Draw Media

ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەفەرمی دەستپێكرد، بەڵام بە سەنگ‌و پێگەیەكی جیاوازتر لە كابینەكانی ڕابردوو، بەوپێیەی بە جیاوازییەكی گەورە لەپێش لایەنەكانی ترەوەیە، بۆ زەقكردنەوەی ئەم جیاوازییەش، لە زیاد لەبۆنەیەكدا پارتی باسی تایبەتمەندییەكانی ئەم كابینەیەی كردووە، كە دیارترینیان ئەمانەن: •    گۆڕینی بنەمای بەشداریكردن بۆ بەشداریپێكردن. •    ئەو لایەنانەی خواستی بەشدارییان هەیە لە حكومەت، نابێت پێیەكیان لە حكومەت بێت‌و پێكەی تریان لە ئۆپۆزسیۆن. •    دەبێت پەرلەمانتارەكانیان بێدەنگ بن. •    نابێت لە كابینەكە بكشێنەوە تا كۆتایی. •    رەتكردنەوەی حكومەتی بنكەفراوان. •    رەتكردنەوەی حكومەتی 50+50. •    رەتكردنەوەی حكومەتی جوتحزبی.  شەریكە چاوەڕوانكراوەكانی پارتی چی دەڵێن؟ (سەعد ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای یەكەم كۆبونەوەی حزبەكەی لەگەڵ وەفدی پارتی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەڵێت:"یەكێتی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە لە حكومەتی نوێ‌ بەشدار دەبێت، نەك بنەمای بەشداریكردن". (شۆڕش حاجی) ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (درەومیدیا) وتی:"پارتی پێیخۆشە ئێمە بەشداربین لە حكومەتی ئایندەی كوردستان". (بیلال سلێمان) پەرلەمانتاری پێشووتری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەبارەی مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت دەڵێت"مەرجی پارتی لە نەكشانەوەو بێدەنگبونی پەرلەمانتارەكانمان، وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لە حكومەت قبوڵناكەین".  بەبێ‌ یەكێتی حكومەت دانامەزرێت پارتی بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی یەكگرتوو، ئامادەیی یەكێتی لە حكومەت بە خاڵێكی گرنگ‌و جەوهەری دەزانێت، چونكە دەزانێت بەبێ‌ ئامادەبونی یەكێتی، هیچ حكومەتێك چەندە بەهێزبێت دەسەڵاتی لەو دیوی "دێگەڵە" تێپەڕناكات، بەڵام ئامادەییەك نابێت بەهەر نرخێ، بەڵكو پارتی پێناسەی تازەی بۆ دۆزیتەوە‌و، بە زمانێكی سیاسی ناویناوە بەشداری بەقەد "سەنگ‌و قورسایی". ئیشی پێیانە!  ئامادەبونی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ڕەنگە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش لە حكومەت بۆ پارتی، بایەخی لە بەشداری یەكێتی لە حكومەت كەمتر نەبێ، بۆ ڕەنگدانەوەی ئەو بنەمایەی كە پارتی دەیەوێت لەم كابینەیەدا ڕەنگبداتەوە، كە ئەویش بنەمای "دروستكردنی حكومەتی زۆرینەیە لە بەرگی پلۆراڵدا"، كە دیسانەوە بەشدارییەك دەبێت، لە ڕوخساردا حكومەتێكی فرەڕەنگ و بەهێز دەنوێنێت‌و ئارایشتی حوكمڕانی كوردستان دەكات، لە ناوەرۆكیشدا پارتی هەر خۆی بڕیاردەری یەكەم‌و كۆتایی دەبێت. هەر ئەوەش نیە، پارتی هەروەك چۆن بنەمای 50+50 لەگەڵ یەكێتی ڕەتدەكاتەوە، جارێكی تریش ئامادە نیە حكومەتی "جوتحزبی"ی لەگەڵ دروستبكاتەوە، ئەمە یەكێكە لەو پاڵنەرە گرنگەكانی وا لە پارتی دەكات ئامادەیی هەندێك هێزی تر لە ناوحكومەت بەگرنگ بزانێت، جگە لە بەكارهێنانیان وەك كارتی فشار دژ بەیەكتر. یەكەم گورزی لە یەكێتی وەشاند  پیشتر (درەو میدیا) لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای پارتییەوە بڵاویكردەوە، پارتی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی خستوەتە دەرەوەی دانوستانەكانی حكومەت‌و لە سەر پۆستەكانی تر دانوستان لەگەڵ لایەنەكان دەكات. بەپێی نوێترین ئەو زانیارییانەی كە بڵاوبونەونەتەوە، سەرۆكی حكومەت هاوشێوەی سەرۆكی پەرلەمان دوو جێگری بۆ دادەنرێت، كە ئەمە هەنگاوی یەكەمی لێدانە لە پێگەی یەكێتی لە حكومەتی داهاتو‌و و دروستكردنی شەریكە بۆی، بەتایبەت كە یەكێتی  پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بە پۆستێكی سیادی‌و پشكی خۆی دەزانێت وەك هێزی دووەم.  پارتی قەرزەكانی وەردەكرێتەوە زۆربەی پارتییەكان باوەڕیانوایە، پارتی دوو قەرزی لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە: •    قەرزی یەكەم: ڕوداوەكانی دوای ڕیفراندۆم‌و (16)ی ئۆكتۆبەر. •    قەرزی دووەم: دانانی سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی "تاكلایەنەو لە دەرەوەی تەوافوق" وەك ئەوەی پارتی، یەكێتی پێ تۆمەتباردەكات. ڕەنگە بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكە دەرفەتی پارتی بێت بۆ "تۆڵە سەندنەوە" و وەرگرتنەوەی "قەرزەكانی" لە یەكێتی، یان وەك دەوترێت ئەوەی یەكێتی لە بەغداد بردی، پارتی لە هەولێر لێدەسەنێتەوە‌و بەدوو ڕێگە تۆڵەی لێدەكاتەوە: •    رێگەی یەكەم: لاوازكردنی پێگەی جێگری سەرۆكی حكومەت لەڕێی زیادكردنی جێگرێك  یان زیاتر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. •    رێگەی دووەم: بەشداریپێكردنی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و لایەنی دیكەش، كە ئۆتۆماتیكی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت دادەنێت.  یارییان پێدەكات ئەو دیوە شاراوەیەی وێنەی تێڕوانینی پارتی بۆ حكومەتی ئایندەو پێگەی لایەنەكان تێیدا تەواو دەكات، بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان‌و ڕەنگە لایەنی تریش بێت لە حكومەتی داهاتوو، لەو ڕێشەوە پارتی ئەم ئامانجانە دەپێكێت: •    پارتی پێگەی یەكێتی لە حكومەت لەقاڵبدەدات‌و، شەریك یان برابەشی بۆ پەیدا دەكات. •    بە بەشدایپێكردنی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان یان یەكێكیان لە حكومەت، پارتی لە نیگەرانی‌و ڕەخنەی یەكێتی لە كەمبونەوەی پشكی ڕزگاری دەبێت‌و وادەكات یەكێتی نەتوانێت زۆر پێداگری بكات لەسەر وەرگرتنی پۆست، جگە لەوەی ئۆتۆماتیكی بەشداریشی ئەو بایەخەی نامێنێت. •    هێشتنەوەی بزوتنەوەی گۆِان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك دوو هێزی بەدیل‌و ڕكابەری یەكتر، بۆ پارتی پرسێكی تاكیكی‌و ستراتیژیشە، هەرچەندە پارتی وەكو ستراتیژ یەكێتی لا گرنگترە بە حكومی هەژمونی بەسەر "زۆنی سەوز"دا، لەهەمانكاتدا مانەوەی گۆڕان‌و نیشاندانی بەردەوامیشی وەك مەترسی لەسەر یەكێتی، بۆ پارتی گرنگی خۆی هەیە. •    بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ حكومەت، بەرەی دەسەڵات لەسەر حسابی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی داهاتوو بەهێزتر دەكات، كۆتایی بەمەترسی دروستبوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەهێزەش دەهێنێت كە لە ڕابردوودا بووبوو بە هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتەكەیان.  •    بەبەشداریپێكردنی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەت، پارتی  لە تانەی حكومەتی "جوتحزبی" ڕزگار دەكات‌و جۆرێك لە ڕوخساری فرەیی‌و ڕەنگاوڕەنگی پێدەبەخشێت، بێئەوەی هیچ زیانێك بەپێگەو قورسایی بگات لە حكومەتدا. •    بەشداریكردنی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەتی داهاتوو، هێشتا ئەو وێنەیەی لە"زیهنی" بەشێك لە خەڵكدا ماوە، سەبارەت بە جیاوازی  هێزەكان‌و ڕەشی ئەو هێزانەی لە دەسەڵاتدان‌و سپێتی ئەو هێزانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن كاڵتر دەبێتەوەو، كۆمەڵگای لە قۆناغی دروشمەوە بەرەو قۆناغێكی واقیعیتر هەنگاودەنێت، كە هێزەكان بەكردار حەقیقەتی خۆیان لەسەر زەمین بەرجەستە دەكەن.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت توركیا بە فەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە سزای چەند سەركردەیەكی حزبەكەی بدات، ئەمەش كراوەتە مەرج بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانيدا. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، توركیا بە فەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كردووە سزای ئەو سەركردانەی حزبەكەی بدات كە مانگی رابردوو بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كرد. رۆژی 26ی مانگی رابردوو، سێ سەركردەو كادری دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) چونە هۆڵەندا‌و بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان‌و تێیدا وتارێكیان بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە خوێندەوە. ئەم بەشداریكردنە‌ ناڕەزایەتی توركیای لێكەوتوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لە بەغداد سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كردووە‌و داوای توركیا لەبارەی سزادانی ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی پێگەیاندووە، هاوكات رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر لە سەردانەكەیدا بۆ دەباشان‌و كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەو هەڵوێستەی توركیا كردوەتەوە. دەباشان- كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی توركیا مەكتەبی سیاسی دابەشبووە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ئێستا لەسەر ئەو داواكارییەی توركیا بۆ سزادانی ئەو سێ كەسە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، هەندێك پێیانوایە دەبێت پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا ئاسایی بكرێنەوە‌و لەوپێناوەشدا وەكو نیازپاكی سزای ئەو سێ كەسە بدەن كە توركیا داوای سزادانی كردوون، هەندێكی تر دەڵێن دەبێت پارێزگاری لە هێڵی نەتەوەیی بكرێت‌و نەچنە ژێرباری هەموو داواكارییەكانی توركیاوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، توركیا سزادانی ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی كردوەتە مەرج بۆ كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا چەند بۆچونێك هەیە، هەندێك داوادەكەن ئەو سێ كەسە لە یەكێتی دەربكرێن، هەندێكی تر داوادەکەن (تجمید- سڕ) بكرێن، هەندێكیش دەڵێن دەبێت تەنیا ئاگاداركردنەوەیەكیان ئاڕاستە بكرێت، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەدایە لە یەكێتی دەربكرێن، تائێستا بە فەرمی ئەو سێ كەسە لە هیچ بڕیارێك ئاگادارنەكراونەتەوە. هۆڵەندا- نوێنەرەكانی یەكێتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی بە ئاگاداری كێ بەشداری كۆنگرەكەیان كردووە ؟ سزادانی (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) كە داوانیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین‌و یەكێكیان پەرلەمانتارو كادری پێشكەوتووی یەكێتییە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكان، ئەو سێ كەسە بە ئاگاداری ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی چونەتە هۆڵەنداو بەناوی یەكیێتییەوە وتاریان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستاندا خوێندوەتەوە. یەكێك لەو كەسانەی كە ئاگاداری بەشداریكردنی ئەو سێ كەسە بووە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بووە. ئارێز عەبدوڵا وتارخوێنی یەكێتی لە كەنەكە پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و توركیا ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە). رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لەناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەیەكەم كاردانەوەدا رۆژی 24/8/2018 توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌و گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان. لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات، بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە. بەدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- aHBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی كەجەكەدایە، سالار مەحمود ئێستا یەكێكە لەو كادرە دیارانەی یەكێتی كە توركیا داوای سزادانی دەكات. راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان. دیمەنێك لە راپۆرتی كەناڵەكەی توركیا لەبارەی سلێمانییەوە وتارەكەی یەكێتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی  ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو وتارەیە كە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە هۆڵەندا خوێندویەتییەوە‌و بەرپرسانی توركیای توڕە كردووە: وتاری (ی.ن.ك) لە كۆنفرانسی (18)ی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان، ئەمڕۆ 26/10 لە هۆلندا لەلایەن بەندەوە پێشكەش كرا. بەڕێزان ئەندامانی كۆنفرانسی (18)ی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ئەم كاتەتان باش .. سەرەتا: هیوای سەركەوتن‌و پێشكەوتن بۆ كارەكانی كۆنفرانسەكەتان‌و خەباتی كۆنگرە دەخوازم. هیوادارم ئەم كۆنفرانسە هەنگاوێكی تر بێ بەئاڕاستەی گەیشتن بە ئامانجەكان. لای هەمووان ڕوونە كە یەكێتی لەپێناوی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییە ڕەواكانی گەلی كوردستان سەری هەڵداوەو لە رۆژی دروستبوونیشیەوە تا ئەمڕۆ لە مەیدانە جۆر بەجۆرەكانی خەبات‌و قوربانیدان نەك كەمتەرخەمی نەكردووە، بەڵكو رۆڵێكی دیارو مێژوویشی هەبووە. لەسەرەتاوە یەكێتی بەخەباتی چەكداری دەستی پێكرد. چونكە دەرفەتی خەباتی سیاسی‌و مەدەنی نەبوو دەنا خۆمان بە باشترین رێگەمان دادەنا. ئێستاش خەباتی مەدەنی‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگای دیاڵۆگ‌و  ئاشتیانە بە گرنگ‌و پێویست دەزانین. هەڤاڵانی هێژا یەكێتی لە هەموو پارچەكانی كوردستان قوربانی داوەو بەشێوازی جۆراوجۆر‌و لەڕوانگەی نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و مرۆڤایەتییەوە ئەركی سەرشانی خۆی بەجێ هێناوە. دڵنیاتان دەكەینەوە كە لە داهاتووشدا كەمتەرخەمی ناكەین، بەڵام هەندێ راستی هەیە پێویستە لەم كۆنفرانسەدا بیخەینەڕوو: یەكەم: ناوەندێكی سیاسی‌و رۆشنبیری نەتەوەیی‌و نیشتمانی بەگرنگ دەزانین، بەمەرجێك: 1-    چەترێكی گشتی بێ‌و مۆرك‌و هەژموونی ئەم حزب‌و ئەو حزبی بەسەرەوە نەبێ. 2-    نوێنەری هەموو ئەو نەتەوانەشی تێدابێ كە لە كوردستاندا دەژین. وەكو كلدو ئاشور، توركمان، ئەرمەن، عارەب. دووەم: پێویستە تایبەتمەندیی‌و هەلومەرجی بەشەكانی كوردستان‌و ئێران‌و سوریاو عێراق‌و توركیاش لەبەرچاو بگیرێن‌و پێمان وایە دەبێ لە هەر بەشێك بەپێی تایبەتمەندی خۆی كارو خەبات بۆ مافە ڕەواكان بكرێت.  سێیەم: نابێ شێوازێكی تایبەتی لایەنێكی سیاسی، یان تایبەتمەندی بەشێك بسەپێندرێتە سەر لایەن‌و بەشەكانی تری كوردستان. چوارەم: دەستوەردانی هەر حزبێكی بەشێكی كوردستان لە كاروباری ناوەخۆی بەشەكانی تری كوردستان بە ناڕاست‌و ناڕەوا دەزانین‌و پێویستە ئەو جۆرە سیاسەت كردنە كۆتایی پێ بهێندرێت. پێنجەم: لەبەرچاوگرتنی گرنگی هەرێمی كوردستان‌و ئەركەكانی سەرشانی. چونكە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ قەوارەیەكی سیاسی نیشتمانی دەستورییەو گرنگی‌و بایەخێكی گەورەی بۆ نەتەوەی كوردو نەتەوەكانی تریش هەیە. هەرێمی كوردستان دەسكەوتێكی مێژووییە بەقوربانیدان‌و خوێن وەدەست هاتووەو پێویستە هەموو لایەنەكان لە پاراستنی ئەو دەسكەوتە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیە هاوكاربن. خوشك‌و برایانی خۆشەویست لەبەرامبەر ئەو ماف‌و دەسكەوتانەی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ئەركی فیدراڵی‌و نێودەوڵەتیشی لەسەرە و چاویان لێ ناپۆشرێ. بۆیە ئێمە لەكاتێكدا كە هەموو دەست تێوەردانێكی وڵاتانی دەوربەرو هەڕەشەو داگیركاریەكانیان ریسوا دەكەین‌و داوایان لێ دەكەین كە رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بگرن، لەهەمان كاتیشدا داوا لە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین كە ئەوانیش رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان بگرن‌و كێشەی لابەلا دروست نەكەن.  شەشەم: لەسەرمانە رێگری لە دروستبوونی هاوپەیمانی دوژمنكارانە بگرین‌و دەبێ هەمیشە مەترسیی پیلانگێریە هەرێمی‌و نێودەوڵەتیەكان لەبەرچاو بگرین‌و لەو پێناوەشدا لانی كەم بیانو بەدەستەوە نەدەین. حەوتەم: ئێمە كاتێك بۆ ئامانجێكی گەورەو پیرۆز كۆدەبینەوە دەزانین كە ئەمڕۆ لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كێشەی زۆرو قوڵ هەن بەنموونە لە رۆژئاواو لە باشور. ئێمە ئەگەر نەتوانین لە ناوخۆی بەشێك كێشەكان چارەسەر بكەین چۆن دەتوانین لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی گەورە رێك بكەوین ؟  لێرەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەین بۆشایی نێوانیان كەم بكەنەوەو لانی كەم لە هەر بەشێك لەسەر ستراتیجیەتێكی ڕوون رێك بكەون تا بتوانین باشتر كار بۆ ستراتیجیەتە مەزنەكە بكەین.  خوشك‌و برایانی خۆشەویست  سەرەڕای رۆڵی یەكێتی لە خەباتی سیاسی‌و دیموكراسی نەتەوەی بەداخەوە هەندێ لایەن نەك ئەو رۆڵە لەبەرچاو ناگرن بەڵكو كێشەو گرفتی گەورەشی بۆ دروست دەكەن‌و لە كۆتایشدا ئەو كێشەو گرفتانە دەبنە ئاستەنگی بەردەم كارو خەباتی سیاسی (ی.ن.ك) لەسەر ئاستی كوردستان‌و عێراق. لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان..


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود پێدەچێت كوتلە سیاسییەكان پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بەجدی وەرگرتبێت، كە ناڕاستەخۆ پێی ڕاگەیاندون، كاركردن لە كەشێكی سیاسی ناتەندروستدا مانای شكستهێنانی حەتمی حكومەتە، بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك وڵات بەڕێوەبەرێت. بەپێی زانیارییەكان، (عەبدولمەهدی) لەگەڵ ژمارەیەك لە كوتلە سیاسییەكان گەیشتوەتە ڕێككەوتن سەبارەت بەكاندیدی (5) وەزارەت لە كۆی (8) وەزارەت كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە.  لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێك لە ئەمیندارێتی گشی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە وەزارەتەكانی: •      پەروەردە •      خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانسی •      ڕۆشنبیری •      كۆچ‌و كۆچبەران •      پلاندانان  یەكلاكراونەتەوەو "سازان" لەسەر ئەو ناوانە كراوە كە كاندیدن بۆ ئەو وەزارەتانە، بەڵام وەزارەتەكانی: •      ناوخۆ •     بەرگری •     داد هێشتا گرێن لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەر و، تا ئێستا هاوپەیمانی (فەتح)پێداگرە لەسەر دانانی (فالح فەیاز) بە وەزیری ناوخۆ ‌و، هاوپەیمانی (سائیرون)یش بەتوندی ڕەتیدەكاتەوە. عەبدولمەهدی ئەیەوێت بەیەك پاكێج بێت     "(عادل عەبدولمەهدی)سەرۆك وەزیران دەیەوێت ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ناوی كاندیدی هەر هەشت وەزارەتەكە بەیەك سەبەتە بەرێت بۆ پەرلەمان، نەك بەشێكی پێشكەش بكات‌و بەشێكی بهێڵێتەوە، گفتوگۆكانیش بەردەوامن لەپێناو كۆتایهێنان بەكێشەی ئەو(3) وەزارەتە لەڕێی چارەسەرێكی گشتگیر كە ڕەنگە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران‌و پۆستەكانی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ‌و دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان‌و دەستەی نەزاهە بگرێتەوە"، ئەمە قسەی ئەو بەر پرسەیە.   (حەسن شاكر) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" لێكگەیشتنەكان سەبارەت بەوەزارەتە پڕنەكراوەكان گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو" ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو وەزارەتانەی ماون تەنها (3) وەزارەتە" پێشبینیشی كردووە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا دوان لەو سێ‌ وەزارەتەش ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكانیش شەڕێكی ترە شانبەشانی ململانێی لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمانی عێراقیش ململانێیەكی توند هەیە لەسەر سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكان لە نمونەی (ئاسایش‌وبەرگری‌و نەزاهەو دارایی‌و دەرەوە). بەپێی یاسا، نابێت سەرۆكایەتی لیژنەكان پێش یەكلاكردنەوەی وەزارەتەكان یەكلابكرێنەوە، پەرلەمانتار (حەسەن زوبەیدی)لە هاوپەیمانی (چاكسازی‌و بونیاتنان) بەهەمان سەرچاوەی وتووە بەپێی ئەو عورفە باوەی هەیە، پێویستە سەرۆكایەتی لیژنەكان دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتەكانبێت، چونكە ناكرێت لایەنێكی سیاسی كە وەزارەتێكی وەرگرتووە، سەرۆكایەتی هەمان ئەو لیژنە پەرلەمانیەش وەربگرێت كە هەمان بوارە، بۆ نمونە ئەو لایەنەی وەزارەتێكی ئەمنیی وەرگرتوە ناكرێ سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایش وەربگرێت.  (ڕیاز دەهش) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (سائیرون) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: "زۆرینەی هێزە سیاسیەكان هەوڵی بەدەستهێنانی لیژنەی نەزاهە دەدەن‌و ململانێكی توندە لەسەری". ئاماژەی بەوەشكردووە: هۆكاری ململانێی لایەنەكان لەسەر ئەو لیژنانە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی ئەو لایەنە دەیگێڕێت لە بەدواداچونی دۆسیەكانی گەندەڵی، تەئكیدیشی كردووە، حزبی (دعوە) دەستیگرتووە بە بەدەستهێنانی ئەو لیژنەیەو ئامادەنیە بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی سازشی لەسەر بكات، بەوپێیەی ماوەی چەندین ساڵ حكومی عێراق كردووەو ترسی هەیە سەركردەكانی بكرێنە ئامانج لەڕێی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەو، هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی.  


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود میدیا بەناوبانگەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە (محمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی سعودییە فەرمانی كردووە بە كوشتنی نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی (جەمال خاشقچی).  ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) كە وەك یەكەم میدیای ئەمریكی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای بڵاوكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە (سی ئای ئەی) زانیاری جیاوازی دەستكەوتووە، لەو چوارچێوەیەشدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییە كە شازادە (خالید بن سەلمان) لەگەڵ (خاشقچی) ئەنجامیداوەو، داوای لێكردووە سەردانی كۆنسوڵخانەی سعودییە بكات لە (ئەستەنبوڵ) بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەكەی، دڵنیاشی كردوەتەوە بەوەی كە سەلامەت دەبێت. بە گوێرەی سەرچاوەكە، ڕوون نییە (خالید بن سەلمان) ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەسەر داوای (محەمەد بن سەلەمان)ی برای ئەنجامداوە یان نا. (واشنتۆن پۆست) لە زاری هەمان سەرچاوەوە ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئەنجامانەی ئاژانسی(سی ئای ئەی) پێیگەیشتوە، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێتی بۆ ئەو ڕۆڵەی (محەمەد بن سەلمان) دەیگێڕێت، كە بەدەسەڵاتداری فیعلی سعودیە دادەنرێت‌و، سەرپەرشتی سەرجەم كارە ورد و درشتەكانی وڵاتەكەی دەكات.   ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی كە ئاگاداری ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیەتی، ئاماژەی بەوەداوە" ناكرێت كارێكی لەو شێوەیە 0ڕوبدات، بەبێ‌ ئاگاداری (محەمەد بن سەلمان) یان تێوەگلانی". جگە لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، چەند میدیایەكی دیاری تریش، هەمان هەواڵیان لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوكردوەتەوە، كە بۆیان تەئكید كردوون،  ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی (محەمەد بن سەلمان) فەرمانی كردووە بە كوشتنی (خاشقچی)، لەوانەش تۆڕی هەواڵی (ئێن بی سی) و ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس).  ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، یەكێكی ترە لەو ڕۆژنامە دیارانەی ئەمریكا كە هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندووە، (سی ئای ئەی) پشتی بەستووە بە گوێگرتن لەو  پەیوندییە تەلەفونییانەی كە (محمەدبن سەلمان) ئەنجامیداوە پێش كوژرانی (خاشقچی).  ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)یش بڵاویكردۆتەوە، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو سەركردەكانی (كۆنگرێس) هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیان پێگەشتووە، سەبارەت بەكوشتنی (خاشقچی). هاوكات ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا، لایەنی تریشی لە حكومەتی ئەمریكا ئاگادار كردوەتەوە سەبارەت ئەو ئەنجامەی پێیگەیشتووە، كە شازادەی جێنشین فەرمانیكردووە بە كوشتی (خاشقچی).   لە یەكەم كاردانەوەدا، (خالید بن سەلمان) باڵیۆزی سعودییە لە (واشنتۆن)‌و برای شازادەی جێنشین، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ڕەتكردەوەو داوای لەحكومەتی ئەمریكا كرد چی زانیارییەكی لەو بارەوەیە لایە  بیخاتەڕوو. شازادە (خالید بن سەلمان) لە تویتێكدا دەڵێت، دواین پەیوەندی لەگەڵ (خاشقچی) لەڕێی نامەی نوسراوەوە بووە لە( 26 )تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەرگیز بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نەكردووە و پێشنیازیشی بۆ نەكردووە بچێت بۆ (توركیا). سەرچاوە: ئاژانسەكان


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی تێپەراندنی بەشێك لە قەیرانە دارایی‌و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، لانی كەمی هەرێم بەشێك لە قەیرانە داراییەكانی تێدەپەڕێنێت‌و داهاتەكانیشی زیاتر دەبن.  چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداد  بەپێی پێشبینییەكان، كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و هەرێم كێشەكانی نێوانیان كە دیارترینیان بریتییە لە كێشەی (نەوت‌و بودجە) تاڕادەیەك چارەسەردەكەن، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغداد‌و كۆتایهاتنی پرسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: “ لەگەڵ هەرێم پەیوەندییەكی باشمان هەیە بۆ چارەسەكردنی كێشە كەڵە‌كەبووەكانی رابردوو، لەگەڵ هەرێم پرسی هەناردەی نەوت تاوتوێدەكەین‌و سەرجەم كێشەكانی نێوانمان چارەسەردەكەین". بە چارەسەركردنی كێشەی نەوت‌و بودجە لەگەڵ بەغداد، بەشێك لە كێشە ئابوری‌و داراییەكانی هەرێم كۆتاییان دێت، بەتایبەتیش كێشەی موچەی موچەخۆران‌و دابینكردنی بودجە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان. زیادبونی داهاتی نەوت  بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئێستا " حكومەتی هەرێم زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕۆژێكدا هەناردە دەكات بۆ بەندەری جەیهان، پێدانی مافە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتیش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەبەردەوامی‌و لەكاتی خۆیدا، بووەتەهۆی پەرەپێدان‌و بەردەوامبوونی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكاندا، هەروەها بووەتەهۆی جێگربوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت‌و پلاندانان بەئاڕاستەی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان نەوت بۆ ساڵی 2019. ئامانج لە زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و بەدەستخستنی داهاتی زیاتر، یارمەتی حكومەتی هەرێم دەدات قەرزە گشتییەكانی كەمبكاتەوەو یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئابوورییەكی سەقامگیر". هاوكات بەپێی خشتەی سۆمۆوە (كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق)، تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەر 10 تشرینی یەكەم (433 هەزارو 782) بەرمیل بووە، تەنانەت لە رۆژی 1/10/2018دا هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوەتە (534 هەزارو 914) بەرمیل. راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) ئاماژە بەوەدەكات، لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەرێمی كوردستان لەڕێگای بۆرییەوە (12 ملیۆن‌و 950 هەزار) بەرمیلی نەوتی بۆ بەندەری جەیهانی توركی ناردووە، نرخی بەرمیلێك نەوت لەمانگی ئۆكتۆبەردا (76) دۆلار بووە، هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی، بۆیە بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (66) دۆلار فرۆشراوە، بەوپێیەش داهاتی مانگی ئۆكتۆبەری هەرێم (854 ملیۆن‌و 700 هەزار) دۆلار بووە، كە نزیكەی (200) ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجی‌و كۆمپانیاو گواستنەوەو قەرزەكانە، واتا مانگانە (654 ملیۆن‌و 700 هەزار) دۆلار، كە دەكاتە (785 ملیار‌و 640 ملیۆن) دینار، ئەمەش داهاتێكی زۆرە بەبەراورد بەوەی پێشتر راگەیەندرا كە " وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنها (380 ملیار) دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە".  چارەسەری كێشەی بودجە  چاوەڕەوان دەكرێت كێشەی بودجە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بكرێت، بەو پێودانگەی بەرپرسانی بەغداد ئامادەییان بۆ چارەسەری راگەیاندووەو لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقیشدا رۆژانە بڕی (205 هەزار) بەرمیل نەوت دیاریكراوە بۆ هەرێم لەبەرامبەر ناردنی بودجەدا، كە رەنگە ناردنی ئەو برە لەڕێگەی سۆمۆوە بۆ هەرێم ئاسان بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاندووە "ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بەرزدەكاتەوە". لە راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە" بە دامەزراندنی وێستگەیەكی نوێی هەناردەكردنی نەوت (وێستگەی پمپكردن) لە شێخان كە دەبێتەهۆی زیادكردنی توانای هەناردەكردنی نەوت لەڕیگای هەرێمی كوردستانەوە لە (700 هەزار) بەرمیل بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل لەڕۆژێكدا. ئەم كارە دەبێتەهۆی بەرزكردنی توانای هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە داهاتوودا، هەروەها دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی حكومەتی فیدراڵی عێراق‌و نەوتی كەركوك‌و  دەورووبەری". وادەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەسازی كردووە، ئەگەر هەناردەی نەوت بگەیەنێتە (یەك ملیۆن) بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەوا دەتوانێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی عێراق‌و ئەوەی دیكەش بۆخۆی دەمێنێتەوە‌و لەپاڵ ئەو بودجەیەی لە عێراقەوە بۆی دێت، داهاتی حكومەت زۆر زیاد دەكات. بودجەی عێراق چاوەڕەوان دەكرێت بڕی ئەو بودجەیەی كە لە بەغداد دێتە هەرێم زیاد بكات، كە لە ئێستادا تەنها (317 ملیار) دینارە، بەوپێیەی پشكی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر- دهۆك- سلیمانی) لە بودجەی 2019ی عێراق، بەرێژەی 12.67% خەمڵینراوە، كە دەكاتە (8 ترلیۆن‌‌و 741 ملیارو 60 ملیۆن) دینار، خۆ ئەگەر هەرێم مانگانە بەو رێژەیە نەوت بنێرێت، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە (728ملیار) دینار بودجە بە هەرێم بدات، كە لە ئێستادا تەنها (317 ملیار) دینار دەنێرێت، ئەمەش رێژەیەكی زۆرەو بەئاسانی حكومەتی هەرێم دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە. داهاتەكانی تر بەپێی وتەی وەزیری دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆ زیاتر لە (120 ملیار) دینارە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە بڕی (25 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی كە دەكاتە (30 ملیار) دینار دەدرێتە حكومەت‌و بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان دەكرێت. بەكۆی داهاتی نەوت كە مانگانە نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لانی كەم چاوەڕەوان ناكرێت لەدوای پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی عێراق لە بەغداوە كەمتر لە (500 ملیار) دینار بێت بۆ هەرێم، داهاتی ناوخۆش مانگانە (120 ملیار) دینارە، پارەكەی ئەمریكاش بۆ 2019 كە لەلایەن كۆنگرێسەوە پەسەندكراوە‌و گرنتییە، مانگانە (30 ملیار) دینار كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 زیاد دەكات، كۆی گشتی داهاتی هەرێم دەبێت بە (یەك ترلیۆن‌و 300 ملیار) دینار، بەمە ئاستی ئابوری هەرێم دەگاتەوە ئاستەكەی ساڵی 2013، واتە ئەوكاتانەی كە حكومەتی هەرێم پشتی دەبەست بە بەشە بودجەكەی بەغدادو مانگانە بڕی (یەك ترلیۆن‌و 200 ملیار) دیناری وەردەگرت.  ئەگەر هەرێم ئاستی هەناردەكردنی نەوتیش بەرزبكاتەوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت دەیگەیەنێتە (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوكات داهاتی حكومەتی هەرێم زۆر زیاتر دەبێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاند دەتوانن مانگانە تەنها (745 ملیار) دینار بۆ موچە تەرخان بكەن. بەپێی ئەو داهاتانەی كە ساڵی 2019 دەست حكومەتی هەرێم دەكەون، كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت بەئاسانی كۆی موچەی فەەرمانبەران‌و موچەخۆران بدات‌و زیاتر لە (400 ملیار) دیناریشی بۆ دەمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی دیكەو وەبەرهێنان‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.    


(درەو میدیا): وێنای باو لە هەموو جیهان ئەوەیە تاوانباران لەدەستی پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەكان هەڵدێن، لە هەرێمی كوردستان ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بووەتەوە‌و هێزە ئەمنییەكان داڵدەی تاوانباران دەدەن. پۆلیسی هەولێرو سلێمانی یەكتری تۆمەتباردەكەن بە داڵدەدانی تاوانباران، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە روداوەكانی تاوانكاری لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە، لە نمونەی تاوانەكانی: •    تەقەكردن •    دزیكردن •    رفاندن •    كوشتن   "دەسەڵاتی ئەمنی سلێمانی تاوانباران داڵدەدات" لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" چەند كەسێك كە تاوانیان ئەنجامداوە، ئێستا لە شاری سلێمانی لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنییەوە داڵدەدراون‌و رێگرن لە رادەستكردنی ئەو تاوانبارانە". بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتی: سەرەڕای ئەوەی چەندینجار بڕیاری دەستگیركردنی ئەو تاوانبارانە رەوانەی شاری سلێمانی كراوە، بەڵام بەداخەوە هیچ كاتێك ئامادەنەبوون ئەو تاوانبارانەمان رادەستبكەن. پۆلیسی سلێمانی: 114 تۆمەتبار لە هەولێرن‌ لەبەرامبەردا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هیچ نوسراوێكی رەسمیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو پێنەگەیشتووە. وتی:"114 تۆمەتبار كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە لەلای پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا لەهەولێرن‌و دەستگیرنەكراون، لەكاتێكدا چەندینجار نوسراومان ئاڕاستەی پۆلیس‌و دەزگا ئەمنییەكانی هەولێركردووە بۆ دەستگیركردنیان" بۆ ئەوەش نمونەی بە تۆمەتبارانی كەیسی (17ی شوبات) هێنایەوە. دێگەڵە.. بەهەشتی تاوانباران لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوە، سەرباری یەكخستنەوەی ئیدارەی هەرێم‌و دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، هێشتا سنوری "دێگەڵە" لەڕووی ئەمنییەوە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان زۆری زەرد‌و سەوزە، بەجۆرێك پەڕێنەوە لەو سنورە، بوەتە بەهەشتی تاوانباران لە هەردوو زۆنەكە‌و ئەوانەی لە سنوری زۆنی زەرد تاوانكاری دەكەن بۆ رزگاربوون لە سزا پەنا دەبەنە بەر زۆنی سەوز‌و لە زۆرنی سەوزیشەوە تاوانباران بەرەو زۆنی زەرد هەڵدێن، زۆرجار ئەو كەیسانەش بە سیاسی دەكرێن‌و دەبنە رێگر لەبەردەم سزادانی تاوانباران. هێزەكانی پۆلیس لە هەرێم   زۆربوونی تاوانكاری لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە بەپێی دواین پرۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 ئامادەكراوە، وەزارەتی ناوخۆ كە ئەركی سەرەكی بریتییە لە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان (121 هەزارو 841) كارمەندی هەیە. بەپێی هەمان پرۆژە بودجە، دەزگای ئاسایشی هەرێم (31 هەزارو 421) كارمەند‌و موچەخۆری هەیە، ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندی هەیە. ژمارەی هێزەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان‌و چۆنیەتی دابەشبوونی بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتی بەدیاریكراوی نازانرێت. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تائێستا لیژنەكانی دیارینەكردووە، بەڵام ئەیوب عەبدوڵا ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی: ئەوان لە خولی چوارەمدا نەیانزانیوە بەدیاریكراوی ژمارەی هێزەكانی پۆلیس چەندە‌و هەرجارەو باس لە ژمارەیەك كراوە. بودجەی وەزارەتی ناوخۆ بەگوێرەی دواین پرۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013دا، بڕی (ترلیۆنێك‌و 357 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، كە دەكاتە رێژەی (11.7%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم. بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2014وە بودجە لە هەرێمی كوردستان پەسەندنەكراوە‌و دیارنییە داهاتی گشتی چۆن بەسەر كەرتەكاندا دابەش دەكرێتەوە، نازانرێت ئێستا بودجەی وەزارەتی ناوخۆ چەندە. هێزی سەربازی‌و ئەمنیی چۆن دابەشبووە ؟ سەرباری ئەوەی بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی بەردەوام باس لە كۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی دەكەن، بەڵام چەندین بواری ژیانی رۆژانەدا خەڵك بەڕوونی هەست بە دوو ئیدارەیی دەكەن، دۆسیەی ئەمنی یەكێك لەو بوارانەیە كە هێشتا بەتەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەت‌و یاسادا نییە‌و دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە هەریەكەیان هێزی ئەمنی تایبەت بەخۆی هەیە كە زۆرجار بە فەرمانی بەرپرسانی حزب دەجوڵێنەوە، نەك یاسا‌و رێنماییەكانی حكومەت. هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازیی و ئەمنییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: هێزی سەربازی پارتی • پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (70 هەزار) كەسە. • پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە. • ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە زیاتر لە (130 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت. هێزی سەربازی یەكێتی • یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت. • هێزی بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە. • ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.


راپۆرت: ئارام مەحمود  گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی) بەردەوامە، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سێ هەفتە لەمتمانەدان بە (14) وەزیر، (8) وەزارەت بە بێ‌ وەزیر ماوەتەوە.  پێناچێت (عەبدلمەهدی) بەتەواوی كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردبێت، وێرایی هەوڵەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، لە ململانێیەكی قورسیشدایە بۆ هێشتنەوەی هەندێك لەو وەزیرانەی لە حكومەتەكەی دەستبەكاربون، بەوپێیەی لایەن هەیە پێیوایە، بەشی خوراوە،  هەوڵی خستنی ژمارەیەك وەزیر دەدەن لەڕێی خستنەڕووی بەڵگەو دۆكۆمێنت سەبارەت بە پەیوەندی ڕابردویان بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان. شەڕە گەورەكە لەسەر (3) وەزارەتە (وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری‌و ڕۆشنبیری)، چەقی ململانێی لایەنەكان‌و خاڵی ئاڵۆزكردنی تێپەڕاندنی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدییە. •    كوتلەی (عەتا) كە پێشتر لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) بوون‌و ئێستا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (بونیاتنان)دان، كە (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، پێداگری دەكات لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ. •    (ئیئتیلافی وەتەنییە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی بەرگری دەدات كە لەچوارچێوەی كوتلەی (چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە)دایە، سوننەكانی ناو كوتلەی (بونیاتنان)یش، كاندیدیان هەیە. •    كوتلەی (سادقون) كە سەربە گروپی چەكداری (عەسائبی ئەهلی حەق)ە، لەچوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دایە، پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ كاندیدەكەی.  فشارەكان جیاوازن ئەو شێوازانەی حزبە "زەرمەندەكان" گرتویانەتە بەر بۆ دروستكردنی فشار لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) جیاوازن، كە پێدەچێت لەبەردەم كوتلە سیاسییەكاندا لاوازبێت، بەوپێیەی هیچ هێزێك نیە بەرگری لێبكات‌و پشتیی پێبەستێت. وێڕایی هەڕەشە ناو بەناوەكانی (موقتەدا سەدر) ڕابەری ڕەوتی سەدر، بە پەنابردن بۆ "ئۆپۆزسیۆن"بوون، هەندێك لە پارتەكانی تر (100) ڕۆژیان بۆ حكومەتی نوێ‌ دیاریكردووە، (باقر جەبر زوبەیدی) سەركردە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە"حكومەت 100 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی" تەئكیدیشی كردووە" عەبدولمەهدی دەستكراوە نەبووە لە هەڵبژاردنی وەزیرەكانی". بە ڕەزامەندی ئەو بڕیارەكان دەدرێت سەرچاوەیەكی نزیك لە نوسینگەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە " سەدر سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی ئێستای عێراق دەكات" ئاماژەی بەوەشداوە" ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەكان قوڵترە لەوەی گەلی عێراق پێشبینی دەكات". ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە" سەدر هێڵی سوری داناوە لەسەر فالح فەیاز كاندیدی هاوپەیمانی بونیاتنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەدر ڕەتكردنەوەی هەر كاندیدێكی فەتح بۆ ئەو پۆستە ڕابگەیەنێت‌و، هادی عامریش بەوەی زانیوە‌و پێدەچێت ڕوو بكاتە دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر، ئەوەش بەو مانایەی فەیاز هیچ چانسێكی نابێت، ئەگەری زۆریش هەیە (قاسم ئەعرەجی) وەزیری ناوخۆی پێشوو لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەوەش دوای ڕەزامەندی سەدر".


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەر (وەحید مەزڵومین) ناسراو بە "پادشای لیرە"‌و (محەمەد ئیسماعیل)دا جێبەجێ كرد. بەپێی بریاڕی دادگای تارانی پایتەخت، ئەو دوو كەسە بە "بڵاوكردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی" تۆمەتباركراون، ئەوەش لەڕێگەی دروستكردنی تۆڕێكی گەندەڵی‌و  كێشە لە سیستمی ئابوری‌و دارایی‌و دراوی ئێران‌و مامەڵەكردنی نایاسایی‌و رێگەپێنەدراو و قاچاخچێتی مادە‌و پارە‌و زێڕ. ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵ كاتێك بەرپرسی پۆلیسی تاران دەستگیركردنی كەسێكی بە (2 تەن) لیرەی زێڕەوە لە پایتەخت راگەیاند‌و ئەو كەسەی بە "پادشای لیرە" ناساند، (وەحیدی مەزڵومین) كەسێكی ناسراو نەبوو لەلای ئێرانییەكان. پۆلیسی تاران ئەوكات وتی:" ئەو كەسە فەرمانیداوە بە هەموو هاوكارەكانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی نرخی لیرە، لیرە لە بازاڕدا بكڕن، تاوەكو لە رۆژانی داهاتوودا خۆی نرخ لەسەر لیرە دابنێت". دواتر باسلەوەكرا، ئاغای مەزلومین (2 تەن) لیرەی نەكڕیوە، بەڵكو "ئەو لەگەڵ كوڕەكەیدا بەبەهای زیاتر لە 2 تەن لیرە كڕین‌و فرۆشتیان كردووە". لەم دۆسیەیەدا "پادشای لیرە" بەتەنیا نەبووە، مانگی ئەیلولی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، 18 كەس لەسەر ئەم كەیسە تۆمەتبارن. وەحید مەزڵومین‌و محەمەد ئیسماعیل چەند ساتێك پێش لەسێدارەدانیان وەحید مەزڵومین كێیە ؟ سەرەتای تەموزی رابردوو بەهای لیرەی زێڕ لە ئێران (ملیۆنێك‌و 200 هەزار) تمەن بوو، لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی دراو، نرخی لیرەش بەرزبونەوەی بەخۆوەبینی. هەر لەو مانگەدا هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی دەستگیركردنی وەحید مەزڵومین، بەهای لیرە گەیشتە سەرو (3 ملیۆن) تمەن، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران باوەڕیانوایە ئاغای مەزڵومین‌و هاوبەشەكانی بە كۆكردنەوەی لیرە لەناو بازاڕدا، بونەتەهۆی بەرزكردنەوەی نرخ‌و كەمكردنەوەی ئاستی خستەڕووی زێڕ لە بازاڕدا. ئاغای مەزڵومین تەمەنی (56) ساڵە، بەقسەی ئەو كەسانەی كە لە نزیكەوە دەیناسن، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بووە لە بازاڕی دراو و زێڕدا كاریكردووە، ئاژانسی هەواڵی (میزان) كە ئاژانسێكی ئێرانییە، ئەوكاتەی مەزڵومین لە زیندان بوو، بەدواداچونێكی لەسەر كردبوو، ئەو بە رۆژنامەنوسەكەی ئاژانسی (میزان)ی وتبوو" من ناو و ناوبانگێكم هەیە كە لەناو چینی خۆم كەسێك نییە نەمناسێت". ئاغای مەزلومین وتویەتی:" ئەگەر جارێكی تر چانسی گەڕانەوەم هەبێت بۆ بازاڕ كە نیمە، دووبارە هەمان كار دەكەمەوە". دوكاندارەكانی بازاڕی (وەنەك) لە تاران، ئاغای مەزڵومین بە "ئاغا وەحید" ناودەهێنن. رۆژنامەی (شرق) بەمدواییە راپۆرتێكی لەسەر ئەو بازاڕە بڵاوكردەوە كە نوسینگەكەی ئاغای مەزڵومینی تێدایە، بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان، ئەو هەر لەو دوكانەدا دەستگیركراوە. یەكێك لە دوكاندارەكان بە رۆژنامەكەی وتووە:" ئاغا بلیمەت بوو، نانی بلیمەتی خۆی دەخوارد، تازە دەركەوتوو نەبوو، 40 ساڵ بوو كاری دەكرد، چەند ساڵ پێشتر هاتن‌و ئەویان برد، ماوەیەك هەواڵی نەبوو، دواتر جارێكی تر گەڕایەوە سەر كار، ئیشاڵا ئەمجارەش بگەڕێتەوە، هەرگیز ئەو قسانە لەسەر ئاغا ناچەسپێت". لەسەر ئەو بنەمایە، لە بازاڕی (سەبزە میدان) هەندێك كەس دەڵێن، دوای دەستگیركردنەكەی لە چەند ساڵی پێشتردا، ئاغای مەزڵومین دەستی لە كاركردن لە بازاڕی دراو هەڵگرتووە‌و هەموو كارەكانی خۆی بۆ بازاڕی زێڕ گواستوەتەوە. مەبەستی ئەو كەسانە لە دەستگیركردنی ساڵانی پێشتر، پێدەچێت ساڵانی 2012- 2013 بێت، واتە ئەو كاتانەی كە بە تۆمەتی "دروستكردنی كێشە لە سیستمی ئابوری ئێران" لە بازاڕی دراودا بۆ ماوەی (7) مانگ دەستگیركرابوو. بەپێی راگەیەندراوی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، حەمید مەزڵومین‌و كوڕەكەی (محەمەدرەزا مەزڵومین) لەو سەردەمەدا دەستگیركراون‌و حوكمدراون، بەڵام بانكی ناوەندی بە دادگای وتووە كە "كاری ئەو كەسانە بە هەماهەنگی بووە". ئەوكات بانكی ناوەندی وتویەتی:" ئێمە ئەو دۆلارانەمان خستووەتە بەردەستیان". لە كۆتایدا ئاغای مەزڵومین‌و كوڕەكەی ئازادكران‌و دادگاش رایگەیاند" ئەو كەسانە تاوانی لەوجۆرەیان نەكردووە". ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)، ماوەیەك لەمەوپێش بەبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەك رایگەیاند، مەحمود بەهمەنی سەرۆكی ئەوكاتی بانكی ناوەندی لەسەردەمی دەوڵەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاددا شەفاعەتی كردووە بۆ ئازادكردنی "سوڵتانی لیرە". تێكدانی بازاڕی دراو و لیرە تۆمەتێكی ترە كە ساڵی 1992 ئاڕاستەی ئاغای مەزڵومین كراوە، هەندێك لەوانەی كە لە بازاڕدا كاردەكەن دەڵێن ئاغای مەزڵومین زانیاری پێشوەختەی هەبووە لەناو بازنەی بڕیاردا لە ئێران، ئەمە وایكردووە لە كەسانی تر زیاتر دەستی بە رەشنوسی ئەو رێنماییانە بگات كە بڵاونەكراونەتەوە.  بەوتەی مورتەزا تورك جێگری داواكاری گشتی تاران، وەحید مەزڵومین لەمانگی تشرینی یەكەمی 2012دا ویستویەتی بەشێوەیەكی "نایاسایی" لە مەرزی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە ئێران هەڵبێت، واتە بێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستگیركراوە. وەحید مەزڵومین لەگەڵ ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی تری كەیسەكەی حوكمی لەسێدارەدان تۆمەتی ئاغای مەزڵومین " افساد فی الارض "ە لەڕێگەی تێكدانی سیستمی ئابورییەوە. لەم مانگانەی كۆتایدا بەر لە داڕمانی نرخ، نرخی دراو و زێڕ لە ئێران بەرزبووەوە تا ئاستێك بەهای دۆلاری ئەمریكی گەیشتە سەرو (19 هەزار) تمەن‌و بەهای لیرەش گەیشتە زیاتر لە (5 ملیۆن) تەمەن، دواتر لەڕێگەی دەستوەردانی دەوڵەتەوە كەمێك نرخەكە دابەزێندرا. لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخدا، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی مۆڵەتیدا بە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی تاوانە ئابورییەكان. بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بەهای ئاڵوگۆڕی دارایی ئاغای مەزڵومین‌و هاوبەشەكانی گەیشتوەتە (14) ملیار تمەن. ئاژانسی هەواڵی (میزان)ی سەربە دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند" لە تۆڕەكەی وەحید مەزڵومیندا 170 هەزار مامەڵەی دارایی لەڕێگەی 219 ئەژمارەوە ئەنجامدراوە". ئاغای مەزڵومین بەوەی تۆمەتباركراوە لەڕێگەی "بوونی زانیاری لەناو ناوەندی بڕیاربەدەستی ئێران" نرخی دراو و لیرەی بەئارەزووی خۆی بەرەو سەر یاخود بەرەو خوار بردووە، بەمەش سیستمی ئابوری ئێرانی دوچاری كێشە كردووە. ساڵی 1999 بانكی ناوەندی ئێران لیستی ناوی ژمارەیەك كەسی بڵاوكردەوە كە لە بازاڕی دراو و لیرەدا كێشەیان دروستكردووە، وەحید مەزڵومین ناوی لەو لیستەدا بوو، دواتر كوڕەكەی ئاغای مەزڵومین (محەمەدرەزا) بەفەرمانی دادگا دەستگیركرا. دەسەڵاتی دادوەری دەیوت، كوڕەكەی ئاغای مەزڵومین ئەندامی "تۆڕێكی رێكخراوی قاچاخی دراو بووە‌و بە رێنمایی باوكی‌و كەسێك بە ناوی شاهین سیمرغ كاری قاچاخچێتی كردووە". بەپێی قسەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران" ئاغای مەزڵومین‌و هاوبەشەكانی "بەشێوەیەكی ئاگایانە‌و بەلەبەرچاوگرتنی درخی ئابوری وڵات ئەو گروپەیان دروستكردووە‌و ئەنقەست كاریان كردووە بۆ تێكدانی سیستمی ئابوری ئێران لەرێگەی قاچاخچێتی لیرە‌و دراوەوە". سەرچاوە: بی بی سی فارسی ​​​​​​​


