ژنێك حەوت ساڵە وەزیرە

Draw Media

2019-08-17 20:41:44



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ

ئەنجومەنی خانمان.. پۆستێك لە دەرەوەی دانوستان
ماوەی (7) ساڵە ژنێك بە پلەی وەزیر‌و لەناو ئەنجومەنی وەزیراندایە‌و لە پۆستەكەی لانەچووە، ئەو ژنە (پەخشان زەنگەنە)یە كە پێشمەرگەیەكی كۆنی حزبی شیوعی كوردستانە، (7) ژنی تریش هەن كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە‌و بەهەمان شێوە (7) ساڵە لە پۆستەكەیان ماونەتەوە.
ماوەی مانگێكە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، گۆڕانكاری لە سەرجەم وەزارەت‌و دەستە سەربەخۆكانی سەر بە حكومەتدا كراوە، بەڵام ئەم گۆڕانكارییانە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانی نەگرتوەتەوە.
ئەنجومەنی باڵای خانمان سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هیچ دانوستانێكی لەسەر ئەم پۆستە نەكراوە‌و هیچ لایەنێك داوای نەكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت دەیەوێت ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان هەڵوەشێنێتەوە.

لەبارەی ئەنجومەنی خانمانەوە 
ئەنجومەنی باڵای خانمان لە رۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی 2009 بڕیاری دامەزراندنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، بەڵام فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەندامەكانی لە شوباتی 2012 دەرچووە.
بەپێی ئەوەی لە سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكایەتی ئەنجومەنی خانمان دەكات، وەزیرەكانی (ناوخۆ، دارایی، داد، رۆشنبیری، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، پەروەردە) ئەندامن تێیدا.
ئەنجومەنی باڵای خانمان سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە، سەرەتا كە بڕیاری دروستكردنی درا، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی كە ئەم ئەنجومەنە سەربە پەرلەمان بێت، بۆئەوەی پەرلەمان بتوانێت هەموو خولێك گۆڕانكاری لە پێكهاتەكەیدا بكات، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبوو.
ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، بەپێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران لە تشرینی دووەمی 2010 بەبڕیارێكی سەرۆكایەتی هەرێم بەپلەی تایبەت (پلەی وەزیر) دامەزرێندراوە.
(7) ژن كە لە بواری مافەكانی ژناندا چالاكن، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران وەكو ئەندام لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ماوەی یەك خولی (4) ساڵی دامەزرێندراون، بەپێی پەیڕەو ئەمانە تەنیا بۆ ماوەی یەك خولی تر دەتوانن بمێننەوە، واتە زۆربەیان بەپێی ئەو پەیڕەوەی كە نوسراوەتەوە بۆیان نییە لەم خولە نوێیەدا لە پۆستەكانیان بمێننەوە.

ئەمیندارو ئەندامان كێن ؟
پەخشان زەنگەنە ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، لە دامەزراندنییەوە تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانە بە پلەو موچەی (وەزیر)، واتە ماوەی (7) ساڵە ئەم ژنە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە.
سەرەتای دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، (9) ژن لە ئەنجومەنەكەدا ئەندامبوون، بەڵام ئێستا (7) ژن ماونەتەوە كە پلە‌و موچەی (بەڕێوەبەری گشتی)یان هەیە.
بەپێی ئەو سیستمەی لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، موچەی مانگانەی وەزیر یان ئەو كەسەی كە پلەی وەزیری هەیە (8 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، ئەوانەشی كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە، مانگانە لانی كەم موچەكەیان دەگاتە (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار.
لیستی ناوی ئەمیندارو ئەندامانی ئەنجومەنەكە:
•    پەخشان زەنگەنە: ئەمینداری گشتی 
•    كۆسار كەمال: ئەندامی ئەنجومەن (پارتی) 
•    نازدار عارف: ئەندامی ئەنجومەن (پارتی)
•    ئەمەل جەلال: ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی)
•    روناك فەرەج: ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی) 
•    پەروین حەسەن:  ئەندامی ئەنجومەن ( بزوتنەوەی گۆڕان)
•    دڵخواز عەبدولقادر: ئەندامی ئەنجومەن (یەكگرتووی ئیسلامی)
•    ئەدیبە عەبدول: ئەندامی ئەنجومەن (كۆمەڵی ئیسلامی)
ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" ئەمیندارو ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانەنراوە، ئێمە بە نوێنەرایەتی رێكخراوەكانی ژنان چوینەتە ناو ئەنجومەنەكە‌و ئەوان ئێمەیان دیاریكردووە".
بەڵام لە هەرێمی كوردستان رێكخراوەكانی بواری ژنان زۆرینەیان سەربە حزبە سیاسییەكانن، پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستیكردەوە كە ئەو لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەو پۆستە دانراوە.
لە كابینەی هەشتەمدا كاتێك نێچیرڤان بارزانی بەبڕیاری حیزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)، وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، پەروین حەسەن كە نوێنەری گۆڕان بوو لە ئەنجومەنی كاروباری خانمان، لە پۆستەكەی مایەوە‌و دورنەخرایەوە، پەروین حەسەن بەرلەوەی گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، وەكو نوێنەر لە ئەنجومەنەكە دانراوە.

حزبی شیوعی‌و حكومەت
حزبی شیوعی كوردستان كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا یەك كورسی هەیە، بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی نەكرد‌و ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند، بەڵام پەخشان زەنگەكە كە كادیرێكی باڵای حزبی شیوعییە هێشتا لە حكومەت نەكشاوەتەوە‌و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانە.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، پەخشان زەنگەكە رایگەیاند:" من ئەم پۆستەم لەسەر بنەمای بەشداری حزبی شیوعی لە حكومەت وەرنەگرتووە‌و نوێنەرایەتی حزبی شیوعی ناكەم لە حكومەت، من خۆم وەكو شەخسی داوام لێكراوە ئەم پۆستە وەربگرم‌و تائێستاش بەردەوامم".
پەخشان زەنگەكە باسی لەوەكرد، تائێستا كە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە داوای ئەوەی لێنەكراوە دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت‌و لەكاركردنی خۆی بەردەوامە.
كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" خاتوو پەخشان وەكو نوێنەری حیزب لە ئەنجومەنەكە نییە، خاتوو پەخشان بەدرێژایی ژیانی كاری سیاسی كردووە‌و پێشمەرگە بووە، كەسایەتییەكە لە بواری ژناندا كاری كردووە‌و بە كەفائەتی خۆی لەو پۆستە دانراوە، بەڵام ئێمە شانازی پێوەئەكەین كە كادیرێكی بەرچاوی ئێمەیە".

بودجەی ئەنجومەنی خانمان
ئەنجومەنی كاروباری خانمان بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا یاسای بۆ دەرنەكراوە، بودجەكەی دیارنییە‌و دامەزراوەكەش هێشتاو دوای (9) ساڵ لە دروستكردنی یەكەی ژمێریاری تایبەت بەخۆی نییە، ئەنجومەنی وەزیران خەرجییەكانی دابین دەكات.
پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری خانمان لەبارەی بودجەی ئەنجومەنەكەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەسەرەتای دروستكردنی ئەنجومەنەكەوە بۆ ماوەیەكی كەم مانگانە بڕی (5 بۆ 6 ملیۆن) دینار وەردەگیرا، دواتر كرا بە (25 ملیۆن) دینار، لە ساڵی 2014و دوای هاتنی قەیرانی دارایی تاوەكو ئێستا بودجەی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان كراوە (6 ملیۆن) دیناری مانگانە.

ئەنجومەنێك بەبێ یاسا
ماوەی نۆ ساڵە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دامەزراوە، بەبێ ئەوەی یاسایەكی تایبەتی لە پەرلەمانەوە بۆ دەربكرێت كە ئەنجومەنەكە بەپێی ئەو یاسایە كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات.
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بەپێی پەیڕەوێك كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات، لە پەیڕەوەكەدا ئەرك‌و ئامانجەكانی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دیاریكراوە:
•    پێشنیازی سیاسەتی گشتی تایبەت بە ژنان بۆ دامەزراوە دەستوریی‌و مەدەنییەكان.
•    هۆشیاركردنەوە‌و هاندادنی دامەزراوە حكومییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ژنان تا رۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بگێڕن.
•    چەسپاندنی چەمكی یەكسانیی نێوان ژن‌و پیاو لە هەموو بوارەكاندا.
•    داڕشتنی پلانێكی تۆكمە‌و واقیعی بۆ پەرەپێدانی ژنان لە بوارەكانی پەروەردە‌و تەندروستی و كار.
•    كاراكردنی ئەو ماددە دەستورییانەی كە لە بەرژەوەندی مافەكانی ژناندان.
•    پێشنیازكردن بۆ دامەزراندنی دامەزراوە‌و سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ژنان لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی‌و تەندروستی‌و ئابوری‌و فێركردندا.
•    بەشداریكردن لەو دەستە‌و لیژنانەی حكومەت دایاندەمەزرێنێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پرس‌و كێشەكانی تایبەت بە ژنانەوە هەیە.
•    ئەنجامدانی كۆبونەوەی فراوان‌و سیمینار‌و كۆنفرانس‌و وۆرك شۆپ بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان‌و پەرەپێدانی وزە‌و تواناكانیان.
•    كاركردن بۆئەوەی بڕیار‌و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بكرێن بە بەشێك لە یاساكانی هەرێم‌و چاودێریكردنی جێبەجێكردنیان.
•    كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە ژنان بۆ كۆكردنەوەی داتاو زانیاری دەربارەی دۆخی مافەكانی ژنان‌و ئامادەكردنی راپۆرتی ساڵانە‌و وەرزیانە دەربارەی دۆخی ژنان لە هەرێمدا.
•    پێشكەشكردنی راوێژ‌و راسپاردە بە دامەزراوە حكومییەكان لە پرسەكانی تایبەت بە ژنانن بە تایبەتی لەو یاسایانەی كە پەیوەندییان بە پرسی ژنانەوە هەیە.
•    هاندانی زانكۆ‌و ناوەندە زانستییەكان بۆئەوەی توێژینەوەی زانستی دەربارەی كێشە‌و پرسەكانی ژنان پێشكەش بكەن.
ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەكی بۆ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ئامادەكردووە‌و بڕیارە پاش كۆتایهاتنی پشووەی جەژنی قوربان، پرۆژەكە بخرێتە ناو پەرلەمانەوە بەمەبەستی خوێندنەوە‌و پەسەندكردنی، هەڵبەت ئەگەر لە بنەڕەتەوە ئەم ئەنجومەنە لەكابینەكەی مەسرور بارزانیدا هەڵنەوەشێندرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand