ململانێی ئەمریكا و ئێران دانانی پارێزگاری كەركوك دوادەخات

Draw Media

2019-07-19 11:52:28



راپۆرتی: محەمەد رەئوف
10 رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەرێت، بەڵام تا ئێستا پارێزگاری كەركوك دانەنراوە كە یەكێتی و پارتی لەسەری رێككەوتبون.

دانانی پارێزگاری كەركوك ئێستا كەوتوەتە ناو ململانێی توندی ئێران و ئەمریكا و توركیاش ناراستەوخۆ هاتوەتە ناو ئاڵۆزییەكانی كەركوكەوە. 
پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی مەرجەكانی خۆی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا سەپاند، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، لەدوای دیاریكردنی ناوی كاندیدی پارێزگاری كەركوك، بێدەنگی هەڵبژاردووە. 
رۆژی 11ی تەمموزی رابردوو یەك رۆژ دوای سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە سلێمانی، لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك، رۆژی دواتر ژمارەیەك هاوڵاتی لە پێكهاتەی عەرەبی كەركوك خۆپیشاندانیان دژی دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ئەنجامدا، ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا سستكرد.
 بارزانی كەركوكی بە هەولێر و بەغداد سپارد
وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسانی ئەو حزبە چەندینجار جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە دەبێت پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و دانانی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب بێت، بەڵام ئێستا كابینەی نۆیەم پێی نایە دەیەمین رۆژیەوەو چارەنوسی كاندیدە دیاریكراوەكەی پارێزگاری كەركوكیش تا ئێستا نادیارە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا كە رۆژی 13ی تەموز بڵاویكردەوە، پێچەوانەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی چارەسەری كێشەی پارێزگاری كەركوكی لە رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەوە گواستەوە بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، بارزانی لە پەیامەكەیدا زۆر بە رونی ئاماژەی بەوە كردووە" كێشەی كەركوك تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركوك بابەتێكی مێژوویی و سیاسیی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەورەیە.... ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەربكرێت"
 
بارزانی لەژێر فشاری ئێران و ئەمریكا!
پەیامەكەی بارزانی پێچەوانەی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی  بوو، بەتایبەتیش پرسی دانانی پارێزگای کەرکوکی لە رێككەوتنی پارتی و یەكێتیەوە سپارد بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر ئەو پرسە، ئەمەش لەلایەك خۆی لە فشار و ململانێی ئەمریكا و ئێران لەسەر چارەنوسی ئەو شارە رزگاركردو لەلایەكیش پەیامێكی دا بە یەكێتی كە یەكلاكردنەوەی پرسی ئەو شارەو دانانی پارێزگاری كەركوك تەنها لەدەستی ئەودا نیەو خۆی لە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك دزیەوە كە یەكێتی زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە.
زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە مەسعود بارزانی ئێستا لەژێر چوار فشاردایە بۆ ئاساییکردنەوەی كەركوك و دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە. 
یەكەم/ سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی باڵای ئێران سەردانی مەسعود بارزانیان كردووەو پێیان راگەیاندووە، ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردن و دانانی پارێزگاری كەركوكدا نین و دەیانەوێت بارودۆخی كەركوك وەک خۆی بمێنێتەوەو نایانەوێت بە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە ئاڵۆزی لە نێوان پێكهاتەكانیدا دروست بێت"
دووەم/ لەبەرامبەر ئەو فشارەی ئێراندا زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن ئێستا ئەمریكیەكانیش  بە بەردەوامی لەگەڵ بارزانیدا لە گفتوگۆدان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە لە زوترین كاتدا، ئەمریكییەكان دەیانەوێت بارودۆخی ئەمنی لە كەركوك ئاسایی بكەنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش فشارەكانیان لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش چڕكردوەتەوە. 
سێیەم/ هەریەك لە پێكهاتەی عەرەب و توركمان ئێستا لەگەڵ دانانی پارێزگاری كەركوكدا نین و دەیانەوێت ئەم بارودۆخە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، چونكە پێیانوایە بە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە، كاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو، لەم هەنگاوەدا توركیا و ئێران و بەشێك لە لایەنە عێراقییەكانیش دەستیان هەیە، لەم بارودۆخەشدا بەشێك لەلایەنە عێراقیەكان و توركیاش دەستیان هەیە لەوبارودۆخەدا.
چوارەم/ بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دانانی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئێستا بارزانی لەبەرامبەر یەكێتی جۆرێك لە ئیحراجی بۆ دروست بووە، بۆیە ئەو چارەنوسی ئەو پرسەی سپارد بە هەولێر و بەغداد، لەلایەكیش بەڵێنەكانی خۆی بردە سەر كە هەمیشە جەختی دەكردەوە هەتا بارودۆخی كەركوك ئاسایی نەبێتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندامەكانی ناگەڕێنێتەوە كەركوك و پارێزگاری كەركوك هەڵنابژێرن، ئەمە سەرەرای ئەوەی رێگەی گرت لە كاندیدكردنی ئەوەی خۆیان ناوی دەنێن" ئۆكتۆبەرچیەكان" بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك. 
دانانی پارێزگاری كەركوك ئێستا مەسعود بارزانی روبەروی ئیحراجیكردووە، لەلایەك لە ژێر فشاری ئێران و ئەمریكادایەو  لەلایەكیش حزبەكەی رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتیدا هەیە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، ئەوەی لەم بارودۆخەدا روبەروی ئیحراجی دەبێتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە هەمیشە جەختیان دەكردەوە بەبێ دانانی پارێزگاری كەركوك بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناكەن.
 
 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand