شەڕی ناراستەوخۆی ئەمریكاو ئێران لەسەر خاكی عێراق

Draw Media

2019-05-20 12:23:00



راپۆرتی: درەو میدیا
هۆشدارییەكان لە ئەگەری تێوەگلاندنی عێراق و بون بە بەشێك لە ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، نەك نەیتوانیوە تارمایی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە لەسەری دوربخاتەوە، بەڵكو خەریكە لە عێراقەوە فو ئەكرێت بە ئاگردانەكەدا و پشكۆی ململانێكان ئەگەشێنرێتەوە.
دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە هۆشدارییەكەی واشنتۆن بۆ هاوڵاتییانی نیشتەجێی لە عێراق و كشانەوەی دەستەجێی كارمەندە نا ئەساسییەكانی بەهۆی بونی "هەڕەشەی ڕاستەقینە"، شەوی ڕابردوو لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا، زەنگەكانی ئاگاداركردنەوە بە بونی مەترسی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداد لێیاندا، دوای چەند خولەكێك میدیاكانی عێراق هەواڵی كەوتنەخوارەوەی موشەكێكیان لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڵاوكردەوە، كە وەك بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق دەڵێن، هێرشێكی لەوشێوەیە بەنزینكردنی ڕاستەوخۆیە بە ئاگری ململانێكانی ئێران و ئەمریكا و گەر تاو بسێنێت، تەڕو و وشك پێكەوە دەسوتنێت.

ئەمریكا فشارەكانی چڕدەكاتەوە
بەگوێرەی زانیارییەكان دوای كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە،  بەرپرسانی ئەمریكا بە چڕی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هاتونەتە سەرخەت و، داوایانكردووە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی توند و بەپەلە بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لە لێكەوتە خراپەكانی ئەو ڕوداوە.  
هاوكات بەرپرسانی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەپەیوەندیدابوون بۆ هێوركردنەوەودڵنیاكردنەوەی تیمی دبلۆماتكارانی ئەمریكا بەوەی پارێزراون لەهەر هەڕەشەودەستدرێژییەك، زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئیدارەی ئەمریكا  لەپەیامێكدا كە بۆ باڵیۆزخانەی عێراقی ناردووە لەواشنتۆن، داوای گەرەنتی پاراستنی پاڵیۆزخانەو هاوڵاتییەكانی كردووە لە عێراق. 
لەبارەی هێرشەكەشەوە، (بیل ئوربان) وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، هێرشە موشەكیەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە.
میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كردووە، موشەكەكە دەستكردی ناوخۆییەو لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەختەوە هەڵدراوە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییە ئەمنیەكانیش، سەكۆی موشەكەكە لە نزیك زانكۆی تەكنۆلۆجی لەخۆرهەڵاتی بەغداد دۆزراوەتەوە، كە ئەوناچەیە بە یەكێك لەناوچە سەرەكییەكانی گروپە چەكدارەكان دادەنرێت. 

كاردانەوەكان
(هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوایكرد دێوەزمەی جەنگ سەرەتا لەعێراق و دواتریش لە ناوچەكە دوربخرێتەوە، وتیشی: ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت هەموان دەسوتنێت.
عامری ئاماژەی بەوەشدا، هیچام لە لایەنەكان جەنگیان ناوێت، ئێران و ئەمریكا جەنگیان ناوێت، ئیسرائیلیشی تۆمەتباركرد بە كێشكردنی ناوچەكە بەرەو جەنگ.
هاوكات (موقتەدا سەدر) خۆشكردنی ئاگری شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێرانی ڕەتكردەوەو، لە توتێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە دەڵێت، كێشكردنی عێراق بۆ ئەو جەنگە و كردنی بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران ڕەتدەكەنەوە.
سەدر داوای هەڵوێستێكی جدی لە گەورە پیاوانی عێراق دەكات بۆ وەستان بەڕووی ئەم جەنگەدا كە وەك خۆی دەڵێت، تەڕو وشك پێكەوە دەسوتتێنێت.  
سەدر هۆشداری ئەوەشی داوە، ئەگەر هەڵوێستێكی جدی نەگرنەبەر ئەوا ئەو جەنگە كۆتایی عێراق دەبێت، ڕاشیگەیاندووە، عێراق و گەلەكەی بەرگەی جەنگێكی تر ناگرن.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand