وتەبێژی حكومەت: كێشە بۆ موچە دروست نابێت

Draw Media

2019-09-15 17:57:38



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەو بەشوێن رێككەوتنێكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێت كە لە بودجەی 2019دا كرا، واتە دەیەوێت نەوت رادەستنەكات‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە بەغداد وەرگرێت، پەرلەمانتاران مەترسییان هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەوێتەوە بەردەم هەڕەشەی "پاشەكەوتكردن"ەوە، بەڵام وتەبێژی حكومەت دەڵێ:" ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە ئەگەری رێكنەكەوتن، كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروستنابێت". 
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی نوسینەوەی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020ە، نەوت‌و پشكی هەرێمی كوردستان جارێكی تر پرسی گەرمی بودجەكەیە.

مەسرور بارزانی نەوت رادەستناكات !
رۆژی 8ی ئەم مانگە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان پەرلەمانی عێراق‌و چەند كەسێك لە ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.
ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كێشەی نەوت‌و بودجە بوو لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، مەسرور بارزانی نوێنەرانی كوردی ئاگاداركردەوە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان نێوان هەردوولا.
چەند كەسێك لە بەشداربوانی ئەو كۆبونەوەیە كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردوون، باسیان لەوەكرد، لە كۆبونەوەكەدا سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵ پرسیاری لە مەسرور بارزانی كردووە سەبارەت بەوەی "ئایا حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد دەكات یاخود نا ؟".
مەسرور بارزانی بە راشكاوی وتویەتی:" نەخێر، نەوت رادەست ناكەین".
دواتر جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو هەمان پرسیاری كردووە، ئەمجارە مەسرور بارزانی رونكردنەوەی زیاتری داوە‌و وتویەتی:" ئێمە 450 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەكەین، 50 هەزار بەرمیلی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات، 75 هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی ئەوە ناكات بیدەین بە بەغداد". 
لەبارەی بەهانەی مەسرور بارزانییەوە بۆ رادەستنەكردنی نەوت، رێبوار كەریم پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لە وتارێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە نوسیویەتی:" لە گفتوگۆكانی ئێستادا قسەی سەرەتای حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە نەوت نادات بە بەغدا، بیانوشی بۆ ئەم بابەتە بریتیەلەوەی دەڵێ نەوت گرنگ نیە، بەڵام بەغدا دەیەوێ ئیرادەمان بشكێنێت‌و هیچ دەسەڵاتێكمان نەبێت".
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە مەسرور بارزانی وتبێتی "نەوت رادەستی بەغداد ناكەین".
جوتیار عادل وتی:" ئێمە وتومانە حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە مافە دەستورییەكان هەرێم بچەسپێنێ، ئامادەشین لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی رێكبكەوین بەمەرجێك بەپێی مافە دەستورییەكان بێت".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو جوتیار عادل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستدان، حكومەتی عێراق بڕی 80 ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی كوردستانە، كە شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمە بەپێی دەستور.
هەندێك لە پەرلەمانتارانی عێراقی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، لێدوانەكەی جوتیار عادل لەبارەی 80 ملیار دۆلارەكەوە وەكو پەڵپ‌و بەهانەیەك لێكدەدەنەوە بۆ رادەستنەكردنی نەوت بە بەغداد، ترسیان هەیە ئەمجارەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كوردستان بكەوێتەوە بەر مەترسی.
بەڵام جوتیار عادل بە (درەو میدیا) وت:" ئەمە راست نییە، حكومەت بەرلەوەی دەستبەكاربێت، سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدادیان كرد، ئێمە نیازمان هەیە رێكبكەوین، بەبێ ئەوەی سازش لە مافە دەستورییەكانی خۆمان بكەین".
"ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە رێكنەكەوتن‌و ئێمە گەشبینین، ئیشاڵا كێشە بۆ موچەی خەڵك دروست نابێت، خەڵكی ئێمەش دەزانن‌و چاوەڕوانی ئەوە لە حكومەت دەكەن سازش لە مافە دەستورییەكان هەرێم نەكات" ئەمە قسەی وتەبێژی حكومەت بوو لەبارەی چارەنوسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە.