ئامادەكردنی : عومەری حاجی عنایەت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و چۆنیەتی دابەشكردنی كێكی دەسەڵات بەپێی خاڵ، شێوازێكە كە بەمدواییە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق پەنای بۆ برا، لەم شێوازەدا هەر پۆستێكی باڵا بەهاكەی بە خاڵ دیاری دەكرێت‌و بەراورد دەكرێت بە ژمارەی كورسی هەرلایەنێك لەناو پەرلەمان. عومەری حاجی عنایەت ئەندازیار و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لەم شیكارییەدا كە تایبەت بۆ ( درەو میدیا)ی ئامادەكردووە  شێوازی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی سیستمی (خاڵ) روندەكاتەوە. ئەم نوسینە بەلای چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا ناچێت، تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرئەنجامانەدا دەكات كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە بڵاوكراوەتەوە.  بەپشتبەستن بە ژمارەی پۆستە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان، بەپێی گرنگی هەر یەكێك لەو پۆستانە، بەشێوەی خاڵ نرخێكی خەمڵێنراو دادەنێین‌و بەراوردی دەكەین لەگەڵ ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كە (111) كورسییە. پۆستە باڵاكان بەپێی خاڵ  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (لەگەڵ بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: 20 خاڵ •    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 6 خاڵ •    سەرۆكی پەرلەمان: 12 خاڵ •    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ •    وەزیری دارایی: 4 خاڵ •    وەزیری ناوخۆ: 4 خاڵ •    وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ •    وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ •    وەزیری پلاندانان: 2 خاڵ •    وەزیری گواستنەوەو گەیاندن: 2 خاڵ •    وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی: 2 خاڵ  •    وەزیری پەروەردە: 2 خاڵ •    وەزیری داد: 2 خاڵ •    وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ •    وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار: 2 خاڵ •    وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان: 2 خاڵ •    وەزیری ئەشغال‌و ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ •    وەزیری كارەبا: 2 خاڵ •    وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ •    وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی: 2 خاڵ •    وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی: 2 خاڵ •    وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو: 2 خاڵ •    وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان: 2 خاڵ •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2 خاڵ •    دەستەی وەبەرهێنان: 2 خاڵ •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ •    فەرمانگەی پەیوەندیۆەكانی دەرەوە: 1 خاڵ •    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1 خاڵ •    فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 1 خاڵ •    فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون: 1 خاڵ •    فەرمانگەی كاروباری ناوچە  كوردستانییەكانی  دەرەوەی هەرێم: 1 خاڵ •    دەزگای كاروباری مین: 1 خاڵ •    ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ •    دەستەی گەشتوگوزار: 1 خاڵ •    ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنی هەرێم: 3 خاڵ بەوپێیەی پۆستی سەرۆكی هەرێم ئێستا هەڵپەسێردراوەو زۆرینەی دەسەڵاتەكانی دراوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و بەشێكی دەسەڵاتەكانی دراوە بە سەرۆكی پەرلەمان‌و بەشێكی تری دراوە بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، نرخی كورسیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (20) خاڵی وەرگرتوەو كورسی سەرۆكی پەرلەمان (12) خاڵی وەرگرتووە، بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لای سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییە، بەوپێیە دەسەڵاتی دادوەری دەبێت بێلایەن بێت‌و نایەتە ناو ئەم هاوكێشەیەوە. گریمانەی پێكهێنانی حكومەت لەحاڵێكدا (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكان كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن، كە تائێستا ئەمە بۆچونێكی پێشبینیكراوە، ئەگەر نرخی یەك كورسی پەرلەمان بە (1) خاڵ دیاری بكەین، ئەوا هێزی لایەنەكان بەپێی خاڵەكانیان بەمشێوەیە دەبێت: •    پارتی: 45 كورسی •    یەكێتی: 21 كورسی •    گۆڕان: 12 كورسی •    پێكهاتەكان: 11 كورسی كۆی گشتی ئەم پێكهاتەیە دەبێت بە (89 كورسی)، واتە (89 خاڵ)، (22) خاڵی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەمێنێتەوە، بەپێی سەنگی كورسییەكانیان‌و بەشێوەی رێژەیی دابەش دەبێت بەسەر پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا وەك سێ براوەی یەكەم‌و دووەم‌و سێیەمی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی 2018 بەمشێوەیە: •    پارتی: 12 خاڵ •    یەكێتی: 6 خاڵ •    گۆڕان: 4 خاڵ پاش دابەشكردنی خاڵەكانی ئەو لایەنانەی كە دەبن بە ئۆپۆزسیۆن، خاڵەكانی ئەو لایەنانەی كە دەسەڵات پێكدەهێنن بەمشێوەیەی لێدێت: •    پارتی: 57 خاڵ •    یەكێتی: 27 خاڵ •    گۆڕان: 16 خاڵ •    پێكهاتەكان: 11 خاڵ كۆی گشتی خاڵەكان دەبێت بە (111) خاڵ‌و لەم حاڵەتەدا پارتی ئەم پۆستانە دەبات:   پشكی پارتی •    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە): 20خاڵ •    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ •    وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ •    وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ •    وەزیری پلاندانان: 2خاڵ •    وەزیری ئەشغال‌و ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ •    وەزیری كارەبا: 2 خاڵ •    وەزیری كشتوكاڵ: 2 خاڵ •    وەزیری خوێندنی باڵا: 2 خاڵ •    وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ •    وەزارەتی ئەوقاف: 2 خاڵ •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1خاڵ •    دەستەی گەشتوگوزار: 1خاڵ •    فەرمانگەی كاروباری مین: 1 خاڵ •    فەرمانگەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: 1خاڵ •    فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە: 1 خاڵ •    راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: 3خاڵ كۆی ئەو پۆستانە كە پارتی دەیبات بەخاڵ دەكاتە (57) خاڵ. پشكی یەكێتی •    سەرۆكی پەرلەمان: 10 خاڵ •    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 6خاڵ •    وەزیری ناوخۆ: 4خاڵ •    وەزیری گواستنەوەو گەیاندن: 2 خاڵ •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2خاڵ •    فەرمانگەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: 1خاڵ •    وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان: 2خاڵ كۆی ئەو پۆستانەی كە یەكێتی دەیبات بە خاڵ دەكاتە (27) خاڵ. پشكی بزوتنەوەی گۆڕان •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ •    وەزیری دارایی: 3 خاڵ •    وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ •    وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار: 2 خاڵ •    وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان: 2 خاڵ •    وەزارەتی پەروەردە: 2 خاڵ كۆی گشتی ئەو پۆستانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان دەیبات بە خاڵ دەكاتە (16) خاڵ. پشكی پێكهاتەكان پێكهاتەكانی كلدنی، سریانی، ئاشوری كە بە سیتمی كۆتا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كۆی گشتی خاڵەكانیان (5) خاڵە: •    وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی: 2 خاڵ •    فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 1خاڵ   پێكهاتەی توركمان (5) خاڵ- كۆتا: •    وەزیری داد: 2 خاڵ •    ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ پێكهاتەی ئەرمەن (1) خاڵ- كۆتا: •    فەرمانگەی بەدواداچوون‌و پەیوەندیەكانی ئەنجومەنی وەزیران: 1 خاڵ تێبینی یەكەم: لەبەرئەوەی خاڵی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە پەرلەمان بەهۆی سیستمی كۆتا هاتووە، لە حكومەتیشدا لە سەنگی خۆیان زیاتریان پێدراوە، ئەكرێت بەهۆی رێككەوتنی پێشوەختەوە، هەردوو پۆستی (سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان- 2 خاڵ)و (وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن- 2 خاڵ) بدرێتە یەكێتی‌و گۆڕان بەدەر لە شایستەی خۆیان، بەپێی ئەم سیستمەی لیرەدا هاتووە. تێبینی دووەم:  دانانی نرخی پۆستە وزاری‌و دەستەو فەرمانگەكان زادەی بیری خۆمە، ئەكرێت بەپێی بۆچونی كەسێكی دیكە یان رێككەوتنی پێشوەخت ئەم خەمڵاندنە بگۆڕدرێت، بەڵام ئەكرێت سود لەم سیستمە وەربگیرێت‌و بەرچاوڕونی زیاتر بداتە لایەنەكان‌و بكرێتە بنەما بۆ پیكهینانی حكومەت.


راپۆرتی: ئارام مەحمود – محەمەد رەئوف   لە دوای ڕۆیشتنی حزبی شیوعی كوردستان بە ئاڕاستەی "ئۆپۆزسیۆن" بوون، ژمارەی ئەو هێزانەی تائێستا "ئۆپۆزسیۆن" بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان  گەیشتە (3) هێز. •    (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) وەك یەكەم هێز لە ڕۆژی (22) تشرینی یەكەمی ڕابردودا، ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند. •     بەدوایدا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌) كە بۆ یەكەمجارە بەشداری پەرلەمانی كوردستان دەكات‌و، پێشتر بڕیاریدابوو بایكۆت بكات و نەچێتە پەرلەمان، لەكۆتا ڕۆژی تشرینی یەكەمی ئەو مانگەدا، بڕیاریدا وەك "ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك" بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بكات.  ئەوەی تا ئێستا لە نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو ڕونبۆتەوە بەمشێوەیە: ئەو هێزانەی بڕیاریانداوە ببنە ئۆپۆزسیۆن لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان: •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (8) كورسی. •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5) كورسی. •    حزبی شیوعی كوردستان (1) كورسی. ئەو هێزانەی تا ئێستا خۆیان یەكلانەكردۆتەوە: •    بزوتنەوەی گۆڕان (12) كورسی. •    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (7) كورسی. •    حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان (1) كورسی. ئەو هێزانەی یەكلابونەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت: •    پارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی. •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان (21) كورسی. ئەو هێزانەی تا ئێستا خۆیان یەكلاكردۆتەوە  ببنە "ئۆپۆزسیۆن" ژمارەی كورسییەكانیان لەخولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان (14) كورسییە، كە لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان (12،6)ی كورسییەكان پێكدێنێت. بەرژەوەندی‌و تێڕوانینی جیاواز بەربەستە لەگەڵ ئەوەی ئەم نەخشەیە قابیلی "گۆڕانكاریی و مانەوەیە" وەكو خۆی بەهەردوو بارەكەیدا، كە یەكێكیان، بەهێزبون و فرانبونی بەرەی "ئۆپۆزسیۆن"ە، بە ڕۆیشتنە پاڵی (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی)، كە هەموویان پێكەوە كورسییەكانیان دەگاتە (33) كورسی، یان چونە پاڵی یەكێك لەو دوو هێزە كە دیسان گۆڕانكاری لەتەرازوی هێزەكە دەكات لەبەرژوەندی "ئۆپۆزسیۆن"، هەرچەندە ڕوون نیە ئەگەر هەموو ئەم هێزانەش "ئۆپۆزسیۆن"بوون هەڵبژێرن "بەرەیەكی هاوبەش" لەناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان پێكدێنن بۆ وەستانەوە بەڕووی (پارتی دموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) یان نا؟ بەوپێیەی كۆمەڵێك "تێڕوانین‌و بەرژوەندی جیاوازن"‌و پێشتریش بەشێك لەم هێزانە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەشیان لە(بەغداد) ڕاگەیاند، كە تەنها یەك كۆبونەوەیان كرد ئەویش كاتی ڕاگەیەیاندنی پێكهێنانی فراكسیۆنەكە بوو، دوای ئەوە دەنگیان نەما. ئەوی دیكەشیان، ڕۆیشتنی (گۆڕان‌و كۆمەڵ)ە پێكەوە، یان یەكێكیان بە ئاراستەی بەشداریكردن لەحكومەت، كە ئەمەیان یەكسانە بە بەهێزكردنی بەرەی دەسەڵات لەسەر حسابی لاواز بوونی "ئۆپۆزسیۆن". بەشداریكردن زیانی پێگەیاندن (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) كە لەخولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2009 دا "ئۆپۆزسیۆن"ێكی بەهێز‌و كاریگەربوون‌و پێكەوە (35) كورسییان هەبوو. •    بزوتنەوەی گۆڕان (25) كورسی هەبوو. •     یەكگرتووی ئیسلامی (6) كورسی هەبوو. •     كۆمەڵی ئیسلامی (4) كورسی هەبوو. بۆ خولی چوارملە 2013 دا ژمارەی كورسییەكانیان گەیاندە (40) كورسی •    بزوتنەوەی گۆڕان (24) كورسی. •     یەكگرتووی ئیسلامی (10) كورسی. •     كۆمەڵی ئیسلامی (6) كورسی. بەڵام ئەمجارە لە بری "ئۆپۆزسیۆن" بەشداری حكومەتی "بنەكە فراوان"یان لەگەڵ " (پارتی و یەكێتی) هەڵبژارد‌و، ئاكامەكەشی بە سەرهەڵدانی قەیرانێكی حوكمڕانی‌و سیاسی گەورە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد‌و، بەداخستنی پەرلەمانی كوردستان‌و دورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت‌و، كشانەوەی (یەكگرتوو و كۆمەڵ) لەدواین ڕۆژەكانی تەمەنی كابینەی (8) كۆتاییهات. دەنگدارانیش سزایان دان لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا لە 30ی ئەیلولی 2018 ، دەنگ و كورسی ئەو هێزانە بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بە جۆرێك ژمارەی كورسییەكانیان لە(40) كورسییەوە بوو بە (24) كورسی، كە (بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامی) زەرەرمەندی یەكەمبوون‌و، نیوەی كورسیەكانیان لەدەستدا، وێڕایی ئەوەی  بەچوونە حكومەتی ئەو هێزانە "ئۆپۆزسیۆن"یش، ئەو (ڕەونەق و بەریق و متمانەیەی) جارانی نەما‌و، كەوتە بەر نەشتەری ڕەخنە. سەردەمی زێڕین ئۆپۆزسیۆن بوو     خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، كە بە هەموو پێودانیگَیك خولی "ئۆپۆزسیۆن" و "سەردەمی زێڕین"ی حزبەكانی بوو (بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان)، كە پێكەوە خاوەنی (35)كورسی پەرلەمان بوون، توانیان فشارێكی گەورە لەسەر هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەهەرێمی كوردستان ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)دروستبكەن‌و، ناچاریان بكەن لەلایەك بایەخ بە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزراییەكان‌و ئەنجامدانی ڕیفۆرم‌و چاكسازی ئەگەر بەشێوەیەكی شكڵیش بێت لەحكومەتدا بدەن‌و، لەلایەكی تریش بایەخ بۆ "دەنگ‌و ئیرادەی" خەڵك دابنێن‌و حساب بۆ داخوازی‌و گلەیی و گازندەكانیان بكەن. ناچاری‌و ئیبتیزاز لەگەڵ گرنگی ئامادەیی "ئۆپۆزسیۆن" بۆ بەزیندوێتی هێشتنەوەی پرۆسەی سیاسی و بوونی دەنگی جیاواز‌و، چالاككردنی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمان، چی  لەڕووی "چاودێریكردن"ی كارەكانی حكومەت‌و، هەم لەڕووی "لێپیچینەوە" لەلادان‌و كەموكوڕییەكان، پرسیاری ژمارە یەك ئەوەیە، چی شتێك (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) وەكو دوو هێزی كاریگەر لەگۆڕپانی سیاسی هەرێمی كوردستان ناچار دەكات، لە بری گەڕانەوە بۆ "ئۆپۆزسیۆن" بوون، بەرەو بەشداریكردن لە حكومەتێك هەنگاوبنێن كە:   1-    پێشتر تاقییانكردۆتەو، بە ناچاری بێت یان خواستی خۆیان، نەیانتوانیوە بەردەوامبن‌و "بەدەستی بەتاڵ" هاتونەتە دەرەوە لێی.  2-     ئەگەر بەشداری پێشتریان لە حكومەت،  جگە لە دورخستنەوە‌و پەراوێخستن، سزادانی دەنگدەران‌و ڕەخنە‌و عەیبداری بەدوای خۆیدا هێنابێت، دەبێت سیحری سەر لە نوێ‌ تاقیكردنەوەی لەچیدا بێت؟ بە تایبەت كە هیچ گەرەنتییەكی سیاسی دووبارە نەبوونەوەی نیە. 3-    لەڕابردودا ئەم هێزانە بەو پێگەو كاریگەرییەی هەیانبوو نەیانتوانی بەرنامەو تێڕوانیەكانیان بكەنە بەشێك لە كارنامەی حكومەت‌و لەكارەكانی ڕەنگبداتەوە، ئێستا بەپێگەیەكی لاوازتر‌و، لەحكومەتێكی مەرجداردا، چییان پێ دەكرێت؟. 4-    پارتی‌و یەكێتی وەك ڕێكاری یاسایی‌و سیاسی هیچ پێوستییەكیان بەم هێزانە نیە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، وەك بەرپرسێكی پارتی دەڵێت"چ ئیشمان پێیان هەیە"، كەواتە ئامادەییان لە حكومەت چی بایەخێكی هەیە؟. 5-    هێزێك بە مەرجی "بێدەنگ‌و سەنگی" بەشداری حكومەتی پێبكرێت‌و بەڵێنامەی پێبڕبكرێتەوە،وەك عارف تەیفۆر دەڵێت: ئەو هێزانەی دێنە حكومەتەوە دەبێت بەڵێن بدەن تاكۆتایی كابینە لەگەڵمان بن" ئەكرێت چاوەڕوانی دەستكەوتی گەورەی لێبكرێت؟. رەنگە بەشێك لە هۆكاری بەشداریكردنیان بۆ چەند حاڵێك بگەڕێتەوە لەوانە:. 1-    چاوەروان دەكرێت چوار ساڵی داهاتوو دۆخی ئابوری و سیاسی هەرێم باشتر بێت و ئەمەش سیحری ئۆپۆزسیۆن بوون بەتاڵبكاتەوەو ئەمانیش بیانەوێت بەشداربن لە حكومەتێكی پارەدار و ئیستقرار. 2-    بەبەشدارینەكردنیان لە حكومەت ترسی پەراوێزخستن و بچوكبونەوەیان هەیە بەوەی هاوڵاتیان بەدوای ئیستقراری سیاسی و ئابوریدا دەگەڕێن كە رەنگە بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەو ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری, سیحری نارەزایی و دەنگهەڵبڕینی ئۆپۆزسیۆن بەتاڵبكەنەوە 3-    بەشداریكردنیان لە حكومەت و بەدەستهێنانی چەند پۆستێك و دامەزراندنی چەند كەسێك ئەتوانن دڵی چەند كەس و كادر و لایەنگرێكیان رازی بكەن.   ئامانج لە مەرجداركردنی حكومەت چییە؟ بەشێك لە ئاگایانی دۆخی هەرێم پێیانوایە، دانانی "مەرج" لەلایەن (پارتی)یەوە، بۆ لایەنەكان تا بەشدارییان پێبكات لە كابینەی داهاتوو، لە بنەمادا بۆ "ئیبتزاز" كردنیان‌و بەشدارینەكردنیانە لە حكومەت، یان "بێمنەت"كردنی ئەو هێزانەشە كە خواستیان هەیە بۆ بەشداری، بەوەش دوو ئامانج دەپێكێت: •    هەندێك هێز ناچار بكات بەرەو "ئۆپۆزسیۆن" بڕۆن، چونكە پارتی ئامادەنیە ئەزمونی "حكومەتی بنكە فراوان" دووبارە بكاتەوە. •    (پارتی) زامنی كۆمەڵێك هێزی "گوێڕاڵ" دەكات لەكابینەی داهاتوو، كە پێشتر بەمەرجەكانی ڕازیبون‌و، ناتوانن هیچ "كێشەو سەرئێشە"یەكی بۆ دروستبكەن، چونكە "كەس زۆری لێنەكردوون"‌و بە بەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە بە"مەرج" بەشدارییان پێكراوە.             


راپۆرتی: ئارام مەحمود  پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێیدا، لیژیەنەكی بەدواداچوونی بۆ ڕووداوە ئەمنییەكانی پارێزگای (نەینەوا) پێكهێنا، ئەوەش لە كاتێكدایە بۆ چوارەمجار لەسەریەك خشتەی كاری دانیشتنەكانی، بڕگەی تایبەت بەدەنگدانی لەسەر كاندیدانی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) تیادا نەبوو.  تا ئێستا ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانی (فەتح) بە سەرۆكایەتی (هادی عامری)و، هاوپەیمانی (سائیرون) بە سەرۆكایەتی (موقتەدا سەدر) لەسەر كاندید كردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە، (عامری) پێداگری لەسەر دانانی دەكات‌و، (سەدر)یش، ڤیتۆی لەسەری هەیە.    (10) كاندید بۆ یەك وەزارەت! دۆخی (سوننەكان)یش جیاوازییەكی زۆری نیە بەهۆی فرە كاندیدییان بۆ وەزارەتی بەرگری بە جۆرێك ژمارەی كاندیدەكانیان بۆ ئەو پۆستە گەیشتوەتە (10) كەس. سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی لە (24) تشرینی یەكەم، ناوی (فەیسەڵ جەربا)ی پێشكەشكرد و پەرلەمان لەگەڵ كاندیدی (7) وەزارەتی تردا، دەنگی لەسەر نەدا. ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاویكردوەتەوە، ئێستا كێبڕكێكە لەنێو دوو سەركردەی كوتلەی (ئیئتیلافی وەتەنییە)یەدا، كە  (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات، ئەوانیش (سەلاح جبوری) سەرۆكی پێشوی كوتلەی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان‌و، (سەلیم جبوری) سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراقە، هاوكات كوتلە سوننیەكانی ناو هاوپەیمانی (بونیاتنان)یش، هێشتا ناوی (هشام ئەلدەراجی) بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز دەكەن كە (ئەیاد عەلاوی) بەتوندی دژیەتی. لای خۆیەوە، (عەبدولهادی موحان) پەرلەمانتاری (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا) پێشبینی دەكات سەرۆك وەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا كابینەی حكومەتەكەی تەواو بكات. ئەو پەرلەمانتار بە (سۆمەریە نیوز)ی وتوە"تا ئەم ساتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران عێراق وادەی كۆتایی دیارینەكردووە بۆ پێشكەشكردنی كابینەی حكومەتەكەی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری و دیمەنی گشتی ئاماژەبۆئەوەدەكات كە عەبدولمەهدی كابینە وەزارییەكەی بەیەك سەبەتە پێشەكەش دەكات و ڕەنگە هەندێك لەو وەزارەتانەشی تیادابێت كە دەنگیان لەسەر دراوە و كێشەیان هەیە لەڕووی  لێپرسینەوەو دادپەروەری یان كۆتی تاوان".  ئەمریكا بەئەنقەست وایكردووە لەڕووی ئەمنیشەوە، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی دەستنیشانكردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری پێشێلكارییە ئەمنییەكانی ئەم دواییەی پارێزگای (نەینەوا) كە چەند پارێزگای خۆرئاوای عێراقیشی گرتوەتەوە و ڕێكخراوی (داعش) چەندین كردەوەی ئەنجامداوە. (حاكم زاملی) سەرۆكی پێشوی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایدەكات، سوپای ئەمریكا بە ئەنقەست هەندێكی ناوچەی سنوریی بەبێ‌ كۆنترۆڵكردنی لەڕووی ئەمنییەوە بەجێهێشتووە، دەشڵێت" ئەم ڕۆژانەی دوایی سنوری سوریا-عێراق جوڵەی مەترسیداری بەخۆوە بینیوە، كە پێشتر  هۆشداریمان لە بارەیەوە داوە".  ڕونیشكردوەتەوە" سەرقاڵبونی هەندێك لە یەكە سەربازییەكان لەو ناوچانە بە پەیداكردنی پارەو فرۆشتنی زەوی و سەرانە و بەرتیل و قاچاخچێتی و ماددەی بێهۆشكەر و ئاودیوكردنی نەوت، ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی گروپە تیرۆرستییەكان بۆ شاری موسڵ و دەوروبەری كردووە ". 


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود یەكێك لە دەركەوتەو ئاماژە دیارەكانی گۆڕانی هاوكێشەی هێز لە هەرێمی كوردستان، دانانی "مەرج"و "پڕكردنەوەی بەڵێنامە"یە لەلایەن (پارتی دیموكراتی كوردستان)ەوە، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە لایەنەكانی تر، تا بەشداربن یان "بەشدارییان پێبكرێت" وەكو بەرپرسێكی (پارتی) دەڵێت لەكابینەی (9)ی نوێی حكومەتی هەرێم. ئەمە بەهەموو پێوەرەكان پێشهاتێكی بێپیشینەو تازەیە لە پرۆسەی سیاسی‌و ژیانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، كە بەمانای دەستپێكی قۆناغی لاسەنگی‌و كۆتایهاتنی سەردەمی هاوسەنگی هێز دێت. پارتی جاران‌و پارتی ئێستا! لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی (8) دا، كە بە "حكومەتی بنكەفراوان" ناسرا، (پارتی) نەك هەر بەوشێوەیەی ئێستا "بێمنەت" نەبوو، بەڵكو هەوڵی زۆریدا بۆ بەشداریكردنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن، بەتایبەت (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) كە بە هێزەكانی (ئۆپۆزسیۆن) ناسرابوون، تەنانەت سازشی زۆریشی بۆ كردن تا قایلیان بكات بە بەشداری. "بە ڕۆژ لەحكومەت.. بەشەو ئۆپۆزسیۆن" پێدەچێت (پارتی) زۆر بەوردی ئامادەكاری بۆ قۆناغی ئایندە كردبێت، لەئێستاوە بێ پێچ‌و پەنا ئەوە بەگوێی هەموو لایەنەكاندا دەدات "حكومەتێكی بێ كشەو پەرلەمانێكی بی سەرئێشەی" دەوێت‌و "ئەزمونی ڕابردوو دووبارە ناكاتەوە"، زۆریشی لە كەس نیە بۆ بەشداری، بگرە بەپێچەوانەوە هەر لایەنێك بەنیازی بەشداربێت دەبێت سەرەتا بەڵێنی "بێدەنگی"بدات‌و پەرلەمانتارەكانیشی "گوێڕایەڵ" بن و،  پەرلەمان نەكە مینبەری " ئۆپۆزسیۆنبوون". گەیاندنی زیاد لەجارێكی ئەم پەیامە لەڕێی (عارف تەیفور) بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی‌و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بێ "مەغزا"نیە.  ئەو بەرپرسەی پارتی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا) بەڕاشكاوی دەڵێت"پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداریپێكردنی لایەنەكان لە حكومەت، كە یەكێك لە خاڵەكانی ئەوەیە ئەمجارە لە حكومەت نەبن‌و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یان پەرلەمانتارەكانیان ڕەخنەیان هەبوو دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەكانیان لە حكومەت بیگەیەنن بە حكومەت، نەك پەرلەمان بكەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبوون". (عارف تەیفور) تەئكیدەدەكات"دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لە لایەنەكان وەربگیرێت، وە پابەند‌و مولەتەزیمیش بن پێوەی، ئەگەر لایەنێكیش ئامادە نەبوو ئەو بەڵێنە بدات، ئەوا ئامادەنین بەشداری حكومەتیان پێبكەین، ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە". (عەلی حوسێن) بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی‌و عێراقییەكانی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمی حزبكەی وتووە" هەر حزبێك بیەوێت بێتە حكومەتەوە، دەبێت بەفیعلی لە پرۆسەی حكومەتداریدابێت‌و، ناكرێت پێیەكی لە حكومەت و پێیەكی لە ئۆپۆزسیۆن بێت. بەرنامەو بەڵێنەكانیان چی بەسەردێت؟ لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە چاودێران بەمافی (پارتی) دەزانن، هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز‌و خاوەن دیدێكی هاوبەش بدات وەك هێزی یەكەم كە بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەت‌و حوكمڕانی بۆ چوارساڵی ئایندە دەكەوێتە ئەستۆ، بەڵام پێیانوایە، هەوڵدان بۆ بێدەنگردنی پەرلەمان‌و كردنی بە بەشێك لە سەفقەو ڕێككەوتنی لەتكردنی كێكی حكومەت، كاریگەری نەرێنی لەسەر پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی‌و وەزیفەی ڕاستەقینەی پەرلەمان دەبێت، كە خۆی لە خۆیدا ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەوەی وەك پێویست ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوەو، هێزەكانیش هەر یەكەو بەجۆرێك لەهەیبەت‌و شكۆی ئەو دامەزراوە گرنگەیان كەمكردوەتەوە، كە باڵاترین دامەزراوەی یاسادانانی هەرێمە.  پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئاخۆ لایەنەكان بە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)یشەوە ئامادەن بۆ وەرگرتنی لیستێك لە "مەرج" وەك پسوڵەی بەشداریی لە حكومەت؟ لەكاتێكدا لە ڕابردوودا (پارتی) هەوڵی زۆریداوە بۆ بەشدارییان‌و ئەنجامەكەی بۆ (یەكێتی) بۆڵەبۆڵ‌و هەستكردنی بەردەوام بە مەغدوری، بۆ (بزوتنەوەی گۆڕان) دورخستنەوەو، بۆ هێزەكانی تریش پەراوێزخستن، ئاخۆ ئەمجارە كە (پارتی) "بێمنەتە" لە بەشدارییان، ئەبێ‌ حاڵیان چۆن بێت لەكابینەی داهاتووی حكومەت ؟ كە كردنەوەی دەرگای چونە ژورەوەی بە "مەرج"و "پڕكردنەوەی   بەڵێننامە" دەستپێدەكات.  


(درەو میدیا): ژمارەیەك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە وڵاتانی ئەوروپا، پرۆژەیەكیان بەناوی ""پرۆ گۆران" ئاراستەی رێكخەر و خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانكردووە. كۆپییەكی پرۆژەكە دەست (درەو میدیا) كەوتووە كە تێیدا ئاماژە بە كێشە‌و هۆكاری دابەزینی ئاستی جەماوەریی بزوتنەوەی گۆڕان كراوە. بەشداربوانی پرۆژەی "پرۆ گۆڕان" داوای دانوستان‌و گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ جڤاتی نیشتمانی‌و خانەی راپرەاندن پرۆژەیەكیان ئامادەكردووە‌و وەكو خۆیان دەڵێن" ئەم پرۆژەیە لەڕێی خوڵقاندنی فشاری گەورەی ناوخۆییەوە رێ لەو تاقمە بگرێ كە مەرامی وایە، پێكهاتەیەكی گەورەی وەك بزوتنەوەی گۆڕان بكا بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی". دەقی پرۆژەكەی رەوتی "پرۆ گۆڕان": پڕۆگۆڕان پرۆژەی کۆبونەوەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەوروپا ٢٠ - ٢١/١٠/٢٠١٨، لاهای – هۆڵاند پێشەکی: کۆمەڵێک لەهەڵسوراوانی گۆڕان لەوڵاتانی ئەوروپا، لەڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لەشاری لاهای لەوڵاتی هۆڵەند کۆبونەوە بۆلێدوان و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان. کۆبونەوەکە لەئاکامی باسکردنێکی چڕوپڕ، دەستی لەسەر زامەکانی بزوتنەوەکە لەبوارەکانی رێکخراوەیی، سیاسی، پەیوەندییەکان، کارگێری و دارایی و جەماوەری دانا. لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە بزوتنەوەکە ڕوبەڕوی رۆچونێکی مەترسیدار بۆتەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەرو دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە، گۆڕان تاچەند ساڵێک لە مەوبەر وزەی سیاسی و رۆشنبیری و ئومێدی بە گەنجان دەبەخشی ئێستا وزەو تواناکانیان فەرامۆش دەکات و بەئاراستەی نادروستدا دەیان بزوێنن و لەئومێد بێبەریان دەکات، ئێستا سەروەری و سەربەخۆیی گۆڕان کەوتۆتە گێژاوی میزاجی جیاجیای ناو بزوتنەوەکە و دەرەوەشی، بۆیە لەبریارداندا تەریک کەوتوە و نازانرێت لەژێر چ کاریگەریەکدا بریاردەدرێت، هەربۆیەش لەزۆربەی روداوە سیاسیەکاندا پێگەو هەڵوێستی گۆڕان ناڕون و ناجێگیرو تەماویە، گۆڕان ئێستا لە بازنەکانی گوتارێکی سیاسی چەقبەستوی بێ کاریگەردا دەخولێتەوە بێئەوەی بتوانێت دیدگایەکی ڕونی  بۆ ئایندە و ئەڵتەرنەتیڤەکان هەبێت . لە مێژە، لێرە و لەوێ، تاوە ناتاوێ، ئەم ‌و ئەو بەتاك‌ و کۆ بەرەخنە، نامە، یادداشت، پێشنیاز، گفتوگۆی رووبەڕو.. هەوڵی باشکردنی ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان یان دەدا. نەبونی وەڵام و وەڵامی ناتەواو، یا فەرامۆشکردن ئاکامی ئەو هەوڵانە بو تا کار بە نوچدانە گەورەکەی بزوتنەوەکە گەیشت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق‌و هەرێمی کوردستاندا. تەواو راستە کەدەرچەی ژمارەی کورسیەکان بەری تەزویری هێزە دەسەڵاتدارەکان بو؛ بەڵام ئەم راستیە، راستیەکی رەونەقتر، ناشارێتەوە ئەویش ناتوانایی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بو لەئیدارەدانی گشتی بزوتنەوەکەدا! هەوڵەکانی رابردو بۆ باشکردنی ئەدا بو؛ بەڵام ئەم پرۆژەیە ( پرۆژەی گۆڕان - پرۆگۆڕان) بۆ بەهاناوەهاتنی بزوتنەوەکە هاتوە لەرۆچون لەسەر دەستی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕاندا کە هەم ئۆباڵی حاڵ خراپی بزوتنەوەکەی دەکەوێتە گەردن‌ و، هەم خراپترکردنی دۆخەکە بەهۆی درێژەدان بە سیاسەتی نەخوازیار ‌و ئاڵودە بونی بەوەی بە ' تەوریسی سیاسی' ناوزەد دەکرێ. ئەوەی دەگوزەرێ ناگونجێ لە گەڵ بەهاکانی گۆڕان و دژ بەو رێچکە شارستانی گۆڕانخوازانەیە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك میراتێکی مەعنەوی، رێکخراوەیی و سیاسی بۆی بەجێ‌ هێشتوین. دەبێ گەردی تاکڕەوی ‌و تۆزی لادان لە جەستەی گۆران بتەکێنرێ ‌و بە ئەڵتەرناتیڤێ کە بەری بیرکردنەوە، گفتۆگۆ، هەڵوێست ‌و کاری دەستەجەمعی هەمو گۆڕانخوازان بێ، جێیەکەی پڕ بکرێتەوە. پرۆژەی گۆرانخوازان بە فۆڕمیۆلای پڕۆژە، هۆکارەکانی رۆچون‌ و راگرتن، بوژاندنەوە و هەڵسانەوە ‌و بە دامەزراوەییکردنی بزوتنەوەکە دەکا، دەخوازێ زەمینەیەکی لەبار بۆگۆڕانکاری ئەرێنی راستەقینە بخوڵقێنێ بۆ رزگارکردنی بزوتنەوەکە. لە بازنەی هەڵسەنگاندنی گشتیدا پرۆژەکە بابەتە گرنگەکانی: هۆکارەکانی رۆچون، بوژاندنەوە و هەڵسانەوە، میراتی سیاسی ‌و بە دامەزراوەییکردنی بزوتنەوەی گۆڕان باس دەکا‌و دواتر بە دەرئەنجامێ قەناعەتەکانی بۆ دۆخەکە دەخاتەڕو. ناساندن: پرۆژەی گۆرانخوازان هەڵمەتێکی ناوخۆیی، ئاشکرا، خەمخۆر، بیناکار، رەخنەگر، رێکخراوەیی... ئەو گۆڕانخواز ‌و هەڵسوڕاوانەیە کە دڵیان لای بزوتنەوەکە و بەرژەوەندی گشتی خەڵكە. ئاکامی جوت هەڵبژاردنەکەی عێراق ‌و هەرێم بۆ گۆڕان کەمەر شکێن بو، هاوکات وانەیەکی گرانبەهایە تایبەت بۆ بێدار بونەوە ‌و کەوتنەخۆ. ئەمەی رویدا، بەلای ئێمەوە، کۆتایی دونیا نیە؛ بەڵکو کۆتایی گەڕێکە و سەرەتای گەڕێکی تر، گەڕی لێكدابڕان‌ و گەڕی لێکتێگەیشتن و یەکگرتنەوە.  ئەم پرۆژەیە بڕوای تەواوی بەهەڵسانەوە و بوژاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە. لەگەڵ گەورەیی ئەوەی بەسەریدا هات، هێشتا پاشخانی بزوتنەوەکە بە بەهای پڕشنگدار دەوڵەمەندە کە مەکۆی سەرەکی لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا دەتوانن، بەڵکو دەبێ، بیناسازی لەسەر بکەن!  پرۆگۆران دەخوازێ ئەوهەڵوێستە مەترسیدار ‌و رێچکە چەوت و نەخوازیارانەی، هەنوکە، زۆرێ لە ئەندامانی بازنەی دەسەڵات پیادەی دەکەن ‌و یا دەیسەپێنن، رابگرێ‌ و، لەگەڵیدا بزوتنەوەکە بە دامەزراوەیی بکا. ئەمەی دواییان، کاراکردنی خودی بزوتنەوەکە بەتایبەتی زامن‌ دەکا‌و، چالاکوان‌و دەنگدەر ‌و خەڵکیش بەگشتی، ئاسودە دەکا ‌و لەگەڵ خۆی ئاشتیان دەکاتەوە! هاتنە کایەی پرۆگۆڕان پێویست‌ و بایەخدارە. ناڕەزایی زۆر، تان ‌و پۆی بزوتنەوەکە و ناوخەڵکی گرتۆتەوە! ناڕازییان هەقیانە؛ بەڵام پێویستیان بە کۆکردنەوە‌ و رێکخستن‌ و رابەرهەیە. رابەرێ لەناخی خۆیانەوە هەڵکەوێ‌ و ژیر‌و بوێرانە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا بکا، لەلایەك کەمپەینەکە لە دەستوەردانی دەرەکی ‌و بەکارهێنان بپارێزێ‌ و، لەلاکەی ترەوە رێ لەوە بگرێ گۆڕان زیانی پێ بگا یا هەوڵ بدا بە کەمترین زیان زۆرترین دەرچەی ئەرێنی بۆ بزوتنەوەکە و ئەوانەی خێری بۆ دەخوازن، فەراهەم بینێ! ئەم پرۆژەیە لەڕێی خوڵقاندنی فشاری گەورەی ناوخۆیی ‌و بە پشتیوانی هەموو ئەوانەی دڵیان لای گۆڕانە ‌و ئەو میراتە مەعنەوی، سیاسی و رێکخراوەیی مەزنەیە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، وەك ئەمانەتێ بۆمانی جێ‌هێشتوە، رێ لەو تاقمە بگرێ کە مەرامی وایە، پێکهاتەیەکی گەورەی وەك بزوتنەوەی گۆڕان بکا بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. دەزانین ئەرکێکی قورسمان لەپێشە؛ بەڵام پێکانی ئامانجەکان بە ئەستەم نابینین! ئەم کۆمەڵە خەمخۆرە رچەشکێنە بەو تایبەتمەندیانەی لە پڕۆژەکەیاندایە‌ و، بەو هەڵوێستەی لە خەمخۆران‌ و خەڵکی رەچاو دەکەن، هیوایان گەیشتنیان بە مەنزڵ، گەشە! مەنزڵ واتە گەڕاندنەوە بۆ سەردەمی شکۆمەندی‌ و لەگەڵیدا کاڵکردنەوەی نەرێنیەکان ‌و بە دامەزراوەیی کردنی بزوتنەوەکە، نەدەکرا زیاتر چاوەڕێ بین، دوای ئەوەی بازنەی دەسەڵات هەموو دەروازەکانی بەڕوی هەوڵەکاندا، کڵۆم دا. پرۆگۆڕان پڕۆژەیەکی ناوازەیە: ئامانجی رونە، نەخشەڕێی هەیە، لە هەوڵەکانی پێش خۆی بەهرەمەندە، ئەگەرەکانی بەردەم داڕێژەرانی رونن ‌و ئەزمونی ئیدارەدانی ململانێیان لایە‌ و ئامادەی ئاڵینگارین. ئێمە دەخوازین ئەقڵ ‌و حیکمەت لای هەمووان میوان بن‌و بە سفتی ببێتە مایەی خێر بۆ بزوتنەوەکە، بەوەی مەکۆی سەرەکی کراوە بێ ‌و سود لەم هەوڵ ‌و هەلە وەربگرێ ‌و دانوستان بکا ‌و پرۆژەکە بە موڵکی گۆڕان بزانێ! پرۆژەکە هەمو گۆڕانخوازان دڵنیا دەکاتەوە کە نیەتی تەبایی‌ و هەستی دڵسۆزانەی جێی شك نیە ‌و هەر وشە‌و پیتێ کە تیایدا داڕێژراوە، راڤە لە خەمخۆری بۆ گۆڕان و بەرژەوەندی گشتی دەکا‌و هیچی تر. هاوکات نەیاران ئاگادار دەکاتەوە کە بە هەمان دوری لەم دو بۆچوونە ناوخۆییەی ناو گۆڕان بوەستن‌و دەست وەردان نەکەن! ئەم پرۆژەیە بە فەرمی دەدرێتە جڤاتی نیشتمانی، ماوەیەك دیاری دەکرێ بۆ وەرگرتنەوەی وەڵام‌ و بۆ دانیشتن‌و دانوستان‌و گەیشتن بە دەرچەیەکی ئەرێنی! گەر ئەمە روی نەدا، پڕۆژەکە روناکی دەبینێ‌و بەپێی ئەو نەخشەڕێیەی بۆی داڕێژراوە، ئاستی کۆبونەوە و لێدوان و هەڵسەنگاندنەکان بە خەستی بەرفراوان دەکرێن و پرۆژەکە دەکەوێتە رێ ‌و دەچێتە بواری قۆناغێکی نوێیەوە. پەیامی پرۆژەکە: بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دانەڕمێ، رەنجی گۆڕانخوازان بە با نەچێ، هیوای خەڵك خەفە نەبێ، دەبێ ئەمەی ماوەیەکە دەسەڵاتی گۆڕان پیادەی دەکا‌ و دەیسەپێنێ، بە کەمپەینێکی رێکخراوی خەمخۆرانەی مەدەنی گۆڕانخوازان ‌و خەڵك، بەزویی، بە خێرایی ‌و پێداگری، رێی لێ بگیرێ‌و رابگیرێ، بزوتنەوەی گۆڕان رابێ ‌و وەك بزاڤێکی دامەزراوەی تۆکمە روە‌و ئامانجەکانی رێ بکاتەوە! پرۆگۆڕان کام رێ پیادە دەکات؟ گوشاری ناوخۆیی‌ و جەماوەری دەخاتە سەر بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان تا ناچاریان بکا واز لە ئیدارە و سیاسەتە چەوتەکانیان بێنن ‌و بڵاوە بەو کەمینە هەلپەرستەش بکا کە لە دەوری میراتی مەعنەوی‌ و سیاسی ‌و مادی بزوتنەوەکە و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ئاڵاون! جیاکاریەکانی پرۆگۆڕان: پرۆگۆڕان: حەزێکی خۆڕسك، کاتی، لابەلا، دابڕاو، پاڕانەوە نیە. نامە، داوا، یادداشت پێشکەش ناکا ‌و داکەوێ، وەڵامی دەوێ؛ بەڵام ماوەیەکی کەم، چاوەڕێی دەکا! داوا ‌و مەرجی ئاڵۆزی نیە؛ رێك‌و رەوان، وەك ئاماژەی بۆ کراوە، تەنیا دوو رێ /  ئەگەری لەبەردەمە‌و هی سێیەمی نیە! پرۆگۆڕان: ١) هەڵمەت/ کەمپەینە واتە زنجیرە کارێکە بۆ پێکانی ئامانجێ یا زیاتر. ٢) پڕۆژەیە و بنەماکانی: نەخشەڕێ، پرۆسە، پێگەی مرۆڤ ‌و هێز / دەسەڵات.. لەخۆ دەگرێ. هۆکارەکانی رۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان: دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و پەرلەمانی کوردستان،‌ دەنگەکانی گۆڕان دابەزینی دراماتیکی بەخۆوە دی! ئەم ئاماژە زەقانە، چ پاساوێ بۆ بەردەوامی بازنەی دەسەڵات دەهێڵێتەوە، غەیری چونە ژیر باری لێپرسراوێتی ‌و رادەستکردنی بزوتنەوەکە بە ئەنجوومەنێکی کاتی. خەڵك لە ٢٠٠٩ دا بە بڕی ٢٥ کورسی ‌و لە ٢٠١٣ دا بەبڕی ٢٤ کورسی دەنگی بە گۆڕان دا! لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی گۆڕان چیان بەوان دا؟ وەڵام لای بازنەی دەسەڵاتە، غەیری پاساو هێنانەوە بۆ تەزویر، چی پێ‌یە بە دەنگدەرانی بڵێ؟ پێش هەڵبژاردن مشور ناخوا؛ دوای هەڵبژاردن دێتە دەنگ، بە داخەوە بازنەی دەسەڵات تاکڕەوە، گوێ ناگرێ ‌و تەنیا ئەوە دەکا کە زەینی خۆی دەیخوازێ! دەسەڵاتدارانی گۆڕان غافڵ بون لەوەی کە شوێنکەوتوانی بزوتنەوەکە تۆراون، دەڕۆن یا بێدەنگ خۆیان کەنار دەگرن ‌و چیتر دوای ناکەون ‌و پشتیوانی ناکەن! دابڕانی دەسەڵاتداران لە جەماوەر، گۆڕانخواز، دەنگدەر، هەڵسوڕاو، بنەمای قەیرانە فرە رەهەندەکانی بزوتنەوەکەیە، لە ئاکامدا دابڕانی بزوتنەوەکەی بەدوای خۆیدا هێنا‌ و دەرد ‌و حاڵەت ‌و دیاردەی: بەرەڵڵایی، بێ سەروبەری، پچڕانی شیرازە، دەستەگەری، باڵباڵێن، پاشا گەردانی، فرە کوێخایی، گومڕایی، وێڵی، بەرژەوەند پەرستی‌و هەلپەرستی هێنا ‌و نەشونمایان کرد‌و گۆڕان یان توشی دەردێ کردوە، گەر فریای نەکەوین، لێبۆتەوە!  خەوشەکانی دەسەڵاتدارانی گۆڕان قورس ‌و زۆرن، ئەوان خاوەنی کەسایەتی رابەریانەی خۆیان نین، لە پەنا کاریزمای رەوانشادا کوڕ ماون‌ و لەسەری دەژین، نەیان توانی بونی خۆیان بسەلمێنن. نەیان توانی ئەو سەرچاوە و تێهاویشتە بەلێشاوانەی لەخزمەتیاندا بو، لەوانە نیو ملیۆن دەنگدەر، بکەن بە دەرچە‌ و دەستکەوت. شکستیان هێنا لەوەی پێگەی سیاسی‌ و جەماوەری گۆڕان بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی بەگەڕ بخەن! لە ئاست گۆڕانکاری خێرا ‌و ئاڵینگارە ناوخۆیی ‌و عێراقی ‌و ناوچەییەکاندا هەڵوێست ‌و ئەدایان نەرێنی بوو، بزوتنەوەکەیان ناکاریگەر‌ و نادیار کرد‌ و خۆشیان تەرەك! دەسەڵاتدارانی گۆڕان هەڵەی ستراتیژیان کردوە لەوانە: هەڵوێست وەرنەگرتن لەمەڕ ریفراندۆمەکەی ٢٥/٠٩/٢٠١٧، نەقۆستنەوەی کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧، بە دامەزراوەیی نەکردنی بزوتنەوەکە، کۆکردنەوەی هەموو هێلکەکان لە سەبەتەیەکدا، واتە لکان بە هەڵبژاردنەوە وەك تاکە ئامرازێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات‌ و گۆڕانکاری لە هەرێمدا. خانەی راپەڕاندن کە پێگەی دیاری هەیە لە بزوتنەوەکەدا نوقمی کەموکوڕیە: دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بە پەلە هاتن‌ و خۆیان کرد بە جێبەجێکار. پاشخانی سیاسی‌و رێکخـراوەییان یەکە ‌و، یەك ژێندەرن‌ و تەمەن هەڵکشاون. مەگەر خۆیان بزانن چۆن پۆستەکانی نێوانیان بەش کردوە؟ ناکۆك ‌و پەرتەوازەن؛ بە دەستەجەمعی کار ناکەن واتە خەسڵەتی تیم‌ یان تێدا نیە کە بنەمای کاری یەکە مۆدرنە پێشکەوتوەکانی دونیایە، جار ‌و باریش. بوژاندنەوە و هەستانەوە: گۆڕان هەڵگری پەیام ‌و روانینی جودا ‌وناوازە، پەیکەری قەوارەیەکی تۆکمەی لە ناخدایە، دەوڵەمەندە بە ئەزمون ‌و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی، راستە پێگەی سیاسی‌ و جەماوەری بەکاتی دابەزیوە؛ بەڵام ئەو وزە شاراوەی لە ناخیدایە، کۆمەکی هەڵسانەوەی پێ دەکەن‌ و دەتوانێ رۆڵی پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆنی‌و جەماوەری بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، دەوڵەمەندە بە میراتی رەنگاڵی نەوشیروان مستەفا‌و هێشتا رکابەرێکی سەرسەختی گەندەڵی و نا دادپەروەریە. یەکەم، پەیام و بەرپرسیاریەتی: سەرەتا با دان بەوەدا بنێین کە خۆمان بەرپرسین لەوەی بەسەرمان هاتووە ‌و، دەرەوە نەدەینە بەر رێژنەی لۆمە. باوەڕ بەوە بهێنین کە هەر بەزاتی خۆمان هەڵدەستینەوە. بۆ هەستانەوە هەڵوێستە کردن‌ و هێوربونەوە‌ و رەخساندنی ژینگەی ئارامی، دور لە توڕەیی‌و ژاوەژاو، بە گرنگ ببینین! هیچ نیە رێ بە خانەی راپەڕاندنێکی شیرازە پچڕاو بدا، رابەری بزاڤێکی گەورە لە هەرێمێکی پڕ کێشە، عیراقێکی ئاوس بە توندڕەوی، رۆژهەڵاتێکی ناوینی ئاڵۆسکاو .. بکا! چونە دواوەی بازنەی دەسەڵاتی گۆڕان و سپاردنی بە ئەنجومەنێکی کاتی کە نوێنەرانی سەرجەم دامەزراوە باڵاکانی گۆڕان و فراکسیۆنەکانی و رەوەندی کوردی بەتوانای فرە رەنگ بۆ رابەریکردنی بزوتنەوەکە لە قۆناغێکی دیاریکراوی راگوزەردا، بۆ گۆڕان باشە‌ و بۆ زاتی خۆیان بە چاکە تۆمار دەبێ. رێکخستن ‌و یەکخستنی هەوڵەکان‌ و لکاندنیان بەیەکەوە گرنگن چونکە هەڵسانەوە هەماهەنگی دەستەجەمعی ‌و کەمکردنەوەی بەرەنگاری دەوێ. بەر لە هەستانەوە دەبێ کاری جدی بۆ راگرتنی داچون ‌و گرتنەوەی دۆخەکە بکەین. پێشوازی دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەم کەمپەینە‌ رێ خۆش دەکا بۆ بیناکردنەوە ‌و بە هەدەرنەدانی وزەی خۆماڵیمان و گۆڕینی رق‌ و ناکۆکی بە هاوسۆزی‌و تەبایی. هێنان‌و بەشدارپێکردنی شارەزایان بۆ ناو بیناکردنەکە‌ و یا بۆ سەرپەرشتیکردنی قۆناغی راگوزەر، دوا جار، بەسودی گشتی گۆران دەکەوێتەوە کە هەمو بەناویش بێ لەسەری کۆکین. دەبێ گۆڕانخوازان پەی بەوە بەرن کە خۆیان هەوێنی هەڵسانەوەن چونکە یەکەی بونیاتی گۆڕانن.  دەبێ گۆڕانیش بە میهرەبانی مامەڵە لەتەك گۆڕانخواز و دەنگدەراندا بکا، بە چاوگی هێزی مەعنەوی، فیکری و مادی لێیان بڕوانێ، گوێ بۆ رایان شل بکا بە هەند وەریان بگرێ‌و لە بڕیارداندا بەشداریان بکا. دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان بە چاوی رەخنەگرێکی دوربین ‌و وردبینەوە بە بۆچون‌ و‌ هەڵوێست ‌و ئەدای خۆیدا بچێتەوە. وەڵامی ئەوە بداتەوە چی دەوێ؟‌ و چۆن پێی دەگا؟ دوای ئەوەی پێگەی ئۆپۆزسیۆنی‌و کاری پەرلەمانی ‌و بەشداری حکومی تاقیکردەوە ‌و زۆری چەشت، ئایا باوەڕی بە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە ماوە؟ چۆن لە ناخی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەڕوانێ؟‌ و ئایا لەمەو دوا چۆن ململانێیان دەکا؟ کەی لۆژیك‌ و واقیع رێ بە بزاڤێکی وا گەورە دەدا بێ‌ و لە دۆخی هەرێمێکی نوقم لە گەندەڵی، لە ژینگەیەکی بارگاوی پڕ کێشمەکێش‌ و بەیەکادانی بێ بڕانەوەدا، هەمو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەی شەق ‌و شڕی دەنگدانەوە؟ یا دەبێ ئەڵتەرناتیڤەکانی تریش رەچاو بکا و لەگەڵ هەر دۆخێکدا، هۆشمەندانە‌ و بوێرانە، ئەوەیان پیادە بکا کە گونجاوە؟ لە پڕۆسەی گۆڕیندا، مرۆڤ فاکتەری یەکلاکەرەوەیە. تاك مەزنترین سەرچاوەی هێز‌و توانای گۆڕانە کە دەبێ سەرمایەگوزاری تێدا بکا. هەڵسوڕاو، گۆڕانخواز، دەنگدەر، جەماوەر، رێکخراوی نا حکومی، سەندیکا ‌و کۆمەڵە جیاکان ... ئەو کەس‌ و جێیانەن کە دەبێ گۆڕان تیایاندا بێ! ئەمانە نەرمە هێزن و هێزی رەقی دەسەڵاتیان پێ بەراورد ناکرێ! مەخابن لەبری ئەوەی رێکی بخا، کارای بکا، دەسەڵاتدارانی گۆڕان فەرامۆشیان کردون.  دووەم، پرۆگۆڕان و میراتی سیاسی: بەلای پرۆگۆڕان ەوە: -    لە سیاسەتدا سۆز بۆ بەرژەوەندی گشتی هەیە ‌و ئەم بە تەواوی بەرژەوەندی تاك‌و خێزان‌ و بنەماڵە ‌و خێڵ ‌و ... دادەپۆشێ. -    دارایی یەکێ لەو تێهاویشتە گرنگانەیە کە دەڕژێنرێتە ناو پڕۆسەی گۆڕانەوە بۆ خزمەتکردن‌و پێکانی ئامانج. دوژمن‌ و نەیار نەبێ، کێ زاتی ئەوە دەکا، گۆڕان لەم ماف‌ و فاکتەرەی بێ‌بەش بکا. -    ویژدان نیە قبوڵی بکا، داراییەك رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ کارپێکردنی ماکینەی گۆڕان هێنابێتی، ئێستا نزیکەکانی خۆی، بنەماڵە بن یا هاوڕێی، بێن‌ و لە جێیەکی دی ‌و، بۆ مەرامێکی پێچەوانە، بەکاری بهێنن! -    رەوانشاد دو جۆر میراتی جێهێشتووە: ١) میراتی سیاسی - رێکخراوەیی بۆ گۆڕانخوازان ‌و خەڵك بەمانا فراوانەکەی؛ ٢) میراتی شەخسی بۆ نەوەکانی. -    هەمو ئەو موڵکانەی لە خزمەتی گۆڕاندا بون ‌و دەبێت ببن، دەکرێت بە رێکاری یاسایی و عورف رێکبخرێن و بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێن، لەکاتێکدا: خانو، موچەی خانەنشینی،.. هی نەوەکانین!  قێزەوەنترین مەرام لەوەی بە تەوریسی سیاسی ناوزەد دەکرێ یا خاوەندارێتی تایبەتی بۆ شوێن و دەزگاکانی گۆڕان ئەمەیە کە ئەوانەی لەپشتیەوەن، تیرۆری کەسایەتی مەعنەوی گۆڕان و خودی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەن! خەڵکی بێنە سەر باوەڕێ کە ماڵی دنیا پێش مبادئ دەکەوێ، تەنانەت لای نەوشیروان مستەفاش. کە بێ‌شك، ئەمە بەهەمو پێوەرێک دژ بە خوڵقیەت ‌و ئاکاری ئەوە، سەودای وا‌و کاک نەوشیروان، نێوانی ئاسمان‌و رێسمان لە یەکتر دورن. -    هیچ نکۆڵی لەوە ناکەین کە گردی زەرگەتە‌ و زۆر دامەزراوە‌ و کۆمپانیای سەر خاکی کوردستان موڵکی گشتین، نزیك یا دور، دەبێ بۆ خاوەنە گشتیەکەی بگەڕێنەوە، بەو موڵکانەشەوە کە قۆرخ کراون، بەخشراون یا فرۆشراون! سێیەم، بە دامەزراوەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان:  -    کێشەی نادامەزراوەیی گۆڕان دیاردەکە بە زەقی خۆی نواند‌ و دەسەڵاتدارانی گۆڕان لە ئاست چارەکردنیدا ناتوانان یا خەم ساردبون. لێرەوە بە دامەزراوەیی یارمەتی گۆڕان دەدا، زۆرێ لە کەلێنە گەورەکەی غیابی رابەرە نەمرەکەی، پڕ بکاتەوە! -    بۆ بە دامەزراوەییکردنی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆگۆڕان ئەم خاڵانە پێشنیار دەکا: -    قاییل بونی بازنەی دەسەڵات بە بایەخی چەمکەکە‌ و رازیبون ‌و پابەندبون بە پڕۆسەکەوە، - بە دامەزراوەییکردن تان‌و پۆی هەموو یەکەکانی گۆڕان بگرێتەوە‌ و تێگەیشتن لێی بکرێ بە ئەرکێکی مەزنی ئیدارەدان. هەڵبژاردنێ دەبێتە بنەما بۆ ئەو مەبەستە: -    ناشێ، ئەوانەی سەر لەم بابەتە دەرناکەن بێن ‌و دەستوەردان بکەن‌، دەبێ پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنێکی شارەزا ‌و ئەستۆپاك‌ و خاوەن را‌؛ بۆ زامنکردنی هەڵبژاردنێکی مۆدرن‌ و خاوێن، ئەنجام بدرێ، یەکسانی هەل لە تەواوی پڕۆسەکەدا رەچاو بکرێ. -    دەبێ کات‌ و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ‌و کۆنفرانسی نیشتمانی، لەمپەڕ ‌و ئاڵینگاری، گۆڕانکاریە گەورەکانی بەردەم گۆڕان رەچاو بکا؛ نەك بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆیان یا ئەوانەی لەگەڵیان، کاتێکی نەگونجاو یا شێوازێکی نامۆ پیادە بکەن! نابێ لە پەنجەرەوە دەربچن‌ و لەژیر پەردەی دیموکراسی‌ و هەڵبژاردن ‌و دەنگدان‌و بڕیاری زۆرایەتیدا، لە دەرگای شەرعیەتەوە بێنەوە ژورێ وەك ئەوەی، نە بای پشێوی ناوخۆ ‌و نە بۆرانی زویری هەلسوڕاو ‌و رەنجانی دەنگدەرانیان دیبێ! دەرئەنجام: لەوەی خراوەتە بەردەم بەڕێزتان وای بۆدەچین هەنوکە وێنا شێواوەکەی بزوتنەوەکە ببینن. ئەم شێواییە لەوەوە نەهاتوە کە ئەو پڕنسیپ‌ و بەها‌و پەیام‌ و ئامانجانەی بزوتنەوەکە لەسەری پێکهاتوە ‌و بۆ بەدیهێنانیان کار دەکا، چەمکی خراپ، نالەبار یا نامۆن بن؛ بەڵکو دەقاودەق لەوە هاتووە کە: بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان لە روی فیکری، ئیدارەدانی مەلەفە جیاجیاکان، نیەت، دیدی ستراتیژی، چۆنیەتی مامەڵەی یار ‌و نەیار، ... لە ئاست ئەرکەکانیدا نەبوە ‌و نیە! دەسەڵاتداران لە ژوری کڵۆمکراودا دانیشتون، لە زیزبون، دورکەوتونەتەوە، لە وازهێنانی گۆڕانخواز‌، تۆرانی دەنگدەر ‌و جەماوەر بێ ئاگا بون، چاویان لە چەندین دیاردەی گەندەڵی و قێزەوەنی ناو گۆڕان پۆشیوە ! تا بەری سیاسەتە نەزۆکەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و پەرلەمانی هەرێمدا بە دابەزینی دراماتیکی ژمارەی کورسیەکان گەیی! خراپتر لەمە، دان بەو شکست ‌و زیانە گەورانەدا نانێن کە بۆ باری دەرونی گۆڕانخواز‌ و جەماوەریان خوڵقاندوە، رەخنە لەخۆیان ناگرن‌ و بەهێمنی دەسبەرداری دەسەڵاتەکانیان نابن، ماونەتەوە، هەر بەرێچکە نالەبارەکانیاندا دەڕۆن و هەڵپەی بەشداری پەرلەمان ‌و حکومەت‌و خەریکی نەویترکردنی ناوبانگی گۆڕانن. لە کاتێکدا دەبو بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان خەلیفەی ئەمینی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بونایە؛ کەچی ئاڵودەی میراتی سیاسی بون، بەشێکن لە بڕیاری سێبەر، دێن ‌و سزا‌و ئازاری دەرونی هەڵسوڕاوە بەویژدان‌و بەئەمەکەکانی گۆڕان دەدەن، وەك ئەوەی بەسەر گۆڕان یان هێناوە کەم بێ ‌و بیانەوێ زیاتری بکەن! ئەم کەمپەینە ناوخۆییە دەیەوێ گۆڕان بە کۆ هەوڵی هەمو، بێ لابردنی هیچ گۆڕانخوازێ، هەڵسەنگاندنی زانستیانەی رەخنەئامێزانە بۆ ئەم رۆچونە بکا، بە نیەتی پەیداکردنی ئەڵتەرناتیڤێ کە بە پڕاکتیکی خزمەتی گۆڕان بکا،رێوجێی هەڵسانەوە و بوژاندنەوە دابڕێژێ ‌و ئەنجامی بداو بزوتنەوەکە لەم قەیرانە قوڵانە دەربهێنێ ‌و بە دامەزراوەکردنی، لە جاران تۆکمەتری بکاو بیخاتەوە سەر شاڕێی ئومێدی خۆمان‌و خەڵك‌! دەکرێ ‌و بگرە پێویستە دەسەڵاتدارانی گۆڕان، پێشوازی لەو خەمخۆری ‌و هەوڵانە بکەن، یەکیان بخەن ‌و زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانیان رێکبخەن. ئەمەی لێرە داڕێژراوە بەری ساڵانێ لەروانین‌ و رەخنە ‌و هەڵسانگاندن‌ و پێداچونەوەیە بەگشتی ‌و، بەری کۆبوونەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی هەڵسوڕاوی ئەوروپایە لە ٢٠ - ٢١/١٠/٢٠١٨ لە لاهای، هۆڵاند. نوێنەرانی هەڵسوڕاوانی کۆبونەوەکە، دوای ئەوەی بەڕێزەوە پڕۆژەکە دەخەنە بەردەمتان، ئامادەی دانیشتنن. دەکرێ پڕۆژەکە لە فۆڕمیۆلای داتاشۆدا لای خۆتان، راستەوخۆ پێشکەشتانی بکەین. چاوەڕێی وەڵامی فەڕمی بەڕێزتانین! دەبێ گۆڕان خۆی بدۆزێتەوە، باوەڕی بە تواناکانی بێ‌ و خۆی بە فریادڕەس‌و خاوەنی ئەو کلیلە ئاڵتونیە ببینێ کە قفڵی ژەنگگرتوی گۆڕانی: حوکمڕانی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، فەرهەنگی، ژینگەیی .. پێدەکرێتەوە!


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود لەگەڵ ئەوەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هێشتا دەرفەتی تەواوی وەرنەگرتووە بۆ بەجێگەیاندنی هیچ كارێك لەسەر ئاستی كەمی خزمەتگوزراییەكان لە شارەكانی عێراق، بەتایبەتیش شارەكانی باشوور، كە دانیشتوانەكەی وایدەبینن دواكەوتوو و ماڵوێرانی دەستی گەندەڵیین، هەروەك ناوچەكانی باكورو خۆرئاواش تیرۆر دووچاری وێرانیی كردن، هەندێك لە كوتلە سیاسیيەكان پەنایان بردووە بۆ بەرزكردنەوەی كارتی فشار لەسەر چەندین ئاست، دیارترینیان كوتلەی (دەوڵەتی یاسا)یە، كە (نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكات. مالیكی داوای بە هەرێمكردنی بەسرە دەكات  لەكاتێكدا (مالیكی) یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسانەی بیرۆكەی دامەزراندنی هەرێم لە عێراق ڕەتدەكاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بوەتە یەكێك لەوانەی بۆ (بەسرە) داوای دەكات، بە پاساوی نەبوونی خزمەتگوزرای و پەراوێزخستنی پارێزگاكە لەلایەن (بەغداد)ەوە.  (دەوڵەتی یاسا) دەستیكرووە بەجموجۆڵی سیاسی لە (بەسرە) بۆ جۆشدانی شەقام و داواكاری ڕاگەیاندنی پارێزگاكە وەك هەرێمێك، بۆ ئەوەش سودی لە خراپی ئاستی خزمەتگوزاری شارەكە و توڕەیی شەقام لە حكومەتە یەكە لەدوای یەكەكانی وڵات بینیوە.  عەبدولمەهدی دەترسێت‌و بەرهەم ساڵح دڵنیایی دەدات لە گەرمەی ئەو فشارە سیاسیيانەدا، بەرپرسە ناوخۆییەكانی (بەسرە) جەخت دەكەنەوە دۆخی شارەكە ناجێگیرەو ئەگەری جوڵەی تێدایە، كە ڕەنگە ببێتە مایەی قەیرانێكی سیاسی و لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) زۆر بكەوێت. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، جوڵانی شەقام لەم ماوەیەدا مەترسیيەكی گەورە دەبێت لەسەر حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی)، بەتایبەت كە پایەكانی جێگیر نەبووە، بەپێویستیشی دەزانن (عەبدولمەهدی) هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان دەترسێت و هەوڵی هێوركردنەوەی شەقام دەدات بەتایبەت لە (بەسرە)و بەڵێنی باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزراییەكانیشی داوە.  بەڵام (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق دوێنێ‌ لە (كوەیت) وتی" ئێمە ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆداین سەبارەت بە یاسایەك كە دەسەڵاتی یاسایی زیاتر بدات بە شارەكە بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەیەكی ئابوری و گەشەكردوو". لای خۆیەوە، (خەڵەف عەبدولسەمەد) سەركردە لە (دەوڵەتی یاسا) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" هەڵوێستمان جێگیرە سەبارەت بەدەستوريبوونی پشتیوانیكردنی داواكاری هەرێمی بەسرەو هیچ دەسەڵاتێك جگە لە دەسەڵاتى گەل ناتوانێت ئەو داوا دەستورییە پەكبخات". ڕونيكردەوە"  ئەزمونی سیاسی سەلماندویەتی هەرێم ئیمتیازات و مافی زیاتر وەردەگرێ لە پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان نمونەیەكی بەرجەستەیە".   نەسرو حیكمە دژن.. فەتح پشتیوانی دەكات (موزاحم تەمیمی) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (نەسر) دەڵێت" ناكرێت بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێم قبولبكرێت، تەنها لەكاتێكدا نەبێت ئەگەر شتێكی گونجاوی بۆ بەدیهێنانی دەستكەوت بۆ خەڵك تێدابێت"، (تمیمی) بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" بەڵام داواكاری ڕاستەقینەو پابەندكەر هەیە لەپێناو پێكهێنانی هەرێمی بەسرە، شەقامی بەسرە دەیەوێت پڕۆژەی جدی ببینێت لە پارێزگاكە لەپێناو پێشخستنی ژێرخانی ئابوری و دابینكردنی دەرفەتی كارو پێشخستنی بەسرە بەوشێوەیەی شایستەیەتی".  هەر لەو باسەدا، (زەهرە بەجاری) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە" ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی بەسرە" جەختیشكردووە"دامەزراندنی هەرێم مافێكە كە دەستوری بە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی داوە، هەروەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراوە". ڕونیشیكردۆتەوە" 80% بودجەی عێراق سەرچاوەكەی پارێزگای بەسرەیە، كە دانیشتوانەكەی بەدەست هەژاری و بێكاری و سەرجەم جۆرەكانی ژەهراویبونەوە دەناڵێنن و حكومەتی عێراق وەڵامی داواكارییە مرۆیی و جەماوەرییەكانی نەداوەتەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ئێستا كاتی  ڕۆیشتنە بەئاڕاستەی ئەو مافە دەستورییە بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە و ئەنجومەنی پارێزگاری شارەكەش هەڵدەستێت بە گرتنەبەری سەرجەم هەنگاوە یاساییەكانی پێویست بۆ دامەزراندنی هەرێم ".     (عەلی بدێری) پەرلەمانتار لە (ڕەوتی حیكمە) دەستكەوتی تایبەت و وروژاندنی ئەو بابەتەی بەیەكەوە گرێداوە و دەڵێت" زۆر بەداخەوە دیاردەی پەنابردن بۆ هەرێم لەڕێی كوتلە سیاسیيەكانەوە هاتەگۆڕێ‌ بەئامانجی ئیبتیزازو فشاركردن، تەئكیدكردن لەو بڕگە دەستورییەی كە ڕیگە بە پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك دەدات ببنە هەرێم، ئامانج لێی فشاركردنە لەسەر حكومەت و لە پرسی بەسرەدا بۆ زیادكردنی بڕی بودجەی شارەكەیە، یان بەدەستهێنانی كورسیيەكی وەزارەت" دەشڵێت" بەڵی بەسرە ستەمی لێكراوە لە كابینەی حكومەتداو هیچ وەزیرێك نیە نوێنەرایەتی پارێزگاكە بكات، بەڵام  فشاركردن بەوشێوەیە لەسەر حكومەت، دروست نیە".   


ئامادەو وەرگێرانی: ئارام مەحمود جەنگی جیهانی یەكەم كە جیهان ئاهەنگ دەگێڕێت بە بۆنەی تێپەڕبونی  (100) ساڵ بەسەر كۆتاییهاتنی دا، شەڕێكی سەختی لەنێوان ملیۆنان مرۆڤ بەخۆوە بینی، كە تیایدا هەزاران برا پێكەوە دەجەنگان بۆ پارێزگاریكردن لە وڵاتەكانیان، بەڵام خانەوادەی (سۆماس و ئەلیزا) قوربانیەكی تایبەتیان پێشكەش كرد و هەر (8) كوڕەكەیان نارد بۆ بەشداریكردن لەجەنگ. ئەو خانەوادەیە تەنها یەك كوڕی كوژرا لە یەكێك لە شەڕەكانی بەرەی (فەرەنسا)، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم كوڕەكانیان خۆبەخش بوون و بەخواست و ئیرادەی خۆیان بەشدارییان كرد لە جەنگ. ئەو هەڵوێستە دەگمەنە پاڵینا بە ئەنجومەنی تایبەت لە بەریتانیا (ئەنجومەنی ڕاوێژكاری تایبەت بەپادشا) بۆ ناردنی وتارێك بە ناوی پادشا (جۆرجی پێنجەم) لەساڵی (1915)، بۆ سوپاسكردنی قوربانیدانی ئەو خانەوادەیە و پێشكەشەكردنی ڕۆڵەكانی بۆ بەرگریكردنی لەشانشین و بەشداریكردن لە جەنگ. لە وتارەكەدا كە ئەمینداری ئەنجومەن ئیمزای لەسەر كردبوو، هاتووە" بە بایەخێكی گەورەوە گوێ لەقوربانیدانی ئەو هەشت برایە دەگرم". "لە سەر ڕێنوێنی پادشایەتی پێمخۆشە پیرۆزبایی پادشاتان پێبگەیەنم و جەخت لەوە بكەم كە خاوەنشكۆ پێزانینی زۆری بۆ ئەو گیانە نیشتمانییەی هەیەو خۆی لەم نمونەیەدا بەرجەستە كردووە، لە یەك خانەوادەدا، بۆ قوربانیدان و پاڵپشتی بۆ خاوەنشكۆ و ئیمپراتۆریەت". شتێكی سەرسوڕهێنەر       نامە شاهانەییەكە لەگەڵ وێنەی براكان خراوەتە چوارچێوەوە و لای نەوەكانی خانەوادەكە كە لە (بێرمەنگەهام) دادەنیشن، پارێزراوە و بۆیان ماوەتەوە. (جۆن جۆنز)ی تەمەن (76) ساڵ، كە هاوسەری (ڕیتا) كچەزای (ئەلیزا و سوماس)ە، دەڵێت" بەشداری ئەو هەشت برایە لەجەنگ لەیەك كاتدا حاڵەتێكی دەگمەن و ناوازەیە". ئاماژە بەوەشدەكات" سەرجەمیان بەشێوەیەكی خۆبەخش و بەئیرادەی خۆیان بەشداری شەڕیانكردووە، ئەوەش شتێكی سەرسوڕهێنەرە"  (سوماس جۆن ئیفەرتۆن)ی باوك، كە لەساڵی (1851)، لەدایكبووە، لەگەڵ (ئەلیزا) هاوسەرگیری كردووە و (10) منداڵیان بووە كە هەشتیان كوڕبوون و دوانیشیان كچ. دوای ماوەیەك بڕیاریانداوە لەناوچەی (ریسیستر شیر)وە بگوێزنەوە بۆ (بێرمەنگەهام) بۆ گەڕان بەدوای هەلێكی كاری باشتر، بەڵام كار كەمبووە و بەوهۆیەشەوە بەدۆخێكی سەختدا تێپەڕیوون. لەساڵی (1881)، ئەلیزا ناچار بووە لەخانەی سەرپەرشییكردنی مێرمنداڵان لەگەڵ پێنج لە منداڵەكانی بمێنێتەوە، دوای دەكردنیان لەماڵەكەیان و شكستهێنانی هاوسەرەكەی لە فەرامەهەكردنی شوێنی نیشەجێبون و سەرچاوەیەكی بژێوی بۆ خانەوادەكەی. زۆری نەبرد جارێكی تر خانەوادەكە لەدەوری یەك كۆبونەوە، دوای ئەوەی (سوماس) كارێكی نوێی لە ئەنجومەنی شاری (بێرمەنگەهام) دەستكەوت، وەك كرێكاری چاككردنی ڕێگاوبان و خانوەیەكیشی لە (بۆردی گرین) دەستكەوت. دۆخی خانەوادەكە لەهاوینی ساڵی (1914) سەقامیگری بەخۆوە بینی، كاتێك (بەریتانیا) جەنگی دژی (ئەڵمانیا) لەمانگی ئاب ڕاگەیاند. وڵات پێویستی بە ئامادەكردنی سوپایەكی گەورەبوو، لۆرد (كیچنەر) وەزیری جەنگی بەریتانیا، بانگەوازێكی ئاراستەی هەموو پیاوانی وڵاتەكەی كرد بۆ پەیوەندیكردن بە سوپا. خانەوادەكە بەشداریكردن لە كۆمەكە سەربازییەكان بەلایەوە گرنگ بوو، هەشت كوڕەكەی كە تەمەنیان لەنێوان (23) بۆ (43) ساڵدا بوو، بڕیاریاندا بەشداری شەڕ بكەن و وەك خۆبەخش بچنە ڕیزەكانی سوپا. وێڕایی ئەوەی (ئەلفرێد و فرانسیس) هاوسەریان هەبوو، ئەوانیش  بڕیاریاندا هاوسەر و خانەوادەكەیان بەجێبهێڵن و بچن بۆ بەرەكانی جەنگ. هەشت براكە بەسەر بەرە جیاوازەكانی شەڕدا دابەشبون و سەرجەمیان چوونە هیڵەكانی پێشەوەی شەڕ و بەشداریان تیادا كرد. (فرانسیس)،كە دواتر بە فریدریك ناسرا، پێش جەنگ بە (4) مانگ هاوسەرگیری كرد لە مانگی نیسانی ساڵی (1914). لەبەرەكانی شەڕ لە فەرەنساوە كارتێكی ناردبوو بۆ هاوسەرەكەی (گیرترود) كە دەستڕێكی حەریری لەسەر بوو وێنەی پەپولەیەكی لەسەر كێشرابو لەگەڵ دەستەواژەی "ماچێك لە فەرەنساوە". هەروەها نامەیەكی سۆزداریشی بە قەڵەمی رەساس بۆ هاوسەرەكەی نوسیبوو كە بەتێپەڕبونی كات سڕاوەتەوە. دوای (30) مانگ لە جەنگ خانەوادەكە دووچاری یەكەم كارەسات بوو، كاتێك پێیان ڕاگەیەندرا كە دووەمین كوڕە گەورەی (سوماس ولیام) كە تەمەنی (38)ساڵ بوو لە (25)كانون یەكەمی ساڵی (1915) و لەكاتی بەشداریكردنی لە جەنگی (باتڵ ئۆف لووس) لە بەرەی خۆرئاوای فەرەنسا كوژراوە. دوای چەند مانگێك، لەحوزەیرانی ساڵی (1916) فریدریك مۆڵەتی (14) ڕۆژی وەرگرت، دوای مردنی كچەكەی (لیلیان)، كە تەمەنی (21) مانگی تێنەپەڕاندبوو. دوای كۆتایهاتنی جەنگ براكان گەڕانەوە بۆ لای خانەوادەكەیان، خەڵات كران بەهۆی بەشدارییان لە پارێزگاریكردن لەوڵات. جۆنز لە بارەی گەڕانەوەی پاڵەوانەكانەوە دەڵێت" بێگومان ڕێزیان لێنراوە وەك ئەستێرەی كۆمەڵگا".      (لیندا ویزی) كچەزای (فریدریك ئیفەرتۆن) و كچی (جۆنز) دەڵێت" ئەو دەزانێت باپیرانی بەبێدەنگی شانازییان كردووە، بەڵام لەهەمانكاتدا ناخۆشی زۆریان بینیوە و بەدەست ڕۆژەكانی جەنگەوە ئازاریان چەشتووە". دەشڵێت" لەبیرمە كاتێك تەماشای ئەو بەڵگەنامانەم دەكرد لەچەند بۆنەیەكدا كاتێك كە منداڵبووم، شتێكە جێگەی شانازییە، ویستان یادی خزمەتی وڵاتەكەیان و پادشا بەشێوەیەكی هەمیشەیی ئامادەبێت". وەك زۆرێك لەو سەربازانەی كە لەهێڵەكانی پێشەوەی شەڕ گەڕانەوە، (فرانسیس فریدریك ئیفەرتۆن)، هەرگیز قەسەی لەسەر ژیانكردنی لەگەڵ ترسناكییەكانی جەنگ و بەرگەگرتنی نەكردووە.    (لیری) یەكێك لە كچەكانی كە  لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا ژیاوە و بەهەمان ئەزمون و ئازاردا ڕۆیشتنی دەستگیرانەكەی بۆ جەنگ تێپەڕیووە. (لیندا) سەردانەكانی بۆ لای باپیری (فریدریك) لە یادە هەموو ڕۆژی شەممانێك، بە یاوەری دایكی. لە بارەی باپیرییەوە دەڵێت "پیاوێكی لەسەرخۆ و موحافزكاربوو، بەڵام بەردەوام هەموو شەمانێك لەوێ‌ بوو". دەشڵێت"دایكم وتی پیاوێكی زۆر ئازا بووە، ئەوەش پرسێكە پێموایە لەو كاتەدا باو بووە". خانەوادەكە، نەوە بەنەوە ماڵە كۆنەكەیان دەپارێزن، (لیندا) دەڵێت بەردەوام"بۆنی یانسۆن"ی لەوێ‌ دێتەوە یاد. بەوەش كۆتایی بەقسەكانی دێنێت" هەندێك لەو كەرەستە بەهادارانەم بردووە بۆ خۆم و زۆربەی كات ماڵی خانەوادەكەمم بیردەخاتەوە". سەرچاوە: بی بی سی  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand