قەیوم، یاسایەك بۆ دوورخستنەوەی دەستی كورد لە دەسەڵاتە خۆجێییەكاندا 

Draw Media

2019-08-20 19:58:31



 راپۆرتی: محەمەد رەئوف

قەیوم یاسایەك بۆ دوورخستنەوەی دەستی كورد لە دەسەڵاتە خۆجێییەكان، كورد لە باكوری كوردستان دابەش بووە بەسەر دوو جۆر لە كاری سیاسییدا، جۆری یەكەم خەباتی چەكداری سیاسییە لە چیا، ئەمە كورت بوەتەوە لە گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان " پەكەكە" لە شاخ، رێككەوتن و دانوستان لەگەڵیان و پرۆسەی ئاشتی بە بنبەست گەیشتووە.

جۆری دووەم خەباتی شارە، ئەمەیان كورت دەبێتەوە لە چەند هێزێكی سیاسی كە لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی توركیا كاردەكەن، تاكە رێگەی بەردەم خەباتی شار هەڵبژاردنە، دەوڵەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان چۆن دانوستان و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئاراستەی كاری سیاسی شاخ هەڵپەساردووە، پرۆسەی دیموكراسیشی لەبەردەم كاری سیاسیی شاردا بە چەند یاسایەك كۆت و بەندكردووە، یەكێك لەو یاسایانە ( یاسای قەیوم)ە.   

قەیوم چیە؟ 
لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی تەموزی ٢٠١٦، پەرلەمانی توركیا دوای یەك مانگ و لە ١٤ی ئابی ٢٠١٦ (پرۆژە یاسای قەیوم)ی پەسەند كرد، لە دەستوری توركیاشدا لە ماددەی 334دا یاسای (قەیوم) رێكخراوە،  بەپێی یاسای قەیوم  ئەو سەرۆك شارەوانییانەی پشتگیرییان لە "رێكخستنە تیرۆریستییەكان" كردووە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆك شارەوانییەكان لەكار دووربخاتەوە و لە شوێنەكەی ئەوان كەسی دیكە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانكراوە دادەمەزرێنرێت.
 قەیوم ئەو كەسانەیە كە حكومەتی توركیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی شارەوانیەكان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكە هەڵبژێردراوەكان تۆمەتبار دەكات بە پشتگیری لە" رێكخستنە تیرۆریستییەكان" كە دەوڵەتی توركیا لێرەدا مەبەستی پەكەكەیە.
یاسای قەیوم دەتوانێت بە ئاسانی بەبیانوی تیرۆرەوە سەرۆك شارەوانیەكان بگۆڕێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییدا لە شاری (یۆزگات)رۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩ لەبارەی شارەوانییەكانی باكوری كوردستانەوە وتی: "ئەو توانایەی دەوڵەت دەیخاتە بەردەستتان، ئێوە رەوانەی قەندیلی دەكەن، ئێوە دەڵێن ئەو شارەوانییانەی كە لە رێگای قەیوم زەوتكراون و جارێكی دیكە دەیانبەینەوە، ئەگەر هاوڵاتیانم دەرفەت بە بردنەوەتان بدەن، ئەوا ئێمەش یەكسەر بەبێ چاوەڕوانی جارێكی دیكە قەیوم دادەنێینەوە. بەڵێ بەم شێوەیە درێژە بە رێگاكە دەدەین".

سەپاندنی قەیوم
دوێنێ لە راگەیەندراوێكدا  وەزارەتی ناوخۆی توركیا یاسای قەیومی بەسەر سەرۆك شارەوانییەكانی (ئامەد، مێردین ، وان)ی جێبەجێكردو لە كارەكانیان دوورخستەوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانییانەی گەڕاندەوە بۆ"بوونی لێكۆڵینەوە لەسەریان لەبارەی تۆمەتی تیرۆرەوە" لەبری هەریەك لە سەرۆك شارەوانییەكانی گەورە شارەكانی ئامەد، وان و مێردین كەسانی تر دانران لە شوێنیان بەم شێوەیە:
-    لەبری دكتۆر سەلچوك میرزاكلی، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئامەد، حەسەن باسری گوزەل ئۆغڵو بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی ئامەد.
-    لەبری ئەحمەد تورك، سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین، مستەفا یامان، بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی مێردین.
-    لەبری بەدیعە ئۆزگۆكچە، سەرۆكی گەورە شارەوانی وان، محەمەدئەمین بیلمەز بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی وان.

پێشتریش لە دوای دەرچونی یاسای قەیومەوە لە 2016  لەكۆی ( 102) سەرۆك شارەوانی ناوچەكانی باكوری كوردستان سەربە هەدەپە،(94) سەرۆك شارەوانییان دورخرانەوەو قەیومیان لە جێگە دانرا و سەرۆكەكانیان یان زیندانی كراون یان لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر كە زۆرترینیان بە تۆمەتی لایەنگری بۆ پەكەكە بووە. 
لەم خولەشدا كە هەدەپە  ( 68) سەرۆكی شارەوانی بەدەستهێنا( 7 شارەوانی گەورە، 50 قەزاو 11 ناحیە)، لەكۆی سەرۆكی  (7) گەورە شارەوانی ، ئێستا ( 3 ) سەرۆك شارەوانیان دورخراونەتەوەو تەنها ( 4 ) سەرۆكی گەورە شارەوانی بەدەست هەدەپەوە ماوە. 
وەزارەتی ناوخۆی توركیا لەگەڵ بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكاندا(ئۆپەراسیۆنی دژ بەتیرۆر)ی لە چەند پارێزگایەكی باكوری كوردستان دەستپێكردووە، بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی توركیاش لە(29) شار ئۆپەراسیۆنی سڕینەوەی تیرۆر دەستپێكردووە لەو چوارچێوەیەشدا تائێست(418) كەس دەستگیركراون، كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی هەدەپەن.

بێدەنگی بە واتای قبوڵكردنە! 
لە راگەیەنراوێكداپارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە)  داوا دەكات بێدەنگ نەبن و دەڵێت" بێدەنگی بە واتای قبوڵكردنە"
بەپێی راگەیەنراوەكەی هەدەپە "هاوسەرۆكانی شارەوانییەكانی لە ئامەد بە ڕێژەی ٦٣%، لە مێردین بە ڕێژەی ٥٦% و لە وانیش بە ڕێژەی ٥٣%ی دەنگەكان هەڵبژێردران" هەدەپە ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا بە"  كودەتایەكی نوێی سیاسیی" لەقەڵەم دەدات و پێی وایە" وەزارەتی ناوخۆ ناوەندی كودەتاكەیەو بڕیارەكانیشی دژ بە دیموكراسییە و ناوەندی چەواشەكاریی و زەوتكردنی ئازادی و مافەكانە"
  هەدەپە دەلشَێت"هێندەی نوكە دەرزییەك ئەو دەسەڵاتە ڕەوایەتیی دیموكراتیكی نەماوە. ئێستا لە رێگەی زەوتكردنی ئیرادەی گەلەوە ئەوەی لە سەندوقەكان بەدەستیان نەهێنا، دەیانەوێت بە فێل و تەڵەكە و توندوتیژییەكانی دەوڵەت بەدەستیبهێنن و ئەوەش بووەتە شتێكی ئاسایی هاوپەیمانیی ئاكەپە – مەهەپە".
  
گویڵ و داود ئۆغڵۆ دژن
عەبدوڵا گویڵ سەرۆك كۆماری پێشوی توركیا دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە بە كارێكی " نادروست" لە قەڵەم دەدات، لە تویتێكدا نوسیویەتی"لابردنی سەرۆك شارەوانییە تازە هەڵبژێردراوەكان بۆ دیموكراسی توركیا كارێكی  دروست نییە".
 ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە بە " پێشێلكردنی رۆحی دیموكراسی" ناو دەبات داود ئۆغڵۆ لە توێتێكدا نوسیویەتی"لابردنی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكانی (مێردین، دیاربەكر، وان)و دانانی قەیوم لە جێگەیان، پێشێلكردنی رۆحی دیموكراسییە، چونكە ئەوەی لەرێگەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكەوە هات، دەبێت بەهەڵبژاردن بروات".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand