
راپۆرتی/ محەمەد رەئوف بە تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانی بەیانی ئەمرۆ لە قەزای سۆران، تەنها لەم مانگەدا سێ سەركردەو كادری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە باشوری كوردستان تیرۆردەكرێن، هەرێمی كوردستان بەرەو جەنگەڵی تیرۆرستان وڵاتانی ناوچەكە دەڕوات، كە رۆژانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمەوە كادری هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان تیرۆر دەكرێت، لە ماوەی تەنها یەك مانگدا سێ هەوڵی تیرۆركردن بەرامبەر بە كادران و سەركردەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجامدراون، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش، كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەكات بەو كردەوە تیرۆرستیانە. تیرۆری كادرانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان مێژویەكی درێژی هەیەو درێژكراوەی ئەو هەوڵانەیە كە بۆ تیرۆركردنی سەركردەو بەرپرسەكانی ئەو حیزبە لە وڵاتانی دونیادا هەبووە، هەروەك تیرۆركردنی ( عەبدولڕەحمان قاسملۆی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە 13ی تەموزی 1989 لە ڤیەنای پایتەختی نەمساو و تیرۆركردنی د.سادقی شەرەفكەندی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە 17ی ئەیلولی 1992 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا) ئەمە سەرەڕای تیرۆركردنی دەیان كادرو ئەندامی باڵای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان، كە بەپێی زانیاریەكانی حیزبی دیموكرات تا ئێستا نزیكەی 400 سەركردەو ئەندامی ئەو حیزبە لەدەرەوەی ئێراتن تیرۆركراون. دوایین هەوڵی تیرۆركردن لە باشوری كوردستان تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانیە، كە لە كاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی هەینی 30/3/2018 لە قەزای سۆران ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) ئەندامێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی و دەست بەجێ گیان لەدەست دەدا، ئەحمەد ئێرانی كە لە ساڵی 1964 لە شاری نەغەدەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و 40 ساڵە لەناو حیزبی دیموكراتدایەو ئێستا لە شارۆچكەی دارەتووی نزیك هەولێر دەژی هەر لەم مانگەداو لەرۆژی پێنجشەممە 1/3/2018 لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی سەڵاح عەباس فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقییەوە، بەهۆی ئەو هەوڵە تیرۆرستیەشەوە خۆی برینداربووەو كوڕەكەشی سەباح رەحمانی تەمەن 33 ساڵ لەدوای چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هاوكات لە 7/3/2018 لە نزیك گوندی هەرتەلی دۆڵی بالیسان سەركردەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان تیرۆركرا بەناوی ( قادر قادری) تەمەن 50 ساڵی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی كۆیە،بەپێی راپۆرتی توێكاریش 21 گوللەی پێوە بووە، لە راگەیەنراوێكیشدا حیزبی دیموكراتی كوردستان كوشتنی قادر قادری خستووەتە ئەستۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەماوەی تەنها ئەم مانگەدا ( مارسی 2018 ) سێ كادرو فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە باشوری كوردستان تیرۆركراون هەرئەو كات ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كەپێكهاتوون لە(حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران) لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا كە لە 7/3/2018 بڵاویانكردۆتەوە دەڵێن " دەزگای تێرۆری كۆماری ئیسلامی پێشینە و ڕابردوویەكی پڕ دیاری لە تێرۆری كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمدا هەیە، هەر لە تێرۆرەكانی دەیەی ٩٠ی زایینی دژ بەهێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە سەدان تێكۆشەری كوردیان لێ ستاندین، هەم لە تێرۆری كەسایەتییە سیاسییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەت تێكۆشەرانی كورد كە كۆماری ئیسلامیی ئێران و كاربەدەستانی هەرە سەرووی ئەو ڕێژیمە لە پشتی ئەو تێرۆر و تاوان و جیناتانەن كە ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات كردوونی" ئەگەر ئەم هەوڵی تیرۆكردنانە بەشێكی كەمتەرخەمی بە هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا بەشێكی گومانی گەورە لەسەر هێزە باڵادەستەكانی كوردستان درووست دەكات، كە ئەگەر كارئاسانی یاخود رێگە خۆشكردن یان كەمتەرخەمی نەبێت، چۆن دەوڵەتێكی دراوسێ دەتوانێت بە ئاسانی دەزگاكانی خۆی بخزێنێتە ناو هەرێمی كوردستانەوەو تەسفیەی نەیارەكانی بكات، لەناو هەموو ئەو هێزە جۆراوجۆرە ئەمنی و هەواڵگریانەی هەرێمی كوردستان. مەترسی ئەو جۆرە تیرۆرانە تەنها بۆ حیزبی دیموكرات و حیزبەكانی رۆژهەڵات نیە هێندەی مەترسیەكە بۆسەر هەرێمی كوردستانە، بەو پێیەی ئێستا هەرێمی كوردستان سەروەری ئەمنی و هەواڵگری لەدەستداوە، چونكە جێگیركردنی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی چالاكیەكانیان لە ناو خاكی ئێران بە رێكەوتن بووە، ئەمە تەنها هەر بۆ ئێران درووست نیە بەڵكو بۆ توركیاش درووستە كە توركیا سەرەرای لەشكركێشی بەردەوام و بوونی دەیان بنكەو بارەگای ئاشكرای سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان، چەندین جار هەوڵی تیرۆركردن و رفاندنی داوە لە هەرێمی كوردستان هەر لە دەستگیركردنی دوو ئەندامی باڵای میت لە سلێمانی كە ویستبویان هەوڵی رفاندن ئەنجامبدەن و هاوكات هەوڵی رفاندنی ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن لە هەولێر و سلێمانی. ئێستا هەرێمی كوردستان بۆتە تەراتێنی دەزگا هەواڵگری و سەربازیەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیاو گۆمان دەكرێت كە دەزگای هەوڵگری زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش لە هەرێمی كوردستان كاری خۆیان بكەن.
راپۆرتی : محەمەد رەئوف ئێستا گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی خۆپیشاندانەكان لەبری میدیای بینراو لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاودەبێتەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە سەرچاوەی گواستنەوەی خۆپیشاندانەكان، رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە رێگریكردن و گرتنی پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و رێگە نەدانیان بە روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری هەولێر و دهۆك. لەماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا دەیان رۆژنامەنوس دەستگیركران و ژمارەیەكی زۆری پەیامنێر و رۆژنامەنوسی دیكە لێیان دراوە و كەلوپەلەكانیان لێسەندراوە، ئەو چەند رۆژەی خۆپیشاندانەكان سەرەرای گرتن و لێدان و سوكایەتیكردن بە خۆپیشاندەران رۆژانێكی رەش بوون بۆ رۆژنامەنووسان و مێدیاكاران، لەو چەند رۆژەدا پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی ( NRT . KNN . PAYAM . SPEDA . XENDAN ) و چەندین دەزگاو میدیای دیكە، لە هەولێر و دهۆك دەستگیردەكرێن و لێیان دەدرێت و كەل و پەلەكانیان لێدەستێنرێت و سوكایەتیان پێدەكرێت. ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە گەیشتوەتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لە راپۆرتێكدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International " رایگەیاندووە" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لەلایەن خۆشیانەوە لیژنەی داكۆكی لەرۆژنامەنوسان داوادەكات حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر ڕۆژنامەنوسان بكات ئەوانەشی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە بدرێنە دادگا.ڕۆبەرت ماهون بەڕێوەبەری لیژنەكە دەڵێ بەرپرسانی هەرێم بەردەوام دەڵێن كە پشتگیری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەكەن، دواین نمونەی ڕەفتاری بەڵتەجیانە لەلایەن چەند هێزێكی ئەمنیی هەرێمەوە پێچەوانەی ئەو قسەیە دەڵێن، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات ئەو كەسانەی هێرشەكانیان ئەنجام داوە ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و تەواوی ئەو كەلوپەلانەشی كە براون ڕادەستی ڕۆژنامەنووسانی بكاتەوە. بەشێك لەو رۆژنامەنووسانی دەستگیركراون و ئازاردراون و رێگریان لێكراوە:. - دلبرین غازی پەیامنێری كوردسات لە ئاكرێ دوای هێرشكردنەسەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێت و كەل و پەلەكانی دەشكێنرێت - ڕادیۆی ئاكرێی یەكگرتوو دەستی بەسەرداگیرا - سیروان زێباری بەڕێوەبەری ڕادیۆی پەیامی یەكگرتوو لە شاری ئاكرێ دەستگیركرا - لەزاخۆ ئاسایشی دەستیگرتووە بەسەر كەلوپەلی كەناڵی خاپیر كە كەناڵێكی ناوخۆیی خاوەن جەماوەری یەكگرتووە لە شاری زاخۆ - دڵشاد هیمۆ، پەیامنێری خەندان لە شاری دهۆك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە - یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایانی دهۆك لەگەڵ ستافەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرشكرایە سەریان و خۆی دەستگیر كرا و دەستبەسەر تەواوی كەلوپەلی رۆژنامەوانی ستافەكەی سپێدەشدا گیرا. - ئاكار فارس ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدە، لەدوای ئەوەی دوێنێ سێ شەممە لە ناوخۆپیشاندانەكان لەهەولێر - ئاراس عەزیز و موتەلیب خۆشەوی پەیامنێرو كامێرەمانی كەناڵی ئاسمانیی پەیام لەهەولێر دەستگیركران - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی NRT لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی KNN لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی پەیام لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی سپێدە لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران و شێلادزێ پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنوس و پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی لە هەولێر - پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە هەولێر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان و روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری ( JFO ) لە راگەیەنراوێكدا چەندین چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆماركردووە لە ( لێدان ، گرتن، سوكایەتیكردن، رێگریكردن) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆماركراوە، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بە گرتنی هوما ئاراس و عەزیز موتەلیب پەیامنێر و كامێرامانی كەناڵی پەیام كردووە لەگەڵ ئاكار فارسی پەیامنێری سپێدە لە هەولێر دەستگیركراون، هاوكات یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە دهۆك و دڵشاد هیمو پەیامنێری خەندان لەدهۆك روبەرووی گرتن و لێدان بوونەتەوە هاوكات پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی روبەرووی لێدان و گرتن بۆتەوە لە شاری هەولێر. هاوكات دڵبرین شێروانی پەیامنێری كوردستات و وریا حەمەنوری پەیامنێری NRT و بەشدار عوسمان و سیروان زێباری روبەرووی لێدان و گرتن بونەتەوە، لەگەڵ گرتنی عەمار رەجەب كامێرامانی NRT . راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە هەموو ئەو كارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراون. لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای ئازادكردنی رۆژنامەنووسان دەكات و رایگەیاندووە، لە هەولێر ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە ئەنجامی رۆماڵكردنی خۆپیشاندانەكاندا دووچاری پێكان و رێگریی لێكردن و دەستگیركردن بونەتەوە. هەر جۆرە توندو تیژییەك و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بە پێشێڵكاری راستەوخۆ دەزانین بۆسەر رۆژنامەنوسان و ئازادی كاری راگەیاندن و ئازادییەكان، ئەو پێشێلكاریانە هیچ خزمەتێك بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ناكات، بەڵكو سەرەنجام ئەم جۆرە كارانە دەبنە هۆی زیاتر لەكەداركردنی ئەزمونی سیاسی كوردستان. هاوكات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوكردەوە، لە هەندێ ناوچە پێشیلكاری زەق بەرامبەر چەند رۆژنامەنوس و پەیامنێر و وێنەگری هەندێ كەناڵ كراوە دەست گیراوە بەسەر كامیراو كەلوپەلەكانیان، دوپاتی دەكەینەوە دەبێت ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی بگیرێت و نابێت رۆژنامەنوسان چ خۆیان چ لەلایەنی بەرامبەرەوە بە ئامانج بكرێن و ببنە بەشێك لە خۆپیشاندەر و شیكەرەوەی ڕووداوەكان. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە ( 35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنووسی، رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی هەیە لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا، لە بڕگەی پێنجی مادەی حەوتدا هاتووە: هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنوو بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە). بەڵام لە خۆپیشاندانەكاندا ئەوەی سوكایەتی بە رۆژنامەنووسان دەكات و دەستگیریان دەكات و كەل وپەلەكانیان لێدەستێنێ و رێگریان لێدەكات هێزە ئەمنیەكانی سەربەحكومەت خۆیەتی، تا ئێستاش لێپێچینەوە بەرامبەر كەس نەكراوە و كەسیش لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانە نەكراوە.