كورد دواین چانس تاقیدەكاتەوە
كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی كاركردنە بە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، بودجەیەك كە لە سایەیدا تاڕادەیەك دۆخی ئابوری‌و دارایی هەرێمی كوردستان دوای قەیرانێكی سەخت، بوژانەوەی رێژەیی بەخۆوە بینی.
ساڵی 2017 هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی‌و جیابونەوەی لە عێراق كرد، مەسعود بارزانی كە سەركردایەتی ریفراندۆمەكەی كرد، كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی 2018 سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەوە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات.
بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد.
ئەوكات (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد:" لەو سەردانەدا بارزانی رێككەوتنێكی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە لەبارەی پرسی نەوت‌و بودجەی هەرێمی كوردستانەوە". 
ئەم رێككەوتنە دواتر بوو بە بناغەی چەسپاندنی بڕگەیەك لە بودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق بەناوی "بڕگەی ج".
بڕگەی (ج) لە ماددەی (10)ی یاسای بودجەی ساڵی 2019 عێراق دەڵێ:" ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە  فیدراڵییەكانی‌و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد،  وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە".
نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی چەسپاندنی ئەم بڕگەیەوە توانیان بۆ ماوەی یەكساڵ زامنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەن، تەنانەت ئەگەر هەرێم نەوتیشی رادەستی بەغداد نەكرد.
نوێنەرانی پێكهاتەی شیعە قایل بوون بەوەی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت ئەگەر نەوتیش رادەستنەكرا، ئەمە بڕیارێك بوو كە لە ئاستێكی باڵا‌و لە پشتی پەردەوەی یەكلاكرابووەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و سیاسەتمەدارانی عێراق دوای ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ چوارچێوە عێراقییەكەی، هەوڵیاندا چانسێكی نوێ بە كورد بدەن، چانسێك كە دیارنییە لە بودجەی 2020دا ئەگەری دووبارەبونەوەی هەیە یاخود نا !

كورتەیەك لەبارەی كێشەكەوە
ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی، مالیكی پێدانی پشكی هەرێمی بەستەوە بەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، كۆتایی 2014 حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، عەبادی بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتەكەی نوری مالیكی‌و جەختی لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكرد، واتە بودجەی هەرێم نەدەنارد، تاوەكو دوای  ریفرامدۆم‌و رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"، ئەوكات عەبادی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لە نەورۆزی 2018وە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2019، مانگانە بڕی (317 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، بەبێ ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات.  
ئۆكتۆبەری 2018، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بودجەی 2019 لە سایەی عەبدولمەهدیدا پەسەندكرا، بەپێی ئەو بودجەیە حكومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار رادەستی هەرێم دەكات، ئەمە تەنها پارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، نەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.
یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، هەرێمی كوردستان پابەند دەكات، رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم تائێستا نەوتی رادەستی بەغداد نەكردووە، سەرباری رادەستنەكردنی نەوت، كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە مانگانە (454 ملیار) دینارە، نەبڕیوە، ئەم رێككەوتنەیە كە تائێستا كاری پێدەكرێت‌و لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی 2020دا وادەیی كارپێكردنی تەواو دەبێت.
    
عەبدولمەهدی لەژێر فشاردایە
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری توندی لایەنە سیاسییەكانی عێراقدایە سەبارەت بە پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
عەبدولمەهدی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستی كردنی نەوت، روبەڕووی رەخنەی توندبووەوە، بەڵام لەماوەی یەكساڵی رابردوودا خۆی لەبەردەم فشارەكاندا راگرت.
رۆژی 11ی ئەم مانگە، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا وتی:" پێویستە لەسەر هەرێم كوردستان رێز لە پابەندبوونەكانی بگرێت سەبارەت بە هەناردەی نەوت‌و پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا، دەبوو حكومەتی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، بەڵام تائێستا پابەندی ئەوە نەبووە".
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020ە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەگەری دووبارەكردنەوەی بڕگەیەك هاوشێوەی بڕگەی (ج)ی یاسای بودجەی 2019 لە بودجەی ساڵی نوێدا ئەگەرێكی لاوازە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی پێكهاتەی شیعە دژی ئەوەی چیتر بەغداد بەبێ رادەستكردنی نەوت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم
ئەگەر بەهێز ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەست نەكات، حكومەتی بەغداد بەتەواوەتی هاوشێوەی سەردەمی نوری مالیكی، ناردنی پارە (تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش) بۆ هەرێمی كوردستان راگرێت.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئێستا بەدوای رێگەچارەیەكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێن كە لە بودجەی 2019دا چەسپێندرا. 
ئێستا كە بودجەی ساڵی نوێی عێراق پەسەندنەكراوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەیە:
• 454 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت.
• 378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستا نەماوە‌و جلەوی نەوت لەدەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدایە) 
• 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە.
• 22 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لە مانگێكدا ئێستا (974 ملیار) دینارە (ئەوەی مانگانە دەچێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی)، بۆ پێدانی موچەی موچەخۆران حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات.
بەڵام ئەگەر نەوت رادەست نەكات‌و پارەكەی بەغداد رابگیرێت، داهاتی مانگانەی حكومەتی بۆ (520 ملیار) دینار دەبێت، ناتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات، واتە جارێكی تر موچەخۆران دەخاتەوە بەردەم ئەگەر پاشەكەوتكردنی موچەكانیانەوە (هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا رویدا).
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand