توركیاو ڕوسیا دانوستانی دوا دەرفەتی دبلۆماسی دەكەن

Draw Media

2020-02-15 19:17:44



راپۆرتی: درەو
بەرپرسانی ئەنكەرە هەموو ئومێدێكیان لەسەر ئەو وەفدەیە باڵایە هەڵچنیوە كە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بگاتە مۆسكۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆییەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب. وەفدەكە هەریەك لە "مەولود چاوش ئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەو "خلوسی ئاكار" وەزیری بەرگری لەخۆدەگرێت، ڕەنگە ئەمە دوا دەرفەتی دبلۆماسی بێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئەو كێشەیە، بەتایبەت دوای شكستهێنانی دوو كۆبونەوەی ڕابردووی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا بەڕێوەچوو. ئەو وادەیەش لەكۆتایی نزیكدەبێتەوە كە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" بۆ سوپای سوریای دەستنیشانكردووە تا لەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەم دواییە كۆنتڕۆڵی كردوەتەوە، كەكۆتایی ئەم مانگەیە.

ئیدلیب توركەكانی شڵەژاندووە
"ئەردۆغان" لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب، ئەمڕۆ لە كۆنگرەی "میونشن" بۆ ئاسایش ڕایگەیاند: "رژێمی سوریا دەستیكردووە بە گەمارۆدانی خاڵەكانی پشكنینی سوپای توركیا، ناتوانین بێدەنگبین لەئاست ئەو كارەو ئەوەی پێویست بێت دژی ئەنجامیدەدەین".
سەرۆك كۆماری توركیا وەك ئاماژەیەك بۆ بێمتمانەیشی بە ئەمریكا وتی:" وەسفكردنی سەربازە كوژراوەكانمان لەلایەن جێمس جێفری(نوێنەری تایبەتی ئەمریكا) بەشەهید قەناعەتپێكەر نییە". سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونیەكەشی لەگەڵ هاوتا ڕوسییەكەی، ئەردۆغان وتی: لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین گفتوگۆیەكی ئیجابیمان كردووە.
وەزیری دەرەوەی توركیاش لە پەراوێزی كۆنگرەكە‌و لەمیانی كۆبونەوەی "سێرگی لاڤرۆڤ" هاوتا ڕوسیەكەی ڕایگەیاند:" ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب هیچ كاریگەرییەكان لەسەر گرێبەستی سیستمی موشەكی ئێس 400 نابێت ". 
وتیشی:" هەڵوێست‌و سیاسەتمان ناگۆڕین كە لەسەر بنەمای پرنسیپ دارێژاوە بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ وڵاتێكی تر، پێویستە ڕێگەنەدەین كێشەكانی سوریا زیان بە پەیوەندییەكانمان بگەیەنێت".
بەڵام "چاوش ئۆغلۆ" لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەكەی قسەیەكی تری كردو وتی:" رژێمی سوریا چارەسەرەی سەربازی پێباشتر وەك لە چارەسەری سیاسی" وەك ئاماژەیەك بۆ ئامادەیی ئەنكەرە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر سوپای سوریا.
"ئۆغلۆ" بە ڕۆژنامەونوسانیشی ڕایگەیاند:" وڵاتەكەی چارەسەری دبلۆماسی بەلاوە پەسەندە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات هەنگاوی تر دەگرنەبەر".
لای خۆیەوە"فوئاد ئاكتای" جێگری سەرۆك كۆماری توركیا لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند: "ئیدلیب بەلای توركیاوە پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی، تەنها ناوچەیەكی سنوریی نییە، ئەنكەرە ئاگاداری پیلانگێڕییەكانە‌و سەرجەم ڕێوشوێنەكانی شكستپێهێنانی دەگرێتەبەر"، هەڕەشەی ئەوەشی كرد، ئەگەر سوپای سوریا تاكۆتایی ئەم مانگە نەكشێتەوە، ئەنكەرە هێزی سەربازی بۆ دەرپەڕاندنی بەكاردێنێت. 

ڕوسیا هیچ نادات بە توركیا
تائێستا بەرپرسانی ڕوسیا ئامادەنین هیچكام لە داواكارییەكانی توركیا جێبەجێبكەن، "سێرگی لاڤرۆڤ" وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەمیانی وتەیەكدا كە لەكۆنگرەی "میونخ"پێشكەشیكرد، ڕایگەیاند: مۆسكۆ بڕوای وایە كە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا بەڕێوەیە، تەئكیدیشی لەسەر لەناوبردنی دواین مۆڵگەی تیرۆرستان كردەوە لەخۆرهەڵاتی فورات، كە یەكەمیان "بەرەی نوسرە"یە كە ئێستا بە" تەحریری شام" ناسراوە.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ میدیاكانی ئەووڵاتە بڵاویانكردەوە، توركیا موشەكی بەرگری ئاسمانی ڕادەستی "بەرەی نوسرە" كردووە، كە بە گروپێكی تیرۆرستی ڕیزبەندكراوەو لەپارێزگای ئیدلیب لەباكوری خۆرئاوای سوریایە.
میدیاكانی ڕوسیا لەزاری سەرچاوە سەربازییەكانی وڵاتەكەیانەوە ئەوەشیان بڵاوكردوەتەوە، توركیا موشەكی دژە فرۆكەی ئەمریكی سەرشانی ڕادەستی گروپە توندڕەوەكان كردووە. ئاژانسی هەواڵی "سپۆتینگ" لەوبارەیەوە دەڵێت: سیستمی دژە ئاسمانی ئەمریكی كە كەشتییە توركییەكان بەكاریدەهێنن ئێستا لەدەستی تیرۆرستەكاندایە. خستنەخوارەوەی دووكۆپتەری سوریاش لەمڕۆژانەی دوایدا لەشەڕەكانی ئیدلیب بۆ ئەوموشەكانە دەگێڕنەوە. 
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەكانی ڕوسیا، تائێستا سوپای توركیا 70 تانك و نزیكەی 200 زریپۆش‌و 80 تۆپهاوێژی ڕەوانەی ئیدلیب كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand