هەولێر لە زەمەنی نەوزاددا 

Draw Media

2019-09-09 18:11:00



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت  - محەمەد رەئوف
ئەو زەمەنەی ئەو پارێزگار بوو، پارتییەكان هەولێریان بە شاری (دوبەی) ئیمارات بەراورد دەكرد، بەڵام هەر كە بارانێكی بەخوڕ دەباری، لافاو ریسەكەی دەكردەوە بەخوری‌و دیمەنەكانی شاری دەشێواند، ئەو نەوزاد هادییە، پیاوێك كە (15) ساڵە پارێزگارە‌و هەفتەی داهاتوو ماڵئاوایی دەكات.

هەولێر لە دەستی براگەورەدا
دوای (15) ساڵ، هەفتەی داهاتوو نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر بەجێدەهێڵێت.
میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایانكرد، فرسەت سۆفی دەكرێت بە پارێزگاری نوێی هەولێر، كە لە خولی پێشوودا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو.
گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، هاوكاتە لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "براگەورە".
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێر یەكێكە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە مەسرور بارزانییەوە، ئەمە لەكاتێكدایە نەوزاد هادی نزیكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و بڕیارە دوای لابردنی لە پۆستی پارێزگار، وەكو راوێژكار لە سەرۆكایەتی هەرێم دەستبەكارببێت.

هەولێر لە زەمەنی نەوزاددا ؟
نەوزاد هادی لەدایكبووی ساڵی 1963ی هەولێرە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری كارەبا لە زانكۆی سەلاحەدین وەرگرتووە.
ئەوكاتەی ئەم پیاوە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرت، ساڵێك بوو رژێمی بەعس لە عێراق روخابوو، پارەیەكی زۆر رژایە هەرێمی كوردستانەوە، سەرباری بەهەدەردانی زۆر، بەڵام چانسی ئەوەی بۆ هەڵكەوت هەندێك كار بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكەی.
لەسەردەمی نەوزاد هادیدا، ناوەندی پارێزگای هەولێر لەڕووی بیناسازییەوە تاڕادەیەك بوژانەوەی بەخۆوە بینی، دروستكردنی شەقامی پان‌و پۆڕو رازاندنەوەی شار وای لە هەندێك لە پارتییەكان كرد، (هەولێر) بە شاری (دوبەی) ئیماراتی عەرەبی بەراورد بكەن، بەڵام هەر لەم زەمەنەدا چەندجارێك بەهۆی بارانبارینەوە لافاو شەقامەكانی هەولێری داپۆشی‌و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە تەنزەوە وێنەی هەولێرو شاری دوبەی بەراورد دەكرا.
بەپێی ئامارێك كە سایتی فەرمی پارتی ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی گۆڕینی نەوزاد هادیدا بڵاویكردەوە" تاوەكو ئێستا نزیكەی 17 هەزار پرۆژە لە هەولێر بە 35 ناحیەو قەزاو گوندەوە جێبەجێ كراوە".
رازاندنەوەی شارو ئەو پارە زۆرەی كە لەبەردەستدا بوو لە زەمەنی نەوزاد هادیدا، سەرەنجی زۆرێك لە هونەرمەندانی عەرەبی‌و بیانی بەلای خۆیدا راكێشا‌و وای لێكردن سەردانی هەولێر بكەن، بەڵام لەڕووی ئازادییە گشتییەكانەوە، بەدیاریكراویش ئازادی رادەربڕین هەولێر لە راپۆرتی رێكخراوە جیهانییەكاندا ناو و ناوبانگی باش نەبوو، چەندینجار پەلاماری خۆپیشاندەران درا، رۆژنامەنوسان لێیاندراو دەستبەسەركران‌و رۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە زەمەنی نەوزاد هادیدا لەناو شاری هەولێر رفێندراو دواتر تیرۆركرا، هەر لە زەمەنی ئەم پیاوەدا، پارتییەكان چەندینجار پەلاماری بارەگای حزبەكانیاندا لەناو شاری هەولێر. 
دیارترین دەستكەوتی هەولێر لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، جگە لە دروستكردنی چەند پاركێكی گەورە، دروستكردنی شەقامی (100) مەتری‌و (120) مەتری‌و دەستپێكردنی بە دروستكردنی (150) مەترییە، بەڵام ئەم دەستكەوتە هەرزوو خرایە گیرفانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەت‌و نەوزاد هادی پارێزگاری لێ بێبەش كرا.
لەڕووی ئەمنییەوە زەمەنی نەوزاد هادی هەولێر چەندین رووداوی هەستیاری بەخۆوە بینی، مانگی ئابی ساڵی 2015 فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەرپەرەشتیاری میحوەری خازر لەرووداوێكدا لەسەر رێگای خەبات- هەولێر گیانی لەدەستدا، پارتی دەڵێت رووداوەكە رووداوی "هاتوچۆ" بووە، بەڵام هێشتا ئەو كەیسە گوماناوییە‌و قسەی جۆراوجۆری لەبارەوە دەكرێت.
هەر لە رووی ئەمنییەوە، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، شاری هەولێر كەوتە بەردەم مەترشی هێرشی هێزەكانی حەشدی شەعبی، خەڵكێكی زۆر بەهۆی مەترسی شەڕەوە شارەكەیان بەجێهێشت.
ساڵی 2018 فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی پارتی لە هەولێر دەرچوو، ئەو كەسانە تۆمەتباركرا بە كونكردنی بۆرییەكانی نەوت‌و دزینی نەوت، یەكێك لەوانەی ناوی بڵاوكرایەوە (بەرزان قەساب) برای نەوزاد هادی بوو.
ئەوكات چەند میدیایەكی نزیك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە لەسەر هەمان تۆمەت نەوزاد هادی دەستگیركراوە، بەڵام دواتر هەواڵەكە رەتكرایەوە.
هەر لە 2018و لە مانگی تەموزدا سێ چەكدار هێرشیانكردەسەر بینای پارێزگای هەولێرو چەند كاتژمێرێك بیناكەیان كۆنترۆڵكرد‌و دواتر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە كوژران، دەزگای ئاسایشی پارتی وێنە‌و ناوی كوژراوەكانی بڵاەوكردەوە‌و رایگەیاند، كوژراوكان خەڵكی هەولێرو سەربە رەوتە ئیسلامییە توندڕەوەكانن.
بەمدواییانە، بەر لەوەی نەوزاد هادی پۆستەكەی بەجێبهێڵێت، هەولێر روداوێكی هەستیاری ئەمنی بەخۆوە بینی، دیپلۆماتكارێكی گەورەی توركیا لە ریستۆرانتێكدا كوژرا، پێشتریش سوتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بوو بە ئاڵنگاریی لەبەردەم پارێزگاردا.
تەمەنی نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر بە دیمەنێكی كۆمیدی كۆتایی هات، لە رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، نەوزاد هادی بوو بە باسی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وێنەیەكی ئەو بڵاوكرایەوە كە لە كاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكەدا لە ریزی پشتەوە تەماشای موبایلەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەی پێشووی حكومەتی هەرێم دەكات، ئەو قسەوباسانەی لەسەر ئەو وێنەیە كران، نەوزاد هادی ناچار كرد رونكردنەوەیەك بڵاوبكاتەوە.

تەنیا پارێزگار ناگرێتەوە
گۆڕانكارییەكانی ئیدارەی پارێزگای هەولێر، تەنیا نەوزاد هادی پارێزگار ناگرێتەوە، بەڵكو ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیش دەگۆڕدرێن‌و لەشوێنی ئەوان كەسانی تر دادەنرێن.
رۆژی 6ی ئابی رابردوو عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەكانی هەولێردا دەكرێت، (درەو میدیا) هەواڵەكەی بڵاوكردەوە، دواتر سایتی پارتی لێدوانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سڕییەوە.
كەنعان خەیلانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ:" بەپێی یاسای ژمارە 3ی هەمواركراو، حزب ناوی كاندیدی پارێزگا بۆ ئێمە دەنێرێت لە فراكسیۆنی پارتی، ئێمەش بە راپۆرت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەرزی دەكەینەوەو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا دەنگ لەسەر پارێزگاری نوێی هەولێر دەدرێت".
بەپێی قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، نەك تەنیا پارێزگار، بەڵكو گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی تریش لە ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی:" دوو جۆرە بەڕێوەبەری گشتی هەن، یەكەمیان ئەوانەن كە سەربە وەزارەتەكان‌و حكومەتن، ئەنجومەنی دەسەڵاتی گۆڕینی ئەم جۆرە بەڕێوەبەرانەی نییە، ئەوانەی ئەنجومەن بڕیاری گۆڕینیان دەدات ئەوانەی كە تایبەتن بە پارێزگا".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تائێستا ناوی هیچ كاندیدێكیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان بۆ نەهاتووە.

دەرفەتێك بۆ فرسەت !
بەپێی یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009 پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەی كە دەبوو بە پارێزگار، مەرج بوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، واتە پارێزگارەكان لەناو ئەنجومەنەكانەوە هەڵدەبژێردران، بەڵام پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان مانگی تەموزی رابردوو ئەم یاسایەی هەمواركردەوە، ئێستا حزبەكان دەتوانن لە دەرەوەی ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگا كەسانی تر ببەنە ناو ئەنجومەنەكان‌و لەوێ بە دەنگدان بیكەن بە پارێزگار.
فرسەت سۆفی بە سود وەرگرتن لەم یاسایە دەفەرتی ئەوەی دەبێت ببێت پارێزگاری هەولێر، هەرچەندە هەڵبژێردراو نییە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، واتە لەلایەن خەڵكەوە بەشێوەی راستەوخۆ دەنگی پێنەدراوە.
هەموارە نوێیەكە شەرعیەتی پارێزگارەكانی لەناو خەڵكەوە گواستەوە بۆ شەرعیەتپێدان لەناو ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی پارێزگاكان خۆیان نزیكەی ساڵێكە ماوەی یاساییان بەسەرچووە‌و پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك ماوەی كاركردنی درێژكردونەتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێكهاتووە لە (30) ئەندام، بەپێی هەمواری نوێی یاسای ژمارەی 3ی پارێزگاكانی هەرێم، فرسەت سۆفی بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزگار لە شوێنی نەوزاد هادی، دەبێت لە كۆی (30) ئەندام، دەنگی بەڵێی (16) ئەندام ئەنجومەن بەدەستبهێنێت، دەنگ بەدەستبهێنێت، واتە زۆرینەی رەها (50+1).

پارێزگاری نوێ كێیە ؟
فرسەت سۆفی یەكێكە لەو كارەكتەرە سیاسییانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەگەڵ دەركەوتنی رەوتی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی كە لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009 سەریهەڵدا‌و بەشێوەیەكی توند روبەڕووی هێزە دەسەڵاتدارەكان بووەوە.
ئەم پیاوە ساڵی 1978 لە (چۆمان) لەدایكبووە‌و بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە (یاسای نێودەوڵەتی)‌و بەر لە دەستبەكاربوونی وەكو پەرلەمانتار لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، مامۆستا بووە لە زانكۆی سەلاحەدین.
بەپێچەوانەی نەوزاد هادییەوە كە ئەندامی سەركردایەتی پارتی بوو، فرسەت سۆفی هیچ پلەیەكی حزبی دیاریكراوی لەناو پارتیدا نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) كەسێكی خۆشەویستە لەلای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی كوڕیەوە.
ئەوكاتانەی كە بارزانی باوك ویلایەتی دەسەڵاتەكەی لە سەرۆكایەتی هەرێم دوچاری گێرمەو كێشە هات، فرسەت سۆفی لەو پەرلەمانتارانەی پارتی بوو، كە سەرسەختانە كاری دەكرد بۆ ئەوەی دەرچەی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ رزگاركردنی سەرۆكەكەی، ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان وەكو دوو چیا لەبەرامبەر یەكتر راوەستا بوون‌و كەسیان ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی تر بێنە خوارەوە، دواجار ململانێكە بە داخستنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆتایی هات.
فرسەت سۆفی كەسێكی باوەڕدارەو پایەكانی ئاینی ئیسلام جێبەجێ دەكات، سەرباری ئەوەی سەر بە باڵی هەڵۆكانە، بەڵام پارتییەكی میانڕەوە بە بەراورد بە هەندێكی لە ئەندامانی تری حزبەكەی، ئەو تاكە پەرلەمانتار بوو كە دوای تەواوبوونی خولەكەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانی رەتكردەوە.   


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand