عیساوی چۆن گەڕایەوە بۆ عێراق ؟

Draw Media

2020-06-18 17:37:13




راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
جارێكی تر پرسی پێكهاتەی سوننە لە عێراق كەوتەوە ناو باس‌و خواستەكان، یەكێك لە سەركردە دیارەكانی سوننە كە بەر لە (7) ساڵ بە تۆمەتی گەندەڵی‌و تیرۆر راوەدونرا، گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، قسە هەیە تاریق هاشمی‌و سەركردەكانی تری سوننە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی گەورەی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتیدا بێنەوە ناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، ئەمە زەمەنی هەستانەوەی سوننەكانە ؟ یاخود هاوكێشەیەكی نوێ لە عێراق دروستدەكرێت كە خاوەنەكانی بۆ هاوسەنگكردنی پێویستیان بە ژمارەی سوننەكان هەیە ؟

گەڕانەوەی عیساوی
رافع عیساوی وەزیری دارایی حكومەتی نوری مالیكی كە بەتۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی بەبێ ئامادەبوونی خۆی حكومی (7 ساڵ) زیندانی بەسەردا سەپێندرا، رۆژی سێ شەممە گەڕایەوە بۆ عێراق.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" عیساوی خۆی رادەستی لایەنی لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند كردووە‌و پێشتر بەبێ ئامادەبوونی خۆی حوكمی بۆ دەرچووە، بەڵام یاسای (اصول المحاكمات الجزائیە)ی رێگە بەوەدەدات كەسێك كە بەبێ ئامادەبوونی خۆی حوكم درابێت، تانە لە حوكمەكەی بدات‌و جارێكی تر بە ئامادەبوونی خۆی دادگایی بكرێتەوە".

چیرۆكی عیساوی
عیساوی ناوی تەواوەنی (رافیع حیاد عیساوی)ە، لەدایكبوونی ساڵی 1966ی پارێزگای ئەنبارە، پزیشكی نەشتەرگەریی ئێسك‌و شكاوی بوو، 2015 لەسەردەمی دەركەوتنی رێكخراوی "قاعیدە"دا لە عێراق، ئەستێرەی سیاسی درەوشایەوە‌و وەكو یەكێك لەسەركردەكانی پێكهاتەی سوننە لە عێراقی دوای سەددامدا دەركەوت‌و چەندین پۆستی وەرگرت لەوانە پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە لەماوەی ساڵانی (2006 بۆ 2008)‌و پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران لەماوەی ساڵانی (2008 بۆ 2010)‌و پۆستی وەزیری دارایی لە (2010 بۆ 2013).
عیساوی لەڕووی رێكخراوەییەوە پەیوەندی لەگەڵ حزبی ئیسلامی عێراقیدا هەبوو وەكو رەوتێكی سەربە كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، ئەو سەردەمە دژی جیهادو توندڕەوی بوو، هەوڵی ئەدات رێگری لە گروپە توندڕەوەكان بكات فەلوجە بكەن بە گۆڕەپانی شەڕ، بەڵام سەرباری ئەوە یەكێك لەوانە بوو كە داوای دەكرد پێكهاتەی سوننە لە عێراقی نوێدا هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر پێگەی لە دەسەڵات‌و بڕیاردا هەبێت.
كۆتاییەكانی ساڵی 2012، حكومەتی مالیكی كەسێكی لە تیمی پاسەوانەكانی رافیع عیساوی وەزیری دارایی حكومەت دەستگیركرد، بەپێی ئەوەی میدیای فەرمی ئەوكاتەی حكومەت باسی دەكرد، ئەو پاسەوانەی عیساوی دانی بەوەداناوە تێوەگلاوە لە چەندین كاری "تیرۆرستی" لەگەڵ تیمی پاسەوانەكانی تاریق هاشمی جێگری سەرۆكی كۆماری پێشووی عێراقدا.
ساڵی 2012 حكومەتی مالیكی ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراقیان دەستگیركرد، كە یەكێك لە بەهێزترین سەركردەكانی پێكهاتەی سوننە بوو، حكومەتی مالیكی دانپێدانانی پاسەوانەكانی هاشمییان بڵاوكردەوە، دواتر فەرمانی دەستگیركردن بۆ هاشمی دەركرا، هاشمی بەغدادی بەجێهێشت‌و رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، لە شاری سلێمانی لای كۆچكردووە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق مایەوە‌و دواتر رووی لە توركیا كرد.
راوەدونانی تاریق هاشمی لەلایەن مالیكییەوە كاردانەوەی ئەوتۆی لە شەقامی سونیدا نەبووە، بەڵام چەند مانگێك دواتر كە لەسەر هەمان دۆسیە مالیكی هەوڵیدا رافیع عیساوی تێوەبگلێنێت، ئەمجارەیان شەپۆلێك خۆپیشاندان لە ناوچە سونەنشینەكانەوە دەستیپێكرد، سوننەكان حكومەتی مالیكییان تۆمەتبار دەكرد بەوەی ناوچەكانی ئەوانی پشتگوێ خستووە‌و بەشێوەیەكی تائیفیانە مامەڵە دەكات.
رۆژی 1ی ئازاری 2013، عیساوی كە وەزیری دارایی كابینەی دووەمی حكومەتەكەی مالیكی بوو، لەبەردەم خۆپیشاندەرانی سوننەدا لە شاری رومادی پارێزگای ئەنبار، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری دارایی راگەیاند، عیساوی وتی:" شەرەفمەند نیم بەشێك بم لەم حكومەتە تائیفییە".
عیساوی كاتێك دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند، ماوەی دوو مانگ بوو هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ نوری مالیكیدا نەمابوو، بۆیە كاتێك دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند، لەپاڵ دۆسیەی تیرۆردا، مالیكی دۆسیەیەكی تری بۆ عیساوی كردەوە‌و رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندناكات تاوەكو لێكۆڵینەوەكان لەبارەی سەرپێچییە دارایی‌و كارگێڕییەكانی لە وەزارەتی دارایی تەواو نەبێت.
نیسانی 2013 دادگای عێراق بە فەرمانی نوری مالیكی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ رافیع عیساوی بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دارایی‌و كارگێڕی دەركرد، عیساوی عێراقی بەجێهشت‌و چووە دەرەوەی وڵات، كانونی یەكەمی 2015 دادگای تاوانەكانی عێراق، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، حكومی (7 ساڵ) زیندانی بەسەر عیساویدا سەپاند.
مالیكی چەند دۆسیەیەكی لەسەر كارەكانی رافیع عیساوی لە وەزارەتی دارایی خستوەتە بەردەم دادگا، یەكێك لە دۆسیەكان پێدانی قەرزێكە بە كۆمپانیایەكی چیمەنتۆ، بەپێی قسەی دەستەی نەزاهە، عیساوی‌و زیا خیون بەڕێوەبەری پێشووی بانكی رافیدەین ئەو قەرزەیان داوە بە كۆمپانیاكە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سودی ئەو پرۆژەیە ئابورییەی كە قەرزەكەیان بۆ تەرخانكردووە، سەرباری ئەوە كۆمپانیاكە پرۆژەكەی جێبەجێ نەكردووە‌و قەرزەكانیشی نەگەڕاندوەتەوە.
دەستەی نەزاهە بەهای ئەو زیانەی كە رافیع عیساوی‌و بەڕێوەبەری پێشووی بانكی رافیدەین بە دارایی گشتییان گەیاندووە بە نزیكەی (40 ملیار) دینار، واتە نزیكەی (34 ملیۆن) دۆلار لەوكاتەدا خەمڵاندووە.
ساڵی 2013، دوای چونەدەرەوەی تاریق هاشمی‌و رافیع عیساوی وەكو دوو سەركردەی بەهێزی سوننەكان لە عێراق، نوری مالیكی سوپای ناردە ناوچە سوننییەكان بۆ كپكردنەوەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی سوننەكان، سوپای عێراق سەدانی كەسی لە چالاكی خۆپیشاندانەكان لەو ناوچانە دەستگیركرد، هەندێك ئەو سەردەمە ناودەنێن سەردەمی پاكتاوكردنی سوننەكان لەسەر دەستی حوكمی شیعەكان بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی.
چەند مانگێك دوای راوەدونانی تاریق هاشمی‌و رافیع عیساوی‌و سەركوتكردنی ناڕەزایەتی پارێزگا سوننەنشینەكان، ساڵی 2014 رێكخراوی "داعش" لەناوچانەوە سەریهەڵدا‌و سوپای عێراق دوچاری داڕمانێكی مێژوویی هات‌و لە پارێزگاكانی (كەركوك، سەلاحەدین- دیالە- ئەنبار) هەڵات.

عیساوی چۆن گەڕایەوە ؟
رافیع عیساوی ماوەی دوو رۆژە لە عێراقە، بەفەرمانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری راگیراوە، بەپێی قسەی سەعدون تكریتی كە توێژەرێكی سیاسیی عێراقییە" عیساوی پەیوەندییەكی دۆستایەتی بەهێزی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق هەیە، لەسەر متمانەی بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە بۆ عێراق".
تكریتی دەڵێ" دوای هاتنەوە بۆ بەغداد، رافیع عیساوی لای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راگیراوە كە فالح فەیاز سەرۆكایەتی دەكات".
لەبارەی چۆنیەتی گەڕانەوەی رافیع عیساوی بۆ عێراق قسەوباسی جۆراوجۆر هەیە، هەندێك لە پەرلەمانتارانی پێكهاتەی سوننە دەڵێن، گەڕانەوەی پەیوەندی بە رێككەوتنی لایەنە سونییەكانەوە هەیە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق تایبەت بە پێداچونەوەی دۆسیەی سەركردە هەڵاتووەكانی سوننە‌و زیندانیكراوە سیاسییەكان، هەندێكی تر دەڵێن ئەمریكییەكان لە پشت بڕیاری گەڕانەوەی رافیع عیساوییەوەن، بەرپرسانی ئەمریكا لاوازی دارایی حكومەتی عێراقیان قۆستوەتەوە بۆ فشاركردن‌و دەیانەوێت سەركردە هەڵاتووەكانی سوننە بگێڕنەوە‌و ناو ماڵی سوننە رێكبخەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا شیعەكان باس لە كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن لە عێراق.
هەندێك سەرچاوەی تر باس لە رێككەوتنێكی نهێنی نێوان عێراق- قەتەر دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی سەركردەكانی سوننە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی قەتەر ئامادەیی نیشانداوە بڕی (3 ملیار) دۆلار بۆ پشتیوانی كەرتی كارەبا پێشكەشی عێراق بكات.
گێڕانەوەیەكی تر هەیە دەڵێ حكومەتی مستەفا كازمی دەیەوێت كێشەكانی عێراق لەگەڵ قەتەرو توركیا چارەسەر بكات‌و بڕیاری گەڕانەوەی عیساوی بۆ عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی توركی- قەتەری- عێراقیدایە‌و ئێرانیش رەزامەندی لەسەرداوە.
لەدوای دوركەوتنەوەی تاریق هاشمی‌و رافیع عیساوی‌و بنەماڵەی نوجێفییەكان لە گۆڕەپانی سیاسی، لەناو پێكهاتەی سوننەدا ئەستێرەی كۆمەڵێك سیاسی گەنج درەوشاوەتەوە، لەوانە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و جەمال كەربولی‌و محەمەد كەربولی، گەڕانەوەی عیساوی‌و تاریق هاشمی بۆ عێراق لەبەرژەوەندی سیاسییە نوێیەكانی پێكهاتەی سوننەدا نییە.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە ئێستا وەكو سەركردەی ژمارە (یەك)ی سوننەكان دەردەكەوێت، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیدا هەیە، ئیمارات كێشەی سیاسی لەگەڵ قەتەرو ئیخوان موسلیمین‌و توركیادا هەیە، نزیكبونەوەی حكومەتی كازمی لەگەڵ قەتەرو توركیا لە بەرژەوەندی حەلبوسی نییە، دەوترێت ساڵی رابردوو هەوڵێكی هاوشێوە هەبوو بە گەڕاندنەوەی رافیع عیساوی، ئەوكات حەلبوسی بەتوندی لەدژی وەستاوەتەوە.
سەرباری ئەمە پێگەی رافیع عیساوی‌و تاریق هاشمی لەناو شەقام‌و هۆزەكانی سوننەدا لە سەركردە تازە دەركەوتووەكان بەهێزترە، بە گەڕانەوەی ئەو دوانە، زیانی گەورە بە پێگەی سیاسی حەلبوسی‌و سیاسییە نوێیەكانی پێكهاتەی سوننە دەكەوێت، بەتایبەتیش ئەگەر سەركردە كۆنەكان (عیساوی‌و ئوسامە نوجێفی) جارێكی تر لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا یەكبگرن‌و كۆببنەوە.
هەندێك لەسەرچاوەكان لەناو پێكهاتەی شیعەی عێراقەوە باسلەوە دەكەن، رۆژی سێ شەممە كە رافیع عیساوی بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد، لە فڕۆكەخانە شێخی عەشیرەتی "بو عیسا" پێشوازی لێكردووە كە هۆزەكەی سەددام حسێنی سەرۆكی پێشووی عێراقە، هەر لەناو شیعەكانەوە بەدیاریكراویش هەندێك گروپی حەشدی شەعبی ترس هەیە لەبارەی ئەوەی لە دادگا رافیع عیساوی لەو تۆمەتانە بێبەری بكرێت كە پێشتر لەسەری ساغ كراوەتەوە‌و ئەستۆپاكی بۆ دەربكرێت، هەندێكی تر گومانیان هەیە دوای داخستنی دۆسیەكەی لە دادگا، رافیع عیساوی بكرێت بە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، شیعەكانی نەیاری ئەمریكا رافیع عیساوی‌و تاریق هاشمی بە "سەرانی تیرۆر" ناودەبەن.
پێشبینی ناكرێت گەڕانەوەی رافیع عیساوی بۆ عێراق بەبێ رەزامەندی كۆماری ئیسلامی ئێران بوبێت، هەندێك دەڵێن ئێرانییەكانیش سودمەند دەبن لە گەڕانەوەی سەركردە هەڵاتووەكانی سوننە، چونكە نایانەوێت لەناو پێكهاتەی سوننەدا تاكە كەسێك وەكو سەركردەی بەهێز دەركەوێت، بەدیاركراویش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، بەهێنانەوەی سەركردە هەڵاتووەكان، ئێران جارێكی تر ئاڵۆزی دەخەنە ناو سوننەكانەوە.
هەر چۆنێك بێت، پرسی گەڕاندنەوەی سەركردە هەڵاتووەكانی دەستی حوكمی نوری مالیكی بۆ عێراق، هەوڵێكی نوێ نییە، پێشتر‌و لەسەردەمی كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا، چەند هەوڵێك هەبوون بۆ گەڕاندنەوەیان، بەپێی ئەوەی باسدەكرێت ئەوكات هەوڵەكە هەوڵی هاوبەشی نێوان قەتەر- توركیا- ئێران بووە لەبەرامبەر سعودیە، كانونی یەكەمی 2018 فوئاد حسێن وەزیری دارایی پێشووی عێراق ئیمزای لەسەر نوسراوێك كرد‌و رافیع عیساوی‌و شەش كەسی تری لەو تۆمەتانە بێبەری كرد كە لەسەر كەیسی وەزارەتی دارایی ئاڕاستەیان كرابوو، ئەمە بەبەهانەی نەبوونی بەڵگەی پێویست،
گومان لەسەر ئەوە نەماوە كە عیساوی‌ بە رێككەوتنێكی پێشوەختە گەڕاوەتەوە بۆ بەردەم دادگا لە عێراق، دادگا دەیەوێت لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كراوە‌و ئەمجارە بە ئامادەبوونی خۆی لێكۆڵینەوەكان دوبارە بكاتەوە.

دۆسیەی سەركردە سوننەكان
گەڕانەوە رافیع عیساوی‌و دووبارەكردنەوەی پرۆسەی دادگایكردنەكەی، پرسیاری لەبارەی چارەنوسی چەندین كارەكتەری تری پێكهاتەی سوننەكان لە عێراق دروستكردووە، كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی تۆمەتی "تیرۆر"و "تێوەگلان لە گەندەڵی" عێراقیان بەجێهێشتووە، لەوانە تاریق هاشمی جێگری پێشووی سەرۆك كۆمارو ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا كە تۆمەتبار كراوە بە هۆكاری كەوتنی موسڵ لە ساڵی 2014دا لەبەرامبەر چەكدارانی "داعش"‌و عومەر عەبدولستار كەربولی كە بەدۆسیەی "تیرۆر" تۆمەتباركراوە.
دوای گەڕانەوەی رافیع عیساوی، تاریق هاشمی‌و نوجێفی ئامادەیی خۆیان نیشاندا بگەڕێنەوە بۆ بەردەم دادگای عێراق بۆ دەرخستنی بێتاوانی خۆیان ئەگەر بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دادگایی بكرێنەوە.
ئەمە قۆناغێكی نوێیە لە عێراق، وڵات لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە، هەموان گرەو لەسەر داهاتوو دەكەن.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand