توركیا مەرجی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی سلێمانی

Draw Media

2018-11-19 17:54:04



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
توركیا بە فەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە سزای چەند سەركردەیەكی حزبەكەی بدات، ئەمەش كراوەتە مەرج بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانيدا.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، توركیا بە فەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كردووە سزای ئەو سەركردانەی حزبەكەی بدات كە مانگی رابردوو بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كرد.
رۆژی 26ی مانگی رابردوو، سێ سەركردەو كادری دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) چونە هۆڵەندا‌و بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان‌و تێیدا وتارێكیان بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە خوێندەوە.
ئەم بەشداریكردنە‌ ناڕەزایەتی توركیای لێكەوتوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لە بەغداد سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كردووە‌و داوای توركیا لەبارەی سزادانی ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی پێگەیاندووە، هاوكات رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر لە سەردانەكەیدا بۆ دەباشان‌و كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەو هەڵوێستەی توركیا كردوەتەوە.

دەباشان- كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی توركیا


مەكتەبی سیاسی دابەشبووە
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ئێستا لەسەر ئەو داواكارییەی توركیا بۆ سزادانی ئەو سێ كەسە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، هەندێك پێیانوایە دەبێت پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا ئاسایی بكرێنەوە‌و لەوپێناوەشدا وەكو نیازپاكی سزای ئەو سێ كەسە بدەن كە توركیا داوای سزادانی كردوون، هەندێكی تر دەڵێن دەبێت پارێزگاری لە هێڵی نەتەوەیی بكرێت‌و نەچنە ژێرباری هەموو داواكارییەكانی توركیاوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، توركیا سزادانی ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی كردوەتە مەرج بۆ كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا چەند بۆچونێك هەیە، هەندێك داوادەكەن ئەو سێ كەسە لە یەكێتی دەربكرێن، هەندێكی تر داوادەکەن (تجمید- سڕ) بكرێن، هەندێكیش دەڵێن دەبێت تەنیا ئاگاداركردنەوەیەكیان ئاڕاستە بكرێت، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەدایە لە یەكێتی دەربكرێن، تائێستا بە فەرمی ئەو سێ كەسە لە هیچ بڕیارێك ئاگادارنەكراونەتەوە.

هۆڵەندا- نوێنەرەكانی یەكێتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی


بە ئاگاداری كێ بەشداری كۆنگرەكەیان كردووە ؟
سزادانی (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) كە داوانیان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین‌و یەكێكیان پەرلەمانتارو كادری پێشكەوتووی یەكێتییە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكان، ئەو سێ كەسە بە ئاگاداری ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی چونەتە هۆڵەنداو بەناوی یەكیێتییەوە وتاریان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستاندا خوێندوەتەوە.
یەكێك لەو كەسانەی كە ئاگاداری بەشداریكردنی ئەو سێ كەسە بووە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بووە.

ئارێز عەبدوڵا وتارخوێنی یەكێتی لە كەنەكە


پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و توركیا
ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە).
رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لەناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەیەكەم كاردانەوەدا رۆژی 24/8/2018 توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌و گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات، بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە.
بەدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- aHBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی كەجەكەدایە، سالار مەحمود ئێستا یەكێكە لەو كادرە دیارانەی یەكێتی كە توركیا داوای سزادانی دەكات.
راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان.

دیمەنێك لە راپۆرتی كەناڵەكەی توركیا لەبارەی سلێمانییەوە


وتارەكەی یەكێتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی 
ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو وتارەیە كە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە هۆڵەندا خوێندویەتییەوە‌و بەرپرسانی توركیای توڕە كردووە:
وتاری (ی.ن.ك) لە كۆنفرانسی (18)ی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان، ئەمڕۆ 26/10 لە هۆلندا لەلایەن بەندەوە پێشكەش كرا.
بەڕێزان ئەندامانی كۆنفرانسی (18)ی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان
ئەم كاتەتان باش ..
سەرەتا: هیوای سەركەوتن‌و پێشكەوتن بۆ كارەكانی كۆنفرانسەكەتان‌و خەباتی كۆنگرە دەخوازم. هیوادارم ئەم كۆنفرانسە هەنگاوێكی تر بێ بەئاڕاستەی گەیشتن بە ئامانجەكان.
لای هەمووان ڕوونە كە یەكێتی لەپێناوی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییە ڕەواكانی گەلی كوردستان سەری هەڵداوەو لە رۆژی دروستبوونیشیەوە تا ئەمڕۆ لە مەیدانە جۆر بەجۆرەكانی خەبات‌و قوربانیدان نەك كەمتەرخەمی نەكردووە، بەڵكو رۆڵێكی دیارو مێژوویشی هەبووە. لەسەرەتاوە یەكێتی بەخەباتی چەكداری دەستی پێكرد. چونكە دەرفەتی خەباتی سیاسی‌و مەدەنی نەبوو دەنا خۆمان بە باشترین رێگەمان دادەنا. ئێستاش خەباتی مەدەنی‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگای دیاڵۆگ‌و  ئاشتیانە بە گرنگ‌و پێویست دەزانین.
هەڤاڵانی هێژا
یەكێتی لە هەموو پارچەكانی كوردستان قوربانی داوەو بەشێوازی جۆراوجۆر‌و لەڕوانگەی نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و مرۆڤایەتییەوە ئەركی سەرشانی خۆی بەجێ هێناوە. دڵنیاتان دەكەینەوە كە لە داهاتووشدا كەمتەرخەمی ناكەین، بەڵام هەندێ راستی هەیە پێویستە لەم كۆنفرانسەدا بیخەینەڕوو:
یەكەم: ناوەندێكی سیاسی‌و رۆشنبیری نەتەوەیی‌و نیشتمانی بەگرنگ دەزانین، بەمەرجێك:
1-    چەترێكی گشتی بێ‌و مۆرك‌و هەژموونی ئەم حزب‌و ئەو حزبی بەسەرەوە نەبێ.
2-    نوێنەری هەموو ئەو نەتەوانەشی تێدابێ كە لە كوردستاندا دەژین. وەكو كلدو ئاشور، توركمان، ئەرمەن، عارەب.
دووەم: پێویستە تایبەتمەندیی‌و هەلومەرجی بەشەكانی كوردستان‌و ئێران‌و سوریاو عێراق‌و توركیاش لەبەرچاو بگیرێن‌و پێمان وایە دەبێ لە هەر بەشێك بەپێی تایبەتمەندی خۆی كارو خەبات بۆ مافە ڕەواكان بكرێت. 
سێیەم: نابێ شێوازێكی تایبەتی لایەنێكی سیاسی، یان تایبەتمەندی بەشێك بسەپێندرێتە سەر لایەن‌و بەشەكانی تری كوردستان.
چوارەم: دەستوەردانی هەر حزبێكی بەشێكی كوردستان لە كاروباری ناوەخۆی بەشەكانی تری كوردستان بە ناڕاست‌و ناڕەوا دەزانین‌و پێویستە ئەو جۆرە سیاسەت كردنە كۆتایی پێ بهێندرێت.
پێنجەم: لەبەرچاوگرتنی گرنگی هەرێمی كوردستان‌و ئەركەكانی سەرشانی. چونكە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ قەوارەیەكی سیاسی نیشتمانی دەستورییەو گرنگی‌و بایەخێكی گەورەی بۆ نەتەوەی كوردو نەتەوەكانی تریش هەیە. هەرێمی كوردستان دەسكەوتێكی مێژووییە بەقوربانیدان‌و خوێن وەدەست هاتووەو پێویستە هەموو لایەنەكان لە پاراستنی ئەو دەسكەوتە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیە هاوكاربن.
خوشك‌و برایانی خۆشەویست
لەبەرامبەر ئەو ماف‌و دەسكەوتانەی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ئەركی فیدراڵی‌و نێودەوڵەتیشی لەسەرە و چاویان لێ ناپۆشرێ. بۆیە ئێمە لەكاتێكدا كە هەموو دەست تێوەردانێكی وڵاتانی دەوربەرو هەڕەشەو داگیركاریەكانیان ریسوا دەكەین‌و داوایان لێ دەكەین كە رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بگرن، لەهەمان كاتیشدا داوا لە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین كە ئەوانیش رێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان بگرن‌و كێشەی لابەلا دروست نەكەن. 
شەشەم: لەسەرمانە رێگری لە دروستبوونی هاوپەیمانی دوژمنكارانە بگرین‌و دەبێ هەمیشە مەترسیی پیلانگێریە هەرێمی‌و نێودەوڵەتیەكان لەبەرچاو بگرین‌و لەو پێناوەشدا لانی كەم بیانو بەدەستەوە نەدەین.
حەوتەم: ئێمە كاتێك بۆ ئامانجێكی گەورەو پیرۆز كۆدەبینەوە دەزانین كە ئەمڕۆ لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كێشەی زۆرو قوڵ هەن بەنموونە لە رۆژئاواو لە باشور. ئێمە ئەگەر نەتوانین لە ناوخۆی بەشێك كێشەكان چارەسەر بكەین چۆن دەتوانین لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی گەورە رێك بكەوین ؟ 
لێرەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەین بۆشایی نێوانیان كەم بكەنەوەو لانی كەم لە هەر بەشێك لەسەر ستراتیجیەتێكی ڕوون رێك بكەون تا بتوانین باشتر كار بۆ ستراتیجیەتە مەزنەكە بكەین. 
خوشك‌و برایانی خۆشەویست 
سەرەڕای رۆڵی یەكێتی لە خەباتی سیاسی‌و دیموكراسی نەتەوەی بەداخەوە هەندێ لایەن نەك ئەو رۆڵە لەبەرچاو ناگرن بەڵكو كێشەو گرفتی گەورەشی بۆ دروست دەكەن‌و لە كۆتایشدا ئەو كێشەو گرفتانە دەبنە ئاستەنگی بەردەم كارو خەباتی سیاسی (ی.ن.ك) لەسەر ئاستی كوردستان‌و عێراق.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand