هەڵبژاردن و دیموکراسیەت...هەڵبژاردن و سوڵتانیەت

2025-10-12 15:49:35
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
(بەشی دووهەم)
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا باسی ئەوەم کرد کە هەڵبژاردن لە ئێستای جیهاندا بووە بە دیاردەیەک زۆربەی هەرەزۆری گەمەکەر و بکەرە سیاسییە جیاوازەکان، بۆ وەدەستهێنانی رەوایەتیی، پەنای بۆدەبەن. هەڵبژاردن هەم یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمە دیموکراسییەکان، هەم لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمە دەسەڵاتگەر و ستەمگەرەکانیش. هەردووکیان لەپاڵ دوو دونیابینی جیاواز و لە پێناوی دروستکردنی دوو سیستمی سیسی جیاواز و بە دوو مەبەستی تەواو ناکۆک بەیەکدا، دەیخەنەگەڕ.
ئەمرۆ چۆن لە فەرەنسا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیدا پەنا بۆ هەڵبژاردن دەبرێت، بۆئەوەی هێزی سیاسیی جیاواز بگەیەنرێتە دەسەڵات و دەستگۆڕکێی دەسەڵات ئەنجامبدرێت و لەوێشەوە رەوایەتی بە حوکمرانییە دیموکراسیەکان بدرێت. بە هەمانشێوە سیستمە دەسەلاتگەرەکانی وەک روسیای پوتین و تورکیای ئەردۆگان و هەنگاریای ئۆربان و بیلاروسی لۆکاشینکۆ هەمان کاردەکەن، بەڵام بە مەبەستی هێشتنەوەی حوکمرانیی و پاراستنی دەسەلاتی حوکمرانە دەسەلاتگەر و ستمەگەرەکان وەک خۆی. لە زۆرێک لەم شوێنانەدا، شوێنانی وەک تورکیا و روسیا و بیلاروس، هەم هەڵبژاردن هەیە، هەم برێک لە هاووڵاتیان دەنگ دەدەن، هەم پارتی جیاواز لەو هەڵبژاردنانەدا بەشدار دەبن. لە رووکەشیشدا هەندێک لە دامودەزگا دیموکراسیەکان هەن، وەک پەرلەمان و دادگاکان و لێرە و لەوێش میدیایەکی نیوە کۆنترۆڵکراو و نیوەئازاد، بەڵام ئەو سیستم و سەرکردە دەسەڵاتگەرانە بەردەوام لەوەدا سەردەکەون هەڵبژاردنەکان بە ئاراستەیەکدا ببەن، کە خۆیان و حوکمڕانییەکەیان لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و رێ لە هەر ئەگەرێکی دەستگۆڕکێی دەسەڵاتیش، بگرن.
بە مانایەکی دیکە ئەم جۆرە سیستمە سیاسییانە سەر بەو جۆرە لە سیستەمی دەسەڵاتگەرین، کە تیایاندا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە نە ئازاد و دادپەروەرانانەن، نە بێ تەزویر و گزیی و گەندەڵیی بەڕێوەدەچن، نە هێز و توانای دەستگۆرکێی دەسەڵاتیشیان هەیە. بۆیە گەرچی لە ڕووکەشدا وەک سیستمێکی دیموکراسی دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو سیستمانە تەواو دەسەلاتگەر و ستەمگەر و نادیموکراسن.
ئەم بەلاڕێبردنەی هەڵبژاردنیش وەک ئامرازێک بۆ دەستگۆرکێی دەسەڵات و تازەکردنەوەی بکەرە سیاسییەکان، بە فۆرم و شێوازی جیاواز رووئەدەن. لە شوێنێکی وەک بیلاروسدا، کەسێکی وەک ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ، لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە سەرۆکی ئەو ولاتەیە و هەموو هەڵبژاردنەکان بە رێژەیەکی گەورە دەباتەوە. لەو ولاتەدا هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەچەسوێندرێنەوە، زۆرجار ناچاردەکرێن وەڵات بەجێبهێڵن، میدیای وڵاتەکە تەواو کۆنترۆڵکراوە، کەنالە سەربەخۆ و رەخنەییەکان، سەرکوتدەکرێن. گزیی و گەندەڵییش لە ژماردنی دەنگەکاندا ئەنجامئەدرێت. بەمجۆرە لە سیستمێکی لەو بابەتەدا هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر و توانای ئەوەی لەبەردەمدا نییە بتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە.
لە تورکیادا ئەردۆغان و پارتەکەیدا، لە ساڵی ٢٠٠٢ براوەی یەکەمی هەموو هەڵبژاردنەکانن. ئەردۆغان ٢٣ ساڵە حوکمدەکات. ئەم سەرکردە سیاسیە لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ساڵی ٢٠١٤ سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بوو، لەوە بەدوا و لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە سەرۆکی وڵاتەکەیە، ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧ دا سیستمە سیاسییەکەی تورکیای لە سیستمی پەرلەمانییەوە گۆڕی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی و بەمەش دەسەڵاتێکی گەورەی بە خۆی بەخشی. هاوکات کۆنتۆڵکردن و لێپرسینەوەی پەرلەمانی لە سەرۆکی وڵاتەکە بە تەواوی سڕیەوە و پەکخست. دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦، ئەردۆغان دەسەڵاتەکانی خۆی تەواو فراوان کرد و بەمەش کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی دەزگا سەرەکییەکانی دەوڵەتی تورکیان خستە ژێر رکێفی خۆیەوە.
لە دە ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە، ئەردۆغان بەشی هەرە گەورەی میدیای وڵاتەکەی کۆنترۆل کردوە و بە خواست و قازانجی خۆی ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیایە، ئاراستەدەکات. ئەو کەمە دەنگە رەخنەییانەش لە میدیای وڵاتەکەدا ماوەتەوە، فشارێکی زۆریان لەسەرە و زۆربەی جاریش رۆژنامەنووسەکانیان دەگیرێن، بەجۆرێک تورکیای ئەردۆغان بووە بە وڵاتێک کە زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنووسی تێدا زیندانکراوە.
ئەگەرچی هەڵبژاردن لە تورکیادا بەبەردەەوامی ئەنجامئەدرێت، بەڵام ئەردۆغان میدیای وڵاتەکەی لە میدیایەکی سەربەخۆ و بێلایەنەوە گۆڕیوە بۆ میدیایەک لایەنگری خۆی. ئەمە جگە لە گەورەکردن و بەفراوانکردنی رووبەری سانسۆر لە ولاتەکەدا. بەمەش یەکێک لە کۆمەڵکە گرنگەکانی دیموکراسیەتی لە تورکیادا بەتەواوی پەکخستوە.
چونکە ئەردۆغان خودی دادگاکانیشی کۆنترۆڵکردوە و بێلایەنیانی سڕیوەتەوە، کێی بوێت، هەر بکەر و چالاکەوانێکی رەخنەیی یان سەر بەهێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، تۆمەتیان بۆ دروستدەکات و لە ڕێگای یاساوە دەیانگرێت. تۆمەتی تێرۆر و تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆکی وڵاتەکە زۆر بە ئاسانی دروستدەکرێن و کەسانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی پێ داوەریدەکرێت. بەم مانایە ئەردۆغان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و کاندیدەکانیان، تەنها رووبەرووی ترس و فشاری هەمەجۆر ناکاتەوە، بەڵکو زۆرجاریش لە ڕەگای تۆمەت دروستکردنەوە و بەشێوەیەکی نایاسایی لە زیندانیان قایمدەکات. گرتنی سەلاحەدین دەمیرداش و ئەکرەم ئیمام ئۆغلو دوو نموونەی زیندووی ئەم سیاسەتەن.
بە کورتییەکەی، ئەگەرچی لە تورکیادا هەڵبژاردن بەشێوەیەکی بەردەوام ئەنجامئەدرێت، بەڵام دەزگاکان و ناوەندە سەرەکییەکانی دروستبوون و ئیشکردنی دیموکراسیەت وەک سیستم- دەزگاکانی داوەری، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بێلایەنی سوپا- ، بەجۆرێک کۆنترۆڵکراون مانایەکی ئەوتۆی بۆ هەڵبژاردن نەهێشتۆتەوە.
ئەوەی لە روسیای پوتیندا رووئەدات، شتێکی هاوشێوەی ئەوەی تورکیای ئەردۆغانە. پوتین لە ساڵی ١٩٩٩ ەوە بکەری سیاسیی ژمارە یەکەی روسیایە و لە دە پازدە ساڵی رابردووشدا تاقە بکەرێکی سیاسیی ئەو ولاتەیە. لە روسیاشدا، پارتی سیاسیی جیاواز و هەڵبژاردن و کاندیدی رەخنەیی و پەرلەمان خۆیشی وەک دەزگا، بوونیان هەیە. بەڵام زۆرینەی هەرەزۆری ئەم شتانە بەتەواوی، یان تا ڕادەیەکی گەورە، کۆنترۆڵکراون. لەو وڵاتەیشدا سەرۆکی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان یان دەگیرێن، یان ناچار بەهەڵاتن دەکرێن یان دەکوژرێن. بۆیە هەڵبژاردن لە روسیادا بۆ دەستگۆڕکێی دەسەلات نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی رەوایەتییەکی ناراست و درۆزانانەیە بۆ حوکمرانییەکەی پوتین. وەک ئەردۆغان، پوتینیش ، سەرجەمی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی خۆی و حوکمرانییەکەی، بە شێوەیەکی سیستماتیکی، هەڵوەشاندۆتەوە.
سیستمی دادوەریی لە روسیادا، وەک دەسەڵاتی دادوەریی لە تورکیادا، لەژێر کۆنترۆڵی پوتیندایە و هەموو جۆرە بێلایەنییەکی لێسەدراوەتەوە. بۆیە کێیان بوێت لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان داوەریدەکرێن و دەگیرێن. لە روسیاشدا، وەک لە تورکیادا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تەواو لەژێر کۆنترڵ و ئاراستەی رژێمەکەی پوتیندایە، ئەنجامی هەڵبژاردەکانیش، گەر گزی و گەندەڵی و تەزویری گەورەشی تێداکرابێت، لەلایەن ئەو کۆمیسیۆنەوە چاوی لێدەنوقێنرێت و پشتگوێ دەخرێت.
ناوەند و دەزگاکانی میدیای سەربەخۆش، یان داخراون،یان بلۆک کراون، یاخود ناچارکراون هەڵبێن و بڕۆن لە دەرەوەی روسیاوە گوتارەکانیان بڵاوبکەنەوە. هاوکات دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و زۆربەی سایتەکانی ئینتێرنێت و میدیای دیگیتاڵیی، کردوە.
لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا بە هیچ مانایەک کێبڕکێیەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە بوونی نییە و رێیشی پێنادرێت. ئەسلەن گەمەکە هەر لە سەرەتاوە تەواو نایەکسان و نایاساییە و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان پوتین هەڵبژاردنەکانی بردۆتەوە. ئەمە بێجگە لە تەزویرکردن و دەسکاریکردنی ئەنجامەکان و گۆڕینی رێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا، بەوجۆرەی پوتین دەیەوێت .
هەرچی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیشە، سەرجەمی ئەو ئاکارانەی تێدایە کە لەسەرەوە باسمانکردن. واتە هەڵبژاردن لە هەرێمدا بە مەبەستی دەستگۆڕکێی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئامرازی بەخشینی رەوایەتییەکی درۆزنانەیە بە حوکمڕانییە بنەماڵەییە سوڵتانییەکە. ئەمەش وادەکات بکرێت ئەنجامگیریەکی سادە بکەین: لە ئێستای هەرێمدا هیچ پەیوەندییەکی راستەقینە لە نێوان هەڵبژاردن و دیموکراسیەتدا بوونی نییە و بوونی نەماوە، هەڵبژاردن ئامرازی بە ئەبەدیکردنی سوڵتانیەتە.
