دیکتاتۆرە هەزەلییەکان

Draw Media

2021-11-10 17:34:11



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

تورکمانستان وەک کوردستان وڵاتێکە پڕ لە نەوت و گاز، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەکانی جیهان بە سامانی سروشتیی. دیکتاتۆرە هەزەلییە کۆچکردووەکەی ئەم وڵاتە، سەفەر موراد نیازۆف، بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی ئێمەوە لاسایی دوبەی نەدەکردەوە، بەڵکو ویستی خودی خۆی ببێت بە نموونەی لاساییکردنەوە لای دیکتاتۆرەکانی تر. بۆیە لە بیاباندا شارێکی تەواو نوێی لە ئاڵتون و مەرمەر دروستکرد و ناوێکی رۆمانسیشی بەناوی (عیشق ئاباد)ەوە لێنا و کردی بە پایتەختی وڵاتەکەی. ئەم دیکتاتۆرە لەماوەی حوکمڕانییە ڕەهاکەیدا دەستکاریی ژیان و مێژوو و بیرکردنەوە و تام و چێژی خەڵکەکەی کرد. نیازۆف دەستی گەیشتە مانگەکانی ساڵ و ناوی مانگی ئاپریلی لە ساڵنامە لابرد ناوی دایکی لەجێگەی دانا. جگەرەی قەدەغەکرد بۆئەوەی میللەتەکەی تەندروست بژێت. بڕیاری دابوو دەبێت وڵاتەکەی هێندە پاکوتەمیز بێت کە تیایدا هەموو شتێک بریسکە بداتە، بۆ نموونە شەقامەکان و وێستگەی پاسەکان و تەکسی و تەنانەت ئۆتۆمبیلە شەخسییەکانیش بەر ئەم هەڵمەتی پاکوتەمیزییە ڕەهایە کەوتن.

ئەم دیکتاتۆرە کتێبێکی بەناوی (ڕوحنامە)وە نووسی کە دەبایە تاک بەتاکی هاوڵاتیانی دەوڵەتەکەی وەک قورئان دەرخی بکەن. گرنگیی و مەترسیی ئەم کتێبە گەیشتە ئەوەی کە هیچ کەسێک مافی وەرگرتنی مۆڵەتی ئۆتۆمبیلی پێنەدەدرا گەر لە تاقیکردنەوەی کتێبەکەی سەرۆک دەرنەچووایە. سەرۆک لە کتێبەکەیدا باس لە داهێنانێکی گەورەی مرۆڤایەتیی دەکات کە لە وڵاتەکەی ئەودا دۆزراوەتەوە ئەویش داهێنانی چەرخە یان دووچەرخەیە و بڕواشی وایە کە تەنها مرۆڤ خاوەن زمان نییە، بەڵکو ئاژەڵان و دارەکانیش زمانی خۆیان هەیە و قسەدەکەن. ئەم دیکتاتۆرە بڕوای وابوو کە خەڵکی وڵاتەکەی هەمووی ئەوەندە تەندروستن پێویستیان بە دکتۆر نییە، بۆیە هەرچی نەخۆشخانە و نۆرینگە و عیادەی دکتۆرەکان هەیە دایخست. ساڵانێکی زۆر ددانی ئاڵتون یەکێک بوو لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تورکمانستان، بەڵام ئەم دیکتاتۆرە زۆر ڕقی لە ددانی ئاڵتونی بوو و ڕای وابوو کە شایستەی تورکمانستەکان نییە، بۆیە ئەویشی قەدەغەکرد. هەر دوای ئەو بڕیارەی سەرۆک ریزگرتن بۆ دەرکردنی دانی ئاڵتوونی لای دکتۆرەکانی دان، بە دەیان مەتر درێژ بوو.


ڕوحنامە کتێبێکی ئینسکلۆپیدیایی گشتگیرە و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی بەشەرییەتی تێدایە، بۆیە نیازۆف وایدەبینی کە خەڵکی وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ کتێبێکی تر نییە بۆئەوەی زانیاری زیاتری دەستبکەوێت. بۆئەم مەبەستەش بە بڕیارێک هەموو کتێبخانە گشتییەکانی داخست و قفڵی لە هەموو دوکانەکانی کتێبفرۆشیی دا. گەورەترین مۆزەخانەی وڵاتەکە مۆزەخانە شەخسییەکەیەتی سەرۆک خۆیەتی کە هەرچی دیاری و شتانە هەیە سەرۆکەکانی دونیا بۆیان هێناوە، لەوێدا نماییشکراون. پەیوەندی ئەم دیکتاتۆرە بە ئایینەوە ناکۆک نییە، نەک لەبەرئەوەی گەورەترین و گرانبەهاترین مزگەوتی لە ئاسیای ناوەڕاستدا لە مەرمەر و ئاڵتون دروستکرد، بەڵکو خۆشی وەک پێغەمبەری نەتەوە و خوداش نماییشدەکات، بۆیە لەبری قورئان دیوارەکانی مزگەوتەکە بە ڕستە بەناوبانگەکانی ناو کتێبەکەی خۆی نەخشێنراون. سەفەر موراد نیازۆف دوای مردنیشی هەر لەو مزگەوتەدا نێژراو ئێستا گۆڕەکەی لە ماڵی خودایە. 

دوای مردنی ئەم دیکتاتۆرە هەزەلییە دکتۆرە شەخسییەکەی ددانی، (قوربان قولی بێردی محەمەدۆف) لە هەڵبژاردنێکی نماییشگەرانە بە دەنگی زۆرینە بوو بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە. ئەوەی ئەمیش کردی تەنها گەڕانەوەی ناوی ئەپریل و سێپتێمبەر و کردنەوەی نەخۆشخانە و زانکۆکان بوو. محەمەدۆفیش کەمتر لە نیازۆف هەزەلیی نەبوو، بۆنموونە محەمەدۆف مۆڵەتی شۆڤێری لە ژنان وەرگرتەوە و چیتر بۆیان نەبوو ئۆتۆمبیل لێبخوڕن، چونکە بۆی دەرکەوتبوو کە نیوەی ئەو رووداوانەی هاتوچۆ لە وڵاتەکەیدا هەیە ژنان لێى بەرپرسیارن، یان تەنها رێگەی بە ئۆتۆمبیلی ڕەنگکراوە (فاتح) دەدا و خواردان و بەنزین و دەرمان و خوێی بۆ ماوەیەک بە خۆڕایی بەسەر دانیشتوانەکەی دابەشدەکرد. 

ئەم دەوڵەتە گەرچی چوارەم دەوڵەمەندترین دەوڵەتی جیهانە لەرووی گازەوە و نەوتێکی زۆریش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خەڵکی وڵاتەکەی لە هەژارییدا دەژین و شتێک نییە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بێت. هەرکەسێک پێچەوانەی سەرۆک و دەوڵەت و نەتەوەکەی قسەبکات و چالاکبێت، یان لە زیندان گیری دەکەن یان دەبێت بەنهێنیی هەڵبێت و وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت. کوردستانیش وەک تورکمانستان وڵاتێکە پڕ لە نەوت و گاز و هەژاریی، چەند زۆنێکی جوگرافییە پڕ لە دیکتاتۆری بچوک و گەورە و چەند خێزانێکی سیاسییشە پڕ لە خەونی دروستکردنی کولتووری براگەورە.
ئەوەی وای لێکردم ئەم دیکتاتۆرە هەزەلییەم بیربکەێتەوە قسەکانی دوێنێی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو. مەسرو بارزانی لەسەروبەندی کۆچی بەکۆمەڵی هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەیدا کە بووە بە هەواڵی ژمارە یەکی هەموو میدیاکانی جیهان، گوتی: „ئێوە خاوەنی ئەو وڵاتەن خەڵکی تر خاوەنی نییە، وڵات هی کەس نییە هی ئێوەیە، بۆ کوێ دەچن؟ داهاتووی ئەو وڵاتە ئێوەن، سەرکردەی ئایندەی ئەم وڵاتە ئێوەن، هیچ وڵاتێک ناگاتە وڵاتی خۆت، دەبێت وەکو دایک وڵاتەکەمان خۆشبوێت“. ئەم داوایەی مەسرور بارزانی چەند قەناعەتی بە زۆرینەی دەنگدەرانی ناڕازیی لە سیستەمە سیاسییەکە هێنا کە بایکۆتی دەنگدان نەکەن، زۆر کەمتر لای کۆچکردوانی ناڕازیی لە ژیان و گوزەرانی هەرێمەکەی سەرۆک، گوێگر دەدۆزێتەوە. سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەموو حیزبەکان دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانن کە ئەم کۆڕەوە ریفراندۆمێکی نوێی خەڵکی مەدەنیی هەرێمی کوردستانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە مۆدێڵی سوڵتانییانەی حوکمڕانیی و نادادی کۆمەڵایەتیی و خنکاندنی ئازادیی و مافی ڕادەربڕین. ئەم کۆچە بەکۆمەڵە ریفراندۆمی دەنگە ناڕازییەکانە بە گوتنی نەخێرێکی گەورە بۆ شەخسی سەرۆکەکان و حیزب و سیستەمە سوڵتانییەکەیان کە بە شێوەیەکی ویراسیی تەنها خۆیان و خێزانە سیاسییەکەیان و خزم و کەسوکار و رۆبۆتە عەسکەریی و فیکریی و میدیاییەکانی حیزبەکانیان لە داهات و سامانی وڵاتەکە سودمەندن. سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران کە لای ئەندامانی حیزبەکەی بە براگەورە ناسراوە و سەرۆکی هەموو خێزانە سیاسییەکانی تریش، چیتر ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە چ سیستەمە سیاسییەکەی و چ حکومەتەکەی هەرێمی کوردستان هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە وێنەیەکی زۆر بەد و ناشیرینی بۆ دروستبووە و چیدی واقیعی هەرێمی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەری سیاسەتمەدارەکانی وەک دەوڵەتی تورکمانستان و قسە و کردە هەزەلییەکانی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی دەبینرێت و هەڵدەسەنگێنرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand