ئاراستەکانی نێو حکومەتەکەی رەئیسی کابینەیەکی بێ ژن و پێکهاتەکان

Draw Media

2021-08-22 09:43:32



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

 ئەم هەفتەیە، هەفتەی یەکلاکردنەوەی کابینەی پێشنیارکراوی ئیبراهیم ڕەئیسییە لە پەرلەمانی ئێران،  کە دەکاتە کابینەی سێنزەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لیستی کابینەکەیدا ١٩ وەزیری پێشنیار کردووە، ئەوەی تێبینی دەکرێت، کابینەکە بە بێڕەچاوکردنی ڕەوتە دیارە سیاسییەکان و حزبەکان  دەستنیشانکراوە، بەڵام لەولاوە لە بری کرانەوەی زیاتر و سوودوەرگرتن لە توانامرۆییەکانی نێو ئێران، بە ثێجەوانەوە زۆرترن هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆیی و خزمەکان و پشتیوانە سوپاییەکانی و باندە قوڵەکانی نێو ئابووری دەولەتی لەخۆگرتووە.
زۆرینەی وەزیرانی پێشنیارکراو، زۆرینەی وەزیرەکان لەو نەوەیەن کە وەک خودی ئیبراهیم ڕەئیسی، پەروەردەکراوی نێو شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن، لەڕووی ئەزموون و بیرکردنەوە و رەفتارییانەوە. ئەمانە نەوەیەکن کە لەسەردەمی جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقدا لەڕووی سیاسییەوە دەرکەوتن و دەستیان کردە چالاکیی جۆراوجۆر، زۆرینەشیان لە برغووی سەرەکی ماشینی بناژۆخوازەکانن و بەشێکیشیان لە موحافیزکارە مەزهەبیی و ڕسطڕەوەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی ئێرانن و وابەستەن بەو کەسایەتی و باڵە پڕهەژموونانەی کە جەمسەربەندی ململانێکانی نێو شیرازەی سیاسیی پێکدەهێنن، واتە کەمتر لەسەر بنەمای تەکنۆکرات و لێهاتوویی دەست نیشان کراوون، بەڵکو زیاتر وەک وەلا و دڵسۆزی بۆ بنەماکانی شۆڕش و  مەزهەب و بناژۆخوازیی شانسی وەزیربوونیان دەستخستووە، نەک پێشینەی ئەزموونی و لێهاتوویی.


تێبینیی گشتی
ڕۆژی شەممە 21/8/2021 لە وتاری دەسپێکی خستەنەڕووی وەزیرە پێشنیارکراوەکان و بەرگریکردن لێیان، ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لەسەر چەند کلیلەوشەیەک کردەوە کە بەو کلیلانە وەزیرەکانی پێ هەڵبژاردووە و پیوەری بوون: حکومەتێکی شۆڕشگێڕ، خەڵک¬تەوەر، دژەگەندەڵ و گەنج، هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر دوو خاڵ بەرنامەی کاری خۆی بەڕێوە دەبات: یەکەم پابەندی بە ڕێنماییەکانی ڕێبەری کۆمار و  هەنگاوی دووەمی شۆڕش(هەنگاوی دووەمی شۆڕش، ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکباری ئەمریکا و ڕۆژئاوا).

بەڵام کاتێک دیققەت لە کابینەکە دەدەین، ئەوا نەک ئەو پیوەرانەی کە خۆی لەوتاری پێشکەشکردنەکەدا خستنیەڕوو، لەبەرچاو نەگیراون، بەڵکو زۆر حزب و ئاراستەی نێو شیرازە و رەوتەکانیش پەراوێز خراون، سێ رەخنەی توند لە کابینەکەی ڕەئیسی دەگیرێن کە جێگەی سەرنجن:
١. وەک کابینەکانی پێشتر نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی تێدا نییە، بۆ یەکەمییان کەمتەرخەمی و بێمتمانەیی ڕەئیسی دەردەخات و بۆ دووەمیان بەپێی دەستووری ئێران، ڕێگە نادرێت هیچ وەزیرێکی سوننی یان هەر  مەزهەبێکی دیکە جگە لە دوانزەئیمامی شیعە بێتەسەرکار، تا هەنووکە وابووە و لەمەودواش سەختە ئەو ڕەوتە بەردەوام نەبێت.
٢. وەک کابینەکەی ڕۆحانی، ڕەئیسیش هیچ ژنێکی کاندید نەکردووە و وادیارە کابینەیەکی پیاوانە دەردەچێت.
٣. وەزیرەکانی لە پێڕی بناژۆخوازانی دروشمگەرا و بەهایی (ارزشی) دەستنیشان کردووە، کە ئەمەش بۆ خۆی پەراوێز خستنی ستوونی باڵ و ئاراستەکانی دیکە و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیەتی.
کەواتە کابینەی خەڵکی کامیە و  خەڵک کێیە؟ یەکێک لە پێوەرەکانی رەئیسی لە وتارکەیدا، خەڵکییبوون-ی کابینەکەیەتی، بەڵام وەک خرایەڕوو و وردەکارییەکەشی پاشتر دێت، زۆر توێژ و پێکهاتە و ئاراستەی سیاسیی ونەتەوەیی و مەزهەبی فەرامۆش کراوون. کەواتە خەڵک لە دیدی ئەودا کێیە؟ زۆرێک لەڕەخنەگران لەوباوەڕەدان کە خەڵک لە دیدی ڕەئیسیدا، تەنها  ئەوانە دەگرێتەوە کە لە نوێژی هەیتنید و ڕێپێوانە مەزهەبییەکان و مەراسیمەکاندا بەشدارن و هەواداری دەوڵەتی ئیسلامین. بۆیە دیسانەوە، ئەم کابینەیە ناتوانێت دڵی خەڵک کە تینووی خزمەتگوزاری، چاککردنی بژێوی و ئازادیی یەکسان بۆ هەمووان  دەستەبەر بکات.


ئاراستەکانی نێو کابینە
دەکرێت بەگشتی وەزیرانی پێشنیارکراو بەسەر سێ دەستەدا دابەش بکرێن:
١. نزیکان و  دڵپەسەندانی پێشتری ئەحمەدی نەژاد و کابینەکەی دەگرێتەوە: ئەمەش وەک رەخنە ئاراستەی ڕەئیسی دەکرێت کە گەرچی ئەحمەدی نەژاد خۆی لە دەسەڵات و کاریگەریی لەسەر جومگەکانی حوکم دوورخراوەتەوە، بەڵام میرات و دیدگاکانی دیارە هەر دڵپەسەندی ڕەئیسین  و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەردەمی جیاکاریی و سنووردارکردنی ئازادییەکان و دژە ئەورووپایی و ئەمریکایی هەر لەلوتکەدا دەمێنێتەوە کە بەشێکی گرفتەکانی سیاسەت و دۆخی ئابووریی ئێران بەهۆی ئەم دیدگا داخراوانەوەیە. 
لە نموونەی وەزیرەکانی نزیک لە ئەحمەدی نەژادەوە دەکرێت ناوی ئەمانە بهێنرێت: محرابیان(وزە)، سەجادی (وەرزش)، ئەحمەد وەحیدی (ناوخۆ)، زەرغامی (میراتی کولتووری) ، عەبدوڵاهیان (دەرەوە)، ڕۆستەم قاسمی (ڕێگاوبان و شارسازی) ، لە لیستی رەشی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، وەزیری پێشووی نەوتی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد بوو، ناسراوە بە پێچپێلێدانی گەمارۆکان و سپیکردنەوە و شکاندنی گەمارۆکان بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەدەرەوەی ئێران، جەوادی ئوجی-ش دیسانەوە هەر  لە نزیکانی کابینەکەی نەژاد بوو (وەک وەزیری نەوت دیاری کراوە)، ئەوکات ڕۆستەمی قاسمی کە وەزیری نەوت بوو،  بە بەرپرسی گواستنەوەی زێڕ بۆ وڵاتە دراوسێکان و پێچپێلێدانی گەمارۆکان لەسەر ئێران و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک بە ڕێگای ناباو و قاچاخ. عیسا زارع پوور (وەزارەتی پەیوەندییەکان) کە لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا چەندین پۆستی باڵای جیاجیای وەرگرتووە.
٢. هاوڕێیانی کار کە پێشتر بەجۆرێک لە جۆرەکان لە تیمی کاری خودی ئیبراهیم ڕەئیسی یاخود لە خزمانی خۆی لەقەڵەم دەدرێن: خەتیب (وەزیری ئیتڵاعات) و ئەندامی سوپا، سەرۆکی دەزگای پاراستن و ئیتلاعاتی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دەزگای پارێزگاری مەزاری قودسی ڕەزەوی بووە، حسەینی رەحیمی (وەزارەتی داد)،  باغگولی (وەزارەتی پەروەردە) لە تیمی کاری پێشتری رەئیسی لە مەزارگەی قودسی رەزەوی مەشهەد، ڕەزا فاتمی ئەمین وەزارەتی پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی (صمت).
٣. وەزیرەکانی دیکەن، کە زیاتر ئەزموونی زانکۆیی و سەنتەرەکانی توێژینەوە و راوێژکارییان هەیە، کە ئەمانیش لەدەستەبەندی سیاسیی و جەمسەربەندی رەوتەکاندا، دیسانەوە پابەندی گروپی بناژۆخوازانن.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بناژۆخوازان، بەهێزترین وەزیر کە ئەگەری پەسەندکردنی هەیە، ئەمیر عەبدوڵاهیانی یاریدەدەری پێشووی جەواد زەریفە و پەسەندکردنی تاڕادەیەک یەکلابووەتەوە، ئەگەرچی عەبدوڵاهیان پێنج ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جەواد زەریفەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە. هەرچەند بە ئەگەری زۆر زۆرینەی ڕەهای وەزیرەکان ڕای پەسەندکردن وەردەگرن، چونکە ڕەوتی زاڵی نێو پەرلەمان هەر هەمان ڕەوتە کە جادە و پیداویستی بۆ ئیبراهیم رەئیسی تەخت کرد تا بێڕکابەرێکی ڕاستەقینە هەڵبژاردنەکان بباتەوە. 

بابەتی پێشتر:

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە

ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی

ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان

ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛  هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand