Draw Media

یەكەم پەرلەمانی دوای ئەسەدو ترسی پەراوێزخستنی سیاسی 

یەكەم پەرلەمانی دوای ئەسەدو ترسی پەراوێزخستنی سیاسی 

2025-10-03 11:20:09


(درەو): 
كەمتر لە دوو رۆژی تر، سوریا یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دوای روخانی ئەسەد بەڕێوەدەبات، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كوردو دروز بەشداری هەڵبژاردنەكە ناكەن، لەم هەڵبژاردنەكە خەڵك دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەڵدەبژێرن، یەك لەسەر سێی تری كورسییەكان لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دادەنرێت. سیستەمی هەڵبژاردنەكە گومان و دوودڵی لەبارەی ئایندەی ژنان و كەمە نەتەوایەتییەكان لەو وڵاتە دروستكردووە. 
رۆژی یەكشەممە سوریا دەنگدانی ناڕاستەوخۆ بەخۆوە دەبینێت بۆ دروستكردنی یەكەم پەرلەمان لەدوای لادانی بەشار ئەسەدەوە لە دەسەڵات، ئەمە هەنگاوێكی سەرەكییە لە پرۆسەی حوكمڕانی ئینتیقاڵی (راگوزەر)ی سوریا، بەڵام هاوكات مەترسیشی دروستكردووە لەبارەی دورخستنەوەو پەراوێزخستنی سیاسی لە سایەی سەركردایەتی نوێی ئەو وڵاتەوە. 
دەنگدانەكە لە كاتێكدایە كە سەرۆك ئەحمەد شەرع هەوڵی ئەوە دەدات كۆنترۆڵی خۆی بەسەر وڵاتێكدا بەهێزتر بكات، وڵاتێك كە جەنگێكی 14 ساڵە لەبەریەك هەڵیوەشاندووەو بەمدواییەش شەپۆلی توندوتیژی تائیفی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش كەمینەكانی لەبارەی ئەو حكومەتەوە نیگەران كردووە كە ئیسلامییەكان رێبەرایەتی دەكەن. 
هەڵبژاردنەكە ناڕاستەوخۆیە، تێیدا دەستەی هەڵبژاردنی ناوچەكان، كە 6 هەزار دەنگدەر لەخۆدەگرێت، دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان كە ژمارەیان 210 كەسە، هەڵدەبژێرن. ئەو لیژنەی كە ئەحمەد شەرع دروستیكردووە رەزامەندی لەسەر 1570 كاندید دەربڕیوە. یەك لەسەر سێیەكەی تر پەرلەمان لەلایەن ئەحمەد شەرع خۆیەوە دادەنرێن.
شەرع سەرۆكی بەرەی نوسرە، لقی رێكخراوی قاعیدە بوو لە سوریا، دواتر لە 2016دا پەیوەندی لەگەڵ ئەو رێكخراوە توندڕەوە دابڕی و دەستەی تەحریر شامی دروستكرد، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لەژێر سەركردایەتی ئەودا لە كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا توانیان ئەسەد لە دەسەڵات لابدەن. 
دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دەڵێن لە بری دەنگدانی گشتیی، پەنایان بۆ ئەم سیستەمەی هەڵبژاردن بردووە، چونكە ملیۆنان هاوڵاتی سوری بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون و  تۆماری متمانەپێكراوی دانیشتوان لەبەردەستدا نییە.
بەهۆكاری (ئەمنی و سیاسی)، حكومەت بڕیاریداوە بە دواخستنی هەڵبژاردنەكە لە ناوچەكانی باكوری خۆرهەڵات، كە لەژێر كۆنترۆڵی كورددان، هەروەها لە پارێزگای (سوەیدا) كە بەشێوەیەكی فەرمی لەژێر كۆنترۆڵی گروپی چەكداری دروزەكاندایە، ئەمەش بەو واتایە دێت پێشبینی دەكرێت 19 كورسی پەرلەمان بەبەتاڵی بمێنێتەوە. 

ترسی پەراوێزخستن
ئەوانەی رەخنەیان لەم شێوازەی هەڵبژاردن هەیەو دەڵێن دەنگدانی بەشەكی و ناڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی هەموو گەل ناكات، سەرباری ئەمەش پرۆسەكە بەشێوەیەكی تەواو مەركەزی ئیدارە دەدرێت. 
شاری درێرزوور كە روباری فورات بەسەر دوو بەشدا دابەشیكردووە نمونەیەكی روونی ئەمەیە: بەشی خۆرئاوا كە حكومەت كۆنترۆڵی هەیە بەسەریدا و دەنگدانی تێدا بەڕێوەدەچێت، بەشی خۆرهەڵاتی كە لەژێر كۆنترۆڵی كورددایە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەناچێت. 
حەسەن محەمەد دالی كە دانیشتوویەكی كەناری خۆرهەڵاتی شارەكەیە، قسەی بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) كردووەو دەڵێ: رازی نیم بەوەی لەوێ هەڵبژاردن ئەكرێت و لێرە ناكرێت، شتێكمان ئەوێ كە خزمەتی هەموو ناوچەكە بكات، سوریایەكی یەكگرتوو.
رەخنەگران دەڵێن ئەم پرۆسەیە شتێكی تریشی تێدا نییە، ئەویش بەشداری ژنان و كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكانە. 
ژنان تەنیا لانی كەمی 20%ی كاندیدەكان لە یەك لەسەر چواری بازنەیەكی هەڵبژاردن پێكدەهێنن. رێژەكە لە نیوەی بازنەكاندا 10% تێناپەڕێنێت، پشكی ژنان و نوێنەری كەمینەكان دیاری نەكراوە.
لەسەردەمی حوكمی بنەماڵەی ئەسەدیشدا دۆخی ژنان باشتر نەبوو، ئەوكاتیش پشكی خۆیان لە پەرلەماندا نەبوو، لە ساڵی 1981وە تاوەكو روخانی بەشار ئەسەد، ژنان رێژەیەكی بچوكیان لەناو دەستەی یاساداناندا هەبووە كە لەنێوان 6% بۆ 13% بووە، ئەمە بەگوێرەی قسەی یەكێتیی نێودەوڵەتی پەرلەمانەكان، كە داتا لەسەر پەرلەمانە نیشتمانییەكان لەسەرتاسەری جیهان كۆدەكاتەوە. 
لەسەردەمی ئەسەدا، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان تۆزێك زیاتر بوو كە 250 كورسی بوو، دوو لەسەر سێی ئەم كورسییانە بۆ ئەندامانی حزبی بەعس تەرخان كرابوو، نەیارانی ئەسەد دواین هەڵبژاردنیان بە گاڵتەجاڕی ناوبرد كە لە تەموزی 2024دا بەڕێوەچوو. 
لێكۆڵەران دەڵێن سیستەمی دەنگدانی ئێستای سوریا كە پشت بە بنەمای "براوە هەموو شتێك دەبات" دەبەستێت، رەنگە سەر بۆ دەرەنجامێك بكێشێت كە پیاوانی سوننە وەكو زۆرینەی سوریا بەسەریدا زاڵ بن.
شەرع چەندین جاری بەڵێنیداوە سیاسەتگەلێك جێبەجێ بكات كە كۆكەرەوەی هەمووان بێت، رەنگە بەرپرسیارێتی ئەمە لەرێگەی تەرخانكردنی كورسی بۆ ژنان و كەمینەكان لە رێژەی یەك لەسەر سێی پەرلەمان بگرێتە ئەستۆ، كە خۆی دیاریان دەكات. بەڵام چاودێران ترسیان هەیە لەوەی كەسانی دیاریكراو بەكاربهێنێت بۆ پتەوكردنی دەسەڵاتەكانی خۆی. 
لە شیكارییەكدا بۆ پرۆسەی دروستكردنی پەرلەمانی نوێی سوریا، (حاید حاید) هاوكار لە دەستپێشخەری ریفۆرمی عەرەبی نوسیویەتی:" ئەگەر سەرۆك كەسانێكی هەڵبژارد كە لەژێر كاریگەریی خۆیدا بن، ئەوا ئەتوانێت لەرێگەی مەرسومی سەرۆكایەتییەوە یاساكان دەربكات بەبێ ئەوەی ئەنجومەن (پەرلەمان) دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت تانەیان لێبدات یاخود هەمواریان بكاتەوە". 
حاید باسلەوە دەكات" ئەم پرۆسەیە دەكرێت شەرعیەت بە قۆناغە ئینتیقالییە ناسكەكە ببەخشێت یاخود گومانەكان قوڵتربكاتەوەو دەرفەتی سەركەوتنی قۆناغەكە كەمتربكاتەوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand